پۆمپەیۆ؛ موهەندیس، خەزعەلی، عامری و فەییاز بە رێکخەرانی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێرشیکردە سەر چوار کەسایەتیی شیعەی عێراق و دووانیان بە "تیرۆریست" ناودەبات و دەڵێت، بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
لە توویتێكیدا، مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سێ وێنەی خۆپیشاندانەکانی دوێنێی لایەنگرانی حەشدی شەعبی بڵاوکردووەتەوە، لەسەر وێنەکان ناوی هەریەکە لە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق-ی وەک "تیرۆریست" بردووە.
لەو وێنانەدا کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردوونەتەوە، هەریەکە لە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و سەرۆکی رێکخراوی بەدر و فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقیش دەبینرێن کە پۆمپەیۆ بە "هاندەری خۆپیشاندانەکە" ناویبردوون.
لە توویتەکەدا مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە عێراق نووسیویەتی "هێرشەکە لەلایەن هەردوو تیرۆریست ئەبو مەهدی موهەندیس و قەیس خەزعەلی رێکخراوە و لەلایەن هادی عامری و فالح فەییاز بە وەکالەتی ئێران ئەنجامدراوە".