ریباڵ ئەسەد: فیدراڵی باشترین چارەسەر و سیستمە بۆ سووریا

31-12-2024
دلبخوین دارا
دلبخوین دارا @dilbixwindara
دلبخوین دارا و ریباڵ ئەسەد
دلبخوین دارا و ریباڵ ئەسەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بنەماڵەی ئەسەد بۆ ماوەی 53 ساڵ حوکمی سووریایان کرد. بەشار ئەسەد دوایین کەس بوو لەو بنەماڵەیە، رۆژی هەشتی کانوونی یەکەمی 2024، دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە کۆتایی هات. 
 
ریباڵ ئەسەد ئامۆزای سەرۆکی پێشووی سووریا، بەشار ئەسەد و کوڕی رەفعەت ئەسەد، کەسایەتییەکی ناسراوی ئەو بنەماڵەیەیە، سەرۆکی (رێکخراوی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا)یە، لە ئیسپانیاوە میوانی رووداو بوو. 
 
ئەو دەڵێت، پێش بەهاری عەرەبیش ئەسەدیان ئاگادارکردووەتەوە کە "ئەگەر رژێم دەستبەجێ نەگۆڕێت بۆ دیموکراسییەک کە نوێنەرایەتی راستەقینە و بەشداریی خەڵک و دیالۆگی نیشتمانی تێدابێت،" دەڕووخێت. 
 
هەر لەم هەڤپەیڤینەدا ریباڵ ئەسەد چیرۆکی هەوڵی کوشتنی لەلایەن بنەماڵەکەی خۆیەوە باس دەکات. هەروەها دەڵێت، زۆربەی بنەماڵەی ئەسەد چوونەتە رووسیا. "من هەمیشە رەخنەم لەوە هەبووە کە ناتوانین بڵێین بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون. تەنیا دوو کەس لە بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون کە بەشار و براکەی ماهیر بوون، هەروەها ئەندامێکی پەرلەمان هەبوو بەناوی عەممار، بەڵام ئەوانی دیکە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبوو."
 
لەبارەی شوێنی ماهیر ئەسەدیش، ریباڵ ئەسەد ئەوە دەڵێت کە وەکو خەڵکی دیکە زانیاریی وردی نییە لەبارەی شوێنی مانەوەی، بەڵام ماهیر "توانی یەک رۆژ پێشتر دەربچێت، واتە یەک رۆژ پێشتر دەرچوون و، وەک بینیت فیرقەی چوارەم بە هیچ شێوەیەک شەڕی نەکرد و ونبوون. واتە تۆ ئەمڕۆ دەبینیت هەموو ئەو ئەفسەرە گەورانە، فەرماندەکانی فیرقەکان و لیواکان و ئەمانە هەموویان ونبوون. من پێموایە پاشەکشەیەکی رێکخراو و چۆڵکردنێکی رێکخراو لەلایەن رووسیاوە هەبوو، بێگومان هەموو ئەم ئەفسەرە گەورانە ئێستا لە رووسیان. نازانم ئایا ماهیر لە هەمان کاتدا لەگەڵیان دەرچوو یان چووە وڵاتێکی دیکە، بەڵام دەزانم کە بێگومان یەک رۆژ پێشتر هەموو شوێنەکانیان چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ریبال ئەسەد
 
رووداو: بەڕێز ئەسەد، بەخێربێیت. لە سەرەتادا دەمەوێت بزانم، ئایا چاوەڕێی ئەوەت دەکرد کە رژێمی ئەسەد بەم شێوەیە کۆتایی پێبێت؟
 
ریباڵ ئەسەد: ئێوارە باش خۆشەویستم. بەڵێ بێگومان، ئێمە چەندین ساڵ بوو ئاگادارمان دەکردنەوە، تەنانەت پێش ئەوەی پێی دەگوترا "بەهاری عەرەبی"، ئاگادارمان دەکردنەوە کە ئەمە روودەدات ئەگەر رژێم دەستبەجێ نەگۆڕێت بۆ دیموکراسییەک کە نوێنەرایەتی راستەقینە و بەشداریی خەڵک و دیالۆگی نیشتمانی تێدابێت. بێگومان ئەمە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە دەزانیت لە 14 ساڵی دواییدا بەهۆی جەنگ و وێرانکاری، سووریا هەژارترین دەوڵەتی جیهان بوو. مووچە لەنێوان 10 بۆ 20 دۆلار بوو، کارەبا هەر پێنج کاژێر جارێک 15 خولەک دەهاتەوە، زیاتر لە ملیۆنێک شەهیدمان هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک بریندارمان هەیە، زیاتر لە 6 ملیۆن پەنابەر و زیاتر لە 8 ملیۆن ئاوارەی نێوخۆمان هەیە، شەست لەسەتی ژێرخانیش وێرانبووە. دۆخەکە مەحاڵ بوو بەو رێڕەوەدا بڕوات کە رژێم پێیدا دەڕۆیشت، بەڵام بەداخەوە.. بێگومان ئێمە دڵخۆشین و گەلی سووریا دڵخۆشە کە دیکتاتۆری و دیکتاتۆر رۆیشتن، بەڵام بێگومان ترس هەیە لە داهاتوو، چونکە ئەوانەی دێن دیموکرات نین، بەڵکو سەر بە دەستەی تەحریری شام، قاعیدەی سووریان، لەگەڵ دەیان هەزار جیهادی بیانی کە ئایدۆلۆژیای لادەریان هەیە. هەموو شتێک لە جیهان دا گۆڕینە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ تیۆکراسی، واتە حوکمی ئایینی، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە بێگومان دژی بووین و بەردەوام ئاگادارمان کردوونەتەوە و دەمانگوت نامانەوێت لە سووریا ئەوە رووبدات کە لە 45 ساڵی رابردوودا لە ئێران روویدا، ئێمە خوازیاری ئەم گواستنەوەیە لە دیکتاتۆرییەوە بۆ تیۆکراسی نین. بێگومان ئێمە خوازیاری دیموکراسییەکی راستەقینەی نوێنەرایەتین لەگەڵ دەستوورێکی شارستانی کە تێیدا هەموو هاووڵاتییان لەژێر سێبەری یاسادا بن، بەبێ رەچاوکردنی ئایین یان تایفە یان نەژاد یان رەگەز. بێگومان دەبێت سەربەخۆیی دادوەری هەبێت و دادگە هیچ کاریگەرییەکی ئایینی یان تایفەگەری لەسەر نەبێت، چونکە ئەمەش بێگومان کارەساتێکی دیکە دەبێت بۆ داهاتووی سووریا. هەروەها دەمانەوێت یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت، بەڵام فیدراڵییەکی جوگرافی هەبێت. ئەمەش بێگومان ئەوەیە کە من چەندین ساڵە داوای دەکەم، چونکە پێموایە بەتایبەتی دوای ئەم جەنگە، ئەمە باشترین چارەسەر دەبێت بۆ دۆخی سووریا. بەبێ ئەوە نازانین تاوەکو چەند دابەشبوون یان شتێکی دیکە روودەدات، ئەگەر ئاگادار نەبین و وەکو گەلی سووریا یەکگرتوو و یەکدەست نەبین و تۆڵەسەندنەوە روونەدات، وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینن بە دڵنیاییەوە لە ناوچەی کەناراو و چەند ناوچەیەکی دیکە، واتە تۆڵەسەندنەوە لە هەموو کەسێک کە لەگەڵ رژێم بووە، کە ئەمڕۆ پێیاندەڵێن پاشماوەی رژێم، بەڵام ئێمە دەزانین کە لەم 14 ساڵەدا شەڕ لە هەردوو لاوە هەبووە، واتە لەلایەن رژێم و ئەم تووندڕەوانەوە.
 
رووداو: بەڕێز ریباڵ ئەسەد، دەمەوێت بپرسم، دوای ئەوەی بەشار ئەسەد چوو بۆ رووسیا، ئایا پەیوەندیت پێوە کرد؟
 
ریباڵ ئەسەد: نەخێر، من تەنانەت پێش ئەوەی ئەمە رووبدات پەیوەندیم لەگەڵی نەبوو، تەنیا جارێک لە ژیانمدا لە ساڵی 1994 بینیومە. کێشەیەک روویدا، واتە کێشەیەک کەوتە نێوانمان، دوای مانگێک یان دوو مانگ، من بەرەو ئەمریکا دەچووم بۆ خوێندن، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق هەوڵی تیرۆرکردنم درا، دواتر پاسەوانی کۆماری بۆ ماوەی سێ کاژێرمنیان  دەستگیر کرد. سوپاس بۆ خودا، باوکم لەگەڵم بوو لە فڕۆکەخانە و دواتر سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت و رەحمەتی لێ بێت، مامم سەرۆک بوو، دوای 20 خولەک دەرچووم و توانیم بڕۆمە دەرەوەی سووریا. ئەمە دوایین جار بوو کە بەشارم بینی.
 
رووداو: کێ دەیویست بتکوژێت؟
 
ریباڵ ئەسەد: ببوورە؟!
 
رووداو: کێ دەیویست بتکوژێت؟
 
ریباڵ ئەسەد: کێشەیەک لە نێوان من و ئامۆزام لەبەردەم هوتێل شیراتۆن لە دیمەشق روویدا، بەشێوەیەکی خراپ قسەی لەگەڵ کردم و پێیگوتم "فیلمی ئامۆزاکەت یەحیا ئەسەدت نەبینیوە کە چۆن لێیدەدرێت؟" من بێگومان شۆک بووم کە چۆن دەکرێت بەوشێوەیە قسە بکات، کە ئەوان لە ئامۆزاکەیان داوە و خەڵکیان ئازار داوە، ئامۆزاکەی ئەشکەنجەدراوە و فیلمیان لێ دروستکردووە و لەنێو خەڵک بڵاویان کردووەتەوە. بێگومان من ئەمەم قبووڵ نەکرد و وەڵامم دایەوە و لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم، واتە هێرشم بۆ برد و ئەو هەڵات. دواتر سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت، واتە مامم ئەم بابەتەی قبووڵ نەکرد، چونکە ئەو بەشاری ئامادە دەکرد، دوای مردنی براکەی وەک میراتگر بەشاری ئامادە دەکرد بۆ وەرگرتنی دەسەڵات. بۆیە شەوێک پێش گەشتەکەم باوکم زانی کە جوڵەیەک لە پاسەوانی کۆماری بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق هەیە. پەیوەندی بە مامی منەوە کرد، خودا لێیخۆش بێت، پێیگوت ریباڵ دەڕوات بۆ خوێندن لە ئەمریکا. سەرۆک ئەوکات گوتی با بخوێنێت و با کێشە نەنێتەوە، بەڵام کاتێک تەلەفۆنەکەی داخست، باوکم پێیگوتم مامت وایگوت، بەڵام من دڵنیا نیم، چونکە کاتێک مامت بەو شێوەیە قسە دەکات و دڵخۆشە، واتە شتێکت لێدەکات. رۆژی دواتر باوکم و خوشکەکانم و دایکم لەگەڵم هاتنە فڕۆکەخانە. کاتێک گەیشتینە فڕۆکە نەمساییەکە، کاروانی تایبەتی سەرۆکایەتی هاتەسەر فڕگەکە بە ئۆتۆمبێلە مێرسیدسەکان و گەشتیارەکانیان لە پاسەکان دابەزاند، دەستیان کرد بە تەقەکردن لە دەوروبەری فڕۆکەکە، تەقەیەکی چڕ بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو. عەقید موفید رەعوان سەرۆکایەتی دەکردن. کاتێک من لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیم، یەکێکیان دەمانچەیەکی پێبوو، جیاواز لە ئەوانی دیکە کە کڵاشینکۆفیان پێبوو. یەکێک لە ئەفسەرەکان پێیگوت "ئەمەیە، راستەوخۆ تەقەی لێبکە". خرامە نێو ئۆتۆمبێلەکەوە و کاژێرێک دواتر موفید رەعوان هات و بە باوکمی گوت "رێزم هەیە گەورەم، فەرمانی سەرۆک هەیە کە ریباڵی دەوێت". باوکم پێیگوت "من قسەم لەگەڵ سەرۆک کردووە و گوتی ریباڵ دەبێت بڕوات بخوێنێت و کێشە دروست نەکات"، بەڵام پێیگوت "ببوورە گەورەم، تۆ دەزانیت من دەسەڵاتی جوڵاندنی کاروانی سەرۆک و ئەو پاسەوانە کۆمارییانەم نییە کە لەسەر فڕگەکە وەستاون، دەسەڵاتم نییە و تۆ دەزانیت ئەمە پێویستی بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆکە". بارودۆخەکە بەم شێوەیە دوو کاژێر و نیو بەردەوام بوو تاوەکو من باوکی خۆم رازی کرد رێگەم پێبدات لەگەڵیان بڕۆم. بێگومان باوکم لە کۆتاییدا رازیبوو، بەڵام پێیگوت "سەرۆک ئاگادار بکەوە، هەرکەس لە کوڕەکەم نزیک ببێتەوە و دەست لە موویەکی بدات، رووبەڕووبوونەوە لە هەموو شەقامەکانی دیمەشق دەبێت و وەک 1984 نابێت".
 
رووداو: باشە، تۆ نەکوژرایت و رزگارت بوو، ئێستاش میوانی ئێمەیت لێرە. بەپێی زانیارییەکانت، چەند کەس لە بنەماڵەی مامت حافز ئەسەد چوونەتە رووسیا؟
 
ریباڵ ئەسەد: زۆربەی بنەماڵەکە. من هەمیشە رەخنەم لەوە هەبووە کە ناتوانین بڵێین بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون. تەنیا دوو کەس لە بنەماڵەی ئەسەد حوکمڕان بوون کە بەشار و براکەی ماهیر بوون، هەروەها ئەندامێکی پەرلەمان هەبوو بەناوی عەممار، بەڵام ئەوانی دیکە زۆربەیان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەبوو، حوکمیان نەکرد و هیچ دەسەڵاتێکیان لە سووریا نەبوو. بە پێچەوانەوە، زۆربەیان راونران و چەوسێنرانەوە. ئەمڕۆ 120 کەسیان بە شێوەیەک دەرچوون، بێگومان لە ترسی دۆخەکە و ئەو تۆڵەسەندنەوانەی روودەدەن. بێگومان سێ چوار کەسیان باس دەکرێت کە چیرۆکیان هەیە و کاری خراپیان کردووە، بەڵام سەدان کەس.. حەرامە مرۆڤ هەمیشە بڵێت حوکمی رژێمی ئەسەد یان بنەماڵەی ئەسەد. ئێمە ناتوانین هەمیشە لۆمەی بنەماڵەیەکی تەواو و تایفەیەکی تەواو بکەین تەنیا لەبەرئەوەی دوو کەس لەو بنەماڵەیە سووریایان گەیاندە ئەوەی ئەمڕۆ تێیداین.
 
رووداو: بەپێی زانیارییەکانت، ئایا لە مۆسکۆن یان لە شارێکی دیکەن؟
 
ریباڵ ئەسەد: بەخودا خۆشەویستم، راستییەکەی نازانم، پێموایە لە مۆسکۆن، بەڵام وەکو پێمگوتی نازانم، چونکە ئەوە تەنیا جارێک بوو بینیم و راستییەکەی زۆر گرنگ نییە لەلای من کە لە کوێیە یان چووەتە کوێ. ئەوەی دڵنیام لێی ئەوەیە کە ئەمە دوایین شت بوو، رێککەوتنێکی رووسی-تورکی-ئێرانی بوو بۆ دەرخستنی لە سووریا، دوای ئەوەی بینییان چیتر دەرفەت نەماوە. لەگەڵ رووسەکان رێکنەکەوت لەسەر ئەو دیالۆگەی کە رووسەکان داوایان دەکرد، دیالۆگ لەگەڵ ئەردۆغان پێش یان دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا. هەمان شت لەگەڵ ئێرانییەکان کاتێک دوورکەوتەوە، واتە کاتێک شەڕی غەززە و لوبنان دەستی پێکرد، هیچ قسەیەکی نەکرد و هەڵوێستی نەبوو، دەیویست لە هاوپەیمانەکانی دوور بکەوێتەوە. نەک تەنیا ئەمە، بەڵکو لە شوێنەکانی خۆشیانی دەدا لە دیمەشق و وەک بیرت دێت، هەموو شوێنەکان بۆردوومان کران، لەنێویاندا ئەفسەرە ئێرانییەکان و هاوپەیمانەکانیان. ئێرانییەکان تێگەیشتن کە فێڵیان لێدەکات، بەهەمان شێوە  رووسەکان. چاوەڕوانکراو بوو، هەندێک وڵات داوایان لە ئیدارەی بایدن دەکرد کە سزاکان لە ٢٠ی مانگ لەسەر رژێم هەڵبگرێت، چونکە وەک دەزانی سزاکانی قەیسەر ٢٠ی مانگ بەسەر دەچوون، کە هەفتەیەک پێش ئێستا تێپەڕی و سەرۆکی ئەمریکا دەبوو بڕیار بدات کە نوێی بکاتەوە یان هەڵیبگرێت، بەڵام ئەوان بۆیە دەیانویست بەم خێراییە بەم پلانە بڕۆن پێشەوە بەر لەوەی بگاتە بیستی مانگ، چونکە بەڵێنی بە هاوپەیمانەکانی دابوو کە لە ئێران دوور دەکەوێتەوە و ئێرانییەکان لە سووریا دەردەکات. بۆیە دەیویست بەم خێراییە دەربچێت و وەک بەڕێزت دەزانیت لە مۆسکۆ بوو پێش ئەوەی رووداوەکان دەست پێبکەن. لە رووسیاوە پێیگوترا بگەڕێەوە دیمەشق و فەرمان بە هەموو هێزەکان بدات کە لە حەلەب و دواتر لە حەما و حومس بکشێنەوە، بەم شێوەیە ئێمە وەک پەنابەرێکی مرۆیی وەرتدەگرین، بەڵام راستییەکەی دەیانویست بەم شێوەیە بیترسێنن و رێگەیان نەدا تەنانەت وتارێک بۆ گەلەکەی بدات یان تەنانەت ئاگاداری بنەماڵەکەی بکاتەوە. واتە بە ترسەوە جێی هێشت و هەموو خەڵک دەزانن. خەڵک دەڵێن ترسنۆک و ناپاکە و ناپاکی لەگەڵ ئەوانە کرد کە لەگەڵی وەستان ، ئەوانیش رێگەیان دا بە مانە، واتە رێگەیان دا بە ئیسلامییە تووندڕۆکان بچنە نێو دیمەشق و هەموو شارەکانی سووریا.
 
رووداو: بەڕێز ریباڵ ئەسەد، هەموو کەسێک دەیەوێت شوێنی ماهیر ئەسەد بزانێت، لەلایەکەوە ئامۆزاتە و لەلایەکی دیکەشەوە برای بەشار ئەسەدە. هیچ زانیارییەکت لەسەر شوێنی هەیە؟
 
ریباڵ ئەسەد: زانیارییەکانی ئێمەش وەک زانیارییەکانی خەڵکن، ئەویش ئەوەیە (ماهیر) توانی یەک رۆژ پێشتر دەربچێت، واتە یەک رۆژ پێشتر دەرچوون و، وەک بینیت فیرقەی چوارەم بە هیچ شێوەیەک شەڕی نەکرد و ونبوون. واتە تۆ ئەمڕۆ دەبینیت هەموو ئەو ئەفسەرە گەورانە، فەرماندەکانی فیرقەکان و لیواکان و ئەمانە هەموویان ونبوون. من پێموایە پاشەکشەیەکی رێکخراو و چۆڵکردنێکی رێکخراو لەلایەن رووسیاوە هەبوو، بێگومان هەموو ئەم ئەفسەرە گەورانە ئێستا لە رووسیان. نازانم ئایا ماهیر لە هەمان کاتدا لەگەڵیان دەرچوو یان چووە وڵاتێکی دیکە، بەڵام دەزانم کە بێگومان یەک رۆژ پێشتر هەموو شوێنەکانیان چۆڵکرد و پاشەکشەیان کرد.
 
رووداو: ئێستا دۆخی بنەماڵەکەتان لە سووریا چۆنە؟
 
ریباڵ ئەسەد: دۆخەکە وەک پێمگوتی تراژیدییە، نەک تەنیا بۆ بنەماڵە، بەڵکو بۆ هەمووان. وەک تۆ دەزانیت، ناتوانین رەخنە لە بنەماڵەیەک یان تایفەیەک بگرین، چونکە دوو کەس لەم بنەماڵە و تایفەیە وڵاتەکەیان بەڕێوە دەبرد. کاتێک زۆربەی ئەوانیدیکە دۆخێکی تراژیدییان هەیە، تەنانەت لە بنەماڵەی ئەسەد، وەک پێمگوتی جگە لە چوار پێنج کەس کە نێوبانگێکی خراپیان هەیە، زۆربەیان هەژارن، کاریان نییە، چەوسێنراونەتەوە، رێگەیان پێنادرێت کار بکەن، رێگەیان پێنادرێت هیچ کارێکیان هەبێت. هەروەها دەزانیت کە رژێم هەموو شتێکی قۆرخ کردبوو، خەڵکی سەر بە رژێم لە هەموو تایفەکان هەن و هەندێکیان ئێستا خۆیان گۆڕیوە و لەگەڵ دەستەی تەحریر کار دەکەن، بەڵام رۆڵەکانی بنەماڵە سوودمەند نەبوون. بۆ نموونە، یەکێک دێت و پێت دەڵێت ئەمڕۆ تۆڵەسەندنەوە هەیە، باشە ئەفسەرێک یان سەربازێک پێیانگوتووە ئەمانەی ئێمە رووبەڕوویان دەبینەوە تووندڕۆن و تیرۆریستن و سەری خەڵک دەبڕن، ئەم فیلمانەیان پیشانداین. راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە پیشانیدەدات کە ئەمان و رژێم چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و تاوانی جەنگیان ئەنجام داوە. ئەم خەڵکە کاتێک فەرمانیان پێدەکرێت کە دەبێت بەرگری لە نیشتمان بکەن یان ئەمانە دێن و پیشانتان دەدەن چیتان لێدەکەن، ئەمەش ئەوەیە کە روویدا. رژێم پاشەکشەی کرد و ئەمانە هاتن و دەبینین چی روودەدات، تۆڵەسەندنەوە، کوشتنی خەڵک لە شەقامەکان. بێگومان خەڵک دڵخۆش نەبوون بە رژێم، باوەڕناکەم کەس هەبێت لە جیهان دا ئازادی و دیموکراسی نەوێت، کەسێک هەبێت لە جیهاندا حەزی لە دیکتاتۆری و هەژاری و ژیان لە ترسدا بێت، بەڵام خەڵک نایەوێت لە خراپەوە بۆ خراپتر بگوازرێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ بەداخەوە لە دۆخێکی زۆر خراپداین، چونکە تۆڵەسەندنەوە لە هەموو کەسێک دەکرێت کە سەر بە رژێم بووە. چۆن؟ ئەمە شتێکی زۆر فراوانە. وەک پێمگوتی، یان دەبێت هەموو کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت، یان دەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەوانە بکرێت کە تاوانیان ئەنجام داوە لە هەردوولا. ئەمانەش سەدان هەزار کەسن، چونکە هیچ ماڵێک لە سووریا نییە کەسێکی لەدەست نەدابێت، هیچ ماڵێک نییە شەهید یان برینداری نەبێت، مەحاڵە. یان دەبێت هەموو خەڵک لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت بەم لۆژیکە خێڵەکی و تایفەگەرییە، یان بە پێچەوانەوە دەبێت وشیار بین و بڵێین بەسە، لە کۆتاییدا رژێممان رووخاند و دەبێت دۆخەکە بگوازینەوە بۆ دیموکراسییەکی راستەقینەی پەرلەمانی، ئاشتەوایی نیشتمانی بکەین و لە رابردوو خۆشببین. بێگومان ناتوانین لەبیری بکەین تاوەکو هەمان هەڵە دووبارە نەکەینەوە و نەگەڕێینەوە بۆ هەمان بازنەی کوشتن و تاوان کە لە ساڵانی دواییدا روویدا لە ژێر حوکمی دیکتاتۆریدا، بەڵام دەبێت بتوانین لەیەکتر ببوورین و وەک برا لە نیشتمان پێکەوە بژین، بڵێین ناتوانین جیاکاری و تۆڵەسەندنەوە قبووڵ بکەین. دەبێت گەلێکی شارستانی بین، رووناکی بین. ئێمە سووریاین، لانکەی شارستانییەتەکان، دەبێت پیشانی جیهانی بدەین کە دەتوانین چرایەک بین بۆ جیهان، چۆن دەتوانین دیموکراسییەکی راستەقینەی پەرلەمانی  دروست بکەین لەگەڵ دەستوورێکی شارستانی و پێشکەوتوو، با هەموو جیهان ببینێت چۆن ئێمەی گەلی سووریا گەلێکی شارستانین، نەک گەلێک کە دەیان هەزار چیچانی، چینی ئۆیگوری، ئۆزبەکستانی، تورکمانستانی، قەوقازی و ئەورووپایی و خەڵکی هەموو جیهانی هێناوە. بێگومان ئەمە گەلی سووریا نییە. گەلی سووریا هەمیشە خوازیاری باشترینە و هەموو گەلانی جیهان هەمیشە خوازیاری باشترینن، نەک  گەڕانەوە بۆ سەت یان دووسەت ساڵ دواوە.
 
رووداو: ریباڵ، دەمەوێت بزانم، بە بۆچوونی تۆ، بەشار ئەسەد چ هەڵەیەکی کرد کە دەسەڵاتەکەی پێ کۆتایی هات؟
 
ریباڵ ئەسەد: ببوورە هەڵەکە؟
 
رووداو: ئەو هەڵە گەورەیە چی بوو کە بەشار ئەسەد کردی و دەسەڵاتەکەی پێ کۆتایی هات؟
 
ریباڵ ئەسەد: هەڵە سەرەکییەکە ئەوەبوو کە گوێی لە دەنگی ئێمە نەگرت کاتێک لە ساڵی 2011 پێمان گوت دەبێ رێگە بە پارتەکان بدەیت، دەبێت رێگە بە ئازادی راگەیاندن بدەیت، دەبێت دیالۆگی نیشتمانی بکەیت. ئێمە گواستنەوەیەکی ئاشتیانە و هەنگاو بە هەنگاومان دەویست بەرەو دیموکراسییەکی راستەقینەی پەرلەمانی. بەداخەوە ئەم کارەی نەکرد. بەداخەوە لەجیاتی ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانی گەل بداتەوە کە تەنیا داوای ئازادی، دیموکراسی و شتی سرووشتییان دەکرد، بەداخەوە ئەو ئیسلامییە جیهادییانەی لە زیندانەکان ئازادکرد. هەموو ئەمانەی ئێستا هەن لە زیندانەکانی سووریا بوون، چەکداریان کردن و رێگەیان پێدان گرووپ دروست بکەن، تاوەکو بە جیهان و گەلی سووریا بەگشتی پیشان بدەن کە ئاگاداربن ئەگەر دەتانەوێت رژێم بگۆڕن ئەمانەتان بۆ دێت و، جەنگەکە لەگەڵ خەڵکی دیموکرات نییە کە خوازیاری ئازادی و دیموکراسین، بەڵکو لەگەڵ  ئەم تیرۆریستە تاوانبارانەیە. یان من یان ئەمانە. بەداخەوە گوێی لە ئێمە نەگرت، بەداخەوە ئەمەی کە ئەمڕۆ پێی گەیشتین ئەنجامی ئەوەیە. ئەمڕۆ تەنانەت جیهان پێیگوت نەخێر، ئەمانە لە تۆ باشترن.
 
رووداو: شتێکی دیکە. دەڵێم بنەماڵەی ئەسەد، لەوانەیە ئەمە بێزارت بکات، بۆ نموونە مامت حافز ئەسەد و دواتر کوڕەکەی بەشار ئەسەد، هەروەها باوکت رەفعەت ئەسەد کەسایەتییەکی زۆر گرنگ بوو لە سووریا. بنەماڵەکەتان، یان بەعس، هەست دەکەیت ستەمێکی زۆریان بەرامبەر کورد کرد وەک دووەم گەورەترین نەتەوە لە سووریا؟
 
ریباڵ ئەسەد: سەرەتا وەک گوتمان رژێمێکی دیکتاتۆری بوو و دەگەڕێینەوە دەڵێین دوو یان سێ کەس لە بنەماڵەکە، ناتوانین بڵێین هەموو بنەماڵەی ئەسەد. واتە هەر بنەماڵەیەک لەوانەیە کەسێکی خراپی تێدابێت. بەڵێ، حیزبی بەعس لە سووریا بە دەست تاکەکانەوە بوو، واتە لە یەک بنەماڵەدا کەسێکی خراپ و دە کەسی باش هەن، یەکێکیان دز، یەکێکیان دکتۆر، یەکێکیان ئەندازیار و یەکێکیان دەردەچێت لە زیندان. واتە ناتوانین هەمیشە بڵێین بنەماڵەیەک هەمووی خراپن. هەموو بنەماڵەیەک خراپ و باشی تێدایە. ئێمە رژێمێکی دیکتاتۆریمان هەبوو و دیکتاتۆرێک لە سەرەوەی بوو، دواتر وەک بینیت بەشار هات و براکەی لەگەڵی، ئەمانە حوکمڕان بوون، بەڵام تەنانەت نەک حیزبی بەعسیش. حیزبی بەعس لە ساڵی 1980 و 1985 کۆتایی هات، چونکە دوایین کۆنگرەی نیشتمانی حیزبی بەعس لە ساڵی 1980 بوو کە باڵاترین دەسەڵاتی حیزبی بەعس بوو. بیری لێبکەنەوە، ساڵی 1980 دوایین کۆنگرەی نیشتمانی بوو و دوایین کۆنگرەی هەرێمی لە ساڵی 1985 بوو، واتە دوای دەرچوونی باوکم، دوایین جار باوکم دەرچوو. واتە لە کۆنەوە لە حەفتاکان و هەشتاکان قۆرخکردنی دەسەڵات هەبوو، تەنانەت لەنێو حیزبیش دا جەمسەر هەبوون.
 
رووداو: دەمویست ئەم پرسە بزانم، بۆ نموونە کورد، ئایا هەست دەکەن کورد لە ماوەی ئەو حوکمەدا ستەمیان لێکراوە؟
 
ریباڵ ئەسەد: بێگومان، ئێمە زیاتر لە هەموو کەس. بۆ نموونە دوای ئەوەی باوکم لە 1984 جێی هێشت، ئەفسەر و سەربازەکانی ئەویان زیندانی کردن، لە ماڵەکانیان لە دیمەشق دەریانکردن، راویان نان، ئەشکەنجەیان دان. پێمگوتی من، واتە سەرۆکی برای، خودا لێیخۆش بێت، هەوڵی کوشتنی منی دا. لە ساڵی 1999 کاتێک سەرۆک، خودا لێیخۆش بێت، نەخۆش بوو و بەشاریان ئامادە دەکرد، لە لازقیە بە مووشەک، تانک، کەشتی و هەلیکۆپتەر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی ئێمە. لە کۆتاییدا گاز بارانیان کردن تاوەکو دەربچن، ژمارەیەکی زۆر کەس کوژران. ئینجا ئەگەر یەکێک ئەوە لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکار و گەلی خۆی بکات، مرۆڤ چ چاوەڕوانییەکی لێ دەکات؟
 
رووداو: باشە، داهاتووی کورد لە سووریا چۆن دەبینیت؟
 
ریباڵ ئەسەد: من هەمیشە داوای ئەوەم کردووە کە دەبێت سووریا یەکگرتووبێت و، وەک پێشتر گوتم فیدراڵییەکی جوگرافی هەبێت، چونکە فیدراڵی تەنیا رێگەیە ئەمڕۆ، بەتایبەتی دوای جەنگ، کە دەتوانێت هەمووان بپارێزێت و دەتوانێت وامان لێبکات لەژێر یەک چەتردا بژین، تاوەکو تۆڵەسەندنەوە روونەدات. ئێمە دەزانین برا کوردەکانمان زۆر ئازاریان بە دەست رژێمەوە چەشت و دەشزانین برا کوردەکانمان قوربانی زۆریاندا کاتێک دژی داعش و رێکخراوە تیرۆریستییەکان جەنگان. ئەمڕۆ برا کوردەکانمان لەلایەن تورکەکانەوە جێگەی مەترسین، چونکە دەترسن. دەزانی تورکیا لە بنکە ئەمریکییەکان و پشتیوانی ئەمریکا بۆ برا کوردەکانمان دەترسێت و دەترسێت ئەمە لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ هەبێت، کە لە شەڕی یەکەمی عێراقەوە لەساڵی 1991 دەستیکردووە بە دروستبوون و، شێوازی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گۆڕانکاری بەسەردا دێت. تورکەکان لە کوردستانی گەورە دەترسن، پڕۆژەی کوردستانی گەورە کە بێگومان گەورەترین بەشی خاکەکەی لە تورکیا دەبێت، چونکە برا کوردەکانمان لە تورکیا زیاتر لە 20 ملیۆنن. دەوڵەتی دووەمیش کە دەترسێت ئێرانە، ئەم دووانە رێککەوتن کە پێکەوە کار بکەن بۆ دەرکردن و گوشار خستنە سەر برا کوردەکانمان و دەرکردنی ئەمریکییەکان لە سووریا.
 
رووداو: شتێکی دیکە. ریباڵ ئەسەد، باسی کوردستانی گەورەت کرد، ئایا وای دەبینی کە بەشێک لە کوردستانی گەورە لە سووریایە، کە ئێمە پێیدەڵێین (رۆژئاڤای کوردستان)؟
 
ریباڵ ئەسەد: خۆشەویستم ئەم پرسە ئەمڕۆ، وەک لە هەڤپەیڤینی پێشتریش گوتوومە و چەندین جار پرسیارم لێکراوە، هەموو وڵاتانی ناوچەکە دژی ئەم پڕۆژەیە کار دەکەن و دژی برا کوردەکانمان دەجەنگن بە هەموو تواناییان، تێگەیشتی چۆن؟ هەموویان لەسەر برا کوردەکانمان رێکدەکەون تاوەکو ئەمە روونەدات. بۆیە دیسان دەیڵێمەوە، برا کوردەکانمان لە سووریا هۆشیارییەکی گەورەیان هەبوو و رەتیان کردەوە ناوچەیەکیان هەبێت کە پێیبگوترێت ناوچەی کوردی، بەردەوام داوای فیدراڵییان کردووە. فیدراڵی وەک گوتم شتێکە بۆ هەموو سووریا بەگشتی، نەک تەنیا بۆ ئەو ناوچەیەی کە برا کوردەکانمانی تێدایە. فیدراڵی باشترین چارەسەرە و مانای دابەشبوون نییە. ئەگەر بەشار ئەسەد پێشتر دەیگوت فیدراڵی مانای دابەشبوونە و ئەمڕۆ ئەوانەی نوێش هاتوون هەمان شت دەڵێنەوە، ئەمە پیشانی دەدات کە دواکەوتوون و هیچ زانیارییەکیان لەسەر فیدراڵی و مانای فیدراڵی نییە. لە کاتێکدا دەتوانن سەیری زۆر وڵاتی جیهان بکەن، دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهان وەک سویسرا و ئەڵمانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکە، هەموویان سیستمی فیدراڵییان هەیە و ئەمە مانای دابەشبوون نییە. بەپێچەوانەوە، هەموویان پێکەوە لە یەکسانی دا دەژین لەژێر سێبەری یاسادا، بەبێ رەچاوکردنی ئایین، تایفە، نەژاد و رەگەز. وەک گوتمان دەبنە هاووڵاتی سووری وەک هەموو کەس، مافەکانیان وەک هەر هاووڵاتییەک، وەک برا چەرکەس، برا ئەرمەن، برا تورکمانە سوورییەکانمان، وەک هەموو تایفەکان؛ عەلەوی، شیعە، سوننە، درووزی، ئیسماعیلی، مورشیدی و هەموو و مەسیحی و موسڵمان. ئەگەر بتوانین ببینین کە ئەم مۆزایکە جوانەی ئێمە خاڵی هێزە نەک خاڵی لاوازی، وەک ئەم وڵاتە شارستانییە، ئەوە شتێکی شکۆدار دەبێت، بەڵام ئەگەر هەر یەکێک تەنیا بیر لە خۆی بکاتەوە، وەک ئەمڕۆ دەبینیت ئەوانەی هاتوون دروشمی "ئومەوییەکان گەڕانەوە" و، "سەرکەوتن"یان بەرز دەکەنەوە، ئەم دروشمانە نامانگەیێنن بەهیچ شوێنێک. مەحاڵە خەڵک لەم سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین لەسەر شتە مێژووییەکان بجەنگن، لەسەر ئەوەی کێ دەبووایە ببێتە خەلیفە لەوکاتەدا. بەخودا ئێمە دەبێت ئەمە لە دوای خۆمانەوە بەجێبهێڵین و هەمیشە بەرەو داهاتوو بڕوانین و بڵێین چۆن دەگەینە وڵاتە شارستانییەکان. ئێمەی سووریا لەم 14 ساڵەدا زۆر دواکەوتین، 100 ساڵ بەرەو دواوە گەڕاینەوە. چیتر ناتوانین بەرگە بگرین، جیهان بەرەوپێش دەچێت. سەیری وڵاتانی کەنداو بکە، بۆ نموونە ئیمارات، ببینە چۆن بووەتە یەکێک لە جوانترین وڵاتانی جیهان. من دەچمە هەموو وڵاتانی جیهان، هەر کەسێک دەیبینم لە ئەمریکاوە بۆ چین و شوێنەکانی دیکە، هەموو خەڵک دەچنە ئیمارات. سەیری شانشینی عەرەبی سعوودیە بکە، ئەمڕۆ بیرمەند محەممەد بن سەلمان چۆن هەوڵدەدات و چ کارێک دەکات بۆ گواستنەوەی شانشینی عەرەبی سعوودیە بۆ داهاتوو. سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستهێنا و کۆتایی بە ئیسلامییە تووندڕۆکان هێنا و توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بگاتە ئەوەی کە ئەمڕۆ هەیە. ئەمڕۆ هەموو جیهان، چ لە ئەورووپا، ئەمریکا، چین و هەموو شوێنێک، دەچن لە سعوودیە کار دەکەن و پڕۆژە دەکەن. تەنانەت عێراقیش کە زۆر ئازاری چەشت و ناوچەی برا کوردەکانمان لە عێراق، واتە هەرێمی کوردستانی عێراق، ماشاڵڵا ئاوەدانییەکی گەورە و پێشکەوتنێکی گەورەی هەیە، ئاسایش و ئارامی هەیە و خەڵک دەژین. ئێمە لە سووریا لە قۆناخێکی مێژووییدا وابووین، خەڵک دەهاتن و دەیانگوت سەیری سووریا بکەن چەند جوانە، سەیری پێکەوەژیان بکەن، سەیری ئاسایش و ئاشتی بکەن. لوبنانیش هەر وابوو، بەڵام ئەمڕۆ بوونەتە وڵاتی وێران و هەژار، زۆر پاشەکشەمان کردووە. دەبێت لەمە ئاگادارببینەوە، ناتوانین ئەم دیمەنانە ببینین، هێشتا باوەڕمان نەکردووە لە رژێمی دیکتاتۆری رزگارمان بووە، ماشاڵڵا نمایشی سەربازیی وەک ئەوەی حەماس و تاڵیبان لە ئەفغانستان لە شەقامەکانی دیمەشق دەبینین.
 
رووداو: باوکت، رەفعەت ئەسەد لە شوێنێکی ئارامە؟
 
ریباڵ ئەسەد: نەخێر، نەخێر، سوپاس بۆ خودا، باوکم لە مێژە سەفەری کردووە، سوپاس بۆ خودا.
 
رووداو: دوایین پرسیارم، بەڕێز ریباڵ ئەسەد، ئێوە هەوڵدەدەن پەیوەندی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بکەن؟ بە کورتی تکایە.
 
ریباڵ ئەسەد: چۆن مرۆڤ لەگەڵ کەسانێک دادەنیشێت کە خەڵک و گەلی خۆیان دەکوژن؟ چۆن لەگەڵ کەسانێک دادەنیشی کە بیروباوەڕەکەیان لەسەر لەنێوبردنی ئەوی دیکە و پەراوێزخستنی ئەوی دیکە دروستکرابێت؟ چۆن مرۆڤ لەگەڵ کەسانێک دادەنیشێ کە خەڵکی دیکە بە کافر دادەنێت؟ ئاقڵانەیە کەسێک لەگەڵیان دابنیشێت؟ من دەتوانم دیالۆگ لەگەڵ هەموو کەسێک بکەم، بەڵام چۆن دیالۆگ لەگەڵ کەسێک بکەم کە بە کافرم دادەنێت؟ چۆن دیالۆگ بکەم و دابنیشم لەگەڵ کەسێک کە بە کافرم دادەنێت؟ ئەمە شتێکی نائاساییە. کەسێک دێت و دەڵێت ئەمە کافرە و کافر لای ئەوان دەکوژرێت، چۆن کەسێک... دەزانیت ئەوانە قاعیدە و داعشن، ئەمە بیرکردنەوەیانە، ئەمە ئایدۆلۆژیا لادەرەکەیانە. بۆیە ئێمە داوامان کردووە ئەگەر لەوە دەردەچن و دەڵێن نەخێر ئێمە ئەم بیرکردنەوەیەمان نییە، بە پێچەوانەوە بەڕاستی گۆڕاوین، نەک تەنیا سەرۆک و شوێنکەوتووانی، بەڵام ئەمە مەحاڵە. من فیلم و ڤیدیۆکانیان دەبینم، ئەمانە بەهیچ شێوەیەک دیموکرات نین. خەڵکانێکن داوای کوشتنی کەمینەکان و کوشتنی تایفەی عەلەوی و کوشتنی برا کوردەکانمان دەکەن. دوێنێ ڤیدیۆیەک هەبوو پێیان دەڵێن ئێوە بەراز... زمانێکی قێزەون کە داوای دیموکراسی و دەوڵەتی عەلمانی دەکەن، عەلمانییەتتان پیشان دەدەین. تێگەیشتی چۆن؟ بیری لێ بکەوە چۆن کەسێک دەتوانێت لەگەڵ ئەم خەڵکە بژیت؟ خەڵکانێک لەسەر هەموو لیستەکانی تیرۆری جیهانن، چۆن کەسێک مامەڵە لەگەڵ کەسانی وا دەکات؟ بکوژ و تاوانبارن، پێمگوتی تاوانیان لە دژی گەلی سووریا کرد، ئەوان و رژێم. پێمگوتی ڤیدیۆی بەڵگەدارمان بینیوە کە راگەیاندن لە هەموو جیهانەوە بەڵگەی کردوون چۆن سەری خەڵک دەبڕن، چۆن خەڵک لە خاچ دەدەن، چۆن خەڵک دەکوژن، نەک تەنیا لە رابردوودا، نەخێر لەم 13-14 ساڵەدا تاوەکو هاتنیان بۆ دیمەشق و تاوەکو ئەمڕۆش هەموو رۆژێک ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە. ببینە لەجیاتی ئەوەی بۆ نموونە ئەگەر کەسێکیان هەبێت کە لەگەڵ رژێم بووە، هەر کەسێکی شارستانی دێت و دەوەستێت و فەرمانی دادوەری دەردەکات، بە رێزەوە دەیگرن و داوای لێدەکەن فەرموو وەرە لای ئێمە، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و دەچێتە بەردەم دادپەروەری و پارێزەری دەبێت، نەک لە شەقامەکان راپێچ بکرێن و لێیان بدرێت و سەریان ببڕدرێت و شتی وا کە مرۆڤ تەنیا لە فیلمە شێتەکاندا دەیبینێت. کەواتە چۆن مرۆڤ دەتوانێت قسەیان لەگەڵ بکات؟ ئەوان ئەگەر دەڵێن دەوڵەتێکی دیموکراسی راستەقینەمان دەوێت، باشە پیشانمان بدەن، بە قسە نا، دەستوورەکەتان پیشان بدەن. بۆ نموونە هەڤپەیڤینێکیان لەگەڵ ئەم شەرع جۆلانییە لە بی بی سی کرد، هەر پرسیارێکیان لێ دەکرد، بۆ نموونە لەسەر خواردنەوە دەڵێت ئەمە سبەینێ لیژنەی یاسایی بڕیاری لەسەر دەدات، من دەستی تێوەرنادەم. حیجاب لیژنەی یاسایی بڕیاری لەسەر دەدات. سبەینێ ئەگەر سەت کەس لە پیاوانی یاسا کە لە ئیدلب لەگەڵی بوون و لە نوسرە، قاعیدە، یانی پێیان بڵێت یاساکان دابنێن، ئەمە ئەوەیە کە یاسا دەیەوێت و هەموو پرسیارێک پێیدەڵێت ئێستا کاتی نییە، کام سووریا؟ کەی کاتییەتی؟
 
رووداو: زۆر سوپاس ریباڵ ئەسەد، ئامۆزای سەرۆکی پێشووی سووریا، بەشار ئەسەد و کوڕی رەفعەت ئەسەد، سەرۆکی رێکخراوی دیموکراسی و ئازادی لە سووریا، لە ئیسپانیاوە گەڵمان بوویت. سوپاس بەڕێز ریباڵ...
 
ریباڵ ئەسەد: سوپاس خۆشەویستم.
 
رووداو: بینەرانی خۆشەویست، ئێوەش سوپاس.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە