رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی سووریا دەڵێت: ئەو کاتەی [سێ ساڵ] کە ئەحمەد شەرع بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا دیاریکردووە، زۆرە" دەشڵێت، "کات و لیژنەی دیالۆگی نیشتمانی دیارینەکراوە."
عەبدولمەجید بەرەکات، میوانی بووڵتەنی رۆژئاڤا بوو کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات، باسی چەند پرسێکی پەیوەست بە سووریای کرد، لەوانە نووسینەوەی دەستووری نوێ، هەڵوەشاندنەوەی ئیئتیلافی نیشتمانی و پەیوەندییان لەگەڵ ئەحمەد شەرع.
بەرەکات دەڵێت "گرووپە سەربازییەکان کە لە ئیئتیلاف دا نوێنەرایەتییان هەیە، بەشێکن لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و تاوەکو ئێستاش تێیدا کار دەکەن."
لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و سیاسەتی کارکردنییەوە، جێگری سەرۆکی ئیئتیلافی سووریا دەڵێت "هیچ دژیەکییەک لەم بارەیەوە لەنێوان حکومەتی کاتی لە دیمەشق کە ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەڕێوەی دەبات یان بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە سووریا و سیاسەتە گشتییەکانی ئیئتیلاف دا نییە. هەردوولا ئێستا هەوڵدەدەن گواستنەوەیەکی سیاسیی راستەقینە هەبێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرپرسیاریێتییانەی کە رەنگە زۆر گرنگ بن پێش روودانی ئەم گواستنەوەیە."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەیە؟ ئەگەر هەیە چۆنە؟
عەبدولمەجید بەرەکات: یەکەم، ئیئتیلافی نیشتمانی نوێنەرایەتیی ژمارەیەکی زۆر لە پێکهاتەکان دەکات، لەو پێکهاتانەش گرووپە سەربازییەکانن. دەتوانین بڵێین بلۆکی گرووپە سەربازییەکان لەنێو ئیئتیلاف دا، گەورەترین بلۆکە لە رووی ژمارەی نوێنەرانەوە. ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کە لە مانگی رابردوودا دەستی بە کار کرد، گرووپە سەربازییەکانی لەخۆگرتبوو کە لە رووی سیاسییەوە نوێنەرایەتییان لە ئیئتیلاف دا هەیە. ئەمەش واتای ئەوەیە گرووپە سەربازییەکان لە ئیئتیلاف دا نوێنەرایەتییان هەیە، بەشێکن لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و تاوەکو ئێستاش گرووپە سەربازییەکان لەو ژووری ئۆپەراسیۆنانەدا کار دەکەن. هەروەها گرووپە سەربازییەکانی دیکەش کە نوێنەرایەتییان لە ئیئتیلاف دا هەیە، لە ژووری ئۆپەراسیۆنی 'فەجر حورییە' کار دەکەن. لەبەرئەوە ئیئتیلاف بە پێکهاتە سەربازییەکانییەوە لە مەیدان و لە ئاستی سیاسیشدا ئامادەییان هەیە.
ئێستا سەرۆکی ئیئتیلاف و سەرۆکی دەستەی دانوستاندن و زیاتر لە 45 ئەندامی ئیئتیلاف لە دیمەشق ئامادەن. کارێکی سیاسیی گەورە هەیە کە ئیئتیلاف هەوڵی بۆ دەدات و پابەندە بە پرەنسیپەکانی و هێڵی سیاسی و نەخشەڕێگایەک کە بۆ چەندین ساڵە دانراوە و بنەمایەک بووە بۆ گواستنەوەی سیاسی لە سووریا. کەواتە پێموایە هیچ دژیەکییەک لەم بارەیەوە لەنێوان حکومەتی کاتی لە دیمەشق کە ژووری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەڕێوەیدەبات یان بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە سووریا و سیاسەتە گشتییەکانی ئیئتیلاف دا نییە. هەردوولا ئێستا هەوڵدەدەن گواستنەوەیەکی سیاسیی راستەقینە هەبێت، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرپرسیاریێتییانەی رەنگە زۆر گرنگ بن پێش روودانی ئەم گواستنەوەیە.
رووداو: ئەحمەد شەرع دەڵێت 'نووسینەوەی دەستووری نوێ پێویستی بە سێ ساڵە. بە بڕوای ئێوە ئەمە کاتێکی درێژ نییە؟'
عەبدولمەجید بەرەکات: بە رێژەیی، بێگومان ئەم ماوەیە درێژە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی سەربازی، ئەمنی، لۆجیستی و تەکنیکی لە سووریا بخوێنینەوە، پێویستی بە کاتە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ نووسینەوەی دەستووری سووریا.
ئێمە، دەزانین لە ماوەی 14 ساڵدا زیاتر لە 12 ملیۆن سووری لە دەرەوەی سووریان. هێشتا شەڕ لە چەند ناوچەیەکی سووریا، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی فورات بەردەوامە. دۆخی ئەمنی و سەربازی هێشتا جێگیر نەبووە. زۆر پێداویستی تەکنیکی هەن پێویستیان بە ئارامگرتن و پەیوەندیکردنە لەگەڵ زۆربەی پێکهاتەکانی گەلی سووریا.
زۆر پرسی پەیوەست بە ئاستی ئەمنیش لە سووریا هەن. پێموایە ئەمانە بەرپرسیاریێتیی سەرەکین پێش قسەکردن لەسەر دەستوور و گواستنەوەی سیاسی. لەبەرئەوە ئێمە بە هەوڵێکی گەورەوە کار دەکەین. شاندەکانی ئیئتیلاف لە هەموو پارێزگاکانی سووریا بڵاوبوونەتەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی ناوخۆیی و دڵنیاکردنەوەی شەقامی سووری لەوەی ئیئتیلاف لە پشت سوورییەکان دەمێنێتەوە تاوەکو داواکارییەکانیان بەتەواوی بەدی دێن. ئێمە دەزانین بەرپرسیاریێتی گرنگ هەن و دەڵێین ئەم ماوەیە رەنگە تاڕادەیەک درێژ بێت.
رووداو: ئێستا ئەحمەد شەرع ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی نیشتمانی دەکات، ترسی ئەوەتان هەیە لە رێگەی ئەو کۆنگرەوە دەست بەسەر هەموو جومگەکانی سووریادا بگرێت؟
عەبدولمەجید بەرەکات: سەبارەت بە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی یان ئەوەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراوەتەوە، ئێمە تاوەکو ئێستا دەبیستین کە خواستێک بۆ بانگهێشتکردن بۆ دیالۆگی نیشتمانی هەیە، بەڵام هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی یان بانگهێشتێکی فەرمی نییە کە کاتی دیالۆگ، میکانیزمەکانی، میتۆدەکەی و ئەوەی چی لێدەکەوێتەوە دیاری بکات، تەنانەت لیژنەی ئامادەکارییش نییە. لەبەرئەوە پێموایە زووە ئێستا باس لەوە بکرێت دیالۆگی نیشتمانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لەخۆدەگرێت. هەروەها زووە باس لەوە بکرێت ئەو کۆنگرەیەی هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا، پێشەکی بوو. ئەوانەی سەرپەرشتی کۆنگرەکەیان کرد باسیان لەوە کرد پێشەکییە بۆ کۆنگرەیەکی دیالۆگی گشتی کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەخۆدەگرێت. کەواتە کۆنگرەی دیالۆگ مەرجی سیاسی و ئەمنی و سەربازی و تەکنیکیی هەیە کە پەیوەستن بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا. لەبەرئەوە پێموایە بەڕێوەبەرایەتیی نوێ لە دیمەشق، بەڕێز شەرع و هەموو بەرپرسیارانی ئەم پرسە بە تەواوی دەزانن، کە هەر دیالۆگێکی سووری لە کۆتاییدا دەبێت بگاتە خواستەکانی گەلی سووریا.
پێموایە روونە خواستێکی ئەرێنی لە بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشق هەیە بۆ ئەوەی ئەم دیالۆگە سەرکەوتوو بێت. خواستێکی ئەرێنیش لە رێگەی ئەو لێدوانانەی دەیانبیستین کە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بە جیاوازیی نەژادی و ئایینی و سیاسی و ناوچەییانەوە تێدا دەکەن. ئەمەش نیشانەیێکی ئەرێنییە لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی هەمووان لەم دیالۆگە و گرنگیی بوونی ئەنجامێک کە خواستەکانی گەلی سووریا دابین بکات کە لەپێناویدا خەباتی کردووە. پێموایە پارێزەری سەرەکی لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا گەلی سووریایە، کە هەمیشە دەتوانێت رووگە و رێڕەوەکە راست بکاتەوە.
رووداو: تۆ باسی گرنگیی ئیئتیلافت کرد، بەڵام ئەحمەد شەرع دەڵێ ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆن کۆتاییهاتووە و ئەندامەکانی دەتوانن لەسەر ئاستی کەسی، بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا بکەن، رای ئێوە چییە؟
عەبدولمەجید بەرەکات: کاتێک ئیئتیلاف دامەزرا، بۆ ئەوە دامەزرا ناونیشانێکی دیکە بێت بۆ سووریا، نەوەک تەنیا رژێم. ئۆپۆزسیۆن هەبوو و رژێمیش هەبوو. کەواتە ئامانجی سەرەکی لە بوونی ئیئتیلاف و هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن رووخاندنی رژێم بوو.
ئیئتیلاف لە بەڵگەنامەکانی دامەزراندن و پەیڕەوی ناوخۆییدا داوای هەڵوەشاندنەوەی خۆی لە کاتی گونجاودا دەکات. ئەم کاتە گونجاوە بەپێی بەڵگەنامەکانی ئیئتیلاف و راگەیێندراوی دامەزراندن و پەیڕەوی ناوخۆ، ئەو کاتەیە کە دیالۆگێکی نیشتمانی هەبێت کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی...
رووداو: بەڕێز بەرەکات، کەی ئیئتیلاف هەڵدەوەشێننەوە؟
عەبدولمەجید بەرەکات: بەڵێ، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئیئتیلاف، ئیئتیلاف داوای دیالۆگی نیشتمانی دەکات یان دەبێت بەشێک بێت لەو دیالۆگە نیشتمانییە. بەڵام دەقە سەرەکییەکە لە پەیڕەوی سەرەکیی ئیئتیلافدا ئەوەیە داوای کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی دەکات و دەستەیەکی حوکمڕانیی گواستنەوە هەڵدەبژێردرێت و دەستوورێک دادەنرێت و کاروبارەکان رادەستی دەستەی حوکمڕانیی گواستنەوە دەکرێت.
کەواتە ئێمە بە سرووشتی حاڵ، کاتێک دەگەینە قۆناخی گواستنەوە، راستەوخۆ ئیئتیلاف خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، چونکە ئامانجی بوونی ئیئتیلاف بەدیهێنانی گواستنەوەی سیاسییە. تاوەکو بارودۆخەکان بۆ بەدیهێنانی ئەم گواستنەوە سیاسییە تەواو نەبن، ئیئتیلاف پابەند دەبێت بەو سیاسەتە گشتییانەی لەپێناویاندا دامەزراوە، هەروەها پابەند دەبێت بە سیاسەتەکانی پێکهاتەکانی ئیئتیلاف.
ئیئتیلاف نوێنەرایەتیی زۆربەی توێژەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەکات لە رووی سیاسی، نەژادی، ئایینی، تائیفی و ناوچەییەوە. کەواتە ئەم پێکهاتانە رایان لەسەر داهاتووی ئیئتیلاف هەیە، بەڵام بە گشتی کاتێک گواستنەوەی سیاسیی راستەقینە بەدی دێت و دەچینە قۆناخی گواستنەوە، پێکهاتەکانی نێو ئیئتیلاف دەگەڕێنەوە بۆ بنکە سەرەکییەکانی خۆیان.
رووداو: ئەحمەد شەرع پلەی سەربازیی بیانییە جیهادییەکانی لە سووریا بەزرکردەوە، ئێوە بەوە رازین؟
عەبدولمەجید بەرەکات: لە ئیئتیلافدا حکومەتێکی کاتی هەیە کە هێشتا لە باکووری ئازادکراو کار دەکات. وەزارەتی بەرگریی هەیە کە سەر بە حکومەتی کاتییە لە باکووری ئازادکراو. ئەم وەزارەتە سوپای نیشتمانیی هەیە کە لە لیوا، فەیلەق و کەتیبە پێکهاتووە و ئەفسەرانی دەرچوو سەرپەرشتی دەکەن.
رەنگە سەرکردایەتیی سەربازی لە دیمەشق بینیویەتی کە پێویستە مامەڵە لەگەڵ واقیعی سەربازیی ئێستادا بە خێراتر بکرێت و چارەسەری پێداویستییە سەربازییە هەنووکەییەکان بکرێت. کەواتە ئێمە بە سرووشتی حاڵ ئاگاداری ئەم بابەتە نین و ئاگاداری ئەم پرسە نەبووین. رەنگە بەڕێوەبەرایەتیی سەربازی بارودۆخی تایبەتی هەبووبێت کە ناچاری کردووە یان وای لێکردووە بڕیاری وا بدات.
من، لێرە دا باس لە سوپای نیشتمانی دەکەم کە پابەندە بە پەیکەری سەربازیی سووریی رەسەن، بە پەیکەری رێکخراوەیی. کەواتە پێموایە ئەوان باشتر دەزانن وەڵامی پرسیارێکی لەو جۆرە بدەنەوە. ئیئتیلاف ئاگاداری ئەم بابەتە نییە بە راشکاوی.
رووداو: ئێوە دەڵێن دەبێ چەکدارانی بیانی لەنێو سوپای سووریا نەمێنن، لەکاتێکدا کە پلەی سەربازیی بیانییەکان لەنێو سوپا و هەتەشە بەرز دەکرێتەوە؟
عەبدولمەجید بەرەکات: ئەم پرسە وەک پێشتر گوتم، پرسێکی سەربازییە و ئاگاداری ئەم وردەکارییانە نیم، بەڵام ئەو هۆکارانەی وایان کرد سووریا ببێتە شوێنی کۆبوونەوەی هەموو شەڕکەرە بیانییەکان، رژێم و سیاسەتەکانی بوون کە لە ساڵانی رابردوودا پەیڕەوی کردن. هەموو میلیشیاکانی لە هەموو جۆرێک راکێشا و هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیا ناسوورییەکانیشی راکێشا. کەواتە رەنگە سووریا لە قۆناخێکدا ببووە خاڵی یەکگرتنەوەی ئەم میلیشیا سەربازییانە. بوونی ژمارەیەک شەڕکەری ناسووری بۆ ئیئتیلاف بە سروشتی حاڵ پرسێکی رەتکراوەیە. بارودۆخی سەربازی یان واقیعی سەربازی پێداویستی خۆی هەیە. من ئاگاداری ئەم پرسە نیم، کەواتە رەنگە لە ماوەی داهاتوودا چارەسەری ئەم پرسانە بکرێت. سیاسەتی ئیئتیلاف لەم بارەیەوە روونە، هەروەها سوپای نیشتمانی کە سەر بە حکومەتی کاتییە و پەیوەستە بە ئیئتیلافەوە، سیاسەتەکانی روونن سەبارەت بە شەڕکەرە بیانییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ