چین یەکێک لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەولێر دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

کۆنسوڵی چین لە هەولێر دەڵێت، گەلی چین و گەلی کورد مێژوویەکی درێژی شارستانییان هەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیشیان لە 2000 ساڵ پێش ئێستاوە دەستیپێکردووە کە بە رێگەی ئاوریشمدا بووە. دەشڵێت، پرۆژەی هەپی سیتی لە هەولێر دەکەنەوە کە یەکێک دەبێت لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
لە زانکۆی پەکین-ی پایتەختی چین بەشی زمانی کوردی هەیە، لەبارەی هۆکاری کردنەوەی ئەو بەشە نی روچی، کۆنسوڵی چین لە هەولێر لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینی رووداو گوتی، "زمان ئامرازێکی گرنگە بۆ ناسینی یەکدی و گفتوگۆکردن. لەبەر ئەم هۆکارە بەشی زمانی کوردیمان لە زانکۆی پەکین کردەوە. ئێستا گەنجانی چین خەریکی فێربوونی زمانی کوردین بۆئەوەی بتوانن لەگەڵ خەڵکی کورد گفتوگۆ بکەن و ئاوئاهەنگییان لەگەڵ بکەن".
 
تەنیا ئەمساڵ چین زەمالەی داوە بە 15 گەنجی کورد بۆئەوەی بچن لەو وڵاتە بخوێنن، کۆنسوڵی چین هیوای ئەوە دەخوازێت کە "گەنجانی کورد ساڵ بە ساڵ زۆرتر داواکاری بۆ ئەو زەمالانە پێشکێش بکەن و ژمارەیەکی زۆرتری گەنجانی کورد بچنە چین بۆ خوێند لە زانکۆکانمان".
 
سەبارەت بە پرۆژەی هەپی سیتی کە پرۆژەیەکی کولتووری و گەشتیارییە و بە گوتەی روچی، "یەکێک دەبێت لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست"، کۆنسوڵی چین دەڵیت، "دوای ئەو پرۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتیاری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پرۆژەکە پتر لە هەشت هەزار هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. جگە لەوەی چەندین گەشتیار لە وڵاتانی دیکەوە رادەکێشێت".
 
هەروەها پرۆژەیەکی دیکەی چین بەناوی ساڤیلا مۆڵ دەستیپێکردووە، نی روچی دەڵیت، "ساڤیلا مۆڵ ناوەندی بازرگانیی چین دەبێت. کاتێک تەواو دەبێت 200 کۆمپانیای چینی دێن و لەو باڵەخانەیەدا نووسینگە دەکەنەوە، بۆئەوەی چیدی پێویست نەکات کۆمپانیا کوردییەکان سەردانی چین بکەن بۆ بینینی کەلوپەلی چینی".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کۆنسوڵی چین باسی لەوە کرد، "تەنیا ئەمساڵ 99 بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی 39 خولی راهێنانی جیاوازی چینییان کردووە".
 
رووداو: بەڕێز نی زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
نی رۆچی: سوپاس بەڕێز رێباز.
 
رووداو: بەخێربێیت، دەمەوێت گفتوگۆکەمان بەم پرسیارە دەستپێبکەم؛ ساڵی 2014 لە کاتی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، کە ئەوکات سەرۆکی حکومەت بوو، ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، گوتی: کردنەوەی کۆنسوڵخانەی چین سەرەتای دروستبوونی پەیوەندیی کولتووری، ئابووری و سیاسی دەبێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و چین. ئێستا ئاستی ئەو پەیوەندییانە چۆن دەبینیت؟
 
نی رۆچی: بەڵێ، وەکو ئاگادارن، رۆژی 1ی ئۆکتۆبەر رۆژی نیشتمانیی چینە. 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ 72ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری گەلی چینە. بۆیە دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و لەم هەڤپەیڤینەدا هەندێک زانیاری سەبارەت بە دوا پێشکەوتنەکانی پەیوەندیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان بخەمەڕوو. هەروەها دەمەوێت پووختەیەکتان لەبارەی دەستکەوتەکانی 72 ساڵی رابردووی چین بۆ باس بکەم. لەبارەی پرسیارەکەت؛ گەلی چین و گەلی کورد سەر بە گەلی ئاسیایین لە جیهاندا. مێژوویەکی درێژی شارستانیمان هەیە. ئاڵوگۆڕی نێوانمان لە 2000 ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیپێکردووە بە رێگەی ئاوریشمدا. پێش کردنەوەی کۆنسوڵخانە، کۆمپانیاکانی چین هاتنە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانەوەی هەرێمی کوردستان لەدوای شەڕ. ساڵی 2014 حکومەتی چین کۆنسوڵخانەی گشتیی لە هەولێر کردەوە، کە تۆ کەمێک پێش ئێستا ئاماژەت بۆی کرد. لە بۆنەی کردنەوەکەیدا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەو کاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی رێوڕەسمەکەی کرد و پێشوازیی لە کردنەوەی کۆنسوڵخانەی گشتیی چین لە هەولێر کرد.
 
ساڵی 2014 رەوشێکی سەخت لەئارادا بوو، چونکە شەڕی دژی داعش دەستیپێکرد. ئێمە کۆنسوڵخانەمان کردەوە بۆئەوەی نیشانی بدەین حکومەتی چین بە تەواوی پشتگیریی هەرێمی کوردستان دەکات لە شەڕی دژی داعشدا. لەو کاتەوە هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولا گەشەی کردووە. بۆ نموونە لەڕووی سیاسییەوە، ئێمە بانگهێشتی بەڕێز فەلاح مستەفامان کرد کە ئەوکات بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بوو و ئێستا راوێژکاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە، سەردانی چینی کرد. هەروەها پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستانیش سەردانی چینیان کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بەڕێز عادل عەبدولمەهدی. هەروەها لە چینیشەوە بەڕێز لی جون، جێگری وەزیری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمیۆنیستی چین سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد پێش سەرهەڵدانی کۆڤید-19. بانگهێشتی چەندین هاوڕێی لە چەندین حیزبی کوردستان کرد، بۆئەوەی سەردانی چین بکەن و بەشداریی خولی راهێنان بکەن لە چین.
 
رووداو: بەڵام بەڕێز نی، نەبوونی پەیوەندیی سیاسی لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان هەردوولا ئەو هەستەمان لەلا دروستدەکات کە چین دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەنیا پەیوەندیی ئابووری بن و نایەوێت پەیوەندیی سیاسیی باشی هەبن لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرەنسا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا. لەم بارەوە چی دەڵێیت؟
 
نی رۆچی: لەڕاستیدا، ئێمە سەرنجی زۆرمان لەسەر پێشخستنی پەیوەندییە سیاسییەکانە لەنێوان چین و هەرێمی کوردستان. باسی ئەوەم کرد کە شاندی حیزبەکان و شاندی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بەڕێز فەلاح مستەفاش سەردانی چینیان کرد. جگە لەوەی پلانمان هەبوو چەند سەردانێک رێکبخەین لەسەر ئاستی شاندی باڵای سیاسی، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سەردانی شاندەکانمان راگرت. هیوادارم دوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنا ئەو جۆرە پەیوەندییانە دەستپێبکەینەوە.
 
رووداو: ئاگادارم [بەڕێز لی جون، جێگری وەزیر] بانگهێشتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کردبوو سەردانی چین بکات. بۆچی رووینەدا؟ ئەوەش بەهۆی کۆڤید-19 بوو؟ پێتوایە کەی روودەدات؟
 
نی رۆچی: پێموایە لە کاتی سەردانەکەیدا بەڕێز لی جون، جێگری وەزیر، کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بانگهێشتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد سەردانی چین بکات. ئەمساڵ، 100 ساڵ تێپەڕی بەسەر دامەزراندنی پارتی کۆمیۆنیسی چیندا. ئێمە چەندین پەیامی پیرۆزباییمان لە چەندین حیزبی هەرێمی کوردستانەوە پێگەیشت. سەرەتای تەممووزی ئەمساڵیش چەند حیزبێکی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەی لووتکەی پارتی کۆمیۆنیستی چین و سەرکردەی پارتەکانی جیهانیان کرد. ئەمانە ئەم پەیوەندییە سیاسیانەن کە تاوەکو ئێستا هەن. دەمەوێت بێمە سەر باسی بواری پەیوەندییە ئابوورییەکان.
 
رووداو: دواتر دێینە سەر باسی ئابووری. دەمەوێت ئێستا پرسیار بکەم لەبارەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە چین. هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات نوێنەرایەتییەک لە چین بکاتەوە؟ ئەو هەوڵانەی هەرێمی کوردستان بە کوێ گەیشتوون؟ ئایا چین قبووڵی کردووە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی خۆی لە پەکین بکاتەوە؟
 
نی رۆچی: پێموایە هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ چین بەهێز بکات. وەکو ئاگاداربم، پلانیان هەیە نووسینگەیەک لە چین بکەنەوە و ئێمە پێشوازیی لێدەکەین. هەر کە زانیاریی تەواومان پێ بگات، ئێمە رێکاری پێویست دەگرینەبەر.
 
رووداو: رەزامەندیتان دەربڕیوە؟ چین رەزامەندیی نیشانداوە بۆ کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییە؟
 
نی رۆچی: هێشتا هیچمان بەدەست نەگەیشتووە.
 
رووداو: بەدەستتان نەگەیشتووە. پێتوایە ئەوە کەی روودەدات؟
 
نی رۆچی: ئەوە پشت بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستێت.
 
رووداو: باشە، پەیوەندیی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و چین چۆن هەڵدەسەنگێنیت، هیچ بەرەوپێشچوونێک دەبینیت؟
 
نی رۆچی: لەبارەی هاوئاهەنگیی ئابووری نێوان هەردوولا، ئاماژەم بەوە کرد کۆمپانیا چینییەکان دەمێکە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. ئێستا، زۆرتر لە 1200 کەسی چینی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. بێگومان ئەو ژمارەیە پێش کۆڤید-19 زۆرتر بوو. پێش کۆڤید-19 زۆرتر لە 2000 چینی لێرە کاریان دەکرد. هەروەها چەندین بازرگانی کورد لە چین دەژین و کار دەکەن. بە ژمارە نازانم بەهای ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکە چەندە، بەڵام پێموایە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان چین و هەرێمی کوردستان ژمارەکەی زۆر گەورەیە.
 
رووداو: لە زیادبووندایە؟ بۆ نموونە ئەمساڵ رێژەکە زۆرترە لە پار؟
 
نی رۆچی: بەڵێ، بینیومانە بەهای ئاڵوگۆڕەکە ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات.
 
رووداو: گرنگترین بواری ئابووری لە هەرێمی کوردستان چییە کە چین سەرنجی لەسەری بێت؟
 
نی رۆچی: پێموایە چەندین بوار هەن کە دەکرێت هەردوولا لە بواری ئابووریدا کاریان لەسەر بکەن. لەم ساڵانەی دواییدا، کۆمپانیا چینییەکان چەند کارگەیەکی چیمەنتۆیان لە کوردستان دروستکرد، جگە لە کارگەی ستیل و کارگەی ریسایکلین. هەروەها بەشداریمان کردووە لە دۆزینەوەی نەوت و گاز. لە بواری پرۆژەی گەیاندنیشدا کارمان کردووە. هەروەها هەردوولا ئێستا راوێژ دەکەن لەسەر پرۆژەی گەورەتر، وەکو هەپی سیتی؛ کە چاوەڕوان دەکرێت یەکێک بێت لە گەورەترین ناوەندە کولتووری و گەشتیارییەکانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. جگە لەوەی هەردوولا گفتوگۆ دەکەن لەبارەی هاوئاهەنگی لە چەند پرۆژەیەکی پەیوەست بە سەرچاوەکانی ئاو، کارەبا و پاڵاوگەی نەوت و چەند پرۆژەیەکی دیکە.
 
رووداو: کام پرۆژە بەلای ئێوەوە لە هەمووان گرنگترە؟
 
نی رۆچی: هەموو پرۆژەکان بۆ هەردوولا گرنگن. سوود بە هەردوولا دەگەیێنن. سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ پەتای کۆڤید هەبوو، سێ پرۆژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بە شێوەی ئۆنلاین رێکخستن. زیاتر لە 300 کۆمپانیای هەردوولا بەشدارییان کرد. لەو کۆبوونەوە ئۆنلاینانەدا بەهای بازرگانیی نێوان کۆمپانیاکان گەیشتە 30 ملیۆن دۆلار. ئەمە تەنیا ئەمساڵ.
 
رووداو: واتە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کەلوپەلیان لە چین کڕی؟ بە بەهای 30 ملیۆن دۆلار؟
 
نی رۆچی: بەڵێ، بە بەهای 30 ملیۆن دۆلار.
 
رووداو: دەزانیت چی کەلوپەلێک بوون؟
 
نی رۆچی: هەموو جۆرە کەلوپەلێک. بەڵێ. هەروەها ئەمساڵ لە چین تاوەکو ئێستا مەشقمان بە 99 بەرپرسی حکومیی کورد کردووە. بەشدارییان لە 39 خولی جیاوازی راهێناندا کردووە.
 
رووداو: دەمەوێت دواتر باسی ئەوە بکەین، بەڵام ئێستا دەمەوێت قسە لەسەر نەوت بکەین! تێدەگەم کە عێراق سێیەم گەورەترین دابینکەری نەوتە بۆ چین لەدوای سعودیە و ئیمارات، بەڵام ئایا چین نەوت لە هەرێمی کوردستانیش دەکڕێت؟
 
نی رۆچی: بە دیاریکراوی نازانم ئایا ئێمە راستەوخۆ نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکڕین یاخود نا. ئێمە نەوت لە سۆمۆ دەکڕین. کە کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی عێراقە. پێموایە نەوتی هەرێمی کوردستانیشی لەگەڵە.
 
رووداو: بەڵام راستەوخۆ نایکڕن؟
 
نی رۆچی: نەخێر.
 
رووداو: ئاماژەت بۆ ئەوە کرد کۆمپانیا چینییەکان لە پیشەسازیی نەوتیشدا لە کوردستان کار دەکەن. ئایا زانیاریت هەیە بە دیاریکراوی لە چی بوارێکی پیشەسازیی نەوتدا کار دەکەن؟
 
نی رۆچی: سێ کۆمپانیای سەرەکیی چینی لە هەرێمی کوردستان لە بواری نەوتدا کار دەکەن. یەکێک لە کۆمپانیا چینییەکان لە کێڵگەیەکی نەوتی هەرێمی کوردستان کار دەکات کە ناوی تەقتەقە. ئێستا رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنێت. کۆمپانیاکانی دیکەش، یەکێکیان کۆمپانیایەکی هەڵکەندنی بیری نەوتە، لەگەڵ کۆمپانیای رووس نەفت کار دەکات. زۆرتر لە 50 بیری نەوتی هەڵکەندووە. کۆمپانیایەکی دیکەشمان هەیە کە بە هەمان شێوە لەگەڵ رووس نەفت، لە بواری پشکنین و دۆزینەوەی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کار دەکات.
 
رووداو: با باسی پەتای کۆڤید بکەین. بەپێی زانیارییەکانم، ئێوە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار ماسک و 140 هەزار قورچکی ڤاکسینتان بۆ هەرێمی کوردستان دابینکرد. ئایا بەنیازن ڤاکسین و ماسکی زۆرتر بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید؟
 
نی روچی: حەزدەکەم هەواڵێکی خۆشتان پێ رابگەیێنم. هەفتەی رابردوو، حکومەتی چین بڕیاریدا ژمارەیەکی دیکە ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت. نزیکەی 200 هەزار قورچکی ڤاکسینە.
 
رووداو: زۆرترە لە جاری رابردوو؟
 
نی روچی: بەڵێ. دەزانی لە دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، هاوئاهەنگیی نێوانمان تووشی سەختیی زۆر بوو، بەڵام کاتە سەختەکە پەیوەندییەکەمانی قووڵتر کردەوە، پەیوەندیی دۆستانەمان. دەزانی، مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، ئەو کاتەی کۆڤید-19 لە هەرێمی کوردستان بڵاوبووەوە، چین بە خێرایی کاردانەوەی نیشاندا لەڕێگەی یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی کۆڤید-19. ژمارەیەکی زۆر کەلوپەل و پێداویستیی دژە ڤایرۆسەکەمان بەخشییە هەرێمی کوردستان. پێموایە زۆرتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار ماسک، دەستکێش، کیتی پشکنین و جلوبەرگی خۆپارێزیمان بەخشییە هەرێمی کوردستان. ئەمساڵیش، لە مانگی ئادارەوە، چین یەکەم وڵات بوو ڤاکسینی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد. تاوەکو ئێستا سێ جار ڤاکسینمان بەخشیوەتە هەرێمی کوردستان. کۆی گشتی، وەکو باستکرد، 140 هەزار قورچکی ڤاکسینمان بەخشیوەتە هەرێمی کوردستان. بۆیە لەڕێگەی هەوڵی هاوبەشەوە پەیوەندیی دۆستانەمان قووڵتر بووە.
 
رووداو: لە زانکۆی پەکین بەشی زمانی کوردی هەیە. بۆچی خەڵکی چین دەیانەوێت فێری زمانی کوردی ببن، هۆکاری کردنەوەی ئەو بەشە چییە لە پەکین؟
 
نی روچی: بە بۆچوونی من هەردوو گەل مامەڵەیان دۆستانەیە لەگەڵ یەکدی. زمان ئامرازێکی گرنگە بۆ ناسینی یەکدی و گفتوگۆکردن. لەبەر ئەم هۆکارە بەشی زمانی کوردیمان لە زانکۆی پەکین کردەوە. ئێستا گەنجانی چین خەریکی فێربوونی زمانی کوردین بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ خەڵکی کورد گفتوگۆ بکەن و ئاوئاهەنگییان لەگەڵ بکەن.
 
رووداو: ئێوە زەمالەی خوێندنیش دەبەخشنە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی بچن لە چین بخوێنن. بەپێی زانیاریم، 15 کورسیی خوێندنتان تەرخانکردووە. ئەو زەمالەیە چۆن کار دەکات و پلانتان هەیە ژمارەی کورسییەکان زۆرتر بکەن؟
 
نی روچی: لەڕاستیدا، هەموو ساڵێک ژمارەیەک زەمالە دابین دەکەین. حکومەتی چین زەمالە دەداتە گەنجانی کورد. ئەمساڵ، 15 گەنجی کورد زەمالەیان پێدەدرێت. لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی دەکەین. دەستمان کردووە بە ئامادەکردنی ئەو زەمالانە بۆ ساڵی داهاتوو. هیوادارین گەنجانی کورد ساڵ بە ساڵ زۆرتر داواکاری بۆ ئەو زەمالانە پێشکێش بکەن و ژمارەیەکی زۆرتری گەنجانی کورد بچنە چین بۆ خوێند لە زانکۆکانمان.
 
رووداو: با باسی پرۆژەی هەپی سیتی بکەین! ئەو پرۆژەیە چۆن دەڕوات. بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە چۆن لەڕووی ئابوورییەوە سوود بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت؟
 
نی روچی: پڕۆژەی هەپی سیتی پرۆژەیەکی کولتووری و گەشتیارییە. پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە. یەکێک دەبێت لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا کۆمپانیا چینییەکان سەرقاڵی کارکردنن لەگەڵ وەزارەتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پشتگیری ئەم پرۆژەیە دەکات. هیوادارم زۆر بە زوویی پرۆژەکە دەستپێبکات. دوای ئەو پرۆژەیە، هەولێر دەبێتە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی گەشتیاری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پرۆژەکە پتر لە هەشت هەزار هەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڕەخسێنێت. جگە لەوەی چەندین گەشتیار لە وڵاتانی دیکەوە رادەکێشێت.
 
رووداو: باشە، پرۆژەی دیکەشتان هەیە لە هەولێر بەناوی ساڤیلا مۆڵ، کە زۆرتر لە چاینا تاون (شارۆچکەی چینی) دەچێت. ئایا هاوشێوەی چاینا تاونی نیویۆرک و سان فرانسیسکۆ دەبێت یان شتێکی جیاواز دەبێت و کەی تەواو دەبێت؟
 
نی روچی: بە خۆشحاڵییەوە دەڵێم پرۆژەی ساڤیلا مۆڵ دەستیپێکردووە و سەرەتای ئەمساڵ بەشداربووم لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەکەی. ئێستا بونیادنانی باڵەخانەکە بەردەوامە. ساڤیلا مۆڵ ناوەندی بازرگانیی چین دەبێت. کاتێک تەواو دەبێت 200 کۆمپانیای چینی دێن و لەو باڵەخانەیەدا نووسینگە دەکەنەوە. بۆئەوەی چیدی پێویست نەکات کۆمپانیا کوردییەکان سەردانی چین بکەن بۆ بینینی کەلوپەلی چینی. لەو مۆڵەدا کەلوپەلی چینی نمایش دەکرێت. لەبارەی پرسیارەکەت؛ پێموایە ئەو پرۆژەیە زۆر بچووکترە لە چاینا تاونی نیویۆرک و واشنتن و شارەکانی دیکە، بەڵام پێموایە ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆ دروستکردنی چاینا تاون لێرە هاوشێوەی چاینا تاونی واشنتن و نیویۆرک.
 
رووداو: زۆر باشە، باسی ئەوەت کرد مەشق بە بەرپرسانی حکومیی هەرێمی کوردستان دەکەن. دەتوانیت باسی بکەیت، کێ بەشداریی ئەو خولانە دەکات؟
 
نی روچی: ساڵانە چەند خولێکی راهێنان بۆ بەرپرسانی حکومیی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. باسی ئەوەم کرد کە تەنیا ئەمساڵ 99 بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریی 39 خولی راهێنانی جیاوازیان کردووە. چەندین خولی جیاوازی راهێنان، بۆ نموونە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی کۆمیونیکەیشن، کشتوکاڵ، پیشەسازی و خوێندنی باڵا و چەندین بواری دیکە. پلانمان هەیە ساڵی داهاتوو خولی زۆرتر بکەینەوە. بێگومان ئەمساڵ زۆرینەی خولەکان ئۆنڵاین بوون. هیوادارم ساڵی داهاتوو کە پەتاکە کۆتاییهات، بانگهێشتیان بکەین بۆ چین بۆئەوەی بەشداری لەو خولانەدا بکەن.
 
رووداو: پلان و پرۆژەکانی داهاتووی حکومەتی چین، کۆماری گەلی چین بۆ هەرێمی کوردستان چین؟
 
نی روچی: ئێستا باسی هاوئاهەنگیی دوو لایەنە دەکەین. لەبەر کەمیی کات ناتوانم باسی هەموو بوارەکانی هاوئاهەنگی بکەم لەنێوان هەردوولا. لەڕاستیدا، پێمانوایە کردنی شتێک باشترە لە گوتنی شتێک. خەڵکی چین ئەنجامدەرن. دەمانەوێت کاری زۆرتر بکەین. بۆ داهاتوو؛ پێموایە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دابینکردنی کەلوپەلی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە و دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی بەپێی توانامان. بۆئەوەی یارمەتیی هەرێمەکە بدەین کە بەسەر ئەو سەختییانەدا زاڵ ببێت کە ئێستا تووشی بوون و، گەشەی ئابووری بکەوێتەوە سەر رێگەی خۆی و ژیان ئاسایی ببێتەوە. سەلامەتی و سەقامگیری لە هەرێمەکەدا مسۆگەر ببێت. هەروەها لە ماوەی ئەم پەتایەدا پەرەمان بە ئاڵوگۆڕی دوولایەنە دا، لەڕێگەی ئامرازی تایبەتەوە وەکو کۆبوونەوەی ئۆنلاین. دوای پەتاکە، سەردانی دوو لایەنە دەخەینەوەگەڕ لە هەموو ئاستەکاندا. بانگهێشتی شاندی سیاسی، بازرگانی و میدیایی دەکەین سەردانی چین بکەن بۆ بینینی چینی دڵڕفێن بەچاوی خۆیان. جگە لەوە، پلانمان هەیە بەشی زمانی چینی لە زانکۆی سەلاحەدین فراوان بکەین. باوەڕم وایە لەڕێگەی هەوڵەکانی دوو لایەنە دۆستایەتیی نێوانمان بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا قووڵتر دەبێت.
 
رووداو: ئێمەش هیوادارین. زۆر سوپاس.
 
نی روچی: سوپاس.