باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە بەغدا: واشنتن کارێکی ئەوتۆی لەدەستنایێت بۆ رزگارکردنی عێراق


رووداو دیجیتاڵ 

دوای بڕیاری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ وازهێنانی لە کاری سیاسی، پشێوی و ئاڵۆزی لە شەقامی عێراق دروستبووە و کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. هەرزوو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەمریکا باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کشاندووەتەوە، بەڵام دواتر وەزارەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە. 
 
لەم هەڤپەیڤینەدا دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق و کوێت و سەرۆکی پەیمانگەی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی باسی سیاسەتی ئێستای ئەمریکا، ئەو دۆخەی لە عێراق هەیە و هەوڵەکان لە واشنتن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە دەکات.
 
دۆگلاس سیلیمان پێی وایە واشنتن "شتێکی ئەوتۆی لە دەست نایەت بۆ ئەوەی عێراق لەم قەیرانە سیاسییە رزگار بکات." بەتایبەت کە ئەمریکا ناتوانێت راستەوخۆ لەگەڵ سەدر یان حەشدی شەعبی گفتوگۆ بکات. 
 
لەبارەی دەستپێشخەریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی لایەنە عێراقییەکان لە هەولێر، هەرچەندە بە گرنگی زانی، بەڵام دەڵێت، "ئەگەر کورد یەکگرتووبان و ئەگەر دابەشبوونێک لەنێوان هەولێر و سلێمانی نەبا،" دەکرا ئەو گفتوگۆیە لەلایەن لایەنەکانی عێراقەوە جدیتر سەیردەکرا. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئەم گرژییانەی ئێستای بەغدا چۆن دەبینیت؟ پێشبینیی هیچ شەڕ و پێکدادانێک لەنێوان گرووپەکان دەکەیت لە چەند رۆژی داهاتوودا؟
 
دۆگلاس سیلیمان: وەڵامی ئەو پرسیارە زۆر زەحمەتە، هەر ئێستا وا دیارە چەند خۆپێشاندەرێک کوژراون، ژمارەیەک کەسی سەر بە سەدر کوژراون، ئاخۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە کوژراون یان حەشدی شەعبی، ئەوە هێشتا دیار نییە، بەڵام بۆ من شتێک روونە، دوو رووداو کە لە دوو رۆژی رابردوو روویاندا، وا دیارە گرژیی سیاسی لەنێوان حیزب و گرووپە شیعییەکان بەردەوام بێت. ئەمەش رەنگە بەو مانایە بێت کە چارەسەرێک لە رێگەی دانوستاندنەوە زەحمەت بکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.  
 
رووداو: زۆر باشە، بۆچی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا کاتێک دێتە سەر دۆخی عێراق، لە سیاسەتی دەرەوە عێراق دەخاتە دواوە و تەنانەت لەسەر ئەم دۆخەی ئێستاش زۆر قسە ناکەن؟
 
لە رێگەی باڵیۆزخانەوە ئەو کارەیان کردووە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە ئیدارەی بایدن ساڵ و نیوێک لەمەوبەر هاتە دەسەڵات، کاری هەرە پێشینەی ئیدارەکەش بریتی بوو لە چاککردنەوەی ئەو زیانەی پێیان وابوو ئیدارەی ترەمپ تووشی سیاسەتی ئەمریکای کردبوو. بۆیە ئەوان جەختیان لەسەر دووبارە بونیاتنانەوەی تۆڕی هاوپەیمانێتییەکانی ئەمریکا کرد لە ئەوروپا و لە ئاسیا، ئەوەش یەکەم کاری لە پێشینەیان بوو. دووەم کاری لە پێشینەش بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ بەڕێوەبردنی پێشبڕکێی بەهێز و هەروەها درێژخایەن لەگەڵ چین. هەروەها نیگەرانییەکی زۆر لەبارەی رووسیاوە هەبوو، بە تایبەت لەکاتی داگیرکاریی رووسیا لە ئۆکراینا لە مانگی شووبات. لەو کاتەوە جەختێکی زۆر هەبوو لەسەر ئەوەی ئاخۆ [ئەو شەڕەی ئۆکراینا] چۆن کاریگەری لەسەر سەقامگیریی ئەوروپا دەکات، سەقامگیریی قەتیسکرنی بڵاوبوونەی چەک، نرخی وزە بۆ هەموو جیهان، هەروەها ئەگەری کەمبوونەوەی خۆراک، بەهۆی پێویستیی جیهان بە رووسیا و ئۆکراینا بۆ هەموو ئەو جۆرانەی خۆراک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا و باشووری رۆژئاوای رووسیا بەرهەمدەهێندرێن. بۆیە ئەوان [ئەمریکا] زۆر پرسی گەورەی دیکەیان لەسەر مێزەکەیە. لە عێراقیش هەندێک پاڵنەر هەبوون بۆ ئەوەی ئەمریکا هەرچی کەمترە بەشدار بێت. پەرلەمانی عێراق دوو ساڵ لەمەوپێش دەنگیدا بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا، حکومەتی مستەفا کازمی، پێیوابوو ئەوە بیرۆکەیەکی باش نییە، بۆیە هێزە ئەمریکییەکانی هێڵایەوە کە ئەرکی راهێنان و پاڵپشتی بوو بۆ سوپای عێراق و پۆلیس و هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزی پێشمەرگە. ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەدا ئێستا زۆر کەمترە. لە ئەنجامدا، بەشدارییەکەی کەمتری خەڵكی ئەمریکا  هەیە. لە کۆتاییدا، بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەو کەسانەی لە ئەمریکا باج دەدەن، دەنگدەرانی ئەمریکا داوایان ئەوە بوو پارەی کەمتر و گرنگی کەمتر بە ئەفغانستان و عێراق بدرێت. ئیدارەی بایدن بڕیاریدا ئەو رێککەوتنە جێبەجێبکات کە ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ تاڵیبان کردبووی بۆ ئەوەی بە تەواوی لە ئەفغانستان بکشێنەوە، ئەوەش ئەنجامەکەی زۆر باش نەبوو. جۆ بایدن، وەک سەرۆک، هێشتا گرنگی بە عێراق دەدات، کاتێک جێگری سەرۆککۆمار بوو، ئەو باڵاترین بەرپرس بوو لە حکومەت کە بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، بۆیە ئەو زۆر باشتر لە عێراق تێدەگات. بۆ ئەوەی تەواو لەگەڵت راستگۆ بم، پێموایە ئەمریکا زۆر بە کەمی دەتوانێت شتێک بکات بۆ ئەوەی بتوانێت رووداوەکان لەسەر زەویی عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو بگۆڕێت. شەڕە گەورەکە لەنێوان جڤاکەکاندایە. شەڕێکی تووند لەنێوان سەدرییەکان و ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەیە. ئەو دووانەی کە سەر بە ئێرانن، هەروەها عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی کە میانڕەوترن، سەر بە لایەنی دژبەری سەدرن، بەڵام ئەگەر سەیری کوردستانی عێراقیش بکەیت، دەبینی ناکۆکیی راستەقینە لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا هەیە، هەروەها لەنێوان بەشە جیاوازەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. بۆیە زۆرێک لەو دابەشبوونە سیاسییانەی کە هەن هۆکارەکەی ئەمریکا نین، بەڵام ئەم دابەشبوونانە لەنێو جڤاکەکان خۆیاندان، دەبێت ئەوان بۆ خۆیان چارەسەری بکەن. بۆیە پێموابێت واشنتن پێی وایە شتێکی ئەوتۆی لە دەست نایەت بۆ ئەوەی عێراق لەم قەیرانە سیاسییە رزگار بکات. ئەوەی ئەوان هەوڵ دەدەن بیکەن، هەڵبەت تا ئەو شوێنەی بکرێت، هەمان شتە کە کاربەڕیکەری [باڵیۆزخانەی] بەریتانیا و نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا دەیکەن، ئەویش ئەوەیە هەوڵبدەن بەردەوام بن لە پاڵپشتی دامەزراوەکان بۆ ئەوەی هەموو حکومەتی عێراق بەهۆی ئەم قەیرانەوە هەرەس نەهێنێت. 
 
رووداو: چاوەڕێی هیچ هەنگاوێکی نوێ لە کۆشکی سپی یان وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستا لە عێراق هەیە؟
 
راستگۆیانە بڵێم، پێموانییە بەشدارییەکی زیاتر لە کۆشکی سپییەوە هەبێت، سەرۆک بایدن بابەتی ناوخۆیی گرنگتری هەن، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئۆکراینییەکان وا دەردەکەوێت ئەمڕۆ هێرشێکی بەرفراوانی لە دژی هێزەکانی رووسیا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەستپێکردووە. بۆیە پێموابێت کۆشکی سپی جەختێکی زۆری لەسەر ئەو هێرشە هەڵگەڕاوەیەی ئۆکراینا دەبێت، تا بزانن ئەو هێرشەی لە دژی رووسیا چەندە سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام پێموابێت لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە بەشداریی دەبێت. هەرچەندە وەزارەتی دەرەوە کار لەگەڵ سەرکردایەتیی باوی عێراق دەکات. لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستانی عێراق کار دەکەن. زۆرێک لەم کەسانەش [وەزارەتی دەرەوە قسەیان لەگەڵ دەکات] ئەو کەسانە نین کە بوونەتە هۆی کێشەکە. موقتەدا سەدر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسە ناکات، ناشیەوێت ئەوە بکات. ئێمە زۆر بە کەمی سەرکەوتوو بووین لەوەی باوەڕ بە سەدر بهێنین هیچ شتێک بکات کە بە دڵی ئێمە بێت. ئێمە سەرکەوتنێکی کەممان هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی. هەندێک گرووپی ناو حەشد هەن کە زۆر، زۆر دژی ئەمریکان، کەسانێکی وەک قەیس خەزعەلی و هەروەها گرووپەکانی دیکە کە زۆر تووندوتیژن و دژی ئەمریکان. بۆیە پێموایە ئێمە یارمەتیدەر دەبین لە پاڵپشتیکردنی دامەزراوە عێراقییەکان و سەرکردایەتیی باوی هەرێمی کوردستان و هەروەها لە بەغدا، بەڵام پێموانییە ئەمە یارمەتیدەرێکی گەورە بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوماڵی شیعە. 
 
رووداو: ئێوە باستان لە سەرکردایەتیی کورد کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم دۆخەی ئێستا لە بەغدا هەیە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانی دەربڕیوە بۆ ئەوەی هاوکاربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێتانوایە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەتوانن چ رۆڵێک ببینن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا؟
 
پێموابێت سەرکردایەتیی کورد دەتوانێت یارمەتیدەر بێت. هەم ویلایەتە یەکگرتووەکان، هەم ژمارەیەک چاودێری دەرەکی پێزانینیان هەبوو بۆ دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، بۆ ئەوەی میوانداریی دیالۆگ بکات لە هەولێر، بەڵام باوەڕم وایە داوای دیالۆگ لە لایەن حکومەتی کوردستانەوە بەهێزتر دەبێت ئەگەر کورد یەکگرتووبان، ئەگەر دابەشبوونێک لەنێوان هەولێر و سلێمانی نەبا. ئەگەر هاتبا و سەرکردە جیاوازەکانی کورد پلانێکی یەکگرتوویان بۆ داهاتوو هەبا. کێشەکە ئەوە بوو کە ناکۆکییەک لەنێوان هەولێر و سلێمانی هەر لە یەکەم هەوڵی پێکهێنانی حکومەت هەبوو، ئەوەش چەند مانگێک لەمەوبەر لە دوای هەڵبژاردن، کە لە کۆتاییدا بەشدارنەبوو لە کۆتاییهێنانی ئەو قەیرانە. پێموایە ئەگەر کورد زیاتر یەکگرتووبن لە پلانێک بۆ داهاتوو، بۆ نموونە ئەگەر کورد رێکبکەون لەسەر پێشکێشکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، وەک لەوەی ناکۆک بن، ئەوەی زیاتر لە پێنج مانگ لەمەوبەر بینیمان. ئەمە لەوانەیە رێگەچارەیەک پێشکیش بکات بۆ دانوستاندن، لەوانەیە ئەمە هۆکارێکی باش بێت بۆ ئەوەی بێنە هەولێر بۆ ئەنجامدانی دیالۆگی جدیتر. لەم دۆخەدا نازانم، لە کاتێکدا سەدر، بۆ جارێکی دیکە رایگەیاند واز لە سیاسەت دەهێنێت. ئاخۆ دێتە هەولێر، یاخود هیچ کەسێک دەبێت تا بە نوێنەرایەتیی لایەنگرانی سەدر دانوستاندن بکات. ئەم دۆخە کارەکە زەحمەتتر دەکات، بەڵام پێموابێت کارێکی باشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی هەوڵدەدەن رێگەیەک بۆ دیالۆگ بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی چارەسەرێک کە سازش لەخۆبگرێت و لەو قەیرانە رزگاری بێت، جا چ ببێتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ یان رێخۆشکەر بێت بۆ هەڵبژاردنێکی دیکە بەو هیوایەی بە جۆرێک حکومەتێکی کاریگەرتر پێکبهێنێت، ئەمەش یارمەتیدەر بێت لە رەخساندنی کار و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و سەروەریی یاسا لە شەقام.
 
رووداو: ئێوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە عێراق کارتان کردووە، ئاشنایەتیتان لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانیش هەیە، پێتانوایە باشترین چارەسەر بۆ دەرهێنانی عێراق لەم گێژاوەی تێی کەوتووە چییە؟
 
من نازانم ئاخۆ ئەمە چیدیکە سوودی هەیە یان نا، بەڵام من هەمیشە پێموابووە حکومەتێکی زۆرینە لە بەغدا باشترین چارەسەرە. شێوازە باوەکەی حکومەت لە بەغدا لەکاتی پەسندکردنی دەستوورەوە بەو جۆرە بووە هەموو لایەنە سەرەکییەکان، بە دڵنیاییەوە هەموو گرووپە سەرەکییە شیعەکان هەموویان پێکەوە لە حکومەتدا بوون. ئەمە دۆخێکە هیچ کەسێک بیرۆکەی حکومەتداریی نییە، هیچ لایەنێک دەسەڵات یان بەرپرسیارێتیی نییە بەرامبەر ناکامیی کارەکان. بۆیە هەمیشە پێموابووە باشتر دەبوو ئەگەر حکومەتێکی زۆرینە هەبێت. بۆیە من پاڵپشتیم لە بیرۆکەکەی موقتەدا سەدر کرد کە مەبەستی بوو حکومەتێکی زۆرینە بێت و شیعە و کورد و سوونە لەخۆبگرێت. هەروەها بە دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی. راستە ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کارەکتەرێکی سەرەکییە لە عێراق، بەڵام دەستێوەردانەکەی هێندە زیانبەخش نییە وەک لەو دەستێوەردانەی ئێران دەیکات لە کاروبارەکانی حکومەت. بۆیە پێموابوو باشترە ئەگەر حکومەتێکی نیشتمانی پێکهێندرابا کە زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت. ئەگەر باشبوون لە حکومڕانی، دەکرێت بۆ جارێکی دیکە هەڵببژێردرێنەوە، خۆ ئەگەر زۆر باش نەبن و شتەکان وەک پێشوو بن، خەڵک دەتوانێت حەشدی شەعبی هەڵببژێرن یان ئەوەی ئێستا ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. بۆیە پێموایە ئەوە باشترین چارەسەرە، بەڵام لەوانەیە پێویست بکات بۆ یەک دوو هەڵبژاردنی دیکە چاوەڕێ بین تاوەکو ئەوە روو بدات. ترسی من ئەوەیە کە ئابووریی عێراق و ئەو رێزەی خەڵک بۆ دامەزراوەکانی عێراقیان هەیە بەردەوام دەبێت لە خراپبوون، ئەمەش تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتێک دێتە ئاراوە بەرنامەی هەبێت و ئامادەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت لە بەرامبەر ئەو کارە باش یان خراپانەی ئەنجامی دەدەن.