د. ئەحمەد فەرهادی: بە تەمەنەکان لە زمانی ئێستای کوردیمان تێناگەن

رووداو دیجیتاڵ

د. ئەحمەد فەرهادی، پڕۆفیسۆری زمان و مامۆستای زانکۆی نیویۆرک لە ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ رووداو باسی دۆخی ئێستای زمانی کوردی دەکات و چەندان چارەش؛ بۆ چاکترکردن و پاراستنی زمانی کوردی بە پاکی دەخاتەروو. فەرهادی لەبارەی ئەو برینانەی ئێستا بە جەستەی زمانی کوردییەوە هەیە، دەڵێت: "ئێستا دۆخی زمانی کوردی خراپە، گەر وەها بەردەوام بێت خراپتریش دەبێت. ئێستا دیاردەیەکی زۆر خراپ رووی لە زمانی کوردی کردووە، دیاردەکەش ئەوەیە تا پێیان دەکرێت وشەی بێگانە دێننە ناو زمانی کوردی، بە تایبەتیش وشەی ئینگلیزی لە شوێنی وشەی رەسەنی کوردی بەکاری دێنن. ئێمە کە وشەی گۆممان هەبێت بۆچی وشەی پۆند بەکار بێنین؟".
 
د. ئەحمەد فەرهادی خەڵکی شاری هەولێرە و لەگەڵ عەبدوڵڵا پەشێوی شاعیر، بەیەکەوە لە قوتابخانەی "جمهووری"ـی هەولێر کە ئەوسا ناوی ناوەندی (هەولێر) بوو لە یەک پۆل خوێندوویانە. فەرهادی دوای ئەوەی قۆناخی ئامادەیی تەواو دەکات، دەچێتە بەغدا و لەوێ زانکۆ دەخوێنێت. دواتر لە رێگەی بریتیش کاونسڵ، دەچێتە بەریتانیا و لەسەر ئەرکی ئەوان ماستەر دەخوێنێت. دواتر دەگەڕێتەوە کوردستان و لە زانکۆی سلێمانی دەبێتە مامۆستا. بەڵام دوای ماوەیەک زانکۆی سلێمانی دادەخرێت، ئەویش دەچێتە ئەمریکا بۆ خوێندنی دکتۆرا. 
 
د. ئەحمەد فەرهادی ساڵی 1996 لە زانکۆی نیویۆرک دەبێتە مامۆستا. هەر لەو زانکۆیەش خەڵاتی زێڕینی مامۆستای نێویۆرکی پێبەخشرا. جگە لە زانکۆی نیویۆرکیش لە هەمان ئەو زانکۆیەی ئەنیشتاین وانەی لێ دەگووتەوە، ئەویش وەک مامۆستا وانەی لێ گوتووتەوە. جگە لەمانە یەکەم کەس بووە زمانی کوردی بۆ بەشی خزمەتگوزارییەکانی زمانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیاد کردووە. هەروەها کاری وەرگێڕانی بۆ چەندان سەرۆکی ئەمریکا کردووە، لەوانە جۆرج دەبلیوو بووش، باراک ئۆباما و جۆ بایدن و چەندان بەرپرسی دیکەی باڵای ئەمریکی، بەتایبەتیش لە سەردانی شاندە باڵاکانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەکانیان لە کۆشکی سپی.
 
د. ئەحمەد فەرهادی لە بارەی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ئاریشەیەی لە دۆخی زمانی کوردیدا هەیە، دەڵێت: "راگەیاندنەکانمان  لە ساڕێژکردنی برینەکانی زمانی کوردی رۆڵێکی باڵایان دەبێت، گەر بیانەوێت کار لەسەر چاکتر کردنەوەی زامەکانی زمانی کوردی بکەن. وەک چۆن بۆ دۆزینەوەی وشەی بێگەردی کوردی، دەبێت سوود لە زمانی کەسانی دانیشتووی لادێکان و ئەو کەسانە ببینین کە هێشتا زمانیان خاوێنە و وشەی بێگانەی نەهاتووەتە ناو".