پەرلەمانتارێکی کەتەلۆنیا: گرنگە کورد لە دیمەشق بمێنێتەوە و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکات
رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی پەرلەمانی کەتەلۆنیا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارچەیەی کوردستان کۆبووەتەوە. رۆبن وەکنەسبێرگ، پەرلەمانتاری کەتەلۆنیا دەڵێت، هەر چارەسەرکردنێکی ململانێ و هەر ئاشتییەک بۆ داهاتووی سووریا پێویستی بەوەیە گەلی کورد لە هەر مێزێکی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیەدا هەبێت.
رۆبن وەکنەسبێرگ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە سەردانەکەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان، دۆخی کەمپەکان و داهاتووی سووریا کرد، دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بە مەزڵووم عەبدییان گوت "گرنگە ئەوان لە دیمەشق بمێننەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکەن. هەروەها ئێمەیش لە کەتەلۆنیاوە دەبێت هەموو پشتگیرییەکمان پێشکەش بکەین".
ئەو پەرلەمانتارە کەتەلۆنییە، دۆخی کەمپەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بە "زۆر سەخت" ناوبرد و رایگەیاند، "هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتییان نییە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوێ کار ناکەن". گوتیشی، "دەبێت بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێین دەبێت بچنە ئەوێ، وەکو وڵاتانی دیکە. هەروەها، ئەگەر ئێستا کەسێک بیەوێت یارمەتیی خەڵکی رۆژئاوا بدات، تەنیا یەک بژارەیان هەیە. ئەویش لەم ساتەدا هەیڤاسۆرە".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز رۆبن سڵاوت لێبێت و ئەم کاتەت باش. زۆر خۆشحاڵم کە ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ بەڕێزت دەکەم و سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دەزانم تەندروستیشت زۆر باش نییە، بەڵام سوپاس کە ئەم دەرفەتەت بە ئێمە دا. ئێوە وەکو شاندێک لە رۆژئاوای کوردستان بوون بۆ ماوەی چوار رۆژ. پێمخۆشە ئامانجی سەردانەکەتان بۆ رۆژئاوای کوردستان روون بکەیتەوە و بزانم ئامانجەکەتان چی بوو.
رۆبن: زۆر سوپاس. سڵاو، ئێوارەتان باش. زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە کە بانگهێشتی بەرنامەکەتان کردم. ئێمە سەردانی رۆژئاوامان کرد، وەکو جارەکانی پێشوو، بۆ ئەوەی دۆخی ئاوارە ناوخۆییەکان لە نزیکەوە ببینین. سەردانەکەمان لە رۆژئاوا بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ تیشکخستنە سەر دۆخی ئاوارەکانی ناوچەی شێخوا بوو، کە پێشتر دانیشتووی عەفرین بوون و ئێستا لە رەققە و تەبقە نیشتەجێ کراون. کەواتە سەردانەکە بەشێوەیەکی سەرەکی تایبەت بوو بە کاری رۆژنامەوانی و سیاسی و، کۆمەڵێک رۆژنامەنووس هاوەڵمان بوون. لە ئەنجامدا ژمارەیەک هەواڵ و راپۆرتمان گەیاندەوە ئەورووپا و سەرنجمان خستەسەر ئاڵنگاریی دۆخی مرۆیی کە رووبەڕووی ئەم خەڵکە دەبێتەوە. هەروەها دەرفەتمان بۆ رەخسا کە بزانین پێویستییەکانی داهاتوویان چین. هەروەها ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییانەی ئێستا پێیان دەگات سنووردارن. چوار رۆژ لەوێ بووین. زۆربەی کاتەکانمان بۆ ئەم بابەتە تەرخان کردبوو.
رووداو: باشە، بەڕێز رۆبن، باسێکی کۆبوونەوەکان بکەین. ئێوە کۆمەڵێک کۆبوونەوەتان لەوێ کردبوو لەگەڵ بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بە دیاریکراوی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات. نێوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ باس دەکەیت؟ باسی چیتان کرد؟
رۆبن: بەڵێ، هەروەها دەرفەتمان بۆ رەخسا لە چەند کۆبوونەوەیەکدا قسە بکەین، بۆ نموونە لەگەڵ هاوسەرۆکەکان. هەروەها لەگەڵ شارەوانیی رەققە، کە باسی دۆخی ئێستای شارەکەی کرد لەگەڵ ئاوارەبوونی نوێ. هەروەها، بێگومان باسی پرسە سیاسییەکان و دۆخی نوێی سووریامان کرد. هەروەها توانیمان چاومان بە جەنەراڵ مەزڵووم بکەوێت. توانیمان چەندین پرس تاوتوێ بکەین. بۆ نموونە، ئەگەری داگیرکارییەکی نوێی تورکیا، بۆ نموونە لە شاری کۆبانێ، هەروەها باسی ئەگەری شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونمان کرد کە ئەگەر ئەم ململانێیە پەرەبسێنێت. کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوون، نەک تەنیا لەگەڵ مەزڵووم، بەڵکو لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە دۆخی نوێی ئێستای باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و دۆخی نوێی سووریا. هەروەها گفتوگۆی ئەوەیشمان کرد کە داهاتووی گەلی کورد لە سووریا چی دەبێت؟
رووداو: باشە، بەڕێز رۆبن، لەو کۆبوونەوەیەدا ئێوە چیتان بە مەزڵووم عەبدی گوت؟ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات چیی بە ئێوە گوت؟ بە دیاریکراوی هیچ ترسی هەبوو؟ با بڵێین لە نەمانی ئیدارەی سەربەخۆ لە رۆژئاوای کوردستان. باسی ئەو مەترسییەی بۆ ئێوە کرد؟
رۆبن: سەرەتا، ئێمە گوێمان لە جەنەراڵ مەزڵووم و سیاسەتڤانەکانی دیکە گرت، چونکە دەمانەوێت باشتر لە دۆخەکە تێبگەین، بەڵام هەروەها ئێمە لە کەتەلۆنیا دەڵێین کە هەموو پشتگیرییەک بۆ هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی کوردی لە سووریای ئێستادا بۆ ئێمە گرنگە، چونکە هەر لە ساڵانێکی زۆر لەمەو پێشەوە، ئێمە تێدەگەین کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە پارێزگاری لە پێکهاتەکان دەکەن، هەروەها پارێزگاری لە پێکهاتەی کورد دەکەن. ئەوان لە مافەکاندا پێشکەوتنیان بەدەستهێناوە، بۆ نموونە لە بواری مافەکانی ژناندا. ئێمە نازانین ئێستا لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریادا چی روودەدات، بەڵام تێدەگەین کە هەر چارەسەرکردنێکی ململانێ و هەر ئاشتییەک بۆ داهاتووی سووریا پێویستی بەوەیە گەلی کورد لە هەر مێزێکی چارەسەرکردنی ئەم ململانێیەدا هەبێت. بۆیە بە مەزڵووممان گوت کە گرنگە ئەوان لە دیمەشق بمێننەوە و گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بکەن. هەروەها ئێمەیش لە کەتەلۆنیاوە دەبێت هەموو پشتگیرییەکمان پێشکەش بکەین.
رووداو: باشە، با جارێکی دیکە بە وردی ئەو پرسیارە بکەمەوە: بە دیاریکراوی مەزڵووم عەبدی چیی بە ئێوە گوت لەسەر ئەم دۆخە نوێی کە رووبەڕووی سووریا و رۆژئاوای کوردستان بووەتەوە؟ چ داواکاریەکی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبوو؟
رۆبن: بۆ نموونە، لە پەرلەمانی کەتەلۆنیا، لە ساڵی 2021دا دانمان پێدانا وەکو بابەتێکی سیاسی. ئەمەش گرنگە چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکە ئێستا دەتوانێت پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ حکومەتی کەتەلۆنیا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە هەبێت. ئێمە پێمانخۆشە دانی پێدا بنرێت و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دروست بکاتەوە، بۆ نموونە هەرێمی کوردستانی عێراق.
مەزڵووم پێی گوتین و ئێمەش وەڵاممان دایەوە کە بەڵێ گرنگە ئێمە بتوانین گوشار بخەینە سەر وڵاتانی دیکەی ئەورووپا بۆ ئەوەی هەمان شت بکەن کە ئێمە لە کەتەلۆنیا کردمان کە پەرلەمان دانی پێدا بنێت، کە پەرلەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر قسە بکات، وەک بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکە و پێمانوایە ئەمە هەموو ئەو شتەیە کە دەتوانین بیکەین. بۆ ئێمە گرنگە گەلی کورد بەڕێوەبەرایەتیی خۆیان هەبێت بۆ پاراستنی گەلەکەیان و هەوڵدەدەین ئەمە بکەین.
رووداو: باشە لە کۆبوونەوەکانتان هەم لەگەڵ هەسەدە هەم لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، بە نموونە لەگەڵ ئەنەکەسەش، ئاماژەت بەوەدا کە کۆبوونەوەتان کردووە، ئەوەی کە بینیتان ئایا هیچ کۆدەنگییەک دەبینیت؟ پێتوایە کۆدەنگییەک لە لایەنە کوردییەکانەوە هەبێت بۆ ئەوەی مافی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دابین بێت؟
رۆبن: نا، پێموایە لێرە هەموو کەس یەکێتیی گەلی کوردی دەوێت. لێرە، بۆ نموونە لە کەتەلۆنیا دۆخەکە زۆر جیاوازە، بەڵام ئێمەش کێشەی هاوشێوەی ئێوەمان هەیە لە کەتەلۆنیا کاتێک دیکتاتۆریەتی فرانکۆ پێش 30، 40 ساڵ کۆتایی هات. دەبوو لەگەڵ ئیسپانیا دانوستاندن بکەین بۆ خودموختاری کەتەلۆنیا، بۆ نموونە لەگەڵ قوتابخانە و زانکۆکان تاوەکو بە زمانی کەتەلۆنی بن و سیاسەتێک دابنێین بۆ کەتەلۆنیا جیاواز لە سیاسەتی ئیسپانی. بۆ نموونە، پۆلیسێکی جیاواز لە ئیسپانیا. هەروەها، بێگومان لە کەتەلۆنیا ئایدیۆلۆژیای جیاواز هەیە، هەموویان کەتەلۆنین، بەڵام ئایدیۆلۆژیای جیاواز هەن، لە چەپ و لە راست هەن، زۆر گرنگ بوو یەکێتییەک دروست بکرێت لەگەڵ زۆر لایەندا، بۆیە پێموایە لە سووریاش هەمان شتە. پێمانوایە دەبێت بۆ یەکێتی هەموو گەلی کورد کار بکەن. بێگومان پێموایە هەندێک پرس قورسە، بەڵام هەروەها دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی ئێستا ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت، چونکە دەرفەتێکمان هەیە بۆ گەرەنتیکردنی مافەکان نەک تەنیا بۆ بەشێک لە کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلی کورد لە سووریا.
رووداو: بەڕێز رۆبن، ئەمە دەبێت وابێت، بەڵام ئێوە تێبینیتان کرد کە لەلایەن هەردوو لاوە ئەم ویستە هەبێت؟
رۆبن: وەکو پێمگوتیت، ئێمە هەموو کات، یان زۆربەی کاتەکەمان تەرخانکرد بۆ قسەکردن لەسەر ئاوارەکان و پاشان داهاتووی سووریا و دانوستاندنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی نوێی سووریا، بەڵام بەڵێ، لەم بەشی دووەمەدا هەروەها باسمان لە پرسە گرنگەکان کرد وەکو ئەوەی کە هەموو گەلی کورد دەتوانن نوێنەرایەتی بکرێن و هەروەها کەمینەکانی دیکەش کە لە رۆژئاوا دەژین، چونکە لە رۆژئاوا تەنیا کورد نییە، وەکو دەزانن، عەرەب هەن، ئاشووری هەن، تورکمان هەن، کەواتە ئەم گەلانە دەبێت یەکگرتوو بن بۆ دانوستاندن لە دیمەشق.
رووداو: بە دیاریکراوی با باسی دۆخی مرۆیی بکەم. با ئەم پرسیارەم لەسەر ئەوە بێت کە ئێوە تێبینیتان کردووە و چوار رۆژ لەوێ بوونە و بەدواداچوونی خۆتان کردووە، ئایا دۆخی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی گشتی چۆنە؟ پێویستیان بە چییە؟
رۆبن: پێمانوایە دۆخەکە زۆر باش نییە، باوەڕم پێبکە. من لە رابردوودا سەردانی کەمپی پەنابەران و ئاوارەکانم لە سەرتاسەری جیهاندا کردووە. دۆخەکە لە رۆژئاوا زۆر سەختە، چونکە هیچ هاوکارییەکی نێودەوڵەتییان نییە. رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەوێ کار ناکەن، کەواتە دۆخەکە باش نییە. ئێمە تەنیا یەک رێکخراو دەبینین، کە هەیڤاسۆرە، لەوێ کار دەکات، بەڵام بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان و ACNUR و یونیسێف و MSF لەوێ نین، تەنیا هەیڤاسۆر هەیە. بۆیە دەبێت بە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بڵێین کە دەبێت بچنە ئەوێ، وەکو وڵاتانی دیکە. هەروەها، ئەگەر ئێستا کەسێک بیەوێت یارمەتیی خەڵکی رۆژئاوا بدات، تەنیا یەک بژارەیان هەیە. ئەویش لەم ساتەدا هەیڤاسۆرە.
رووداو: رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەو دەرفەتەیان هەیە و دەتوانن بچن؟
رۆبن: بەڵێ، دەرفەتیان هەیە و بەرپرسیارێتییشیان ئەوەیە کە بچن. ئەوە زۆر گرنگە، چونکە هەزاران کەس پێویستیان بە یارمەتیی ئەوان هەیە، پێویستیان بە ACNUR هەیە، پێویستیان بە یونیسێف هەیە، پێویستیان بە رێکخراوە گەورەکانی دیکە هەیە، چونکە ئاڵنگارییەکە ئێستا زۆر زۆر گەورەیە. چونکە خەڵکێکی زۆر لە شێخوا، خەڵکێکی زۆر ئێستا لە رەققە، لە تەبقە، لە قوتابخانەکان، لە کەمپە نوێیەکان، لە ماڵەکان، هەندێک جار بەبێ کارەبان، ئاوی گەرمیان نییە، خواردنیان نییە. بۆیە زۆر گرنگە ئەم رێکخراوانە بتوانن بچنە رۆژئاوا.
رووداو: بەڕێز رۆبن، وەکنەس بێرگ، پەرلەمانتاری کەتەلۆنیا، سوپاست دەکەم کە لەگەڵم بوویت، زۆر سپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بە هیوای سەلامەتیت.
رۆبن: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. ببوورە، چونکە ئەمڕۆ زۆر باش نیم و تۆزێک نەخۆشم.
رووداو: زۆر سوپاس.