ئەحمەد تورک: داوا لە برایانمان لە باشووری کوردستان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت

رووداو - ئامەد

ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین دەڵێت "داوا لە برایانمان لە باشووری کوردستان دەکەین هەڵوێستیان هەبێت". لەبارەی شارەوانییەکانیش دەڵێت، کاربەدەستانی دارایی شارەوانییەکان تورک بوون و بە پارەیەکی زۆر قەرزدارکرابوون.

لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەحمەد تورک دەڵێت، جەهەپە هاتووەتە سەر خەت بۆ دۆزی دوورخستنەوەی سەرۆک شارەوانییە کوردەکان، بەڵام بەتەنیا ئەوە بەس نییە و داوا لە خەڵک و سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستانیش دەکات دەنگی ناڕەزایی لەسەر دانانی قەیوومەکان و دوورخستنەوەی ئەوان بگەیێننە جیهان و تورکیا. دەشڵێت، ئەوە "کێماسییەکی زۆر گەورەیە کە باشووری کوردستان بێدەنگ بێت". 

ئەحمەد تورک ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە خراوەتە پاڵ شارەوانییەکان بەوەی کە قەرزدار بوون و هاوکاریی پەکەکەیان کردبێت. وەک خۆی دەڵێت، کاتێک لە شارەوانیی دەستبەکاربوون "پارەی دوو قاڵب سابوونیان نەبووە و شارەوانییەکان بە پارەیەکی زۆر قەرزدارکرابوون". ئاشکراشیکرد ئەوانەی کاربەدەستی دارایی شارەوانییەکان بوون کەسانی تورک بوون نەک کورد.

هاوسەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانیی مێردین ئاماژە بەوە دەکات، دەسەڵات دەیەوێ تۆڵەی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە لە هەدەپە بکاتەوە.

هەدەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا لە ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە بەربژێری نەبوو، بەڵکو پشتیوانی بەربژێرەکانی جەهەپەی کرد، کە گەورەترین لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیایە.

ئەحمەد تورک کە ماوەی 50 ساڵە کاری سیاسی دەکات، ئاماژە بەوە دەکات لە پێشتریش "زوڵمی زۆر لە گەلی کورد لە تورکیا کراوە"، ئێستاش هەموو کارەکان لە دەسەڵاتی سەرۆککۆمارە و پەرلەمانیش رۆڵی لەسەر حکومەت و وەزیرەکان نەماوە.

بەگوتەی ئەحمەد تورک، نەک تەنیا کورد بەڵکو گەلی تورکیش دژی دانانی قەیوومەکانن.