رووداو دیجیتاڵ
عوسمان نووری کاباکتەپە، سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند، "ئێمە پرسی کورد لە ئیستەنبووڵ و تورکیاش بە پرسێکی بنچینەیی دەبینین."
سەرۆکی لقی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی کە لە نووسینگەکەی لە ئیستەنبووڵ رۆژی 27ـی ئادار قسەی بۆ رووداو کرد، دەڵێت، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری پارتی گەلی کۆماری بۆ سەرۆک شارەوانی ئیستەنبووڵ، کەسێکە بەڵێنەکانی لەبیر دەکات.
هەروەها سەبارەت بە دەنگی کورد دەڵێت، "لە ئیستەنبووڵ زۆرترین دەنگی کورد بۆ ئێمەیە... چونکە ئێمە ناوچە ناوچە و سندووق سندووق لێکدانەوە بۆ ئەو دەنگانە دەکەین." سەبارەت بە دەنگەکانی دەم پارتیش دەڵێت، "دەم پارتی راستە بەربژێریان هەیە لە ئیستەنبووڵ بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی، بەڵام هەندێک هەن لەنێو دەم پارتی دا پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو دەکەن، هەندێکیش باس لەوە دەکەن دەبێ دەنگ بە بەربژیری خۆمان بدەین."
دەنگەکانی کورد لە ئیستەنبووڵ دەنگی یەکلاییکردنەوەی براوەی سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵە، لەبەرئەوە هەردوو پارتی ئاکپارتی و جەهەپە زۆر بایەخ بە دەنگی کورد دەدەن.
سەرۆکی لقی ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ دەڵێت، "هەست دەکەی بانگەشەی دەم پارتی گەرم و تووند نییە. بۆیە هەست دەکرێت لایەنی یەکەم ئەوەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵوە زیاتر باڵادەستە بەسەر پارتەکەدا". هەروەها دەڵێت، "دەم پارتی نزیکەی 8٪ دەنگی ئیستەنبووڵی هەیە... ئەگەر دەنگی لە 8٪ کەمتر بوو، بەو مانایە دێت کە دەنگی ئەوانە زاڵە کە پشتیوانی لە ئیمامئۆغڵو دەکەن، ئەگەر 8٪ بێنن دیارە دەنگی ئەوانە زاڵە کە داوای دەنگ بۆ بەربژێرەکەی خۆیان دەکەن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو : گرنگترین پڕۆژەی ئاکپارتی بۆ ئیستەنبووڵ چییە؟
عوسمان نووری: بەر لەوەی پڕۆژەیەک ئامادە بکەین، لە هەموو رووێکەوە توێژینەوەی ورد بۆ پێداویستییەکان و کێشەکانی شارەکە دەکەین و چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ئیستەنبووڵ چین و چاویان لە جێبەجێکردن و ئەنجامدانی چ جۆرە پڕۆژەیەکە؟ کاتێک لەم روانگەیەوە سەیری ئیستەنبووڵ دەکەین، دوو خاڵی گرنگی لە پێشینە دێنە بەرچاو، کە بریتین لە هاتووچۆ و بەهێزکردنی بەرگەگرتنی ئیستەنبووڵ بۆ ئەگەری هەر بوومەلەرزەیەک. ئەم دوو هۆکارە زۆر گرنگە زۆرترین تیشکیان دەخەینە سەر. جگە لەم دوو هۆکارە زۆر گرنگە، هەشت مژاری دیکەی سەرەکیشمان هەن، کە بەپێی بایەخ و پێویستییەکەی پۆلێن کراون، کە پەیوەندییان بە کولتوور، هونەر، ژن، لاوان و چەندین بابەتی دیکەوەیە.
بەڵام بەپێی پرسیارەکەتان، سەرەتا بایەخ بەم دوو مژارە زۆر گرنگە دەدەین. زۆر گرنگە لەڕووی گۆڕینی شارسازییەوە بایەخی زۆر بە تۆکمەکردنی ژێرخانی ئیستەنبووڵ بدەین بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ژێرخانێک بەرگەی هەموو جۆرە بوومەلەرزەیەک بگرێت. هەروەها پرسی هاتووچۆ لە ئیستەنبووڵ، کێشەیەکی درێژخایەنە و بەرۆکی ئیستەنبووڵییەکانی گرتووە و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ چارەکردنی.
رووداو: ئێستا ئیستەنبووڵ وەک جاران جوان نییە و پاکوخاوێن نییە، هۆکاری ئەمە دەگەڕێننەوە بۆچی؟ ئەگەر دەسەڵاتی ئیستەنبووڵ وەربگرنەوە چی دەکەن بۆ پاکڕاگرتنی ئیستەنبووڵ؟
عوسمان نووری: شارەکان وەک زیندەوەرێکن پێویستیان بە خزمەتە، بەپێچەوانەوە بایەخی پێنەدرێت و ئامادەکاری و پلانی باشی بۆ دانەڕێژرێت، شارەکان بێگومان جوانییەکەیان لەدەست دەدەن، ژینگە پیس دەبێت، کاریگەرییەکانی لافاو هەمیشە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام دەمێنێتەوە، پارکی شار کە بەگشتیی ژنان و منداڵان رووی تێدەکەن، جوانییەکەی لەدەست دەدات. ئێمە ئەم پێنج ساڵەی رابردوو بە سەردەمی نەبوونی خزمەتگوزاری دەناسێنین.
بۆیە بەتایبەتی ئیستەنبووڵ هاوشێوەی هەموو شتێکی زیندوو پێویستی بە چاودێری و خزمەتی بەردەوامە و هەر کاتێک ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت فەرامۆش بکرێت، بە دڵنیاییەوە زیانی بەردەکەوێت و رووخسارێکی ناشیرین نمایش دەکات. بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕییەکانی ئەو خزمەتگوزارییانەی دەستنیشانمان کردوون، زیاتر لە 100 پڕۆژەمان لە چوارچێوەی کارنامەکانمان دا ئامادەن بۆ گەڕاندنەوە و بەخشینی جوانییەکی تایبەت بە ئیستەنبووڵ. ئیستەنبووڵییەکان شایەنی ژیانێکی زۆر باشترن لەو ستاندەردەی ئێستا بەدی دەکرێت و ئێمەش دەست بۆ هەموو چین و توێژەکان و هەموو تەمەنە جیاوازەکان دەبەین کە پێویستیان بەم خزمەتگوزارییانە دەبێت، کە لەم ماوەیەدا دەستیان پێنەگەیشتووە. لەمبارەیەوە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە و شەونخونی بۆ دەکەین و دڵنیابن باشترین خزمەتگوزاری پێشکێشی ئەم شارە دەکەین، چونکە ئێمە ئەزموونێکی 15 ساڵیمان لەم بوارەدا هەیە.
هاووڵاتیان پرسیارمان لێدەکەن و پێمان دەڵێن، ئێوە ئێستا باس لە هەندێک کێشەی ئیستەنبووڵ دەکەن، لەکاتێکدا 15 ساڵ ئەم شارەتان بەڕێوەبردووە بۆچی پێشتر خۆتان نەتانکردووە؟ یاخود ئەم کێشانەی ئێمە دەیورووژێنین لە سەردەمی دەسەڵاتی شارەوانیی ئاکپارتی دا هەبوون؟ لە وەڵام دا ئێمەش زۆر بە تێروتەسەلی و زۆر بەڕوونی بۆیان روون دەکەینەوە و جیاوازییەکانی سەردەمی ئێمە و سەردەمی ئەوان بەشێوەیەکی زانستیانە بەراورد دەکەین بەتایبەتی لەڕووی باشتربوون یان خراپتر بوونییەوە. ئێمە تەنیا بانگەشە بۆ ئەوە ناکەین کە تەنیا ئیستەنبووڵ دەڕازێنینەوە، یان بە تەنیا خزمەتی دەکەین، بەپێچەوانەوە پێداگری خۆمان لە چارەکردنی کێشەی هاتووچۆ دەخەینەڕوو. پێیان دەڵێین کە لەم ناوچەیە میترۆ دروست دەکەین و لەم ناوچەیەدا بەرزەپرد یان تونێل و بۆ ئەم ناوچەیەش بیرۆکەی دیکە دەخەینەڕوو. لەپاڵ ئەمەش دا پارکی گەڕەکەکان و پارکی میللی و باخچەی کۆڵانەکان و پڕۆژەکانی دیکەشیان یەک دوای یەک بۆ روون دەکەینەوە و بەم شێوەیە دەچینە بەردەم گەل.
رووداو: بەپێی راپرسییەکان، دۆخی ئێوە و جەهەپە چۆنە؟
عوسمان نووری: هەفتەی رابردوو، موراد کورووم، کە بەربژێری ئێمەیە بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، خۆی ئەنجامی دوایین راپرسی ئیستەنبووڵی بڵاوکردەوە کە ئێمە بە دوو خاڵێک لە پێشەوەی بەربژێری جەهەپەین. ئێوەش دەزانن، لەنێو پرۆسەی هەڵبژاردن دا بەردەوام راپرسی لەلایەن چەندین کۆمپانیای جیاوازەوە دەکرێت. تەنانەت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیاش لە ساڵی 2023دا بینیمان کە بە دەیان و سەتان راپرسی کران و تێیدا تابلۆی گشتیی دیاریکرا. هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە کران. بەشێک لە راپرسییەکان ئەنجامەکانیان پێکا و بەشێکی دیکەشیان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پێچەوانەی بوون . ئیدی میللـەت دەزانێت کامە کۆمپانیا بۆ چ ئامانجێک راپرسی دەکات و بەشێکیان ئاراستەکراون و بەشێکیشیان بە دروستی و رەوایی کارەکانیان دەکەن. هەروەها بینیمان هەندێک کۆمپانیا لە راپرسییەکان دا باسیان لەوە دەکرد کە بەربژێری سەرۆکایەتیی کۆماری لەلایەنی بەرامبەر بە رێژەی 60٪ دەباتەوە، کەچی پێچەوانەکەیمان بینی و شایەتی دۆڕانیان بووین. ئێمەش راپرسی خۆمان دەکەین و راستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتیان گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بکەین و بزانین لە چ ئاستێکداین و لەکوێ کەموکوڕیمان هەیە. هەندێک پێش ئێستا باسم لەوە کرد کە دوایین راپرسیمان کردووە و بەڕێز موراد کورووم ئەنجامەکەی لە یەکێک لە گردبوونەوە جەماوەرییەکاندا بڵاوکردەوە. بۆیە بەپشت بەستن بەو ئەنجامانەی لە راپرسییە مەیدانییەکان بۆمان هاتوون، پێمان دەڵێن ئێوارەی رۆژی 31ی ئادار، گوێمان لە هەواڵی دڵخۆشکەری بردنەوەی بەڕێز موراد کورووم دەبێت. پشت بەخوا لەم چەند رۆژەی داهاتوودا ئەم هەواڵەش دەبێتە راستی.
رووداو: بە قسەی ئێوەبێت، ئەم جارە گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ دەبەنەوە دوای ئەوەی پێنج ساڵ پێش ئێستا جەهەپە بردییەوە. پێتانوایە دوای پێنج ساڵ، دووبارە خەڵکی ئیستەنبووڵ متمانەتان پێدەدات و سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی ئیستەنبووڵتان بۆ دەگەڕێنێتەوە؟
عوسمان نووری: لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوودا بۆمان دەرکەوت، لە ساڵی 2024دا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دەبەینەوە. وەک گوتم، راپرسییە مەیدانییەکان و ئەوەی دید و بۆچوونە و ئەو توێژینەوانەی کردوومانن و ئەنجامەکەی بۆمان گەڕاوەتەوە پێمان دەڵێن کە ئێمە لایەنی براوە دەبین. لە پاڵ ئەمەش دا گەورەترین و راستەقینەترین راپرسی رۆژی 31ی مانگ دەبێت، میللـەت پێمان دەڵێت کێ براوە و کێ دۆڕاوە. ئەو داتایانەی بەردەستن بە روونی پێمان دەڵێن، جەهەپە لایەنی دۆڕاو دەبێت، چونکە ئیستەنبووڵ هەموو شتێکی بینی و جەهەپە چیدی بانگەشەی هەڵبژاردن ناکات و ئەو توانایەی نەماوە، هەرچەندە هەوڵدەدات درێژە بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بدات، بەڵام ئیستەنبووڵییەکان درکیان بەوەکرد، کە ئەو لایەنەی خزمەتی ئیستەنبووڵ دەکات و لە خەمی ئیستەنبووڵدایە سەرۆکێکی ئاکپارتییە. تەنانەت برا و خوشکەکانمان ئەوانەی ئەندامی جەهەپەن بەردەوام باس لە شکستە بەردەوامەکانی بەرپرسانیان دەکەن لە خزمەتکردنی ئیستەنبووڵ دا. بۆیە خەڵک زۆر هۆشیارە و ئەم جارە دەنگ بە لایەنێک دەدات کە سەری زمان و بنی زمانی ئیستەنبووڵە و باش دەزانن کە ئاکپارتی زۆر شارەزا و دانایە لە دەستنیشانکردنی کێشە و چارەسەرییەکانی ئەم شارەدا.
لە بەرامبەردا بەربژێرێک هەیە، پێیوایە ئەم جارەش گەرەنتی کردووە کە شارەوانیی ئیستەنبووڵ بەدەستبێنێت بۆیە هێندە لووتی بەرزبووە و لە ئێستاوە چاوی لە هەڵبژاردنی 2028ی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیایە و پێیوایە دوای سەرکەوتنی لەم هەڵبژاردنەدا ئیدی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریش دەردەچێت. بە واتایەکی دیکە ئەمانە تەنیا چاویان لە پلە و پۆست و نێوبانگە و، ئیستەنبووڵ وەک پەیژەیەک دەبینێت بۆ گەیشتنە هەرەمی دەسەڵاتی ئەم وڵاتە. نەخێر، ئیستەنبووڵ پێویستی بە سەرۆکێک هەیە هەموو وزە و تواناکانی بۆ خزمەتکردنی ئیستەنبووڵ خەرج بکات بۆیە پێمانوایە رۆژی 31ی ئادار، وەڵامێکی زۆر بەهێزی ئەو کەس و لایەنانە دەدەینەوە کە پێیانوایە دیسان دەتوانن ئیستەنبووڵ ببەنەوە. هاووڵاتیانی ئیستەنبووڵ ئەم هەڵبژاردنە بە چارەنووسساز بۆ ئایندەی خۆیان دەبینن، بۆیە دەنگ بەو کەسانە نادەن کە تەنیا لە خەمی گەیشتنن بە پلە و پۆستی باڵایان هەیە. چیدی دەنگدەری ئیستەنبووڵ رێگە بەم کەسانە نادەن.
رووداو: لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو زۆر قسەی خۆشی کرد و بەڵێنی زۆری بە کوردیش دا، بەڵام دوای هەڵبژاردن کوردانی دانیشتووی ئیستەنبووڵ دەڵێن قسە و کردارەکانی وەک یەک نەبوون. ئێوە خۆتان دەزانن زیاتر لە پێنج ملیۆن کورد لە ئیستەنبووڵ دەژین، پەیامی ئێوە بۆ کوردانی ئیستەنبووڵ چییە؟
عوسمان نووری: دەمەوێ ئەوە بڵێم بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو خووی لەبیرچوونەوەی ئەو بەڵێنانەی هەیە کە لە تەلەڤزیۆن و گۆڕەپانەکاندا داویەتی. تەنانەت لە بەرنامەیەکدا پرسیارێکیان لێکرد لەبارەی چەند بەڵێنێکی هەڵبژاردن بە خەڵکی ئیستەنبووڵ داویەتی و لە وەڵام دا گوتبووی لە یادم نەماون. بۆ نموونە چەندین بەڵێنی لەبارەی گەنجان، کوردان، هاتووچۆ، خۆشگوزەرانی و گەیاندنی خزمەتگوزاری ریز کردبوو.
بەڵام وەک لە بەرنامەکەدا رایگەیاندبوو کە ئەو بەڵێنە بەو کۆمەڵانەی داون لەیادی نەماون. ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە؛ یەکەمیان بۆ ئەوەیە کە جێبەجێ نەکات و تەنیا بۆ فریودان بووە و هۆکاری دووەمیشیان هەر بەڕاستی تەنیا بۆ ریزکردنی رستە و وشەکان بووە، خۆی لە خۆیدا ئەو تایبەتمەندییەی هەیە کە زۆر بەڵێن دەدات و جێبەجێی ناکات. ئیدی هاووڵاتی خۆی بڕیار دەدات کامە هۆکارە وایکردووە بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکات؟ بەڵام هەمووان باش دەزانن لە بەرنامەیەکی راستەوخۆیدا کاتێک پرسیاری لێکرا لەبارەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی 2019، خۆی گوتی: لە یادم نەماوە چیم گوتووە و چ بەڵێنێکم داوە. ئیدی گەل دەتوانێت باجی ئەم قسانەی پێبدات کە چیدی لەسەر ئەوە رانەیێت کە بەڵێنی بێ کردار بدات. ئیستەنبووڵ ناوازەترین شاری تورکیایە، ناکرێت کەسێک هەموو شتێک بە سیاسەت گرێبدات و بیر لە خزمەتکردن نەکاتەوە. تەنانەت بەڵێنە سیاسییەکانیشی بۆ کورد، تورک، چەرکەز، لاز، بۆشناک، ئەلبانی و هەموو پێکهاتە 85 ملیۆنییەکەی تورکیاش جێبەجێنەکردووە و نایکات. ئیدی ئێمەش وەک هەموو پێکهاتەکانی تورکیا هەڵسەنگاندن بۆ بەڵێنە بێ کردار و قسەکانی ئەم بەڕێزە دەکەین. ئەگەر باس لە سیاسەت بکەین، ئاکپارتی گەورەترین پارتی سیاسی کوردییە هەروەها گەورەترین پارتی سیاسیی تورک و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی تورکیایە و لە ئازادییەکانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئابووری و تەندروستی و گەشەپێدان، زۆرترین خزمەتگوزاریی بەم تورکیایە گەیاندووە. هیچ کەسێک لەکاتی لەدایکبوونییەوە نەتەوە و زمانی خۆی هەڵنەبژاردووە، بەڵام خۆمان ئەو کەسانە هەڵدەبژێرین کە نوێنەرایەتی ئێمە دەکەن و خزمەتمان دەکەن و رێز لە زمان، کولتوور، نەتەوە و ئایین و تەنانەت جۆر و ستایلی جلوبەرگیشمان دەگرن. ئاکپارتی کۆتایی بە هەموو ئەم بەربەستانە هێنا و هەمیشە لە خەمی ئەوەداین ئازادییەکان بە راددەیەک فراوان بکەین کەس هەست بە فەرامۆشی نەکات یان پێیوابێت رێزی لێ نەگیراوە. لە دوو رۆژی رابردوودا هاوڕێیەکم پێی راگەیاندم بەڕێز ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە بانگەشەی هەڵبژاردن دا گۆرانییەکی کوردی بڵاوکردووەتەوە و لە گۆڕەپانەکاندا بەکاری دەهێنێت. منیش پێم گوت، دۆخێکی جوانە، بزانە ئاکپارتی کەشوهەوایەکی ئازادی فەراهەم کردووە و هەر کەس بۆی هەیە گۆرانییەکی کوردی بۆ بانگەشەی خۆی دروست بکات. بۆیە ئەو ئازاداییەی هەیە هەوڵدەدەین مەوداکەی لەمەش زیاتر فراوان بکەین. ئێمەش لە ئاکپارتی کار بۆ بەربژێری سەرۆک شارەوانییەکانمان، ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و شارەوانییەکانی دیکەی شارۆچکە و شارەدێیەکانیش لەگەڵ برا کوردەکانمان دەکەین و وەک یەک تیم کار دەکەین. کورد یەکێکە لە کۆڵەگە هەرە سەرەکییەکانی دامەزراندنی ئاکپارتی.
هەروەها یەکێک لە فەلسەفە سیاسییەکانی ئاکپارتی ئەوەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بابەتەی باسی دەکەم کەمێک لە دەرەوەی بازنەی بابەتەکەمانە، بەڵام بۆ روونکردەوە دەمەوێ تیشکی بخەمە سەر. لە فەلسەفەی سیاسی ئاکپارتی دا هەر مرۆڤێک کە لە دایک دەبێت، دایک و باوکی خۆی هەڵنابژێرێت. وەک چۆن ئەو مرۆڤە دایک، باوک، وڵات، شار و گوند و گەڕەکی خۆیشی هەڵنابژێرێت، بە هەمان شێوە لە پرۆسەی خۆ پێگەیاندنیشی دا ئاکپارتی ئەمە بەسەر ئەودا ناسەپێنێ. بە یەکسانی لەدایکبووین، بە یەکسانی دەژین و بە یەکسانی تەمەنمان کۆتایی پێدەهێنین و بەم فەلسەفەیە هەنگاو دەنێین. لەسەر ئەم بنەمایەش خزمەتی یەکسان و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەر 16 ملیۆن هاووڵاتی ئیستەنبووڵ دەکەین. بەهیچ شێوەیەک جیاوازی لەنێوان کورد، تورک، لاز، چەرکەز و هتد.. ناکەین، هەمووان پێکهێنەری سەرەکیی ئەم خاک و نیشتمانەن و مافیان هەیە بە یەکسانی خزمەت بکرێن.
رووداو: باسی کولتوور و زمان و پەروەردەت کرد، هاووڵاتیانی کورد لە ئیستەنبووڵ هاووڵاتی تورکیان، لەڕووی کولتوور و زمانی دایک و پەروەردەوە چ بۆ کورد دەکرێت؟
عوسمان نووری: ئێوەش دەزانن گفتوگۆکردن بە زمانی کوردی و گۆرانی چڕین و میوزیکی کوردی و پەروەردە بە زمانی کوردی و دیاریکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکاندا بە زمانی بژاردە و بوونی زمانی کوردی لە قوتابخانە تایبەتەکاندا هەروەها بایەخدان بە زمانی کوردی هەموو ئەمانە لە سەردەمی ئاکپارتی دا دروست بوون. هەروەها لەم بارەیەوە هیچ کێشەیەکمان نەبووە لە تورکیا. ئەمڕۆ داواکارییەکی هاووڵاتییەک جێبەجێ دەکەیت، سبەی ئەم داواکارییە رەنگە ببێتە پێویستییەکی زۆر گرنگ، بۆ ئەمەش کاری لەسەر دەکەیت و بایەخی زیاتری پێدەدەیت. لە پاڵ ئەمەشدا هەوڵدەدەین کە گەشەی پێبدرێت.
ئاکپارتی سەرجەم بەربەسەتەکانی بەردەم زمانی عەرەبی و کوردی هەڵگرت. دەزانن لە قوتابخانەکانماندا زمانی کوردی دەخوێندرێت، بەشەکانی زمانی کوردی لە زانکۆکانماندا کراونەتەوە. لە سەردەمی پێش ئێمەدا میوزیکی کوردی و هونەری کوردی بە هەموو شێوەزارەکانییەوە کەس بۆی نەبوو بەرهەمی بێنێت. ئەو کارانە بە ئینگلیزی ئاسایی بوون، بەڵام بە کوردی ئاسایی نەبوو. ئاکپارتی هات و سەرجەم ئەم قەدەخانەی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی پێهێنا و بەربەستەکانی لادا. گومان لەوەدانییە پرۆسەکە بەردەوامە و لەگەڵ خواستی زیاتریش فراوانتر دەکرێت و هەر داخوازییەک لەلایەن هاووڵاتیانەوە بێت، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها تەنیا زمانی کوردی لە تورکیا قەدەخە نەکرابوو، بەپێچەوانەوە زمانی دیکەش قەدەخە کرابوون، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان کە هاتە سەر دەسەڵات و لە سەردەمی سەرۆکایەتیکردنی ئاکپارتی دا، دواتر لە سەردەمی سەرۆکوەزیرایەتی و پاشان سەرۆککۆمارییەوە هەموو ئەم بەربەستانەی لادان. ئیدی کێشەیەکی بەوشێوەیەمان نییە، واتە نە لەڕووی زمان و نە لەڕووی پەروەردە و کردنەوەی قوتابخانەکاندا هیچ کێشەیەکمان نییە. وەک گوتم، لە قوتابخانە حکومی و تایبەتەکانیشدا وانەی زمانی کوردی دەخوێندرێن و هەموو ئەم کێشانە تێپەڕێندراون. ئەوەی ماوەتەوە لە کەشێکی دیموکراسی دا لە پەرلەمان دەتوانرێت ئەم بابەتانە چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە لە چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییەکی نیڤشکان سەردانیکردم، بۆ وەرزشکردن داوای گۆڕەپانی تایبەتی تۆپی پێی کرد. پێنج ساڵ بەر لە ئێستا خواستێکی وەها لە ئارادا نەبوو، ئەمڕۆ هەیە و خستمانە کارنامە و رۆژەڤمانەوە. هاوکات ئاکپارتی بەردەوام خۆی لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا دەگونجێنێت جا لەڕووی سیاسەت بێت یان ئابووری و کۆمەڵایەتیی و هەر بوارێکی دیکەدا. ئیدی بە پێی ویست و خواستی گەل خۆی سیاسەت دەکات و درێژەی پێدەدات. ئەم سیاسەتەی لەگەڵ کورد، عەرەب، لاز، چەرکەز ئەنجام دەدات.
ئەمڕۆ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی فەرمی بە زمانی کوردی هەیە. لە کاتێکدا لە سەردەمی پێش ئاکپارتی لەنێو ئۆتۆمبێلی خۆشتدا بۆت نەبوو گوێ لە گۆرانییەکی کوردی بگریت، کەچی ئەمڕۆ دەوڵەت کەناڵی فەرمی بە زمانی کوردی هەیە. ئەمانە شۆڕشن و دڵنیابن بەمەش ناوەستین و درێژەی پێدەدەین.
رووداو: باستان لەوە کرد لەسەردەمی ئاکپارتی کرانەوەیەکی زیاتر بەڕووی کورددا هەبوو، ئەگەر ئێوە سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ ببەنەوە، سەردەمێکی نوێی دیکە بۆ پرسی کورد دێتە پێشەوە؟
عوسمان نووری: وەک گوتم ئەوە بۆ هەموو هاووڵاتیانمان دەڵێم، ئێمە پرسی کورد لە ئیستەنبووڵ و تورکیاش بە پرسێکی بنچینەیی دەبینین. هەموو شتێک پێکەوە دەکەین. ئەمڕۆ لەنێو رێکخستنەکانی ئاکپارتی و شارەوانییەکانیشی دا چەندان برای کوردمان هەن و پێکەوە کار دەکەین. ئێمە لە کاری شارەوانی دا، چاوەڕوانییەکانی گەلەکەمان دەکەینە سیاسەتی کاری خۆمان و کاریان لەسەر دەکەین. بۆ نموونە داواکاری خزمەتگوزاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فەرهەنگی و چەندان داوای دیکە هەن. ئێمە ئەو داواکاریانەمان لە شارەوانی ناوچەکان کردووە لە ئیستەنبووڵ، دەمانەوێت لە سەرۆکایەتی شارەوانیش بیکەین.
بۆ نموونە داواکاری ئەوە هەیە چالاکی هوونەری و کۆمەڵایەتی و کولتووری بکەن بۆ پاراستنی فەرهەنگی تایبەت بە خۆیان. ئەوە نەک هەر لە شارەوانییەکانی سەر بە ئێمە دەکرێت، بەڵکو زۆر جار چووینە و لە گوندەکانەوە دیکۆمێنتەریشیمان لەسەر وێنە گرتوون. بۆ نموونە ئێمە زۆر جار لێرەوە ستافمان ناردووەتە گوندەکانی وان و ئامەد و چەندان شاری دیکە، بۆ وێنەگرتنی ئەو چالاکیانەی باسمکردن. دەبێ هاووڵاتیانیشمان ئەوە بزانن و ئەوە ببینن، لەسەر ئاستی تورکیا و ئیستەنبووڵیش، خزمەتی هەموو برایانمان دەکەین لەسەر ئەو ئاستەی باسمکرد لە رێگەی شارەوانییەکانمانەوە، جا ئەو برایانەشمان بەشێکن لە ئاکپارتی. لەگەڵ برایانی کوردمان و براکانی دیکەشمان بەهەمان شێوە کار دەکەین. بۆیە بەردەوام ئەو جۆرە خزمەتگوزاریانەمان زیاتر و زیاتر دەکەین.
رووداو: ئەو پرسیارەم بۆ ئەوە کرد، دەنگۆی ئەوە هەیە ئەگەر ئاکپارتی سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ بباتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە سەردەمێکی تازە بۆ کێشەی کورد دەست پێبکات. هیچ شتێکی تازە هەیە لەوبارەیەوە؟
عوسمان نووری: دەمەوێ ئەوە بڵێم، ئاکپارتی کورد بە بەشێکی جیا لە ئاکپارتی و تورکیا نابینێت. کورد بەشێکی رەسەنن لەنێو ئاکپارتی و تورکیادا، ئەوان دامەزرێنەرانی ئەو پارتە و ئەو وڵاتەن. بە قەد تورک، عەرەب، لاز و چەرکەز خاوەنین. ئەگەر ئەمڕۆ کورد نەتوانێت قسە بکات، عەرەب و لازیش ناتوانن قسە بکەن. هەموو ئەوانەی باسم کردن، لە خاوەنە رەسەنەکانی تورکیا و ئاک پارتین، بۆیە ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ بەهاناوە چوونی هەموو کێشە و گرفتێکی برا کوردەکانمان، وەک چۆن بەهەمان شێوە بەهانای کێشە و گرفتی برا عەرەب و لاز و چەرکەزەکانیشمانەوە دەچین. هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئەمەدا نییە. ئەمەشمان بە هەموو هاووڵاتیانی تورکیا گوتووە. بۆیە ئێمە هیچ کات رێگەمان نەداوە کە کورد و عەرب و نەتەوەکانی دیکە پەراوێز بخرێن و لە داهاتووش دا بەردەوام دەبین لەسەر ئەو کارەمان. داواکارییەکان چی بن، گوێی بۆ دەگرین و دادەنیشین و قسەی لەسەر دەکەین. جا ئێمە ئێستاش ئەو کارە دەکەین، بۆ نموونە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، لە ناوچەی توزلا، لەگەڵ رێکخراوی شارەکانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا دانیشتووم. لەگەڵ برایانی جۆلەمێرگ دانیشتین و باسی ئەوەمان کرد لە ئیستەنبووڵ دەتوانین چی بکەین و چۆن کار بکەین. گوێمان لە داواکارییەکانی ئەوان گرت. جگە لە پرسی خزمەتگوزاری دۆخێکی سیاسیش هەیە ئێستا لە وڵاتەکەمان. راستییەکەی من پرسیارەکەم زیاتر لە چوارچێوەییەکی کارگێڕی خزمەتگوزاری لێکدایەوە. بۆیە باسی ئەو وردەکاریانەم کرد، بەڵام پرسە سیاسییەکە ئەوە شتێکی دیکەیە. بۆیە من زیاتر ویستم لەسەر ئاستی ئیستەنبووڵ باسی پرسەکە بکەم. بۆیە ئێمە پێکەوە دەتوانین ئیستەنبووڵ بەڕێوە ببەین.
رووداو: لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا دەنگێکی زۆری کورد بۆ ئێوە بوو، لەم هەڵبژاردنەدا بوونی بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبووڵ، کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگەکانی ئێوە دەکات؟
عوسمان نووری: ئیمە وەک ئاکپارتی لە ئیستەنبووڵ زۆرترین دەنگی کورد بۆ ئێمەیە، چونکە ئەگەر سەیری ئەنجامی سندووقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی رابردوو بکەین، ئەوە زۆر راست نییە کە دەم پارتی زۆرترین دەنگی کوردی ئیستەنبووڵی بردبێت. چونکە ئێمە ناوچە ناوچە و سندووق سندووق لێکدانەوە بۆ ئەو دەنگانە دەکەین. بۆیە لە زۆر ناوچەدا کە ژمارەی کوردیان لێ بەرزە، یان یەکەمین یان دووەم. دەم پارتی راستە بەربژێریان هەیە لە ئیستەنبووڵ بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی، بەڵام هەندێک هەن لەنێو دەم پارتی دا پشتیوانی لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو دەکەن، هەندێکیش باس لەوە دەکەن دەبێ دەنگ بە بەربژیری خۆمان بدەین.
بەڵام ئەم دوو لایەنە چ کاریگەریان بەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی دەم پارتییەوە هەیە؟ ئەمە گرنگە. بۆ نموونە هەست دەکەی بانگەشەی دەم پارتی گەرم و تووند نییە . بۆیە هەست دەکرێت لایەنی یەکەم ئەوەی لەگەڵ ئیمامئۆغڵۆیە زیاتر باڵادەستە بەسەر پارتەکەدا. ئەمەش ئەو هەستە دروست دەکات، کە رێککەوتنێکی پەردەپۆشکراو هەبێت لەنێوان جەهەپە و دەم پارتی دا، لەلایەکی دیکەشەوە داوای دەنگ دەکەن بۆ بەربژێرەکەیان. چونکە دەم پارتی نزیکەی 8٪ دەنگی ئیستەنبووڵی هەیە. لە هەڵبژاردنی رابردووش دا لەگەڵ پارتی کرێکارانی تورکیا دەنگیان نزیکەی 12٪ بوو. بۆیە ئەگەر دەنگی لە 8٪ کەمتر بوو، بەو مانایە دێت کە دەنگی ئەوانە زاڵە کە پشتیوانی لە ئیمامئۆغڵوو دەکەن، ئەگەر 8٪ بێنن دیارە دەنگی ئەوانە زاڵە کە داوای دەنگ بۆ بەربژێرەکەی خۆیان دەکەن. بۆیە ئێمە وەک ئاکپارتی، دەنگی دەنگدەری کورد دەهێنین، هەروەها لەو باوەڕەدام بەشێک لە دەنگدەرانی دەم پارتیش دەنگ بە موراد کورووم دەدەن کە بەربژێری ئاکپارتییە.
رووداو: لە دوا پرسیارم دا، لە ئیستەنبووڵ دوور دەکەومەوە، بۆیە دەمەوێ پەیوەندی ئێستای نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانتان لێ بپرسم؟
عوسمان نووری: پەیوەندییەکی درێژخایەنمان هەیە، بەڕاستی لە خاڵێکی ئەرێنیداین، هەروەها دەبێت هەوڵبدەین بۆ ئەوەی زیاتریش ئەو پەیوەندییە فراوان بکەین. چونکە ئێمە دەزانین، هێزی پێکەوە کارکردن لەو ناوچەیە، تەنیا لەناوخۆی وڵاتەکەمان نییە، بەڵکو بەشێک لەوانە وڵاتانی دراوسێمانن. جا کاتێک سەیری دۆخەکە دەکەین، وەک تاکێک هەروەها وەک ئیستەنبووڵێیەک، هەمیشە وەک تورکیا دەبێت ئەو پەیوەندییە زیاتر بەرەوپێش ببەین. ئەو بەرەوپێشبردنەشمان پێ کارێکی راستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ