شتێفان شنێک: گفتوگۆی کوردی – کوردی بناخەی بەشداریکردنێکی سەرکەوتووانەیە لە پرۆسەی سیاسیی سووریا
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت "وەبیری هەموو هاوبەشەکانی دەهێنینەوە کە گفتوگۆی کوردی – کوردی بناخەی بەشداریکردنێکی سەرکەوتووانەیە لە پرۆسەی سیاسیی فراوانتری سووریادا."
دلبخوین دارا، پێشکێشکاری رووداو لەو هەڤپەیڤینەدا کە رۆژی 26-12-2024 تۆمارکرا لەبارەی؛ هەتەشە، گرووپە چەکدارەکان لە سووریا، دیموکراسی لەو وڵاتە، رۆڵی ئەڵمانیا لە سووریای نوێ، دەستوەردانی تورکیا لە سووریا، کورد، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، پرسیاری ئاراستەی شتێفان شنێک، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد.
شتێفان شنێک گوتی سووریا پێویستی بە "پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیانە بۆ نێو پێکهاتەیەکی ئەمنیی نوێ. ئەمە یەکێک دەبێت لە ئاڵنگاری و ئەرکە هەرە سەرەکییەکان کە ئەڵمانیا ئامادەیە پشتیوانی لە لایەنە دیفاکتۆکان و ئەوانی دیکەش بکات، بۆ ئەوەی پێکبێن و ژینگەیەکی ئەمنیی نوێی لەو جۆرە لە سووریا دروست بکەن کە بتوانێت شەڕی داعش بکات و لە هەمان کاتدا هەموو لایەنەکانی سووریا لەخۆبگرێت."
لە وەڵامی پرسیاری "لەبارەی پرسی کورد، ئێوە دەستوەردانی تورکیا لە سووریا چۆن دەبینن؟"، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند "تورکیا بەرژەوەندیی ئەمنی هەیە و شەڕی دژی تیرۆر بەرژەوەندییەکی ئەمنیی رەوایە، بەڵام ئەوەش سنووری هەیە، یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی هەن کە سنووری ئەو جۆرە چالاکییانە دیاری دەکەن."
سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند ئەڵمانیا، تامەزرۆی یارمەتیدانە بۆ دابینکردنی ئەو دۆخەی کە هەتەشە و هەسەدە پێکەوە دابنیشن و پیکهاتەیەکی ئەمنیی هاوبەش پێبکهێنن "بەجۆرێک کە گەریلاکانی پەکەکە لەخۆنەگرێت و پێویستە (ئەوان) وڵاتەکە جێبهێڵن."
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ شتێفان شنێک، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا:
رووداو: ئێوە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە چۆن دەبینن؟
شتێفان شنێک: لە لایەکەوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە هەموومان بە شێوازی لادانی رژێمی ئەسەد بەو خێراییە سەرسام بووین. لە لایەکی دیکەوە، هەمیشە گوتبوومان رژێمی ئەسەد لاوازە. ئەوە لە رووی ئابوورییەوە زۆر روون بوو، بەو بودجە دوو ملیار دۆلارییەی هەیبوو، دەمانگوت ئەوە رژێمێکی نێو بۆش و کلۆرە و تەنیا بەهۆی رووسیا و ئێرانەوە بەزیندوویی ماوەتەوە. هەمیشە دەمگوت، با چاوەڕێ بکەین، ئێران و رووسیا لاواز بن، رژێمیش دەڕووخێت. بۆیە بە بڕوای من، ئێمە بە تەواو ئامادەی دۆخەکە بووین و لێکدانەوەکەم بە جۆرێک لە جۆرەکان راست دەرچوو لە بارەی خێرایی نەمانییەوە. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم، ئەوە بە ژمارەیەکی زۆر کەم قوربانی روویدا، ئەوەش بۆ ئێمە شتێکی چاوەڕواننەکراوی ئەرێنی بوو، لەبەرئەوەی ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی نوێداین و دۆخەکەش نەبووە هۆی نەهامەتیی گەورەی مرۆیی، کە ئەوەش هەواڵێکی زۆر خۆشە.
رووداو: ئێوە پێشتر دەتانزانی بەشار ئەسەد دەڕووخێت، هەڵدێت و هەتەشە دەسەڵات دەگرێتە دەست، ئاگاداری ئەوە بوون؟
شتێفان شنێک: ئێمە پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد لەم کاتەدا و بەو خێراییە ئەوە رووبدات، بەڵام رژێمی ئەسەد، شکستخواردووییەکی گەورە بوو، لە جوڵە کەوتبوو، پەیوەندیی نەمابوو، تاوەکو لە کۆتاییدا هەموو لایەنەکان هەستیان بەوە کرد رژێمی ئەسەد لە داهاتوودا نامێنێت. بۆیە زۆر بەخێرایی رووخا کە ئەوەش هەواڵێکی خۆش بوو و ئێمەی سەرسامکرد، بەڵام باوەڕدەکەم، ئێمە ئاگاداری لاوازییەکەی بووین. ئێمە وەک ئەڵمانیا هەمیشە گوتوومانە، دۆخەکە تەنیا پەیوەندیی بە دیمەشقەوە نییە؛ سووریا پەیوەندی بە هەموو سووریاوە هەیە؛ باکووری رۆژهەڵات، باکووری رۆژئاوا، باشوور و بێگومان دیمەشقیش. پێویستە ئێستاش لە یادمان بێت کە پرسەکە پەیوەندیی بە هەموو سووریاوە هەیە؛ باکووری رۆژهەڵات، باکووری رۆژئاوا، درووزەکان و دیمەشق، هەروەها تەڕتووس. کاتێک باسی سووریا دەکەین، مەبەستمان هەموو سووریا و هەموو هاووڵاتییانی سووریایە.
رووداو: ئێوە هەتەشەتان لە لیستی تیرۆر دەرهێناوە؟
شتێفان شنێک: هەتەشە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خراوەتە لیستەکەوە، ئەوەش دوای چەند رێکارێک. یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانیش خۆکارانە دەبێتە یاسای نیشتمانیی وڵاتان، واتە نەوەک تەنیا لە ئەڵمانیا، بەڵکو لە هەموو جیهان بەو جۆرەیە، چونکە هەتەشە رێکخراوێکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە.
رووداو: ئەمریکا ئەو خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلارییەی نەهێشت کە بۆ ئاشکراکردنی شوێنی جۆلانی رایگەیاندبوو. پێتانوایە دەبێت هەتەشە چۆن لە لیستی تیرۆر دەربهێندرێت؟
شتێفان شنێک: وەک باسم کرد، ئەوە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بۆیە وڵاتان ناتوانن لە لیستەکە دەریبێنن. ئەوەی ئەمریکا کردی، ئاماژەیەکی سیاسیی زۆر باش بوو کە خەڵاتی ئاشکراکردنی شوێنی سەرکردە شەرعی نەهێشت، ئەوە هەنگاوێکی باش بوو. من وایدەبینم ئەوە رێگەی بەرەوپێشچوون بێت، چونکە لە داهاتوودا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گفتوگۆیەکی سەخت دەکرێت، لەبەرئەوەی لایەنی دیکەی وەک رووسیا لەسەر مێزەکەن. ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە، سەیری داهاتوو بکەین و رێگە بۆ پێکەوەکارکردن بدۆزینەوە. دەتوانرێت ئەمە بکرێت. دەتوانین قسە لەگەڵ یەکتر بکەین. هەروەها دەتوانین پلان و بیرۆکە لەگەڵ یەکتر بگۆڕینەوە لەسەر ئەوەی چۆن سووریا زیاتر بەرەو پێش ببەین. بۆیە لەم قۆناخەدا ئەوە بۆ ئێمە نابێتە کێشە بۆ یارمەتیدانی سووریاییەکان.
رووداو: بەڵام ئایا مەترسیدار نییە ئەگەر ئێوە دانوستاندن لەگەڵ رێکخراوێک بکەن کە لەلایەن خۆتان و نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە بە تیرۆریست پۆلێنکراوە؟
شتێفان شنێک: بە بڕوای من، یەکەمین هەڕەشە کە دەبێت لەیادمان بێت و لەبیری نەکەین، داعشە، کە هێشتاش هەیە و هێشتا بە دوای دەرفەتێکەوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە. بۆیە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە نزیکەوە لەگەڵ یەکتر کاربکەین، هەروەها لەنێو سووریاشدا کاربکەین تاوەکو هەڵەیەک نەکەین و کەلێن بۆ گەڕانەوەی داعش نەهێڵینەوە کە دووژمنی هەمووانە بەبێ جیاوازی، بە سووننە، عەلەوی، درووز و کوردەوە. ئەمە یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان کە دەمانەوێت لەبیر نەکرێت و هەمیشە لە یاد بێت.
رووداو: هەزاران چەکداری پەڕگریی بیانی لە نێو هەتەشەدان. ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟
شتێفان شنێک: پێویستمان بەوە دەبێت لە کۆتاییدا پێکهاتەیەکی ئەمنی لە سووریا هەبێت کە بە شێوەیەکی باش رێکخرابێت، بە جۆرێک، لە لایەکەوە رەنگدانەوەی هەموو سووریا بێت و لە لایەکی دیکەشەوە کاریگەرانە ئاساییشی سووریا بپارێزێت. بۆیە، پێویستمان بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیانە بۆ نێو پێکهاتەیەکی ئەمنیی نوێ. ئەمە یەکێک دەبێت لە ئاڵنگاری و ئەرکە هەرە سەرەکییەکان کە ئەڵمانیا ئامادەیە پشتیوانی لە لایەنە دیفاکتۆکان و ئەوانی دیکەش بکات، بۆ ئەوەی پێکبێن و ژینگەیەکی ئەمنیی نوێی لەو جۆرە لە سووریا دروست بکەن کە بتوانێت شەڕی داعش بکات و لە هەمان کاتدا هەموو لایەنەکانی سووریا لەخۆبگرێت.
رووداو: بە بڕوای ئێوە، سووریا دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسی؟
شتێفان شنێک: وەک خۆتان دەزانن، دیموکراسی کارێکی بەردەوامە. ئێمە لە دیموکراسییەکانی خۆمان دەیبینین، وەک لە ئەڵمانیا و ئەمریکا کە پێویستە بەردەوام شەڕی بۆ بکەین. پێموایە ئێستا کاتی دەستپێکردنی پرۆسەکەیە بۆ ئەوەی هەوڵی پەیڕەوکردنی دیموکراسی بدەن. کارێکی ئاسان نییە. بە بڕوای من، هەنگاوەکانی سەرەتا زۆر ئەرێنی بوون، بەڵام پێویستمان بە گفتوگۆی نیشتمانییە، کە لەم چەند رۆژەی دواییدا قسەمان لەسەر کردووە و من تویتم لەسەری کردووە و (گوتوومە) کە دەبێت لەسەر بنەمای بەها دیموکراسییەکان بێت. هەروەها دەبێت بڵێم، گشتگیری و پێکەوەبوون شتێکی ئاسان نییە، بەڵام کرۆکی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەیە، واتە پڕۆژەی سووریای نوێ کە تەنیا گرووپە باوەکان لەخۆناگرێت، بەڵکو پیر و گەنج و پیاوان و ژنانیش لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی هەموو کەسێکی تێدابێت و لە کۆمەڵگە و گەشەپێدانی ئابووریدا بەشداربن، کە یەکێکە لە پرس و ئاڵنگارییە هەرە سەرەکییەکان بۆ داهاتووی سووریا لە پاڵ دیموکراسی، کە ئەویش بۆ گەشەیەکی لەم جۆرە پێویستییەکی سەرەتاییە.
رووداو: لە دروستکردنی سووریای نوێ دا، رۆڵی ئەڵمانیا چی دەبێت؟
شتێفان شنێک : وەک خۆتان دەزانن، ئێمە پلانێکی هەشت خاڵیمان ئامادەکردووە، وەک دەستپێشخەرییەک. ئێمە هیچ پلانێکمان بۆ سووریا نییە، بەڵکو سووریاییەکان خۆیان پلان بۆ سووریا دادەنێن، بەڵام دەکرێت بڵێین ئێمە لە چ بوارێکدا دەتوانین یارمەتیان بدەین. بۆ نموونە، لە دادپەروەریی راگوزەردا، هەر ئەوە نییە کە ئێمە لە چەند ساڵی رابردوودا وەبەرهێنانمان لە هەندێ دەستپێشخەری وەک لیژنەی بێسەروشوێنەکان یان لێکۆڵینەوەدا کردووە و زۆر بەڵگەنامەمان کۆکردوونەتەوە، بەڵکو ئێمە وەک ئەڵمانیا مێژوویەکمان لەگەڵ دیکتاتۆری هەبووە کە پێویست بووە لە دوای نەمانی، خۆمان بگونجێنین. ئێوە کۆتاییهاتنی سیستمی سۆسیالیستی ئێمەتان لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەبیرە، دوای ئەوە چەندین تۆن بەڵگەنامەمان هەبوون کە پێویست بوو رێکبخرێنەوە و لە رووی سیاسییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، چونکە هەمیشە زەحمەتە هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندیی هەموو ئەوانەدا دروست بکەیت کە پەیوەندییان بەم بەڵگەنامانەوە هەیە. بۆنموونە، ئایا دەکرێت متمانە بەو بەڵگەنامانە بکەین یان ئەو بەڵگەنامانە درۆ دەکەن؟ پرۆسەیەکی زۆر ئاڵۆزە. ئەمە یەکێکە لە نموونەکان کە دەمانەوێت دەستی یارمەتی درێژ بکەین و ئەزموونی خۆمان بەکاربێنین. من هەست دەکەم سووریاییەکان زۆر کراوەن بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونەیان هەبێت یان تەنانەت فێری شتێک بن کە رەنگە بۆ خۆیان یارمەتیدەر بێت.
رووداو: ڤیدیۆکەی ئێوەمان بینی کە بە شێوەی سێڵفی لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق تۆمارت کردووە. ئێوە کەی باڵیۆزخانەکەتان لە دیمەشق دەکەنەوە؟
شتێفان شنێک: کردنەوەی باڵیۆزخانە کارێکی زۆر ئاڵۆزە، لە رووی ئاسایش و جێبەجێکردنی هەنگاوەکانیشەوە. بۆیە، کردنەوەی باڵیۆزخانەیەک بەتەواوی هێزی خۆیەوە کە دەیان هاوکار تێیدا کاربکەن، نەوەک تەنیا لەسەر سیاسەت، بەڵکو لەسەر کاروباری ئابووری و کۆنسوڵگەریش، هەندێ کاتی دەوێت. پرسیارە سیاسییەکە ئەوەیە، ئێمە دەمانەوێت چۆن لەوێ بین بۆ یارمەتیدانی پرۆسەی سیاسی؟ ئێمە هەر لە ئێستاوە گەشت دەکەین، دەچینە نێو باڵیۆزخانەکەمان، دیمانە دەکەین و قسە لەگەڵ هەمووان دەکەین، بۆیە پێموایە گرنگ نییە چ رۆژێک باڵیۆزخانەکە دەکەینەوە. سەرئەنجام هەر دەیکەینەوە و ئاهەنگێکیشمان دەبێت، بەڵام بوونمان و ئامادەبوونمان لەوێ و یارمەتیدانی خەڵکی سووریا و درێژکردنی دەستی هاوکاریی بۆیان هەر لە ئێستاوە دەکەین.
رووداو: باشترین سیستم بۆ بەڕێوەبردنی سووریا چییە؛ فیدراڵی، لامەرکەزی، مەرکەزی، ئۆتۆنۆمی یان کۆنفیدراڵی؟
شتێفان شنێک: ئەوە پرۆسەیەکە کە سووریاییەکان سەرکردایەتی دەکەن. پێویستە سووریاییەکان بڕیاربدەن. ئەڵمانیاش دەتوانێت بەو ئەزموونەی هەمانە، یارمەتیدەریان بێت. وەک دەزانن، ئەڵمانیا گرووپی جیاجیای هەیە، کاسۆلیکمان هەیە و پرۆتستانتیشمان هەیە؛ خەڵکی باکوور جودان لەوانەی باشوور. واتە ئێمە ئەزموونمان لەمەدا هەیە. دەتوانین و ئامادەین هاوبەشی بکەین، بەڵام سەرئەنجام، هەر وڵاتێک پێویستە خۆی بڕیاربدات کە کام سیستمی بەڕێوەبردن بۆی لە هەمووان باشترە. من دڵنیام، هەندێ کاتی دەوێت، زۆر دانوستاندن و بیرۆکە و گفتوگۆ دەکرێن، بەڵام لە کۆتاییدا سووریاییەکان بە مێشكێکی کراوەوە رێگەی خۆیان بەرەو دیموکراسی و سیستمێکی سەقامگیر دەدۆزنەوە.
رووداو: تێڕوانینی خۆت چییە وەک کەسێک؟
شتێفان شنێک: من هیچ شتێک بۆ سووریا پێشنیاز ناکەم، بەڵکو دەمەوێت سووریایەک ببینم کە وەک هاوبەشێکی ئەڵمانیا بتوانێت رێگەی خۆی بدۆزێتەوە. دەکرێت زۆر رێگەی جیاواز هەبن. چەند گرووپێک هەن کە هەندێ بیرۆکەیان لەو بارەیەوە خستووەتەڕوو. هەر ئەمڕۆ توویتێکم لەسەر ئەنجوومەنی بلۆگەرەکانی سووریا کرد. بۆ نموونە، هەندێ بیرۆکەیان هەیە کە سووننە، عەلەوی، درووز و ژنان و پیاوان پێکەوە دابنیشن و بنەماکانی سووریای نوێ دابنێن. دەکرێت بیرۆکەی دیکەش هەبن. من زۆر بە باشی دەیبینم سەیری بیرۆکەکانی چەند ساڵی رابردوو بکرێت، کە زۆر بیرۆکە خراونەتەڕوو. هیوادارم گفتوگۆی نیشتمانی هەبێت و تێیدا هەموو ئەو بیرۆکانە تاوتوێبکرێن و هاوسەنگبکرێن و دواتر بیرۆکەی کارکردن بۆ داهاتووی سووریا بدۆزرێتەوە.
رووداو: لەبارەی پرسی کورد، ئێوە دەستوەردانی تورکیا لە سووریا چۆن دەبینن؟
شتێفان شنێک: تورکیا رۆڵێکی بنچینەیی بۆ داهاتووی سووریا دەگێڕێت. ئێمە هەموومان لەسەر پرۆسەی عەقەبە رێککەوتین کە سەروەریی سووریا بنەمایەکی بنچینەییە. لە لایەکی دیکەوە، بێگومان تورکیا بەرژەوەندیی ئەمنی هەیە و شەڕی دژی تیرۆر بەرژەوەندییەکی ئەمنیی رەوایە، بەڵام ئەوەش سنووری هەیە، یاسای نێودەوڵەتی و یاسای مرۆیی هەیە کە سنووری ئەو جۆرە چالاکییانە دیاری دەکەن، بۆیە ئێمە داوا لە هەموو لایەک دەکەین خۆیان لە دەستوەردان و بەلاڕێدابردنی ئەو پڕۆسە سیاسییە بەدووربگرن کە ئێستا لە سووریادا هەیە.
رووداو: زانیمان ئێوە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوەتان کردووە. باسی چیتان کرد؟
شتێفان: تاوتوێی ئەوەمان کرد چۆن هەنگاو بەرەوپێشەوە بنرێت. جەنەراڵ مەزڵووم هەندێ بیرۆکەی گرنگی خستنە سەر مێزەکە و بە ئاشکراش باسی کردن، لەوانەش دەرچوون و رۆیشتنی هەموو شەڕڤانە بیانییەکان. پەکەکە رێکخراوێکی بە تیرۆریست پۆلێنکراوە و پێویستە چیدیکە دەستوەردان لە کاروباری سووریادا نەکات. بە بڕوای من، گرنگە ئەوان (هەسەدە) لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی وەک هەتەشە و ئەوانی دیکە دامەزراوەیەکی ئەمنیی نیشتمانی بۆ سووریا دروست بکەن.
رووداو: کورد ئێوە بە دۆستی خۆی دەزانێت. لە سووریای نوێ دا چۆن پشتیوانی لە کورد دەکەن؟
شتێفان شنێک: ئێمە مێژوویەکی درێژمان هەیە لە پشتیوانیکردنی هەموو باکوور، لەنێویدا باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوا لە رێگەی (سندووقی گەڕاندنەوەی متمانەی سووریا). ئێمە لەو رێگەیەوە 360 ملیۆنمان دابین کردووە بۆ بوارەکانی وەک کشتوکاڵ و دەرفەتی کار کە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر سەرکەوتوو بوو، هەروەها ئەوە جیاوازیی نێوان رژێم و ئەوانی دیکەی دەرخست؛ رژێم ئامادە نەبوو لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کار بکات، بەڵام باکووری رۆژهەڵات و باکووری رۆژئاوا ئامادەی کارکردن بوون. پرسێکی دیکەش هەیە کە شەڕی دژی داعشە. ئێمە پڕۆژەمان هەیە بۆ ئەوەی ئاگاداری کەمپی هۆل بین. هەموومان دەزانین هەزاران چەکدار و کەسوکاریان لەوێن. پێویستە رێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی توانای شیاندنەوەیان هەیە ئاوێتە [ـی کۆمەڵگە] بکرێنەوە. لەسەر ئەو بابەتە، هاوئاهەنگیی باش لەگەڵ عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیش هەیە بۆ ئەوەی کێشەی پاشماوەکانی ساڵانی رابردووی داعش چارەسەر بکرێت.
رووداو: هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان چۆن دەبینن؟
شتێفان شنێک: وەک گوتم، گرنگترین شت ئەوەیە ئەو گرووپانەی ئێستا لەوێن، پێکەوە دابنیشن و پێکهاتەیەکی ئەمنیی هاوبەش پێکبێنن کە هەتەشە و هەسەدەش لەخۆبگرێت. بە بڕوای من، ئەڵمانیاش تامەزرۆی یارمەتیدانە بۆ دابینکردنی ئەو دۆخە کە زۆر گرنگە بۆ ژێرخانی ئاسایشی نیشتمانی، بەجۆرێک کە گەریلاکانی پەکەکە لەخۆنەگرێت، بەڵکو پێویستە وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمە زۆر روونە.
رووداو: بۆ کوێ بڕۆن؟ دوران کاڵکان بەرپرسێکی باڵای پەکەکەیە و دەڵێت، ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوای چوونەدەرەوەی گەریلاکانی پەکەکە بکات، ئەوا دەچنە دەرەوە، بەڵام ئەوان بۆ کوێ بڕۆن؟
شتێفان شنێک: پێموایە دەبێت ئەوە بەشێک بێت لە پرۆسەی دانوستاندن کە هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربن، وەک هەتەشە، تورکیا و هەسەدە، بۆ ئەوەی بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کێشە کردەییانە دەکەن کە دێنە پێش پڕۆسەکە، بەڵام بە بڕوای من، ئەو کێشانە چارەسەریان هەیە، ئەگەر هەموو هاوبەشەکان بە شێوەیەکی راستەقینە بیانەوێت کۆتایی بەم ململانێیە بێنن کە چەندین ساڵە بەردەوامە.
رووداو: کورد لە دوای عەرەب نەتەوەی دووەمن لە سووریا. ئەگەر کورد لە سنووری سووریادا داوای فیدراڵی بۆ کوردستانی سووریا بکات، ئێوە پشتیوانی لێ دەکەن؟
شتێفان شنێک: وەک گوتم، پێویستە سووریاییەکان خۆیان گفتوگۆی لەسەر بکەن. کارێکی هەڵە دەبێت ئەگەر ئێمە وەک وڵاتێکی بیانی، بیرۆکەیەک لە بیرۆکەیەکی دیکە بە باشتر دابنێین، چونکە پێویستە سووریاییەکان خۆیان سەرکردایەتیی پڕۆسەکە بکەن. ئەمانە قسەی بەتاڵ نین، سەرکردایەتیکردنی پڕۆسەکە لە لایەن سووریاییەکانەوە لە بڕیارنامەی 2254ی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کرۆکی پرۆسەکە دادەنرێت. ئەوەی من پێشنیازی دەکەم ئەوەیە، شارەزایی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو پرۆسەیەدا بەکاربهێندرێت کە ماوەی چەندین ساڵە لە سەرانسەری جیهان ئەزموونی لە پرسەکانی وەک چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کەمینەکاندا هەیە. هەروەها لە دۆخی جیاجیادا، ئەزموون و مێژووی هەیە. بۆیە پێشنیاز دەکەم، هەموو هاوبەشەکان – هەتەشە، هەسەدە – وەک نێوەندگیر و سەرچاوەی شارەزایی و ئەزموون، بەشداری بە نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.
رووداو: تورکیا و سوپای نیشتمانیی سووریا کە ئەنقەرە پشتیوانی دەکات، بەردەوام هەڕەشە لە کۆبانێ دەکەن. ئێوە لەسەر ئەم هەڕەشانە قسەتان لەگەڵ تورکیا کردووە؟
شتێفان شنێک: بەڵێ، بێگومان. وەزیرەکەمان بەم دواییانە سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ هاوکارەکەی، فیدان، بە دیاریکراوی قسەیان لەسەر ئەو پرسە سووریانە کرد. شەڕکردن لەم دۆخە زۆر هەستیارەدا، دەکرێت سەربنێت بۆ کارەسات. بۆیە ئێمە داوا لە تورکیا دەکەین لە پڕۆسەیەکی ئاشتی دا بەشداربێت و ئامانجی ئەمنیی خۆی بۆ وەستاندنی تیرۆر لە رێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەوانەی پەیوەندیدارن بەدەستبێنێت، کە هەسەدە و گرووپەکانی دیکە لەخۆدەگرێت. پێموایە هەموو گرووپەکانی سووریا بەرژەوەندییان لەمەدا هەیە، بە دەستەی تەحریری شامیشەوە.
رووداو: فەرەنسا و ئەمریکا هەوڵی یەکخستنی پارتە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەدەن. بۆچی ئەڵمانیا بەشدار نییە؟
شتێفان شنێک: ئێمە زۆر پشتیوانی لەوە دەکەین. گفتوگۆی کوردی - کوردی زۆر گرنگە، چونکە هەندێ لایەن نەخراونەتە نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە، بۆیە ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندی بە پەیەدە و ئەنەکەسەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە گرووپە ئازادەکانی دیکەشەوە هەیە کە پێویستە لەو گفتوگۆیانەدا دەنگیان بیستراو بێت. فەرەنسا و ئەمریکا رۆڵێکی تایبەت دەگێڕن، چونکە ئەوان بە سەربازەوە لەوێن. ئەڵمانیا ئەوەی نییە، بۆیە جیاوازی لە شێوازی بەشداریکردنمان هەیە. ئەڵمانیا زۆر گرنگی بەم پرۆسەیە دەدات. هەروەها وەبیری هەموو هاوبەشەکانی دەهێنینەوە کە گفتوگۆی کوردی – کوردی بناخەی بەشداریکردنێکی سەرکەوتووانەیە لە پرۆسەی سیاسیی فراوانتری سووریادا.
رووداو: ئەگەر ئێوە باڵیۆزخانە لە دیمەشق بکەنەوە، بیر لەوە دەکەنەوە کۆنسووڵخانەیەک لە ناوچە کوردنشینەکانیش بکەنەوە؟
شتێفان شنێک: بە بڕوای من، هێشتا زۆر زووە پلان بۆ ئەوە دابنرێت. ئێمە هێشتا بە زەحمەتەوە هەوڵدەدەین باڵیۆزخانە لە دیمەشق بکەینەوە و دوای ئەوە بزانین چی روودەدات.
رووداو: زۆر سوپاس شتێفان. دیپلۆماتەکان هەمیشە وەڵامی دیپلۆماسیانەی پرسیارە هەستیارەکان دەدەنەوە.
شتێفان: وەک دیپلۆماتێک، من وەڵامی دیپلۆماسی دەدەمەوە، بەڵام هیوادارم یارمەتیدەربم لە پیشاندانی روانگەی گشتی و دەستپێشخەریی خۆمان بۆ سووریا. ئێمە لە ناخمانەوە هیوای سەرکەوتنێکی باش بۆ سووریای نوێ دەخوازین لە پرۆسەی سیاسی، گەشە و بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتیش. زۆر سوپاس بۆ ئێوە.