جۆرجیا کۆنسوڵخانە لە هەولێر دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی جۆرجیا لە ئوردن و لوبنان و عێراق دەڵێت، بەمنزیکانە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە هەولێر دەکەنەوە و کارئاسانی دەکەن بۆ سەردانی گەشتیاران بۆ وڵاتەکەیان، هاوکات باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە رووی بازرگانی و کولتووری و پەروەردەیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات.
 
زازا کاندیلاکی، باڵیۆزی جۆرجیا لە ئوردن و لوبنان و عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد، باسی لە پلانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرد، هاوکات باسی لە دۆخی ژیان و مافەکانی ئەو کوردانە کرد کە لە جۆرجیا نیشتەجێن و گوتی، هەموو مافێکیان بۆ دەستەبەرکراوە.
 
باڵیۆزی جۆرجیا لە ئوردن و لوبنان و عێراق دەڵێت، فەرمانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەولێر وەرگرتووە. دەشڵێت، "پەیوەندییەکی شکۆمەندانە لەنێوان جۆرجیا و هەرێمی کوردستان دروست دەکەین. جۆرجیا وڵاتێکی کشتوکاڵییە و سوودی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ زازا کاندیلاکی، باڵیۆزی جۆرجیا لە ئوردن و لوبنان و عێراق:
 
رووداو: یەکێک لە مەبەستەکانی سەردانەکەت ئەوەیە کە لە هەولێر کۆنسوڵخانەیەک بکەیتەوە. کەی بە فەرمی کۆنسوڵخانەکە دەکرێتەوە؟
 
زازا کاندیلاکی: خۆت دەزانیت، ئەوە کاتی دەوێت، پیویستی بە رێکاری فەرمییە و بەرپرسانی بەغدایش لەم کارە بەرپرسیارن، پێکەوە چارەسەر دەکرێت و دەبێت بڕیارەکە لە هەردوو لاوە بێت. پێشتر من فەرمانی حکومەتەکەمم بۆ کردنەوەی ئەم کۆنسوڵخانەیە وەرگرتووە. جا ئێمەیش ئەم فەرمانەمان گەیاندووەتە دەستی بەرپرسانی حکومەتی عێراق و کۆپییەکیشیمان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە، بۆیە بۆ من زۆر سەختە کە باسی کات بکەم، چونکە پێویستی بە هەندێک رێکارە و ئێمەیش سەیر دەکەین و هیوادارین کە زوو بکرێتەوە، چونکە ئەمە بۆ هەردوولا سوودی هەیە.
 
رووداو: لەو کۆنسوڵخانەیەدا دەتوانرێت چ جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکێش بکرێت؟
 
زازا کاندیلاکی: بەر لە هەر شتێک دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە ئەوە پێکهاتەیەکی فەرمی نییە، بۆیە ئەوە دەکرێت پەیوەندیی کولتووری یان هەندێک کاروباری ئابووری بێت لەنێوان هەردوولادا جا ئێمە ئەوە لە بەرچاو دەگرین کە کوردستان بەشێک و هەرێمێکە لە عێراق و لە هەمان کاتدا ئێمەیش لە جۆریا هەندێک هەرێمی جیاوازمان هەن، بۆیە پێمان وایە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە لەنێوان هەرێمەکانی جۆرجیا و هەرێمی کوردستاندا بۆ هەردوولا زۆر سوودی دەبێت جا ئەمەیش لەگەڵ راوێژی ئاساییدا دەبێت.
 
رووداو: لە کۆنسوڵخانەکەی هەولێرتان دەتوانن ڤیزا پێشکێش بکەن؟
 
زازا کاندیلاکی: ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئەم بابەتانە بڕیاری فەرمین و بڕیاری فەرمیی هاوبەشی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی جۆرجیای دەوێت. ئێستا ئێمە باسی ڤیزا ناکەین، چونکە تۆزێک رێکاری فەرمیی دەوێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت جۆرە چارەسەرێک دەدۆزینەوە بۆئەوەی پەیوەندییەکی شکۆمەندانە لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست بکەین.
 
رووداو: ئایا هیچ جۆرە گفتوگۆیەک لەبارەی ڤیزای نێوان عێراق و جۆرجیاوە دەبێت؟ ئێمە دەزانین کە لە رابردوودا ڤیزا بۆ عێراقییەکان هەبوو؟
 
زازا کاندیلاکی: هەندێک گفتوگۆ کراون، بەڵام ئەگەر بە راشکاوی قسە بکەم، لە هەمان کاتدا هەندێک گرفتیش هەن. ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەو گرفتانە هەندێک چارەسەر بدۆزینەوە. ئیتر دواتر بڕیار دەدەین کە چی دەکەین.
 
رووداو: ئایا بەکارهێنانی خاکی جۆرجیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لەلایەن کۆچبەرە عێراقییەکانەوە بۆ گەیشتن بە پەناگەیەک هۆکارە بووە بۆ ئەوەی ئەم ڤیزایە رابگیردرێت؟
 
زازا کاندیلاکی: ئەوە یەکێکە لەو بابەتانەی تاوەکو ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بە دڵنیاییەوە، چونکە سوودی ئێمە لەوەدایە کە گەشتیاری زۆرمان بۆ بێت و جۆرجیا بۆ هاووڵاتییانی عێراق وەک وڵاتێکی ترانزێت زۆر بەسوود بێت. با بە راشکاوی بیڵێم کە ئێمە لەبارەی هەموو کێشە و هەموو ئەگەرەکانەوە قسە دەکەین، بەڵام دەمەوێت بڵێم کە بەر لە بڕیاری کۆتایی زۆر سەختە قسە لەبارەی هەندێک ئەنجامەوە بکرێت.
 
رووداو: بەڵام ئایا ئێوە هەر هیچ نەبێت گەشبینن؟
 
زازا کاندیلاکی: بە دڵنیاییەوە، لەبەر ئەوەی وەک خۆت دەزانیت بەر لە هەر شتێک ئێمە دوو وڵاتی هاوڕێین لە پەیوەندیدا ژمارەیەکی زۆر ئاراستە هەن، وەک پەیوەندیی ئابووری و هەروەها سەربازییش. هەندێک بەرژوەندیی هاوبەشیش هەن. هەروەها بیر لە پەیوەندیی کولتوورییش دەکەینەوە. ئینجا خەڵکی کورد هەن کە لە تیبیلیسی دەژین بۆ نموونە من خۆم هاوپۆلم هەبوو کە کورد بوون، بۆیە ئێمە خەڵکی کوردمان خۆش دەوێن و پەیوەندیی کولتووریمان هەیە. جا ئەوە زۆر بەسوود دەبێت کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکتر لە نێوان وڵاتەکاندا دروست بکەین.
 
رووداو: گوتت کە نزیکەی سێ هەزار جۆرجیایی لە هەرێمی کوردستانن و زۆربەیان لە دهۆکن. بە زۆری لە چ کەرتێکدا کار دەکەن؟
 
زازا کاندیلاکی: پێموایە بە تەواوەتی نازانم چی دەکەن، بەڵام ئەوان خەڵکی ئاسایین، خەڵکی جێ ‌متمانەن. جا هیوادارم ئەم خەڵکە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ بن، چونکە ئەوان کاری خۆیان دەکەن و، پێموایە ئەوانە پشتیوانی باشی پەیوەندیی نێوان هەردوولان.
 
رووداو: ئایا بەمنزیکانە هیچ بازرگانییەک لەنێوان جۆرجیا و عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەکرێت؟
 
زازا کاندیلاکی: هێشتا نا، بە داخەوە ئەوەندە چالاک نییە، بۆیە ئێمە لەبواری ئابووریدا بیر لە پەیوەندیی چالاکیی زیاتر دەکەینەوە.
 
رووداو: لە چ بوارێکدا هەردوولا دەتوانن کار بکەن؟
 
زازا کاندیلاکی: تۆ دەزانیت کە ئەگەرمان لە بەردەمدایە. خۆی جۆرجیا وڵاتێکی کشتوکاڵییە، ئەوە بۆیە زیادەڕەوی نییە کە ئەگەر پێت بڵێم کوالێتیی هەموو خۆراک و میوەکانمان زۆر باشە و زۆر بەچێژن. لە هەمان کاتدا شەرابی جۆرجیایی لە ئەورووپادا زۆر بەناوبانگە و شەرابیکی زۆر تایبەتە. جا پێموایە کە هەندێک لە خەڵکی کوردیش شەراب دەخۆنەوە، خۆیشت ئەوە دەزانیت، لەو لایەنەوە لێی رازی دەبن. خۆت دەزانیت کە گەلێک شتی دیکەیش هەن کە ئێمە وەک ئەگەریان دەیانبینین و لەسەر ئەوە بەندن کە کەی ئەو پەیوەندییە دەست پێدەکات. ئێمە سەیری هەموو ئەگەرەکان دەکەین.
 
رووداو: تۆ باسی پەیوەندیی کولتووریت کرد جگە لە پەیوەندیی بازرگانی-کولتووری. لە جۆرجیا کورد هەن کە زۆربەیان ئێزدین. ئایا کردنەوەی کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک لە جۆرەکان هیچ شتێک بۆ ئەو کوردانەی جۆرجیا ئاسان دەکات کە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، بە تایبەتی شوێنە پیرۆزەکانی لالش و شنگال؟
 
زازا کاندیلاکی: ئێمە پشتیوانی ئەو جۆرە سەردانە دەکەین، ئەگەر لە لایەنی کوردەوە جۆرێک لە سوود هەبێت. مەبەستم کوردەکانی جۆرجیا و هەرێمی کوردستانە. بۆ نا؟ ئێمە بە راستی پشتیوان دەبین خەڵکە کوردەکەمان بێن بۆ شوێنە پیرۆزەکان.
 
رووداو: حکومەتەکەتان دەتوانێت چۆن پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکات؟ ئێوە وەک حکومەت و وەک وڵات ئەزموونێکی زۆرتان هەیە. لە چ بوارێکدا دەتوانن پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەن؟
 
زازا کاندیلاکی: بۆ نموونە دیدارێکم لەگەڵ وەزیری داد هەبوو ئێمە ئەزموونێکی زۆر باشمان لە دادگەدا هەیە. بەکارهێنانی ئەم دادگەیانە رێکاری سادەیان دەوێت. ئێمە پشت بە بنەمای "وەن رێ دۆ" دەبەستین. جا ئەگەر کەسێک بچێتە ئەم دادگەیانەوە، هەموو کاروبارە یاساییەکانی تەنیا کاژێرێک دەخایێنێت. جا سیستمەکەیش ئەلیکترۆنییە. ئەوە شتێکە کە جۆرجیاییەکان هەر دەیزانن. ئیتر ئێمە ئامادەین لەم بوارەدا پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکەین. جا من دڵنیام کە ئەوە زۆر سوودی بۆیان دەبێت. جا دەیبینین.
 
رووداو: ئەی دیدارەکەتان لەگەڵ وەزیری داد ئەرێنی بوو؟
 
زازا کاندیلاکی: بەڵێ هەر لەبەر ئەوە بوو ئاماژەم پێ دا ئەم دیدارە زۆر ئەرێنی بوو، ئینجا ئەویش ئارەزووی لە پرۆپۆزەڵەکەمان هەبوو.
 
رووداو: هەندێک هاونیشتمانی لە جۆرجیا خوێندنی باڵا دەخوێنن. دەکرێت ئەوەیش بەشێک بێت لەم پەیوەندییە کە عێراقی و کورد بچن لە زانکۆکانی جۆرجیا بخوێنن؟
 
زازا کاندیلاکی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، ئێمەش پێمان خۆشە ئەو خوێندکارانە بێن بۆ جۆرجیا. خۆت دەزانیت، کاتێک خوێندکاران لەنێوان هەردوولادا دەست بە پەیوەندی دەکەن، دەبێتە بناخەیەکی زۆر باش بۆ داهاتوو، چونکە هەموو ژیانیان پێکەوە دەبن. بۆ نموونە خوێندکارە کوردەکان لە شێوازی ژیان لە جۆرجیا و کولتوورەکەمان تێدەگەن کە زۆر سەرنجراکێشە، بۆیە پێموایە ئەوە ئەو هەلە دەڕەخسێنێت کە پەیوەندییەکی زۆر نزیک لەنێوان هەردوو وڵاتدا دروست بکرێت.
 
رووداو: کە دەڵێین دوو وڵاتەکە، لە هەمان کاتدا ئەگەر باسی کورد بکەین دەتوانین بڵێین هەمان نەتەوە لە دوو وڵاتدا. کوردیش کەمینەیە لە جۆرجیا...
 
زازا کاندیلاکی: من کە باسی دوو وڵاتەکە دەکەم، مەبەستم عێراق و جۆرجیایە، بەڵام بە جیایش ئێمە ئامادەی هاوکاریی هەرێمیین لەگەڵ کوردستاندا بۆ ئەوەی باشترین هەوڵمان بدەین.
 
رووداو: بە نزیکەیی بە گوێرەی ئامارێکی حکومی، نزیکەی پێنج هەزار بۆ 20 هەزار کورد لە جۆرجیان، دۆخیان چۆنە؟ ئەو مافانە چین کە ئەوان وەک کەمینە هەیانن؟
 
زازا کاندیلاکی: ئەوان بەشێکن لە کۆمەڵگەی جۆرجیایی. بەشێکی تەواوەتی لە کۆمەڵگەی جۆرجیایی. جا کاتێک باسی مافەکانی خەڵکی جۆرجیا دەکەین، ئەوە مانای وایە ئەوانیش هەمان مافیان هەیە.
 
رووداو: بە یەکسانی؟
 
زازا کاندیلاکی: بەڵێ بە دڵنیاییەوە.
 
رووداو: بەڵام وەک کۆمەڵێکی تیتنیکی، بۆ نموونە ئێستا لە خوێندنگەدا مافی خوێندنی زمانی دایکی هەیە.
 
زازا کانبلاکی: بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانین. ئێمە پشتیوانیی هەموو نەتەوەیەک دەکەین کە لە جۆرجیا دەژین. پشتیوانی کولتوور و زمان و پرسەکانیان و گەشەسەندنیان لە کۆمەڵگەی جۆرجیاییدا دەکەین.
 
رووداو: ساڵی 2004 هەفتانە لە رادیۆی نیشتمانی چارەگێک کات بۆ زمانی کوردی هەبوو. ئەوە لە ساڵی 2004ـەوە دەستیپێکرد و لەو کاتەوە نەماوە بۆچی؟
 
زازا کانبلاکی: بەداخەوە من ئامادە نیم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام ئەگەر لەم لایەنەوە هەندێک چالاکی هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە حکومەتی جۆرجیا و بەرپرسانی جۆرجیا پشتیوان دەبن.
 
رووداو: من ئەمە بۆیە دەپرسم، چونکە قسەمان لەگەڵ هەندێک کورددا کردووە لە جۆریا، بە جۆرێک لە جۆرەکان هەندێک رەخنەیان هەیە لە دۆخەکە و پەرلەمانی جۆرجیا، بۆ نموونە ئەوان دەڵێن کە وەک ئێزدی هەست بەوە دەکەن لەلایەن وڵاتەوە پشتگوێ خراون و زۆر پشتیوانی ناکرێن.
 
زازا کانبلاکی: دەزانیت من زانیارییەکی لەو جۆرەم نییە، چونکە بەگوێرەی زانیارییەکانی من، ئێمە پشتیوانیی هەموو مافەکانی ئێزدییەکان و کورد دەکەین.
 
رووداو: لە سەرژمێریی ساڵی 2002دا کە پێموایە دوایەمین سەرژمێرییە لە جۆرجیا، خانەیەک بۆ نەتەوە هەبوو. بۆ نموونە تورکەکان هەلی ئەوەیان هەبوو ئەوە دیاری بکەن کە ئەوان تورکن، بەڵام کوردەکان نەیانبوو.
 
زازا کانبلاکی: بە داخەوە من ئامادە نیم وەڵامی پرسیاری لەو جۆرە بدەمەوە، چونکە منیش زانیارییەکی وام نییە، ئەگەر کێشەکە لە راوێژدا بێت، ئەوا رەنگە وردەکاریی تێدا بێت کە من هیچ زانیارییەکم لەبارەی ئەو وردەکارییانەوە نییە.
 
رووداو: ئەگەر باسی پەیوەندییە ناوچەییەکان بکەین، بە هەبوونی کورد لە جۆرجیا و هەروەها کورد لێرە لە هەرێمی کوردستان، ئەمە چۆن دەتوانێت ببێتە هۆی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و جۆرجیادا؟
 
زازا کانبلاکی: وەک ئاماژەم پێدا ئێمە ئامادەین لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا پەرە بە پەیوەندییە کولتووری و ئابوورییەکانمان بدەین. جا بە دڵنیاییەوە ئێمە بۆ ئەمە ئەو کورد و ئێزدییانە بەکاردەهێنین کە لە جۆرجیا دەژین. وەک ئاماژەت پێدا، ئەوان پێویستیان بە هەندێک چاکسازی هەیە لە ژیانیاندا و ئێمەش بیر لەوە دەکەینەوە. هەروەها ئێمە ئامادەین لەگەڵیان قسە لەسەر هەموو کێشەکانیان بکەین. حکومەتی جۆرجیا حکومەتێکی زۆر کراوە و نەرمە. جۆرجیا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. ئەوە بۆیە بە خۆشحاڵییەوە... بۆ نموونە بە گوێرەی زانیارییەکانی من، زۆر کورد پێگەی تایبەتیان لە حکومەتدا هەیە و بەشێکن لە حکومەت کە لەگەڵ نەتەوە جوداکاندا کار دەکەن، بە کوردیشەوە، ئەگەر هەندێک کێشەشیان هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە حکومەتی جۆرجیا ئامادەیە لەبارەی هەموو کێشەکانەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات... ئەگەر ئەوان لە ژیانیاندا هەندێک کێشەیان بێت.
 
رووداو: بۆچی جۆرجیا زیاتر ئارەزووی لە هەرێمی کوردستانە و کۆنسوڵخانە دەکاتەوە؟ دیدگەکە چییە؟
 
زازا کانبلاکی: خۆی ئەمە کاروباری پەیوەندیی نێوان وڵاتان و هەرێمەکانە  کاتێک باسی کردنەوەی کۆنسوڵخانە دەکەین، تکایە ئەوەت لە بیر نەچێت کە ئەمە کۆنسوڵخانەیەکی شانازییانەیە نەک کۆنسوڵخانەیەکی فەرمی. ئەوە بۆیە، هەر وەک ئاماژەم پێ دا، خەڵکانێک هەن کە قازانجی تایبەتی ئابوورییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. جا هەروەک باسم کرد، گەشەدان بە پەیوەندیی کولتووری هەلی دروستکردنی پەیوەندیی زۆر بەهێزتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەرێمەکانی جۆرجیادا دەڕەخسێنێت.
 
رووداو: بەڕێز زازا کانبلاکی زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
زازا کانبلاکی: سوپاس بۆ رووداو