رووداو دیجیتاڵ
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو کە پەرلەمانتارێکی تورکە، لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا لەلایەن بەکربۆزداغ، کە کوردە مایکەکەی لێ داخرا، لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت، کاتێک مافی کوردان پێشێل دەکرێت، باسی چ پرۆسەیەکی چارەسەری دەکەن!
گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی کۆجائەلی رۆژی سێشەممە 26-11-2024 لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر قسەکردن بە زمانی کوردی مایکەکەی لەسەر داخرا. گەرگەرلیئۆغڵو لەمبارەیەوە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ئەو رۆژە دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سەرۆکایەتی کرا، کە کوردە و ئەندامی ئاکپارتییە. گەرگەرلیئۆغڵو دوای ئەوەی چەند درووشمێکی بە زمانی کوردی گوتەوە، مایکەکەی لەلایەن بەکر بۆزداغەوە داخرا.
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتی "مێژووی پەرلەمانی تورکیا ئەمەشی بینی. من تورکم، کەچی لەبەرئەوەی بە کوردی قسەم کرد، بەڕێز بەکر بۆزداغ کە کوردە، مایکەکەی منی داخست. ئەمەیە حاڵی ئاکپارتی هاوڕێیان. دەبینن کە کێشەکە لەخۆمانە، هەر بۆیە گەورەترین کۆچی هزری لەم چەند ساڵەی دوایی لە تورکیا بووە. لەم وڵاتەدا دیموکراسی نییە."
ئەو پەرلەمانتارە تورکەی دەم پارتی بەو داکۆکیکردنەی لە زمانی کوردی و بەو کاردانەوەیەی لە دژی بەکر بۆزداغ، لە تورکیا بووە رۆژەڤ.
"من، تورکم و داکۆکی لە مافی کوردان دەکەم"
لە وەڵامی پرسیاری رووداو سەبارەت بەو رووداوەی لە پەرلەمانی تورکیا روویدا و بووەتە رۆژەڤ، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو گوتی "من، ئەگەرچی کوردیش نیم، بەڵام ساڵانێکە هاواری ئەوە دەکەم ئەو قەدەخەکردنەی زمانی کوردی پێشێلکاریی مافی مرۆڤە. چونکە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەو دژایەتیکردنەی کورد ببینەوە پێویست ناکات کورد بین، مرۆڤ بین بەسە. منیش وەکو کەسێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، لە دژی زەوتکردنی مافەکانی کورد، تێدەکۆشم."
''من کە تورکم، لەسەر قسەکردنم بە زمانی کوردی، مایکەکەم لەلایەن کوردێکەوە داخرا''
گەرگەرلیئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، لە کاتی گوتارەکەی لە سەر سەکۆی پەرلەمان، چەند تابلۆیەکی بەرزکردووەتەوە کە یەکێکیان بە زمانی کوردی بووە، گوتیشی "کاتێک کوردییەکانم دەخوێندەوە، مایکەکەم دادەخرا. گوتم خەڵک لەبەر گوتنەوەی (ژن. ژیان، ئازادی) سزادەدرێن، گوتم خۆ ئەو درووشمە نایاسایی نییە. ئەمە کەی شایستەی قەدەخەیە؟ هیچ نێوەڕۆکێکی خراپی تێدا نییە و سێ وشەیە گوزارشت لەسەر ژن، ژیان و ئازادی دەکات. دووبارە مایکەکەی داخستم."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی باسی ئەوکاتەی کرد؛ بەکر بۆزداغ، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان داوای لێ کردووە، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان قسە بکات.
هەروەها گوتی "دەیویست بڵێت نابێت من بە زمانی کوردی قسە بکەم. منیش لەوێ قسەی خۆمم کرد و زۆریش کاریگەر بوو. لەو باوەڕەدام ئەم گوتەیەی من زۆر کاریگەرتر بوو لەوەی کوردێک بیکات. چونکە من تورکم، بەداخەوە جگە لە چەند وشەیەک نەبێت، زمانی کوردیش نازانم! ئینجا گوتم، من تورکم و بە زمانی کوردی قسەم کرد، بە بەڕێز بەکر بۆزداغم گوت، تۆ کوردیت و رێگری لە من دەکەیت بە کوردی دەدوێم. هەروەها گوتم، ئەمەیە حاڵی ئاکپارتی! من، پرسی کوردم لە تورکیا لە ماوەی 5-10 چرکەدا پوختکردەوە."
کاتێک ئەو قسەیە کرا، لە پەرلەمان چی روویدا؟
ئەو پەرلەمانتارە تورکەی دەم پارتی بە رووداوی راگەیاند، لە تورکیادا ئەگەر پشتگیری لە کورد بکەیت و داکۆکی لە مافەکانیان بکەیت، بە چاوێکی دیکە سەیرت دەکەن. هەروەها گوتی "لە دوای گوتەکانی من، بەکر بۆزداغ نەیتوانی هیچ وەڵامێک بداتەوە. چونکە نەیدەتوانی بەرامبەر ئەو هەموو کارە نایاساییە، شتێک بڵێت. جا لە دوای ئەو گوتەیەی من، بەشێکی زۆری پەرلەمانتاران چەپڵەیان لێدا. بەشێکیان پێکەنین، چونکە تەنزێکی مێژوویی بوو".
بە زمانەکانی دیکە قسەمکردووە دەنگیان نەپچڕاندووم، بەڵام بۆ کوردی دەیپچڕێنن
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو گوتی ئەو گرژییەی لە پەرلەمان دروستبوو، بەکر بۆزداغ دروستی کرد نەوەک ئەو. لەمبارەیەوە دەڵێ "لەوێدا من سێ وشەم بە زمانی کوردی گوت، نە زیاتر. خۆ دەکرا بە زمانەکانی ئینگلیزی یان فەرەنسی ئەم وشانە بڵێم، ئەوکات کێشە دروست نەدەبوو. من، دەرچووی بەشی پێشنوێژ و گوتارخوێنیم و سەروکارم لەگەڵ زانستە ئیسلامییەکاندا هەیە. کاتی خۆی چەند جارێک لە پەرلەمان ئایەتم بە زمانی عەرەبی خوێندووەتەوە. ئەوکات ئاستەنگیان دروستنەکرد."
''هەندێکجار بە زمانی ئینگلیزیش شت دەڵێم، دەنگم ناپچڕێنن، بەڵام کە دێمە سەر زمانی کوردی، مامەڵەی تیرۆرستم لەگەڵدا دەکەن. ناکرێت دەنگی پەرلەمانتار دابخرێت، چونکە ئەوە دەنگی خەڵکە. دیموکراسی ئەمە ناڵێت. من دەزانم ئەمە چ کاردانەوەیەک لە دڵی کوردان دروستدەکات. ئەوان دەڵێن، بۆچی کاتێک بە زمانی من قسە دەکرێت، مایک دادەخرێت؟ دڵیان دەشکێت."
"پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش دەستخۆشییان لێکردم"
رووداو پرسیاری ئەوەی لە گەرگەرلیئۆغڵو کرد، ئایا دوای رووداوەکە و دوای ئەوەی گوتارەکەی تەواوکرد و گەڕایەوە سەر کورسییەکەی لەنێو فراکسیۆنی دەم پارتی، چ کەشوهەوایەک لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو؟ ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی لە وەڵامدا گوتی "ئەوان زۆر دڵخۆش بوون. لە پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیشەوە دەستخۆشیم لێکرا. جگە لە ئاکپارتی، مەهەپە و ئیی پارتی لە تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکەوە کۆمێنتی باش هات و دەستخۆشییان کرد. بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی خراپیش لەلایەن ئاکپارتییەوە نەبوو بۆ من."
قەییوم نایاساییە و تەواوی کورد لە دژیەتی
لەو ماوەیەدا قەییوم بۆ پێنج سەرۆکشاوانی دەم پارتی و دوو سەرۆکشارەوانیی جەهەپە دانراون. عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو جەختیکردەوە لەوەی خەڵکی تورکیا دژی دانانی قەییوم و سیستمی قەییومن، جا دەنگیان بە هەر لایەنێک دابێت.
گەرگەرلیئۆغڵو گوتی "خەڵکی ئێمە دەزانن دانانی قەییوم زۆرەملێ، سیاسی و ئەنقەستە. دەوڵەت هەر کاتێک بیەوێت، وەکو بڕیارێکی سیاسی سزای هاوسەرۆکی شارەوانی دەدات، جا زیاتر دەم پارتییە و هەندێک جاریش جەهەپە. هەمووان ئەمە دەبینن. بەڵام ئەگەر جەهەپەش بێت، بەدڵنیاییەوە ئەوەی قەییومی بۆ دادەنرێت هەر کوردە. دوایین ئەو قەییومانەی دانران، بێگومان خەڵکیان تووڕە کرد. من ئەو تووڕەییە لە ناوچە کوردییەکان دەبینم، هەفتەی رابردوو لە باتمان (ئێلیهـ) بووم. نەک هەر لایەنگرانی دەم پارتی، کوردان بە گشتی ئەوەش کە دەنگی بە دەم پارتی نەداوە، بەو قەییومە تێکچوون، نیگەران و تووڕەن. تەنانەت ئەگەر بەرامبەر پارتەکانی دیکەش قەییوم دابنرێت، کورد هەڵوێستیان هەیە و دژایەتیی دانانی قەییوم دەکەن".
"ئەگەر مافی کورد ژێرپێ بکرێت، پەکەکەش بڕوات مەکەکە دێت"
گەرگەرلیئۆغڵو سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشنیازەکانی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، ئێستا گەورەترین بابەتی گفتوگۆ لە تورکیا ئەوەیە ئایا ئاکپارتی و مەهەپە کۆکن لەسەر ئەو بابەتە یان نا؟!
هەروەها گوتی "راستە ئێستا بانگەوازێک لەلایەن مەهەپەوە هەیە، ئەو بانگەوازەش بۆ ئەوە نییە بڵێت، تائێستا دەوڵەت لە پرسی کورددا هەڵە و ناحەقی کردووە، نا ئەمە ناڵێت. ناشڵێ بەهۆی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی کرا، پێکدادان دروست بوو. بەڵکو دەڵێت با پەکەکە کۆتایی بێت. بەڵام کاتێک مافی کوردان ژێر پێ دەکرێت، ئەگەر پەکەکە بڕوات، مەکەکە دێت. کەواتە ئەمە نابێتە چارەسەر. تۆ کاتێک زمانی کوردی قەدەخە دەکەیت، باس لە چ پرۆسەیەکی چارەسەری دەکەیت؟ لەم بابەتەدا ناکۆکی هەیە. ئەمە بە دانیشتن لەگەڵ رێکخراوێک چارەسەر نابێت."
سەبارەت بە هەڵوێستی دەم پارتی و مامەڵەی لەگەڵ پێشنیازی دەولەت باخچەلی بۆ دیداری شاندی دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گەرگەرلیئۆغڵو گوتی "دەم پارتی هیچ کات دەرگای دانەخستووە و نەیگوتووە با روو نەدەینە مەهەپە. بەو دیدگەیە سەیری بابەتەکە دەکات لە دەرفەتێکە و دەکرێت هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. باخچەلی دەڵێت با دەم پارتی و ئۆجەلان دیداربکەن. دەم پارتی دەڵێت، زۆر باشە با ئەو دیدارە سازبکەین. هیچ کات خەمساردیی لێ ناکات."
"گۆرینی دەستوور، مەرجی چارەسەرکردنی پرسی کوردە"
لەگەڵ دروستبوونی دیالۆگ لەبارەی پرسی چارەسەری، هاوکات پرسی گۆڕینی دەستووریش لە رۆژەڤە. پارتەکانی تورکیا ئەم دەستوورەی ئێستا بە بەرهەمی کودەتا ناودەبەن و کۆکن لەسەر ئەوەی بیگۆڕن.
گەرگەرلیئۆغڵو لەمبارەیەوە گوتی "بێگومان ئێمە چارەسەری یەکجارەکی پرسی کورد لە گۆڕینی دەستووردا دەبینین. ئەگەر دەستوور بگۆڕێت، ئەم پرسە چارەسەر دەبێت. ئەگەرنا بەشێوەیەکی دیکە ناکرێت. داواکارییەکی وەها هەیە، بەڵام ئەمە نیشانەی پرسیارە کە ئایا دەسەڵات چ جۆرە دەستوورێکی لە هزری داناوە. بێگومان ئەگەر دەستوور نەگۆڕدرێت، پرۆسەی چارەسەری ئاسان نابێت."
ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوەدەبات لە ساڵی 1982، دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتیی کەنعان ئەڤرەن ئامادە کراوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، یاساکە لە سەردەمی کودەتاکە بەجێماوە و پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
گۆڕینی دەستووری تورکیا لە رۆژەڤە و ناکۆکی لەسەر گۆڕینی چوار یەکەمین مادەش دروستبووە. بەشێک لە پارتەکان باس لەوە دەکەن بە هیچ شێوەیەک نابێت چوار یەکەمین مادەی دەستوور دەستکاری بکرێت. بەشێکیشیان پێیانوایە گۆڕانکاری لەو چوار مادەیەش ئاساییە. کورد لەگەڵ گۆڕینی ئەو چوار مادەیەیە، چونکە بەربەستی جیددیی سەبارەت بە پرسی کورد تێدایە. هەروەها مادەی 66ـیش کە تایبەتە بە تورکبوون و تەواوی هاووڵاتیان بە تورک دەناسێنێت، یەکێک لەو بەربەستانەیە.
ئەو چوار مادەیەی لە هەموارەکانی دەستووری تورکیا تاوەکو ئێستا هێڵی سوورن:
مادەی یەکەم: پێکهاتەی دەوڵەتی تورکیا کۆمارییە.
مادەی دووەم: کۆماری تورکیا لەسەر بنەما سەرەکییەکانی ئارامی کۆمەڵگە، هاودەنگی و کۆکبوونی نیشتمانی، هەستکردن بە دادپەروەری، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، دڵسۆزی و وابەستەیی بۆ بنەماکانی نیشتمانپەروەریی ئەتاتورک، دەوڵەتێکی دیموکراسی، سیکۆلار، سۆسیاڵ و یاساسالارە.
مادەی سێیەم: دەوڵەتی تورکیا بە خاک و میللـەتیەوە یەکپارچەی نەبڕاوەیە، زمانەکەی تورکییە، ئاڵاکەی وەک لە ستایلەکەیدا هاتووە مانگ و ئەستێرەی سپییە باکگراوندەکەی رەنگی سوورە. سروودی نیشتمانی "سروودی سەربەخۆییە" و پایتەخی ئەنقەرەیە.
مادەی چوارەم: مادەی یەکەم، دووەم و سێیەم بەهیچ شێوەیەک هەمووار و دەستکاری ناکرێن و تەنانەت پێشنیازی هەموار و دەستکاریکردنیشی ناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ