نوێنەری UNHCR لە عێراق: پێویستە سوپاسی دەسەڵاتدارانی کورد و عێراق بکەین بۆ پێشوازیکردنیان لە پەنابەران


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری UNHCR لە عێراق رایدەگەیێنێت، خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوسۆزیی زۆریان نیشانداوە بۆ پەنابەرانی سووریا و "پێویستە سوپاسی دەسەڵاتدارانی کورد و عێراق بکەین بۆ پێشوازیکردنیان لە ئاوارەکان." دەشڵێت، "پەنابەران دەتوانن وەک هەر عێراقییەک لە هەرێمی کوردستان بژین."
 
لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا، ژان نیکۆڵا، نوێنەری UNHCR لە عێراق لەگەڵ دلبخوین دارا باسی هاوکاریی بۆ کۆچبەر و پەنابەران دەکات، بەڵام دەڵێت، پاڵپشتیی دارایی پێویستیان نییە و "ناتوانین یارمەتیی هەموو پەنابەران بدەین.. بەڵکو، پێویستە تەنیا یارمەتی ئەوانە بدەین کە زۆر پێویستیان پێیە."
 
ئەو نوێنەرە باسی لە بەربەستە داراییەکانیان کرد و گوتی، "لە کۆی 350 ملیۆن دۆلار تەنیا 200 ملیۆن دۆلارمان پێدەگات، بۆیە لە هەر دوو کەس دەتوانین یارمەتیی یەک کەس بدەین."
 
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، "وەرزی داهاتوو منداڵانی پەنابەری سووریا لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەردەگیرێن."
 
ژان نیکۆڵا باسی لەوەشکرد کە "هەندێک کەس بەناوی یوئێنەوە پارە لە ئاوارەکان وەردەگرن و گوایە دەیانبەنە ئەمریکا و ئەوروپا، بەڵام ئێمە هەرگیز داوای پارە لە پەنابەران ناکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: بەڕێز ژان نیکۆڵا بیۆز زیاتر لە 240 هەزار پەنابەری سووری و رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەژین، زۆربەیان زیاتر لە 10 ساڵە لە کەمپەکاندان و هێشتا پەناخواز نین و دەیانەوێت پێگەی پەنابەری وەربگرن و کەی بەفەرمی دەبنە پەنابەر دەبن؟
 
ژان نیکۆڵا: پێش هەموو شتێک، دەبێ ئەوە بزانین کە ململانێی سووریا پتر لە 240 هەزار خەڵکی سووریا، کە کوردن، دەربەدەر کردوون، بەزۆری لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقەوە هاتوون. پێویستە سوپاسی دەسەڵاتدارانی کورد و عێراق بکەین بەرامبەر پێشوازیکردن لە پەنابەرەکان و پێدانی شوێنێکی سەلامەت بۆئەوەی ژیانیان بونیادبنێنەوە. لە دە ساڵی رابردوودا منداڵان توانیویانە بچنە قوتابخانە. نەخۆشەکان توانیویانە دەستیان بگاتە چارەسەری پزیشکی. زۆر لەو سوورییانە کاریان هەیە لە کەرتە جیاوازەکانی بازاڕدا لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی. پێویستە بەوە بزانین کە دەسەڵاتداران و خەڵکی کورد و عێراق هاوسۆزی و پشتگیری زۆریان نیشانداوە بۆ خوشک و برا ئاوارەکانی سووریا. بۆیە UNHCR، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری بەرپرسان دەکات بۆ دڵنیابوون لەوەی هەموو ئاوارەکان مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان هەبێت، بۆئەوەی بەشێوەی یاسایی لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان لە بەشەکانی دیکەی عێراقی فیدراڵ بمێننەوە. هەروەها دەستیان بگاتە هەموو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان. 
 
رووداو: بەڵام ئێوە بە فەرمی ئەوانتان بە پەنابەر نەناساندووە، بۆچی تائێستا نەبوونە پەنابەر؟ بۆچی پەناخوازن؟
 
ژان نیکۆڵا: ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە بۆ ئەو خەڵکە ئەوەیە دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بتوانن بە شێوەی یاسایی لە دهۆک، هەولێر و سلێمانی نیشتەجێبن. ئەمەش بەوە بەدیدێت کە هەموویان مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان پێبێت. بۆئەوەی بتوانن بە شێوەی یاسایی لە عێراق بمێننەوە، بە دیاریکراویش لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەوە بۆ ئەو کەسانەی کە ئێستا ناتوانن بگەرێنەوە سووریا، چونکە ئەگەر بگەڕێنەوە زۆر مەترسیدار دەبێت بۆیان، مەترسی لەدەستدانی ژیانیان هەیە یاخود دەستگیردەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. بۆیە ئەوان پێشوازییان لێ دەکرێ بۆ مانەوە لەرێی مۆڵەتی نیشتەجێبوونی مرۆیی لە هەرێمی کوردستانی عێراق. جیاوازی نێوان پەناخواز و ئاوارە هێندە گرنگ نییە. لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە هاتوونە هەرێمی کوردستان دەستیان بگاتە هەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەکو پەروەردە، تەندروستی و دەرفەتەکانی دیکەی ژیان. 
 
رووداو: من لەنێو ئەواندا بووم، کێشە و ئازارەکانیان باش دەزانم، سەردانی کامپەکانی پەنابەرانمان کرد لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک، ئاوارەکان باسی گرفتەکانیان دەکرد، هەندێ دەیانگوت، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا یارمەتی بەشێک لە ئاوارەکان دەدات، یارمەتی هەمووان نادات، هیچ هاوسەنگییەک نییە لە دابەشکردنی هاوکارییەکاندا، دادپەروەریی نییە، ئایا تۆ ئاگاداری ئەمەیت؟
 
ژان نیکۆڵا: بەڕاستی ئێمە ناتوانین یارمەتیی هەموو پەنابەران بدەین، چونکە ئێمە پاڵپشتیی دارایی پێویستمان نییە کە بتوانین یارمەتیی هەمووان بدەین. سیاسەتی ئێمە لەسەر ئاستی جیهان، نەک تەنیا لە عێراق و لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵکو لە سەر ئاستی جیهان، هەمیشە ئەوەیە یارمەتیی خێزانە هەرە لاوازەکان بدەین، چونکە پشتگیریی داراییمان سنووردارە. رێژەیەکی دیاریکراوی پارەمان لەلایەن وڵاتانەوە بەدەست دەگات وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو. ئەمانە پشتگیریی هەوڵەکانمان دەکەن. پشتگیرییەکە سنووردارە بۆیە سیاسەتی ئێمە هەمیشە ئەوەیە یارمەتی هەرە لاوازەکان بدەین. بەشێوەی سەرەکی ئێمە یارمەتی بێوەژنان دەدەین کە منداڵیان هەبێت، سەرۆک خێزانێک کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بێت، کەسێکی بە تەمەن کە بەتەنیا بێت و منداڵی نەبن یارمەتی بدەن. ئەوەی لە جیهاندا روودەدات ئەوەیە کە رۆژ بە رۆژ قەیرانی نوێ دروست دەبن. ئێمە باسی ئەریتریا دەکەین، باسی ئەفغانستان دەکەین، لەم رۆژانەش زۆر باسی ئۆکراینا دەکەین. کەواتە پاڵپشتی دارایی کەم دەگاتە دەستی UNHCR و هاوبەشەکانی دیکەمان بۆ یارمەتیدانی هەموو ئەوانەی پێویستیانە. لەبەرئەوەیە پێویستە تەنیا یارمەتی ئەوانە بدەین کە زۆر پێویستیان پێیە. 
 
رووداو: بەڕێز بیۆز، ئایە نەتەوە یەکگرتووەکان ئێستا هەژارە؟ ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان پارەی نییە وەک هاوکاری بیداتە ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن؟
 
ژان نیکۆڵا: پاڵپشتیی دارایی سنووردارمان هەیە، لەلایەن دەوڵەتانی جیاوازەوە دابیندەکرێت کە پشتگیری هەوڵەکانی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR دەکەن. ئێمە داوای پتر لە 350 ملیۆن دۆلار دەکەین بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی سووریا و ئاوارە نێوخۆییەکانی عێراق کە بەهۆی توندوتیژی سەردەمی ململانێی داعش ئاوارەبوونە. لە کۆی ئەو 350 ملیۆن دۆلارەی ئێمە داوایدەکەین، تەنیا  200 ملیۆن دۆلارمان بەدەست گەیشتووە. کەواتە دەتوانی ببینی کە بۆشاییەک هەیە لەنێوان ئەو بڕەی کە پێویستە و ئێمە خەمڵاندوومانە لەگەڵ ئەو بڕەی کە لەبەردەستی UNHCR دایە. لە راستیدا لە هەر دوو کەسێک دەتوانین یارمەتی یەک کەس بدەین، چونکە پشتگیری دارایی پێویستمان لەبەردەستدا نییە بۆئەوەی یارمەتی هەمووان بدەین لە عێراق. 
 
رووداو: پرسیاری زۆر هەیە، دەمەوێت کەمێک بەباشی لەسەر ئەوە بوەستم، ئەو پارەیەی بۆ کوردستان تەرخانکراوە کە دێتە بەغدا و لە بەغداوە بنێردرێت بۆ کوردستان، پێتوایە ئەو پارەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان و یان دەگاتە پەنابەران و کەمپەکانن؟
 
ژان نیکۆڵا: بەڵێ، ئێمە میکانیزممان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو خێزانانەی کە بارودۆخیان دژوارە. چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو خێزانانە دەکەین بۆئەوەی تێبگەین لاوازییەکانیان چین. ئەگەر کەسێک خاوەن پێداویستی تایبەت بێت، کەسێک زۆر هەژار بێت، یاخود کەسێک منداڵی زۆری هەبن و نەتوانێ خۆراکیان بۆ دابینبکات ئێمە پێش هەمووان یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەین. بەڵام ئێمە دەبێ پشت بە یارمەتی حکومەتی عێراقیش ببەستین. عێراق وڵاتێکە کە لە رابردوودا بە چەندین کێشەدا تێپەڕێوە، بەڵام ئێستا رووی لە سەقامگیرییە. داعشی تێکشکاندووە، وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوتە و داهاتی باشی هەیە. رۆڵی ئێمە وەک ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە یارمەتی حکومەت بدەین لە دابەشکردنی بودجە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان بەتایبەتی بۆ دوو بواری دیاریکراو کە پەروەردە و تەندروستین. لە کاتێکدا قسە دەکەین، داوامان لە حکومەتی بەغدا و هەولێر کردووە بودجەی زۆرتر تەرخان بکەن بۆ پشتگیریکردنی پەنابەران و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
 
رووداو: پەنابەران گلەیی لە خوێندن دەکەن و دەڵێن کە UNECEF چیتر هاوکاریمان ناکات و چیتر پارەمان لەبەردەستدا نییە، بیدەین بە مامۆستا و پرۆسەی خوێندن، کە ئەمە بووەتە هۆی بێبەشبوونی زیاتر لە 40 هەزار منداڵ لەخوێندن، بۆچی یونیسێف ئەو هاوکارییانەی بڕی؟ چارەسەر چییە؟
 
ژان نیکۆڵا: چارەسەر لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە. رێککەوتنێکی باشمان هەیە لەگەڵ وەزیری پەروەردە لە هەولێر. بەنیازە لە وەرزی خوێندنی داهاتوو منداڵانی پەنابەرانی سووریا لە قوتابخانە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرێت. ئەوە لە سێپتێمبەری داهاتوو کە قوتابخانە دەکرێنەوە. مامۆستاکان سەر بە وەزارەتی پەروەردە دەبن، قوتابخانەکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە بونیاددەنرێن و بەڕێوەدەبرێن و پشتگیری دەکرێن. لە بری هەبوونی سیستمێکی خوێندنی پارالێڵ تایبەت بە پەنابەرانی سووریا، هەموو منداڵانی پەنابەرانی سووریا لەگەڵ خوشک و براکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە قوتابخانە حکومییەکان دەخوێنن. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە. ئەمە شتێکە کە لە عێراق و ناوچەکانی دیکەی جیهانیش داوامان کردووە. هەمیشە باشترە سیستمی پەروەردەی گشتی بەکاربهێنرێ نەک دروستکردنی سیستمێکی پەروەردەی پارالێڵی تایبەت بە پەنابەران و ئاواران. مامۆستاکان لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دادەمەزرێن و موچەیان دەدرێتێ لە وەرزی خوێندنی داهاتوودا. 
 
رووداو: ئاماژەت بە باسێکی دیکەدا، لەنێو پەنابەران نەخۆش هەن، لە کوردستان چارەسەر و دەرمانیان نییە، دەبێت بۆ چارەسەر بنێردرێنە دەرەوە، سەردانی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردووە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی نەداونەتەوە، چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر دەکەن و ئامادەن ئەوانەی نەخۆشن و پێویستیان بە دەرەوە هەیە بۆ چارەسەر بیانێرە دەرەوە؟
 
ژان نیکۆڵا: ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش کار دەکەین لە هەولێر. بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی پەنابەرانیش وەک هەموو دانیشتووانی دیکە دەستیان بگاتە خزمەتگوزارییەکان وەکو نەشتەرگەری، چارەسەری پزیشکی و  دەرمان، بۆ ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەرەی پزیشکییە. پەنابەران وەک هەر کەسێکی دیکە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەتوانن سوود لە خزمەتگوزاریی تەندروستی ببینن. وەک هەر عێراقییەک کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین. هەندێ کەیسی دژوارمان هەن کە لەبەر سنوورداریی توانای تەندروستی لێرە، پێویستمان بەوەیە چەند پەنابەرێکی کەم بنێرینە دەرەوە بۆ چارەسەر. بێگومان ئەوەش پشت بەو وڵاتانە دەبەستێت کە وەریاندەگرن، مەبەستم وڵاتانی رۆژئاوایە. ئەوروپا، کەنەدا، ئوسترالیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە زۆر بەخشندانە هەندێجار هەندێ کەیسی نەخۆشی دیاریکراو وەردەگرن بۆ چارەسەرکردن و نەشتەرگەری، چونکە ئەو چارەسەرانە لە وڵاتی خانەخوێ بەردەست نین، کە مەبەستم هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵام ئەو کەیسانە بەراستی زۆر دەگمەنن، چونکە وەک تێدەگەین، ناردنی نەخۆشێک بۆ وڵاتی سێیەم خەرجی زۆری دەوێت. 
 
رووداو: شتێکی دیکە، دەمەوێ پرسیارەکانی خەڵکت پێبگەیێنم، پەنابەران لە ئوردن، تورکیا و لوبنان لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەچنە وڵاتی سێیەم، بەڵام لێرە ئەمە نابینرێت، بۆچی پەنابەرانی ئێرەش وەک ئەوێ نانێرن بۆ وڵاتی سێیەم، میکانیزمی ناردنە دەترەوەی پەنابەران چۆنە؟
 
ژان نیکۆڵا: ئێمە هەمان میکانیزممان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو پەنابەرانەی پێویستیان بەوەیە بنێردرێنە وڵاتی سێیەم بۆ رزگارکردنی ژیانیان، چونکە بۆ نموونە پێویستیان بە چارەسەرێکی پزیشکییە کە لە ئوردن و لوبنان یاخود لە عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەست نییە. رێک هەمان میکانیزممان هەیە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو جۆرە پەنابەرانە. کەواتە هیچ جیاکارییەک نییە بەرامبەر پەنابەرانی سووری دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق. بەڵکو دەڵێم بە پێچەوانەوە، پشتگیرییەکی گەورەیان هەیە بەدیاریکراوی لەلایەن ئەمریکا، کەنەدا، ئەڵمانیا، سوێد و فەڕەنسا بۆئەوەی هەندێک لەو پەنابەرانەی سووریا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق نیشتەجێبکرێن. هەموو ئە وڵاتانە پشتگیرییان دەکەن و ژمارەیەکی زۆری پەنابەر کە پێویستیان بە چارەسەری لەمجۆرەیە وەردەگرن. بەڵام بەداخەوە پێویستییەکە زۆر لەوە زیاترە کە پێویستمانە بۆ نیشتەجێکردنیان. بەڵام هیچ جۆرە جیاکارییەک ناکرێ بەرامبەر ئەو پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین بەراورد بەوانەی لە وڵاتانی دیکەن وەکو ئەردەن و لوبنان. 
 
رووداو: تائێستا چەند کەس یاخود چەند خێزانتان بە رێگەی ئەم پرۆگرامەوە لە هەرێمی کوردستانەوە ناردوون بۆ وڵاتی سێیەم؟
 
ژان نیکۆڵا: لە چەند ساڵی رابردوودا هەزاران خێزانمان ناردوون. هەموو ساڵێک هەوڵدەدەین ئەوانە د ەستنیشانبکەین کە بارودۆخیان دژوارە و پێویستیان بەوەیە بنێدرێن بۆ وڵاتی سێیەم بۆ مانەو لە ژیاندا. بەهۆی لاوازی دیاریکراوەوە وەکو نەخۆشی. دەیاننێرین بۆ وڵاتانی ئەوروپا،ئەمریکا، کەنەدا و ئوستڕالیا. هەزاران خێزان توانیویانە لە هەولێرەوە گەشت بکەن و لە وڵاتی سێیەم ژیانیان بونیادبنێنەوە.  
 
رووداو: ئەو کەسانەی ئێوە دەینێرنە وڵاتی سێیەم، ئایە ئێوە دەستنیشانیان دەکەن و هەڵیان دەبژێرن، یاخود ئەو وڵاتەانەی وەریان دەگرن دەستنیشانیان دەکەن و هەڵیاندەبژێرن، میکانیزمەکە چۆنە؟
 
ژان نیکۆڵا: لە پرسیارەکە تێنەگەیشتم، دەتوانی بۆم دوبارە بکەیتەوە؟
 
رووداو: ئەوانەی ئێوە دەیانێرنە دەرەوە، خۆتان ناوی ئەو کەس و خێزانانە بەو وڵاتانە دەدەن کە وەریان دەگرن، یاخود ئەو وڵاتانە ناوی ئەو کەس و خێزانانە بە ئێوەدەدەن بۆ ئەوەی وەریان بگرن؟
 
ژان نیکۆڵا: سوپاس، ئێمە ئەو کەسانە دەستنیشان دەکەین کە پێویستیانە بچنە وڵاتێکی دیکە. چونکە ئەگەر نەنێردرێن بە زەحمەت بتوانن لە ژیاندا بمێننەوە لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. بەزۆری بەهۆی نەخۆشییەوە، یان ژنانی تەنیا کە ژمارەیەک منداڵیان هەیە و توانایان زۆر سنووردارە بۆ دەستکەوتنی کار. یان رەنگە کەسێک کە مەیلی سێکسی جیاوازی هەبێت، رەنگە رزگاربووانی دەسترێژی بن، یان ئەوانەی کە ئازاری زۆریان بینیوە و پێوسیتیان بە چارەسەری پزیشکی و دەروونییە، چارەسەری دەروونی تایبەتمەند. ئێمە وەک ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەسانە دەستنیشاندەکەین، کەیسەکانیان دەنێرین بۆ ئەو وڵاتانە کە ئامادەن وەریانبگرن. بەڵام بە دڵنیاییەوە بڕیاری وەرگرتنی ئەو پەنابەرانە بەدەست خودی ئەو وڵاتانەوەیە کە وەریاندەگرن. وەکو ئەمریکای باکوور، ئەوروپا و ئوستڕالیا.
 
رووداو: کێشەیەکی دیکە هەیە زۆر گرنگە، چەندین تۆڕی قاچاخچی دروستبوون و بە ناوی یوئێنەو ەتەلەفەۆن بۆ پەنابەران دەکەن و پێیان دەڵێن لە رێگەی یوئێنەوە دەتانێرین بۆ وڵاتانی ئەمریکا و ئوسترالیا و کەنەدا، لەم رێگەیەشەوە ئەو تۆرانە بە سەتان هەزار دۆلاری پەنابەرانیان خواردوون و هەڵیاخەڵەتاندوون، ئایە ئێوە ئاگاداری ئەو بابەتەن بەڕێز بایۆز ؟ 
 
ژان نیکۆڵا: بەداخەوە ئێمە باش ئاگاداری ئەمجۆرە ساختەکاریەیین. کە کەسانێک وا خۆیان نیشاندەدەن کە سەر بە ئاژانسە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن و داوا لە خەڵک دەکەن پارە بدەن بۆ خزمەتگوزاریەکان. ئێمە بەدوایداچووین، چەند کەیسێکمان داوەتە دەستی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکان و دەسەڵاتی دادوەری بۆئەوەی ئەوانیش لێیان بکۆڵنەوە. چونکە ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێ کاری پۆلیس بکات. ئەمە ئەرکی دەسەڵاتی خۆجێییە. هەروەها ئێمە بەردەوام بە پەنابەرانمان گوتووە پارە بۆ هیچ خزمەتگوزارییەک نەدەن، ئەو خزمەتگوزایانەی لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دابینکراون، هەروەها لەلایەن رێکخراوە ناحکومیەکانەوە، هەمیشە بێبەرامبەرن. ئێمە هەرگیز داوا لە پەنابەران ناکەین پارە بۆ هیچ خزمەتگوزارییەک بدەن. وەکو داواکردنی یارمەتی، باشترکردنی شوێنی مانەوە، یان داواکردنی ناردنی بۆ وڵاتی سێیەم، هەموو ئەمانە بێبەرامبەرن. چەندین کەمپەینیشمان ئەنجامداون لە ناوەندی ناوتۆمارکردن و لەرێی کورتەنامەی مۆبایل و بەرنامەی رادیۆیی و بڵاوکردنەوەی نامیلکە لەناو کامپەکان و دەرەوەی کامپەکان بۆئەوەی بیری پەنابەرانی بخەینەوە کە پارە بۆ هیچ خزمەتگوزارییەک نەدەن. بەڵام لەبەرئەوەی خەڵک سەرگەردانن؛ هەندێجار بڕیاردەدەن پارە بدەن بۆ ئەو خزمەتگوزریانە بەهیوای داهاتووێکی باشتر. بەڵام ئێمە بەردەوام پێیان دەڵێین ئەگەر ئەوە رووبدات پێویستە ئاگادارمان بکەنەوە، ئێمە لیدەکۆڵینەوە، لەگەڵ دەسەڵات کار دەکەین بۆ وەستاندنی ئەو فریودان و ساختەکارییە. بۆئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی ئەوان دەزانن کە هەموو ئەو خزمەتگوزاریانە بێبەرامبەرن. بەڵام بەداخەوە ئاگادارین کە ژمارەیەک کەس ئەو لاوازییەی خەڵک دەقۆزنەوە و هیوایەکی ساختەیان بۆ دروست دەکەن و بەڵێنیان پێدەدەن بۆ داهاتوویان و وا دەکەن لە بەرامبەردا پارە بدەن. کە ئێمە هەرگیز ئەو بەڵێنانە نادەین.
 
رووداو: هیچ کەسێک لەو گرووپانە دەستگیرکراون بە پێی زانیارییەکانی ئێوە؟
 
ژان نیکۆڵا: لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە زۆر ئاڵۆزە، چونکە ئەو کەسانەی لە پشت ئەو کارانەوەن ئامادەکاری زۆر باشیان کردووە. سیمکارتێک بەکارناهێنن کە بتوانی ناسنامەی بەکارهێنەرەکەی ئاشکرابکەی. هەموو بەڵگەکان لەناودەبەن کە دەکرێ لە دادگا بەکاربهێنرێن. بۆیە لێکۆڵینەوە لەو کەیسانە بۆ ئێمە و دەسەڵاتیش زۆر قورسە. بەڵام هەر جارێک زانیاریمان بەدەست بگات بەدوایدا دەچین و زانیارییەکە دەنێرین بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و پۆلیس لە هەرێمی کوردستانی عێراق. 
 
رووداو: زۆر سوپاس کەلە بەغداوە لەگەڵمان بووی
 
ژان نیکۆڵا: سوپاس بۆ ئێوەش