گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق: دەبێت هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی فەرەنسا جێبەجێ بکات دواتر دەچینە سەر پرسەکانى دیکە


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، "بە پەرۆش"ن هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەستپێبکاتەوە، کە ماوەی زیاتر لە چوار رۆژە راگیراوە. دەشڵێت، دەبێت هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگەی فەرەنسا جێبەجێ بکات دواتر دەچینە سەر پرسەکانى دیکە. 
 
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات و گوتی: "بەدڵنیاییەوە عێراق و وەزارەتى نەوت، کاردەکەن بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، چونکە دواکەوتن لە پرۆسەى هەناردەکردنى نەوتى عێراق، زیان بە ئابووریى نیشتمانى دەگەیێنێت." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق 
 
رووداو: ئایا عێراق دەیەوێت هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە؟
 
عاسم جیهاد: بەدڵنیاییەوە حکومەتى فیدراڵ و وەزارەتى نەوت پەرۆشن بۆ دەستپێکردنەوەى پرۆسەى هەناردەى نەوت لە هەرێمى کوردستانەوە، لەبەر گرنگییەکەى بۆ عێراق بەگشتى و هەروەها هەرێمى کوردستانیش، بەدڵنیاییەوە عێراق دەیەوێت داهاتەکانى نەوتى زۆر بکات، کە بەهۆى هەناردەکردنى نەوتى عێراقەوە دەستدەکەون، ئەگەر لە کێڵگەکانى نەوتى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە بێت یان لەهەرێمى کوردستان، چونکە ئەوە کاریگەرى دەبێت لەسەر کۆمەڵگەى عێراقى بەگشتى، بە هەموو رەنگ و نەتەوەکانیەوە. 
 
رووداو: عێراق پەلە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان؟ 
 
عاسم جیهاد: بەدڵنیاییەوە عێراق و وەزارەتى نەوت، کاردەکەن لەسەر دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، شاندێکى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدایان کرد و گفتوگۆیان کرد، گفتوگۆکان بەردەوامن لەپێناو ئەوەى پەلە بکرێت، چونکە دواکەوتن لە پرۆسەى هەناردەکردنى نەوتى عێراق، زیان بە ئابوورى نیشتیمانى دەگەیێنێت، زیان بە بودجەى فیدراڵى دەگەیێنێت، زیان بەو داهاتە دەگەیێنێت، کە بەهۆى هەناردەکردنى نەوتەوە دەستدەکەون، هەر رۆژێک لەدواکەوتن ماناى زیانى زیاترە. 
 
رووداو: عێراق بەو میکانیزمە رازییە کە لە پرۆژەیاسای بودجەى گشتى 2023 هاتووە بۆ هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان؟ 
 
عاسم جیهاد: با واقعى بین، ئێستا مامەڵە لەگەڵ بڕیارى دادگەى نێودەوڵەتى دەکەین، بۆیە پێویستە ئەم پابەندبوونە جێبەجێبکەین، لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ و وەزارەتى نەوتەوە، میکانیزمەکە بەو جۆرەیە کە هەناردەکردنى نەوتى عێراق لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە، دەبێت لە رێگەى وەزارەتى نەوت، نوێنەر یان بەرپرسی دۆسیەى هەناردەکردنى نەوت بۆ تورکیا بێت، کە کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتە، ئەمە لە پێشینەى کارەکانە، دەبێت ئەمە جێبەجێ بکەین، دواتر دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنەکانى دیکە، ئێستا هەر رۆژێک هەناردەى نەوتى عێراق دوابکەوێت، زیانى زیاترى لێدەکەوێتەوە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ سەیرى کارە لەپێشینەکان بکەین، کە بریتییە لە پەیوەستبوون بە بڕیارى نێودەوڵەتی، دواتر پێویستە تاوتوێى پرسەکانى دیکە بکرێت
 
رووداو: ئەو بڕیارەى لە دادگەى پاریس دژایەتى و جیاوازى هەیە لەگەڵ ئەو رێکەوتنەى لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى لەبارەى هەناردەى نەوت هەیە کە واژۆ کراوە.
 
عاسم جیهاد: من نامەوێت بچمە ناو ئەو مقۆمقۆیەوە، ئەگەر قسە لەسەر هەناردەى نەوتى عێراق بکەین، نابێت خۆمان لە گفتوگۆى لاوەکى نغرۆ بکەین، ئەمڕۆ ئێمە بڕیارێکى دادگەمان هەیە، پێویستە واقعى بین، گرنگترین کارى لەپێشینەمان دەستپێکردنى هەناردەى نەوتە، بەگوێرەى ئەو بڕیارە نێودەوڵەتییەى کە دادگەى نێودەوڵەتى دەریکردووە، دواتر دەکرێت تاوتوێى هەموو پرسەکانى دیکە بکەین، لەوانە تاوتوێکردنى پڕۆژەیاسای نەوت و گاز و رێککەوتنى سیاسی و ئەوانى دیکە، من سیاسی نیم، تەنیا باس لە لایەنى هونەرى و ئابووریى دەکەم کە ئەو دوو لایەنە ناچارمان دەکات پەلە بکەین لە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهان لە رێگەى وەزارەتى نەوتەوە، بەگوێرەى میکانیزمێک کە رێککەوتنى لەسەر بکرێت، دەبێت پەلە بکرێت لە رێککەوتن لەسەر ئەو میکانیزمانە، لەپێناو دەستپێکردنەوەى هەناردەکردنەکە و بەدیهێنانى داهاتى زۆر، راگرتنى هەناردەى نەوتى عێراق لە هەرێمى کوردستان زیانى دەبێت بۆ هەرێمى کوردستان و ئابوورى نیشتیمانى. 
 
رووداو: لە چەند رۆژى رابردوودا شاندى هەرێمى کوردستان لە بەغدا بوون و شاندێکى دیکەش سەردانیان کرد، هۆکار چییە نەگەیشتنە رێککەوتن؟
 
عاسم جیهاد: گفتوگۆکان بەردەوامن، تێڕوانینى جیاواز هەیە، برایانمان لە هەرێمى کوردستان ئەو پرسە دەبەستنەوە بە بودجەى گشتى و رێککەوتنى سیاسى و پرسى دیکەوە. ئەمڕۆ ئێمە لەبەردەم پێشهاتێکداین، بڕیارێک هەیە، سکاڵایەک هەیە، کە لەلایەن وەزارەتى نەوتەوە بەرزکراوەتەوە، ناکرێت وەزارەتى نەوت پرۆسەى هەناردەى نەوت بە میکانیزمە کۆنەکان دەستپێبکاتەوە، کە لەسەر بنەماى ئەوە سکاڵاکە پێشکێشکراوە، چونکە ئەو دۆخە هەڵوێستى دژ بەیەک لەنێوان حکومەت و وەزارەتى نەوت دەبێت.
 
وەزیرى نەوت لە کۆبوونەوەکاندا ئەوەى روونکردەوە، کە بە پەرۆشە بۆ دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت لەهەرێمى کوردستانەوە و گەرەنتیکردنى داهاتى زیاتر لەوەى هەرێمى کوردستان دەستى دەکەوت، هەروەها یەکێک لە پێشنیازەکان ئەوە بوو کە دەستبکرێتەوە بە هەناردەى نەوت لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراقى و داهاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان هەژمار بکرێت، لەچوارچێوەى ئەو سندووقەى کە رێککەوتنی لەبارەیەوە کراوە. من پێموایە ئەمە باشرین چارەسەرە، بەغدا پەرۆشە بۆ ئەوەى پەلە بکرێت لە چارەسەکردنى ئەو کێشە و گرێیە، دووبارە دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى سۆمۆ و دواتر پرسەکانى دیکە تاوتوێ بکرێن، هیواخوازین بگەینە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە، هەموومان تێگەیشتنمان هەبێت بۆ سرووشتى ئاڵنگارییەکە، ئەمە بڕیارێکى نێودەوڵەتییە نەک بڕیارێکى حکومەتى فیدراڵى، هەروەها بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵى هەیە، کە پێشتر لەوبارەیەوە بڕیارى داوە، دەبێت لە گفتوگۆکاندا هەموو ئەوانە لەبەرچاو بگرین، چارەسەرى خێرا بدۆزینەوە، بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان. 
 
رووداو: رێککەوتنى سیاسی هەیە، لەڕووى هونەریشەوە، لە پڕۆژەیاسای بودجەى 2023 رێککەوتن لەبارەى میکانیزمى هەناردەکردنى نەوت کراوە، دواى بڕیارەکەى دادگەى پاریس چارەنووسی ئەو میکانیزمە چى لێدێت؟ 
 
عاسم جیهاد: لەبارەى بودجە و رێککەوتنى سیاسى، رێککەوتنێکى کۆتایی نەبوو، وەک گوتم پرسەکە پەیوەندیدارە بە بڕیارێکى نێودەوڵەتى، ئەم بڕیارە دەبێت جێبەجێبکرێت، وەستانى هەناردەى نەوتى عێراق زیان بە ئابووریى عێراق و هەرێمى کوردستان دەگەیێنێت، ناکرێت بۆ ماوەیەکى دوور و درێژ بوەستێت، کۆگاکانی نەوت پڕ دەبن کە ئەوەش کێشەیە، وەستانى هەناردەى نەوت لە رۆژێک بۆ دوو رۆژ لە هەفتەیەکدا، ئێمە ئاوات بەمە ناخوازین، وەک گوتم وەزارەتى نەوت دەیەوێت داهاتى زیاترى هەبێت و داهاتى ئەو نەوتەش بۆ هەرێمى کوردستان هەژمار دەکرێت، ئەمە کێشەکەى لەچیدایە! هەروەها کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراقى، نەوتى هەرێمى کوردستان بە نرخى جیهانى دەفرۆشێت، کە زیاترە لەو نرخەى هەرێمى کوردستان لەسەرى دادەنا، کەوابێت زیانەکەى لەچیدایە! ئێمە بەدواى چارەسەرى واقعی و خێرا دەگەڕێین، کە خزمەت بە هەموو لایەک بکات، کە دەبێت واقعیانە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، رێز لە هەموو رێککەوتنە سیاسییەکانى پێشوو و ئێستا دەگرین، بەڵام ئێستا کێشەیەکى هونەرى و پرسێکى نێودەوڵەتیمان هەیە، کە لەلایەن دادگەیەکى نێودەڵەتییەوە دەرکراوە، با بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت دواتر بچینە سەر هەنگاوەکانى دیکە ئەگەر رێککەوتنى سیاسى بێت یان، هیوادارین هەموو کێشەکان بە رێگەى دیالۆگ چارەسەر بکرین.
 
رووداو: چاوەڕێ دەکەن ئەم هەفتەیە هەناردەکرنى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە؟ 
 
عاسم جیهاد: ئێمە هیوامان ئەوەیە، ئەمە لەسەر برایانمان لەهەرێمى  کوردستان وەستاوە، کە لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێک، کە هەموو لایەک پێى قایل بن، هیوادارم برایانمان لەهەرێمى کوردستان واقعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن، وەزارەتى نەوت قبووڵى ناکات نەوتى هەرێمى کوردستان بەم شێوەیە بمێنێتەوە، بەڕێز وەزیرى نەوت چەند پێشنیازێکى لە کۆبوونەوەکاندا کردووە، بۆ ئەوەى داهاتى لێ دەستبکەوێت بۆ هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بڕیارە نێودەوڵەتییەکە، ئەو زیانەى بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت بەشێوەیەکى گشتى زیان بە عێراقیش دەگەیێنێت، بۆیە وەزارەتى نەوت دەیەوێت هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە بۆ ئەوەى داهاتى زیاتر بۆ حکومەت و بودجە دەستبەر بکات، وەستانیشى زیان بە بودجەى فیدراڵى دەگەیێنێت.
 
رووداو: حکومەتى عێراقى هیچ کێشەیەکى لەگەڵ گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان هەیە؟
 
عاسم جیهاد: بەدڵنیاییەوە تێبینى لەسەر سرووشتى ئەو گرێبەستانە هەبوو، لە چەندین کۆبوونەوەدا باس لەوە کراوە، لە دواى پێکهێنانى حکومەت، لەکۆبوونەوەکاندا کەشێکى ئەرێنى هەبوو بۆ باسکردنى سەرجەم پرسە هەڵپەسێردراوەکان کە پەیوەستن بە گرێبەستەکان یان هەناردکردنى نەوتى عێراق، یان پابەندییەکانى هەرێمى کوردستان، گرێى زۆر هەن، گرێبەست کراوە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵى، تێبینى لەسەر ئەو گرێبەستانە هەیە، تێبینى لەسەر رێژەى کۆمپانیاکان و شێوازى دابەشکردنى داهاتەکەى هەیە، هەموو ئەوانە لەدۆخێکى ئەرێنیدا باسکراون، هەرێمى کوردستان خۆى خستووەتە نێو پابەندبوونێکى زۆرەوە، قەرزى زۆر هەیە، بەشێک لە گرێبەستەکان پێشوەختە وەریگرتوون، زۆر لەپرسەکان دەبێت تاوتوێ بکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە، دەبێت دەرچەى واقعی بۆ بدۆزرێتەوە، سەرەڕاى ئەوە وەزارەتى نەوت ئامادەیی بۆ هاوکاریکردن پێشانداوە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەرى ئەو کێشانە، سەرجەم کۆبوونەوەکان لەکەشێکى ئەرێنیدا دەکران و دیالۆگى واقعى دەکران، بۆیە دەبێت بەرژەوەندى هاووڵاتى عێراقى لەبەرچاو بگرین و بەرەو ئەوە بڕۆین گەورەترین داهات بەدی بهێنین، لەپێناو پاڵپشتی ئابووریى وڵات.
 
رووداو: وەزارەتى نەوتى عێراقى هیچ پێشنیازێکى داوەتە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت؟ 
 
عاسم جیهاد: بەدڵنیاییەوە چارەسەرى واقعى هەبووە لەلایەن وەزارەتى نەوتەوە، یەکەم وەزارەتى نەوت جەختى لەوە کردەوە کە بە پەرۆشە بۆ ئەوەى پەلە بکرێت لە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە هەمانکاتدا حکومەتیش هەمان پەرۆشى هەیە، رێنمایی لەلایەن حکومەتەوە هەیە بۆ ئەوەى چارەسەرى هەموو کێشەکان بکرێت بە شێوازێک کە زیان بە بەرژەوەندیى گشتى نەگەیێنێت، دەبێت ئەو دیالۆگانە لە کەشێکى دۆستانە بێت، بەرژەوەندیى نیشتیمانى بخرێتە سەرووی هەموو شتێک، چارەسەرى هەموو ئەو پرسانە بکرێت بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیى ئابووریى نیشتمانیى عێراق بێت و بەرزترین ئاستى داهات بەدیبهێنێت، یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەبوو کە لەهەناردەکردنى نەوتدا هاوئاهەنگى بکەین لە رێگەى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) دواتر پرسەکانى دیکە باس بکەین، کە پەیوەندیدارن بە پرسى بودجە و پرسی رێککەوتنى سیاسی، ئەمڕۆ ئێمە کێشەکەمان ئەوەیە کە دەبێت پرۆسەى هەناردەکردنى نەوت دەستپێبکەینەوە، هەر دواکەوتنێک لەو پرسە زیانى دەبێت بۆ ئابووریى هەرێمى کوردستان و ئابووریى نیشتمانیى عێراق و بودجەى گشتى، بۆیە بەدڵنیاییەوە گرنگترین شت ئەوەیە کە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکرێتەوە. ئەوەش لەلایەن بەڕێز وەزیرى نەوتەوە خرایەڕوو، کە با یەکەمجار بڕیارى دادگەى نێودەوڵەتى جێبەجێبکەین بە هەناردەکردنى نەوتەکە لەلایەن سۆمۆوە و داهاتە بەدەستهاتووەکانیش دەخرێتە هەژمارى هەرێمى کوردستانەوە، وەک ئەوەى هەرێمى کوردستان ئەو داهاتەى بەدەستهێناوە و خستویەتییە نێو بودجەوە، ئەمە یەکێکە لە پرسەکان، بەوەش وەزارەت داهاتى زیاترى دەستدەکەوێت لەوەى هەرێمى کوردستان دەستی دەکەوت.