ماتیۆ زەیس: لەبارەی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا تێنەگەیشتنی گەورە هەیە

28-02-2025
عومەر ئەحمەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاندووە کە لە چەند کاژێری داهاتوودا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت دەلێن ئامادە نین ئەو کارە بکەن تاوەکو رێککەوتنێکیان لەگەڵ نەکرێت کە دوو بابەت گەرەنتی بکات. یەکەم خاڵ کە جەختی لێدەکەنەوە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق دان بنێت بە گرێبەستەکانیان کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیانە. دووەم خاڵیش کە بەلای کۆمپانیا نەوتییەکان گرینگە، گەرەنتیکردنی پێدانی مافە داراییەکانیانە و قەرەبووکردنەوەیان بۆ ئەو نەوتەی کە بەرهەمی دەهێنن لە ئێستا و لە داهاتووشدا.
 
رووداو لەسەر مەرجی کۆمپانیاکانیان و ئەو دەسپێشخەرییەی کە هەیە هەڤپەیڤینی کردووە لەگەڵ ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی کە لە کێڵگەی سەرسنگ و ئەترووش کۆمپانیای سەرکارە.
 
ماتیۆ زەیس لە دیمانەکەی لەگەڵ رووداو دەڵێت، "لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.  خەباتمان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێگە بدات بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دووبارە بکرێتەوە."
 
زەیس دەڵێت، "لە روانگەی ئێمەوە گرێبەستەکانمان بەپێی یاسایی بەریتانی هەمیشە یاسایی بوون و تاوەکو ئێستا دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە."
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای HKN Energy هەروەها دەڵێت، "سەرمان سووڕما کاتێک بینیمان وەزارەتی نەوتی عێراق دووبارە تانەی لە گرێبەستەکانمان داوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە تانەدان لە گرێبەستەکانمان لە هەمان رۆژدا روویدا و حکومەتی عێراق رایگەیاند ئامادەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانن."
 
زەیس دەلێت، "دەبێت هیچ گومان و ناڕوونییەکی یاسایی نەمێنێت لەسەر گرێبەست و وەبەرهێنانەکانمان و تێنەگەیشتنی گەورە هەیە لەسەر رێککەوتنی نێوان هەولێر و بە‌غدا ئەوەی کە تەنیا رێککەوتنی نێوان سەرۆکوەزیران بارزانی و سەرۆکوەزیران سوودانی بەس نیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت."
 
زەیس جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دوای هەناردەکردنەوەی نەوت و کرانەوەی بۆریی نەوت وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن و بە جیدی کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر کەرتی گازی هەرێمی کورستانیش دادەنێت و  کەرتی گازی هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆرە و خوازیارن وەبەرهێنانی تێدا بکەن."
 
لە کۆتاییدا باس لەوە دەکات نزیکەی ساڵێک کاتیان دەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرزبکەنەوە کە پێش داخستنی بۆری نەوتی کوردستان هەبووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ماتیۆ زەیس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN Energyـی ئەمریکی
 
رووداو: بەڕێز ماتیۆ زەیس، بەخێربێیت بۆ بەرنامەکەمان. زۆر سوپاس بۆ بەخشینی کاتت. وا دوو ساڵە هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێی بۆرییەوە راوەستاوە. ئێپیکۆر و کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکانی ئەندام تێیدا، بەردەوام پێداگرییان کردووە کە پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێم بە یاسایی بزانن. هەروەها داوایان کردووە هەردوو حکومەت رێکارێک دابنێن بۆ دڵنیابوون لە پارەدانی ئەم کۆمپانیایانە، چ بۆ بەرهەمی ئێستا و چ بۆ داهاتوو. دەکرێ لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆتمان پێ بڵێیت؟
 
ماتیۆ زەیس: سوپاس کاک عومەر. وەک دەزانی لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە بەهۆی داخستنی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کارەکانمان و کەشی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان هەبووە. هەر وەک ئاگاداریت، ئێمە لەم دوو ساڵەدا خەباتمان کردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە رێگە بدات بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دووبارە بکرێتەوە. 
 
دڵخۆشین بە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان، بە تایبەتی پەسەندکردنی هەموارکردنەوەی بودجە لە مانگی رابردوودا، واتە لە مانگی یەک، کە چوارچێوەیەکی یاسایی دەڕەخسێنێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. بێگومان لەم دوو ساڵەدا زۆر شتمان بەسەر هات، لە بڕیاری نایاساییبوونی گرێبەستەکانمانەوە تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانە. گەرچی پێشکەوتنی باش هەبووە، بەڵام هێشتا کار ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن. 
 
رووداو: با باسی دوێنێ شەو بکەین. هەواڵێک بڵاوبووەوە کە وەزارەتی نەوتی عێراق دیسان داوای تانەی لە دادگای عێراقی کردووە دژی گرێبەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. کاتێک ئەمە دەبینین و لە هەمان کاتدا لێدوانە ئەرێنییەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوت و بەرپرسانی دیکە دەبیستین، جۆرێک لە دژیەکی دەبینین. ئایا نیگەرانی ئەم تانە یاساییەن؟
 
ماتیۆ زەیس: بەڵێ، بێگومان. ئێمە شەڕێکی یاسایی درێژمان کردووە. چونکە لە روانگەی ئێمەوە گرێبەستەکانمان هەمیشە یاسایی بوون. بەپێی یاسای ئینگلیزی یاسایی بوون و لەسەر ئەو بنەمایەش کۆمپانیاکەمان دوو ملیار دۆلاری لێرە وەبەرهێناوە. تەنانەت پشتگیریی داراییمان لە دامەزراوەی گەشەپێدانی ئەمریکییەوە هەیە. هەر لەبەر ئەمەشە کە هەموو کۆمپانیا رۆژئاواییەکان ملیاران دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێناوە. هیچ کۆمپانیایەک ئەو هەموو پارەیە لە کەرتی نەوت و گازدا وەبەر ناهێنێت بەبێ پارێزراویی گرێبەست، کە پێمان وابوو هەمانە.
 
کاتێک دادگاکان، کە بە بڕوای ئێمە بڕیارێکی سیاسی بوو، هێرشیان کردە سەر گرێبەستەکانمان، چونکە هەندێک لایەن لە سیستمی عێراقیدا دەیانویست دەست بەسەر گرێبەست و کێڵگەکاندا بگرن و کەرتەکە پووچەڵ بکەنەوە. دواتر دادگاکان بڕیارەکانیان هەڵوەشاندەوە و گرێبەستەکانیان نەک تەنیا بە یاسایی لە رووی نێودەوڵەتییەوە، بەڵکو بە یاسایی لە یاسای عێراقیشدا دانا. بۆیە زۆر سەرسام بووین بە بینینی ئەو هەنگاوە یاساییەی ئەم هەفتەیە کە دیسان گومانی خستە سەر دروستیی گرێبەستەکانمان.
 
هەندێک لە حکومەتی عێراقدا دەڵێن ئەم هەنگاوە تەنیا بەشێکە لە پرۆسەی ئاسایی تانەلێدان. بەڵام بە بڕوای ئێمە پرۆسەی تانەلێدان تەواو بووە. هەرچەندە ئەو هەنگاوەی ئەم هەفتەیە لە رووی یاساییەوە رێگەپێدراوە، بەڵام بە تێگەیشتنی ئێمە، هەنگاوێکی پێویست نەبوو بۆ کۆتایی پرۆسەی تانەلێدان و بە مەبەستەوە کراوە. بۆیە سەرسامکەر بوو، نەک تەنیا روودانەکەی، بەڵکو ئەوەی کە لە هەمان رۆژدا روویدا کە حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئامادەیە هەناردەکردن دەست پێبکاتەوە. ئەمەش گومانێکی تری خستە سەر نیازی حکومەتی عێراق و بەتایبەت وەزارەتی نەوت لەبارەی رێزگرتن لە مەرجەکانی گرێبەستەکانمانەوە. ئەمە گەورەترین نیگەرانیمانە. ئێمە ئامادەین بۆ هەناردەکردن، بەڵام پێداگرین لەسەر ئەوەی کە گرێبەستەکانمان بەپێی یاسای ئینگلیزی و یاسای عێراقی دروستن. تەنیا رێگەش بۆ کارکردنی کۆمپانیاکان ئەوەیە کە هیچ گومان و ناڕوونییەکی یاسایی نەبێت لەسەر گرێبەست و وەبەرهێنانەکانمان.
 
رووداو: کەواتە بە روونی چیتان لە حکومەتی عێراق دەوێت کە بۆتانی بکات؟ مەبەستم ئەوەیە چ گەرەنتی و چ جۆرە رێککەوتنێکتان پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت؟
 
ماتیۆ زەیس: پێموایە ئەوە پرسیارێکی گرنگە، چونکە تاوەکو ئەمڕۆش تێنەگەیشتنێکی گەورە هەیە لە نێوان بەغدا، هەولێر و کۆمپانیاکان سەبارەت بەوەی چی پێویستە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە. تێنەگەیشتنەکە بەشێوەیەکی سەرەکی لەوەدایە کە وا بیر دەکرێتەوە هەنگاوە یاساییەکان و رێککەوتنە سیاسییەکان وەک هەموارکردنەوەی بودجە کە رێگەی دا بە حکومەت پارەی کۆمپانیاکان بدات، و رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان سەرۆکوەزیران بارزانی و سەرۆکوەزیران سوودانی بەسن بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان نەوت هەناردە بکەنەوە.
 
راستییەکەی، کۆمپانیاکانی ئێمە، وەک هەر کۆمپانیایەکی دیکە لە جیهان یان لە عێراق، پێویستیان بە رێککەوتنی بازرگانییە کە مافەکانی گرێبەستەکانمان بپارێزێت و پارەدان دەستەبەر بکات. ئەم دوو جۆرە رێککەوتنە سەرەکییە پێویستن پێش دەستپێکردنەوەی هەناردە. بۆ دڵنیایی پارەدان، پێویستمان بە رێککەوتنێکە کە لەژێر یاسای بودجەدا گەرەنتیی پارەپێدانمان بکات. یاسای بودجە پێویستە، بەڵام بەس نییە. ئەم گەرەنتییانەش دەبێت یان لە رێی رێککەوتنێکەوە بێت لەسەر چۆنیەتی پارەدان چی بە نەختینە لە وەزارەتی دارایی یان هاوشێوەی ئەوە بێت کە زۆربەی کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە بەشەکانی دیکەی عێراق کاردەکەن لە حکومەتی فیدراڵی عێراق ئێستا پێی وەردەگرن.
 
بەڵام دەبێت یەکێک لەم دوو رێگەیە بۆ کۆمپانیاکان گەرەنتی بکرێت. لێدوانێکی وەزارەتی دارایی بەس نییە بۆ ئەم گەرەنتییە. لەبارەی پارێزراویی گرێبەستیشەوە، هەموارکردنەوەی بودجە باس لە پێویستی دیاریکردنی راوێژکارێکی نێودەوڵەتی دەکات کە تێچووە دادپەروەرانەکان دیاری بکات. بە بۆچوونی ئێمە، تەنیا رۆڵی راوێژکارەکە پشتڕاستکردنەوەی تێچووەکانمانە بەپێی گرێبەستە هەنووکەییەکان. بەڵام دەبێت رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی کاری ئەم راوێژکارە تەکنیکییە بکەین. بەڵێ، چونکە ئەمە پێویستە بۆ پاراستنی مافەکانی گرێبەستەکانمان، چونکە بەبێ ئەمە، راوێژکاری تەکنیکی لەوانەیە شتێکی زۆر جیاواز لەوەی لە گرێبەستەکانماندا هاتووە دیاری بکات. کەواتە ئەم دوو شتە زۆر گرنگن بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بەرەو پێش بچین.
 
رووداو: تۆ باسی ماددەی 12ـی هەموارکردنەوەی بودجەت کرد. لە هەموارکردنەوەکەدا ئاماژەیەک و میکانیزمێک هەیە کە پێدەچێت قەرەبووەکانتان، تێچووەکانتان و هەموو شتێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن نەک حکومەتی عێراق. ئایا چاوەڕێ دەکەن قەرەبووەکانتان لە هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن یان راستەوخۆ لە عێراق؟
 
ماتیۆ زەیس: چاوەڕێ دەکەین لە هەرێمی کوردستانەوە وەریان بگرین بەپێی هەموارکردنەوەی بودجە. بەڵام دەبێت رێککەوتن هەبێت لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاشان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان لەسەر چۆنیەتیی ئەم پارەدانە. 
 
رووداو: بەڵێ، ئایا کۆبوونەوەتان لەگەڵ حکومەتی هەرێم کردووە لەبارەی ئەو بابەتە تەکنیکییانەوە؟
 
ماتیۆ زەیس: کردوومانە و پێمانوایە لەوانە لە بەرەوپێشچوونداین. بەڵام پێموایە بەشێک لە گفتوگۆکان ئەوەیە کە دڵنیا بین هەموو لایەک تێبگەن کە دەستکەوتە یاساییەکان لە هەموارکردنەوەی بودجە و رێککەوتنە سیاسییەکان گرنگن، بەڵام بەس نین بۆ هەناردەکردنی نەوت بەهۆی ئەو رێککەوتنە بازرگانییانەی پێشتر باسم کرد. 
 
رووداو: لە هەموارکردنەوەکەدا تەنیا دوو مانگ دیاریکراوە بۆ دۆزینەوەی کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی. مانگێک بەسەر ئەو ماوەیەدا تێپەڕیوە و کات زۆر نزیکە بۆ ئەوەی بەسەر بچێت تاوەکو کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی وردبینی بدۆزرێتەوە. ئایا هیچ هەوڵێک هەیە لەلایەن حکومەتی عێراق یان هەرێمەوە بۆ دۆزینەوەی کۆمپانیای وردبینی و پێشنیازێک بۆ ئەمە؟
 
ماتیۆ زەیس: بەڵێ، ئێمە پێشنیازی راوێژکاری تەکنیکیی نێودەوڵەتیی جێی متمانەمان کردووە. یەکێک لەو شتانەی پێمان گرنگە ئەوەیە کە تێبگەن گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان و قازانج چۆنە، راوێژکارێک کە شارەزایی و ئەزموونی هەبێت لەگەڵ ئەم جۆرە گرێبەستانە. دەزانم گفتوگۆ هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر ئەو راوێژکارە، بەڵام هاوڕام لەگەڵت کە دەبێت خێراتر کار بکرێت لەسەر دیاریکردنی راوێژکارەکە و پێناسەکردنی چوارچێوەی کارەکەی، چونکە دەبێت پێش دەستپێکردنەوەی هەناردە دیاری بکرێت. 
 
رووداو: بەڵێ. با بگەڕێینەوە سەر هەموارکردنی ماددەی 12، بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک پێشەکیی پارەدان دیاریکراوە. چۆن دەڕوانیتە ئەم بڕە؟ ئایا بڕێکی گونجاوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی تێچوو؟
 
ماتیۆ زەیس: وەک پارەدانێکی کاتی، بەڵێ. پێموایە تێگەیشتنێکی هەڵە هەیە کە گوایە هەر کۆمپانیایەک 16 دۆلار وەردەگرێت بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمە دروست نییە. ئەوەی روودەدات ئەوەیە کە حکومەتی عێراق 16 دۆلار دەدات بە هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ئەو بەرمیلانەی بەرهەمی دەهێنێت، کە ئێستا 300 هەزار بەرمیلە. ئەمە کۆی پارەیەکە کە دواتر بەپێی رێژە دابەش دەکرێت بەسەر کۆمپانیاکان بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکانیان. وەک پارەدانێکی کاتی بەسە، بەڵام پشت دەبەستێت بە کاری راوێژکارەکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی پسووڵەکانمان کە داوای گەڕاندنەوەی پاشماوەی تێچووەکان دەکەین کە 16 دۆلارەکە نایانگرێتەوە. بۆیە دیاریکردنی راوێژکاری تەکنیکی و چوارچێوەی کارەکەی زۆر گرنگە.
 
رووداو: تێچووی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان زۆر زیاترە لە 16 دۆلار. بۆ نموونە ئەگەر کۆمپانیای وردبینی 30 یان 32 دۆلار وەک تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دیاری بکات، پێت وایە خەڵکێک لە حکومەتی عێراقدا چۆن سەیری ئەم دۆخە دەکەن کاتێک دەبینن زیاترە لە 25 یان 35 دۆلار؟
 
ماتیۆ زەیس: بەڵێ، پێموایە یەکێک لەو کێشانەی دوو ساڵی رابردوو رووبەڕووی بووینەتەوە، تێگەیشتنی هەڵە و زانیاریی نادروستە لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنانمانەوە. لە وەزارەتی نەوت و عێراقی فیدراڵدا گوتارێک هەیە کە گوایە تێچووی بەرهەمهێنانی ئێمە زیاترە لە تێچووی کۆمپانیاکانی عێراقی فیدراڵ. ئەمە راست نییە.
 
ئەمە جیاوازییەکەی گرنگە. جیاوازیی سەرەکی لە نێوان کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا ئەوەیە کە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەلایەن وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییەوە پارەدار کراوە. بۆیە مۆدێلەکە بەم شێوەیەیە. ئێمە ملیاران دۆلاری خۆمانمان وەبەرهێناوە، نەک پارەی حکومەت. گرێبەست و مەرجەکانی رێگەمان پێدەدەن ئەو پارەیە بگەڕێنینەوە.
 
وەبەرهێنانەکەمان لە ژێرزەمین و سەرزەمین لە دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتدایە. ئەمە جیاوازە لە مۆدێلی عێراقی فیدراڵ کە حکومەت رۆڵێکی بەهێزی هەیە لە پارەدارکردنی پڕۆژەکان. بۆیە تێچووی بەرهەمهێنانمان زۆر هاوشێوەی هەر کۆمپانیایەکی هاوشێوەیە لە عێراقی فیدراڵ کە وەبەرهێنانی پشکنین و دۆزینەوەی نەوتی هەیە و سەرمایە و تێچووی سەرەتایی هێشتا بۆی نەگەڕاوەتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، نموونە هەن لە عێراقی فیدراڵ کە کۆمپانیاکان تێچووی بەرهەمهێنانیان لە هی ئێمە زیاترە. بۆیە نابێت هیچ کێشەیەک هەبێت لەگەڵ داواکردنی تەواوی تێچووەکانمان، چونکە ئەمە هەمان شتە کە لە عێراقی فیدراڵ روودەدات، زۆر جار بە نرخێکی بەرزتر.
 
رووداو: کەواتە بۆچی خەڵکێک لە عێراق، تەنانەت ئەندام پەرلەمان و شیکەرەوەکانیش، بەردەوام دەڵێن تێکڕای تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە باشووری عێراق نزیکەی 8 دۆلارە؟ بۆچی بەردەوام ئەم ژمارەیە دووبارە دەکەنەوە؟
 
ماتیۆ زەیس: چونکە دەتوانی هەر ژمارەیەک بێنیتەوە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەت. ئەمە ژمارەیەکی دروست نییە. کێڵگە گەورەکانی عێراقی فیدراڵ کە 50، 60، 70 ساڵە بەرهەمهێنانیان هەیە، هەموو ئەو تێچوو و وەبەرهێنانانەی کە کراون بۆ بەرهەمهێنان، لەمێژە گەڕێنراونەتەوە. بۆیە تێچووی ئێستای بەرهەمهێنان زۆر کەمە، یەکەم لەبەر قەبارەی ئەو کێڵگانە و تەمەنیان و گەڕانەوەی هەموو تێچووەکانی وەبەرهێنان. کێڵگە گەورەکانی باشوور تێچووی بەرهەمهێنانیان زۆر کەمە، بەڵام دروست نییە بەراوردی ئەو کێڵگانە بکرێت لەگەڵ کێڵگەیەکی تری عێراقی فیدراڵ کە وەک هی ئێمە وایە و 10-15 ساڵە دەستی بە پشکنین و دۆزینەوە کردووە. تێچووی بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگانە هەمان تێچووی ئێمەیە. بۆیە ئەمە بەراوردێکی نادروستە. ئەوان تێکڕای کێڵگە گەورەکانی باشوور و کێڵگەکانی تر وەردەگرن و دەگەنە 8 دۆلار. ئەگەر بەراوردێکی دروست بکەیت، ئەوە بەراوردێکی یەکسان نابێت.
 
رووداو: چۆن دەڕوانیتە مۆدێلی نوێی گرێبەستەکانی حکومەتی عێراق کە پێی دەڵێن گرێبەستی بەشکردنی قازانج لە جیاتی PSC؟ لەم ساڵانەی دواییدا دەبینین حکومەتی عێراق خۆی بەرەو جۆرە گرێبەستێک دەچێت کە نزیکە لەوەی پێی دەڵێین PSC لە هەرێمی کوردستان، تەنیا ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ گرێبەستی بەشکردنی قازانج. لەسەر ئەمە رات چییە؟
 
ماتیۆ زەیس: بەڵێ، خاڵێکی گرنگە. گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان نزیکە لە گرێبەستەکانی هاوبەشکردنی قازانجی بەغدا. هەرچەندە تەنیا چەند وشەیەک گۆڕدراو بەڵام هەمان شتن. عێراق ناچار بوو لە گرێبەستی خزمەتگوزاری تەکنیکییەوە بگۆڕێت، کە گرێبەستێک بوو بۆ کۆمپانیا گەورەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کێڵگە گەورانەی پێشتر باسم کرد.
 
ئەوان کرێیەکی کەم دەدەن بە کۆمپانیاکان بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکان. ئەمە زۆر جیاوازە لە داواکردن لە کۆمپانیایەک کە لە سفرەوە دەست پێبکات، وەک ئەوەی ئێمە کردمان کە پێویستی بە ملیاران دۆلار وەبەرهێنانە بۆ دۆزینەوە، پشکنین و دواتر بەرهەمهێنان.
 
لە راستیدا گرێبەستی هاوبەشکردنی قازانج و گرێبەستی هاوبەشکردنی بەرهەمهێنان نزیکەی وەک یەکن. هۆکاری گۆڕینی عێراقی فیدراڵ بۆ گرێبەستی هاوبەشکردنی قازانج ئەوەیە کە تەنیا بەم شێوەیە دەتوانن وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی رابکێشن لە کەرتی نەوت و گازدا.
 
رووداو: بەڵێ. زۆر سەرنجڕاکێشە. ئەی لەبارەی گەڕانەوە بۆ هەناردەکردنی نەوت چی دەڵێیت؟ ئەگەر لە داهاتوویەکی نزیکدا هەرێمی کوردستان دەستی بە هەناردەکردن کردەوە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، کۆمپانیاکان لەبارەی وەبەرهێنان و پلانی داهاتوویانەوە لە هەرێمی کوردستان چی دەکەن؟
 
ماتیۆ زەیس: من پێموایە کردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا زۆر گرنگە بۆ ژینگەی وەبەرهێنان لە هەردوو هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق. ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان و هەموو کۆمپانیاکانمان تەنیا 300 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنین. دوو ساڵ پێش ئێستا زیاتر لە 400 هەزار بەرمیلمان بەرهەم دەهێنا. هۆکارەکەی ئەوەیە کە ئێمە بە نرخێکی زۆر داشکاو بەرهەم دەهێنین و دەیفرۆشین، ئەم نرخە داشکاوە رێگەمان نادات هیچ بڕیارێکی وەبەرهێنان بدەین کە بتوانێت بەرهەمهێنان بپارێزێت یان زیادی بکات.
 
کاتێک بۆریی عێراق - تورکیا دەکرێتەوە، کە ئامانجی ئێمەیە، چونکە پێمان وایە مافی تەواومان هەیە نەوتەکەمان هەناردە بکەین بۆ بازاڕی نێودەوڵەتی و نرخی نێودەوڵەتی وەربگرین. ئەو کاتە ئەم توانایە لەژێر گرێبەستێکی یاساییدا هۆکارە بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان و بۆیە کۆمپانیاکان دووبارە بیر لە وەبەرهێنان دەکەنەوە. کاتێک بۆریی عێراق -تورکیا دەکرێتەوە، هەموو کۆمپانیاکانمان، بە مەرجی دڵنیابوون لە پارەدان و پاراستنی گرێبەست، لە دۆخێکی زۆر جیاوازدا دەبین وەک پێشتر بۆ وەبەرهێنان نەک تەنیا بۆ پاراستنی بەرهەمهێنان، بەڵکو بۆ زیادکردنیشی.
 
ئەمە کاریگەری لەسەر کەرتەکانی تریش هەیە، بەتایبەت گاز. کاریگەری لەسەر حکومەتی فیدراڵیش هەیە، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاودێری دەکات و دەبینێت ئایا عێراق شوێنێکە دەتوانین تێیدا وەبەرهێنان بکەین، گرێبەستەکانمان پارێزراو بن و وەبەرهێنانەکەمان پارێزراو و رێزلێگیراو بێت.
 
کە دەتوانین سەرمایە تەرخان بکەین بۆ وەبەرهێنان، بۆ نموونە لە کەرتی گازی هەرێمی کوردستان کە زۆر پێویستی بە وەبەرهێنانە، هەروەک عێراقی فیدراڵیش. ئەمەش دەمباتە خاڵی دواترم. ئێمە وەک وەبەرهێنەرێکی گەورە لە عێراق، زۆر ئامادەین وەبەرهێنان لە دەرفەتەکاندا بکەین، نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە عێراقی فیدراڵیش. بەڵام توانای کارکردنمان لێرە گرنگە بۆ هەموو ئەو بڕیارانە.
 
رووداو: ئەگەر هەموو شتێک رێک خرا و هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بە دەستپێکردنەوەی نەوتی کوردی رازی بوون لەسەر هەموو مەرجەکان، چەند کات دەخایەنێت کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەننەوە بۆ نموونە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا یان زیاتر؟
 
ماتیۆ زەیس: پێموایە ئەمە تەنیا مەزەندەیەکی گشتییە - بەلایەنی کەمەوە ساڵێکی دەوێت، چونکە کاتت دەوێت بۆ دانی ئەو بڕیارانەی وەبەرهێنان و ئەو چالاکییانەی پێویستن، چ نوێکردنەوەی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان بێت، لێدانی بیری نوێ بێت، یان هەموو ئەو شتانەی پێویستە بکرێن. بەڵام دەکرێت بە خێرایی بکرێت. زۆربەی جار، بەلایەنی کەمەوە ساڵێک، رەنگە کەمێک زیاتر، پێموایە دەتوانین بەرهەمهێنان بگەڕێنینەوە ئەو ئاستەی پێش داخستنی بۆرییەکە.
 
رووداو: بەڕێز، ماتیۆ زەیس، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. 
 
ماتیۆ زەیس: زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تێڕوانینەکانت. هەمیشە خۆشحاڵین بە بینینت و قسەکردن لەگەڵت.
 
ماتیۆ زەیس: زۆر سوپاس. 
 
رووداو: زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە