بەرپرسێکی سوێدی: ئێستا مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادرێتە کۆچبەران

28-01-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شێڵ تاریەر، ئەندامی دەزگای کۆچبەریی سوێد لە بەشی دیجیتاڵ و پەرەپێدان دەڵێت، ئێستا لە سوێد مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادرێتە کۆچبەران و لە کاتی رەتکردنەوەی پێدانی مافی پەنابەرێتیشدا، پەناخواز دیپۆرت دەکرێتەوە. 
 
وەرگرتنی پەناخوازان لە سوێد، بە گوتەی ئەو بەرپرسە، بەندە بە جۆری کەیسەکەیانەوە. لەکاتێکیشدا ئەگەر پەناخوازەکە داواکەی رەتبکرێتەوە، بۆ گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی خۆی، پشتیوانی دارایی دەکرێت. 
 
شێڵ تاریەر هەروەها دەڵێت، بۆ پێدانی مافی پەنابەرێتی جیاوازی لەنێوان کوردی پارچەکانی کوردستان دا ناکەین. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ شێڵ تاریەر، ئەندامی دەزگای کۆچبەریی سوێد
 
رووداو: شێڵ، زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵمانیت. 
 
شێڵ: زۆر سوپاس. 
 
رووداو: تۆ لە بەشی دیجیتاڵیت. دەتوانیت باسی ئەم بەشەم بۆ بکەیت؟ دروست کاری ئێوە لێرە چییە؟  
 
شێڵ: کارەکەم پەرەدانە بە بیرۆکە و پڕۆژەکان بە تایبەتی بۆ گەڕاندنەوە و تێکەڵکردنەوە کە یەکێکە لە کارەکانی دەزگای کۆچی سوێدی.  
 
رووداو: دەمەوێت لەبارەی سیاسەتی سوێد بەرامبەر بە کۆچکردن بپرسم. لەم ساڵانەی دواییدا لەو سیاسەتەدا چی گۆڕاوە؟ 
 
شێڵ: خۆی ئەوە لە سەرانسەری ئەوروپادا هەمان شتە. سیاسەتەکە ئەوەیە زیاتر رێگری بکرێت کە لە سوێدیش وایە. 
 
رووداو: کەواتە ئەمە شتێک نییە کە هەر لە سوێد وا بێت، شتێکە هاوتەریبە بە سیاسەتی تەواوی یەکێتیی ئەوروپا بەرامبەر بە کۆچکردن.  
 
شێڵ: بەڵێ، بەڵێ. 
 
رووداو: باشە. گۆڕانکارییەکە لە کوێدا رووی داوە؟ ئێستا کە شتەکە پەیوەندیی بە کۆچکردنەوە هەبێت، چ شتێکی قورسترە؟ 
 
شێڵ: بە گشتی، ئەگەر سەیری هێڵە کاتییەکە بکەیت، پێم وایە هەمووان دۆخەکەی 2015 دەزانن کە لەو کاتەوە چەند شتێک گۆڕاون. هەر بۆ نموونە، بەو جۆرە نەماوە کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی وەربگریت. مۆڵەتی سنووردار وەردەگریت. ئینجا بە گشتی، پێشتر ئەگەر زۆر شت بە کۆچبەران دەدرا و دەبەخشرا، ئێستا سنووردار کراون.  
 
رووداو: ئەم سیاسەتە لە سوێد لەگەڵ حکومەتی نوێی حیزبی دیموکراتدا زیاتر سنووردار کراوە یان گۆڕانکارییەکە بەر لەوە رووی داوە؟  
 
شێڵ: ئەوە بە درێژایی کات پەرەی سەندووە. هەر بۆ ئەوەی روون بێت، من شارەزای ئەو سیاسەت و رێکارانە نیم. بەڵام ئەوەندەی من بزانم، بە تێپەڕینی کات ئەمە پەرەی سەندووە. 
 
رووداو: ئێستا خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچ بەختێکیان هەیە کە لە سوێد مافی پەنابەرێتی وەربگرن؟ 
 
شێڵ: خۆی ئەگەر چاویان لە مافی پەنابەرێتی بێت، ئەوە هەمیشە سەیری کەیسی کەسەکان دەکرێت. لە راستیدا زیاتر بەندە لەسەر ئەوەی دەتوانیت چ کەیسێک بخەیتەڕوو. تەنانەت گەرچی سیاسەتەکە گۆڕاوە و زیاتر سنووردار کراوە، بەڵام بە تەواوەتی کاری نەکردووەتە سەر ئەگەری وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی، ئەگەر کەیست هەبێت. بۆیە ئەوانە دوو شتی جیاوازن کە هێشتا دەیانکەین یان هێشتا دەکرێن. لە رێگەی لێکۆڵینەوەوە سەیری ئەو وڵاتە دەکرێت لێوەی هاتووە، سەیری زانیارییەکانی دەکرێت، سەیری ئەو زانیارییە کەسییانەی دەکرێت کە بەردەستن، پاشان بەراورد دەکرێن بە یاساکان. بۆیە، بە راستی بەندە لەسەر ئەوەی چ کەیسێک دەخەیتەڕوو. 
 
رووداو: ئەوەی رەت دەکرێنەوە... من بە تایبەتی لەبارەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەپرسم کە باشتر ئاگادارن. دوای رەتکردنەوە، ئایا دەنێردرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان؟ 
 
شێڵ: خۆی تەواوی نیەتەکە ئەوەیە. ئەگەر بێیت بۆ سوێد و داوای مافی پەنابەرێتی یان مۆڵەتی مانەوە بکەیت، بەڵام رەت بکرێتەوە، ئەوا سوێد چاوەڕێی ئەوەت لێ دەکات کە بە تەواوەتی پابەندی بڕیارەکە بێت. ئێستا بە شێوەی کردەیی زۆر زیاتر ئاڵۆزە، چونکە پێویستە بەڵگەنامە هەبێت تا کەسەکە قبووڵ بکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ کوردستان. هەروەها پەیوەستە بە ویستی کەسەکەیشەوە. جا ئەگەر کەسەکە گوتی، "بڕیارەکەم بە دڵ نییە، بەڵام پابەندی دەبم،" ئەوا ئەو کاتە کەسەکە لەلایەن خۆیەوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئەگەر کەسەکە بڵێت "بڕیارەکە رەت دەکەمەوە"، ئەوا ئەو کاتە پۆلیس دێتە ناوەوە، ئیدی دەبێتە دۆخێکی جودا، چونکە ئەوە مانای وایە کە پۆلیس لەسەر ئەوە قسەی لەگەڵدا دەکات. لە راستیدا مانای ئەوەیشە کە پۆلیس دەتوانێت قسە بکات و بڕیارەکە جێبەجێ بکات.  
 
رووداو: ئایا ئێستا سەپاندنی بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت؟ 
 
شێڵ: ژمارەی تەواوەتیم لا نییە، بەڵام بەپێی زانیاریی خۆم، پۆلیس لەم پرۆسەیەدا دێتە ناوەوە. هەروەها ئەوەیش دەڵێم کە ئەمە بابەتێکی هەستیارە کە کەسانی ئاستی من سەروکارمان لەگەڵیدا نییە. بۆیە ئەگەر ئاگادار بکرێینەوە، ئەوە بڕیارەکە لە ئاستی بەرزتردا دراوە.  
 
رووداو: بەڵێ. بەڵام ئەگەر بە گشتی قسە بکەین، کەواتە ئەگەر کەسێک لە سوێد داوای مافی پەنابەرێتیی رەت بکرێتەوە، ئەوا پێویستە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، تەنانەت چ خۆویستانە بێت یان بە زۆر.  
 
شێڵ: بەڵێ. گرنگە لێرەدا بیشڵێم، ئەگەر مۆڵەتی نیشتەجێبوونت نەبێت، ئەگەر بەناو تەواوی پرۆسەکەدا چووبیت، ئەگەر هێشتا لە سوێد مابیتەوە، ئەوا مافی وەرگرتنی دەرماڵەی رۆژانە یان دەرماڵەی شوێنی مانەوەت نییە کە ئەوەیش مانای وایە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر خۆت دەژییت و لەسەر شەقامەکان دەبیت. 
 
رووداو: لە دەرەوەی سیستمەکەیە. 
 
شێڵ: بەڵێ، لە دەرەوەی سیستمەکەیە.  
 
رووداو: وەک گوتت، کاتێک کەسێک دەچێتەوە یان دەنێردرێتەوە وڵاتی خۆی، لێرەدا باسی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین، ئەوە بەڵگەنامە و پرۆسەیەکی دەوێت. ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە باشی هاوکارتانە؟ ئایا لەم پرۆسەیەدا هاوکارییەکی باشتان لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆییەکاندا هەیە؟  
 
شێڵ: دەیڵێمەوە، من لە ئاستی خۆمدا زیاتر لە لایەنی پەرەپێداندام، بۆیە لە لایەنی ئۆپەرەیشندا نیم. ئەمە سیاسەتێکە لە ئاستی بەرزتردا. بۆیە دەبێت پرسیارەکە ئاراستەی وەزارەت بکرێت. هەرچەندە، بە گشتی دەتوانم بڵێم، ئەگەر سەیری گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوە بکەن، دەزانن. دەکرێت ئەمە بۆ کوردستان بگوترێت. دەکرێت ئەمە بۆ سووریایش بگوترێت. دەکرێت ئەمە بۆ هەر وڵاتێک بگوترێت. ئەویش ئەوەیە کە یەکێک لە کێشە زۆر گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بەڵگەنامەیە، چونکە ئەوە یەکێکە لە توخمە کلیلییەکان کاتێک کە دێتە سەر بابەتی لۆجستی، گەرچی پرۆسەی گەڕانەوە و تێکەڵکردنەوە زۆر لەوە زیاترە. ئەوە تەنیا بەشێکی پرۆسەکەیە، بەڵام بەشێکی زۆر گرنگیەتی. 
 
رووداو: ئەوانەی دوای ئەوەی رەت دەکرێنەوە خۆویستانە دەگەڕێنەوە، ئایا هیچ پشتیوانییەک دەکرێن یان ئایا هیچ هەوڵێک بۆ پیشتیوانییان هەیە؟ بۆ ئەوەی کاتێک بۆ وڵاتی خۆیان دەگەڕێنەوە بتوانن خێراتر تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە. 
 
شێڵ: بەڵێ. خۆی دوو جۆر پشتیوانی هەیە. یەکێکیان پێی دەڵێین "پشتگیریی نەختینەیی"، مانای ئەوەیە کە بڕێک پارەت دەدرێتێ. هەروەها "پشتگیریی جۆری"ـیش هەیە، مانای وایە کە تۆ لەلایەنە هاوبەشێکی خزمەتگوزارییەوە خزمەتگوزاریت دەدرێتێ کە پشتیوانیی جۆراوجۆرت بۆ دابین دەکات، وەک دەرفەتی کار، دەرماڵەی نیشتەجێبوون و ئەو شتانە.  
 
شتێک هەیە کە شایانی باسە، دەکرێت گژنێیەک بێت بۆ روونکردنەوەی ئەوەی کاری سیستمەکە چۆنە بەر لەوەی سوێد جێبهێڵیت. جا ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەگەر تۆ بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان چاوەڕوانییەکی هەڵەت هەبێت، ئەگەر تەواوی وێنەکەت لە بەرچاو نەبێت، ئەوا بەرنامەی تێکەڵکردنەوەکەت و پرۆسەکە کاتێکی زۆرتر دەخایێنێت. ئەمە لە لایەنی ئەوروپییەوە دەڵێم کە ئەوە زۆر گرنگە هەموو گەڕاوەکان تێگەیشتن و زانیاریی تەواو و گونجاویان لەسەر پشتیوانییەکە هەبێت، چونکە دەنگۆ هەن دەڵێن ئەوروپا و سوێد ئەو پارەیەی لە وەبەرهێناندا خەرجی دەکەن، لە عێراق بۆ پشتیوانیی گەڕاوەکان، شتی وا نییە. هەروەها دەنگۆ لەسەر ئەوە هەیە کە رێکخراوەکە پارەکە گل دەداتەوە و ئەو شتانە. جا ئەمە وا نییە. بە راستی گرنگە کۆچبەرە گەڕاوەکان ئەم متمانەیەیان هەبێت کە سیستمی پشتیوانییەکەیان هەیە.  
 
رووداو: ئایا ئێستا سوێد لە هەرێمی کوردستان هیچ پڕۆژەیەکی هەیە یان پلانی هەیە بۆ پشتیوانیی گەنجان، ئەو گەنجانەی گەڕاونەتەوە یان ئەوانەی رەنگە بۆ ئەوروپا یان سوێد کۆچ بکەن؟  
 
شێڵ: ئێستا سوێد بەشێکە لە بەرنامەیەکی گەورەتری ئەوروپی کە پێی دەگوترێت "خزمەتگوزاریی تێکەڵکردنەوەی هاوبەش". لەو کاتەوەی من لەگەڵ پڕۆژە جیاوازەکانی پەرەپێدان کار دەکەم، وەک هەمیشە ئێمە بە دوای دەرفەتەکاندا دەگەڕێین تا رێگەکان بدۆزینەوە بۆ ئەو لایەنانەی دێن پەیوەندی لەگەڵ گەڕاوەکاندا دروست دەکەن. هیچ وردەکارییەکم لا نییە و کاتی دیاریکراویشی نازانم، بەڵام ئەوە سێ رۆژە لێرەم، زۆر بەرهەمدار و بونیاتنەر بووە. زۆر دیداری سەرنجڕاکێشمان لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و فەرمانگە گشتییەکاندا هەبووە. گفتوگۆکان هەر زۆر بونیاتنەر و کراوە بوون، بەڵام لەوە زیاتر هیچ وردەکارییەکم لانییە. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەسەر مافی پەنابەرێتی. ئەو کوردانەی خەڵكی عێراق نین، بەڵکو خەڵکی کوردستانی ئێران، تورکیا و سووریان، ئایا ئەوان مافی پەنابەرێتی وەردەگرن؟ 
 
شێڵ: ئێمە جیاوازیی لەنێوان کۆمەڵە جیاوازەکاندا ناکەین. کاتێک مافی پەنابەرێتیت دەوێت، چاوت لە هاووڵاتیبوونە.  
 
رووداو: ئێرانی، تورکی، سووری...
 
شێڵ: رێک وایە. هەرچەندە بەشێکبوون لە گرووپێک دەکرێت کێشەی زیاتر بێت، بەڵام ئەوە زۆر گرنگە جەخت لەوە بکەمەوە هەر کەیسێک سەربەخۆ و کەسییانە کاری لەسەر دەکرێت. بەشێک لە کەسایەتیت ئەوەیە سەر بە چ گرووپێکیت، بۆیە ئەوە لە بەرچاو دەگیرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەوە بە جۆرێک بێت جیاوازییەکە دروست بکات. 
 
رووداو: ئەی بەرنامەی یەکگرتنەوە چۆنە؟ بە تایبەتی بۆ ئەوانەی خەڵکی ئێران یان سووریان. ئایا ئەوان دەتوانن ئەو پرۆسەیە لە کوردستانی عێراق بکەن؟ چونکە بۆ نموونە، من دەزانم زۆر کوردی سووریا و بەشەکانی دیکە بە بەرنامەی یەکگرتنەوەدا دەڕۆن دواتر مافی پەنابەرێتییان لە ئەڵمانیا دەدرێتێ. ئەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق. ئایا دەتوانن ئەوە لە هەرێمی کوردستان بکەن یان دەبێت لە شوێنێکی دیکە بیکەن؟
 
شێڵ: ئەمە پرۆسەیەکە من کاریان لەگەڵدا ناکەم. بۆیە ناتوانم هیچت لەو بارەیەوە پێ بڵێم. بەڵام ئەوە پرۆسەیەکی هەیە، وەک هەمیشە دەبێت داواکاری پێشکەش بکەیت و پرۆسەیەک هەبێت تا بڕیارەکە بدرێت. دەکرێت پرۆسەکە درێژخایەن بێت. مانای ئەوەیە کە بڕیارەکە بە چەند رۆژ و چەند هەفتە دەرناچێت، بۆیە دەکرێت پرۆسەیەکی درێژخایەن بێت. هەر دەتوانم ئەوەندە بڵێم، چونکە شارەزاییم لێی نییە. 
 
رووداو: رەنگە ئێستا گەلێک گەنجی کوردستان بتبینن و لەوانەیە نیەتی کۆچیان هەبێت یان زۆرێکی دیکە لە سوێد ئێستا بتبینن، بەپێی ئەزموونی کەسیی خۆت، هەندێک لەو زانیارییە هەڵانە چین کە بڵاون و بتەوێت بۆ ئەو خەڵکانەی راست بکەیتەوە؟ 
 
شێڵ: ئەزموونی من ئەوەیە کە گەلێک گەشتم لە سوێدەوە بۆ کوردستان کردووە بۆ هەولێر و سلێمانی. لەو گەشتانەدا باسی زۆر شتی جیاوازمان کردووە. جا زۆرێک لەو شتانە هەر زۆر سەرەتایین، وەک خۆراک و کەشوهەوا و ئەو شتانە. بەڵام باسی چاوەڕوانییەکانیشمان لە سوێد کردووە. چاوەڕێ دەکەن چییان دەست بکەوێت. یەکێک لە شتەکان ئەوەیە کە بەدڵنیاییەوە بە ئاسانی دەتوانیت کارت دەست بکەوێت. ئەگەر تۆ لە سوێد بژیت، ئەوا وەک تاکە کەس دەوڵەمەندیت، ئەمەیش شتێکە کە سوێد خۆی وەک وڵات دەوڵەمەندە. خۆی مانای ئەوە نییە کە من پارەیەکی زۆرم لە بانکدا هەبێت. بۆیە کە شتەکە پەیوەندیی بەو شتانەوە دەبێت کە پێگە، سامان، کاری باش، بوون بە پزیشک و ئەو شتانە دروست دەکەن، ئەوا سوێد لەناو وڵاتانی دیکەدا وڵاتێکە کە دەبێت هەر بە راستی خۆت بۆ ئەو شتە تەرخان بکەیت. ئۆتۆماتیکییەن دەستت ناکەوێت. شتێکی دیکە کە زۆر کەس بە دەستیەوە دەناڵێنن زمانە. کاتێک لە سوێد قسە بۆ گەنجان دەکەم، بەربەستەکان زۆر سەختترن لەوەی بیریان لێ کردووەتەوە، قورسترن لەوەی پێیان گوتراوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.