ئەو وەزیرەی هەدەپە کە چووە ریزەکانی جەهەپە: جەهەپە پرسی کورد لە دەستووردا جێدەکاتەوە

27-06-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سیاسەتڤانی کورد موسلوم دۆغان کە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هەدەپەیە، پەیوەندیی بە ریزەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد و لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات.
 
موسلوم دۆغان رەخنە لە سیاسەتی دەم پارتی دەگرێت و دەڵێت "نابێت لە دیالێکتی رابردوودا گیر ببیت، بەڵکو دەبێت رابردوو بە باشی بخوێنیتەوە. دەبێت مێژووی رابردوو بە فەلسەفەکەیەوە شیکار بکەیت، چونکە ئەگەر لەوێ گیربخۆن، ناتوانن داهاتوو بچنن. بەڵام رابردوو بۆ بونیاتنانی داهاتوو زۆر گرنگە. یەکێک لەو هەڵانەی ئێمە کردمان ئەوەبوو لە رابردوودا گیرمان خوارد. بەردەوام سەرقاڵی سیستم بووین."
 
ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن؛ جەهەپە لە هەڵبژاردنی 2028ـی پەرلەمانی تورکیا دەسەڵات بگرێتەدەست، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لەلایەن ئەو حیزبەوە، موسلوم دۆغان دەڵێت "لەو باوەڕەدام؛ جەهەپە لە بابەتی پێدانی مافی گەلان رۆڵێکی پێشڕەوانە دەبینێت و پرسی کوردیش لە دەستوورێکی دیموکراسی، یەکسانی، ئازادی و لە یەکسانی لە هاووڵاتیبووندا جێدەکاتەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: ئەمە جێی هەڵوەستە و بیرکردنەوەیە کە دەبینین وەزیری هەدەپە چووەتە ریزەکانی جەهەپە! ئێوە چۆن گەیشتنە ئەو باوەڕەی پەیوەندی بە جەهەپەوە بکەن؟
 
موسلوم دۆغان: راستییەکەی پرۆسەی چوونم بۆ ریزەکانی جەهەپە دوورودرێژە. من کەسێکی خاوەن بیرۆکەی سۆشیاڵ دیموکراتم. کەسێکم لە شوێنێکدا تێکۆشان دەکەم بۆ ئەوەی سیاسەت بە هەموو رەهەندە دیموکراسییەکانییەوە بەدی بێت. لە بنەمادا تورکیا چەند کێشەیەکی گرنگی هەیە و لە سەرووی هەمووشیانەوە کێشەی کورد. خستنە بەر باسی ئەو کێشانە لە زەمینەیەکی بەرفراوانی سیاسیدا و بەرهەمهێنانی چارەسەر و پرۆژە لە دیدی مندا وەکو پێویستییەکی گرنگ دروستبوو. هەر بۆیە ئەوەم هەڵبژارد. دوای ئەوەی لە هەدەپە دەرچووم، لە پرۆژەیەکی هەڵەدا شوێنم گرت. بێگومان بابەتی هەدەپە یان پارتێکی دیکە نییە و گرنگ ئەوەیە لە قۆناخی ئێستا چی دەکەین. دروستبوونی بەرەیەکی دیموکراسی لە وڵات گرنگە و زەمینەیەکی بەرفراوانی سیاسیش بۆ چارەسەری کێشەکان گرنگە. واتا لەسەرمانە سیاسەتی نوێ بەرهەمبهێنین. لەمڕووەوە پارتی گەلی کۆماری دامەزراوەیەکی گرنگ و ئەزموونێکی کەڵەکەبووی هەیە. هەروەها لەسەر ئاراستەیەکی سۆشیاڵ دیموکراتە، گۆڕانکاری و ریفۆرم دەکات. من وام بیرکردەوە کە دەکرێت بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەم و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی وڵاتیش لەگەڵ جەهەپە ئاسانترە. 
 
رووداو: بەشێک لە سیاسەتڤان و شرۆڤەکاران باس لە بەهێزبوونی جەهەپە دەکەن و پێیانوایە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 2028 دەسەڵات وەردەگرێت. ئایا ئێوە پشتئەستوور بەمە ئەو هەنگاوەتاننا؟ بۆ نموونە بۆچی جەهەپەتان بە باش دانا؟
 
موسلوم دۆغان: هەڵبژاردنی جەهەپە، هەروەک باسمکرد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو پارتە هەوڵدەدات بە جەماوەرێکی فراوان و ئایدۆلۆژیایەکی سۆشیاڵ دیموکرات و لەڕێی پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی خۆی بەهێز بکات. جگە لەوەش لەو باوەڕەدام سیاسەتکردن لە دامەزراوەیەک کە رێگەیەکی باشی بڕیوە، دروستترە. کارکردن لەسەر کێشەکانی وڵات لە فراوانترین پانتایی و دروستکردنی زەمینەی فراوان بۆ چارەسەر، پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر دەکات. لەڕووی بەهاکانی کۆمارەوە دامەزراوەیەکی گرنگە. پێشموایە چارەسەرکردنی کێشەکان لە نێو پارتێک کە لەسەر هێڵی سۆشیاڵ دیموکراتە و داکۆکی لە ئازادی و دیموکراسی دەکات، ئاسانترە. پێویستە لە بەرەیەکی فراواندا تێکۆشان بکرێت نەوەک لە بەرەیەکی تەسک و سنووردار. بینیمان کە زەمینەی بەرتەسککراو هیچ چارەسەرێکی نەهێنا. ئەو سیاسەت و پراتیکەی 40 ساڵە هەیە، جگە لەوەی هیچ چارەسەرێکی بۆ بابەتەکان نەکرد، دۆخێکی بێ چارەیی دروستکرد. بەمجۆرە جەهەپەم وەکو ناوەندێک و دامەزراوەیەکی گرنگی سیاسەت و تیکۆشان هەڵبژاردن.
 
رووداو: ئێوە سیاسەتڤانێکن کە زۆر گرنگی بە پرسی کورد دەدەن. راستە ئێستا جەهەپە لە بابەتی پرسی کورددا هەڵوێست و هەنگاوی ئەرێنیی هەن، بەڵام چۆن قایل و دڵنیابوون لەسەر ئەوەی جەهەپەش لە ئەگەری وەرگرتنی دەسەڵاتدا بەردەوام دەبێت؟ بێگومان ئێوە دوای لێکدانەوەی ئەمانە هەنگاوتان ناوە. چۆن دڵنیان لەوەی دۆخێکی هاوشێوەی پرۆسەی چارەسەری روونادات؟ 
 
موسلوم دۆغان: ئەو پارتە سیاسییانەی چارەسەرکردنی پرسی کوردیان خستووەتە بەرنامە، لە جیۆپۆڵەتیکی وڵاتەکەمان تێنەگەیشتوون. بەداخەوە کە زەمینەیەکی سیاسیی بەرتەسک دیاریکراوە و سیاسەتێکی بەرتەسک دەکرێت. بەداخەوە ئەو نادیارییە لە سیاسەت لە جیهان، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدەر لەوەی هیچ چارەسەرێکی نەهێناوە، بگرە دۆخێکی بێ چارەییشی دروستکردووە. لەو باوەڕەدام جەهەپە لە بابەتی پێدانی مافی گەلان رۆڵێکی پێشڕەوانە دەبینێت و پرسی کوردیش لە دەستوورێکی دیموکراسی، یەکسانی، ئازادی و لە یەکسانی لە هاووڵاتیبووندا جێدەکاتەوە. جەهەپە پارتێکی سۆشیاڵ دیموکراتە و پێشڕەوبوونیشی لە چارەسەری بابەتەکە ئاسانکاری دەکات. هەروەها لە دیاریکردنی رۆژەڤی وڵاتیشدا رۆڵی باشی هەیە. سیاسەتی ئەم دواییەی جەهەپە لە دانوستاندن و دیالۆگ نەرمبوونێکی سیاسیی لە وڵاتدا دروستکردووە کە من ئەمە بە گرنگ دەزانم. ئایا ئێمە چۆن چارەسەری پرسی خۆمان دەکەین؟ ئایا لەڕێی دەستوورێکی ئازادیخواز چارەسەری دەکەین؟ یان دەستوورێک کە باس لە یەکسانیی هاووڵاتیبوون دەکات؟ ئێمە لە قۆناخێکداین کە گەنگەشەی تەواوی ئەمانەی تێدا دەکرێت. گرنگترین بەرهەمی ئەو قۆناخەش وەکو دامەزراوەی سیاسی، جەهەپەیە. دەمەوێت بڵێم کە لەو باوەڕەدام جەهەپە ئەمە دەخاتە بەرنامەی خۆی. لەو باوەڕەشدام تورکیا لە دووەمین سەد ساڵیدا دەبێتە وڵاتێکی دیموکراسیتر و ئازادتر. 
 
رووداو: چەند جارێک بیستمان و بڵاوبووەوە کە بەڕێز موسلوم دۆغان پارتی سیاسی دادەمەزرێنێت. بەڵام ئەوەتا دواجار هیچ پارتێکتان دانەمەزراند. ئایا هەوڵێک هەبوو و بە ئەنجام نەگەیشت؟ یاخود هەنگاوتان نا و پەشیمان بوونەتەوە؟ 
 
موسلوم دۆغان: بابەتی دامەزراندنی پارت، لەبەر ئەوەی رووبەڕووی ئەزموونێکی خراپ بووم، بووەتە بابەتێک کە بیری لێ ناکەمەوە. دامەزراندنی پارت لە نزیکەوە پەیوەندیدارە بە دروستکردنی ئەلگۆریزمێکی نوێ. پێویستە دڵنیابیتەوە لەوەی ئەلگۆریزمێکی نوێ دروستدەکەیت. بۆ نموونە دەبێت چاودێریی هەلومەرجە سیاسییەکان بکەیت. ئەمە کارێکی سەختە و ئاسان نییە. بەڕای من پێویستیش نییە، چونکە لە تورکیادا ئەوەی من بیزانم 127 پارتی سیاسی هەیە. ژمارە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمان دیارە چەندە. گرنگ سەرنجدانی دروستە لەسەر چارەسەری کێشەکانی وڵات، هەروەها خوێندنەوەی کۆمەڵگەیە بە دروستی و تێکەڵکردنیەتی بە بەرژەوەندیی گشتی، ئەمە لای ئێمە پرەنسیپە. ئەمڕۆ لە تورکیادا بەرژەوەندیی هاوبەش دەبێت یەکسان بێت بە دروستکردنی وڵاتێکی دیموکراسی و بەهێزکردنی پێکەوەژیان. هەروەها دەبێت لەنێوبردنی ئەو نایەکسانییە بێت کە لەنێوانماندا دروست بووە. لەم نێوەندەدا بەشێک لە هاوڕێیانمان لە هەوڵی دامەزراندنی پارتێکی سیاسین و دیدار و کۆبوونەوەشمان کرد. من ئەم بیرۆکانەم پێگەیاندن و پێمگوتن کە پێویست نییە. تەواوی ئەو ئەزموونە خراپەی خۆمم بۆ باسکردن کە لەم بابەتەدا هەمە. چونکە پارتی سیاسی ئیرادەیەکی بەهێزە و بەهای بەرزی سیاسی لەخۆدەگرێت. لەوانەیە یەکخستنی تەواوی ئیرادەکان و دانانی پلانی پارتێکی نوێ ئاسان ببینرێت، بەڵام لە تورکیادا ئەمە یەکێک لە کارە سەختەکانە.
 
رووداو: بێگومان سیاسەتڤانی کورد لە نێو جەهەپە هەن. ئەگەر بە نموونە بیڵێین بەڕێز تانڕیکوڵو و زۆری دیکە لە جەهەپەدا کە زۆر چالاکانە کاردەکەن. ئێوە چوونە ریزەکانی جەهەپە، ئایا هیچ پۆستێک یان ئەرکێک بە ئێوە دراوە، یان بوونەتە ئەندامێکی ئاسایی؟ 
 
موسلوم دۆغان: جیا لە چاودێریکردنی تاک بە تاکی کەسایەتییەکانی نێو جەهەپە، پێویستە سەیری ئەوە بکرێت کە هاوڕێیانی ئەوێ لەسەر چ بنەمایەک سیاسەت دەکەن. جەهەپە پارتێکی کوتلەییە و جەماوەرێکی بەرفراوانی هەیە. باوەشێنەیەکی کراوەیە و بیر و بۆچوونی جیاوازی لەخۆیدا کۆکردووەتەوە. لەوێدا هێڵێکی سۆشیاڵ دیموکرات هەیە. ئامانجێکی نوێبوونەوە و گۆڕانی خستووەتە بەردەم کە ئەمە هیوابەخشە. لێرەدا زۆر گرنگە کاتێک دەبینین کەسانێکی پرۆفایل جیاواز دەیانەوێت کاری سیاسیی جددی بکەن. من دەبینم ئەو هاوڕێیانەی باست کردن، کاری زۆر ئەرێنی دەکەن. ئەمەش بۆ من زۆر گرنگە. بە گشتی ئەوەی لێرەدا گرنگە، دروستکردنی بەڵگەنامەی سیاسییە لە بەرژەوەندیی داهاتووی کۆمەڵگە و وڵات. ئەمە وادەکات سیستمێک دروستبێت. لەمڕووەوە ئامانجمە سوود لە ئەزموونی هاوڕێیان وەربگرم. بەتایبەتی لە زانیاری و ئەزموونی پارتەکە و دروستکردنی بەڵگەنامەی سیاسی. بێگومان ئەمە لەبارەی دیسپلینی پارتەکەش گرنگە.
 
رووداو: بێگومان ئێستا ئەم هەنگاوەی ئێوە بۆ دەم پارتی جێی هەڵوەستەیە. بەتایبەتی کە ئێوە پێتانوایە ئیدی ناتوانن لە چوارچێوەی دەم پارتی سیاسەت بکەن. ئەم هەڵوێستەتان لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی ئەم تێڕوانینەتان لەسەر دەم پارتی هەیە؟
 
موسلوم دۆغان: ئەو پێکهاتە سیاسییانەی لە جیۆپۆلیتیکی ئەم وڵاتەی لێی دەژین تێناگەن و ناتوانن کۆمەڵگە بخوێننەوە و هەر لە دیالێکی رابردوودا جێماون، پێموایە سوودیان بۆ هیچ کەسێک نەبووە و ناشبێت. نابێت لە دیالێکتی رابردوودا گیر ببیت، بەڵکو دەبێت رابردوو بە باشی بخوێنیتەوە. دەبێت مێژووی رابردوو بە فەلسەفەکەیەوە شیکار بکەیت. چونکە ئەگەر لەوێ گیر بخۆن، ناتوانن داهاتوو بچنن. بەڵام رابردوو بۆ بونیاتنانی داهاتوو زۆر گرنگە. یەکێک لەو هەڵانەی ئێمە کردمان ئەوەبوو لە رابردوودا گیرمان خوارد. بەردەوام سەرقاڵی سیستم بووین. بێگومان ئامانجی بنەڕەتیمان ئەوەیە سیستم بە دیموکراسی بکرێت و لەسەر هێڵێکی یەکسانی دیموکراسیدا جێگیر بکرێت. هەر بۆیە پێویستە گۆڕەپانی تێکۆشان بەرفراوانتر بێت. چونکە لە گۆڕەپانی تەنگدا سیاسەت ناکرێت.
 
سیاسەت دەبێت ئامانجێک بێت بۆ گەیشتن بە فراوانترین چینەکانی کۆمەڵگە و خزمەتی بەرژەوەندی و بەها هاوبەشەکان بکات.  ئەمڕۆ ئامانج دروستکردنی کۆمەڵگەی تورکیایە. پێویستە ئەوە بکرێتە ئامانج کە ئەو مرۆڤانەی لە نەتەوە، پێکهاتە و باوەڕی جیاوازن، بە شێوەیەکی یەکسان بژین. ئەمە دیدگەیەکە جیهانی هاوچەرخ زۆرترین گرنگیی پێدەدات. دەکرێت پارادیگماکان راست بن. ئەگەر ئێوە پارادیگماکان بە دروستی نەخوێننەوە، ناتوانن سیاسەتی دروست بکەن. کاتێک ناتوانن جیۆپۆلیتیک و کۆمەڵناسییەکەی بە دروستی بخوێننەوە، ناتوانن بە راست و دروستی سیاسەت بکەن. من رێزم بۆ دامەزراوە و پێکهاتە سیاسییەکانی دیکە هەیە. رێزم بۆ ئەزموونیشیان هەیە. بە هیچ جۆرێک بێڕێزی بە تێکۆشان و ئایدۆلۆژیای تێکۆشانی هیچیان ناکەم. بەو دامەزراوەیەشەوە کە من لێوەی هاتووم. ئەوە گۆڕەپانی تێکۆشانە کە ئێمە هەڵمانبژاردووە، دیموکراسی و ئاشتەواییە کە بناخەکەی یەکسانی و بونیاتنانەوەی داهاتووە. من، دەزانم لە زۆر وڵاتدا و لە چوارچێوەی تێکۆشانی دیموکراسیانە کێشەی زۆر چارەسەرکرا. وڵاتانی ئەوروپا نموونەی ئەمەن. ئەگەر لە وڵاتی ئێمەدا دەستوورێکی یەکسان، دیموکراسی و ئازادیخواز وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، هیچ کێشەیەک نامێنێت. بەتایبەتی لەڕووی بیروباوەڕ و نەژادەوە. من لەگەڵ ئەوەدا نیم بە تەنیا سیاسەت لەسەر بنەمای نەژاد و بیروباوەڕ بکرێت. راستە دەکرێت تۆ ئەمە بکەیتە بناخەی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام دەبینیت کە ئەو جۆرە سیاسەتە خزمەت بە وڵات ناکات. گرنگ ئەوەیە سوود و بەرژەوەندیی تایبەت بخەیتەڕوو، سیاسەت پێویستی بەمەیە. من دەمەوێت ئەمە بکەم، بە هیچ جۆرێک هیچ کەسێکم نەکردووەتە ئامانج. گرفتیشم لەگەڵ هیچ پێکهاتەیەکی سیاسیدا نییە. پێویستە تێکۆشانی سیاسیی من بەمجۆرە هەڵبسەنگێندرێت.   
 
موسلوم دۆغان کێیە؟
 
ناوی تەواوی موسلوم دۆغانە، کوردە و ساڵی 1959 لە شارۆچکەی دیڤریخی لە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان لەدایکبووە. نزیکەی 60 ساڵە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەژی. خوێندنی باڵای لە ئەندازیاریی نەخشەدانان لە زانکۆی سەلجووقی پارێزگای کۆنیا تەواوکردووە.
دۆغان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).
 
لە خولەکانی 25 و 26ـی پەرلەمانی تورکیادا پەرلەمانتاری هەدەپە بوو لە بازنەی ئیزمیر، لە 63ـیەمین کابینەی حکومەتی تورکیا کرایە وەزیری گەشەپێدان. ساڵی 2018 دەستی لە هەدەپە کێشایەوە. دواتر بووە سکرتێری گشتیی پارتی دەنگی تورکیا کە ئایهان بیلگەن سەرۆکی بوو. 
 
رۆژی 25-6-2024 بە فەرمی پەیوەندیی بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کرد و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتەکەوە پێشوازیی لێکرا.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە