ئەحمەد تورك: لەگەڵ ئەوە نەبووین لەیلا زانا بە كوردی سوێند بخوات

27-06-2018
کاوە ئەمین
نیشانەکردن ئەحمەد تورك
A+ A-

رووداو – مێردین

بەشی سێیەم و كۆتایی 

ئەحمەد تورك، سیاسەتڤان و پەرلەمانتاری پێشووی توركیا لە بەشی سێیەم و كۆتایی بەرنامەی پەنجەمۆردا كە لە تەلەڤزیۆنی (رووداو) پەخش دەكرێ، باسی شەهیدكردنی مووسا عەنتەر دەكات، هەروەها باسی هەوڵی ئاگربەستی نێوان پەكەكە و توركیا لە سەردەمی تورگۆت ئۆزال دەكات و دەڵێت بەهۆی مردنی ئۆزالەوە ئاگربەستەكە سەری نەگرت. ئەحمەد تورك سەبارەت بە سوێندخواردنەكەی لەیلا زاناش لە پەرلەمانی توركیا دەڵێت، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە لەو رۆژەدا ئەو كارە بكرێ‌، بەڵام لەیلا زانا لەژێر كاریگەریی مەهدی زانای هاوژینیدا سووربوو لەسەر ئەوەی بە كوردی سوێند بخوات.

رووداو: روون نەبووەوە كێ مووسا عەنتەری شەهید كرد؟ دەڵێن كەسێك كە لە سوێد نیشتەجێیە، پێشتر دانی بەوەدا ناوە كە دەستی لە كوشتنی موسا عەنتەردا هەبووە. ئەو كەسە دادگایی نەكرا؟

ئەحمەد تورك: لە تاوانەكانی بكوژ نادیاردا كە مووسا عەنتەریش یەكێك بوو لەوان، هیچ تۆمەتبار یان تاوانبارێكیان دەستگیر نەكراون. ئەوانەشی لەسەر ئەو تاوانە دەستبەسەر كران، ئازادكران. ئەوەی لە سوید ناوەكان دەدات و دەڵێت "فڵان و فڵانیان ناردە لای (...) و بەو شێوەیە شەهیدیان كرد، لەڕاستیدا ئەو لەنێو رووداوەكەدا بووە یان نا، نازانم، بەڵام ئەو ئاگادار بووە و 5 بۆ 6 كەس مووسا عەنتەریان شەهید كردووە.

رووداو: لە ساڵی 1993 كاتێك ئێوە دەچنە پەرلەمان، لەیلا زانا و چەند پەرلەمانتارێك بە كوردی سوێد دەخۆن، سوێندخواردنەكەی لەیلا زانا بە پلان بوو؟

ئەحمەد تورك: لەدوای هەڵبژاردن، كاتێك چووینە پەرلەمان كۆبوونەوەیەكمان كرد و گوتمان: بەناوی كوردایەتی پەیامێك بگەیەنین. هەندێك پەرلەمانتار بابەتی قردێلەیان هێنایە رۆژەڤ. ئێمە گوتمان با لە رۆژی یەكەم لە پەرلەمان رێگە لەبەردەم خۆمان نەگرین، بەڵكو دەتوانین بە زمانی خۆمان باسی پرسی كورد بكەین و هەوڵی بۆ بدەین. ویستمان بڵێین، ئێمە بۆ مووچە نەهاتووین، بەڵكو بۆ پاراستنی مافی گەلی كورد هاتووینەتە پەرلەمان، بەڵام هەندێك هەڤاڵ لەوانەش مەهدی زانا قردێلەیان هێنابوو. لەیلا زانا قەناعەتی پێكردین لەیەكەم دانیشتنی پەرلەماندا بە كوردی سوێند بخوات و گوتی ئەوە هەلێكە و دەكرێت پرسی كورد بهێنینە رۆژەڤەوە، چونكە هەموو تەلەفزیۆنەكان راستەوخۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنەكەیان پەخش دەكرد. هەرچەندە گوتمان دەكرێت لە رۆژانی دیكە و بەشێوەی جیاواز پەیامی كوردبوون بدەین، لەولاوە مەهدی زانا هەڵسا و بە لەیلا زانای گوت: تۆ بەڵێنت بە كورد داوە و پێویستە ئەو شتانە بڵێیت.

رووداو: بەڵام مەهدی زانا ئەندامی پەرلەمان نەبوو؟

ئەحمەد تورك: بەڵێ‌، بەڵام هاتبووە پەرلەمان. ئەو لەوێ زۆری لە لەیلا زانا كرد كە دەبێت ئیللا ئەو شتە بڵێت. بۆیە لەیلا لەژێر كاریگەریی ئەودا بوو. دەمبینی چ ناڕەحەتییەك لە پەرلەمان دەگوزەرێت، گوتمان: دەكرێت پەیامەكەمان بگەیەنین، بەڵام نەك ئەمڕۆ. قسەكردن بێسوود بوو، چەند هەڤاڵێك كە بڕیاریان دابوو بێنە پەرلەمان و قسە بكەن، یەكێكیان ئەو رۆژە هەر نەهاتە پەرلەمان. ئەوانەی دیكەش لە بەڵێنەكانیان پەشیمان ببوونەوە.

رووداو: هێرشی فیزیكییان نەكردە سەرتان؟

ئەحمەد تورك: نەخێر، بەڵام كارەكەیان پرۆتستۆ كرد و بە سلێمان دیمیرێلیشەوە دەیانكێشا بە مێزەكانی بەردەمیاندا. بانگی لەیلا زانایان كرد بۆ ئەوەی سوێندخواردنەكەی دووبارە بكاتەوە.

رووداو: دووبارەی كردەوە؟

ئەحمەد تورك: بەڵێ‌، بەڵام هەمان شتی پێشووی گوتەوە. لەیلا بەس ئەوەی گوت كە ئەو سوێندە بۆ برایەتی گەلی كورد و تورك دەخۆم. بە كوردی گوتی، بۆیە زۆر ناڕەحەت ببوون.

رووداو: جگە لە لەیلا كەسی دیكە بە كوردی سوێندی خوارد؟

ئەحمەد تورك: نەخێر، بەڵام خەتیب دیجلە بە توركی گوتی: "ئەو سوێندە لە دڵەوە ناخۆم، هەرچەندە بە دڵی من نییە، بەڵام بە ناچاری دەیخۆم".

رووداو: دەگوترێ‌ بنكەی جەماوەری هەپ و دەپ و پەكەكە و تادوایی هەمووی یەكە، بەڵام ئێوە پەیوەندییەكی ئۆرگانیزیتان لەگەڵ پەكەكە نییە، توركیا زۆرجار وای دەبینێت؟

ئەحمەد تورك: ئێمە دەمانەوێت مافی گەلی كورد بپارێزین. ئەمڕۆ پەكەكەش دەڵێ بەناوی گەلی كورد سیاسەت دەكەم. بۆیە لە بنەڕەتدا هەموو ئەو سیاسەتەی دەكرێت بۆ مافی گەلی كوردە، بەڵام تۆ بڵێی لەنێوان پەكەكە و سیاسەتی ئۆرگانیزەكراو شتێكی وا نییە. 

هەندێكجار دەڵێم خۆزگە پارتەكەمان بەشێكی سیاسی پەكەكە بووایە، بەڵام ئەو تێكەڵییە نییە. زۆرجار بە ئێمە دەڵێن رەخنە لە پەكەكە بگرن و پێیانبڵێن تیرۆریست، ئێمە شتی وا ناڵێین. بۆیە دەڵێن ئێوە و پەكەكە یەكن.

رووداو: گۆڕانكارییەك بەتایبەتی لە سەردەمی تورگۆت ئۆزال روویدا، تۆ لەنزیكەوە ئاگاداری مەسەلەی پەیوەندی باشوور و توركیای. مام جەلال و كاك موحسین دزەیی سەردانی ئۆزالیان كرد، ئەوەی تۆ بزانیت ئەو پەیوەندیانە چۆن دروست بوون؟

ئەحمەد تورك: سەرۆكوەزیر ناوبەناو دیداری لەگەڵ ئێمە دەبوو، كاتێك تانسۆ چیللەر بووە سەرۆكوەزیران جارێكیان هات و سەردانی كردم، بەڵام لەژێر چاودێری فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكانی سوپای توركیادا بوو. ئەو گوتی: مۆدێلی باسك دەپارێزین، بەڵام لەدوای ئەوە هەموو تەسلیمی دەوڵەتی قووڵ بوون. راستییەكەی كۆنترا گەریلا بە هەموو شێوەیەك بەناو كەوت و رووداوی بكەر نادیاریش بەردەوام لە هەڵكشاندا بوو. لەدوای چیللەر، مەسعود یەڵماز هات، ئەویش گوتی: رێگەی ئاشتی و دیموكراسی بە دیاربەكردا تێدەپەڕێ، بەڵام ئەویش كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر دەوڵەت نەبوو. هەتا رۆژێكیان یەكترمان بینی گوتی: دەوڵەتم نەدەناسی! لەدوای رووداوی كوشتنی وەداد ئایدن بە ئێمەی گوت: "راستیەكانیشیان بەمن نەدەگوت و ئاگاداریان نەدەكردمەوە."

بەڵام لەسەردەمی ئۆزالدا سیاسەتێكی لیبراڵ بەڕێوەبرا. ئۆزال ویستی درێژە بەو سیاسەتە بدات كاتێك بووە سەرۆك كۆمار، هەرچەندە لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بوو، بەڵام  كاریگەرییەكی ئەوتۆی بەسەر دەوڵەتەوە نەبوو. ئەو دەیگوت پرسی كورد بەبێ شەڕی چەكداری چارەسەر دەكرێ.. ئەوكاتیش هەم مام جەلال و هەم كاك مەسعود دەیانویست پەیوەندی لەگەڵ توركیا دروست بكەن.

لەو نێوەدا جەنگیز چاندار و حەسەن جەمال و چەند هەڤاڵێكی دیكە هەبوون، لەوكاتەدا هەڵبەتە رێگەی سیاسەتمەدارانی كوردی باشوور لە توركیاوە بوو، دۆستایەتیەك بنیات نرا. ئەوكات  ئێمەش دەمانویست ئەو شەڕِەی لەنێوان پەكەكە ودەوڵەتدا هەیە بوەستێنرێ. مام جەلال دەیویست ئەوە بخاتە بەرباس و لەدوای ئەوە جەنگیز چاندار و مام جەلال و ئۆزال هاتنە لای یەك و ئەوكاتە زانیارییان پێماندەدا. چونكە لەگەڵ جەنگیز چاندار رۆژانە یەكدیمان دەبینی، بیروڕامان دەگۆڕییەوە. ئەو پەیوەندییەی دروستبوو بەشی زۆری لە رێگەی جەنگیز چاندارەوە بوو. ئۆزال مرۆڤێكی كراوەبوو، مانگی جارێك یان دوومانگ جارێك لەگەڵ ئێمە كۆدەبووەوە و هەر كاتێك داوای دیداری ئەومان بكردایە نەیدەگوت نا. ئێمە دەچووین بە كراوەیی هەموو شتێكمان دەگوت. رۆژێكیان چووینە لای ئۆزال و گوتمان دەمانەوێت بچینە لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە شام، بۆ ئەوەی رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بكەینەوە. ئۆزال دەستی خستە سەر شانم و گوتی: كاك ئەحمەد لە هەموو كەس زیاتر تەیری بازم، بەڵام لەو باوەڕەدام پرسی كورد بە شەڕ و ئینكاری چارەسەر ناكرێت. دەمانەوێت بە دیالۆگ ئەو پرسە چارەسەر بكەین. ئەو گوتی بڕۆن، بەڵام چەند كەسێك لە پارتێكی دیكە قایل بكەن و ئەوانیش لەگەڵ خۆتان ببەن بۆ ئەوەی سبەی كێشەتان بۆ دروست نەبێ‌. لە پارتەكەی منیش چەند كوردێك لەگەڵ خۆتان بەرن، بەڵام ئەوان نەهاتن.

رووداو: دەڵێن ئۆزال لە رێگەی تۆوە نامەیەكی بەتایبەتی بۆ ئۆجەلان ناردووە، شتێكی وا هەبوو؟

ئەحمەد تورك: بەزارەكی پەیامی نارد، گوتی ئەو شتەی پێبڵێ. هەمان قسەی بە مام جەلالیش گوت و گوتی پێی بڵێن ئەو پرسە بە شەڕ چارەسەر ناكرێت و دەمانەوێت رێگەی ئاشتی بكرێتەوە. گوتیشی: وەكو سلێمان دیمیرێل ترسنۆك نیم، لە خودا بەولاوە لە كەس ناترسم. هەروەها گوتی كۆبوونەوەم لەگەڵ چەند ژەنەراڵێك هەیە و دەمەوێ‌ قەناعەتیان پێ بێنم كە ئەو پرسە بە شەڕ چارەسەر ناكرێ‌.

دوای ئەوە چووینە شام. مام جەلالیش هات، لە ئەوروپاش كەمال بورقای، حەمڕەش رەشۆ و روشەن ئەسڵان هاتبوون. لە پارتەكەی ئێمە شەش كەس چووین. لەوێ دەستمان بە گفتوگۆ كرد. مام جەلال و عەبدوڵڵا ئۆجەلان گوتیان دەبێ‌  ئاگربەست بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ بێ‌، بەڵام من  دژی ئەوە بووم و گوتم با كاتی ئاگربەستەكە كراوە بێ‌، چاودێری بكەین بزانین چەندە بەتەنگ ئاگربەستەكەوە دێن. لە شام مام جەلال ئێمەی داوەت كرد بۆ سەیرانگایەك لە دەرەوەی شام، لەوێ نانێكمان خوارد. كاتێك بەڕێكەوتین، مام جەلال پێیگوتم لە ئۆتۆمبێلەكەی ئەو سەركەوم. ئێمە هێشتا لە نێو ئۆتۆمبێلدا بووین، رادیۆ هەواڵی مردنی ئۆزالی بڵاوكردەوە، لەوێ‌ مام جەلال یەكسەر گوتی: هەموو شتێك كۆتایی هات. ئێمە و مام جەلال گەڕاینەوە توركیا و بەشداری رێوڕەسمی ناشتنەكەی بووین. سەردانی سەمرا خان، هاوژینی ئۆزالمان كرد، جانگیز چانداریش لەوێ بوو، بەس سەمرا خان ئەوەی بە جەنگیز چاندار گوتبوو، ئەوانەی دڵیان بۆ ئۆزال ژان دەكات، ئەو كوردانەن كە هاتوونە سەردانمان. سەمراخان ئەوكات زۆر ناڕەحەت بوو، تەنانەت زۆر كەسیشی نەدەبینی، بەس سەردانەكەی ئێمەی قەبووڵ كرد. ئێمە بۆ مەرگی ئۆزال خەفەتبار بووین، بە كۆچی دوایی ئەو، كورد خەمگین بوو.

رووداو: ئەوە راستە كە دەڵێن كوژراوە؟

ئەحمەد تورك: من ئەو شتەم لە كوڕەكەی ئەویش زۆر پرسی، لە خانەوادەكەی زۆر پرسیارم كرد، ئەوانیش لەو باوەڕەدا بوون، بەڵام بەڵگەیەك لەبەردەست نییە. سەمرا خان هەندێك نموونەی لە قژی ئەو بۆ پشكنین ناردە ئەوروپا. ئەنجامی پشكینەكە نیشانی دەدات ئەگەری ئەوە هەیە ئۆزال ژەهراوی بووبێت، بەڵام ئەو شتە زۆر ئیسپات نەكرا.

رووداو: پێشتر كێشە لە نێوان پەكەكە و پەسەكەدا هەبوو، چۆن بوو بەیەكەوە كۆبوونەوە؟

ئەحمەد تورك: راستە ئەوكات لەنێوان پەسەكە و پەكەكە گەلێك كێشە هەبوو. لە  رۆژنامەكاندا زۆر قسەیان بەیەكدی دەگوت. رۆژێكیان چوومە ئەوروپا و دیدارێكم هەبوو، پاشان چوومە لای كەمال بورقای كە دەیویست من  ببینێت، بەڵام پەكەكەییەكانی ئەوروپا گوتیان چۆن  چوویت لەگەڵ كەمال بورقای دانیشتووی؟ منیش گوتم: دەچم و یەكتریش دەبینین. كاتێك كەمال بورقای هاتە شام، چووینە لای پەكەكە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشوازی لێكرد. كاتێك پێویست بوو بۆ میدیاكان قسە بكەین، ئۆجەلان گوتی وەرە لەلای من دانیشە، منیش دەستی بورقایم گرت و ئەوم خستە تەنیشت ئۆجەلانەوە، هەرچەندە نزیكایەتییەك دروست بوو، بەڵام بەردەوام نەبوو.

كەمال بورقای خاوەنی ئەزموونە و لە ئێمە بەتەمەنترە، پێویستە بۆ پرسی كورد رۆڵ ببینێ. كاتێكیش هاتەوە توركیا بەو ناوە گەڕایەوە سیاسەت بكات، بەڵام پێویست بوو لەپێناو چارەسەری پرسی كورد رۆڵ ببینێت و لە نزیكایەتی بۆ پارت و لایەنەكانیش بەیەك ئەندازە نزیك بێ، بەڵام ئەوەی نەكرد. ئەمڕۆش لە كوردستان پەسەكە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نییە. رەنگە ئەگەر بچنە نێو خەڵك و لە گەنجان بپرسن پەسەكە چییە؟ زۆر كەس پەسەكە هەر نەناسن.

رووداو: لەدوای پرۆسەی ئاگربەستەكە چەند سەربازێك كوژران، هەندێك دەڵێن: هێزەكانی شەمدین ساكیك دەستیان تێدابووە، ئەوە چۆن بوو؟ بۆچی ئەو شتە روویدا؟

ئەحمەد تورك: هەرچییەك بێت، ویستیان كۆتایی بە ئاگربەستەكە بهێنن. ئەوكاتەی ئەرداڵ ئینۆنۆ سەرۆكوەزیر بوو، ئێمە ویستمان درێژە بە ئاگربەست بدەین، بەڵام 33 سەرباز كوژران. پەكەكە دەڵێت ئێمە فەرمانێكی وامان نەداوە. شەمدین ساكیكیش گوتی: "من فەرمانی كوشتن و شكاندنی ئاگربەستم نەداوە". بۆیە بەتەواوەتی نازانرێت ئەوە چییە و چۆن روویدا، ئایا كۆنترا گەریلا یان دەوڵەتی قووڵ دەستی لە رووداوەكەدا هەبوو یان نا؟ ئەو رووداوانەی لە توركیا روودەدەن، دوای 30 بۆ 40 ساڵ ئینجا ئاشكرا دەبن كە رووداوەكە چۆن بووە. واتە دەوڵەت ئەو بەڵگەنامانە ئاشكرا ناكات و بە نهێنی دەیانهێڵێتەوە.

رووداو: باس لە دەوڵەتی قووڵ دەكەی، ئایا هەواڵگری توركیا قەت ئاگاداری ئەو هاتن و چوون و دانوستاندنانەی ئێوە بووە؟

ئەحمەد تورك: كاتێك چوومە شام، باڵیۆزخانەی توركیا لە شام هاتە پێشوازیمان. تەنانەت هەواڵگریی توركیا و هەواڵگریی سووریا و هەواڵگریی پەكەكە هەموویان هاتبوونە فڕۆكەخانەی سووریا و پێشوازیان لێكردین.

رووداو: جارێكی دیكە پارتەكەی ئێوە داخرا، بەشێك لە پەرلەمانتار و سیاسییەكانی وەكو كاك زوبێر ئایدار و ئەوان چوونە ئەوروپا، ئایا ئەوان بە پرسی ئێوە یان سەربەخۆ چوون؟

ئەحمەد تورك: ئەوكەسانە ئەگەرێكی زۆر هەبوو دەستگیر بكرێن و سزا بدرێن. بۆیە پێنج لە هەڤاڵانمان چوونە ئەوروپا. ئێمە گوتمان ئەگەرێكی وا هەیە ئێمەش دەستگیر بكرێین، بەڵام ئێمە ناڕۆین. ئێمە هێشتا پەرلەمانتار بووین و فەرمانی گرتنمان دەرنەچووبوو. هێزە ئەمنییەكان ئێمەیان خستبووە ژێر چاودێرییەوە. پاشان دەستگیركراین.

رووداو: هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئەو زیندانە و زیندانی دیاربەكردا هەبوو كە ئێوە پێشتر لێی زیندانی بوون؟

ئەحمەد تورك: زۆر جیاواز بوو، وەزیر و پەرلەمانتارەكان سەردانیان دەكردین. زۆر شت فەراهەم كرابوو، هەڵبەتە لەگەڵ زیندانی ئامەد بەراورد ناكرێت و ئەشكەنجەدان نەبوو.دەهاتن دەیانگوت هیچتان ناوێت؟ چیتان پێویست نییە؟

رووداو: واتە سەیران بوو؟

ئەحمەد تورك: بەڵێ بەڵێ لەچاو زیندانی ئامەد سەیران بوو. كاتێك ئێمەیان بردە ئەوێ سری ساكیك گوتی: ئێمە لێرە دەمێنینەوە؟ ئێرە هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەیە. ئەوانیش گوتیان تۆ چۆن ئەوە دەڵێی لەكاتێكدا بەندكراوی؟ ساكیك گوتی ئێوە زیندانی ئامەدتان نەبینیوە.
رووداو: ئێوە بە چ تۆمەتێك دەستگیركران؟

ئەحمەد تورك: بە تۆمەتی هاوكاریكردنی پەكەكە. دەیانگوت ئێوە كەسوكاری پەكەكە دەخەنە سەركار و لەگەڵ پەكەكە دانوستاندن دەكەن.

رووداو: لەدوای قەدەخەكردنی دەپ، ئێوە پارتی هادەپ و دەهەپ دادەمەزرێنن، تۆ چ رۆڵێكت هەبوو لە دامەزراندنی ئەو پارتانە؟

ئەحمەد تورك: موراد بۆزلاك بووە سەرۆكی هادەپ، ئەوكاتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووم. هەروەها لە سەردەمی موراد بۆزلاك جێگری سەرۆكی پارت بووم. ئەوكاتەی بۆزلاك دەستگیركرا هەرچەندە من جێگر بووم، سەرۆكایەتی پارتەكەم كرد. لەدوای ئەوەی ئەو پارتەش داخرا، هەڤاڵیكی دیكە بەرپرسیارێتی پارتی وەرگرت و منیش لەنێو پارتدا بەشدار نەبووم، دوای داخستنی ئەو پارتەش پارتی كۆمەڵگای دیموكرات (دەتەپە)مان دامەزراند.

رووداو: بۆچی لە پارتەكەی پێشوو بەشدار نەبووی؟

ئەحمەد تورك: ئەوكات هەندێك هەڤاڵ نەیاندەویست لەگەڵیان كار بكەم، لەوانەش  تونجەر باكرهان.

رووداو: زۆر جار دەگوترێ‌ ئەگەر پەكەكە نەیەوێت كەسێك بمێنێ ئەوكەسە ناتوانێت لەنێو پارتەكە بەردەوامبێت، بۆچوونتان لەمبارەوە چییە؟

ئەحمەد تورك: هەڵبەتە پەكەكە لەنێو جەماوەر كاریگەری هەیە، بەڵام قەت نەیگوتووە با ئەوكەسە لەنێو ئەو پارتەدا نەبی. هەندێكجار كەسانێك دێن لەنێو پارت سەردەكەون و بەرپرسیارێتی وەردەگرن لە ئاستی جیاواز، بۆیە گەل و خۆشمان دەپرسن ئەو كەسە چییە؟ 

پەیوەندی بە دەوڵەت هەیە یان نا؟ چونكە كەسانێكن كە نەناسراون و بە زوویی دەردەكەون و بەرپرسیارێتی جیاواز وەردەگرن. هەڵبەتە خەڵك و پەكەكەش لەوبارەوە مەراق دەكەن بزانن ئەو كەسە كێیە بەزوویی سەركەوت و پەیوندی لەگەڵ دەرەوەی پارتەكە چۆنە! دواییش پارتێك 30 ساڵ شەڕی چەكداری بكات هەڵبەتە كاریگەری بەسەر ئەندامانی پارتەكانی دیكەشەوە هەیە

رووداو: گرتنی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چۆن دەبینی؟ چۆن هەواڵی گرتنەكەت بیست، كاتێك لە رۆما بوو سەردانت نەكرد؟

ئەحمەد تورك: كاتێك لە ساڵی 1998 توركیا هێزی لەسەر سنوور كۆكردەوە و گوتی دەبیت ئۆجەلان لە سووریا نەمێنێ، دەمانزانی حكومەتی سووریا حكومەتێكی وا نییە لەدژی بڕیارەكەی ئەوان بوەستێتەوە. ئەوەبوو ئۆجەلان سووریای جێهێشت و دوای ئەو چووە رۆما. گەلێك كەس و سیاسەتمەدار چوون ئۆجەلانیان بینی. ئێمەش دەمانەویست ئەو ببینین. كاتێك ئەو رۆژەی چوومە ئەوروپا ئەو ئیتاڵیای جێهێشتبوو. بۆیە یەكتریمان نەبینی.

رووداو: بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەوكاتەی دەستگیر كرا، هەندێك قسەی كرد، هەڵوێستی ئەو چۆن هەڵدەسەنگێنی؟

ئەحمەد تورك: لەو بارەیەوە لە ئۆجەلانمان پرسی، گوتی كاتێك بەناوی ئەو شتی وا كراوە مەبەستی ئەوە بووە رێگە لەبەردەم مەترسییەكی گەورە  بگرێت كە لەپێش كورد بوو. گوتیشی بۆ دوارۆژی كورد ناچار بووم بەوشێوەیە رەفتار بكەم. هەڵبەتە هەندێك رەخنە دەكەن و دەڵێن: بۆچی گوتوویەتی دایكم توركە و چی و چی. پێویستە ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار نەدەین. بۆ باسی ئەوە ناكەن دەوڵەت ویستی زۆر شت بە ئۆجەلان بكات، ئەویش گوتی بەبێ رەزامەندی هەڤاڵ و پارتەكەم هیچ شتێكتان پێ ناڵێم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە