رووداو دیجیتاڵ
ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا سەبارەت بە هاوکارییەکانیان بۆ سووریا ئاشکرای دەکات "ئەڵمانیا و ئەورووپا ئامادە نین خەرجی بۆ ئیسلامیستەکان دابین بکەن."
ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە رۆژی 26ـی ئاداری 2025 لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەرلین بۆ رووداو قسەی کرد، روونیکردەوە ئەوان ئامادەن یارمەتیی دەسەڵاتدارێتی "دیفاکتۆیی" سووریا بدەن، بەڵام "دەبێت پڕۆسەیەکی سیاسی هەبێت، کە هەموو لایەنەکان و هەموو ئەکتەرەکان تێیدا بەشداربن. گوێمان لە زۆر وشەی باش بوو، بەڵام وشە و قسە بە تەنیا بەس نین"، هەروەها دەڵێ بە ئەحمەد شەرعی سەرۆککۆماری سووریای گوتووە، بۆچی ئەوان دەیانەوێت لە سووریابن "من، بە سەرۆکی دیفاکتۆیی (ئێستا)ـم گوت؛ ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی مرۆڤەکان بدەین".
ئەنالینا بیربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێ بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو، حکومەتێکی تازە لە سووریا دروستبکرێت "من، لەوێ بە روونی پێمگوتن، ئەگەر بە ئاراستەیەکی هەڵەدا رۆیشت، ئێمە پشتگیریی ناکەین".
ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لە وەڵامی پرسیارەکانی رووداو دا بەدرێژی باسی کوردی کرد و گوتی بەهۆی هەبوونی شەڕ و بۆ پاراستنی ئاسایشی تیمەکەی، نەچووە بۆ رۆژئاوای کوردستان لە سەردانی دووەمی دا بۆ سووریا. باسی ئەوەی کرد، دەبێ داواکانی کورد "وەک نەتەوەی دووەم" لە سووریا رەچاو بکرێن ، بەڵام هێشتا کورد "بڕیارێکی سیاسی پێکەوەیی نییە"، هەروەها گوتی "گرنگە، کورد بە یەکگرتووییەوە، بڕیارێکی هاوبەش بدەن کە پێکەوە ئەم رێگەیە دەگرنەبەر".
دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا:
رووداو: بەڕێز خاتوو بێربۆک، بەڕێز وەزیری دەرەوە، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە. خۆشحاڵم لەگەڵ بەڕێزتان ئەم هەڤپەیڤینە ئەنجام دەدەم. یەکەم پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە: لە قۆناخی بەشداریکردنتان لە حوکمڕانیدا، سیاسەتێکی تەواو نوێتان پەیڕەو کرد، کە ئەگەر وردتر بڵێین سیاسەتێکی دەرەوەی فێمینیستانە بوو. دەستکەوتەکانی ئەو سیاسەتە نوێیەتان چی بوون؟
وەزیری دەروەی ئەڵمانیا: چۆن کۆمەڵگەیەک لە جیهان دا دەتوانێت دڵنیابێ، ئەگەر ژنان تێیدا پارێزراو نەبن؟ ئەمە کرۆکی سیاسەتی دەرەوەی ژنپەروەرانەیە. جوانترین شتی ئەم جیهانە ئەوەیە کە نیوەی کۆمەڵگە ژنن، ئەگەر نیوەی کۆمەڵگەکە مافەکانیان پارێزراو نەبێت، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت بەردەوام پارێزراو و ئازادبێت. ناکرێت نیوەی کۆمەڵگە دەستیان بە خێر و بێری وڵاتەکە نەگات. ئەم کرۆکی بیرکردنەوەیە، من تاوەکو ئێستا نەمدۆزیوەتە، بەڵکو لە رێگەی کۆمەڵگەکانی دیکەوە دۆزیومەتەوە. بۆ نموونە لە ئۆکراینا بەر لەوەی رووسەکان هێرش بکەن، لە پەیوەندییەکدا خاتوونێکی ئۆکراینی پێیگوتم ئەگەر ژنان پارێزراو نەبن، هیچ کەسێک پارێزراو نییە.
من لە رواندا پاش کۆمەڵکوژیی ئەوێ، فێری ئەم شتە بووم. لە ئەمریکای لاتین لە ئەزموونی ئەوانەوە فێری ئەم شتە بووم، لە تێڕوانین بۆ ئەزموونی ئێوە لە باکووری عێراق، لە عێراق، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئێستاش لە سووریا. بەشداریی ژنان لە کۆمەڵگەدا پێودانگە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگەیەک. من لە سەردانی خۆم دا بۆ سووریا بە روونی ئەوەم بۆ باسکردن، ئەگەر ژنان لە دەسەڵاتداریدا بەشدار نەبن، لە بەردەوامیدا کۆمەڵگە ناتوانێت ئازادبێت، لەبەر ئەوەی ژنان بە شێوەیەکی یەکسان هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناکرێت، چونکە ژنان لە رێگەی گرووپەکانی دیکەوە بەتایبەتی لە رێگەی گرووپە ئایینییەکانەوە، ناچار دەکرێن ئازار بچێژن.
رووداو: با بچینە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. پاشان پرسیارەکانی دیکە سەبارەت بە ئەڵمانیاش دەکەم ئەگەر کات هەبوو. جاری دووەم لە دیمەشق گوتت دەستپێکردنی پەیوەندییەکی باش لەلایەن ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپاوە لەگەڵ دیمەشق، پەیوەستە بە کردنی قسە بە کردار و رێزگرتن لە ماف و هاوبەشیی هەموو نەتەوە و ئایینەکان. باوەڕ دەکەی ئەحمەد شەرع ئەوە بکات؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: من ئەوە نازانم. ئەگەر ئێستا دوای 10 ساڵ زیاتر لە شەڕی نێوخۆ لە سووریا کۆمەڵگەیەک دروست بکرێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بپارێزێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت، من پێموایە لە روانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە شکاو و سەرنەکەوتووە. بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەوڵبدەین پشتگیریی ئەم پڕۆسەیە بکەین. ئایا سەردەکەوێت؟ ئەمە لە دەستی ئێمەدا نییە. بەڵکو پەیوەندی بەو دەسەڵاتەوە هەیە کە بووەتە دەسەڵاتی دیفاکتۆیی (امر واقع). ئەورووپا پشتگیریی هەموو مرۆڤەکان دەکات لە سووریا. بە چاوپۆشین لەوەی کە ژنن، پیاون، یان چ ناسنامەیەکی نەتەوەیی و ئایینییان هەیەو بەڵام ئەڵمانیا و ئەورووپا ئامادە نین خەرجی دابین بکەن بۆ ئیسلامیستەکان. ئەمە پەیامی روونی ئێمەیە. ئێمە ئامادەین یارمەتییان بدەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان بۆ بنیاتنانەوە، بەڵام دەبێت پڕۆسەیەکی سیاسی هەبێت کە هەموو لایەنەکان و هەموو ئەکتەرەکان تێیدا بەشداربن. گوێمان لە زۆر وشەی باش بوو، بەڵام وشە و قسە بە تەنیا بەس نین، ئەگەر تەنیا قسە بێت، کردەوەی لەگەڵ نەبێت، سووریا بەردەوام لە قەیران دا دەبێت و هاوکاریی ئێمەش پەیوەستە بەو بنەمایانەوە.
رووداو: باشە ئەمە بێگومان گرنگە، چونکە کورد، دروز، کریستیانەکان بە یەک دەنگ بە خۆپیشاندانی جەماوەری و هەڵوێستی سیاسی دەستووری کاتیی سووریایان رەتکردەوە. ئێوە بۆچی یارمەتی دەسەڵاتێک دەدەن کە پێکهاتەکانی وڵاتەکە رەتیدەکەنەوە؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا : ئێمە نە لەوێ نە لە وڵاتانی دیکەدا پشتگیریی ئەو جۆرە حکومەتانە ناکەین. ئێمە پشتگیریی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دەکەین. ئەو کۆمەڵگەیانەی کە دیموکراتن و بە شێوەی دیموکراسی حکومەتەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن. ئێمە لە دەرەوە، ئەو بڕیارە بۆ هیچ کەسێک نادەین. ئێمە بینیمان پاش نۆڤەمبەر ( لەوانەیە بە هەڵە نۆڤەمبەری لە جیاتی دیسەمبەر بەکارهێنابێت - رووداو) هەندێک شت دەبینین کە بە خەیاڵماندا نەدەهات، من دەمەوێت لێرەدا ئەوەش بڵێم لە ئەڵمانیا بەتایبەتیش لە بارەی ئەسەد، کە نەدەکرا لەگەڵ ئەودا پەیوەندییەکان ئاسایی بکەینەوە. کەسێک کە بە دەیان ساڵ گەلەکەی خۆی نەوەک بخاتە ژێر گوشارەوە، بەڵکو بیکوژێت، ئێوە خۆتان ئاماژەتان پێکرد کە گازی کیمیایی بەکارهێناوە و ئێوە خۆتان ئەزموونی گازی کیمیاییتان هەیە، خۆتان ئەو مرۆڤانەتان بینیون کە گازی کیمیاییان بەکارهێناوە. لە ئەڵمانیا ژنێکی سووریایی گەنج بە منی گوت خاتوو بێربۆک، من لەو زیندانەدا بووم، زیندانی ئەشکەنجەکان، گوتم کەی، گوتی تەمەنم 16 ساڵ بوو. بۆیە بۆ من گرنگە ئێمە لەگەڵ ئەو مرۆڤانە و لەگەڵ هەموویاندا هاوکاری بکەین، من بە سەرۆکی دیفاکتۆیی (ئێستا)م گوت ئێمە دەمانەوێت یارمەتیی مرۆڤەکان بدەین. بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەپەلە لێرەبین. من لە سەردانەکەمدا نوێنەری کوردم بینی، نوێنەری عەلەوییەکانیشم بینی، مەسیحییەکانیشم بینی، نوێنەری کۆمەڵێک رێکخراوی ژنانم بینی. لە جۆبەر کە شوێنێکە نزیکی شاری شام و لەگەڵ زەویدا تەختکراوە، 8 هەزار کەس دەژیان، پیاوێکی بە تەمەن بە منی گوت منداڵەکەم لێرە بەخاکسپێردراوە.
ئێستا ئەکتەری دیکە نەبوو بێتە پێشەوە، مەرج نییە ئێمە ئەم ئەکتەرانە باش یان خراپ ببینین، بەڵام ئێستا ئەمە هەیە، دەبێت لەگەڵیدا بڕۆین. خانمێکی مەسیحیم بینی، گوتی ئەگەر حکومەتی نوێ سازبکرێت، بەڵێنیان بە ئێمە داوە کە نوێنەری ئێمەش هەبێت، هەروەها نوێنەری گرووپە جیاوازەکان هەبێت، لەگەڵ نوێنەری کورددا کە قسەم کرد، [گوتیان] گرنگە لە دەستووردا پێناسە بکرێن و شتەکان بە روونی بخرێنەڕوو. ئەگەر ئەمە دەستوورێکی کاتییە، دەبێت لە دەستووری هەمیشەیی دا ئەمە بگۆڕدرێت. ئەوە قسەی کوردەکانە.
هەروەها مەسیحییەکان بە منیان گوت، ئەوان شتەکان بە جۆرێکی دیکە دەبینن، دەبێت لەم حکومەتەدا ئەم شتانە لەبەرچاو بگیرێن، ئێستا لە کۆتایی مانگی 3 یان لە سەرەتای مانگی چوار گوایە حکومەتێکی نوێ ساز دەکرێت. من لەوێ بە روونی پێمگوتن، ئەگەر بە ئاراستەیەکی هەڵەدا رۆیشت، ئێمە پشتگیری ناکەین، من لەوێ ئەمەم بە روونی گوت. ئاراستەی دروست لە روانگەی مرۆڤەکانەوە لە سووریا بۆ هەمووانە، ئێمەش لەوێین، ئێمە ئەوەش دەبینین کە ئێران و حیزبوڵڵا چۆن دەیانەوێت رێڕەوی ئەم پڕۆسەیە بە ئاراسەتەیەکی دیکەدا بڕوات. من قسەم سەبارەت بە ئیسرائیلییەکان کرد، بە روونی باسی رۆڵی تورکیام کرد، باسی کێشەی خاک و داگیرکاریمان کرد، هەروەها رووسەکان، بۆ نموونە کشاونەتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی نەکشاونەتەوە.
ئەوان بەردەوام هەوڵیانداوە کە پشتگیریی بنەماڵەی ئەسەد بکەن. ئەگەر ئێستا ئەورووپاییەکان لەوێ نەبن، بێگومان لەگەڵ دراوسێ عەرەبەکانیان، ئەوە کەسانی دیکە دەچنە ئەوێ و ئەوکات کارەکە لە بەرژەوەندیی خەڵکەکە نابێت، ئایا لەمەدا سەردەکەوین؟ نازانم، ئەگەر نا، هەر هیچ نەبێت هەوڵمانداوە.
رووداو: باشە کەواتە، ئەڵمانیا و جیهان دەبێ چ بکەن بۆ ئەوەی لە دەستوور و بە کردەوە مافی کورد بپارێزرێت وەکو دووەمین گەورەترین نەتەوە، و وەکو زۆرترین قوربانیدەر لە جەنگی دژی داعشدا؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: لە یەکەمین گفتوگۆمدا بە شێوەیەکی زۆر روون رامگەیاند، داعش دۆزەخێک بوو بۆ مرۆڤەکان لە عێراق، ئێمە کاریگەریی داعشمان لە ئەورووپاش هەستپێکرد. بە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کورد توانییان ئاسایشی خۆیان بپارێزن و داعشیان ناچار کرد بکشێتەوە. ئێستا لەو بۆشاییەدا کە دروستبووە، نابێت رێگە بە داعش بدرێت. گونجاندنی ئاسایشی کورد لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی سووریادا، وەکو دووەم گەوەرەترین نەتەوەی سووریا، هەروەها وەکو بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی خۆیان و، هەروەها ئێمەش لەگەڵ کورددا پێکەوە لە هاوپەیمانیەتییەکدا بووین لە دژی داعش؛ ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە داعشمان ناچارکرد پاشەکشە بکات. ئەمە گرنگە و من لەوێ زۆر بە روونی بە حکومەتی کاتیی سووریام گوت، بۆچی ئێوە نابنە بەشێک لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش.
نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، کارمەندی ئێمە سەردانی ئەو ناوچانەیان کرد لە باکووری سووریا، لەبەر کێشەی ئاسایش من نەمتوانی خۆم سەردانی ناوچەکە بکەم، بەڵام توانیمان دەرفەتێک دروست بکەین بۆ دانوستاندن لەنێوان شەرع و مەزڵووم دا. ئێمە ناتوانین بڵێین دەبێت ئەوها و ئەوها بکەن، بەڵام هەر نەبێت دەرفەتێک دروست بکەین بۆ ئەوەی ئەوان پێکەوە قسە و گفتوگۆ بکەن. دەبێت کورد خۆیان بڕیار بدەن کە کامە رێگە دەگرنەبەر و ئەوەش گرنگە کە کورد بە یەکگرتووییەوە، بڕیارێکی هاوبەش بدەن کە پێکەوە ئەم رێگەیە دەگرنەبەر، بەڵام هێشتا بڕیارێکی سیاسی پێکەوەیی نییە لەوێ. بۆ نموونە کێشەی ناسنامەی نەتەوەیی و کێشەی زمانی کوردی هەیە، کە ئەمە دەبێت لە دەستووردا رەنگ بداتەوە. هەروەها کێشەی پاراستن و ئاسایش هەیە بۆ کورد و درووزەکان.
هاوشانی ئەم شتانە بە تێڕوانین بۆ مافی ژن، مەسەلەکە هەر ژن نییە، بەڵکو ژنان هەروەها پێکهاتەکان، گرووپە نەتەوەییەکان، کە چۆن نوێنەری ئەوان و نوێنەری کورد لە سووریای داهاتوودا هەبێت، من لەوێ بە نوێنەری لایەنەکانم گوت، ئەگەر ئەم دەنگە جیاوازانە کۆببنەوە، زۆر شتی هاوبەشتان هەیە، نەوەک تەنیا داواکاریی کورد، درووزەکان، مەسیحییەکان، بەڵکو کۆببننەوە و بڵێن ئەمە داواکارییە هاوبەشەکانی ئێمەیە. ئەمە دەبێتە داواکاریی بەشێکی زۆر لە میللەتەکە. من ئێستا تەماشای باشەکان دەکەم، هەموویان، هەموو سووریاییەکان خەیاڵیان لەلای ئەوەبوو کە منداڵەکانیان پارێزراوبن و دیسان بتوانن بچنەوە قوتابخانەکان. لە دووبارە بونیاتنانەوەدا، ئەڵمانیا ئامادەی هاوکارییە و ئامادەی هاوکاری بووە، یارمەتی ناردووە، بەڵام رێگە نەبووە بگاتە هەندێک هەرێم. خواردەمەنی، هاوکاریی بونیاتنانەوە، هاوکاریکردنی قوتابخانەکان، دەبێت ئەم حکومەتە رێگەی بۆ خۆش بکات، نابێت تەنیا کار بۆ پایتەختەکە بکات کە خۆی لەوێیە و واز لە شوێنەکانی دیکە بهێنێت.
رووداو: کریستیان دیموکراتەکان و سۆسیال دیموکراتەکان سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتن و دانوستانەکان بەردەوامن، نیگەرانیت بە سیاسەتی کۆچبەرانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: پارتە جیاوازەکان هەڵوێستی جیاوازیان لەوبارەوە هەیە، ئەمەمان بینی، ئەوانەی دوای ساڵانێکی زۆر بڕیاریاندا سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەران، یەکسەر بڕیاری دیکتاتۆرییانە بدرێت، زۆر بە روونی نەک هەر دژی نرخ و هەڵوێستەکانی ئێمە دەوەستنەوە، بیهێنە بەر چاوی خۆت، ئێمە لە دەستی ئەسەد هەڵاتووین، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان لە سووریا لە دڵنیاییدا بن، چی دەبوو؟ بێگومان کارەسات دەبوو. دوای هەڵاتنی ئەسەد بە چەند رۆژێک هەندیک لە سیاسییەکان باسی ئەوەیان دەکرد، بەڵام من بە روونی گوتم ئەوان هیچ بیرۆکەیەکیان لەسەر دۆخەکە نییە. من لەوێبووم و بە چاوی خۆم بینیم، تۆ لە بەشە شارێکیت کە 18 هەزار مرۆڤ لەوێ دەژین، بەڵام تەواوی شوێنەکە بووەتە کەلاوە، ئایا کۆچبەرەکان بگەڕێنەوە کوێ، بۆ کوێ ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە؟
دەبێت ئەوەش بە روونی باس بکرێت، هیچ کەسێک بە ئارەزووی خۆی ناگەڕێتەوە، ئەگەر ژنەکەی و کچەکەی پارێزراو نەبن، ئەمە سیاسەتی ژنپەروەرانەی دەرەوەیە.
ئەمە لەم روانگەیەشەوە باس دەکرێت، دەمەوێت ئەوەش بڵێم بەشێکی زۆر لە سووریاییەکان نەک هەر باش خۆیان گونجاندووە لە ئەڵمانیا، بەڵکو بوونەتە درواسێی باش، بوونەتە کارمەندی باش و لە نەخۆشخانەکاندا کار دەکەن. من پێموایە هەندێک لەو کەسانە دوورن لە کەتوار (واقع)ەوە کە باس لە ناردنەوە دەکەن، بێگومان بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی سووریا، دەیانەوێت بەشداربن، بەڵام تاوەکو ئەوکاتەی دڵنیایی لە دۆخی سیاسی نەبێت، هیچ کەسێک ناتوانێت بگەڕێتەوە. ئەمەش بە شەپۆلێکی گەڕانەوە چارەسەر ناکرێت، بۆیە لە کۆنفرانسی پشتگیریکردنی سووریادا باس لەوەکرا، لە تورکیا سێ ملیۆن سووریایی دەژین، لە لوبنان هەن، لە ئۆردن هەن، ئێمە بەشێوەیەکی نێونەتەوەیی رێککەوتووین لەسەر ئەوەی کاتێک دەبێت بگەڕێنەوە کە وڵاتەکە لە ئاسایشدا بێت یان ئاسایشەکەی دەستەبەر بووبێت. لە لوبنان خۆی پارێزراو نین، لەبەرئەوەی لەوێ ناکۆکی هەیە، لەوێ لە رێگەی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پشتگیری دەکرێن، ئێستا کە لە نێوخۆی سووریا 70٪ پێویستیان بە هاوکاریکردنە، سەرباری ئەو دۆخە ملیۆنان کەسی دیکەیش بچێتە سەریان. لەوکاتەدا رووبەڕووی چی دەبینەوە؟ ئەوانەی کە نایانەوێت سووریا سەربکەوێت.
ئەمە پڕۆسەیەکە هەنگاو بە هەنگاو؛ جارێ با سووریاییەکانی وڵاتە دراوسێیەکان بتوانن بگەڕێنەوە، دوای ئەوە ئێمە تەماشا دەکەین بزانین چۆن کارەکە بەڕێوەدەچێت. ئێمە نازانین شەش مانگی دیکە چی روودەدات. ئێستا بەرپرسیارێتیی هاوبەشی ئێمە ئەوەیە کە دۆخی وڵاتەکە جێگیربێت. بەشداریی سیاسی و ئاسایش بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت، دوای ئەوە پرسیارەکانی دیکە دێن، من قسەم لەگەڵ وەزیری نێوخۆی خۆمان کرد و باسمان لەوە کرد، ئەوانەی کە وڵاتینامەی ئەڵمانیایان وەرگرتووە، هەروەها ئەوانەی کە مافی مانەوەی هەمیشەییان هەیە، دەتوانن گەشت بکەن و ئێستا با بچن و کەسوکاری خۆیان ببینن کە 10 ساڵ زیاترە نەیانبینیون، هەروەها ببینن و پرسیار بکەن چی بەسەر ماڵەکەیاندا هاتووە.
ئێمەش دەبێت ئێستا ببینین لەگەڵ حکومەتی نوێ دا کە کەسانی زۆری سووریایی دەیانەوێت لە سووریا بژین و، ئەمە لە بەرژەوەندی هەموومانە و دەبێت ببینین کە کارەکە چۆن دەڕوات و پێکەوە هەموومان بەرامبەر هێزە ئیسلامییەکان ببینەوە، ئەگەر لە داهاتوودا پێکەوە خەبات و هاوبەشییەکی مەدەنییانەمان هەبێت. زۆر بەهێزەوە دەکرێت لە دژی هێزە ئیسلامییەکان تێبکۆشرێت.
رووداو: ئێمە بە ملیۆن بینەرمان هەیە، بەهەزاران کوردیش پرسیاریان کرد بۆچی بەڕێزتان سەردانی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاڤا) سەردانی رۆژئاواتان نەکرد. بەهەزاران کورد ئەو پرسیارەیان کرد. بۆچی نەچووم بۆ رۆژئاڤا؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: لەبەر دۆخی ئاسایش، بەرپرسی کاروبارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوێبوو، ئەو ئاگاداری دەکردینەوە بەتایبەتیش لەگەڵ نوێنەری کوردەکان لەگەڵ مەزڵووم، لە گفتوگۆی مەزڵووم و شەرع.
من وەکو وەزیری دەرەوە دەبێت ئاسایشی هاوکارەکانم، لەبەرچاو بگرم و هەروەها ئاسایشی ئەو رۆژنامەڤانانەی لەگەڵمدا هاوگەشتن و لە دۆخێکدا کە هەمووکات شەڕ و پێکدانان هەیە، هیچ کەسێک ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵناگرێت، بەڵام من هیوام وایە کە رۆژێک لەوانەیە لە پێگەیەکی دیکەدا سەردانی ئەوێ بکەم، بۆ ئەوەی بگەمە ئەو هەرێمە زۆر جوانە و مرۆڤەکانی ئەو دەڤەرە ببینم.
رووداو: باشە دواین پرسیارم ئەوەیە بەڕێزتان بڕیارتان دا بچنە نیویۆرک. لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەست بەکار دەبن، بۆچی ئەو بڕیارەتاندا؟ ئەڵمانیا پێویستی بە سیاسەتوانێکی شارەزای وەکو بەڕێزتان هەیە؟
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ئەمە دیموکراسییە، مرۆڤەکان لە ئەڵمانیا بڕیاریاندا پارتەکانی دیکە حکومڕان بن، لەوانەیە ئەمە نموونە بێت بۆ ئەوانی دیکەیش و هەڵبژاردن دەبێت رێزی لێبگیرێت. بڕیاری ئەو کەسانەی کە دەنگدەدەن، ئازادانە و لە ژیاندا هەمیشە وێستگەی دیکە هەن، سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە و من ئێستا ناچارم بڕۆم و پێشوازی لە راوێژکاری فیدراڵی بکەم.
رووداو: باشە زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. هیوای سەرکەوتنتان لە نیویۆرک و بە هیوای دیدار لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ