ئاسۆ مامەند: داواکانمان جێبەجێ نەکرێن خۆپیشاندانی جەماوەری دەکەین

27-03-2017
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
نیشانەکردن ئاسۆ مامەند نەوتی كەركووك كەركووك
A+ A-

رووداو - کەرکووک

ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی دووی رێکخستنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت تا بەغدا داواکانیان جێبەجێ نەکات، ئەو هێزە ناکشێننەوە کە سەرەتای ئەم مانگە بردیانە سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک. ئاسۆ مامەند دەشڵێت بەغدا بەشێک لە داواکارییەکانی جێبەجێکردوون، بەڵام "ئەگەر ئەوانی دیکەش جێبەجێ نەکات، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک رێککەوتووین خۆپیشاندانی گەورە رێکبخەین".

 
کشانەوەی هێزە رەشەکە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی داواکانمانەوە

ئاسۆ مامەند، کە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشە، دەربارەی کشانەوەی پێشمەرگە لە کەرکووک، کە هەندێک لایەنی سوننە داوایدەکەن، دەڵێت "رێگەنادەین پێشمەرگە لە کەرکووک بکشێتەوە". هەروەها دەڵێت "زۆرینەی عەرەب و تورکمانی کەرکووک لەگەڵ مانەوەی پێشمەرگەن لە کەرکووک".

رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە دەستی پێنەکردووە؟ 

ئاسۆ مامەند: حکومەتی عێراق لەو پرسەدا تاوانبارە، لەبەرئەوەی پێش دەستپێکردنی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ، ئێمە و ئەوان چەندین کۆبوونەوەمان کرد، کە وەزارەتەکانی بەرگری و پێشمەرگە و حەشد و لێپرسراوی میحوەرەکان بەشدارییان تێداکرد. لەسەر ئەوە رێککەوتین کە پێش موسڵ حەویجە رزگار بکرێت، بەڵام خۆیان لەو بەرپرسیارێتییە دزییەوە و ئۆپەراسیۆنی حەویجەیان دواخست.

رووداو: مەرجی ئێوە بۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە چی بوو؟
 
چوونی هێزە رەشەکە بۆ کۆمپانیای نەوتی باکوور پەیوەندیی بە کۆمپانیای بەرهەمەوە نییە


 ئاسۆ مامەند: مەرجی ئێمە تەنیا سەرخستنی ئۆپەراسیۆنەکە و دیاریکردنی شوێنی جووڵەی هێزە عێراقییەکان بوو، کە لە سنووری تکریتەوە ئەوان پێشڕەوی بکەن و پێشمەرگەش لە سنووری کەرکووکەوە هێرش بکات، بەڵام دیارە ئامانجی دیکەیان هەبوو لە ئەنجامنەدانی ئۆپەراسیۆنی حەویجە. 

رووداو: ترسی ئەوەتان نییە دوای ئەوەی سوپا موسڵی کۆنتڕۆڵکرد، بە بیانووی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە حەشدی شەعبی بهێنرێتە سنووری کەرکووک؟
 
رێگە نادەین پێشمەرگە لە کەرکووک بکشێتەوە

ئاسۆ مامەند: ئەوە یەکێکە لە گومانەکان و ئەو پرسیارەی دروستکردووە کە بۆچی حەویجەیان دواخست؟ لەبەرئەوەی کۆنترۆڵکڕدنەوەی حەویجە ئەوەندە کارێکی سەخت نەبوو، لە خورماتووەوە تاوەکو فەتحە و شەڕگات هێزێکی زۆری عێراقی بڵاوبوونەتەوە، ئەگەر حەویجە ئازادکرابا، دەستیان بەتاڵ دەبوو، دەتوانرا بۆ شەڕی ئێستای مووسڵ سودیان هەبێت، بەدڵنیاییەوە گومان هەیە لەو هەنگاوەی بەغدا هەیە کە دوای شەڕی موسڵ هێز بێنێتە سنووری کەرکووک.

رووداو: ئێستا پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پارتی و یەکێتی لە کەرکووک چۆنە؟ 
 
حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو نۆژەنکردنەوەی پاڵاوگەی کەرکووک بداتە کۆمپانیای بەرهەم


ئاسۆ مامەند: کۆبوونەوەی بەردەواممان هەیە و ئاگامان لە هەنگاوەکانی یەکدییە، دەتوانم بڵێم پەیوەندییەکی باشە و پێکەوە بەشداریی هەموو کۆبوونەوەکانی پارت و لایەنە سیاسییەکان دەکەین.

رووداو: لەگەڵ پارتی لەسەر چی کۆکن و لەسەر چی ناکۆکن؟

ئاسۆ مامەند:
ئێمە لەگەڵ پارتی لە کەرکووک زۆرجار پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە کێشەکانی هەولێر و سلێمانی نەهێنینە کەرکووک و کاردانەوەی لەسەر ئەم شارە نەبێت، لەبەرئەوەی لەو شارەدا کێشەی زۆر لەوە گەورەترمان هەیە، رەنگە هەندێکجار لێکتێنەگەیشتن لەنێوانمان هەبێت، بەڵام هەموو کات هەوڵمانداوە لەم شارەدا نێوماڵی کورد بە یەکڕیزی بمێنێتەوە و تەنانەت لە هەرێمی کوردستانیش کێشەکان چارەسەربکرێن. زۆر گرنگە لەمکاتەدا و پێش کۆتاییهاتنی داعش، ئەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستان هەن کۆتاییان پێبێ.
 
زۆرینەی عەرەب و تورکمان لەگەڵ مانەوەی پێشمەرگەن لە کەرکووک



رووداو: ئایا چ پلانێکتان هەیە بۆ ئەو هەموو ئاوارەیەی روویان لە کەرکووک کردووە کە گومان دەکرێ شانەی نووستووی داعشیان تێدابن؟
  
ئاسۆ مامەند: ئێمە لەوە تێگەیشتووین کە ژمارەی ئاوارەکان لە کەرکووک زۆر زۆرە. ئێمە لەگەڵ بەڕێز پارێزگاری کەرکووک و لێژنەی ئەمنی و هەردوو ئاسایش کۆبووینەتەوە و بڕیارمان لەسەر ئەوە داوە دەبێت ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە کە ناوچەکانیان کۆنترۆڵکراوەتەوە. ئەگەر ئەو ئاوارانەش کە ناوچەکانی خۆیان
 
رێگە نادەین پێشمەرگە لە کەرکووک بکشێتەوە

کێشەیان هەیە یان وەکو شارەدێی سلێمان بەگ، رێگە بە گەڕانەوەیان نادرێت. با بچنە شوێنێکی دیکە، کە نزیک بێت لە ناوچەکانیان. ئێمە ماوەیەکی زۆرە لەئامێزمان گرتوون و هاوکاریان بووین، بەڵام تا ئێرە و بەس دەبێت بگەڕێنەوە.

رووداو: تاوەکو شەڕی حەویجە تەواودەبێت ئەو ئاوارانە لێرە دەمێننەوە؟
 
لەگەڵ بەغدا رێککەوتبووین حەویجە پێش مووسڵ ئازاد بکرێ



ئاسۆ مامەند: بابەتی حەویجە جیاوازە، ئەگەر خەڵکی حەویجە بێن یان رێگەیان پێبدەین بمێننەوە، ئەوە کەمپیان بۆ دروستکراوە و دەبێ لەوێ بمێننەوە تاوەکو ناوچەکەیان کۆنترۆڵ دەکرێتەوە، بەڵام سەڵاحەدین و ئەنبار و دیالە و شەڕگات و بێجی بڕیارمانداوە بگەڕێنەوە، هەرچەندە دەزانین بەغدا بۆ مەرامێکی خۆی رێگە بە ئاوارەی هەندێک ناوچە نادات بگەڕێنەوە، بەڵام دەتوانن بچنەوە نزیک سنوورەکانیان و لە کەرکووک نەمێنن.
 
هێزم بۆ جێبەجێکردنی داواکانی د.نەجمەدین بردووەتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور

رووداو: لە سنووری پارێزگای کەرکووک، چەند کیلۆمەتر چوارگۆشە لەدەستی داعشدا ماوە؟

ئاسۆ مامەند: ئەوەی لە دەسەڵاتی پێشمەرگە بوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی خاکی کوردستان بەتەواوەتی لەدەستی داعش دەرهێنراوە. ئەوەی ماوە تەنیا سنووری حەویجەیە کە ریاز و رەشاد دەگرێتەوە. سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە لە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو سنوورە هێندە گەورە بوو کە توانای ئازادکردنی حەویجەشی هەبوو، بەڵام ئەو سنوورە پێویستی بە هاوبەشیی سوپا هەبوو، ئەویش دەکرێ و لەدەست داعش دەردەهێنرێت، تەنیا لەسەر ئەمڕۆ و سبەی ماوە.

رووداو: ئایا ئەو سنوورەی پێشمەرگە بە خوێنی خۆی کۆنترۆڵی کردووەتەوە، لێی دەکشێتەوە؟

ئاسۆ مامەند:
ئێستا عێراق و هەموو جیهانیش ئەوە دەزانێت لە کەرکووک ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئەوەی سەدامە حوسێن بە 35 ساڵی حوکمڕانی پێینەکرا، داعش لەماوەی کەمتر لە مانگێک لەو شارەدا کردی. بۆیە پێشمەرگە لەپێناو پاراستنی کەرکووک و پێکهاتەکەی قوربانیی زۆری داوە، هیچ پێویست ناکات و رێگەشنادەین پێشمەرگە لەو سنوورانە بکشێتەوە. ئەگەر دۆسیەی کەرکووک یەکلایی ببێتەوە، ئەوە پێویست بە پرس و رای هیچ لایەنێک ناکات، ئەگەر لەسەر دۆخی ئێستاشی بمینێتەوە، کەرکووک ناوچەیەکی جێ ناکۆکە و دەبێت پەیوەست بێت بە بڕیاری هاوبەشی نێوان بەغدا و هەولێر. 
 
داواکانمان جێبەجێ نەکرێن، خۆپیشاندانی جەماوەری رێکدەخەین


ئەگەر گشتپرسیش بۆ ئەو بابەتە بکرێت، ئەوە کورد زۆرینەیە. زۆربەی عەرەب و تورکمانی کەرکووک لەگەڵ مانەوەی پێشمەرگەن لە کەرکووک. گوێ بۆ گوتاری پارتێکی عەرەبی شۆڤێنی و چەند حیزبێکی تورکمانیی بێدەسەڵات مەگرن. بەڵێ لە کەرکووک مانەوەی پێشمەرگە بە رێژەیەکی چاوەڕواننەکراو دەنگی بەڵێ بۆ مانەوە بەدەست دەهێنێ. پێکهاتەکانی دیکە لە ئێمە باشتر لەوە گەیشتوون ئەگەر پێشمەرگە لە کەرکووک نەبووایە چارەنووسی ئەم شارەش لە مووسڵ و ئەنبار باشتر نەدەبوو.

رووداو: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک، ناکۆکیی نێوان نەتەوەکانی سەرلەنوێ زیندووکردەوە. ئێوە سوورن لەسەر ئەوەی کە ئەو ئاڵایە هەڵبکرێت؟

ئاسۆ مامەند: هیوادارم ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگی لەسەر بدات، تاوەکو ببێتە بڕیارێکی یاسایی. ئەوە مافی خۆمانە کە ئاڵای کوردستان لەسەر دامودەزگاکان هەڵبکرێت. زیاتر لە دوو ساڵە پێشمەرگە لە کەرکووک لەژێر ئاڵای کوردستاندا ئەوان دەپارێزێت، بۆ قسە ناکەن؟ لەسەر شان و باڵی پێشمەرگەکان ئاڵای کوردستان هەیە بۆ قسە ناکەن؟ ئێستا کە بمانەوێت لەسەر دامودەزگاکان هەڵی بدەین، دەیانەوێ کێشە بنێنەوە. هەر لە سایەی ئەو ئاڵایەیە کە تورکمان و عەرەبەکان لە هەولێر و سلێمانی خۆشترین ژیان بەسەردەبەن.
 
گومانمان هەیە بە بیانووی حەویجەوە حەشدی شەعبی بهێنرێتە کەرکووک


رووداو: نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ دەبێ راپرسی بۆ هەڵکردنی ئاڵاکە بکرێت، ئێوەش ئەوەتان پێ پەسندە؟ 

ئاسۆ مامەند: ئەگەر راپرسیشی بۆ بکرێت، ئێمە دڵنیاین کە دەنگی زۆرینە دەهێنێت، بەڵام ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بڕیاربدات ئاڵای کوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق هەڵبکرێت. ئەگەر زۆرینە دەنگیان پێدا، وەک راپرسی وایە. چونکە نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لەو ئەنجوومەنەدا هەن.

رووداو: هێشتا دەبینین ئەو هێزە لە شوێنی خۆیان ماون کە ماوەیەک لەمەوبەر بە بڕیاری ئێوە چوونە نزیک کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، ئەوان تا کەی لەوێ دەبن؟

ئاسۆ مامەند: ئەو کێڵگە نەوتییانە کە لەنزیک چەکدارانی داعش بوون، هەر ئێمە پاراستوومانن. شەڕی قورسمان کردووە بۆ دەرهێنانی کۆمپانیای غازی کەرکووک لەدەست داعش. بۆیە کشانەوەی ئەو هێزە پەیوەستە بە جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان. ئێمە پێشتریش باڵادەستبووین بەسەر کێڵگە نەوتییەکاندا، بەڵام کە ئەو هێزەمان بەفەرمی نارد، دەمانەویست بەغدا ئەو خاڵانە جێبەجێ بکات کە لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک لەسەری رێککەوتوون و هێشتاش جێبەجێ نەکراوە.
 
لەگەڵ پارتی ئاگاداری هەنگاوەکانی یەکدین لە کەرکووک

رووداو: ئەگەر نەوتی کەرکووک لەڕێگەی ئێرانەوە هەناردەبکرێت، ئەو هێزە دەکشێننەوە؟ 

ئاسۆ مامەند: بۆ ئێمە هیچ گرینگ نییە کێ نەوتی کەرکووک هەناردە دەکات. گرنگ داواکاری و بایەخدانە بە کەرکووک. ئەو هێزە کە لەوێ ماون، ئێستا ئەرکیان پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانە و نیشانەی سووربوونی ئێمەیە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، نەک خاڵێک لە بەرژەوەندیی ئەوان بێت و پێنج خاڵیش کە لە سوودی کەرکووک بێت فەرامۆش بکرێت. من دەمەوێ بڵێم دوای ئەو کارەی ئێمە، بەغدا هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان، بەڵام هێشتا ماوە، ئەگەر جێبەجێش نەکرێت، لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیییە کوردستانییەکانی کەرکووک بڕیارمانداوە خۆپیشاندانی جەماوەری بکەین.
 
رێککەوتووین لەسەر رۆیشتنی ئاوارەکان لە کەرکووک

رووداو: موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر، لە دوایین پەیامیدا، کە بەناوی وەسیەتنامە لەبەردەم خۆپێشاندەرانی بەغدا خوێندیەوە، هۆشداریی ئەوەی دا کە دوای شەڕی موسڵ، شەڕێکی دیکە دروست دەبێت. زۆرکەس پێیانوایە مەبەستی شەڕی کورد و حەشدی شەعبیە، ئەوە گریمانەی ئێوەشە؟ 

ئاسۆ مامەند: هیوادارین وانەبێت، ئێمە نامانەوێ هیچ کاتێک و لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک شەڕ بکەین، بەڵکو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە کە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر بکەین، پێشئەوەی داعش کۆتایی پێ بێت. خواستی ئێمە بۆ ژیانێکی ئارامە، بەڵام لە داواکاری و مافەکانیشمان ساردنابینەوە و پێشمانوانییە کە شەڕێکی لەوشێوەیە رووبدات.
 
بەغدا مەرامی خۆی هەیە لە رێگەنەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە کەرکووک


رووداو: دەگوترێت یەکێتی لەو هەڵوێستەی لەڕێگەی هێزە رەشەکەوە ناویەتی، زیاتر پێداگیری لەسەر ئەوە دەکات کە دروستکردنی پاڵاوگەکەی کەرکووک بدرێتە گرووپی کۆمپانیاکانی بەرهەم، کە نزیکە لە یەکێتییەوە، ئەوە تا چەند راستە؟ 

ئاسۆ مامەند: نەخێر وانییە. زۆر لەوانەی وادەڵێن باشتروایە لەبری قسەکردن بەڵگەکان بخەنەڕوو. کۆمپانیای بەرهەم داوای دروستکردنی پاڵاوگەی نەکردووە. بەڵکو دەیەوێ لەسەر ئەرکی خۆی ئەو پاڵاوگەیەی ئێستا نۆژەن بکاتەوە و تاوەکو چەند ساڵێک پشکی هەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوتەکە، بەڵام خەڵک و لایەنی دیکە هەن کە داوایان لە بەغدا کردووە پاڵاوگە دروست بکەن و نامەوێت ناویان بهێنم، پێش هەڵوێستەکەی ئێمە، وەزارەتی نەوتی عێراق رەزامەندی نیشاندابوو کە کۆمپانیای بەرهەم ئەو پاڵاوگەیە نۆژەن بکاتەوە. دواتر ئێمە بەڕوونی بە  بەغدامانگوتووە کە ئەو هەڵوێستە بۆ ئەوەیە کە ئێوە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکەتان لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک جێبەجێ بکەن، کە ناوی کۆمپانیای بەرهەمی تێدانییە.
 
شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی روونادات


رووداو: بەڵام دەگوترێت لەسەر ئەو هەڵوێستە لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک تووشی کێشەی گەورە بوون؟

ئاسۆ مامەند: بەڕێز نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک، دۆستێکی نزیکی منە و کار و پرۆژەکانی دیارە و کەسایەتییەکە لەماوەی دوو ساڵی شەڕی داعشدا بە باشترین شێوە ئیدارەی کێشە و گرفت و پەیوەندییەکانی داوە. من و ئەو هیچ کێشەیەک لەنێوانماندا نییە. تەنانەت من کە هێزەکەم ناردووەتە سەر کۆمپانیای نەوتی باکوور، داوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەم کردووە کە بە پارێزگاری کەرکووک دراوە. ئەگەر لەوە زیاترم داواکردووە ئامادەم بۆ هەموو رووبەڕووبوونەوەیەک. نەخێر، ئەوەی دەگوترێت قسەی بێ بنەمایە و ئامانجی لە پشتە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە