یونیسێف بۆ رووداو: ئاوی خواردنەوە لە 50٪ـی قوتابخانەکانی عێراق بەردەست نییە

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونیسێف دەڵێ عێراق لە کۆی 163 وڵات، لە ریزبەندی 160ـەمینە کە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر منداڵان هەیە و، 50٪ـی قوتابخانەکانی عێراق ئاوی خواردنەوەیان بەردەست نییە.
 
عەلی خەتیب، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونیسێف لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ دلبخوین دارای پێشکێشکاری رووداو، کە شەوی (25-9-2023) بڵاوبووەوە، کۆمەڵێک داتای سەبارەت بە کارەکانیان، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق و کوالێتیی ئاو ئاشکرا کرد.
 
یونیسێف، بەگوتەی عەلی خەتیب لە ساڵی 2021 بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان، رووپێویەکی بۆ خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە نۆ هەزار قوتابخانە لە هەموو ناوچەکان کردووە و دەرکەوتووە '50٪ـی قوتابخانەکان ئاوی خواردنەوەیان لێ بەردەست نییە.'
 
بەردەستنەبوونی ئاوی خواردنەوە بەپێی یونیسێف بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆربەی باڵەخانەی قوتابخانەکان کۆنن و زیاتر لە یەک دەوامیان تێدا دەکرێت.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە یونیسێف بە رووداوی گوت "عێراق کە بە کۆمەڵگەیەکی گەنج دادەنرێت لە پلەی پێنجەمدایە لەڕووی کاریگەریی کەمبوونی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی، پاشماوەی ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکان بۆیە "ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پیسن، هەروەها رێژەی پیسبوونی ئاو لە بەنداوی دووکان و دەریاچەی دووکان بەرزە."
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ عەلی خەتیب، بەڕێوەبەری پرۆگرامی ئاو و ئاوەڕۆ لە رێکخراوی یونسێف:

رووداو: عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی زۆری لەسەر داناوە، زیانەکانی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان چەندە؟
 
عەلی خەتیب: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ ئەو میواندارییە، بە نوێنەرایەتیی رێکخراوی یونیسێف، زۆر سوپاسی ئێوە دەکەم بۆ ئەو میواندارییە، هەروەها سوپاستان دەکەم بۆ تیشک خستنەسەر ئەو کارانەی یونیسێف لە عێراق دەیانکات. سەبارەت بە پرسیارەکەت لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان لە عێراق، دەمەوێت بڵێم؛ بەپێی راپرسییەکان عێراق لە ریزبەندیی 160ـەمیندایە لەنێو 163 وڵات کە مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان و گەنجانی هەیە بەپێی داتاکانی یونیسێف. هەروەها بەپێی بەڵگەنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی سەر ژینگە لە جیهاندا، عێراق لە پلەی پێنجەمدایە لەڕووی کاریگەریی کەمبوونی ئاو و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەکانی گەرما. ئەوانە هەموویان کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر منداڵان و گەنجانی عێراق دەردەخەن. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوایین راپرسییەکان کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەبارەی رێژەی دانیشتووان بڵاویکردووەتەوە، دەبینین 60٪ـی خەڵکی عێراق تەمەنیان لە 25 ساڵ کەمترە، لەبەرئەوە کۆمەڵگەی عێراق بە کۆمەڵگەیەکی گەنج دادەنرێت. لەبەرئەوەیە گۆڕانی کەشوهەوا و توێژینەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر منداڵان و گەنجانی عێراق گرنگە. کاریگەرییەکان لەسەر سێ لایەنی سەرەکین؛ یەکەمیان تەندروستی و گەشەی جەستە، دووەمیان؛ پەروەردە و فێرکردن و سێیەمیان گرنگیی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی ئەم کۆمەڵگەیە. لەو روانگەیەوە رێکخراوی یونیسێف توێژینەوەیەکی فراوانی لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر گەنجان و منداڵان کردووە. چەندین پێشنیاز لەنێو یونیسێفدا کراون لەسەر گرنگیی رێکخستنی ستراتیجیەتی یونیسێف لە عێراق بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانەکانی کەشوهەوا و وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو بگونجێت. هەروەها پشتیوانییەکی تەواوی بە حکومەتی عێراق پێشکێش کردووە لەسەر گرنگیی خۆپاراستن لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی گەلی عێراق و بەتایبەتی لەسەر منداڵان و ژنان لە عێراقدا. 
 
رووداو: رێکخراوەکەی ئێوە باڵاترین رێکخراوە کە گرنگی بە منداڵان دەدات، ئایا عێراق دەتوانێت ئاوی پاک بۆ منداڵان دابین بکات؟ چونکە ئاوی پاک بۆ منداڵان بەردەست نییە. 
 
عەلی خەتیب: یونیسێف بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق کاردەکات بۆ رووپێویکردن. گرنگی ئەو رووپێوییانە لەوەدایە داتابەیسێکمان پێدەدات بۆ پلاندانان و پێشکێشکردنی ئەو خزمەتگوزارییانە بۆ گەلی عێراق بە گشتی. ساڵی 2022 رێکخراوی یونیسێف بە هاوکاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و وەزارەتی شارەوانی و نیشتەجێبوون، هەروەها وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، رووپێویی گشتی بۆ هەموو پارێزگاکانی عێراق کە 18 پارێزگان کرد. ئەنجامی ئەو رووپێوییە دەریخست 84٪ـی خەڵکی عێراق دەستیان بە ئاوی خواردنەوە دەگات. هەر بەپێی ئەو رووپێوییە دەرکەوت، نایەکسانییەکی گەورە لەنێوان دابینکردنی خزمەتگوزاری لەنێو شارەکان و ناوچە گوندنشینەکاندا هەیە. ئەگەر تێبینی بکەین؛ دەبینین ئاوی خواردنەوە تەنیا بۆ 91٪ـی شارنشینەکان بەردەستە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر کەمی گوندنشینەکان ئەو خزمەتگوزارییەیان بەردەستە. کەواتە 84٪ـی خەڵکی عێراق دەستیان بە ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی دەگات، بەڵام تەنیا 60٪ـیان دەستیان بە ئاوی خواردنەوە دەگات. دەبینی 20٪ـی جیاوازیی هەیە لەنێوان ئەو ئاوەی دابین دەکرێت و ئەوەی بەکەڵکی خواردنەوە دێت. ئەمە ئەو خاڵەیە یونیسێف جەختی لێدەکاتەوە، کە دەبێت دابینکردنی ئاو بەو کوالێتییە بێت کە زیانی تەندروستی نەبێت. 
 
رووداو: ئەوە رێژەیەکی زۆری منداڵانە کە ئاوی پاکیان بەردەست نییە، ئەو ناوچانە کامانەن لە عێراق کە ئاوی پاکیان ناگاتە منداڵان؟
 
عەلی خەتیب: بەگوێرەی ئەو رووپێوییانەی ساڵی 2022، دەبینین پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی پشت بە ئاوی رووباری فورات دەبەستن. هۆکاری ئەوەش ئەوەیە؛ ئاستی ئاوی رووباری فورات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ئەنبار، دیوانیە، موسەننا و زیقار، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە کە کەمبوونەوەیەکی بەرچاو هەیە لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارێزگای هەولێر کە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستێت. دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کاریگەریی کردووەتەسەر دابینکردنی بەردەوامیی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای هەولێر. 
 
رووداو: ئاوی رووباری فورات ئاوێکی پیسە؟
 
عەلی خەتیب: بەڵێ، ئاوی هەردوو رووباری دیجلە و فورات پیسە، ئەوەش بەهۆی کارنەکردن و چاککنەکردنەوەی وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو لە پارێزگای بەغداوە تاوەکو پارێزگای بەسرە، هەروەها نەبوونی وێستگەی پاککردنەوەی ئاو لە هەندێک پارێزگا لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکان، هەروەها هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە، پاشماوەی ئاوەڕۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ فڕێدەدرێتە نێو رووبارەکان، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پیسبوونی بایۆلۆجی رووبارەکان کە سەرچاوەی ئاون. تێبینیمان کردووە لە هەرێمی کوردستانیش رێژەی پیسبوونی ئاو لە بەنداوی دووکان و دەریاچەی دووکان بەرزە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی رێوشوێنی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ بەپێی پێویستییە ژینگەییەکان لە پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی. 
 
رووداو: ئەمساڵ کەشوهەوا گەرم بوو، ئاوی پیسیش دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی پیس بڵاودەبنەوە لە عێراق کامانەن؟
 
عەلی خەتیب: یەکێک لە دەرهاویشتەکانی پیسبوونی ژینگەی رووبارەکان، زیادبوونی پیسبوونی بایۆلۆجی ئەو سەرچاوە ئاوییانەیە، لەبەرئەوە دەبنە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بڵابوونەوەی ئەو نەخۆشییانەی بەهۆی ئاوی خواردنەوەوە پەیدا دەبن، بەتایبەتی ئەگەر سەیری بڵاوبوونەوەی سکچوون و کۆلێرا بکەین، دەیبینین لەو ناوچانەدا بڵاودەبنەوە، کە چارەسەری ئاوەڕۆیان تێدا ناکرێت، چونکە ئەو ناوچانە گونجاون بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو بەکتریایە، ئەوەش دەبێتە هۆی تووشبوونی منداڵان و ژنان و گەنجان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و کۆلێرا. ئەوانەش بەربەست و مەترسیی گەورەن لەبەردەم پێگەیشتنی منداڵان بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە 5 ساڵ کەمترە. 
 
رووداو: وەکو دەزانن ساڵی نوێی خوێندن دەستیپێکردووە و منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان، ئایا ئاوی پاک دەگاتە هەموو قوتابخانەکان؟ یاخود چەند قوتابخانە لە عێراق لە ئاوی پاک بێبەشن؟
 
عەلی خەتیب: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. ئێمە لە یونیسێف زۆر بۆمان گرنگە چاودێری و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو خزمەتگوزارییانە بکەین لە قوتابخانەکانی عێراق پێشکەش بە منداڵان دەکرێن. لەبەرئەوە ساڵی 2021 یونیسێف بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە لە حکومەتی فیدراڵ، بە هاوئاهەنگیی تەواوی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی ناوەندیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانان، رووپێوییەکی تەواومان بۆ هەموو خزمەتگوزارییەکانی ئاو و ئاوەڕۆ لە 9 هەزار قوتابخانە لە هەموو ناوچەکان کرد. قوتابخانەکان بەسەر هەموو ئاستەکاندا دابەش بوون؛ لە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی. بەپێی ئەنجامی ئەو رووپێوییە، دەرکەوت ئاوی خواردنەوە بۆ 50٪ـی قوتابخانەکان بەردەست نییە. هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بینای زۆربەی ئەو قوتابخانانە، زیاتر لە دەوامێکیان تێدا دەکرێت و نزیکەی هەزار قوتابی لەنێو بینایەکدا دەخوێنن و ئاوی خواردنەوە بۆیان بەردەست نییە. لەو روانگەیەوە یونیسێف بە هاوئاهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کەمیی خزمەتگوزارییەکانی ئاوی خواردنەوە و ئاوەڕۆ بۆ قوتابخانەکان کرد، چونکە ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکانی وازهێنانی قوتابیان لە تەواوکردنی خوێندن بەتایبەتی کچان. نەبوونی تەوالێتی خاوێن و سەلامەت یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنانی کچان لە خوێندن بەتایبەتی کچانی قوتابی لە تەمەنی هەرزەکاریدا لە ئاستی ناوەندی و دواناوەندی. 
 
رووداو: وەکو گوتتان نەک تەنیا کەمە بەڵکو 50٪ـی قوتابخانەکان ئاوی پاکیان بەردەست نییە و قوتابیان بەتایبەتی کچان واز لە خوێندن دەهێنن بەو هۆیەوە، ئێوە چەند پرۆژەی دابینکردنی ئاوتان بۆ قوتابخانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
عەلی خەتیب: یونیسێف پلانێکی پێنج ساڵەیی هەیە کە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی عێراق کە هەموو پێنج ساڵ جارێک جێبەجێی دەکات، بە هاوکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ. پلانەکە کەرتە جیاوازەکانی تەندروستی، پەروەردە و پاراستنی منداڵان دەگرێتەوە، هەروەها دابینکردنی ئاو و پاک و خاوێنی ژینگە. ئەمساڵ لە پلانەکەدا زیاتر لە 300 پرۆژە لەسەر ئاستی قوتابخانەکان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەن، بەشێوەیەک ببێتە هۆی بەردەوامیی منداڵان بۆ تەواوکردنی خوێندنیان لە ئاستە جیاوازەکانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی. لەنێو ئەو پرۆژانەدا دابینکردنی ئاوی خواردنەوە هەیە لەڕێگەی سیستمی (ئاڕ ئۆ- R.O) یاخود هۆشیارکردنەوەی بەکارهێنان. هەروەها دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی رووناکیی بەردەوام و سیستمی هەواگۆڕکی لەنێو هەندێک لە قوتابخانەکانی عێراق، کە گەرەنتیی بەردەوامبوونی قوتابیان دەدات. ئەمساڵ کار لەسەر زیاتر لە 250 قوتابخانە دەکەین و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 قوتابخانەمان تەواوکردوون، کە بەسەر پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار،کەرکووک، نەینەوا و هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دابەشبوون. ئومێدمان وایە هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لەسەر گەیشتن بە زۆربەی قوتابخانەکان لە تەواوی عێراق. جگە لەوەش پڕۆژەی پێشەنگ هەن لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی ئاو بە ئامانجی پڕکردنەوەی بیرەکان لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک. تاوەکو ئێستا یونیسێف 6 پرۆژەی پێشەنگی جێبەجێکردووە ، سێ پرۆژە لە هەولێر و سێ پرۆژەش لە پارێزگای دهۆک. پرۆژەی کۆکردنەوەی ئاو یارمەتی زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی دەدات، هەروەها دەبێتە هۆی جێگیرکردنی دانیشتووان لە ناوچەکانی خۆیان و هاوکاری کردنی جووتیاران بۆ کشتووکاڵکردن و ژیاندنەوەی ناوچەکە و دروستکردنی ژینگەیەکی خۆش بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و دەوروبەری. 
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆری منداڵانی رۆژئاوای کوردستان لە کامپەکاندان، لەنێو کامپەکانیشدا ئاوی خاوێن نییە. ئایا هیچ پرۆژەیەک بۆ منداڵانی پەنابەر هەیە؟ 
 
عەلی خەتیب: هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی دۆخی سووریا لە دەستپێکی ساڵی 2013 و هاتنی زیاتر لە 500 هەزار پەنابەری سووری بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان، یونیسێف بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کامپی دروستکردن. هەروەها لە ساڵی 2014 لەکاتی پەیدابوونی داعش، ژمارەی کامپەکان لە هەموو عێراق زیادبوون و گەیشتە 175 کامپ کە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بەغدا و پارێزگاکانی باشوور دابەش ببوون. سوپاس بۆ خودا دوای کۆتاییهێنان بە داعش و بڕیاری حکومەتی ناوەند بە داخستنی کامپی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان، سەرنجی بەردەواممان هەبوو لەسەر کامپی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان. دوای 9 ساڵ لە کارکردنی بەردەوامی یونیسێف بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، لە فەرمانگەکانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ و خولی راهێنانی کارمەندانی ئەو فەرمانگانەمان لەسەر شێوازی بەڕێوەبەردن و کارکردن کردووەتەوە و راهێنانمان پێکردوون. ئامانجمان ئەوەبوو بەردەوامبین لە دابینکردنی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و پاشماوەی رەق. لێتان ناشارمەوە ئێمە بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە بەردەوامین لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوەی منداڵانی پەنابەر بتوانن خوێندن تەواو بکەن. ژمارەیەک قوتابخانەی تایبەتیش بە منداڵانی سوورییەکان لەنێو کامپەکاندا هەن. 
 
رووداو: لەماوەی رابردوودا نەخۆشیی کۆلێرا بڵاوبووەوە و زیانێکی زۆری بە منداڵان گەیاندووە، رێنمایی ئێوە لەو دۆخەدا چییە؟ چۆن دەتوانن رێگری لەو نەخۆشییە بکەن؟
 
عەلی خەتیب: وەکو دەزانن کۆلێرا یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان لە عێراق. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1967 لە عێراق پەیدابوو. لەڕاستیدا لەڕێگەی کەڵەکەبوونی ئەزموون و پشتیوانیکردنی یونیسێف و هاوئاهەنگی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، هەندێک پارێزگا هەن کە ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرایان زۆرە. ئەو پەتایەش خوولییە و هەموو دوو ساڵ یاخود سێ ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە. ئەو وەرزانەی کە چاوەڕواندەکرێت تێیاندا بڵاوببێتەوە بریتین لە وەرزی پاییز و بەهار. هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بە پلەی یەکەم بریتییە لە پیسبوونی ئاو، هەروەها بە پلەی دووەم پیسبوونی خۆراکی بەکارهاتوو بەتایبەتی ئەو خۆراکانەی بە گەرمیی چارەسەر ناکرێن.