وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: دەمانەوێت سیر و پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەین

26-08-2024
خالید حنێفات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن میوانی نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداوە.
خالید حنێفات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن میوانی نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خالید حنێفات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن رایگەیاند دەیانەوێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن زیاتر بکەن، بۆ ئەمەش یاداشتنامەیەکیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە. گوتیشی لەم وەرزەدا پێویستیان بە سیر و پەتاتەیە و دەیانەوێ لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بکەن.
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکیشی دەکات، باسی لە ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "ئێمە یاداشتی لێکتێگەیشتنمان واژۆکرد، ئەم یاداشتنامەیە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە دیاریکراوە بەداخەوە، ئەم یاداشتە کاریگەریی دەبێت بۆ کارئاسانی و پەرەپێدانی پەیوەندی کەرتی تایبەت لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان".
 
هەروەها گوتی، "لەم وەرزەدا پێویستمان بە پەتاتەیە لەگەڵ سیر، دەمانەوێت لە نزیکترین بازاڕ و سەرچاوەوە دەستمانبکەوێت کە پێموایە هەرێمی کوردستان نزیکترینە لێمانەوە، پێموایە دەتوانین 10 تاوەکو 15 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەین لەگەڵ 4 بۆ 5 هەزار تۆن سیر".
 
وەزیری کشتوکاڵ باس لە گرنگی پێگەی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هەناردەی بەرهەمی ئوردنی بە بازاڕەکانی جیهان و گوتی، "لە راستیدا گرنگترین ئەجێندای ئەم سەردانەمان زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قۆستنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستانە بەتایبەت خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، کە وەکو دەروازەیەک وایە بۆ ئەورووپا لە رێگەی تورکیاوە، هەروەها بۆ رۆژهەڵاتی ئەورووپا و رووسیا و تەنانەت هەندێک کۆماری وەکو جۆرجیا و ئازەربایجان".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خالید حنێفات، وەزیری کشتوکاڵی ئوردن
 
رووداو: تاوەکو ئێستا ئەنجامی سەردانەکەتان و دیدارەکانتان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان چییە؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: لە راستیدا ئەمە یەکەم سەردانمە وەکو وەزیری کشتوکاڵ بۆ هەرێمی کوردستان، کە بەشێکە لە عێراقی دراوسێمان، کە زۆرمان خۆشدەوێت، پەیوەندی زۆر لە هەموو ئاستەکان لەنێوانماندا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی گەشەسەندووە و توانایەکی زۆری هەیە لە هەموو بوارەکاندا، کشتوکاڵ، پیشەسازیی، پەروەردە و هەموو کەرتەکانی دیکە، لە راستیدا لە پێشکەوتن بەردەوامە، بۆیە سەردانەکەمان و دیدارمان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە رەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت بۆ رەخساندن و هێنانەئارای دۆخێکی گونجاو بۆ کەرتی تایبەت.
 
ئەمڕۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان شەرەفمەند بووین بە دیداری کاک مەسعود و کاک مەسرور سەرۆکوەزیران، هەروەها بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سوودمان لەم دیدارانە وەرگرت هەم لەرووی سیاسیی و هەمیش بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ.
 
بێگومان ئێمە یاداشتی لێکتێگەیشتنمان واژۆکرد، ئەم یاداشتنامەیە بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان، چونکە ئێستا قەبارەی ئاڵوگۆڕەکە دیاریکراوە بەداخەوە، ئەم یاداشتە کاریگەریی دەبێت بۆ کارئاسانی و پەرەپێدانی پەیوەندی کەرتی تایبەت لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە سوودی هاوبەش لە کەرتی تایبەت وادەکات قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان گەورەتر بێت، هاوکات بەڕێوەبەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئوردنیمان لەگەڵدایە و پشتیوان بە خودا رێککەوتنەکان بە خێرایی ئەنجام دەدرێن بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی هەمانە لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و لە دەرەوە هاوردەیان دەکەین وەکو پەتاتە و سیر، هاوکات لە ئایندەدا رێکارێک دادەنێین بۆ هاوردەکردنی دانەوێڵە و گەنم و جۆ و رەنگە ئاردیش، لە یادمان نەچێت ئێمە رەنگە بتوانین دەرمان و پێداویستییەکانی ڤێتێرنەری و پەیینی کشتوکاڵی هەناردە بکەین بۆ ئێرە کە ئوردن لەم بوارەدا زۆر پێشکەوتووە و بەرهەمەکانی هەناردەی هەموو وڵاتانی جیهان دەکات، لەلایەکی دیکەوە پشتیوان بە خودا سەردان و ژمارەیەک دیدار رێکدەخەین بۆ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵ و شاندێکی وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو هاوبەشییەکی راستەقینە دروستبکەین و ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان بەرزبکەینەوە.
 
رووداو: ئاماژەت کرد بە گەنم و بەرهەمەکانی وەکو ساوەر، یان سیر، پێموایە ئەوەش لەو بەرهەمانەیە کە ئوردن خواستی هەیە بۆ هاوردەکردنیان، بەڵام ئایا بڕێکی دیاریکراو هەیە کە ئوردن خواستی هەبێت لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بکات؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: رێگەم بدە زانیاریت بدەمێ لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ لە ئوردن، کە کەرتێکی سەرپێکەوتوو و بەهێزە، هەوڵ دەدەین لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و ئەو بڕە ئاوەی هەمانە هەرچی زیاترە ئاستی بەرهەممان بەرزبکەینەوە، ئێستا لە ئوردن رێژەی خودبژێوی نزیکەی 61٪ە، ئێمە رێژەی 61٪ی پێداویستی خۆمان بەرهەمدەهێنێن، ئەوەش بۆ دەوڵەتێکی هەژار لە رووی ئاوەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە.
 
لەلایەکی دیکەوە پێداویستییەکانمان لە وەرزێکەوە بۆ وەرزێکی دیکە دەگۆڕێن، بۆ نموونە لەم وەرزەدا پێویستمان بە پەتاتەیە لەگەڵ سیر، دەمانەوێت لە نزیکترین بازاڕ و سەرچاوەوە دەستمانبکەوێت کە پێموایە هەرێمی کوردستان نزیکترینە لێمانەوە، پێموایە دەتوانین 10 تاکو 15 هەزار تۆن پەتاتە لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەین لەگەڵ 4 بۆ 5 هەزار تۆن سیر، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و دەبێتە سەرەتایەکیش بۆ دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کە خواستیان لەسەرە لەلایەن هاووڵاتییانی ئوردنەوە. 
 
رووداو: ئێستا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان ئوردن و هەرێمی کوردستاندا چۆنە؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: جووڵەی بازرگانی هەیە، بەڵام لە ئاستی دڵخوازی ئێمە و برایانمان لە هەرێمی کوردستاندا نییە، هێشتا جووڵەکە لاوازە و پێموایە دەرفەت هەیە بۆ پەرەپێدانی و بەرزکردنەوەی بۆ چەند هێندەی ئێستا، پێموایە ئەم سەردانانە و دیدارەکانمان کاریگەرییان دەبێت، هەم لەسەر جووڵەی بازرگانی و هەم لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی کەرتی تایبەت لەنێوان هەردوولا، ئێمە وەکو کەرتی گشتیی و بەرپرسانی حکومەت پێویستە زەمینە بۆ هەروو کەرتەکە بڕەخسێنین لە ئوردن بێت یان لە کوردستان.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ گەیشتن بە تورکیا و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، ئایە ئوردن نییەتێکی هەیە بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بەتایبەت لە بواری پیشەسازیدا لە عێراق لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی ئەورووپا؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: لە راستیدا گرنگترین ئەجێندای ئەم سەردانەمان زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قۆستنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستانە بەتایبەت خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، کە وەکو دەروازەیەک وایە بۆ ئەورووپا لە رێگەی تورکیاوە، هەروەها بۆ رۆژهەڵاتی ئەورووپا و رووسیا و تەنانەت هەندێک کۆماری وەکو جۆرجیا و ئازەربایجان، لە راستیدا ئێمە ئاستەنگی زۆرمان هەیە لە پەڕینەوە بۆ ئەو وڵاتانە، ئێمە ئەمڕۆ بە روونی داوای ئەوەمان کرد و پێموایە ئەوەش پێویستی بە بڕیاری فیدراڵی هەیە بۆ ئەنجامدانی کارئاسانی و گواستنەوەی بەرهەمەکانی ئوردن لە زاخۆوە، ئێمە ئێستا سەوزە و میوە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەگوازینەوە و ناتوانین زۆر چاوەڕوان بکەین، بەدەنگەوەهاتنمان بینیوە و پشتیوان بە خودا رێگەیەک دەدۆزینەوە لەنێوان وەزارەتی گواستنەوەی ئوردن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: پێشوازیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بیرۆکەی کارئاسانی گواستنەوەی بەرهەمە ئوردنییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەورووپا چۆن بوو؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: هیچ بیرۆکەیەکمان نەخستەڕوو کە بەڕێزیان بە تەواوی و بە ئومێد و خۆشەویستییەوە پێشوازی لێنەکات، لە پەرەپێدانی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان رۆڵەکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان، ئێمە دەزانین کە پەیوەندییەکی مێژوویی لەنێوان سەرکردایەتی هاشمی و سەرکردایەتی کورد هەیە.
 
رووداو: وەکو ئاماژەت پێکرد، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم بڕیارە بڕیارێکی فیدراڵییە لە عێراق، ئایا هیچ ئاستەنگ و بەربەستێک دەبینن لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ ئەم کارە، بۆ پڕۆژەیەکی وەکو گواستنەوەی بەرهەمەکانی ئوردن لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: لە راستیدا پەیوەندییەکانی ئوردن و عێراق زۆر خاڵی ئەرێنی تێدایە لە هەموو بوارەکاندا، لە بواری بازرگانی بێت یان پیشەسازیی، هاوکات سەردانی بەردەوام هەیە لەنێوان ئوردن و عێراق لە ئاستی باڵادا، ئێستاش کاردەکرێت بۆ پێکهێنانی دامەزراوەی خۆراکی عەرەبی لەنێوان عێراق و ئوردن و میسر بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاڵنگارییەکان و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، لە رووی سیاسیشەوە کرانەوەیەکی تەواو هەیە و پێموایە هەر ئاستەنگێک رووبدات دەتوانرێت بە دانیشتن و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: کەواتە دوای هەرێمی کوردستان نییەتتان هەیە سەردانی بەغدا بکەن بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: بێگومان سەردانی بەردەوام هەیە و ئەمساڵ دیدارمان لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی وەزارتەکانی گواستنەوە، کشتوکاڵ، پیشەسازیی و بازرگانی هەبووە، تەنانەت لە ئاستی بەرزی سەرۆکوەزیران و شای ئوردن سەردان و هاوئاهەنگی هەبووە.
 
رووداو: عێراق جوگرافیا و پێگەیەکی زۆر لەباری هەیە بۆ کشتوکاڵ، بەڵام کێشەی کارەبا هەیە و پلانێکیش هەیە بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای ئوردنەوە، ئەو پڕۆژەیە بەکوێ گەیشت؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: دۆسیەی کارەبا لەو دۆسێیانە نییە، کە پەیوەندیداربێت بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە، بەڵام لە راستیدا چەند رێککەوتنێک هەن کە ئێستا جێبەجێکراون، سوپاس بۆ خودا گەیشتووینەتە قۆناخی پێدانی وزەی کارەبا بە عێراق، پێموایە لێکتێگەیشتنی باش هەن بۆ گەیشتنی وزەی کارەبای ئوردن بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و هەنگاوی باش نراون لەوبارەیەوە.
 
رووداو: لەبارەی دۆخی کشتوکاڵ لە ئوردن، تۆ ئاماژەت بە دۆخی کشتوکاڵ کرد، بەڵام بەتایبەت لەبارەی ئاستەنگەکان کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و قەتیسبوونی پلەکانی گەرما و کەمی ئاوی شیاو بۆ ئاودێری لە ئوردن دروستبوون، ئێستا دۆخی کشتوکاڵ لە ئوردن چۆنە؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: ئوردن بەدەست زۆر ئاڵنگارییەوە دەناڵێنێت، جا جیۆسیاسیی بێت یان کەرتێکی دیاریکراو، هەریەکێکیشیان کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرهەمی کەرتێکی دیکە و لەو چوارچێوەیەشدا کەرتی کشتوکاڵ، ئێمە دەزانین کە کەرتی کشتوکاڵ بەرهەمێکی خێرا دەدات بەڵام پشت بە ئاو دەبەستێت، هەروەها پێویستی بە سنووری واڵا هەیە، پێویستی بە هێڵی گواستنەوە هەیە، بەڵام دۆخی ناوچەکە رەنگدانەوەی هەیە لەسەرمان، لەلایەکی دیکەوە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری زۆریان هەبووە لەسەر دەوڵەتێک کە خۆی لە بنەڕەتدا لە رووی ئاوەوە هەژار بووە، ئێمە بە وڵاتێکی هەژار لە ئاودا دادەنرێین، ئوردن ئاوی ساڵانەی نزیکەی ملیارێک مەتر سێجایە و نیوەی ئەو بڕە بۆ کەرتی کشتوکاڵ دەڕوات، ئێمە 93٪ی ئاوی کشتوکاڵیشمان بەکاردەهێنینەوە کە دەکاتە 300 ملیۆن مەتر سێجا لە ساڵێکدا، بەو بڕە ئاوەش دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵیمان دەبێت، کە زیاتر بەرهەمی ئالیکە، بەرهەمەکانمان هەناردەی 100 وڵات دەکەین، سەرنجمان لەسەر بەرزکردنەوەی خواستی جیهانە بۆ بەرهەمەکانمان، بە رێژەی 61٪ خودبژێویمان هەیە و لە هەندێک جۆری سەوزەدا 100٪مان تێپەڕاندووە، لە گۆشتی سوور 45٪ و گۆشتی سپی 85٪ و شیر 100٪ و هێلکە 100٪ خودبژێویمان هەیە.
 
لەلایەکی دیکەوە هەوڵی پاشەکەوتکردنی هەر دڵۆپێک ئاو دەدەین لە رێگەی تەکنەلۆژیا و رێگەی هاوچەرخی کشتوکاڵ و ئاودێرییەوە وەکو هایدرۆبۆنیک و ئەکوابۆنیک و ئەیرۆبۆنیک، هەوڵیش دەدەین خەرجی ئاومان کەم بکەینەوە و زۆرترین بەرهەممان هەبێت، بۆیە پێموایە ئوردن ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە بەتایبەت لە رووی زانستییەوە، هاوکات ناوەندێکی نیشتمانیمان هەیە بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵی، ئێمە هەموو ئەو توانایەشمان بۆ برایانمان لە هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و بەردەستە.
لەلایەکی دیکەوە پاڵپشتی کشتوکاڵیمان هەیە و دامەزراوەیەکمان هەیە بۆ گواستنەوەی جۆری بەرهەم لە کەرتێکەوە بۆ کەرتێکی دیکە و توانامان هەیە هەندێک بەرهەم بگۆڕین بۆ پێداویستی بەرهەمی ئاژەڵی، هاوکات پلانمان هەیە بۆ بوژاندنەوە و پەرەپێدانی گوندەکان ئەوەش زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری، ئەزموونێکی دەوڵەمەندیشمان هەیە لەم بوارانە و دەتوانین پێشکەشی بکەین بە برایانمان لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: گفتوگۆتان لەسەر ئەم بابەتە کرد، بۆ گواستنەوەی ئەم ئەزموونە بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە کەم بەکارهێنانی ئاوەوە هەیە؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: بێگومان، ئێمە ئەوەمان خستەڕوو کە پێشوازی لە شاندێکی هونەری بە سەرۆکایەتی وەزیری کشتوکاڵی کوردستان بکەین، پەنا بە خودا بەم نزیکانە لەگەڵ شاندێکی وەبەرهێنەران لە عەممان دەبێت، ئێمە کاردەکەین بۆ دابینکردنی هەموو ئەوەی سوودمان لێ بینیوە بەهۆی پێویستی زۆرمان بۆ ئاو و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەرمان، هەروەها زیادکردنی بەرهەمەکان، ئێمە ئاڵنگارییەکانمان زۆر گەورەن، پەنا بە خودا ئەوە رەنگدانەوەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵی کوردستانیش دەبێت.
 
رووداو: بەگشتی ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە لەژێر کاریگەرییەکی گەورەی گۆڕانی کەشوهەوایە، ئەو ناوچەیەی زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە لە جیهان، ناوچەکەی ئێمەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئوردن و عێراق و هەرێمی کوردستانیش. جەنابی وەزیر، گۆڕانی کەشوهەوا سنووری وڵاتان ناناسێت و دەوڵەت ناناسێتەوە. ئاستی هاوئاهەنگی لەنێوان ئێوە و وڵاتانی دراوسێتان، بەتایبەتی عێراق، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی چۆنە، لانی کەم بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: وەکو ئاماژەم بۆکرد گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ناوچەکە و جیهان کردووە. بەڵام ئێمە لە ئوردن زۆرترین کاریگەریمان لەسەرە، چونکە سەرچاوەی ئاوی بەردەواممان نییە، بۆیە ئاڵنگارییەکی گەورە لەبەردەم کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراکمان هەیە. ئاو سەرچاوەی سەرەکییە " وجعلنا من الماء كل شيء حي"، بۆیە ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ هەوڵ دەدەین هەتا بتوانین سوود لە هەموو دڵۆپێکی ئاو ببینین، لە رێگەی دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێویست بۆ کۆکردنەوەی ئاو، ئێمە هەوڵ دەدەین تاوەکو بتوانین ئاوی باران هەرچەندە کەم بێت کۆیبکەینەوە، بۆ ئەمە دوو ئامرازمان هەن، ئامرازێکیان بیری کۆکردنەوەی ئاوی بارانە کە هەوڵێکە بۆ ئەوەی بیر بۆ هەموو ماڵێک دروست بکەین، ئەمەش بە گوژمەی وەزارەتی کشتوکاڵ یان گەنجینە یاخود لایەنە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها چاڵ و بەنداوە خۆڵییەکان لە هەموو پارێزگاکانی شانشینی ئوردن بەتایبەتی لە ناوچە بیابانەکان. لە راستیدا ئێمە ئەزموونێکمان هەیە کە بەردەستە و پێموایە هەندێک جۆری بنەتۆ و درەختیش لە هەرێمی کوردستان هەن کە ئاوی کەمیان دەوێت، دەتوانین ئێمەش لە ئوردن سوودیان لێ ببینین لە رێگەی هاوردەکردنی هەندێ جۆری بنەتۆ کە باشترین بەرهەم دەدات بە کەمترین ئاو. ئێستا هاوئاهەنگییەکی هەرێمیی لەبارەی کشتوکاڵەوە لەنێوان ئوردن، عێراق، سووریا و لوبناندا هەیە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان، هەروەها کار هەیە بۆ دروستکردنی رۆژمێرێکی کشتوکاڵی بەشێوەیەک کار بۆ تەواوکاری خۆراکی بکات. بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئوردن کەمن بتوانین لە وەرزێکی دیاریکراودا لە عێراق یان سووریا و لوبنانەوە هاوردەی بکەین، ئێمە لەم بوارەدا چالاکین و پەنا بەخودا کوردستانیش بەشێک دەبێت لەم سیستەمە، چونکە ئێمە لە راستیدا مامەڵە لەگەڵ هەرێمێکدا دەکەین کە توانا و سەرچاوەی گەورەی هەن کە ئاسایشی خۆراک لە هەرێم و ناوچەکە بەهێزتر دەکات.
 
رووداو: بنەماڵەی کوردی یەکەم کەس بوون کە مەکینە و تراکتۆری کشتوکاڵییان هێناوەتە ئوردن، ئایە کوردە ئوردنییەکان هێشتا لە کشتوکاڵدا کار دەکەن؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: بەڕێزم، لای ئێمە لە ئوردن هەموو کەسێک ئوردنییە، پێموایە ئەو ئوردنییەی کە بە رەچەڵەک کوردە بەشێکە لە کۆمەڵگەی ئوردنی لەژێر چەتری هاشمی. برایانمان و هاووڵاتییانمان لە کوردی ئوردن گەیشتنە پۆستی باڵا لە دەوڵەت لە سەرۆکایەتی وەزیران و پۆستی ئەمنی و سەربازیی و مەدەنی باڵا، هەروەها لە کەرتی تایبەتیش. لە راستیدا لە ئوردن جیاوازی لەنێوان کوردێک و کەسێکی دیکەدا نییە، بۆیە ئەوان پێشوازییان لێدەکرێت و پەیوەندی تووندوتۆڵیشمان لەسەر ئاستی سەرکردە مێژووییەکان و سەرکردایەتی هاشمیدا لە ئوردن هەیە. من هەموو پێشوازی و رێز و خۆشەویستییەکیشم لە کوردستان بینی، چ لای دانای گەورە و سەرکردە کاک مەسعوود، یان سەرۆکوەزیران، هاوئاهەنگی و هاودەنگی و وەڵامدانەوەیان زۆر باش بوو، تەنانەت لەلایەن بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی کوردستانیشەوە و هەموو ئەوانەی لەگەڵیان کۆبوومەوە لە کەرتی تایبەتیش، لە راستیدا خۆشەویستییەک هەیە کە سنووری فەرمی و موجامەلاتی تێپەڕاندووە.
 
رووداو: سەردانی ناوچە کشتوکاڵییەکان یان کێڵگەی کشتوکاڵیتان لە هەرێمی کوردستان کرد، کشتوکاڵ لێرە چۆن دەبینن؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: من دوێنێ لە پێشانگەکە بووم، ئەمڕۆش گەشتێکمان هەیە کە پەنا بەخودا دەچینە سلێمانی و لەوێشەوە بۆ هەڵەبجە، دووسبەی دەچینە دهۆک بۆ بینینی هەندێک ناوچەی کشتوکاڵی، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا ئوردنییەکانیشم لەگەڵ دەبێت بۆ واژۆکردنی گرێبەستی راستەوخۆ بۆ هەناردەکردن بۆ ئوردن، هەروەها بۆ هاوردەکردن لە ئوردنەوە لە کاتی دیاریکراودا، بۆ نموونە لە وەرزی زستان، یان هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی وەکو پەیین و دەرمانی قڕکەر و ڤێتەرنەری. روونە کە بازدانێکی جۆریی لە کەرتی کشتوکاڵی کوردستاندا هەیە لە جۆری بەرهەم و ئاستە بەرزەکەی و کوالێتییەکەی و ئەو پێوەرانەی پەیڕەو دەکرێن لە پیشەسازی خۆراکدا، کە وادەکات ئەم بەرهەمهێنانە بەردەوامبێت و بگاتە بازاڕەکانی جیهان. ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی خۆراک و بۆ لەخۆگرتنی بەرهەمی کشتوکاڵی زیادە و دروستکردنی هەلی کاریش. بەڕاستی هیوادارم ئێمە هەموو ئەزموونەکان ئاڵوگۆڕ بکەین و بەرهەمەکانیش ئاڵوگۆڕ بکەین کە خاڵێکی بنەڕەتی و گرنگە لە ئاسایشی خۆراکمان لە ناوچەکەدا.
 
رووداو: جەنابی وەزیر، دوایین پرسیارم، گوێم لێبوو دوێنێ گوتت کە نهێنی نییە بڵێم لێرە هەست دەکەم لە ماڵی خۆمم، زۆرجار کە چاوم بە بەرپرسان و تەنانەت پسپۆڕانی ئوردنی دەکەوێت کە سەردانی عێراق دەکەن لە بەغدا یان لە هەولێر، دەبینم پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ و خۆشەویستییەکی زۆر هەیە نەک تەنیا لە ئاستی سیاسی بەڵکو لە ئاستی خەڵکدا لەنێوان گەلی ئوردن و گەلی کورد، رەنگە کەسێک بپرسێت نهێنی ئەم پەیوەندییە چییە؟
 
وەزیری کشتوکاڵی ئوردن: بەڕێزم، ئێمە زۆر خاڵی هاوبەشی مێژوویی و ئایینیمان هەن، هەروەها مرۆییش، کەلەپوورێکی رەسەنیشمان هەیە، واتە لە هزری هەموو هاووڵاتییەک ئوردنی بێت یان عێراقی یان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ برایانمان لە کورد، هەستێکی ئەرێنی هەیە بەرامبەر یەکدی، بۆیە ئەمە پەیوەندی ئاسان دەکات و من هەستم بەمە کرد لە هەموو مامەڵە و دیدار و کۆبوونەوەکانم لەسەر ئاستی فەرمی و خەڵکدا، بە راستی خۆشەویستی و پێزانین و رێزێکی زۆرم بینی، هیوادارم ئەمە بەردەوام بێت. من هەمیشە لەوانەم کە دەڵێم هەست و سۆز ببنە بنەمای دروستکردنی بەرژەوەندی، پێویستە ئێمەش ئاگامان لەم بەرژەوەندییە بێت و زەمینەی راستەقینەی بۆ دابین بکەین، رێککەوتننامە و یاسای بۆ دابین بکەین کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاسان بکات و هەبوونی وەبەرهێنەر و کەرتی تایبەت ئاسان بکات، کە کار بۆ زیادکردنی خۆشەویستی بکات، وەریشیبگێڕێ بۆ بەرژەوەندی لەسەر زەوی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە