نوێنەری WFP لە عێراق: ئەگەر پارەشت هەبێت رەنگە هیچ شوێنێکت دەستنەکەوێ گەنمی لێبکڕیت
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری WFP لە عێراق رایگەیاند، قەیرانی ئۆکراینا هۆکاری کەمبوونەوەی خۆراکە لە جیهان و.. لە عێراق نرخی خۆراک بە رێژەی 11% بەرزبووەتەوە. دەشڵێت، ئەمساڵ عێراق سێ ملیۆن تۆن گەنم هاوردە دەکات.
عەلی رەزا قوڕەیشی، نوێنەری WFP لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵیدا ئەنجامیدا باسی لە دۆخی ئاسایشی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان، مەترسییەکانی ئاسایشی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر کشتوکاڵ، رۆڵی WFP لە تەشەنە نەکردنی زیانەکان، کرد.
لەبارەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر عێراق، عەلی رەزا قوڕەیشی گوتی، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر عێراق هەیە. دەشڵێت، "عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە."
لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنمی هەندێک وڵات، نوێنەری WFP لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر پارەشت هەبێت رەنگە هیچ شوێنێکت دەستنەکەوێ گەنمی لێبکڕیت."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی رەزا قوڕەیشی، نوێنەری WFP لە عێراق:
رووداو: دۆخی ئاسایشی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکی مەترسیدایە؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان، دەبینین ئەمڕۆ ئەوەی لە هەواڵەکاندا زۆر باسدەکرێ، شۆکی جیهانییە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و نرخی نەوت. قەیرانی ئۆکراینا و نەتوانینی دەرچوونی خۆراک لە ئۆکراینا بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی جیهانی نرخەکان و کێشەی بەردەستنەبوونی رێژەی پێویستی خۆراک. دەبینین لە هەموو وڵاتان نرخەکان بەرزدەبنەوە. تەنانەت لە عێراقیش سەرەڕای هەبوونی سیستمی دابەشکردنی خۆراک لەلایەن حکومەتەوە کە پێویستییە بنەڕەتییەکان دابین دەکات بۆ هاووڵاتییانی عێراق، هێشتا دەبینین بەرێژەی 11% نرخەکان بەرزبووەتەوە. لە هەندێ پارێزگاش نرخەکان زۆر بەرزترن. کاریگەریی قەیرانەکە زۆر قوڵە، بەڵام جگە لە کاریگەری رووداوێکی دەرەکی کە شەڕی ئۆکراینایە، دیاردەیەکی دیکەش هۆکارە ئەویش گۆڕانی کەشوهەوایە. گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی بەرچاوی لەسەر عێراق داناوە. زۆرجار وا ئاماژەی پێدەکرێ کە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە.
رووداو: ئەگەر سفر کەمترین پلە و 10 بەرزترین پلەی مەترسی ئاسایشی خۆراک بێت، عێراق و هەرێمی کوردستان لە چ پلەیەکدان؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: پێموایە کاتێک باسی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین کە بە روونیش گوتم، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتە کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەوە مەترسییەکە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا دادەنێم. هەندێ لە کاریگەرییەکانمان بینیون وەکو شەپۆلەکانی خۆڵبارین. بە هەمان ئاستیش لە کەمبوونەوەی ئاودا دەیبینین. ئەمانە هەندێ ئاڵنگارین کە عێراق لەبەردەمیدان. لەگەڵ وشکبوونی بەنداوەکان و وشکبوونی بیرەکانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، چونکە فوڕات و دیجلە رێژەیەکی زۆر کەمی ئاوی بارانیان تێڕژاوە. ئەمەش واتا ئاوی کەمتر لەبەردەستە بۆ کشتوکاڵ.
رووداو: گۆڕانی کەشوهەوا لە چ ئاست و شێوازێک کاریگەریی لەسەر کشتوکاڵی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و زیاتر چ بەرهەمێک کاریگەر بووە بە گۆڕانی کەشوهەوا؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: ئەمە پرسیارێکی زۆر باشە. گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دادەنێت. هەم ئەو کشتوکاڵەی کە پشت بە باران دەبەستێت هەم ئەو کشتوکاڵەی کە پشت بە ئاودێری دەبەستێت. لە کوردستان رێژەیەکی بەرچاوی کشتوکاڵتان پشت بە باران دەبەستێت لەگەڵ کەمبوونەوەی باران کە ساڵی رابردوو بینیمان وشکەساڵی بوو، رێژەیەکی بەرچاوی دانەوێڵە لەناوچوو. ئەوەش واتا داهاتی کەم بۆ جووتیاران و لەدەستچوونی وەبەرهێنانەکەیان. بە سەختی کاردەکەن، پارەی لێ خەرج دەکەن، دواتر باران نابارێت و زیان دەکەی، چۆن ئەو زیانەت قەرەبوو دەکرێتەوە؟ کەواتە بەرهەمی کەمتر بۆ وڵات و داهاتی کەم بۆ جووتیاران. ئەمە بۆ کشتوکاڵی پشتبەستوو بە باران. بەڵام بەهۆی کەمی بارانەوە کشتوکاڵی پشتبەستوو بە ئاودێریش زیانی زۆری بەرکەوت. ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە چی بکرێت؟
رووداو: WFP رۆڵی چییە و چیتانکردووە بۆ رێگریکردن لە زیاتر تەشەنە نەکردنی زیانەکان؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: ئێمە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەین، هەروەها لەگەڵ هەموو بەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاڵنگاریانە. پێویستە سەرەتا ببینین کە زۆرینەی کشتوکاڵی ئەمڕۆی عێراق بەداخەوە لەگەڵ هەلومەرجەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ناگونجێت. زانیاری زۆرینەی جووتیاران پشت بەو زانیارییە دەبەستێت کە لە باب و باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە کە بەگوێرەی کەشوهەوای ئەوکاتە گونجێنراوە. کەشوهەوا گۆڕاوە، پلەی گەرما گۆڕاوە، بارانبارین گۆڕاوە، بەردەستبوونی ئاو گۆڕاوە و لەهەندێ بەشی عێراق رێژەی سوێربوونی ئاو زۆر بەرزە. ئێستا پێویستمان بەوەیە زانیاریی نوێ بدەینە جووتیاران.
رووداو: لە عێراق هەموو شتێک گۆراوە، بەڵام مامەڵەی جووتیاران بەرامبەر کیڵگەکانیان نەگۆڕاوە و هەروەها هیچ گۆڕانکارییەکیش بەسەر سیاسەتی حکومەتدا نەهاتووە، کەچی هەموو شتەکانی دیکە گۆڕان، ئاو کەمبووەتەوە و بەبیابانبوون زیادبووە و باران کەمبووەتەوە بۆیە ئێوە وەک WFP دەتانەوێ چی بکەن و چیمان بۆ دەکەن؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: لێرەوە رێکخراوی وەکو ئێمە دێنە ناوەوە. ئێمە لەگەڵ کەرتی تایبەت کاردەکەین، لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکان کاردەکەین بۆ توێژینەوە و هێنانی نوێترین تەکنەلۆژی. ئەوە دەکرێ تۆوی چاککراو یان تۆوی جیاواز بێت کە دەتوانن بەرگەی وشکەساڵی بگرن. شێوازی نوێی ئاودێری هەن کە پێویستییان بە ئاوی کەمترە بۆ دانەویڵە. تەکنیک هەن بۆ پێشبینیکردنی کەشوهەوا؛ پێشبینیکردنی کەشوهەوا دەتوانێ یارمەتی جووتیاران بدات بۆ بڕیاردان لە کاتی چاندنی دانەوێڵە و گۆڕینی کاتەکە. ئێمە سەرقاڵی پڕۆژە و چالاکی لەم شێوەیەین بۆئەوەی ببینین جووتیاران کاردانەوەیان چۆن دەبێت و ئایا ئەو زانیارییە نوێیە قبوڵدەکەن کە بۆیان دەهێنین و چۆن بتوانین توانایان بونیادبنێین. ئێمە وەک رێکخراوی نێودەوڵەتی دەتوانین مۆدێلی نوێ بهێنینە ناوەوە بۆ باشترین شێوازی کارکردن. گرنگترین شت ئەوەیە لە رێی دامەزراندنی ئەو شێوازە نوێیانە بە شێوەی مەیدانی لەگەڵ کۆمەڵگە و جووتیاران ئەنجام هەڵبهێنجین و دواتر ئەنجامەکە نیشانی حکومەت بدەین و بە حکومەت بڵێین شێوازەکان بداتە هەموو جووتیاران.
رووداو: نرخی خۆراک لە عێراق بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی دیکە بەرزترە یان نزمترە؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: نرخەکانی پێداویستییە بنەڕەتییەکان، با کورتی بکەینەوە بۆ سێ پێداویستی بنەڕەتی، دوو دانەیان کە باش لێیان شارەزاین و کاریان لەسەر دەکەین، ئەوانیش گەنم و بەرهەمەکانی گەنم و رۆنن؛ رۆنی چێشتلێنان. سێیەمیش بێگومان سووتەمەنییە.
بەرزبوونەوەیەکی جیهانی نرخی ئەو سێ پێداویستییە بنەڕەتییەمان بینی، دواتر نرخی زۆر پێداویستی دیکەش بەرزبووەوە کە پەیوەستن بەمانەوە، نرخەکانیش لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازن. هەروەها پێویستە لە داینەمیکێکی دیکەی گرنگ تێبگەین، دواتر دێمە سەر وەڵامدانەوەی پرسیارەکەت، داینامیکەکە ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆی وڵاتێک چەندە؟ وڵات هەن کە هەناردەکارن، خواستی بەکارهێنان پڕدەکەنەوە لە رێی هاوردەکردن لە دەرەوە. کەواتە ئەوانە پشت بە وڵاتانی دیکە دەبەستن بۆ ئاسایشی خۆراک.
بەداخەوە عێراق لەو کاتیگۆریەدایە کە خۆراک هاوردە دەکات، بەتایبەتیش ئەمساڵ عێراق پێویستە گەنمی زۆرتر لەچاو ساڵانی پێشوو هاوردە بکات، بەهۆی کەمی بەرهەمیی ساڵی رابردوو لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا. وەک پێشتر باسمکرد. پێشبینییەکە ئەوەیە ئەمساڵ عێراق سێ ملیۆن تۆن گەنم هاوردە دەکات. لە کاتێکدا کە نرخی گەنم لە جیهاندا لە بەرزترین ئاستدایە. کەواتە عێراق پارەی زۆرتر دەدات چونکە لەم کاتەدا نرخی بازاڕی جیهانی ئێستا بەرزترینە و پارەی زۆرتر دەدەی بۆ هاوردەکردنی خۆراکی زۆرتر چونکە ساڵی رابردوو بەرهەمی ناوخۆی کەمبووە لەبەر گۆڕانی کەشوهەوا، وڵاتی ناوچەکە هەن کە نرخی ئەو پێداویستیانە تێیاندا زۆر لە عێراق بەرزترە. پێموایە لە عێراق، کاتێک خۆم سەیری ئەو پرسیارە دەکەم کە بۆچی عێراق سەرەڕای ئەوەی هاوردەکارە نرخەکان وا بەرز نین؟ لەوە تێدەگەین کە هۆکارێک هەیە ئەویش سیستمی دابەشکردنی خۆراکە لەلایەن حکومەتەوە، بەپێی ئەو سیستمە ئاردێکی زۆر هاوردە دەکرێت، ئەگەر ئەو سیستمە نەبووایە، پێموایە کاریگەرییەکە زۆر گەورەتر دەبوو. ئێستا دەتوانرێ بگوترێ بەرزی نرخی ئاردی گەنمی هاوردە کراو لەلایەن حکومەتەوە لە ئەستۆگیراوە. بەڵام لە کەرتی تایبەتدا بەتایبەتی لەو ناوچانەدا کە رێژەیەکی زۆر خەڵکی نا عێراقییان تێدا دەژین، لەبەرئەوەی دابەشکردنی خۆراکی حکومی نایانگرێتەوە، لەو پارێزگایانە دەبینی نرخەکان 30% بەرزبوونەتەوە.
رووداو: بە روونی پێمان بڵێ ئەو پلانەی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەی ئێستا چۆنە و تەندروستە و لە کات و شوێنی خۆیدایە؟
عەلی رەزا قوڕەیشی: زۆر شت روودەدەن، عێراق لە کۆنتێکستی رەوشی جیۆپۆڵەتیکی جیهانیدایە، چەندین مەترسی هەن لەسەر ئاسایشی خۆراکی جیهانی، بەهەمان شێوە لەسەر ئاسایشی خۆراکی عێراقیش. ئاڵنگارییەکی جیهانی هەیە لەبەردەم پەینی بەپیتکردنی خاک، ئەوە مانای ئەوەیە ئەمە مەترسیشە بۆ عێراق. با جارێکی دیکە باسی گۆڕانی کەشوهەوا نەکەین ئەگینا هەر لەو بازنەیەدا دەسوڕێمەوە. بەڵام وەکو خۆیەتی و هیچ نەگۆڕاوە ئەو هەڕەشەیە وەکو خۆیەتی.
کێشەی کەمی ئاو وەکو خۆیەتی، پرسیارەکە ئەوەی ئایا عێراق دەتوانێ هەمان ریکۆردی بەرهەمهێنانی گەنمی هەبێت وەکو ساڵانی پێشوو؟ پێموایە نەخێر. ریکۆردی ساڵی 2019ـی بەرهەمهێنانی گەنم کە بەهۆی بارانی زۆرەوە بینیمان، ئێستا چیدی ئەو رێژە بارانە نابینین.
پێویستە ئەو راستییە قبووڵبکەین کە کاریگەریی کەشوهەوا هەیە. بەڵام چۆن لە درێژخایەندا ئەو کاریگەرییە کەمدەکەینەوە و خۆمان دەگونجێنین لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریانە؟ دیسان دەڵێم زۆر وڵات هەن کە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە، هەندێ وڵات هەن لە ئەوروپا کە بەرهەمی گەنمیان کەمدەکات، هەندێ وڵاتی ئاسیاش هەناردەکردنی گەنمیان راگرتووە. ئایا بەرەو رەوشێک هەنگاودەنێین کە خۆراک لە جیهاندا کەمتر بەردەست دەبێت؟ بەهۆی ئەوەی هەمووان کاریگەرییان لەسەرە. تەنانەت ئەگەر پارەشت هەبێ بەهۆی فرۆستنی نەوت، بەڵام رەنگە هیچ شوێنێکت دەستنەکەوێ گەنمی پێویستی لێبکڕی، ئەوە مەترسییەکەیە و چۆن رووبەرووی دەبییەوە؟ لە رێی هەبوونی سیاسەتی گونجاو کە بتوانی یارمەتی جووتیارانت بدەی باشتر کشتوکاڵ بکەن بە خۆگونجاندنیان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا لە رێی وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا، وەبەرهێنان لە چارەسەری زیرەکانە.
ماوەیەک لەمەوبەر لە هەولێر بەشداری کۆنفڕانسێکم کرد، سەرسام بووم بەو چارەسەرانەی کە کەرتی تایبەت لێرە پێشکێشیان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانیی کەشوهەوا. پێویستە ژینگەیەک دروستبکرێت کە تێیدا جووتیاران توانادار بکرێن. بۆچی ناتوانین ببینە خاوەنی هەندێ سیستم وەکو هەندێ وڵاتی پێشکەوتوو کە لەسەر ئاستی کێڵگەکان ئاودێری رێکخراوە. لێرە چەندین کێڵگە دەبینی کە هیچ جۆرە ئاودێریەکی درووستیان تێدا نییە، تەنیا پشت بە ئاوی باران دەبەستن. چۆن دەتوانین یارمەتییان بدەین بەو بیرۆکە نوێیانە؟ لە رێی توانادارکردنی جووتیاران و وایان لێبکەین داهاتی زۆرتر بەدەستبهێنن، بەوەش کەرتی کشتوکاڵ دەبووژێتەوە کە بووژایەوە ئاسایشی خۆراکی عێراق دەکەوێتە دەستی عێراق خۆی نەک هەمیشە پشت بە هاوردەکردن ببەستێت.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز عەلی رەزا قوڕەیشی.
عەلی رەزا قوڕەیشی: زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان.