فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا: هەرێمی کوردستان نموونەی حکومەتێکی سەقامگیرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، لەنێو تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا "کەم پێکهاتەی دەوڵەتی سەقامگیر هەیە"، بەڵام هەرێمی کوردستان توانیویەتی لەو چوارچێوەیەدا دەبچێت و نموونەی "حکومەتێکی کارگێڕیی سەقامگیر دروست بکات."
 
لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و هەولێر و پێشوازیکردنی ئولاف شوڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیڵس شمیت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەمانەوێت سەرۆک بارزانی بتوانێت گەشەپێدانی باش لە هەرێمەکەی رێکبخات؛ بۆ ئەوەش پاڵپشتی ئابووری و هاوکاری ئاوەدانکردنەوە دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش وێرانی کردبوون؛ هەروەها دەزانین کە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە حکومەتی ناوەندی و لە پەرلەمان لە بەغدا."
 
نیڵس شمیت، هەرێمی کوردستان بە شوێنێکی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی عێراق ناودەبات و دەڵێت، سەقامگیرترە و "گرنگییەکی زۆر دەدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە باکووری عێراق، چونکە دەبینین ئەو هەرێمە تاڕادەیەک سەقامگیرە و لەوێ چانسی ئەوە هەیە وەبەرهێنان لە بواری ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بکەین. ئێمە دەمانەوێت خەڵکی ئەوێ بتوانن بە ئاشتی بژین."
 
سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەڵمانیا
 
گوتەکانی ئەو بەرپرسەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە 25-06-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیارە ئەمڕۆ 26-06-2023 لەگەڵ ئۆلاف شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆببێتەوە.
 
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی باڵای دیکەی ئەڵمانیادا کۆدەبێتەوە. گرنگترین ئەو بابەتانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا تاوتوێیان دەکات، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەرلینە لە بواری سەربازی و مرۆییدا.
 
هەروەها هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی جیاوازییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەو پرسە، لە مژارە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن لەگەڵ شۆڵتز و بەرپرسانی دیکەی ئەڵمانیا.
 
هاوئاهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای ئەڵمانیا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و پلانی داهاتووی راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا لە راوێژکاری و پەرەدان بە تواناکانی هێزی پێشمەرگە بەشێکی دیکە لە گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبن.
 
دۆخ و ژیانی کوردانی ئێزدی مژارێکی سەرەکی گفتوگۆکانی نێچیرڤان بارزانی دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانیا.
 
هاوئاهەنگیی ئەڵمانیا و کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش
 
د. نیڵس شمیت، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا کە ئێستا پارتەکەی لە دەسەڵاتدایە و راوێژکاری ئەو وڵاتەش ئەندامی پارتەکەیە، بە ئاڵا شاڵی گوت، حکومەتی وڵاتەکەی هاوکاری زۆری هێزی پێشمەرگەی لە رووبەڕووبوونەوەی داعش کردووە و ئەوە وایکردووە، نزیکبوونەوە لە نێوان بەرلین و هەولێردا دروست ببێت.
 
لەبارەی رۆڵی ئەڵمانیاوە لە شەڕی دژی داعش کە هێزی پێشمەرگە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا، شمیت ئاماژە بەوەدەکات، بۆ ئەوان گرنگە داعش بەیەکجاری لەنێوبچێت؛ بۆیە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا لە چوارچێوەی راوێژکاری و راهێناندا درێژکردووەتەوە.
 
نیڵس دەڵێت، راهێنانکردن بە هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن راوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیاوە وایکردووە، "ئێستا هێزە ئەمنییەکانی کورد خۆیان دەتوانن زۆر شت بکەن. دەمانەوێت بەردەوام بین لەوە، چونکە دەزانین کە داعش بە تەواوی شکستی نەهێناوە."
 
سیاسەتی ئەڵمانیا بە ئاراستەی نزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا
 
لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ناڕەزایی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، نیڵس شمیت دەڵێت، لە ئەڵمانیاش هەرێمەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا ئەو کێشانەیان هەیە، بەڵام ئاماژە بەوەدەکات، "فیدراڵیزم لە عێراق نوێیە و سازشکردنی نێوان هەولێر و بەغدا بەراورد بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمەکانی ئەڵمانیا سەختترە، بەڵام پێویستترە."
 
نیڵس شمیت دەڵێت، ئەوان ئامادەن بەو ئەزموونەی لە ئەڵمانیا هەیانە، هاوکاری هەولێر و بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان؛ شمیت باس لەوە دەکات، "گرنگە کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن"؛ دەشڵێت، ئەوە روونە "هەرێمەکان پێویستیان بە پارەیە، چونکە زۆر نزیکن لە ژیانی خەڵک و چەندین ژێرخانی گرنگی خزمەتگوزاری گشتی دابین دەکەن."
 
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
 
هاوکات لەبارەی هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و خواستی ئەڵمانیا لە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، شمیت گوتی، "دەتوانین داوابکەین لە هەردوولا کە قسەی لەسەر بکەن و رێکبکەون؛" هەروەها باسی لەوەکرد، "دابەشکردنی داهاتی نەوت پرسێکی ناوەندییە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە لە عێراق لە نێوان هەولێر و بەغدا؛ دەبێت چارەسەربکرێت."
 
شمیت پێیوایە، کێشە لە هەموو وڵاتێکدا لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا هەیە و دەڵێت، پێویستە گفتوگۆی بەردەوام هەبێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
 
شمیت لەبارەی هاوکارییکردنی ئەڵمانیا بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، "بە شێوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام پشتگیریی گەشەپێدانی ئابووری دەکەین لە رێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری. مەبەستمانە سیستمی پەروەردە بەهێز بکەین."
 
بە گوێرەی ئەو بەرپرسەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان، ئەڵمانیا ئەو کارانە بۆ هاوکاریکردنی گەنجانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی ژیانیان دەکات؛ هەروەها تاوەکو بتوانن هەست بە هەبوونی ژیانێکی شایستەتر بکەن. شمیت دەڵێت، هەرێمەکان لە ئەڵمانیا رۆڵی گەورەیان هەیە و دەتوانن ئەزموونی بەڕێوەبردنیان ببەنە هەرێمی کوردستان.
 
دۆزی کورد رۆژئاوا و باکووری کوردستان
 
بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکانی ئەڵمانیا لەبارەی کوردانی ئێزدی دانیشتووی شنگالەوە دەڵێت، لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەکاردان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کوردانە بۆ زێدی "باووباپیرانیان"؛ ئەوەش ناشارێتەوە کە ئەرکی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراقە سەقامگیری و ئاسایش لە شنگال بەدیبێنن تاوەکو کوردانی ئێزدی بتوانن بە ئازادی و سەلامەتی بژین.
 
لەبارەی دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، شمیت دەڵێت، "دەمانەوێت پشتگیری هەسەدە بکەین لە بەڕێوەبردنەکەی."
 
رووداو هەروەها پرسیاری لەبارەی کێشەی کورد لە باکووری کوردستان لە شمیت کرد و ئەویش دەڵێت، هەرچەندە "سەرۆک ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتیی پچڕاندووە"، بەڵام کورد دەبێت لە پەرلەمان بە ئاشتییانە و بە گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا چارەسەر بکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینی د. نیڵس شمیت، بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فراکسیۆنی سۆسیال دیموکراتەکان:
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
د. نیڵس شمیت: بە خۆشحاڵییەوە.
 
رووداو: د. شمیت، خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەڵمانیا هەیە، کاتێک دەگەڕێمەوە کوردستان هەموو کەس ئەو هەستەی خۆی بە من دەڵێت، پارتی سۆسیال دیموکرات و ئێوە لە پەرلەمان چۆن دەڕواننە هەرێمی کوردستان؟
 
د. نیڵس شمیت: ئەمە پەیوەندییەکی چڕوپڕ و تایبەتە، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی زۆر کەس هەن لە ئەڵمانیا دەژین یان پێشتر لە ئەڵمانیا ژیاون، کاتێک گەشت دەکەم بۆ هەولێر، هەمیشە کەسانێک دەبینم کە بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکەن و کاتەکانیان و یادەوەرییەکانیان لە ئەڵمانیا لەبیرە، هەروەها ئێمە هاوکاریی زۆرمان پێشکێش بە هەرێمی کوردستان کردووە، پشتگیریی سەربازی لەلایەن هێزی سوپای بوندسڤێری ئەڵمانیاوە نێردراوە، هەروەها لەو رێگەیەوە چەکمان ناردووە بۆ بەرەنگاربوونەوە داعش، ئەمەش بێگومان لەیەکمان نزیک دەکاتەوە، هەروەها ئێمە میوانداریی گەرمی خەڵکی هەرێمی کوردستان و میهرەبانییان بەرز دەنرخێنین.
 
رووداو: ئەی لەسەر ئاستی سیاسی؟
 
د. نیڵس شمیت: پەیوەندیی سیاسیمان زۆر بەهێزە، ئێوە دەزانن عێراق هەر وەک ئەڵمانیا دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە، بۆیە گرنگییەکی زۆر دەدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە باکووری عێراق، چونکە دەبینین ئەم هەرێمە تاڕادەیەک سەقامگیرە و لەوێ چانسی ئەوە هەیە وەبەرهێنان بکەین لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام لە بواری ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی کۆمەڵایەتی بکەین، ئیمە دەمانەوێت خەڵکی ئەوێ بتوانن بە ئاشتی بژین، هەروەها ئێمە دەمانەوێت ئاشتی بۆ هەموو عێراق فەراهەم ببێت.
 
رووداو: بەڕێزتان باسی خەڵکی هەرێمی کوردستانتان کرد، خۆشەویستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا دوای شەڕی داعش زۆر فراوان بوو، هەموو کەس باسی کاریگەریی چەکی میلان دەکات لە تێکشکاندنی ئۆتۆمبێلە خۆکوژییەکانی داعشدا. ئێستا ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی پێشمەرگەدا لە شەڕی تیرۆردا؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە ماوەی بوندسڤێرمان درێژکردەوە لە شەڕی دژی داعش، ئەمەش پاڵپشتیکردنی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە لە کوردستانیش دەگرێتەوە، ئێستا هێزە ئەمنییەکانی کورد خۆیان دەتوانن زۆر شت بکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەڵمانیا مەشق و راهێنانی بە راهێنەران کردووە، هاوکاریی دروستکردنی قوتابخانە سەربازییەکانیان کردووە، واتە چالاکن و رۆڵی راوێژکاریی بەهێز دەبینن، دەمانەوێت بەردەوام بین لەوە، چونکە دەزانین کە داعش بە تەواوی شکستی نەهێناوە و هێشتا چالاکن، داعش هێشتا بەردەوام پێکەوەژیانی خەڵک لە سەرتاسەری عێراق تێکدەدات، بۆیە دەمانەوێت ئاسایش و سەقامگیری دروست بکەین بە راهێنانی هێزەکانی کورد، بێگومان هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ناوەندیش بە باشی، بۆئەوەی جارێکی دیکە داعش نەتوانێت ناوچەکان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
 
رووداو: ئەوە پرسیارێکی دیکەی من بوو، ئایا ئێوە پێتانوایە داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بەردەوام بێت؟
 
د. نیڵس شمیت: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گرنگە و پێویستە بەردەوام بێت، مەترسییەکە بەردەوامە، داعش گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، ئێستا گۆڕاوە و چیدیکە دەوڵەتێک یاخود ئیدارەیەکی یەکگرتوو لەڕووی خاکییەوە نەماوە، بەڵام هێشتا ئەو تیرۆریستانە ماون و هەمیشە هەوڵدەدەن کەسانی نوێ وەربگرن، یاخود هێرشی تیرۆریستی رێکبخەن، بۆیە بەرەنگاربوونەوەی داعش بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت لە عێراق بەردەوام بێت.
 
رووداو: دکتۆر شمیت وەکو بەڕێزتان ئاگادارن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە، ئەوە بۆ ئێوەی سۆسیال دیموکراتەکان چەند گرنگە کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەهێز ببێت؟
 
د. نیڵس شمیت: بۆ ئێمە گرنگە، بۆ سۆسیال دیموکراتەکان لە ئەڵمانیا و هەروەها بۆ حکومەتی فیدڕاڵیی ئەڵمانیاش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ کوردستانی عێراق گرنگە، چونکە دەبینین ئەو ناوچەیەی دەوروبەری کەنداوی فارس و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گێژاودایە، کەم پێکهاتەی دەوڵەتی سەقامگیر هەیە و لە ساڵانی رابردوودا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی حکومەتێکی کارگێڕیی سەقامگیر دروست بکات، ئاسایش و سەقامگیرییان بەدەسهێناوە. بە هەمان شێوە حکومەتی ناوەندیش، ئەوانیش هەوڵدەدەن بۆ دروستکردنی سەقامگیری، ئێمەش وەکو حکومەتی ئەڵمانیا دەمانەوێت بێگومان لەگەڵ وڵاتە هاوبەشە ئەوروپییەکانمان ئەم پەرەسەندن و بەرەپێشچوونە بە بەردەوامی پشتگیری بکەین، ئەڵمانیا هاوکارییەکی زۆری مرۆیی و ئابووری بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، هەروەها لە سەرتاسەری عێراق خەرج دەکات، چونکە دەزانین عێراق رۆڵێکی سەرەکیی هەیە، لەبەر ئەوەی دەزانین هەرێمی کوردستان ئەم رۆڵە سەرەکییەی هەیە، چونکە ئەگەر پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت، ئەوا لە هەموو عێراقیشدا تیشک دەداتەوە، بۆیە ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمە.
 
رووداو: وەک ئاگادارن، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەکو کەسێکی چارەسەرکاری کێشەکان تەماشا دەکرێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لە وڵاتێکی پڕ کێشەی وەکو عێراق دا. ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا تاوەکو چەند دەتوانن هاوکاری نێچیرڤان بارزانی بن لەو بوارەدا؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە دەمانەوێت سەرۆک بارزانی بتوانێت گەشەپێدانی باش لە هەرێمەکەی رێکبخات، بۆ ئەوەش ئێمە پاڵپشتیی ئابووری و هاوکاریی ئاوەدانکردنەوە دەکەین بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش وێرانی کردبوون و هەروەها دەزانین کە لایەنە سیاسییە کوردییەکان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە حکومەتی ناوەند و لە پەرلەمان لە بەغدا، واتە گرنگ بوو کە دوای هەندێک گفتوگۆ حکومەتێک لە بەغدا دامەزرا کە سەرۆکێک هەڵبژێردرا، واتە سیاسەتمەدارە کوردەکان رۆڵێکی گرنگیان گێڕا لە ژیانی سیاسیی عێراق بەگشتی، ئەم بەشدارییە بەرز دەنرخێنین، ئێمە دەمانەوێت عێراق ئاییندەیەکی باشی هەبێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەوێ دەژین، بێگومان بە کوردیشەوە.
 
رووداو: بەڕێزتان ئاماژەتان بەوە کرد کە ئەڵمانیا وڵاتێکی فیدڕاڵە، عێراق فیدڕاڵییەکی تەمەن 20 ساڵە، بەڵام هێشتا سیستمێکی فیدڕاڵیی جێگیری نییە. هەرێمی کوردستان ئێستا هەستدەکات بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتەکانی کەم بکاتەوە و پێگەکەی لاواز بکات، هەرێمی بەهێز گرنگن بۆ وڵاتە فیدڕاڵەکان؟ ئێوە دۆخەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
د. نیڵس شمیت: کێشەیە، کە من زۆر ئاشنا نیم، چونکە ئێمە لە ئەڵمانیا گفتوگۆی هاوشێوەمان لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و ویلایەتەکاندا هەیە، چەندین جار حکومەتی هەرێمەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە حکومەتی فیدڕاڵی دەستدرێژی دەکاتە سەر کارامەییەکانیان و زۆرجاریش کێشە و رووبەڕووبوونەوە لەسەر پارە هەیە، ئەوە تەواو کێشەیەکی کلاسیکییە بۆ سیاسەتی ئەڵمانیا، هەرێمەکان ناڕازین لە سیاسەتی باج و هەروەها لەگەڵ یەکسانکردنی دارایی، واتە چۆن باجەکانی کۆکراوە لەنێوان ئاستە جیاوازەکانی حکومەت و لەنێوان وڵاتەکاندا دابەشدەکرێن، ئەمە ناکۆکییەکی زۆر تایبەتە بۆ وڵاتێکی فیدڕاڵی، بەڵام ئێمە لە ئەڵمانیا دەتوانین ئەم ناکۆکییە بە شێوەیەکی زۆر رێکخراو بەڕێوەببەین و حکومەتی فیدڕاڵی و ویلایەتەکان بە باشی لەگەڵیدا رێکبکەون، فیدڕاڵیزم لە عێراق تاڕادەیەک نوێیە و سازشکردن لەنێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی قورسە، بەڵام دەبێت رێکبکەون، گرنگە کێشە داراییەکان چارەسەر بکرێن، ئێمە تەنیا دەتوانین بە ئەزموونەکەمان هاوکاریاین بکەین، بەڵام ئەوەی روونە هەرێمەکان، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا، پێویستیان بە پارەیە، چونکە زۆر نزیکن لە ژیانی خەڵک و چەندین ژێرخانی گرنگی خزمەتگوزاریی گشتی دابیندەکەن، بۆیە گرنگە لە عێراق رێکبکەون پێکەوە هەولێر و حکومەتی ناوەند بگەنە ئەنجام.
 
رووداو: بەڵام هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی ئابووریی خراپدا دەژی و گەنجەکانی زۆر هەوڵدەدەن کۆچ بکەن، بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراق لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە راگیرا، ئێستا عێراق داوا لە تورکیا دەکات رێگە بدات نەوتەکە هەناردە بکرێتەوە، لە هەمان کاتدا سکاڵایەکی تازەی لەسەر رێگەدان بە هەنارکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر تورکیا تۆمار کردووە، بۆ بۆچوونی ئێوە ئەوە هەڵسوکەوتکردنێکی دروستە لەگەڵ نەوتی هەرێمی کوردستان؟
 
د. نیڵس شمیت: بێگومان نەوت سەرچاوەیەکی زۆر گرنگی داهاتە بۆ عێراق و هەروەها بۆ هەرێمی کوردستان سامانە، نەوتیش سامانێکە چەند ساڵی داهاتوو پێویست دەبێت، بەڵام دابەشکردنی داهاتی نەوت پرسێکی ناوەندییە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە لە عێراق لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەبێت چارەسەر بکرێت. تەنیا دەتوانم هیوای ئەوە بخوازم کە گفتوگۆی باش لەسەر ئەم بابەتە بکرێت، ئێمە ناتوانین زۆر هاوکاربین، بەڵام دەتوانین داوا بکەین لە هەردوولا قسەی لەسەر بکەن و رێکبکەون.
 
رووداو: باشە، بەڵام پێویستە چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت؟
 
د. نیڵس شمیت: دەبێت گفتوگۆ بکەیت، ئەوەی خۆی سەلماندووە ئەوەیە کە یاسایەک دانرێت کە چەند لە داهاتەکە بۆ کێ تەرخان دەکرێت، ئەوەندە پەیوەست نییە بەوەی کە داهاتی راستەقینەی چەند بەرزە بۆ دانانی یاسایەک کە بەو پێیەی دەپێورێت کە کێ کام ئەرک ئەنجام دەدات. حکومەتی ناوەندی چ ئەرکێک دەگرێتە ئەستۆ، چ ئەرکێک هەرێمی کوردستان دەیگرێتە ئەستۆی، بەڵام ئەمانە پرۆسەی دانوستانن کە هەر وڵاتێک بە سرووشتی بۆ خۆی ئەنجامی دەدات. ئێمە لە ئەڵمانیا زۆرجار گفتوگۆی زۆرمان کردووە، شەڕمان کردووە، وەکو گوتیشم دۆسیەی دادگاش هەبووە لەسەر کێشەکان، گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا هەمیشە بگەنە رێککەوتن، هەروەها ئەو رێککەوتنە و ئەو سازشکرنە قبووڵ بکرێت و جێبەجێ بکرێت.
 
رووداو: بێگومان بۆ ئابووریی کوردستان گرنگە..
 
د. نیڵس شمیت: بۆ گەشەسەندنی ئابووریی هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ هەموو وڵاتەکە لەڕادەبەدەر گرنگە، چونکە ئێمە دەرفەتی گەشەسەندنی ئابووریشمان هەیە، چونکە دوای ئەوەی داعش پاڵی پێونرا بۆ دواوە لە بەشێکی زۆری عێراقدا و، پلەیەکی دیاریکراو ئاسایش گەڕاوەتەوە، کەواتە دەرفەتێکی نوێ هەیە بۆ گەشەسەندنی ئابووری، لە هەمووی گرنگترە ئەوەیە کە پرسی دابەشکردنی داهاتی نەوت چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: باشە ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت هاوکاریی گەنجانی هەرێمی کوردستان بکات، کە رێگەی قاچاخ نەگرنەبەر بۆ کۆچکردن و لە کوردستان بمێننەوە؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی ئابووری، چیتر نەک تەنیا هەوڵی پێشکێشکردنی هاوکاریی مرۆیی دەدەین بەهۆی پاشهاتەکانی شەڕی ناوخۆ، بەڵکو دەبێت ئێمە بە شێوەیەکی درێژخایەن و بەردەوام پشتگیریی گەشەپێدانی ئابووری بکەین لە رێگەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، مەبەستمە سیستمی پەروەردە بەهێز بکەین، چونکە ئێمە پێویستمان بە راهێنراوی پیشەگەری باش لە کوردستان و عێراقیشدا هەیە، چونکە لێهاتوویی گەنجان داهاتووی ئابووری پێکدەهێنن.
 
رووداو: باشە ئەڵمانیا دەتوانێت هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات لەو بوارەدا؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە ئەزموونی باشمان لەگەڵ سیستمی راهێنانی پیشەیی هەیە و بێگومان هیوادارین بتوانین ئەم ئەزموونە بگوازینەوە، لێرەدا هەرێمەکانی ئەڵمانیا رۆڵێکی گەورەیان هەیە، بۆیە دەزانم بادن-ڤورتمبێرگ زۆر چالاکە، تەنانەت لە باکووری عێراقیش لە شاری دهۆک ئۆفەری گەورە هەیە کە ئەزموونی ئێمە لەگەڵ راهێنانی پیشەیی دەگوازرێتەوە بۆ کوردستان.
 
رووداو: د. شمیت، بەڕێزتان دەزانن پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری لەسەر بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دەرکرد، ئێستا ئەڵمانیا بۆ جێبەجێکردنی چی دەکات بۆ ناوچەی شنگال و ئاوارەکانی ئێزدی لە کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردیی ئێزدی لە ئەڵمانیا؟ ئەڵمانیا دەیەوێت بە جیدی چی بکات بۆ ئێزدییەکان؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە بێگومان یارمەتیی ئەو ئێزدیانە دەدەین کە ئاوارەن و لە کەمپەکانی پەنابەرانن، هەروەها لەگەڵ هاوپەیمانیی دژی داعش دەمانەوێت بەشداری بکەین بۆ گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان بۆ شنگال، چونکە ئەوە ماڵی باوباپیرانیانە، بەڵام هێشتا زۆر ئاڵۆزە، ئێستا سەلامەتی و ئاسایش گەرەنتیی نییە، ئێمە ئاواتەخوازین بتوانن بگەڕێینەوە، لە کوێدا ئێمە زۆر یارمەتیدەرین لە پشتگیریکردنی ژنانی ئێزدی کە بوونەتە قوربانیی دەستدرێژیی تاوانکاری، ئەو هاوکارییە بەردەوام دەبێت، بەڵام شتە چارەنووسسازەکە بەڕاستی دۆخی ئەمنیی شنگالە. لەوێ دەبێت هەم هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ناوەند و هەم پێشمەرگە و هەمووان پێکەوە کار بکەین بۆئەوەی سەقامگیری و ئاشتی بۆ شنگال بگەڕێتەوە تاوەکو ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
 
رووداو: باشە با بێینە سەر پرسی رۆژئاوای کوردستان؛ ئێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان (باکووری رۆژهەڵاتی سووریا) دەکەن، کە بەڕێوەبەرایەتییەکی ئۆتۆنۆمی لەوێ هەیە، بەڵام سووریا دانی پێدانانێت؟ ئایا ئەڵمانیا لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە چ کارێک لەوێ دەکات؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە زۆر چالاک دەبین لەوێ بە هاوکاریی مرۆیی و بە یارمەتیی دروستکردنی خانوو و بەردەوام دەبین لە دڵنیابوون لەوەی ئەو کەسانەی لەوێ دەستبەسەرن و هاووڵاتیی ئەوروپین بیانهێنینەوە ئەوروپا، بەڵام ئەوە رێگەیەکی زۆر دوور و درێژە. ئێمە بە هیچ شێوەیەک نامانەوێت لەگەڵ ئەسەد کار بکەین، بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پشگیری لە DSDf بکەین لە پێکهاتە حوکمڕانییەکانیان.
 
رووداو: بەڕێز د. شمیت، پارت و فراکسیۆنەکەی ئێوە چۆن دەڕوانێتە کێشەی کورد لە تورکیا و ئێستا چۆن لەسەر ئەو کێشەیە کار دەکەن؟
 
د. نیڵس شمیت: پرسی کورد لە تورکیا دەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە چوارچێوەی پەرلەماندا چارەسەر بکرێت و لە چوارچێوەی دەستووری کۆماری تورکیادا زۆرێک لە لایەنەکان ئامادە بوون ئەو کارە بکەن، بەداخەوە سەرۆک ئەردۆغان پرۆسەی ئاشتیی پچڕاند، هیوادارم دوای هەڵبژاردنەکان گفتوگۆی نوێ بکرێت، بەڵام ئەوە دەبێت لە پەرلەمان بە شەفافییەت بۆ هەمووان ئەنجام بدرێت، بەڵام روونە کە ئەم پرسیارە تەنیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و نابێت بە تیرۆر و تووندوتیژی وەڵام بدرێتەوە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم لە بەڕێزتان ئەوەیە، کورد بوونەتە بەشێکی دیار و تێکەڵ لە کۆمەڵگەی ئەڵمانی و بەشێکیان دەنگدەری پارتەکەی ئێوەن، ئێوە چی هاوکارییەکی یاسایی و کرداری دەکەن بۆئەوەی کورد بتوانن زمان و کولتووری خۆیان لە ئەڵمانیا بپارێزن؟
 
د. نیڵس شمیت: ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە دەبینین ژمارەیەکی زۆر کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی هەیە لێرە، ئێمە لێرە ئازادییەکی تەواومان هەیە، ئازادیی رێکخراوەکان و ئازادیی رێکخراوی ئایینی، بۆ نموونە چەندین کۆمەڵەی عەلەوی هەن لێرە، لە ئەڵمانیا کورد دەتوانێت زۆر بە ئازادانە زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت و هیوادارم هەم بتوانن خۆیان لێرە بگونجێنن و لە هەمانکاتدا دەرفەتی بەردەوامبوون زمان و کولتووری کوردی خۆشیان بپارێزن.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان.