گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ رووداو: ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز دڵی زۆر لە گەلی کورد نزیک بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەوەی ئایا ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگای لە کورد و کوردستان هەیە؟ بە رووداوی راگەیاند، "سکرتێری گشتی پیاوێکی مێژووییە. زۆر باش ئاگاداری مێژووی ناوچەکەیە".
 
ستیفان دوجاریک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک ئەو قسانەی کرد.
 
دوجاریک هەروەها لەبارەی کەرکووک و کێشەی ناوچە دابڕاوەکانەوە دەڵێت، "لە راستیدا لەو کاتەوەی ئێمە ئەرکی سیاسیمان لە عێراق دامەزراند کێشەی کەرکووک لە ئەجێندای نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە. هەر زوو دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئەوە یەکێک بووە لەو شتانەی هەوڵمان داوە لە نێوان دەسەڵاتە کوردییەکان لە عێراق و حکومەتی فیدراڵ یارمەتیی دانوستاندن بدەین و بەردەوام دەبین لە رێنوێنیکردن و هیوادارین چارەسەرێک بدۆزینەوە".
 
 
دەقی قسەکانی ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: پێم وا نییە دۆخی جیهان لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە هێندە خراپ بووبێت، چونکە جەنگێک لە ئەوروپا و جەنگێکی تر لە غەزە دەبینین و، جەنگی غەزە بۆ لوبنان و سووریا تەشەنەی سەندووە. 
 
سڵاو، من سینان تونجدەمیرم. من لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداوم لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرک و ئەمڕۆ میوانێکم هەیە، بەڕێز ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە ستیفان. 
 
ستێفان: زۆر سوپاس سینان، هەمیشە خۆشحاڵم لەگەڵ رووداو قسە بکەم. من دەتبینم هەموو رۆژێک لە ژووری کۆنفرانس و دەزانم چەند کات بۆ رووماڵکردنی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان تەرخان دەکەیت، کە ئێمە زۆر سوپاسگوزارین. 
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ وشە جوانەکانت. دەمەوێت بە پرسیارێکی گشتی دەست پێ بکەم. دەزانم لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر دەچین.
 
ستێفان: بەڵێ. بەڵێ.  
 
رووداو: بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمە بابەتێکی سەرەکییە، دەمەوێت ئێستا دەمەوێت هەندێک لەبارەی روانگەی سکرتێری گشتییەوە بپرسم کە بۆ خولی 79یەمینی ئەم ساڵی 2024 چ بابەتێک دەبێت بابەتی سەرەکی بێت؟ 
 
ستێفان: دەزانیت، ئەوەی تاوەکو ئێستا هەمانە پەسندکردنی پەیمانی داهاتووە کە دوێنێ روویدا کە نەخشەڕێیەکی گرنگە بۆ وڵاتانی ئەندام لەسەر چۆنیەتیی باشتر کارکردن پێکەوە و چۆنیەتیی باشترکردنی پێکهاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بنەڕەتدا زیاتر رەنگدانەوەی جیهانی 1945ـە، جیهانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی لە چاو جیهانی 2024. کەواتە یارمەتیمان دەدات لە پرسەکانی گەشەپێدان، ئاشتی و ئاسایش، تەکنەلۆژیای نوێ و دڵنیابوون لەوەی کە دەنگی گەنجان دەبیسترێت کاراتر بین. ئێستا بۆ کۆمەڵەی گشتی کە سبەی دەکرێتەوە هیچ بەرنامەیەکی دیاریکراو نییە. سەرکردەکانی جیهان دێن باس لەو بابەتانە دەکەن کە بۆیان گرنگە. قسە بۆ جیهان دەکەن، قسە بۆ بینەرانی ناوخۆیشیان دەکەن. 
 
سکرتێری گشتی سبەی گوتارەکەی بە تێبینی کردنی دۆخی ناهەموارى جیهان دەست پێ دەکات کە تێیدا دەژین، جیهانێکی پێشبینی نەکراو، جیهانێک پڕە لە نایەکسانی لەسەر ئاستە جیاوازەکان و جیهانێکی سزانەدراوە. دەزانیت کە دەبینین لایەنە جیاوازەکان لەسەر گۆڕەپانی جیهانی بە شێوەیەکی سیستماتیک یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکەن بەبێ لێپرسینەوە. جا دەبێت هەموو ئەمانە بوەستێنرێن. بەڵام پێموایە وتارێکی پڕ لە هیوا دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی پەیمانی داهاتووەوە و، هەروەها ئێستا نەخشەڕێمان هەیە بۆ چۆنیەتیی بەرەوپێشچوون. 
 
رووداو: کاتێک دەڵێیت پەیمانی داهاتوو، مەبەستت لووتکەی داهاتووە، وا نییە؟ 
 
ستێفان: دروستە. بەڵگەنامەیەکە کە لە لووتکەی داهاتووەوە وەرگیراوە. 
 
رووداو: بەڵێ، بەڵام لەو بارەیەوە پرسیارێکم هەیە. هەست دەکەم کەمێک کێشە هەیە کاتێک باسی ئەوە دەکەین کە داهاتووی لووتکەکە چییە، چونکە کاتێک دەچینە لای خەڵک.
 
ستێفان:  بەڵێ، بێگومان.  
 
رووداو: بە راستی بۆ روونکردنەوە سەخت دەبێت. دەکرێت بە چەند رستەیەک بۆمان روون بکەیتەوە بە شێوەیەک کە خەڵک تێبگەن، ئەگەر ئاسایی بێت؟ 
 
ستێفان: خەڵک مافی ئەوەیان هەیە چاوەڕێی ئەوە بکەن کە ڕێکخراوێکی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان کارا و کاریگەر بێت بۆ ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ رووبەڕوویان دەبینەوە و ئەو کێشانەی کە لە داهاتوودا رووبەڕوویان دەبینەوە. کەواتە، پەیمانی داهاتوو چۆنیەتیی باشترکردنی ئەم رێکخراوەیە بە مانا فراوانەکەی کاری جیهان. 
 
رووداو: زۆر سوپاس. دەمەوێت کەمێک بچمە سەر باسی غەزە و لوبنان. جا پرسیارەکە ئەوەیە، نزیکەی ساڵێکە جەنگی غەزە بەردەوامە. مەبەستم ئەوەیە، تا هەفتەیەکی دیکە دەبێتە ساڵێک. بەڵام لە هەمان کاتدا تەشەنەسەندنی ئاگری جەنگ لە لوبنان و سووریایش دەبینین. بەڵام ئەوەی لە لوبنان روودەدات لە بەرچاوی ئێمەدا روودەدات کە دەتوانین شایەتی بین و ئاشکرایە. جا پێم سەیرە بۆچی سکرتێری گشتی ناتوانێت دیپلۆماسیەتی گەڕۆک بۆ ناوچەکە بکات و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکات و ئەم جەنگە بوەستێنێت؟ 
 
ستێفان: ئەو  کەسانەی کە دەتوانن ئەم جەنگە بوەستێنن، ئەو کەسانەی کە دەتوانن هەر جەنگێک بوەستێنن، ئەوانەن کە پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە. ئەوانەن کە دەبێت جەنگەکە بوەستێنن. سکرتێری گشتی زۆر لە نزیکەوە  لەگەڵ قەتەر، میسر و ئەمریکا کاری کردووە و پشتیوانیی لە هەوڵەکانیان کردووە بۆ ئەوەی بە لای کەمەوە دەست بە ئاگربەستێک بکرێت. ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە، نزیکەی ساڵێکە زیاتر لە 40 هەزار فەلەستینی کوژراون و دەیان هەزار بریندار بوون. هەروەها ئێمە بە گشتی بیر لە کاریگەریی دەروونیی نەک تەنیا برینداربووان، بەڵکو ئەوانەش ناکەینەوە کە تەنیا بینەر بوون. جا ئەو کاریگەرییە بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێنێتەوە. ئێستا ئەوە نزیکەی ساڵێکە زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی و نەتەوەی دیکە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون. پێویستە ئەم کەسانە بگەڕێنەوە ماڵەوە. خێزانەکانیان پێویستیان پێیانە. بۆیە ئازارەکە تەواو قورسە. لە کاتێکدا ئێمە لە لایەنی مرۆییەوە چالاکترین. سەدان ستافی یارمەتیی مرۆییمان لە غەزەن لە کەناری رۆژئاوا. لە باشووری لوبنانیش ئاشتیپارێزەکانمان لەوێن. کەواتە کاتێک لایەنەکانو وڵاتان هەوڵ دەدەن  لەسەر چارەسەرێکی سیاسی ڕێک بکەون، ئەوا ئێمە زۆر چالاکین و لە چالاکی لەسەر لایەنی مرۆیی بەردەوام دەبین. 
 
رووداو: بەڵێ، زۆر سوپاس. دەمەوێت بچمە سەر بابەتێکی تر کەمێک. هەر سەبارەت بە نەتەوە یەکگرتووەکانە. دەزانیت کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزرا، بۆ جێبەجێکردن و پاراستنی ئاشتی بوو لە جیهاندا. ئێستا دەبینین کە نە کۆمەڵەی گشتی نە ئەنجومەنی ئاسایش، هیچ کەس ناتوانێت ئەم شەڕە بوەستێنێت. دەمەوێت بزانم ئایا سکرتێری گشتی  لەو بارەیەوە هیچ رەخنەیەکی هەیە؟ 
 
ستێفان: بێگومان زۆر بێزارە، بەڵام ئەم رێکخراوە - پێم وایە گرنگە بینەرەکانت تێبگەن کە - رێکخراوێکە پێکهاتووە لە وڵاتانی ئەندام کە سەروەر و سەربەخۆن. جا کاتێک جیهانێک دەبینین کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئەندام، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان زۆر جار گرژن، ئەوا کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر ئەوەی لە ناوەوە روودەدات. ئەنجومەنی ئاسایش، 15 ئەندامەکە و بەتایبەتی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکە پەیوەندییەکانیان لێرە لە کەشوهەوای دەرەوەی ئەم بینایە دانەبڕاوە. بە داخەوە ئەوە راستییەکەیە. کەواتە دەمانەوێت وڵاتانی ئەندام بەرپرسیارێتییەکانیان بگرنە ئەستۆ. کاتێک واژۆیان لەسەر بەڵێننامەکە کرد، کاتێک واژۆیان لەسەر جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کرد، ئیدی بەرەو ئاشتی بڕۆن. 
 
رووداو: بەڵێ. هەروەها دەزانین نەتەوە یەکگرتووەکان مافی نەتەوەکان بۆ دیاریکردنی داهاتوویان دەپارێزێت، وەک مافی چارەی خۆنووسین و، دەزانم لە دەوروبەری دەیەی 1950 و 1960، بۆ نموونە، زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا  سەربەخۆییان بەدەستهێنا دوای ئەوەی کۆمەڵەی گشتی بڕیارەکەی پەسەند کرد. بەڵام ئیدی ئەمە نابینین. ئایا ئەمە راستە؟ بۆ نموونە، نەتەوەی تر هەن کە دەیانەوێت سەربەخۆ بن، بۆ نموونە کورد. بەڵام ئێمە ئەمەمان نییە. مەبەستم ئەوەیە کورد ئەم دەرفەتەیان نییە. ئەمە چۆن بۆ ئەم گەلە سەر دەگرێت؟ 
 
ستێفان: پێموایە ژمارەیەک کەیس  و گرووپی نەتەوەیی هەن کە بەسەر سنوورەکاندا بڵاو بوونەتەوە.  ئێمە لە ئەفریقا بە جۆرێک لە جۆرەکان لە سەردەمی سەربەخۆییدا هەمانبوو. سەرکردە ئەفریقییەکان لەو کاتەدا بڕیاریان دا سنوورەکانیان نەگۆڕن، چونکە دەیانزانی چەند توندوتیژی لێ دەکەوێتەوە. پێم وایە سکرتێری گشتی دڵی زۆر لە گەلی کورد نزیک بووە. ئەو وەک کۆمیسیاری باڵای پەنابەران کوردی وەک پەنابەر بینیوە، بەڵام دڵفراوانیی گەلی کوردیشی لە بەشە جیاوازەکانی ناوچەکەدا بینیوە کە چۆن پەنابەرانیان لەخۆ گرتووە و چاودێریی خەڵکی ئاوارەیان کردووە. جا زۆر گرنگە کە دەنگی گەلی کورد لە هەر وڵاتێکدا بژین بناسێنرێت، گوێی لێ بگیردرێت و مافەکانیان وەک کەمینەیەک ڕێزی لێ بگیردرێت.  
 
رووداو: بەڵام سکرتێری گشتی دەزانێت کە ئێمە ئێستا لەکوێداین. لەوانەیە هەندێک جار بارودۆخی پەنابەری بێت، بەڵام ئێمە بۆ زیاتر لە دوانزە هەزار ساڵە لەم خاکەداین، کەواتە ئێمە لە راستیدا خاوەنی ئەم خاکەین. وا نییە؟ ئەو دەزانێت و ئاگای لێیە. 
 
ستێفان: سکرتێری گشتی پیاوێکی مێژووییە. زۆر باش ئاگاداری مێژووی ناوچەکەیە.  
 
رووداو: زۆر سوپاس. لە کوردستانی عێراق، بە تایبەتی لە کەرکووک، کێشەیەکی بچووک هەیە. سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان هەیە. پێم وایە کاتیان بۆ ئەوە دیاری کردووە. بەڵام لەو بارەیەوە نیگەرانییەک هەیە، چونکە زۆر نەتەوەکانی دیکە ،بە تایبەتی عەرەب، خەڵکی زیاتر دەهێنن بۆ ئەوێ پێش ئەوەی سەرژمێرییەکە بکەن. جا ئەوەش دەبێتە هۆی نیگەرانی بۆ کورد. نازانم ئایا ئاگات لێیە یان هیچ لەو بارەیەوە دەڵێیت؟ 
 
ستێفان: لە راستیدا لەو کاتەوەی ئێمە ئەرکی سیاسیمان لە عێراق دامەزراند کێشەی کەرکووک لە ئەجێندای نەتەوە یەکگرتووەکاندا بووە. هەر  زوو دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ئەوە یەکێک بووە لەو شتانەی هەوڵمان داوە لە نێوان دەسەڵاتە کوردییەکان لە عێراق و حکومەتی فیدراڵ یارمەتیی دانوستاندن بدەین و، بەردەوام دەبین لە رێنوێنیکردن و هیوادارین چارەسەرێک بدۆزینەوە. 
 
رووداو: دەزانی، هەرێمی کوردستان چەند کەمپی پەنابەرانیان هەیە. زۆر پەنابەری کورد لە ئێرانەوە دێن بۆ ئەم کەمپانە لە عێراق. بەڵام کێشەکە ئەوەیە من قسەم لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە کردووە. ئەوان هەندێک سکاڵایان لە ئێوە هەیە و دەڵێن نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەیەکی پێویست یارمەتیی ئەو پەنابەرانە نادات کە لە ئێرانەوە دێن. ئایا ئەوە راستە؟ 
 
ستێفان: بە راستی من نازانم بە تایبەتی لەوێ چی روودەدات. هیوادارم ئەگەر خەڵک رەخنەیان هەیە و ئەو خزمەتگوزارییەی شایستەیانە وەریناگرن کە بارودۆخەکە بگۆڕێت یان ئێمە تا ئەوپەڕی توانا وەڵامدەرەوە بین، بابەتەکە ئەوەیە کە دەبێت بیرمان بێت قەیرانێکی دارایی بەردەوام هەیە. دەبێت ئەو ڕاستییەش لە بەرچاو بگرین کاتێک قەیرانێک ڕوودەدات بۆ کردەوە مرۆییەکەمان تەنیا دەتوانین داوای پارە بکەین. جا هەموو هاوکارییە مرۆییەکانمان بە تەواوەتی پارەی کەمیان بۆ دێت. 
 
رووداو: سوپاس. با کەمێکیش بچینە سەر باسی سووریا لەبەر ئەوەی لە باسی ئێران و عێراق تەواو بووین. وەک دەزانیت عەفرین کارەساتێک بووە و بارودۆخەکە لەوێ باش نییە. دەزانیت چەند گرووپێکی چەکدار هەن کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادان و هەفتەی رابردوو، بە تایبەتی دواییانە، ئەوان چەند گوندێکیان وێران کردووە و خەڵک ناچار دەکەن زەوییەکانیان بەجێبهێڵن. هەروەها ناچاریان دەکەن چەند بەڵگەنامەیەک واژۆ بکەن، چونکە عەفرین شوێنێکی کشتوکاڵییە و بەتایبەتی لە بابەتی زەیتووندا. دارەکانی زەیتوون زۆر نەریتین و هەروەها زۆر گرنگە بۆیان. لە رێی ئەمانەوە داهاتیان دابین دەکەن. بەڵام ئەو گرووپە چەکدارانە ئەم گوندانەیان وێران کردووە و ناچاریان دەکەن ئەو زەوییانە بەجێ بهێڵن. 
 
ستێفان: بەر لە هەر شتێک، ئێمە دژی هەر جۆرە راگواستنێکی زۆرەملێی خەڵک دەوەستینەوە. پێویستە خەڵک بتوانن بە رێزەوە و بە شکۆوە لە ماڵەکانی خۆیاندا بژین. پێموایە هەر شتێک ئەو مافە بنەڕەتییە پێشێل بکات ئێمە دژی دەوەستینەوە. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی سووریاوە. پەیوەندیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا چۆنە؟ ئایا هیچ شتێکی تایبەت هەیە؟ ئایا هیچ هاوئاهەنگییەک هەیە بەتایبەتی بۆ سامانە مرۆییەکان؟ 
 
ستێفان: دەزانی، لە دێرەزوور یەکەم کاروانی پەڕینەوەمان هەبوو کە واتای ئەوەیە لە ناوچەی دیمەشقەوە هاتنە ناو دێرەزوور. دەزانین قوربانی زۆری مەدەنی هەبووە بەهۆی ئەو پێکدادانانەی کە لەوێ بەردەوامن. یەکێکە لەو ناوچانەی کە بۆ ئێمە زۆر سەختە لەڕووی مرۆییەوە بیگەینێ، بەڵام شتێکە کە بەردەوام هەوڵ دەدەین. نەتەوە یەکگرتووەکان چ لە سووریا بێت یان لە هەر شوێنێکی تر، ناتوانین رێک بڕۆین بۆ ئەو شوێنەی کە دەمانەوێت. دەبێت مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکان و دەسەڵاتەکان و دەسەڵاتە دیفاکتۆکاندا کە بەرپرسن. ناتوانین بە زاڵگەکاندا بڕۆین. کەواتە هەموو ئەم شتانە پێویستیان بە دانوستاندن هەیە. جا بە داخەوە ئەو شتانە کاتی زۆر دەخایەنن.  
 
رووداو: دەمەوێت بە پرسیارێکی دیکە کۆتایی پێ بهێنم. دەزانین وەک ئەگەر تۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی دانپێدانراو بیت دەتوانیت خۆت لە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەرایەتیی خۆت بکەیت. جا پێیشی دەگوترێت نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام من زۆر سەرم لێ شێواوە. ئاخر پێموایە دەبێت وڵاتە یەکگرتووەکان بێت، پێموایە هەموو نەتەوەیەک ناتوانێت لێرە نوێنەرایەتیی خۆی بکات. تۆ لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟ 
 
ستێفان: پێموایە دەبێت سەیری یەکەم وشەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەیت کە دەڵێت ئێمەی گەلان. مەبەستم لەوە ئەوەیە کە بەڵێ، ئەمە رێکخراوێکی دەوڵەتە سەروەرەکانە لە وڵاتانی خاوەن سنوور. سنووری روون لە زۆربەی حاڵەتەکاندا. دەزانین هەندێک شوێن هەن کە دانوستاندنی قورسیان تێدایە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە دەبێت هەموو کەسێک هەست بکات کە لێرە نوێنەرایەتی دەکرێت. جا کاتێک باسی مافەکانی کەمینەکانم کرد کە تەنانەت ئەگەر تۆ کەمینەیەک بیت لە وڵاتێکدا، دەنگت، فەرهەنگت، مافەکانت پێویستە رێزیان لێ بگیردرێت و، پێویستە  لێرە لە رێگەی حکومەتەکانی وڵاتانەوە دەنگ و فەرهەنگت نوێنەرایەتی بکرێت. 
 
رووداو: تەنیا دەمەوێت لەسەر ئەم پرسیارە بەردەوام بم. دەزانم دوا پرسیارم بوو، بەڵام بەردەوامبوونەکە ئەوەیە، بۆ نموونە، ئەو کوردانەی لە تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق دەژین. بەڵام کاتێک نوێنەری ئەو وڵاتانە دێنە ئێرە، هیچ شاندێکی کوردی نابینین. کەواتە ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە. بۆ نموونە، لە تورکیا، 25 ملیۆن کورد هەن و یەک شاندیان نییە لەگەڵ ئەو خەڵکەی دێنە ئێرە.   
 
ستێفان: باشە، تۆ لە هەر وڵاتێکدا بیت کەمینە دەبینیت. گرنگە کە لە حکومەتەکانیاندا و لە رێگەی سیاسەتی دەرەوەیانەوە دەنگیان ببیسترێت. پێم خۆشە کە لێرە لە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر میدیای کوردی دەبینم. بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئێوە لەنێو نەتەوە یەکگرتووەکاندا چاو و گوێ و دەنگی گەلی کوردن. 
 
رووداو: زۆر سوپاس، هەڤپەیڤینێکی زۆر باش بوو. زۆر سوپاس. 
 
ستێفان: سوپاس، سەرچاو.