باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق: قبووڵکراو نییە خەڵک بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن

 
 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق دەڵێت: بەلای وڵاتانی ئەورووپاوە گرنگە خەڵک بە ئازادانە دەنگ بدەن و بەربژێرەکان ئازادانە بانگەشە بۆ خۆیان بکەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند کەسێکیشیان لە رۆژی هەڵبژاردن سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن.
 
تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
 
هاوکات لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەیدا باس لە دۆخی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق دەکات و دەڵێت قبووڵکراو نییە خەڵکی سڤیل لە باکووری هەرێمی کوردستان بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیاوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ تۆماس زایلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق:
 
نوێنەر فاتیح: تۆماس، بەخێربێیت بۆ بەرنامەکەم، دڵخۆشم جارێکی دیکە هەڤپەیڤین دەکەین.
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، دڵخۆشم لە هەولێرم.
 
نوێنەر فاتیح: ئێمەش دڵخۆشین لێرە دەتبینین، تۆ لە نزیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەروەها حکومەتی فیدراڵی عێراق کارت کرد لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دەمەوێت بپرسم، بۆچی هەڵبژاردن لە کوردستان بۆ ئێوە گرنگە؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: بەڵێ کارم دەکرد، لە راستی دا لە پشتەوە زۆر کارم کرد.
 
نوێنەر فاتیح: ئەوە دەزانم بۆیە پرسیارت لێ دەکەم.
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: هەروەها زۆر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کارم کرد، بەدیاریکراوی لەگەڵ جێنین پلاسخارت کە بەداخەوە بەجێیهێشتین. بۆچی ئەمە گرنگە؟ دەزانی یەکێتیی ئەورووپا تەنیا تیشک و سەرنج ناخاتە سەر نێوخۆ، بەڵام بەتایبەتی لە سیاسەتی دەرەوە زۆر سەرنج دەخەینە سەر دیموکراسی و ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەیبینین هەبوونی حکومەتێکە، ئینجا رەنگە باش بێت یان خراپ، بەڵام حکومەتێک کە شەرعیەتی دیموکراسی نییە، ئێوە تەنانەت پەرلەمانیشتان نییە، ئەگەر پێچەوانە بووایە باشتر بوو کە پەرلەمان هەبێت بەڵام حکومەت کاربەڕێکەر بێت. بەڵام وەزیرەکان و راوێژکارەکانیش شەرعییەتی دیموکراسییان لەلایەن پەرلەمانەوە نییە، تەنانەت کاتێک قسەشیان لەگەڵ دەکەم، وەزیرەکانتان، تەنانەت دانی پێ دادەنێن کە شەرعییەتیان نییە، کە کێشەی دەستپێشخەری شەرعییەتییان لەلایەن پەرلەمانەوە هەیە و نازانن چۆن بجووڵێنەوە لە کاروبارەکان. بۆیە ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئێمە ئەم بەشەی شەرعییەتی دیموکراسی بوو بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڵام لە پشتی ئەمەوە رەنگە گرنگتر ئەوەبێت کاتێک هەڵبژاردنەکان لەم هەرێمە یان هەموو وڵاتەکەدا دەکەیت، ئەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی وڵاتەکە لەڕووی سیاسییەوە، ئەنجامەکە هەرچییەک بێت، بێگومان دەکرێت لەڕووی تیۆرییەوە بکەویتەوە دۆخێکی خراپەوە، بەڵام پێشبینی ئەمە ناکەم لە هەرێمی  کوردستان. بەڵام گرنگە کە ئەمە رۆڵی هەیە لە سەقامگیری، حکومەتە نوێیەکە هەر کاتێک کە دواتر پێکدەهێندرێت شەرعییەتێکی زۆر باشتری دەبێت بۆ کارکردن لەگەڵ بەغدا و حکومەتی فیدراڵی. بۆیە شەرعییەت و سەقامگیری بۆ من ئەو گفتوگۆیە بوو کە لە رێگەوەیە بەو ئاڕاستەیدا پاڵ بنێین.
 
نوێنەر فاتیح: کەواتە بۆیە کاتێک سەرۆکی هەرێمی کوردستان وادەیەکی نوێی بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان کرد، تۆ تویتێکت کرد و نووسیت بڕیارە سیاسییەکان لە کوردستان جارێکی دیکە شەرعییەتی تەواویان بۆ دەگەڕێتەوە.
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: رێک وایە.
 
نوێنەر فاتیح: پلانتان هەیە چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن وەکو یەکێتیی ئەورووپا؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: ئێمە لێرە تیمی راستەوخۆی چاودێری هەڵبژاردنەکانمان نییە، هۆکارەکە زۆر سادەیە کە هۆکارێکی کارگێڕییە، ئەگەر ئێمە ئەرکی چاودێرییەکی تەواوی هەڵبژاردن بکەین، دەبێت چەند مانگێک پێشوەخت پلانی بۆ دابنێین نەک تەنیا دوو سێ مانگ پێشتر، ئەگەرنا ناتوانین بیکەین. بەڵام ژمارەیەک کەسمان دەبێت کە چاودێری دەکەن و هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش و ئێمەش پێکەوە دەیکەین، هەندیک لە هاوکارەکانمان بێگومان دەچنە ناوەندەکانی دەنگدان و خەڵک دەبینن تاوەکو بزانن چی بووە.
 
نوێنەر فاتیح: لە چ دۆخێکدا پێتوایە هەڵبژاردن گرنگە بکرێت، باسی دۆخەکە دەکەم بۆ دەنگدەران و بۆ لایەنە سیاسییەکانیش؟
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: شتەکان بە یەکسانی گرنگن بۆ هەردوولا.
 
نوێنەر فاتیح: من باسی لایەنێکیان ناکەم، بەڵکو باسی رەوش و کەشوهەواکە دەکەم، کەشوهەوای سیاسی بۆ هەردوولا، لایەنە سیاسییەکان و دەنگدەرانیش؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: بۆ خاتری خودا، تۆ قسە لەگەڵ ئەورووپاییەک دەکەیت و بۆ ئێمە دەبێت کەشوهەوای سیاسی بۆ هەڵبژاردنەکان بە روونی وابێت کە خەڵک بتوانن ئازادانە دەنگ بدەن بەبێ کۆسپ و بتوانن ویستی دیموکراسییانەی خۆیان دەرببڕن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئەو سیاسەتڤانانەی رکابەری دەکەن لە هەڵبژاردنەکان دا، دەشزانم کە ئێستا سەدان بەربژێرتان هەن لە لایەنی سیاسی جیاوازەوە کە رکابەری دەکەن، ئەوانیش بتوانن ئازادانە بانگەشەی خۆیان بکەن بەبێ کۆسپ. رەنگە بیرت بێت بەم دواییانە رووداوی ئەوتۆمان هەبوو لە ئەورووپا کاتێک خەڵکانێک بانگەشەیان دەکرد، لەڕووی جەستەییەوە هێرشیان کرایە سەر لەسەر شۆستەکان لە ئەڵمانیا و فەڕەنسا. ناکرێت ئەمە رووبدات، بەڵێ، بۆیە هەلومەرجەکە دەبێت بە رەهایی ئازادبێت، بێ کۆسپ بێت و دادپەروەرانە بێت. هەموو کەسێک بتوانێت ئەو ویستە سیاسییەی خۆی هەیەتی دەرببڕیت، لە هەردوو لایەنەوە.
 
نوێنەر فاتیح: ئایە چاودێری راگەیاندنەکانیش دەکەن لەکاتی هەڵبژاردنەکان وەکو یەکێتیی ئەورووپا؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: بێگومان تەماشای ئەوەش دەکەین، بەڵێ.
 
نوێنەر فاتیح: باشە، ئەمە پرسیارەکانم بوون لەبارەی هەڵبژاردنەوە. لەبارەی پڕۆژەکانی یەکێتی ئەورووپا ئێستا لە هەرێمی کوردستان، سەرنجتان لەسەر چییە؟ 
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: ژمارەیەک بوار هەن کە تێیدا کار لەگەڵ کوردستان دەکەین لە رێگەی حکومەتەوە لە بەغدا، دەزانیت جۆرە سیاسەتێکمان هەیە کە بەرنامەی هەموو عێراقە بۆیە بەرنامەیەکی زۆر دیاریکراومان نییە بە تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام لەنێو بەرنامەکان دا بێگومان تەماشای ئەمە دەکەین. سەرنجی سەرەکی ئێستا لەسەر ئاوارە نێوخۆییەکانە، بەڵام هەروەها بەرنامەمان هەیە لەبارەی تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی و سیستەمی دڵنیایی کۆمەڵایەتی لە روانگەی فراوانترەوە بۆ وڵاتەکە وەکو یەکێک لە گەورەترین بابەتەکانم، هەروەها دژایەتی گەندەڵی. دەزانین ئێستا هەندێک دامەزراوە و دەسەڵات هەن بۆ ئەم کارە، بەڵام ئەوەی دەمانەوێت بیکەین و لە راستی دا لە چەند هەفتەی داهاتوودا دەیکەین، من هەمیشە دەڵێم رەنگە هەندێک سەرکەوتنی تاک تاک لێرە و لەوێ هەبن وەکو دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەرێکی گشتی کە گەندەڵ بووە و بەرتیلی پێدراوە و قبووڵی کردووە، ئەوەی کە زۆر گرنگە دەستپێشخەرییەکی سیستەماتیکە بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، ئەمە واتای ئەوەیە پێش هەموو شتێک یاسای پەیوەندیدار و جێبەجێکردنی یاساکان هەبێت، بۆ زانیاریت لەسەر ئەمە پێکەوە زۆر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکەین، لەمەدا من بەڕاستی پەلە دەکەم و ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیشە، بەڵام لەم ساتەدا ئاوارە نێوخۆییەکانیش.
 
نوێنەر فاتیح: حکومەتی عێراق داوای لە ئەمریکا کردووە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەست بکات بە کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی و کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش بێت. پێتوایە ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەمە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: عێراق لەسەر رێچکەیەکە بۆ دروستکردنی سەقامگیری بەردەوام و هەنگاونان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەقامگیرتر، سوپا و بەرگریکردن لە وڵاتێک بەشێکی سەرەکی هەموو ئەمانەیە، هەروەکو پرسی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی یان هەر بوارێکی دیکە کە توانای کارکردنی باش هەیە تێیدا. بۆیە ئەگەر گوێمان لەوەبێت کە عێراق ئێستا خۆی توانای شەڕی ئەو بەشەی داعشی هەیە کە ماوە، شتێکی باشە ئەمە ببیستین. لەلایەکی دیکەوە پێموایە پێویستە خەڵک لەوەش تێبگەن کە بەداخەوە بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکەوە ئەوەی پێی دەگوترێت "رۆژئاوا" کە ئێمە بەشێکین لێی، لەم ساتەدا کەمێک وریایە، وریایە بەو واتایەی رەنگە بڵێ بەڵێ با دەستبکەین بە گفتوگۆ کە دوو رۆژ پێش ئێستا لە واشنتن دەستیپێکرد و ئێمە پێشوازی زۆری لێ دەکەین، بەڵام با وریاش بین و با زۆر بەخێرایی نەڕۆین. ئێستا یەکێتی ئەورووپا وەکو دەزانیت دامەزراوەیەکی سەربازی نییە، وڵاتە ئەندامەکان بەشێکن لە هاوپەیمانێتییەکە، بۆیە لەڕووی پرەنسیپەوە دەبێت وریابم لەوەی دەیڵێم، بەڵام پرسیارەکەت زیاتر لەبارەی کەشوهەواکە و دۆخی گشتی بوو و من بەڕاستی پێموایە هەروەکو زۆر بواری دیکە ئەوەی زۆر پێویستە گەنگەشەیەکی چڕی هەردوولایە بۆ پێناسەکردنی دەستپێشخەرییەکی هاوبەش کە ئەمە چۆن بکرێت. ئەو هەستەم هەیە کە هەندێک پێشڤەچوونی باش هەن.
 
نوێنەر فاتیح: هێشتا چالاکی و هێرشی داعش لە سووریا و لە عێراقیش دەبینین، بەم دواییانە هەواڵی زیاتر لەبارەی ئەم جۆرە هێرشانەوە دەبینین کە هێرشی داعشە یان هێرشی سوپای عێراق بۆسەر هەندیک شوێنی داعش، پێتوایە داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆسەر عێراق؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: دەزانی، ئەوە حکومەتە کە دەڵێت هێشتا هەندێک پاشماوەی داعش لێرە و لەوێ ماون، بەڵام دەتوانین خۆمان شەڕیان لەگەڵ بکەین، بۆیە ئەو وەڵامەی لەمەدا هەیە ئەوەیە کە هێشتا بە تەواوی ئەم هێزانەمان لەنێونەبردووە، بەڵێ، ئەوەی ئێمە تەماشای دەکەین ئەوەیە کە رەنگە جێی سەرسوڕمانیش نەبێت، ئەوەیە ئایا لە هەندێک ناوچەدا جارێکی دیکە سەرهەڵدانەوەی پەڕگیری هەیە یان نا، پێموایە دەبێت هەموومان زۆر وریابین و من دەبینم حکومەت لە بەغداش ئەمە دەکات و وریایە کە پەڕگیری زیاتر جارێکی دیکە سەرهەڵنەدات، بۆ نموونە لە کەمپەکاندا. هەروەها وریابین کە ئەمە جارێکی دیکە سەرهەڵدانەوەی نییە، چونکە رەنگە بتوانین شەڕی پاشماوەکان بکەین، بەڵام هێشتا دەمێننەوە ئەگەر کەسی نوێ سەرهەڵبدەنەوە، ئەوکاتە بازنەیەکی خراپی بەردەواممان دەبێت. بەڵێ. 
 
نوێنەر فاتیح: چەند رۆژێک پێش ئێستا 1200 چەکداری داعش لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە ئازادکران، دڵنیام خۆت ئاگاداری ئەمەی، پێتوایە هەنگاوێکی وا هەڕەشەیە بۆ ئەوەی ئێستا خۆت ئاماژەت پێکرد، بازنەی سەرهەڵدانەوە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: زەحمەتە بڵێم، بەڕاستی زەحمەتە بڵێم، بۆ نموونە، پێش هەموو شتێک ئەمە ئێستا لە سووریا روودەدات، دەزانم ئەمە دراوسێی ئێوەیە و دوور نییە، بەڵام ئەگەر چاودێرییەکی باش هەبێت لەسەر ئەوەی چی روودەدات لە وڵاتەکە لەلایەن هێزە سەربازییەکان و هەواڵگریی و لەلایەن هەمووانەوە، لەلایەن هەموو دامەزراوەکانی سەپاندنی یاساوە، پێموایە دەکرێت رێکبخرێت.
 
نوێنەر فاتیح: لەبارەی کەرکووکەوە، شوێنێکە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، دڵنیا نیم لەبارەی ئێستا، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا سەرنجی زۆریان دەخستە سەر شارەکە چونکە گرنگە بۆ عێراق و بۆ کوردستانیش، ئەوێ شوێنێکی ناکۆکی لەسەرە. لایەنە سیاسییەکان لە حەوت مانگی رابردوودا شکستیان هێنا حکومەتێکی خۆجێی پێکبێنن و کۆدەنگی لەنێوان نەتەوەکاندا نییە، وەکو یەکێتی ئەورووپا چۆن چاودێری دەکەن؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: رەنگە چاودێری، دەربڕینە راستەکە نەبێت.
 
نوێنەر فاتیح: بەشداربوون لە هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: بەڵێ بەڵام بە ئاشکرا نا، بە ئاشکرا نەمانکرد. وەکو تۆ دەیڵێیت ئەوێ عێراقێکی بچووکە لە شوێنێکی بچووککراوەدا، ئەگەر بتوانم بەم شێوەیە بیڵێم، هەموو گرووپە جیاوازەکانت هەن کە پێکەوەن و ئەوەش نیشانی دەدات کە پێویست بە سازش و قبووڵکردنی بۆچوونی ئەوانی دیکە دەکات. من هێشتا دەستبەرداری گەشبینیم نەبووم و هیوام ئەوەیە چارەسەرێک دەبێت. زۆریش پێشوازی لەوە دەکەم کە سەرۆکوەزیران سوودانی خۆی لەم بارەیەوە چالاکە و هەمیشە چاودێری دەکات، چونکە ئەو زۆر باش دەزانیت، زیاتر لەوەی من هەرگیز بتوانم، ئەم شارە چەند گرنگە بۆ دەستپێشخەرییەکی باڵانس. بەڵێ دوو رۆژ پێش ئێستا قسەم لەگەڵ وەزیری کەمینەکان کرد لە کوردستان، دەزانیت ئەو تورکمانە، گفتوگۆیەکی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەبوو، ئەو باسی پێویستی هەبوونی تێگەیشتنی بەرامبەر یەکتری بۆ کردم، بۆ ئەوەی خەڵک پێکەوە دابنیشن و سازشێک بدۆزنەوە.. بەڵام ئەوەی حەزم دەکەم بیڵێم ئەوەیە تکایە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مەکەن ئەو سازشە بدۆزێتەوە، دەبێت ئەمە لەلایەن خەڵکەوە خۆیان بکرێت، ئێمە دەتوانین لێرە و لەوێ هاوکاربین، بەڵام من بە خەڵکەکەی خۆمانم گوتووە خۆتان لەمە بەدوور بگرن. ئێمە پاڵپشتی ABC یان D ناکەین، ئێمە ئامادەین ئاسانکاری بکەین بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بین، بەڵام نامانەوێ فەرمان بکەین و ئاراستە بکەین، ئەمە بەڕاستی ئەوە نییە کە دەبێ بیکەین.
 
نوێنەر فاتیح: لەبارەی ئاوارەی نێوخۆیی و پەناخوازانەوە، حکومەتی عێراق بە جۆرێک گوشار لە هەرێمی کوردستان دەکات بۆ داخستنی کەمپەکان. ئەم کەمپانە پڕن لەو خەڵکانەی کە لە دەستی داعش هەڵاتوون لەکاتی شەڕی 2014 و ساڵانی دواتر، بەڵام دەڵێن ناوچەکانمان لە عێراق هێشتا سەقامگیر نین بۆیە نامانەوێت بگەڕێینەوە. هەروەها پرسێکی سیاسی لەم بارەیەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دا هەیە، بە دیاریکراوی چۆن لەسەر ئەم پرسە کار دەکەیت؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: لە دوو رووەوە، پێش هەموو شتێک سیاسی و دیپلۆماسی، دووەمیش لە رێگەی پێشکەشکردنی فەند و پارە، فەند بە دیاریکراوی بۆ ئەوەی.. چۆن ئەمە بڵێم.. فەند بەدیاریکراوی بۆ چۆنییەتی یاوەریکردنی ئەو کەسانەی کەمپەکان جێدێڵن لە ژیانی داهاتوویان دا لە رێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەی زۆر تایبەت، بۆ نموونە راهێنانی تەکنیکی و پیشەیی بۆ دروستکردنی هەلی کار و پێشکەشکردنی راوێژ. دەتوانم پێت بڵێم کە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا بەم دواییانە 60 ملیۆن یۆرۆی بۆ هەموو جۆرە کێشەیەکی کۆچ لە عێراق دابینکردووە، بەڵام ئەمە پارەیەک نییە کە ئێستا ئێمە بیدەینە کەسەکان لە ئاوارە نێوخۆییەکان یان ئەو پەناخوازانەی لە ئەورووپاوە گەڕاونەتەوە، پارەیەکە بۆ دروستکردنی توانا و پەیکەربەندی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی کۆچکردن و ئەو پرسیارانەی ئێستا لەبارەی کەمپەکانەوە هەن. رێگەم بدە پێت بڵێم، دەتوانم لێرە بە ناوی هەموو ئەندامانی یەکێتی ئەورووپاوە قسە بکەم، چونکە ئێمە لە ئاستی کارکردن دا لە برۆکسیل نووسراوێکمان پەسندکردووە کە پێی دەگوترێت نووسراوی پەیامی هاوبەش، بە رەزامەندی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا، کە تێیدا بەشێوەیەکی سەرەکی سێ خاڵ بە روونی دەڵێین؛ نابێت کەمپ بۆ هەتاهەتایی بێت، ئەوە سیاسەتی یەکێتی ئەورووپایە کە پاڵپشتی کەمپ نەکرێت. ئەو خەڵکانەی کەمپ بەجێدێڵن دەبێت بەشێوەیەک ئەمە بکەن کە ئارەزوومەندانە بێت، شکۆمەندانە بێت و پارێزراوبێت و ئەو شوێنەی بۆی دەچن سەلامەت بێت. رەنگە بێینە سەر شنگال و دەزانین کە ململانێ هەیە. خاڵی سێیەم ئەوەیە هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا بڕوایان وایە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەبێت رووبدات، دەزانم ئێستا ئەمانە وشەی جوانن و سیاسەتیشە، بەڵام بە تووندی بڕوامان وایە دەبێت باڵانسێک بدۆزرێتەوە لەنێوان هێشتنەوەی خەڵک کە کەمپەکان و رێگەدان پێیان کە جێیبێڵن، بەڵام دیسانەوە، باش دەزانین کە ئامانج و شوێنی گەڕانەوەکە کە خەڵک بۆی دەچن دەبێت بەشێوەیەک بێت کە تێیدا پێشوازییان لێبکرێت، بۆیە دەمانەوێت لەوە بەردەوام بین. هەر بۆ زانیاریت، ئەمە ئامانجی سەرەکیم بوو لەم چەند رۆژە لێرە لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەت لە بەغدا و کە چۆن بتوانین بەشێوەیەکی سوودبەخش و گونجاو ئەم فەندانە جێبەجێ بکەین. جارێکی دیکە، کەمپەکان بەلای یەکێتی ئەورووپاوە چارەسەر نین بۆ هەتاهەتا و ئەوەش ئەو هەڵوێستەیە کە لە هەموو شوێنێکدا هەمانە. دەزانین کەمپ بووە بە هەتاهەتایی، ئەگەر بۆ نموونە بیر لە کەمپەکانی ئۆنروا بکەیتەوە لە فەڵەستین، بەڵام رەنگە ئەوە رەوشێکی زۆر دیاریکراویش بێت. لە عێراق هاوڕاین کە کەمپەکان دەبێت تێپەڕێندرێن، بەڵام پێویستە بەشێوەیەک بکرێن کە پارێزراو و بەردەوام بێت، ئەمە هەڵوێستی هەموو وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەورووپا و یەکێتی ئەورووپایە.
 
نوێنەر فاتیح: دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا زیادی کردووە، بۆ نموونە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 100 هەزار پەناخواز لەلایەن دادگەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا رەتکراونەتەوە. ئایا یەکێتیی ئەورووپا سیاسەتی دژە کۆچبەر جێبەجێدەکات؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: دڵنیانیم لەوەی پێی بڵێین سیاسەتی دژە کۆچبەری یان نا. ئەوەی کە روون و ئاشکرایە، لەدوای ئەم چەند هەڵبژاردنەی رابردوو کە لە ئەورووپا بەڕێوەچوون؛ لەوانەش، پەرلەمانی ئەورووپا و هەروەها هەڵبژاردن لە چەند وڵاتێکی ئەندامی یەکێتییەکە، مەترسییەک هەیە کە پرسی کۆچبەری خەریکە دەبێتە بابەتێکی زۆر ژەهراوی لە ئەورووپا.
 
نوێنەر فاتیح: لەڕووی سیاسییەوە؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: لەڕووی سیاسییەوە، بەڵێ، هەر زۆریش؛ چونکە ئێستا ئێمە چەند پارتێکی سیاسیمان لە پەرلەمانەکان هەیە، کە پێشتر نەبوون. هەرچەندە ئەو پارتانە هێشتا هیچ هێزێکی سیاسییان لەنێو حکومەتەکاندا نییە، بەڵام بیرۆکە سیاسییەکانیان بەسەر خەڵکی دا بڵاودەبنەوە. مەبەستم چییە؟ دەبێت پێکەوە سەرکەوتووانە لەگەڵ بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کاربکەین؛ بۆ ئەوەی شتەکان لە ئەورووپا روون ببنەوە، ئەگەر لە روانگەی خۆمەوە قسە بکەم؛ ئێمە زۆر بە باشی و زۆر سەرکەوتووانە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق پێکەوە کار لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە دەکەین، کە رەتکراونەتەوە و دەبێت لە سیستمی یاسایی خۆمان هۆکاری ئەو رەتکرانەوەیە بدۆزینەوە. ئەگەر بە هۆکارێک کە لە سیستمی یاسایی ئێمەدا نییە، کەسێک پەناخوازییەکەی رەتبکرێتەوە، من چیم پێدەکرێت؟ من تەنانەت ئەمڕۆش چاوم بە چەند کەسێک کەوتووە کە رەتکراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە. دووبارە، ئەوەی کە گرنگە، ئێمە لەلای خۆمان لە ئەورووپا، ئەو پرۆسەیە بە روونی لە خەڵکی خۆمان بگەیێنین. بەڵێ، ئێمە خەڵک دیپۆرت دەکەینەوە و دەیانگەڕێنینەوە، بەڵام ئێمە بە شێوەیەک دەیکەین کە لەلایەن حکومەتەوە رێگەی پێدراوە، بەهەرێمی کوردستانیشەوە. ئێمە هەروەها، ئەو دیپۆرتکردنەوەیە بەشێوەیەکی مرۆییانە دەکەین، چونکە چەند بەرنامەیەکمان لەبەر دەستە و دڵخۆشم کە دەسەڵاتدارانی عێراق بەو بەرنامانە رازین؛ ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دڵنیابینەوە کە ئەو کەسانە بەشێوەیەکی بێ کێشە دەگەڕێنەوە، ئێمە تەنانەت ئۆفەری ئەوەشیان پێدەدەین کە بچنەوە سەر کاری پێشووتری خۆیان. ئەمە ئەو شتەیە کە دەبێت ئێمە پێکەوە کاری لەسەر بکەین، دواتر دەتوانین پرسی دیپۆرتکردنەوەی خەڵک هاوسەنگ بکەین، ئیدی ئەو شتە ئێستا هەیە، رەخنەشی لێبگرین سوودی نابێت.
 
نوێنەر فاتیح: ئایا هەڵکشانی راستڕۆکانی ئەورووپا سیاسەتی کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپایان نەگۆڕیوە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: هێشتا نەگۆڕاوە، بەڵام مەترسی گۆڕان هەیە. مەترسییەک هەیە کە لە چەند ساڵی داهاتوودا ئەو سیاسەتە دەگۆڕێت. ئێمە دەبێت ئاگاداربین، هەڵبژاردنی دیکەش دەکرێت. ئێمە دەبێت چاودێری ئەوە بکەین، بەڵام با ئەوەشمان لەیاد نەچێت ئەو خەڵکە [راستڕۆکان] بەشێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردراون. دیسانەوە، ئەوە دووبارە دەکەمەوە؛ ئەگەر تۆ دیموکراتێکی راستەقینە بیت، پێویستە گەنگەشەی سیاسی بەشێوەیەکی سیاسییانە بکرێت و ئێمەش پێویستە پێکەوە کاربکەین. من تەواو دڵنیام کە ئەگەر ئێمە بتوانین لە برۆکسڵ و ستراسبۆرگ سیاسەتێکی بەهێزمان هەبێت، بەتایبەت پەیوەست بە پەرلەمان، ئەوکاتە ئەو هێرشانە هیچیان سەرناکەون.
 
نوێنەر فاتیح: ئێستا ئێوە سیاسەتێکتان بۆ پرسی کۆچبەران، دیپۆرتکردنەوە و هەموو شتێکی دیکە هەیە. ئایا حکومەتی عێراق تاوەکو چەند هاوئاهەنگیتان لەگەڵ دەکات لەسەر ئەمە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: دەبێت بڵێم کە من ئاسوودەم. لە ژیان هیچ شتێک تێروتەسەل نییە. ئێمە لێرە و لەوێ هەوڵی بەرەوپێشچوون و برەودان دەدەین. ئێمە دەبێت گفتوگۆیەکی گەلێک زۆر لەسەر پرسی ئاوارەکان بکەین، دەشیکەین؛ بەڵام بەم دواییانە، تەنانەت لێرەش، سیاسەتێکی کراوەم لەسەر ئەو پرسانە بینی لەلایەن چەند پارتێکی دیاریکراوی ئۆپۆزیسیۆنەوە کە پێشتر چاوم پێکەوتبوون. من تەنیا لەگەڵ ئەندامانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆنەبوومەوە، بەڵکو قسەم لەگەڵ پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش کرد. هەست دەکەم لێرە کرانەوەیەکی زۆر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنییەتی هەنگاونان هەیە. لەوانەیە پێت سەیربێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە پرسێکی تەکنیکییە زیاتر وەک لەوەی سیاسی بێت. ئەمە پرسێکی کارگێڕییە. چۆن و لەکوێ دەتوانین خاڵە لاوازەکان دەستنیشان بکەین؟ جاری پێشوو گوتم، ئێمە دەبێت وەک پزیشکێک بین کە دەرزی لە شوێنە راستەکە بدەین. هاوئاهەنگییەکە بەرهەمدار و مایەی لێکتێگەیشتنە، لەوانەیە لەسەر چەند شتێک بۆچوونی جیاوازمان هەبێت، بەڵام ئەوەش دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.
 
نوێنەر فاتیح: هیچ داتایەک لەبارەی ژمارەی ئەو عێراقییانە هەیە کە داوای مافی پەنابەرێتییان لە یەکێتیی ئەورووپا کردووە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: ئەگەر مەبەستت ژمارەیەکی دیاریکراوە، نا نیمانە. لە چەند وڵاتێکی یەکێتیی ئەورووپا گفتوگۆکان لەسەر دیاریکردنی وەرگرتنی ژمارەی پەناخوازن بەردەوامن؛ بەڵام ئەوەش لەوانەیە لەگەڵ بنەما دەستوورییەکانی پەناخوازی یەکنەگرێتەوە.
 
نوێنەر فاتیح: مەبەستم ئەوە بوو، هیچ داتایەک هەیە لەسەر ئەو عێراقییانەی کە ئێستا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپان؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: نەخێر نییە.
 
نوێنەر فاتیح: زۆر باشە. لەبارەی ئابووری؛ چەند رۆژێک لەمەوبەر تویتێکی تۆم بینی لەبارەی ژووری بازرگانیی عێراق، کە دەستپێشخەرییەک بوو لەلایەن ئێوەوە، لەگەڵ ژووری بازرگانیی یەکێتیی ئەورووپا. ئەوان رێککەوتنێکیان هەبوو. ئایا وردەکاری ئەم رێککەوتنە چییە؟ رەنگدانەوەی بەسەر بازرگانیی نێوان وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق چی دەبێت؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: پێش هەموو شتێک، پێویستە ئەم رێککەوتنە بخرێتە ئەو چوارچێوە گەورەیەی کە ئێمە دەمانەوێت و لەلایەن حکومەتیشەوە بۆ یارمەتیدانی بەرەوپێشچوونی کەرتی تایبەت داوامان لێکراوە. ئێمە پێمان وایە لە عێراق قەبارەی کەرتی گشتی زۆر گەورەیە و ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام تاوەکو ئەوکاتە ئاساییە کە بزانرێت بودجەی دەوڵەت لە چییەوە دێت، دەزانیت مەبەستم چییە؟ پارەی نەوت. پێشتر، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی گوتی، پێویستە ئابووری هەمەچەشن و هەمەجۆر بێت. ئێمە لە ئەورووپا لەگەڵ کۆمپانیا، بازرگان و کارسازە بچووک و مامناوەندەکان، ئەزموونێکی نایابمان پەیداکردووە. ئێستاش فیدراسیۆنی ژوورەکانی بازرگانیی عێراق هەمان شت دەکەن. ئەو فیدراسیۆنە وەکو چەترێکە بۆ هەموو ژوورە بازرگانییەکانی ئەو وڵاتە. ئەوان بە دروستی دەزانن بازرگان و کۆمپانیاکان لە کوێن و قەبارەیان چەندە. هەمان شت لەبارەی ژوورە بازرگانییەکانی ئەورووپاش راستە. ئەوان تۆڕێکی 40 وڵاتییان هەیە و زیاترە لە 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەورووپا؛ بیرۆکەکەش ئەوەیە کە ئەو دوو رێکخراوە [فیدراسیۆن و ژوورە بازرگانییەکانی ئەورووپا]، ئێستا ئەو تۆڕەیان هەیە، یارمەتییان دەدەن، زانیاری لەگەڵ یەکدی بەشدەکەن، لەگەڵ کۆمپانیای گەورە کاردەکەن و دەکرێت لەگەڵ یەکدیش کاربکەن. جیا لەوە ئەمە دەبێتە هۆی وەبەرهێنانیش، با ئەوەش بڵێم، لە جنێڤ هەنگاوێکی گەورە بەرەو عێراق نرا بۆ دەستڕاگەیشتن بە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، ئێمە پێشوازی لەمە دەکەین و ئاراستەیەکی زۆر باشە. ئەم ئاراستەیە پێویستی بە کاتە بێگومان. بازرگانیی نێوان وڵاتانیش هەنگاوێکی بەرقەرارکردنی ئاشتییە.
 
نوێنەر فاتیح: دەزانن بە نزیکەیی قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا چەندە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: لەڕاستی دا، ژمارەکان زۆر دەگۆڕێن. ساڵی رابردوو قەبارەکە 1.5 ملیار یۆرۆ بوو لە هەموو کەرتەکان، ئەمەش بەراورد بە قەبارەی عێراق، زۆر کەمە.
 
نوێنەر فاتیح: ئەی لەبارەی وەبەرهێنان، قەبارەی وەبەرهێنانی وڵاتانی ئەورووپا چەندە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: زۆر کەمە. ژمارەی راست و دروستم لەلا نییە، بەڵام دڵنیام پەرەپێدان هەیە.
 
نوێنەر فاتیح: تۆماس، وەک یەکێتیی ئەورووپا، چۆن چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا لە عێراق دەکەن؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: ئەمە پرسیارێکی زۆر قورسە، چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆیە. ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە عێراق وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە و هەموو دراوسێکانی پێویستە گرنگی بە سەلامەتی خاک و سەروەریی وڵاتانی دەورووبەر بدەن. ئێمە ناکرێت بەجۆرێک لەگەڵ ئۆکراینا بین و بەجۆرێکی دیکە لەگەڵ وڵاتێکی دیکە بین، زۆر جاریش بە "دووڕوویی" تۆمەتبار دەکرێین. با لێرە باسی ئەوە نەکەین. بۆ ئێمە، ئەوە زۆر روونە کە هەرگیز نابێت سەلامەتیی خاک و سەروەریی عێراق پێشێلبکرێت. ئەوەی دیسانەوە لێرە کێشەیە، وردەکارییەکانە. تۆ پەکەکەت هەیە دێتە وڵاتەکەت، دواتر تورکیا دێت و ئۆپەراسیۆن دەکات. دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە قەوارەیەکی سەربازی نین، ئێمە دەکرێت چەند پەیوەندییەکی دیپلۆماسییمان هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە هەردوو حکومەتی عێراق و ئەنقەرە لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، دانوستاندن بکەن. من دڵنیام رێگەی چارەسەری ئەم کێشەیە هەیە، بەڵام بەڕای من ئەوە قبووڵکراو نییە خەڵک [بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە] ماڵەکانی خۆیان، لە گوندەکانی باکووری هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.
 
نوێنەر فاتیح: کەواتە ئێوە چاودێریی ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن؟
 
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق: بەڵێ، بەڵێ ئێمە سەیری ئەوە دەکەین. ئەوە قبووڵکراو نییە خەڵکی گوندەکان بەهۆی هەڕەشەی سەر ژیان و تەندروستییان، ماڵوحاڵی خۆیان، بەهۆی ئەو شتانەی ئێستا لە عێراق روودەدەن جێدەهێڵن.
 
نوێنەر فاتیح: دوایین پرسیارم لەسەر کۆبوونەوەیەکی تۆ و سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانییە، کە لە مانگی ئایاری رابردوو لەبارەی هەڵگرتنی قەدەخەی سەر هێڵی ئاسمانیی عێراقی کردتان، مەبەستم قەدەخەی ئەورووپایە. ئایا هیچ هەواڵێک لەوبارەوە نییە؟ هێشتا قەدەخەکە بەردەوامە؟
 
باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق: هەندێک هەواڵ هەیە. هیوادەخوازم لە دوو چرکەدا پرۆسەی تەواوی ئەمەت بۆ باسبکەم، چونکە خەڵک وا دەزانن ئەمە هەنگاوێکی بچووکە و ئێمە خەریکین شتێک لادەبەین. ئەو قەدەخەیەی خراوەتە سەر هێڵی ئاسمانیی عێراق بەهۆی چەند نیگەرانییەکەوە بووە لەبارەی سەلامەتیی ئاسمانیی و فڕین. چەندین ساڵە ئەمە هۆکارەکەیە. ئەوەی کە ئێستا پێویستە بکرێت ئەوەیە، پێویستە عێراق بیسەلمێنێت کە ئەو نیگەرانییانە چیدیکە نەماون و کێشەکان چارەسەرکراون. ساڵی رابردوو، لیستێکی درێژی ئەرکمان لەلایەن ئاژانسی سەلامەتیی ئەورووپاوە ئامادەکرد. بەشێوەیەکی بنچینەیی، ئەمە پرسێکی تەکنیکییە، بەڵام پەیوەندییەکی زۆری بە سیاسەتەوە هەیە. لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی بەغداوە، رەزامەندی لەسەر یاسایەکی فیدراڵی بۆ فڕۆکەوانی دەرکراوە. ئێستا کۆمیسیۆنی ئەورووپا خەریکی پێداچوونەوەیە بەو بڕیارە و دواتر دەچێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران. ئێمە بەشێوەیەکی کرداری [پراکتیکی] سەیری ئەمە دەکەین، نەک بەشێوەیەکی سیاسی. ئایا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی بەوجۆرەیە کە ئێمە دەمانەوێت؟ سەربەخۆ، پشت پێ بەستراو و بە توانا؛ چونکە ئەو دەسەڵاتە چاودێریی سەلامەتیی ئاسمانیی عێراق دەکات، هەربۆیە ئەمە بەردی بناخەی یەکەمە. دوای ئەوە، ئەرکی زیاترمان دەبێت کە دەبێت تەواو بکرێن، ئەو ئەرکانەش لەلایەن رێکخراوە فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکانەوە دێت وەک ICAO و IATA. ئەمانە ئەو شتانەن کە دەبێت حکومەت و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی رووبەڕوویان ببنەوە، دەشزانم کە سەرنجیان خستووەتە سەریان و کاریان لەسەر دەکەن. ناتوانم ئێستا وردەکاری لەبارەی کاتەوە بدەم، ئەمە دەکەوێتە سەر خێرایی کارکردنی نێو عێراق. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، برۆکسڵ ئامادەیە یارمەتی هەموو دەسەڵاتدارەکانتان بدات و کاریان لەگەڵ بکات. ئێمە پێشتر ئەوەمان کردووە و بەردەوام دەبین لە دەستەبەرکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەک؛ بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو کارانە بکەین کە پێویستە عێراق بیانکات.