رێکخەری CPJ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست: مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەڤانان لە کوردستان پێشتر باشتربوو


رووداو دیجیتاڵ 

شەریف مەنسوور، رێکخەری رێکخراوی CPJـی رۆژنامەنووسان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا رایدەگەیێنێت، لە باشووری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ژمارەی "هێرشکردنە سەر رۆژنامەڤانان  زیادیکردووە" و لە مانگێکدا چوار رۆژنامەڤان دەستگیرکراون، ئەوەش رووداوێکە بە گوتەی ئەو "پێشتر رووینەداوە."
 
شەریف مەنسوور لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بێستوون عوسمان، پێشکێشکاری رووداو باسی لەوە کرد پێشتر مامەڵە بەرامبەر رۆژنامەڤانان لە کوردستانی عێراق باشتربوو بەراورد بە دراوسێکانی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا. گوتیشی، "بەشێوەیەکی ئاسایی ئێمە هەرێمی کوردیمان باشتر بینیوە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا، بەڵام بەمدوایەنە لەوێ دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان بە شێوەیەکی خراپ زیادیکردووە بەراورد بەو دوو وڵاتە."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 
 
رووداو: سەرەتا دەمەوێت پرسیارت لێبکەم لەبارەی بارودۆخی رۆژنامەڤانان بە شێوەیەکی گشتی هەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دواییش لە وردەکاریی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەگەر بتوانی بۆم باس بکەیت
 
شەریف مەنسوور: سوپاس بۆ میوانداریتان. پێموایە بەرزبوونەوەیەک دەبینین لە ژمارەی هێرشکردنە سەر رۆژنامەڤانان لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سووریا. بۆ نموونە تەنیا ئەم مانگە لانی کەم چوار رۆژنامەڤان دەستگیرکراون لە باکووری عێراق و سووریا لەلایەن چەکداری سەر بە کورد. هەروەها چەندین ساڵە بەرزبوونەوەی ژمارەی دەستگیرکردن دەبینین، لە کوردستانی عێراق، لانی کەم بەپێی زانیاریی ئێمە لە مانگی کانوونی دووەمەوە چوار رۆژنامەڤان دەستگیرکراون، یەکێکیان ئازاد کراوە. لەڕووی مێژووییەوە بۆ کوردسانی عێراق ئەمە پێشتر رووینەداوە، تەنانەت لە باکووری سووریاش. پێشتر مامەڵە بەرامبەر رۆژنامەڤانان لە کوردستانی عێراق باشتربوو بەراورد بە دراوسێکانی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا. ئەو دوو وڵاتە، عێراق و سووریا، لەڕووی مێژووییەوە خراپترین و کوشندەترین وڵات ناسراون بۆ رۆژنامەڤانان لە جیهاندا.کۆمیتەکەمان لە عێراق ناوی 190 رۆژنامەڤانی تۆمارکردووە کە لە ساڵی 1992ـەوە کوژراون. سووریا لە پلەی دووەمدایە لەجیهاندا لە دوای عێراق کە 139 رۆژنامەڤانی تێدا کوژراون لە چەند دەیەی رابردوودا. 
 
بەشێوەیەکی ئاسایی ئێمە هەرێمی کوردیمان باشتر بینیوە لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق و سووریا، بەڵام بەمدوایەنە لەوێ دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان بە شێوەیەکی خراپ زیادیکردووە بەراورد بەو دوو وڵاتە. 
 
رووداو: بەڵێ. ئەی ئەگەر کەمێک باسی ئەو دۆسیەیانەمان بۆ بکەی، گرنگترین دۆسیەکان کە CPJ لە ماوەی رابردوودا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چاودێرییکردوون نەک بەتەنیا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و سووریا و عێراق، بەڵکو لە ئێران و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
 
شەریف مەنسوور: هەواڵی خۆیشیش هەن. لە ساڵی رابردوودا هیچ رۆژنامەڤانێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەکوژراوە. واتە لەدوای کوژرانی لوقمان سەلیم لە لوبنان، کە زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بوو. ئەمە مانای ئەوە نییە کە هێرش و تووندوتیژی بەرامبەر رۆژنامەڤانان نەبووە. هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، میسر، سعودیە و ئێران ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤان دەستگیرکراون. میسر چەند ساڵێکە خراپترین دەستگیرکەری رۆژنامەڤانانە لە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. دواتریش سعودیە و ئێران. بەرزبوونەوەی رێژەی تاکتیکی سانسۆر و چاودێریکردنمان بینیوە لە دژی رۆژنامەڤانان لە وڵاتانی کەنداو و مەغریب. تەکنیکەکەش لەلایەن ئەو وڵاتانەوە دەکڕدرێن و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی هاوپەیمانانی ناوچەکە دەکڕن وەکو ئیسرائیل یان لە دەرەوەی ناوچەکە وەکو کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا. 
 
ئێمە هەروەها زیادبوونی رێژەی هێرشکردنە سەر ئەو رۆژنامەڤانانەمان بینیوە کە رووماڵی خۆپێشاندانەکان دەکەن، بەدیاریکراوی لە ئێران. بۆ نموونە دەستگیرکردن و لەسێدارەدانی روحووڵڵا زەم کە لە فەرەنساوە نێردرا بۆ عێراق و لەوێ دەستگیرکرا و نێردرایەوە بۆ ئێران، ئەوە مایەی نیگەرانی گەورە بوو بۆ ئێمە. چەند ساڵێکی کەم لەمەوبەر ئەوە روویدا، بەڵام بە گشتی ژمارەیەکی زۆر هەڕەشە لەلایەن ئەکتەری نا دەوڵەتی لە رۆژنامەڤانان دەکرێن. بە مدواییانەش لەلایەن رێکخراوی تاوانکاری لە هەموو جیهاندا وەکو مەکسیک ئەفغانستان و فلیپین. لە ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤانیان کوشتووە. 
 
رووداو: دوایین پرسیار دەمەوێت لێت بپرسم ئێوە وەکو کەسێک کە چاودێریی میدیا دەکەن بەگشتی ئەو بەرەوپێشچوونەی میدیای کوردستانی لە 10 ساڵی رابردوودا بەخۆیەوە بینیوە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
 
شەریف مەنسوور: رێک 10 ساڵ لەمەوبەر لە کوردستانی عێراق، مانگی ئازار خۆپێشاندان دەستیپێکرد. لە زۆر رووەوە هاوشێوەی بەهاری عەرەبی بوو. بینیمان بۆ یەکەم جار رۆژنامەڤانێک کوژرا بەناوی سەردەشت عوسمان. تاوەکو ئەمڕۆ لە هەوڵداین ئەو کەسانەی لە پشت کوشتنی بوون بدۆزینەوە و بیاندەینە دادگە. کەواتە ئاڵنگاریی بەردەوام هەن، هەندێکیان مێژووییان کۆنە، بەڵام ئەوەی 15 ساڵ لە کوردستانی عێراق بینیمان کە بەڵێندا ئازاری رۆژنامەڤانان نەدات هاوشێوەی عێراق، ئێستا زۆر هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقە، ئەگەر باسی شێوازی مامەڵەی حکومەت بکەین کە چۆن دوای ئەو رۆژنامەڤانانە دەکەوێت کە رووماڵی خۆپێشاندانەکان دەکەن و چۆن لەبەر فاکتەری سیاسی لە عێراق و سووریا لایەنە کوردییەکان رووبەرووی رۆژنامەڤانە نەیارەکانیان دەبنەوە، هاوشێوەی ئەوەیە کە لە 10 ساڵی رابردوودا بینیومانە. لە زۆر رووەوە ئەمە بێهیوامان دەکات، بەڵام بەردەوام دەبین لە بەرزکردنەوەی ئەو کەیسانە و داکۆکی دەکەین لە رۆژنامەڤانانە.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لە واشنتن دی سییەوە لەگەڵمان بوویت.