وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ رووداو: ئێستا کار لەسەر وەرگرتنی کرێکارانی شارەزا دەکەین

25-01-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ریم رادۆڤان، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامی دا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ریم رادۆڤان، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامی دا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ریم ئەلعەبالی – رادۆڤان، لە خێزانێکی عێراقی لە ساڵی 1990 لە رووسیا لەدایکبووە. دواتر خێزانەکەی چوونەتە ئەڵمانیا و خوێندنی لە ئەڵمانیا تەواو کردووە و بووەتە ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات. 
  
ریم رادۆڤان، کە لە حکومەتی تازەی ئەڵمانیادا بووەتە وەزیری گونجاندن و تێکەڵاوبوون، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی ئەنجامی دا، رایگەیاند کە ئێستا زیاتر لە 200 هەزار کوردی ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین و بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدیان لە رۆژی 19-01-2023، بە "هەنگاوێکی مێژوویی" دانا و گوتی، ئەڵمانیا بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال " یارمەتیی دارایی پێشکێش دەکات".
 
هەروەها سەبارەت بە ناردنەوەی ئەو پەناخوازانەی داواکانیان رەتکراوەتەوە و ئەوانەی لە داهاتوودا ئەڵمانیا حەزدەکات بچنە ئەڵمانیا وەڵامی رووداو دەداتەوە. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ریم ئەلعەبالی - رادۆڤان:

 

رووداو: سڵاو بەڕێز خاتوو ئەلعەبالی رادۆڤان؛ سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. سوپاس کە ئەمڕۆ لەگەڵمانیت. بەڕێز ئەلعەبالی؛ ئەم دانپێدانانە سیمایەکی رەمزی دەبێت؛ وەک هەنگاوی دووەم، دەستپێشخەرانی ئەم داواکارییە کە کوردانی ئێزدین داوا دەکەن جارێکی دیکە ناوچەی شنگال ئاوەدان بکرێتەوە بۆ ئەوەی ئێزدییەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. باشە حکومەتی ئەڵمانیا چۆن پشتگیریان دەکات؟  
 
ریم رادۆڤان: هەڵبەتە داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان لە عێراق رۆڵێکی گەورەی دەبێت و دەبێتە هەنگاوێکی مێژوویی. هەنگاوێکی دیکە دەچینە پێشەوە لە بواری بەدیهێنانی دادپەروەریی مێژوویی دا. بێگومان ئەمە ناتوانێت ئازاری ئێزدییەکان کەمبکاتەوە، بەڵام پێم وایە ئاماژەیەکی گرنگە کە ئەڵمانیا بەرەو داننان بە جینۆسایدەکە دەڕوات. حکومەتی فیدراڵی زۆر شت دەکات. بۆ نموونە، لە عێراق و ناوچەکە بەرنامەیەکی هاریکاریی بۆ ئێزدییە ئاوارە و پەنابەرەکان هەیە. بەداخەوە ناوچەکەیان وێران بووە، ئەڵمانیا هەروەها بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە یارمەتیی دارایی پێشکێش دەکات.
 
رووداو: ئەڵمانیا چۆن دەیەوێت هاوکاری پێشکێشی ئێزدیان بکات بەتایبەتی ژنانی ئێزدی؛ هەروەها رزگاربووانی دەستی داعش لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە چۆن دەبێت؟ پلانی درێژخایەنتان بۆ ئەمە چییە؟
 
ریم رادۆڤان: بۆ ئەمە، چەندین هەنگاو هەن. ئەوەی کە من زۆر بە گرنگ دەیبینم ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵیی [ئەڵمانیا] پارە بۆ هاریکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی لە ناوچەکە دابین دەکات و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی کە هێشتا لەوێن، ئەوانەی کە رزگاربوون، بتوانن لەڕووی دەروونییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو شتانە بکەن کە بەسەریان هاتووە. دڵخۆشم کە ژمارەیەکی زۆری هەرێمە فیدراڵییەکان لە ساڵی 2015 دا بڕیاریاندا ژنانی ئێزدی بێننە ئەڵمانیا و پشتیوانییان بکەن. ئامانجمان لەو کارە ئەوەیە دووبارە تێكەڵاوی کۆمەڵگەیان بکەینەوە. زیاتر لە هەر شتێک، ئەو ژنانە هۆکاری گرنگن لە دادگەییکردنی تاوانەکانی داعش. ژنانی ئێزدی لەوێ رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن. من لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی لە ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی نزیکدام لە پرسەکانی دیکەدا، بۆ نموونە تێکەڵكردنەوەیان بە کۆمەڵگە چۆن بەڕێوەدەچێت و ژنان زیاتر پێویستیان بە چییە.
 
رووداو: هۆی چییە ئێزدییەکان زۆرتر روو لە ئەڵمانیا دەکەن؟ سیاسەتی کۆچبەری لە ئەڵمانیا ئاسانکاریی تێدایە بۆ ئەوان؟ 
 
ریم رادۆڤان: بەڵێ، هەرێمە فیدراڵییەکان[ی ئەڵمانیا] هەر لە دوای کردەوەکانی داعش لە ساڵی 2014دا، دەستیان بە بەرنامەی تایبەتی وەرگرتن[ی پەنابەران] کرد. بۆیە، ئێستا زۆرترین رەوەندی ئێزدی لە جیهان لە ئەڵمانییە؛ زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین. حکومەتی فیدرال[ی ئەڵمانیا] هەنگاو دەنێت، ئەمەش بۆ من گرنگە کە لە ناوچەکە، واتە لە عێراقیش، کاری ئاوەدانکردنەوە دەکرێت؛ رەنگە ئەوەش ببێتە هیوایەک بۆ دروستکردنی ژیانێک لەو ناوچەیە.
 
رووداو: باش، ئێستا دەمەوێت سەبارەت بە کارەکەتان وەک وەزیری دەوڵەت چەند پرسیارێکتان ئاراستە بکەم، تایبەت لەم سەردەمەدا ئۆفیسەکەت گرنگییەکی هەیە؛ ئەگەر تەماشای کێشە جۆراوجۆرەکان سەبارەت بە پەنابەران بکەین، پلانی سەرەکی ئێوە لە وەزارەتەکەتان چییە؟ دەتانەوێت چ شتێک بگۆڕن؟
 
ریم رادۆڤان: من وەک بەرپرسێکی بواری تێكەڵکردن بە کۆمەڵگە و گونجاندن، کاری سەرەکیم ئەوەیە کە هەوڵبدەم تێكەڵکردن لەگەڵ کۆمەڵگە لە ئەڵمانیا بە سەرکەوتوویی بەڕێوەببردرێت، نەک تەنیا بۆ پەنابەران، بەڵکو بۆ کەسانی دیکەش، وەک ئەوانەی بۆ خوێندن یان کارکردن دێنە ئێرە. حکومەت هەموو ئامادەکارییەک دەکات بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت باشتر لەگەڵ کۆمەڵگەکە تێكەڵ بێت. ئێستاش بەڕاستی، زۆر شت هەن کە دەبێت بکرێن. ئەوە لە کاتێکدایە شەڕی ئۆکراینا بووەتە هۆی کۆچبەربوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، هەروەها شەپۆلی دیکەی پەنابەرانیش هەن.
 
رووداو: خۆت و بنەماڵەکەت خەڵکی عێراقن. ئایا دەتوانین بڵێن ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە بە هەستیارییەوە تەماشای پرسی پەنابەران بکەیت؟ ئەو بنەچەیەی تۆ تاوەکو چەند وادەکات زیاتر لە دۆخی کۆچبەر و پەنابەران تێبگەی؟
 
ریم رادۆڤان: بەڵێ، بێگومان بەسەرهاتی پەنابەرێتییەکەم وایکردووە کە روانگەیەکی تایبەتم هەبێت. من تێدەگەم کاتێک کە مرۆڤ دەگاتە ئێرە هەست بە چی دەکات، لە چ دۆخێکدایە. پێشتریش لەم بوارەدا زۆر کارم کردبوو. ئەم ئەزموونەش لە کاری رۆژانەم دا هاوکارم دەبێت بۆ ئەوەی ببینم ئەو کەسانەی لەوێ دێنە ئێرە لە چ دۆخێکدان، پێداویستییەکانیان بۆ ئاییندەی دوور چی دەبن. من هەمیشە ئەمە دەکەمە بەشێک لە کارەکەم.
 
رووداو: زۆر لە کۆچبەر و پەنابەران لە وڵات و کۆمەڵگەی ئیسلامییەوە دێن؛ چۆن دەتوانن گونجاندنێکی تایبەت لەنێوان ئەو پەنابەرانە و کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا بکەن تاوەکو لێکتێگەیشتن ئاسانتر کرێت؟
 
ریم رادۆڤان: بەرنامەکانمان کە تایبەتن بە تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگە، بۆ نموونە، کۆرسی تێكەڵکردنەوە، بێگومان بۆ هەموو کەسێکن، گرنگ نییە پەنابەران لە کام وڵاتەوە هاتوون. من لە نزیکەوە لەگەڵ کۆمەڵە ئایینییەکانی وەکو کۆمەڵەی مزگەوتەکان و کۆمەڵەی ئێزدییەکاندا کاردەکەم. هەروەها ئەم دواییە، لەگەڵ کۆمەڵگەی ئارامییەکان کۆبوومەوە بۆ ئەوەی ببینم کە ئەوان وەک پێکهاتەیەکی ئایینی، پێداویستییەکانیان چین و لە کوێ ئاستەنگیان دێتە رێگە. بۆ ئەمەش، بەرنامەی تایبەتمان هەیە. 
 
رووداو: دوای شەڕی سووریا زۆر کورد و عەرەب لە سووریاوە هاتن بۆ ئەڵمانیا. بۆ نەتەوەکان پلانی جیاوازتان هەیە؟
 
ریم رادۆڤان: لەلای حکومەتی فیدراڵی [ئەڵمانیا] هیچ تێڕوانینێکی جیاواز نییە بۆ تێکەڵکردن لەسەر بنەمای نەتەوە یان وڵاتی رەسەنی کۆچبەرەکان. بۆ هەموو کەسێک وەکو یەکە. بە بڕوای من، ئەمە رێگە راستەکەیە. خۆی لێرەدا، بەشێوەیەکی گشتی، ئامانجەکە تێكەڵبوونەوەیە بە کۆمەڵگە. ئەڵمانیاش وڵاتێکە کە زۆر کولتوور کاریگەریی خۆیان لەسەری جێهێشتووە.
 
رووداو: باشە بەرێز ئەلعەبالی رادۆڤان، ئەڵمانیا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە ئەو عێراقیانە بگەڕێنێتەوە لە ئەڵمانیا کە مافی مانەوە و پەنابەرییان پێنەدراوە. ئایا رەوایە ئەو عێراقیانە بگەڕێندرێنەوە یان دەتوانرێت ئەو داوایە جێبەجێبکرێت؟ 
 
ریم رادۆڤان: ئامانجمان ئەوەیە پرسی کۆچبەران لە هاوپەیمانیی ترافیکلایت (هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەت) و ئێستاش لەنێو حکومەتی فیدراڵیدا بگرینەدەست و بە شێوەیەکی جیهانی بیربکەینەوە. هەڵبەتە لەم پرسەدا، وڵاتانی دیکەش رێککەوتنیان هەیە. بۆ نموونە، گرنگ دەبێت ئەگەر ئەو کەسانەی مافی پەنابەرێتییان وەرنەگرتووە، ئەوانیش بکەونە نێو چوارچێوەی ئەم رێککەوتنانە. مەبەستم ئەو کەسانەیە کە لێرە مافی پەنابەرێتییان وەرنەگرتووە و پێویستە بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. لە هەمان کاتدا، دەتوانین لە رێگەی ئەو رێککەوتنانەوە رێگە بۆ کارزانەکان بکەینەوە تاوەکو کرێکار و کارمەند بێنن. لەم کاتەدا هیچ رێککەوتنێکی لەو جۆرە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا نییە.
 
رووداو: بەرێزتان ئاماژەتان بە پرسێکی گرنگ دا، ئەویش ئەوەیە کە ئەڵمانیا پێویستی بە دەستی کاری زۆرترە. ئەڵمانیا پێویستی بە کام جۆرە دەستی کارە؟ چونکە کەسانێکی زۆر لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت بۆ کارکردن یان بۆ خوێندن بێنە ئەڵمانیا. باشترین رێگە بۆ وەرگرتنی ڤیزە کامەیە؟ 
 
ریم رادۆڤان: ئێستا ئێمە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر ستراتیژی وەرگرتنی کرێکارە شارەزاکان و درێژەدان بە یاسای کۆچبەری بۆ ئەو کەسانەکار دەکەین. وای دەبینم ستراتیژەکە لە چەند مانگی داهاتوودا پەسند بکرێت. دواتریش ئاگاداریی تایبەت بڵاودەکرێتەوە لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ چۆن بۆ کارکردن، هەروەها بۆ خوێندنی باڵا، بێتە ئەڵمانیا.
 
رووداو: باشە بەڕێزتان لە ماڵپەڕی خۆتان ئاماژەتان بەوەداوە کە دەتانەوێت  کارئاسانی بکەن بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە. ئەوە هێشتا بۆ زۆر کەس زۆر روون نییە. دەتوانن لەوبارەیەوە بەرچاوڕوونیی زۆرترمان بدەنێ؟
 
ریم رادۆڤان: هێشتا ئاسانتر نەبووە. ئێستا کاری لەسەر دەکەین. دەمانەوێت خەڵکی زیاتر وڵاتینامە وەربگرن. ئێمە یاسایەکی نوێمان دەوێت بۆ هاووڵاتیبوون، واتە دەمانەوێت ماوەی مانەوەی پێویست بۆ وەرگرتنی وڵاتینامە کورتتر بکەینەوە کە تاوەکو ئێستا هەشت ساڵ بووە و دەمانەوێت بیکەینە پێنج ساڵ. لە هەمان کاتدا، دەمانەوێت رێگە بۆ هەبوونی دوو وڵاتینامە خۆشبکەین، کە تاوەکو ئێستا ئەمە ژمارەیەکی زۆری وڵاتان نیانە. ئەمانە هەمووی بەشێکن لە چاکسازییەکان. 
 
رووداو: باشە؛ بەهۆی رووداوەکانی ئێرانەوە زۆر کەس لەوێوە دێنە ئەوروپا. دەرفەتی ئەوان بۆ مانەوە لە ئەڵمانیا چەندە؟
 
ریم رادۆڤان: لەم کاتەدا نابینین ژمارەی کۆچبەرانی لە ئێرانەوە هاتوو بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبووبێت، ئاگام لە شتێکی لەو جۆرە نییە. بۆ من گرنگە کە ئێمە وەکو حکومەتی فیدراڵی و ئەندامی ئەنجوومەنە فیدراڵییەکانی ئەڵمانیا، پشتیوانی لەو ژنانە بکەین کە لە ئەڵمانیا خۆپێشاندان دەکەن و پێویستە پێش هەموو شتێک هاوکارییان پێشکێش بکەین بۆ ئەوەی ئەم خۆپێشاندانانە بتوانن کاریگەریی درێژخایەنیان هەبێت. 
 
رووداو: زۆر کەس حەزدەکەن بزانن ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە یاساکانی یەکخستنەوەی خێزان و هێنانەوەی ئەو کەسانەی لێرە مافی مانەوەیان وەرگرتووە هەیە؟ مەرجی نوێ هەن؟
 
ریم رادۆڤان: ئێمە لەسەر گۆڕانکارییەکانی نێو پەیماننامەی هاوپەیمانیی حکومەت رێککەوتووین، کە تایبەتن بە باشترکردنی یەکخستنەوەی خێزان، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە دۆخی پەنابەرێتییان جیاوازە، واتە ئەوانەی کە ماوەیەکی درێژە پەنابەرن. دەمانەوێت وەکو ئەوانەی کە داوکاریی مافی پەنابەرێتییان قبووڵکراوە، مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەین. هەوڵەکانمان لەو بارەیەوە بەردەوامن. بڕوام وایە دەتوانین ئەمساڵ یاساکە پەسند بکەین. بەڵام ناتوانم بە دیاریکراوی بڵێم کەی. 
 
رووداو: وڵاتانی وەک سوێد و فینلاند سیاسەتی تووندیان بۆ کۆچبەران هەیە. بەڵام لە ئەڵمانیا ژمارەی کۆچبەران زیادیکردووە. هۆکاری ئەمە چییە؟ 
 
ریم رادۆڤان: لەسەر سنووری باکوور هیچ مشتومڕێک نییە، واتە لە ئەڵمانیا هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە داوای پەنابەرێتیی بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.