ئیسان گۆڵدریچ: ئێستا دەرفەتێکی گەورە لە سووریا هەیە و بۆ هەمیشە نامێنێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا پێیوایە براوەی ئەو دۆخەی لە سووریا دروست بووە دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، سووریاییەکانن، هۆشداریش دەدات لەوەی "ئەو دەرفەتەی ئێستا هەیە، بۆ تاهەتایە نامێنێت."
 
ئیسان گۆڵدریچ، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئەو قسانەی لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو کرد، کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-12-2024) پەخشکرا.
 
لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئیسان گۆڵدریچ، کە پێشتر لەکاتێکدا لە پۆستەکەی بوو سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە، گوتی هەسەدە رۆڵێکی گرنگیان وەک هاوبەش لە خەباتی دژی داعشدا گێڕا "هاوبەشایەتییەکی بەهێزمان لەگەڵیاندا هەیە." هەروەها دەڵێ "پێویستە پرۆسەی سیاسی هەمووان لەخۆبگرێت لەوانە کورد."
 
رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەماوەی چەند رۆژێکدا بۆ ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا ئەوەندە مایەی سەرسوڕمان نەبووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێ "سەرسوڕهێنەر بوو کە رووسیا و ئێران، خێرا دەستبەرداری ئەسەد بوون."
 
لەبارەی دەستەی تەحریر شام (هەتەشە)، کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک گرووپێکی تیرۆرستی ناسێندراوە، گۆڵدریچ رایگەیاند هەموو جیهان چاودێریی هەڵسوکەوتی هەتەشە دەکات و گرنگە لەم کاتەدا بیسەلمێنێت گرووپێکی جیاوازە و پێناسەی تیرۆری بەسەردا جێبەجێ نابێت.
 
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ ئیسان گۆڵدریچ، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا:
 
رووداو: تەنیا چەند رۆژێک پێش رووداوەکانی سووریا، یان رووخانی رژێمی ئەسەد، تۆ وەزارەتی دەرەوەت جێهێشت و خانەنشین بوویت، بەبۆنەی خانەنشینبوونەکەتەوە پیرۆزباییت لێ دەکەم.
 
ئیسان گۆڵدریچ: زۆر سوپاس.
 
رووداو: ئایا ئاگاداری ئەو رووداوانە بوویت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: وەک ئاماژەت پێکرد، دوا رۆژی من وەک یاریدەدەری وەزیر 13ـی ئەیلوول بوو. خێرابوونی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە لوبنان لە 17ـی ئەیلوول دەستیپێکرد. بۆیە هەرچی دوای 13ـی ئەیلوول روویدا، ناتوانم لەبارەیەوە روانگەی وەزارەتی دەرەوەت پێ بڵێم، بەڵام لەو کاتەی من لەوێ بووم، پێموایە ئاگادار بووین ئەگەر تواناکانی حیزبوڵڵا لاواز بکرێن، کاریگەریی لەسەر سووریا دەبێت. ئەوە ئەو شتە بوو کە من لەوکاتەدا ئاگاداری بووم، کە ئەگەر تواناکانی حیزبوڵڵا لاواز بکرێن، کاریگەریی لەسەر سووریا دەبێت.
 
رووداو: تۆ چاودێریی سووریات دەکرد بەهۆی لاوازبوونی حیزبوڵڵاوە. کەواتە ئەمە بۆ تۆ سەرسوڕهێنەر بوو؟ ئایا سەرسوڕهێنەر بوو کە رووخانی رژێمی ئەسەد تەنیا لە چەند رۆژێکدا روویدا؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: ئەوەی سەرسوڕهێنەر بوو بۆ من، خێرا دەستبەرداربوونی رووسیا و ئێران بوو لە بەشار ئەسەد. ئێمە هەمیشە دەمانزانی ئەوان پشتیوانی رژێمەکەیان دەکرد و بەبێ ئەوان بۆی قورسە کە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام خێرایی و یەکلاکەرەوەیی بڕیارەکانیان بۆ دەستبەرداربوون لە ئەسەد سەرسوڕهێنەر بوو.
 
رووداو: تۆ، ماوەیەکی زۆر کارت لەسەر سووریا کردووە و دۆسیەی سووریا لەسەر مێزەکەت بوو کاتێک لە وەزارەتی دەرەوە دا بوویت. کەواتە لە روانگەی تۆوە، کێ براوەی ئەم دۆخەیە؟ ئێمە گوێمان لە سەرۆکی هەڵبژێردراو، دۆناڵد ترەمپ بوو کە گوتی تورکیا براوەی ئەم دۆخەیە. ئایا تۆ لەگەڵ ئەم بۆچوونەی ئەودایت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: من گەشبینم و پێموایە گەلی سووریا براوەی ئەم دۆخەن، هەروەها ئێستا دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە سووریا رووبدات، وڵاتەکە دووبارە یەکبگرێتەوە و خەڵک ئەو دەرفەتانەیان هەبێت کە بۆ ماوەیەکی زۆر لێیان زەوتکرابوو، بەڵام گرنگە هەموو وڵاتەکان، لەوانە ویلایەتە یەکگرتووەکان، تورکیا، وڵاتانی ئەورووپا، یەکێتیی ئەورووپا، کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی ناوچەکە، هەموویان کار بکەن بۆ یارمەتیدانی گەلی سووریا تاوەکو لەم کاتەدا سەربکەون.
 
رووداو: ئێمە باسی داهاتووی سووریاییەکان دەکەین، بەڵام دەزانین ئێستا گرووپێک کۆنترۆڵی سووریای کردووە کە هێشتا لە لیستی تیرۆری ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدایە. هاوکات، گوێمان لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوە بوو کە چەند رۆژێک لەمەوبەر کاتێک لە ناوچەکە بوو، گوتی ئەمریکا پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ هەتەشە دا هەیە. ئایا ئەمە پەیوەندییەکی نوێیە، یان پێشتر هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەم گرووپانە هەبووە، پێش ئەوەی بچنە دیمەشق؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئەو باسی رووداوە نوێیەکان دەکات. لەو کاتەی من لە پۆستەکەمدا بووم، ئاگاداری ئەوە نەبووم هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەم گرووپەدا هەبووبێت. پێموایە تۆ دەزانیت ئەوان مێژوویەکی ئاڵۆزیان هەیە و ئێستا لە لیستی تیرۆردان. بەڵام پێموایە گرنگترین شت بۆ ئەم گرووپە ئەوەیە بیسەلمێنن کە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاون و، لە رێگەی هەڵسوکەوتیانەوە بیسەلمێنن کە ئامادەن رۆڵێکی بەرپرسیارانە بگێڕن. کەواتە پێموایە هەموو جیهان چاودێریی ئەوە دەکات ئەم گرووپە ئێستا چییە.
 
رووداو: تۆ باست لەوە کرد کە ئەم گرووپە هێشتا لە لیستی تیرۆردایە و ئەمریکا لە لیستەکەی دەرینەهێناون. دەکرێت روونیبکەیتەوە چۆن حکومەتی ئەمریکا قسە و پەیوەندی لەگەڵ گرووپێک دەکات کە هێشتا لە لیستی تیرۆردان و هێشتا خەڵاتێکی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ سەری سەرکردەکەیان هەیە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: دەیڵێمەوە؛ ئێستا من لە حکومەتی ئەمریکادا نیم و قسە بۆ حکومەتی ئەمریکا ناکەم، بەڵام دڵنیام ئەوان لەم کاتەدا هەڵسەنگاندن بۆ هەڵسوکەوتی گرووپەکە و کردارەکانی ئێستای دەکەن. پێموایە زۆر گرنگە بۆ گرووپی دەستەی تەحریری شام کە لەم کاتەدا بیسەلمێنێت گرووپێکی جیاوازە. ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە لە ماوەی کارەکەمدا کاتی وا هەبوو گرووپ و حکومەتی دیکە کە لە لیستی تیرۆدار بوون، هەڵسوکەوتیان گۆڕی و ئەوەش بووە هۆی گۆڕینی پەیوەندییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان.
 
رووداو: لە سووریا؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: نەخێر، لە بەشەکانی دیکەی ناوچەکە. ئەگەر سەیری کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان بکەیت، ئێمە شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین گۆڕی کە وەک گرووپێکی تیرۆریستی لە لیستی تیرۆردا دانرابوو. دواتر لە سەرەتای ساڵانی 2000 شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ حکومەتی لیبیای موعەمەر قەزافی گۆڕی کە وەک حکومەتێک لەسەر لیستی تیرۆر دانرابوو. کەواتە کاتی وا هەیە، ئەگەر گۆڕانکاری لە هەڵسوکەوتی گرووپێک یان حکومەتێک رووبدات، وڵاتەکەمان لەوانەیە هەڵسەنگاندنی نوێ بکات و پێویستی و سوودەکان لە قسەکردن لەگەڵیاندا ببینێت. بەڵام ئەوەی ئێستا لەلایەن خەڵکانی ئێستای حکومەتەکەمانەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە ناتوانم باسی بکەم، بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەندە گرنگە کە رێکخراوەکە بیسەلمێنێت ئیدی پێناسەی لیستی تیرۆری بەسەردا جێبەجێ نابێت.
 
رووداو: لە روانگەی تۆوە، تۆ کارت بۆ حکومەتی ئەمریکا کردووە و ناوچەکەت داپۆشیوە. چۆن داهاتووی سووریا دەبینیت لەگەڵ گرووپێکی وەک هەتەشە، کە هێشتا ئامادە نین قسە لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی سووریا بکەن، لانیکەم ئێستا روو نادات. چۆن داهاتووی سووریا دەبینیت لەگەڵ ئەم دۆخە ئێستای کە لە وڵاتەکەدا هەمانە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئێستا زۆر گرنگە ئامانجەکانی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش 2254 لەبەرچاو بگرین، کە پێویستیی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر دەخاتەڕوو کە سوورییەکان خاوەنینی و سەرکردایەتیی دەکەن کە بەرەو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا رێنوێنی دەکات و، نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی لە ئەنجوومەنی ئاسایش دیاریکراون بۆ ئاسانکاریی سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی دایانناون. کەواتە پێموایە دیسانەوە زۆر گرنگە کە هەتەشە سەیری ناوەڕۆکی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش 2254 بکات و بیسەلمێنێت وەک دەسەڵاتی راگوزەری ئێستا، دەتوانێت وڵاتەکە بەرەو ئامانجەکانی 2254 ببات.
 
رووداو: چی وا لە ئەمریکا دەکات هیوا لەسەر داهاتووی سووریا لەگەڵ ئەم گرووپە دا هەڵبچنێت؟ ئایا هیچ رووناکییەک لەو سەری توونێلەکەوە هەیە؟ پێتوایە سووریا دەبێتە سووریایەکی باشتر بە بوونی ئەم گرووپانە لە دیمەشق؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئێستا دەرفەتێکی گەورە هەیە بۆ گۆڕانکاری لە سووریا، بەڵام زۆر گرنگە پرۆسەیەک دروست بکرێت کە گشتگیر بێت بۆ هەموو گرووپە جیاوازەکان، گرووپە نەژادییەکان، کەمینە ئایینییەکان، رەوتە سیاسییەکان، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک لە سووریا بەشداریی پرۆسەیەکی گشتگیر بکات و سوورییەکان خۆیان سەرکردایەتیی پرۆسەکە بکەن و خاوەنی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی بن.
 
رووداو: حکومەتێکی گشتگیر کە هەموو گرووپە نەژادی و ئایینییەکان و هەموو کەسێک لە وڵاتەکە لەخۆ بگرێت. لە باکوور گرووپی جیاوازمان هەیە. کوردمان هەیە، هێزەکانی سووریای دیموکراتمان هەیە، لەگەڵ دۆخی ئێستای سووریا و بوونی حکومەتێکی جیاواز لە دیمەشق، چۆن داهاتووی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەبینیت کە لەلایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێن و پشتیوانی ئەمریکایان هەیە، چۆن ئەوان لە داهاتووی سووریادا دەبینیت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: دەیڵێمەوە، پێموایە زۆر گرنگە پرۆسەی سیاسی هەموو گرووپە نەژادی و کەمینە ئایینی و کۆمەڵگەکانی سووریا لەخۆبگرێت، لەوانە کورد و هەموو ئەو خەڵکەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا دەژین کە دەبێت بەشێک بن لەم پرۆسەیە. هەروەها پێشموایە هێزەکانی سووریای دیموکرات رۆڵێکی گرنگیان وەک هاوبەش لە خەباتی دژی داعشدا گێڕا و دەبێت سەیری ئەوە بکەین چۆن ئەو هەوڵە دەتوانێت بەردەوام بێت و چۆن ئەو ئەرکە تەواو دەکرێت. کەواتە پرۆسەی سیاسی پێویستە هەموو کەس لەخۆبگرێت، لەوانە کورد. هەروەها دەبێت پرۆسەی سیاسی بەرەو رێکخستنی داهاتوو بچێت کە هەمووان بەشێک بن لە داهاتوویەکی سیاسی کە سوورییەکان خاوەن و دروستکەری بن.
 
رووداو: تۆ دەزانیت، پرسی کورد لە سووریا شتێکی نوێ نییە. تۆ کارت لەسەر کردووە، سەردانی رۆژئاڤات کردووە، سەردانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریات کردووە. من ئەو شانسەم هەبوو چاوپێکەوتنت لەگەڵ دا بکەم کاتێک لە وەزارەتی دەرەوە بوویت. ئەو پرسیارەم لێکردیت و حەز دەکەم دووبارەی بکەمەوە؛ ئایا ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی بۆ کورد لە سووریا هەیە، یان تەنیا یەک سیاسەتی بۆ سووریا هەیە و کورد وەک بەشێک لە هەموو ناوچەی سووریا دەبینێت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: راستە. دەیڵێمەوە، من ئێستا لە حکومەتەکەماندا نیم و ناتوانم باس لەوە بکەم چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستا دەکەن، بەڵام بێگومان پێموایە سیاسەتی ئێمە پشتیوانیکردنە لە ئامانجەکانی بڕیاری 2254 کە لەخۆگرتنی هەموو کۆمەڵگە و گرووپە جیاوازەکانە لە داهاتووی سووریادا، لەوانە کورد. کەواتە پێموایە بڕیاری 2254 روانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەردەبڕێت لەسەر چۆنیەتیی لەخۆگرتنی هەموو لایەک.
 
رووداو: من، بە تەواوی تێدەگەم تۆ ئێستا لە وەزارەتی دەرەوە دا نیت. بەڵام پێتوایە ئەمریکا هیچ سیاسەتێکی تایبەتی بۆ کورد لە سووریا هەیە؟ سیاسەتێکی تایبەت، سیاسەتی کورد لە سووریا، نەک سیاسەتی سووریا؟ هیچ سیاسەتێکی لەو جۆرە هەیە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: من ئێستا هاوڵاتییەکی ئاساییم، بەڵام دەیڵێمەوە کە تێگەیشتنی من بۆ سیاسەتی ئەمریکا لەسەر بنەمای بڕیاری 2254ـە و هەموو شتێک کە بەرەوپێش دەچێت، دەبێت لەو پرۆسەیەدا کە سووریاییەکان خاوەن و سەرکردە بن دیاری بکرێت چ پێکهاتەیەک هەبێت، ئەوەیش بۆ پاراستنی هەموو کۆمەڵگەکان، هەموو گرووپە نەژادییەکان و کەمینە ئایینییەکان لەناو سووریا، دەبێت هەموویان پارێزراو بن و بەشێک بن لە پێکهاتەی سووریا.
 
رووداو: لە باکووری سووریا هێشتا کێشەی زۆر لەنێوان کورد و تورکیا هەیە و، گوێمان لە سەرۆکی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپ بوو کە گوتی تورکیا براوەیە و سووریای بەدەستهێنا. هەروەها گوتی ئەمریکا بەرژەوەندیی لەوێ دا نییە. ئەمریکا نابێت زۆر دەستوەردان لە سووریا بکات. ئایا تۆ هاوڕای سەرۆکی هەڵبژێردراو ترەمپیت، کە ئەمریکا بەرژەوەندیی زۆری لە سووریادا نییە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئەمریکا بەرژەوەندیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی ئارام، سەقامگیر و ئاشتیانەدایە و، پێشهاتە نوێیەکانی سووریا یارمەتیی ناوچەکە دەدەن. ئەگەر پێشهاتە نوێیەکانی سووریا ناوچەکە بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی ئارام، سەقامگیر و ئاشتییانە ببەن بەبێ کاریگەریی خراپی ئێران، ئەوە لە بەرژەوەندیی ئەمریکایە.
 
رووداو: ئەمە بۆ هەموو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. بەرژەوەندیی ئەمریکا لە سووریا چییە؟
 
 ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە سووریا بەشێکە لە ناوچەکە و، ئەگەر پێشهاتە نوێیەکانی سووریا یارمەتیی ئەوە بدەن کە ناوچەکە بەرەو ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بڕوات و لەژێر کاریگەریی خراپی ئێراندا نەبێت، ئەوانە پێشهاتی ئەرێنی دەبن بۆ ئەمریکا.
 
رووداو: ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سووریا هەیە. ئەوان لەوێن بۆ شەڕی دژی داعش. پێتوایە ئیدارەی داهاتوو سەیری بوونی هێزەکانیان لە سووریا دەکات، یان لە داهاتوویەکی نزیکدا هێزەکانیان لە سووریا دەکشێننەوە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە گرنگی بوونی سەربازەکان لە سووریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە، ئەوە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی داعشە کە داهاتووی سەربازەکان لە سووریا دیاری دەکات. هاوبەشایەتییەکی بەهێزمان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە و بەردەوام لەبارەی هەڕەشەکانی داعشەوە نیگەرانین و هەر کێ لە ئیدارەکەدا بێت، دەبێت لە رێگەی چۆنیەتیی جێبەجێکردن و کاتی تەواوکردنی ئەم ئەرکەوە، سەیری بکات.
 
رووداو: داعش شکستی نەخواردووە. پێتوایە داعش یەکجارەکی شکست دەخوات؟ نەوەک لە رووی ئایدۆلۆژییەوە، بەڵام دەزانیت، چەندین چەکداری داعشمان هەیە. بەندکراوی داعشمان لەنێو زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا هەیە. پێتوایە ئەمە پێویستی بە مانەوەی ئەمریکا هەیە بۆ ماوەیەکی درێژتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا؟ بۆ نموونە، دوای ئەیلوولی 2026؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: بەڵێ. وەک تۆ ئاماژەت پێکرد، پێموایە ئەرکی بەردەوام هەیە بۆ پاراستنی زیندانەکان، کەمپەکانی ئاوارەکان و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەو ئەرک و هەڕەشانە پێویستە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت. پێموایە ئێمە سوپاسگوزاری ئەو رۆڵەین کە هێزەکانی سووریای دیموکرات لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانەدا وەک هاوبەشمان گێڕاویانە و، ئەمە دەبێت لەلایەن هەر ئیدارەیەکەوە لەبەرچاو بگیرێت.
 
رووداو: باشترین چارەسەر بۆ چەکدارانی داعش کە لە زیندانەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتن لە رۆژئاڤا، باکووری سووریا چییە؟ پێتوایە لەگەڵ گۆڕانکاری لە دیمەشق، ئەم کێشەیە چارەسەر دەبێت یان چارەسەرێکی نێودەوڵەتی بۆ بەندکراوانی داعش لە سووریا دەبێت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: ئەمە کێشەیەکە کە پێموایە پێویستە لە داهاتوودا چارەسەر بکرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چەندین ساڵە خەریکە هەوڵی چارەسەرکردنی دەدات، بەڵام کێشەیەکی سەرەکییە. خەڵکێکی زۆر هێشتا لە کەمپەکانی ئاوارەکاندان و خەڵکێکی زۆریش هێشتا لە زینداندان، جا بێگومان پێویستە لە داهاتوودا چارەسەرێک هەبێت.
 
رووداو: پرسیارێک دەکەم لەسەر بڕیاری 2254، ئێستا لە کوێوە دەستپێبکەین لەگەڵ ئەم بڕیارە؟ گوێمان لە هەندێک کەس لە ناوچەکە بووە کە دەڵێن پێویستە هەموار بکرێت، بۆچوونی تۆ لەمبارەوە چییە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: ئێستا ئەمە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشە و بەردەستە.
 
رووداو: چونکە ئەم بڕیارەمان هەبوو کاتێک ئەسەد لە دیمەشق بوو، ئێستا ئەسەدمان نییە. گرووپی جیاوازمان لە ناوچەکە هەیە. پێتوایە ئەم بڕیارە هێشتا چارەسەرێکی باشە بۆ سووریا، یان پێویستە هەندێک هەموارکردن لەو بڕیارەدا هەبێت؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئامانجی روون لەوێدا هەیە کە هێشتا پەیوەندیدارن. ئەوانەی هێشتا لە حکومەتدان ئێستا دەتوانن سەیر بکەن و ببینن پێویستە چی بکرێت و بزانن لەبارەی دۆخی ئێستای سووریاوە چ شتێک پێویستی بە نوێکردنەوەیە. هەموو ئەو پرسیارانە رووبەڕووی کەسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەبنەوە، بەڵام ئێستا بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش هەیە کە ئامانجە بنەڕەتییەکانی تێدایە کە هێشتا بۆ سووریا گونجاوە. پێموایە هەر شتێکی زیاتر لەوە دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی ئێستا لە حکومەتدان بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا هیچ نوێکردنەوەیەکی زیاتر پێویستە ئەگەر پێویست بێت.
 
رووداو: تۆ لە پۆست دا نیت، بەڵام ئەم پرسیارە دەکەم، لە روانگەی تۆوە، وەک هاوڵاتییەکی ئاسایی و دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکی، چۆن ئەمریکا دەیەوێت کورد بەشداری لەم حکومەتەی داهاتووی سووریادا بکات؟ ئایا پشتیوانی لە حکومەتێکی فیدراڵی دەکەن وەک ئەوەی لە عێراق هەمانە، یان رێککەوتنێکی تائیفی وەک ئەوەی لە لوبنان هەمانە؟ چۆن دەتانەوێت کورد بچێتە دیمەشق؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: من بۆ دیاریکردنی داهاتووی سووریا بە تەواوی باوەڕم بە چەمکی پرۆسەی سیاسیی "سوورییەکان خاوەن و سەرکردە بن" هەیە. کەواتە پێموایە ئەو پرسیارانەی تۆ دەیانکەیت هەر ئەو پرسیارانەن کە کاتێک ئەم پرۆسەیە دروست دەکرێت، دەبێت سوورییەکان چارەسەری بکەن. دەبێت سوورییەکان دیاریبکەن پێکهاتەی حوکمڕانیی داهاتووی وڵاتەکەیان چۆن دەبێت.
 
رووداو: پێتوایە سووریاییەکان دەتوانن ئەمە بکەن؟ هیچ هەستێکت هەیە کە وڵاتانی دیکە دەستوەردان لە کاروباریاندا دەکەن و رێگەیان پێ نادەن ئەوە بکەن کە دەیانەوێت، یان بە تەواوی ئازادن و بڕیاری خۆیان لەسەر داهاتوویان دەدەن و هەموو کەسێک دەڵێت باشە، ئێوە ئەو بڕیارەتان دا و ئێمە رێزی لێ دەگرین؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش 2254 میکانیزمی نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدایە وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو پرۆسەیەی پێویستە رووبدات. کەواتە ئەو میکانیزمە بۆ سوورییەکان بەردەست دەبێت کاتێک بە پرۆسەی "سوورییەکان خاوەن و سەرکردە بن"دا تێدەپەڕن. هەروەها پێموایە بێگومان زۆر کەسی دیکە لە جیهاندا هەن کە دەیانەوێت سووریا سەرکەوتوو بێت. هەروەها شارەزاکان ئامادەی یارمەتیدانن ئەگەر خەڵک پێویستیان بێت. بەڵام پێموایە زۆر سووریایی هەن کە ماوەیەکی زۆرە، لەوانەیە 13 ساڵ، یان زیاتر لە 13 ساڵ بێت، بیریان لەم ساتە کردووەتەوە کە چۆن شتەکان سەربگرن کاتێک پرۆسەکە بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کەواتە متمانەی گەورەم بە گەلی سووریا و تواناکانیان هەیە تا سەیری ئاڵنگارییەکان بکەن و دان بە ئاڵنگاریی دیاریکردنی داهاتووی وڵاتەکەیاندا بنێن.
 
رووداو: دوا پرسیارم، ئایا رووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبنەوە؟ گەورەترین ئاستەنگ چییە کە ئێستا رووبەڕوویان دەبێتەوە؟
 
ئیسان گۆڵدریچ: پێموایە ئێستا دەرفەتێکی گەورە هەیە. پێموایە ئاڵنگارییەکە ئەوەیە سوود لە دەرفەتەکە وەربگیردرێت بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو وڵاتەکەیان و بەرەوپێش بچن. ئەو دەرفەتەی ئێستا هەیە بۆ هەتاهەتایە نامێنێت. دەبێت سوود لەو کاتە وەربگرن کە ئێستا هەیانە و لە رێگەی پرۆسەیەکەوە کار بکەن کە ئەو داهاتووەیان پێ دەبەخشێت کە دەیانەوێت.
 
رووداو: زۆر سوپاس ئیسان کە لەگەڵمان بوویت و چاوەڕێین دووبارە و دووبارە لە رووداو ببینینەوە.
 
ئیسان گۆڵدریچ: زۆر سوپاس. زۆر خۆشحاڵ بووم ئەمڕۆ قسەم لەگەڵتان کرد.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە