کوردڤین ئەیوب: فیلمی داهاتووم لەبارەی کورد و عەرەبە لە عێراق


رووداو دیجیتاڵ

کوردڤین ئەیوب، کچە دەرهێنەرێکی کوردە و خەڵکی دهۆکە و لە نەمسا دەژی، لە چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە جەدەی سعودیە بەشداربوو و فیلمەکەی "مانگ" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فێستیڤاڵەکەدا بۆ فیلمە درژەکان کێبڕکێی دەکرد. چیرۆکی فیلمەکەی لە ئوردنە و باسی یاخیبوونی کچان لە ماڵباتەکانیان دەکات. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی فێستیڤاڵەکەی کرد و لە چوارچێوەی رووماڵەکەدا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەو دەرهێنەرە کوردەدا کرد.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: کوردڤین، زۆر دڵخۆشم بە بینینت لێرە. تۆ خانمێکی کوردیت و لێرەیت لە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور. زۆر خۆشحاڵم بە بینینت. دەکرێت باسی کارەکانت بکەیت، بەتایبەتی ئەم فیلمە خەیاڵییەی کە لە کێبڕکێی فێستیڤاڵی دەریای سووردایە؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، ناوی "مانگ"ـە و باسی یاریزانێکی نەمساوی (MMA) دەکات کە دەبێتە راهێنەری تایبەتی خێزانێکی دەوڵەمەندی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو دەچێت بۆ لای ئەو خێزانە لە ئوردن و کچەکان رادەهێنێت، بەڵام ئەوان زۆر خۆیانی لێنادەن. دوای ماوەیەک، تێدەگات کە کچەکان نایانەوێت لەگەڵ خێزانەکەیان بمێننەوە و دەیانەوێت هەڵبێن، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا یارمەتییان دەدات یان نا؟ وەکو کەسێکی ئەوروپی کە لەوانەیە تۆزێک سارد بێت یان زۆر ترسنۆک بێت بۆ هاتن و یارمەتیدانیان.
 
رووداو: سەرچاوەی ئیلهامی ئەم چیرۆکە چی بوو؟
 
کوردڤین ئەیوب: پێموایە ئیلهام وەکو زۆر خێزان و چیرۆکی لەم جۆرە هەن، وەکو ئە کچانەی دەیانەوێت لە خێزانەکانیان و لە ماڵەوە دەربچن و یاخی ببن و ئازادییان دەوێت.
 
رووداو: باسی ئەو کاتە بکە کە پێویست بوو بۆ بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە و ستافەکە، ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوە بوون، بەرهەمهێنەرەکان و تەنانەت زمانەکەش. پێموایە فیلمەکە بە ئەڵمانی، عەرەبی و ئینگلیزییە، وایە؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ. چەند ساڵێکم پێویست بوو بۆ نووسینی سیناریۆکە چونکە پرۆسەیەکی درێژە بۆ نووسینی سیناریۆیەکی باش و پەیداکردنی پارە. هاوکاری داراییم لە نەمسا و ئەڵمانیا و کەناڵی ئارتێ وەرگرت، پاشان ئەکتەر و ناوێکی هونەری گەورەم بۆ کارەکتەری سەرەکی هەبوو، هەروەها چەند ناوێکی گەورەی ئوردنیش، وەک ئەندرێا تایل. پێموایە ئەو ئەستێرەیەکی نێتفلیکسە لێرە. ئەویش یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکان بوو. بەڵێ، پرۆسەیەکی درێژ بوو، بەڵام بە باشی بەڕێوەچوو.
 
رووداو: وەک فیلمسازێکی کورد کە لە نەمسا دەژیت، چۆن بڕیارت دا چیرۆکێک لە ئوردن بەرهەمبهێنیت؟ بۆچی ئوردن؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڕاستی، ئوردن شوێنێکی زۆر باشە بۆ فیلمسازی و لە کولتووری عێراقی دەچێت، تۆزێکیش لە کولتووری کوردی دەچێت، چونکە لە وڵاتانی کەنداو کراوەترە. پێموایە، و بردنی ستافێکی گەورە بۆ عێراق بۆ وێنەگرتن ئێستا کەمێک قورسە بەهۆی بیمە و پارە و شتی دیکەش. کەواتە ئوردن زیاتر وەکو وڵاتێکە بۆ پرۆژەکانی هۆڵیوود، بۆیە چووینە ئەوێ.
 
رووداو: پەیامی سەرەکی ئەم فیلمە چییە؟
 
کوردڤین ئەیوب: پەیامی سەرەکیی ئەم فیلمە، بەهێزکردنی ژنانە، لە هەر شوێنێک بن. ئەگەر لە نەمسا یان لە ئوردن یان لە قەتەر بژین، لە هەر کوێیەک بن، دەبێت خۆیان ئازاد بکەن و دەبێت خۆیان ئەمە بکەن. هەروەها دەستەخوشکی، ئایا ژنان یارمەتی یەکدی دەدەن و پشتیوانی یەکدین؟ هەروەها گێڕانەوانەی هەمانە، ئەو بیرکردنەوەیەی کە خەڵکی ئەوروپا یارمەتیمان دەدەن، بەڵام هەندێک جار ئەوە سەختە.
 
رووداو: کەواتە چۆن "مانگ" گەیشتە فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە جەددە؟
 
کوردڤین ئەیوب: یەکەم نمایشمان لە لۆکارنۆ لە سویسرا بوو، کە یەکێکە لە فێستیڤاڵە سەرەکییەکانی ئەوروپا. لەوێ خەڵاتێکمان بردەوە، بۆیە پێموایە ئەوان ئاگاداری فیلمەکە بوون، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە فیلمی پێشووم، "سۆن"، واتە خۆر، یەکەم نمایشی لە دەریای سوور بوو.
 
رووداو: لە دەریای سوور، کەواتە یەکەم جار نییە؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، بەڵام یەکەم جارمە هاتوومەتە ئێرە، بەڵام دووەم جارە بۆ فیلمێک لێرەم.
 
رووداو: چۆن سەیری ئەمە دەکەیت؟ ئایا کولتووری وڵاتەکە و ئەو هەوڵانەت بینی کە چۆن ئێستا سعودییەکان پشتگیری سینەما دەکەن؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، هەوڵێکی گەورە هەیە. نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا هاتینە ئێرە، هەرگیز ئەوەندە ئەستێرەیەی فیلمم نەبینیوە. سەیر بوو.
 
رووداو: سەیر بوو.
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، فەرشی سووری گەورە و بزنس کلاس و هەموو شتێک. زۆر گەورەیە.
 
رووداو: چاوەڕێی شتی وات نەدەکرد؟
 
کوردڤین ئەیوب: چاوەڕێم دەکرد، بەڵام چاوەڕێم نەدەکرد ئەوەندە گەورە بێت. هیوادارم هانی زۆر فیلمسازی ژن بدەن کە لێرەش لایەنگریان هەبێت و لێرە فیلم دروستبکەن، ئەوە باش دەبێت. هیوادارم هەموو ئەوشتانەی لێرە دەیکەن یارمەتی ئەوە بدات.
 
رووداو: با باسی گەشتەکەت بۆ دنیای سینەما بکەین. کاتێک دەستتپێکرد چۆن بوو؟
 
کوردڤین ئەیوب: کەی دەستمپێکرد؟ چیرۆکێکی نموونەیی پەنابەریم هەبوو لەگەڵ دایک و باوکم. لە ساڵی 1991 هاتینە نەمسا، ئەوان زۆر کاریان دەکرد. دەبوو دووبارە بخوێنن، شەوان کاربکەن. من چوومە قوتابخانە و باخچەی ساوایان و هەموو شتێک. زۆر قورس بوو بۆ من. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی من زۆرباش لە کوردی تێدەگەم، بەڵام ناتوانم زۆر باش قسەی پێبکەم چونکە شێوەزارەکەم زۆر سەیرە. چونکە دایک و باوکم دەبوو کاربکەن. ئاسان نییە چونکە خەڵک وا بیردەکەنەوە کاتێک وڵاتەکانیان جێدەهێڵن و دەچن بۆ ئەوروپا، ئاسانە، بەڵام وانییە. وەکو خەباتێکی گەورە وایە. بۆیە ئەم فیلمەش بۆ من زۆر گرنگە بۆ پێشاندانی ئەوەی کە کاتێک دەتەوێت پەنا ببەیتە بەر کولتوورێکی دیکەی وەکو ئەوروپا، سەختە. ئەوان بە ئاسانی یارمەتیت نادەن. کاتێک من لە نەمسا گەورە بووم، لەبەردەم تەلەفزیۆن، تەلەفزیۆنی ئەڵمانی گەورە بووم. هەمیشە دەمویست فیلم و فیلمی وا دروستبکەم وەکو فیلمەکانی هۆڵیوود، دوای ماوەیەک خەونەکە گەورەتر بوو و بەڕاستی دەمویست فیلم دروست بکەم. 
 
رووداو: کێ نموونەی باڵای تۆیە؟
 
کوردڤین ئەیوب: کاتێک دەستمپێکرد، نایت شیالامان بوو. پێموایە شیالامان یان شیامالان. هەمیشە ئەو فیلمی گەورەی هۆڵیوود دروستدەکات، فیلمی زۆر سەیری هۆڵیوودی دروست کردووە، بۆیە ئەوەم پێخۆش بوو چونکە پێموایە منیش بەجۆرێک سەیرم، بۆیە منیش دەمویست فیلمی وەکو ئەو دروستبکەم، دوای ماوەیەک بینیم فیلمی دیکە هەن جگە لە فیلمەکانی هۆڵیوود. فیلمی هونەری و ناوی گەورەی دیکە یان چیرۆکبێژی ئافرەتی باش وەکو کاترین بیگەلۆ هەن. ئەو یەکێکە لە نموونە باڵاکانم. یان ڤێرۆنیکا فرانز، فیلمسازێکی نەمسایی. 
 
رووداو: دەزانیت ئێمە وەکو کورد، چیرۆکی زۆرمان هەیە و توانامان هەیە لە سینەمادا کاربکەین. پێتوایە پرۆژەی زیاتر یاخود فیلمی دیکە دەربارەی چیرۆکە کوردییەکان بەرهەمدەهێنیت؟
 
کوردڤین ئەیوب: فیلمی پێشووم، "سۆن"، لەبارەی خێزانێکی کورد بوو کە لە نەمسا دەژیان و هەموو ئەو کێشانەی کە هەیانبوو.
 
رووداو: هیچ پلانێک هەیە بۆ زیاتر؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ. فیلمی درێژی داهاتووم لەبارەی عێراقە، کورد و عەرەب و هەموو ئەو شتانەی لە 2014 روویاندا.
 
رووداو: کەواتە چۆن فیلمسازان، فیلمسازە گەنجەکان، دەتوانن پشتگیری دارایی بۆ فیلمەکانیان لە وڵاتێکی وەکو نەمسا مسۆگەر بکەن؟
 
کوردڤین ئەیوب: بەڵێ، بەڕاستی هەموو ئەو فیلمسازانەی فیلم لەبارەی وڵاتە پێشووەکانیان دروستدەکەن ئەمڕۆ یان ئێستا جیاوازە، چونکە سعودیە پارەدارکردن و هەموو شتێکی هەیە، بەڵام... بەگشتی رێگەکە وەکو وەرگرتنی پارەیە لە ئەوروپا. کەواتە دەبێت داوای هاوکاریی لە ئەوروپا بکەن بۆ دروستکردنی فیلم لەبارەی وڵاتە رەسەنەکانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوەش سەختە چونکە دەکرێ دۆخی هاوکارییە داراییەکە پێتبڵێت چۆن چیرۆکەکەت بگێڕیتەوە، بەڵام ئەوان خەڵکی عێراق یان کورد نین یان خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نین یان وەکو تۆ گەورە نەبوون، تەنانەت ئەگەر لە نەمسا لەگەڵ خێزانێکی کورد گەورە بووبیت، دەزانیت، بۆیە زۆر قورسە مامەڵە لەگەڵ ئەمە بکەیت.
 
رووداو: زۆر سوپاس. هیچ شتێک هەیە کە بتەوێت بیڵێیت؟
 
کوردڤین ئەیوب: ئەم فیلمەم بۆ هەموو ئەو ژنانە دروستکرد کە لە خێزانەکانیان ئازاریان چەشتووە.
 
رووداو: زۆر سوپاس. شانازیت پێوە دەکەین و هیوادارین لە پرۆژەکانی دیکەدا بتبینین.
 
کوردڤین ئەیوب: سوپاس.