کۆنسووڵی کۆریای باشوور: چاوی کورد زیندوون و بە دوای شتێکدا دەگەڕێن
رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان دەڵێ کورد "چاوەکانیان زیندوون" و " بە دوای شتێکدا دەگەڕێن".
سینگ چۆل لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەولێر لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند کە پڕۆژەیەکی هەیە لەبواری ئابووری دا بۆ هەرێمی کوردستان "(دوو کەیز ئیکۆ) ناونیشانی پرۆژەکەمە. لە زمانی کوردی و لە زمانی کۆری دا بە ژمارە (2) هەر دەگوترێت دوو. (کەی)یش بە مانای کۆریا و کوردستان دێت. (ئیکۆ)یش بە مانای ئابووری دێت. من پێم خۆشە سەرنجم لەسەر ئابووری بێت، بۆیە ناوم ناوە (دوو کەیز ئیکۆ). ( ئیکۆ) هەروەها بە مانای دەنگدانەوەش دێت. لەوێدا مەبەست ئەوەبووە با دەنگدانەوەی یەکتربین، با وەک یەک بین".
کۆنسووڵی کۆریای باشوور دەیەوێت بەشێک لە ئەزموونی ئابووری و بەڕێوەبردنی کۆریا بگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان " من دەمەوێت خەڵكی کوردستان پەیمانگەی خۆیانیان بۆ گەشەپێدانی کوردستان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەیش پێم خۆش بوو ئەزموونی کۆریا بخەمەڕوو".
هەڤپەیڤین: محەممەد شێخ فاتیح
رووداو: بە خێربێیت بۆ رووداو.
سینگ چۆل لیم: سوپاس. شانازی دەکەم کە لێرەم لەگەڵ ئێوەم و لە رووداوم. ئەم تۆڕە میدیاییە زۆر بەنێوبانگ و متمانەپێکراوە. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتانم.
رووداو: ئایا هیچ زمانی کوردی فێربووی؟ پێم خۆشە بە کوردی سڵاوێک بکەیت؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، فێربووم. دەتوانم بڵێم نیوەڕۆتان باش.
رووداو: نیوەڕۆ باش!
سینگ چۆل لیم: هەندێک جاریش هەر دەڵێم "سڵاو".
رووداو: ئەها.
سینگ چۆل لیم: ئەگەر کەسێک دەنگوباسم بپرسێت، دەتوانم لە وەڵامدا بڵێم: "هەموو شتێک باشە".
رووداو: ئەگەر رووخسەت هەبێت، دەمەوێت بپرسم: "سینگ چۆل لیم" مانای چییە؟
سینگ چۆل لیم: پرسیارێکی جوانە. ماناکەی بەم جۆرەیە: (سینگ) واتە (پەیوەندی دروست بکە). (چۆل) واتە (پاکوخاوێنی، زۆر پاک) و، (لیم)ـیش واتە (دارستان). کەواتە مانای ناوەکەم بەم جۆرەی لێدێت "پەیوەستبوون بە پاکوخاوێنیی دارستانەوە".
رووداو: زۆر حەزم لەو ناوانەی وڵاتی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیایە. ناوی پڕ مانان و زۆر لە سرووشتەوە وەرگیراون. بۆیە حەزم کرد بزانم ناوەکەت چ مانایەکی هەیە. ناوەکەت زۆر خۆشە.
سینگ چۆل لیم: سوپاس.
رووداو: بەڕێز لیم، چەند رۆژێک لەمەوبەر پیرۆزباییت لە رووداو کرد بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ستیڤییەوە. دەمەوێت بزانم بە لای تۆوە ئەو خەڵاتانە چ بایەخێکیان هەیە؟ رۆڵی رووداو وەک دامەزراوەیەکی میدیایی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
سینگ چۆل لیم: پیرۆزبایی ئەو خەڵاتەتان لێدەکەم. هەستێکی زۆر باشم بەرامبەر بە تەلەڤزیۆنەکەتان هەیە. ئەوەیشم لە زۆر خەڵکی کوردستان بیستووە. بەڵگەفیلمەکەتان زۆر باشە. کاتێک سەردانی هەندێک کۆمپانیام کرد، گوتیان لەبەر ئەو بەڵگەفیلمە باشەی رووداو، ئێمە دەتوانین ئەم کارە بە باشی بکەین. جگە لەو نموونەیە، کار و چالاکییەکانی دیکەیشتان شایانی ئەوەن ئەم جۆرە خەڵاتانەی وەک ستیڤی وەربگرن. من پیرۆزباییتان لێدەکەم.
رووداو: هەست دەکەم بڕوایەکت بۆ دروستبووە کە پێتوایە کورد زیرەکن و کەسانی لێهاتوویان تێدایە. دوای ئەوەی رووداو ئەو خەڵاتەی وەرگرت، ئایا ئەوەندەی دیکە بڕوات بەوە پەیداکرد کە بە راستی کورد زیرەکن؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، زیرەکن. دەتوانم بڵێم کە ئێوە زۆر زیرەکن. لە چاوەکانتانەوە هەست بە زیرەکیتان دەکەم. من هەر کاتێک کەسێکی کورد دەبینم سەرم سووڕ دەمێنێت کە چاویان لە چاویان جیایە لە چاوی خەڵکی دیکەی جیهان.
رووداو: چۆن؟
سینگ چۆل لیم: چاوەکانیان زیندوون. هەر کاتێک چاوی خەڵکی کورد دەبینم، دەیانەوێت شتێک بڵێن. دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، چاوی خەواڵوو نین. هەمیشە زیندوون. بە دوای شتێکدا دەگەڕێن. هەر بۆیە لە ئینتەرنێت دا گەڕام بزانم بەڵگەی زیرەکیی خەڵكی کورد چییە. زۆر بەڵگەم دۆزینەوە. ئێوە لە زانست و تەکنەلۆجیا و بواری پزیشکیدا زۆر باشن. هەروەها پاڵەوانی شەتڕەنجتان هەیە کە تەمەنی 13 ساڵە. کچێک کە خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوە. کۆمپانیای زۆر باشتان هەیە. هەروەها پزیشک و بیرکاریزانی باش و پسپۆڕی ئاسمانیتان هەیە کە لە ناسا کار دەکەن. بازرگانی لێهاتووتان هەیە کە ئێستا خاوەنی کۆمپانیای زۆر گەورەیە. کەواتە بەڵگەی زۆر بۆ زیرەکیتان هەن.
رووداو: ئێستا من بە چاومدا دیارە کە لە کەسێکی زیرەک دەچم؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، هەر زۆر زیرەکیت. بە راستی چاوەکانت زیندوون.
رووداو: ئێمە پێشتر باسی چاومان لە بابەتی شیعر و خۆشەویستیدا بیستووە و باسمان کردووە، بەڵام ئێستا باسی خوێندنەوەی زیرەکی لە چاوەکانەوە شتێکی نوێ بوو کە پێم خۆش بوو باست کرد.
سینگ چۆل لیم: ئەمە یەکەم جارمە باسی چاو لە ئەدەبەکەتاندا دەبیستم کە پێتان خۆشە وەسفی چاو بکەن. ئەوە شتێکی خۆشبوو بۆ من. هەوڵدەدەم ئەو جۆرە شیعر و رۆمانانە بخوێنمەوە کە وەسفی چاویان تێدایە.
رووداو: جگە لە پێوەری چاو، ئایا هیچ پێوەرێکی دیکە هەیە ئەو باوەڕەت بۆ دروست بکات کە کورد گەلێکی زیرەکن؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ. پرسیارێکی زۆر باشە. ئەمەیان ئەزموونی خۆمە، لە زمان دا دۆزیومەتەوە. چەند هەفتە لەمەو پێش لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین دەستمان بە خولێکی زمانی کۆری کرد و من لە سەرەتاوە بەشداریم لەو خولەدا کردووە تائێستا. دەبینم کە زۆر خوێندکار بە خێرایی فێری زمانی کۆری بوون. زۆر بە ئاسانی دەنگەکان گۆ دەکەن. چاوم بە هەندێک کەسی کورد کەوتووە کە دەیانەوێت فێری کۆری ببن و، منیش هەندێکم فێرکردوون. زۆر بە خێرایی فێربوون. جا ئەم جۆرە زیرەکییە پەیوەندی بە هەمەچەشنییەوە هەیە، چونکە فەرهەنگەکەتان هەمەچەشنە. ئێوە زۆر بە ئاسانی لەگەڵ هەموو زمانەکاندا رادێن. ئێوە زۆر بە خێرایی فەرهەنگەکانی دیکە هەڵدەمژن. ئەمەش بەڵگەیەکی دیکەی زیرەکیتانە.
رووداو: بەڕێز لیم، ئەوە نزیکەی ساڵێک دەبێت کە وەک کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور هاتوونەتە هەرێمی کوردستان - دیسانەوە بەخێربێن بۆ کوردستان - ئەو ماوەیەی کە رابرد چۆن بوو؟ خۆشە یان ناخۆش؟ ئەو ستافە کوردەی کە لەگەڵتدان ئایا کەسانی رژدن و لەگەڵیاندا ئاسوودەیت؟
سینگ چۆل لیم: دەتوانم لەسەر ئەم پرسیارە دوو شت بڵێم: یەکەم، من 10 تایبەتمەندیم لە کۆمەڵگە و خەڵکەکەتاندا بینیوە کە زۆر دڵسۆز و خۆڕاگرن. هەروەها زیرەک و میواندۆستن. بەڕێزن، هەمەچەشنن و بەرگەگرن. مەبەستم ئەوەیە لە فەرهەنگەکەتاندا بەرگەگری هەیە. شتێکی دیکە ئەوەیە کە دووانەیی لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە. جا من 10 تایبەتمەندیم لە کۆمەڵگەکەتاندا بینوە. من ماوەی ساڵێک کارم لەسەر ئەوە کردووە کە توانایی سیاسەتی گشتی باشتر بکەم و ئێستا دەتوانم هەندێک ئەنجام ببینم. من لە بەرنامەمدایە ئەوە زیاتر باشتر بکەم و، لە کۆمەڵگەکەتاندا پاشخانی سیاسەتێکی گشتیی باش دروست بکەم.
رووداو: کاتێک پێیان گوتیت کە کاری نوێت ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان دەبیتە کۆنسووڵی گشتی، هەستت چۆن بوو؟ پێشبینیی چیت دەکرد؟ پێشتر هیچ زانیارییەکت لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوو؟
سینگ چۆل لیم: پرسیارێکی باشە. دوای ئەوەی گەیشتمە ئێرە، بەراورد بە ئێستا زۆر شتم زانیوە. وێنای کوردستان وێنای جەنگاوەر بوو لە خەیاڵمدا، چونکە ئێوە زۆر ئازایانە کۆمەڵگەکەتان لە داعش دەپاراست. بۆیە لە وێنای من دا خەڵکی کوردستان جەنگاوەر بوون. هەروەها لێرە هەست بە هەمان شت دەکەم، بەڵام وەک گوتم شتی زۆر زیاترم بینی، وەک ئەو 10 تایبەتمەندییە. ئێوە زۆر شتی باشتان لە کۆمەڵگەکەتاندا هەیە.
رووداو: بەڕێز لیم، لێکۆڵینەوەیەکت ئامادەکردووە کە شتێکی زۆر باشە و لە رووی ئابوورییەوە باسی دەستەواژەی کەی دوو 2K دەکەیت. مەبەستت لەوە چییە؟ لەنێو ئەو لێکۆڵینەوەیەدا باسی چیرۆکی (مانجی) دەکەیت کە زۆر بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو. ئایا دەتوانیت ئەو چیرۆکە بۆ بینەرانمان بگێڕیەوە؟
سینگ چۆل لیم: زۆر باشە. (دوو کەیز ئیکۆ) ناونیشانی پرۆژەکەمە. لە زمانی کوردی و لە زمانی کۆری دا بە ژمارە (2) هەر دەگوترێت دوو. (کەی)یش بە مانای کۆریا و کوردستان دێت. (ئیکۆ)یش بە مانای ئابووری دێت. من پێم خۆشە سەرنجم لەسەر ئابووری بێت، بۆیە ناوم ناوە (دوو کەیز ئیکۆ). ( ئیکۆ ) هەروەها بە مانای دەنگدانەوەش دێت. لەوێدا مەبەست ئەوەبووە با دەنگدانەوەی یەکتربین، با وەک یەک بین. ئامانجی ئەم پڕۆژەیە ئەوەیە کە با ستراتیجیی خەڵکی کوردستان لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە دروست بکرێت و بۆ خەڵکی کوردستان بێت. مانای ئەوەیە با براندی کوردستان بۆ گەشەپیدانی ستراتیجیی ئابووریی کوردستان بەکاربهێنرێت. ئەمە ئامانجی ئەم پرۆژەیەیە. هەندێک جار من (مانجێ)ـم روون کردووەتەوە. (مانجێ) بەرپرسی پەیمانگەی توێژینەوەی کوریا بوو کە ئێمە پێیدەڵێین KDI واتە (پەیمانگەی گەشەپێدانی کۆریا). (مانجێ) بەرپرسی ئەم پەیمانگەیە بوو. کاتێک بووە بەرپرسی ئەم پەیمانگەیە 37 ساڵان بوو و زۆر لێهاتوو بوو و ئابووریناسێکی زیرەک بوو. لەلایەن سێ شوێنەوە متمانەی پێکرابوو. لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە کە رابەری وڵاتە، لەلایەن بواری ئەکادیمییەوە و، هەروەها لەلایەن بیانییەکانیشەوە. ئەم سێ لایەنە متمانەیان پێکرد و بەم متمانەیە توانیی کارەکەی زۆر بە باشی بکات. ئەو ئابووری خۆشدەویست و خۆی بۆ گرنگیدان بە هاوکارەکانی تەرخان کردبوو.
رووداو: دەمەوێت بپرسم: ئایا هیچ جیاوازییەک هەیە لەنێوان ئەو ناوەندانەی توێژینەوە و ئەو کەسانەی راوێژکارن و راوێژ دەدەنە حکومەت و دامەزراوەکان؟
سینگ چۆل لیم: راوێژکارەکان! من زۆر راوێژکار لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیران دەبینم. ئەم راوێژکارانە زۆر ژیر و زیرەکن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە ئەگەر ئەوان نەبن، ئەگەر واز لە کارەکەیان بێنن، ئەوا هەرچی زانیارییە نامێنێت و ئەم زانیارییانە لە نووسینگەکاندا نامێننەوە و زانیارییەکەیان لەگەڵ خۆیاندا دەبەنەوە ماڵ، بەڵام ئەگەر پەیمانگەی توێژینەوەمان هەبێت، ئەوا ئەم پەیمانگەیە دەتوانێت زانیارییەکانی ئەو کەسە شارەزایانە هەڵبگرێت. تەنانەت ئەگەر ئەو شارەزایانە واز لە کارەکەیان بێنن و بچنە پەیمانگەیەکی دیکەیش لە جێگەیەکی دیکە، زانیارییەکە هەر لە پەیمانگەکەدا دەمێنێتەوە. ئەمە سیستمە و ئەوکاتە دەتوانیت ئەم زانیارییانە بەکاربهێنین تاوەکو سیاسەتێکی دیکە دروست بکەین.
رووداو: ئایا دەتوانین بڵێین (مانجێ) وەک (گادفازەر) یان باوکی رۆحیی ئابووریی کۆریای باشوور سەیر دەکرێت؟
سینگ چۆل لیم: تاوەکو رادەیەک دەتوانین بڵێین وەک (گاد فازەرە)، چونکە کەسێکە خۆی تەرخان دەکات بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەی، ئەوا ئێمە دەتوانین ناوی لێ بنێین (گادفازەر). ئینجا مانجێ خۆی تەرخان کردبوو تاوەکو وابکات کۆریا لە رووی ئابوورییەوە گەشە بکات. بۆیە ئێمە دەتوانین بە (گادفازەر) ناوی ببەین.
رووداو: ئێمە چۆن بتوانین لە هەرێمی کوردستانیش ئەو چیرۆکی سەرکەوتنەی مانجێ دووبارە بکەینەوە؟ پێویستیمان بە چییە؟
سینگ چۆل لیم: راستییەکەی من دەمەوێت خەڵكی کوردستان پەیمانگەی خۆیانیان بۆ گەشەپێدانی کوردستان هەبێت. بۆ ئەو مەبەستەیش پێم خۆش بوو ئەزموونی کۆریا بخەمەڕوو. هەندێک بەشی باسی چیرۆکی مانجێیە و هەندێک بەشیشی چیرۆکی سەرکەوتووانەی ناوەندی بیرکردنەوەمانە کە پەیمانگەی توێژینەوەمانە. هەروەها باسی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانی زانکۆکانیش دەکەم. بۆیە پێم خۆش بوو چیرۆکی کۆریا بناسێنم.
رووداو: ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان زۆر خۆشمان لە کۆرییەکان دێت. ئێوە خزمەتگوزاریی زۆرتان هەیە. زیاتر لە سێ-یەکی ئۆتۆمبێلەکانی سەر شەقامەکانی کوردستان کۆرین. زۆربەی مۆبایلەکانمان کۆرین. ئێستایش زۆر تیپی زەیتوون-مان خۆشدەوێت. ئێوە کتێبخانەی گشتیی هەولێرتان دروستکردووە. حەزدەکەم یەکێک لە کارە جیددیەکانت دامەزراندنی ناوەندێکی توێژینەوەبێت لە کوردستان. دەمەوێت بپرسم: بۆچی کۆنسووڵخانەی کۆریای باشوور زیاتر لە بواری سیاسی گرنگی بە لایەنە ئابووری دەدات؟ ئەمە هیچ هۆیەکی دیاریکراوی هەیە؟
سینگ چۆل لیم: هەندێک هۆکار هەن. دوای ئەوەی گەیشتمە ئێرە، پاش مانگێک بیرم لەوە کردەوە کە ئایا دەتوانم بە چ رێگەیەک پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بکەم. ئەوە پرسیاری من بوو. ئیتر دوای مانگێک بۆ یەکەم جار بڕیارم دا ئابووری هەڵبژێرم، چونکە بە دیدگەی من گۆڕەپانی سیاسی پڕە لە لایەنی زۆر. گەلێک لایەنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی هەن و تەنانەت هەندێک لایەنی خەڵکیش بەگشتی بە جۆرێک لە حیزبەکاندا ئەندامن. بۆیە زۆر لایەنی سیاسی لە گۆڕەپانەکەدان. ئینجا منیش ئەو گۆڕەپانەم جێهێشت و لە گۆڕەپانی ئابووری دا دەستم بە کار کرد. دوای ئەوەی لە گۆڕەپانی ئابووری دا شتێکم بەدەستهێنا، ئەو کاتە دەگەڕێمەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، بەڵام بۆ ئێستا سەرنجم لەسەر ئابوورییە.
رووداو: کەمێک لەمەوپێش وشەی "متمانەبەخۆبوون"ـت بەکارهێنا و گوتت لەناو کورد دا لە چاویانەوە دەزانم زیرەکن. ئەی لە چاویانەوە دەزانیت کە بڕوایان بە خۆیان هەیە یان نا؟ من پێموایە چەند گرنگە مرۆڤ زیرەک بێت ئەوەندەش گرنگە باوەڕی بە خۆی هەبێت. بۆچی پێتوایە باوەڕبەخۆبوون زۆر گرنگە؟ لە شوێنانی دیکەیش زۆر ئەم وشەیە چەند بارە دەکەیەوە.
سینگ چۆل لیم: لەم بارەیەوە دەتوانم سێ شت بڵێم: یەکەمیان ئەوەیە بۆچی پێویستمان بە متمانەیە؟ لە بۆچوونەکەم دا متمانە هۆی گەشەکردنی ئابوورییە و هەندێک بیرمەندی زۆر بەنێوبانگیش وادەڵێن. فرانسیس فۆکۆیاما کە بیرمەندێکی زۆر بەنێوبانگە دەڵێت کە بێ متمانەییی و نەبوونی باوەڕ جۆرێکە لە خەرجی زیادە بۆ کۆمەڵگە. ئەگەر متمانەت بە دراوسێیەکانت نەبێت، ئەوا دەبێت زۆر شت بدەیت تاوەکو دڵنیابیت لەوەی کە کەسێکی متمانەپێکراوە یان نا. ئەمە خۆی لەخۆیدا خەرجی زۆر دەکات، بەڵام ئەگەر متمانەتان بە یەکدی هەبێت، ئەوا پێویستیت بەوە نییە ئەو جۆرە خەرجییانە بکەی. ئەوە یەکەمیان. هەروەها بۆ گەشەکردنی ئابووری پێویستیت بە سێ شتە . یەکێکیان پارەیە کە پێیدەڵێین سەرمایەی ئابووری. ئەوی دیکەیان سەرچاوەی مرۆییە کە دەبێتە سەرمایەی مرۆیی. ئەوی دیکەیشیان سەرمایەی کۆمەڵایەتییە کە مەبەستم لێی متمانەیە. ئەگەر متمانەت نەبێت، هەرچەندە سەرچاوەی دارایی و مرۆییشت هەبێت، ئەم دوو سەرچاوەیە دەچنە دەرەوەی وڵات. ئەگەر متمانەت بەم کۆمەڵگەیە هەبێت، ئەو کاتە ئەم دوو سەرچاوەیە لە کۆمەڵگەکەتدا دەمێننەوە، بەڵام ئەگەر متمانە نەبێت، هەموو سەرمایەکەت دەچێتە دەرەوە و هەموو کەسێکی دەستەبژێریش دەیەوێ لە وڵاتێکی دیکە بێت نەک لە وڵاتەکەی خۆی. بۆیە سێیەم هۆکار متمانەیە. هەر بۆیە دەبێت حکومەت و کۆمەڵگە زۆر هەوڵبدەن تاوەکو کۆمەڵگەیەکی متمانەپێکراو دروست بکەن. ئەوە بۆیە لە وردەکاریدا بیرکردنەوە لە متمانە گرنگە. ئەگەر متمانە نەبێت، ناتوانیت هەموو کۆمەڵگە یەکگرتوو بکەیت.
رووداو: پێتوایە دروستکردنی متمانە و باوەڕبەخۆبوون لە خێزان و قوتابخانە و پەروەردەوە دەست پێبکات؟ ئایا ئێوە وەک کۆری زۆر باوەڕتان بە خۆتانە؟
سینگ چۆل لیم: خۆی رێکارەکە بەو جۆرەیە. گوتم ناوەندی توێژینەوە گرنگە. ناوەندی توێژینەوەی کۆریا کاری خۆیان دەکەن و لە ساڵانی رابردوودا کاری خۆیانیان کردووە. ئەم ناوەندە ساڵی 1971 دامەزراوە کاتێک ئێمە گەشەمان بە ئابوورییەکەمان دا، ئەم ناوەندە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو. کاتێک دەمانەوێت متمانە دروست بکەین، دەبێت حکومەت دوو شت بکات: یەکەمیان ئەوەیە سیاسەتێکی باش دروست دابڕێژت و، دووەمیان ئەوەیە بە باشی ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات، ئەم دوو شتە پێویستن.
یەکەم شت ئەوەیە پێویستیمان بە سیاسەتێکە بە باشی داڕێژرابێت و بۆ دروستکردنی سیاسەتێکی باشیش پێویستیمان بە ناوەندی توێژینەوەیە. بۆچی؟ چونکە حکومەت زۆر سەرقاڵە و کاتی پێویستیان بۆ بیرکردنەوەی قووڵ نییە و، کەسانی ئەکادیمی زیرەکن و کاتی زۆریان بۆ بیرکردنەوە هەیە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئاگایان لە دنیای راستەقینە نییە. بۆیە لەنێوان دنیای راستەقینە و دنیای خەیاڵیدا پێویستیمان بە ناوەندی توێژینەوە هەیە کە هاوکات ئاگایان لە دنیای راستەقینە و ئەکادیمییە. پاشان لەم ناوەندەدا ئەگەر سیاسەت دابڕێژین، ئەوا ئەم سیاسەتە بە بەڵگەوە سەلمێنراوە و دەتوانرێت لەلایەن خەڵکەوە متمانەی پێبکرێت.
رووداو: بەڕیز لیم، زۆر خۆش باسی پەیمانگەی گەشەپێدانی کۆریا (KDI) دەکەیت، داوایەکت لێدەکەم کە کاری سەرەکیت لێرە ئەوەبێت کە KDIـەکی دیکە بە ناوی +KDI دروست بکەیت. پێموایە زۆر پێویستیمان پێیەتی و ئێمەش لە رووداو هاوکار دەبین. بەڵێن دەدەیت؟
سینگ چۆل لیم: ئەوە پرۆپۆزەڵێکی باشە لەلایەن کاک محەممەدەوە. بەڵێ، ئەوە ئەو شتەیە هیوای بۆ دەخوازم کە لێرە بیکەم و بۆ ساڵێکە هەوڵمداوە ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و سیاسییەکان و هەندێک لە ئەکادیمییەکان و ناوەندەی توێژینەوەی رووداو و دەزگەی زانستیی دیکەدا باس بکەم. زۆربەیان ئەم بیرۆکەیان بە دڵە و، بەم نزیکانەیش هەندێک رازیبوونم لە نووسینگەی چەند بەرپرسێکی باڵاوە وەرگرت کە ناتوانم ئاماژەیان پێبکەم، بەڵام نووسینگەکانی هەریەکە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران بەم بیرۆکەیە رازین. بۆیە زۆر متمانەم هەیە کە ئەم ناوەندە دروست بکەین. ئەگەر لەلایەن رووداویشەوە هەندێک یارمەتی هەبێت، ئەوا دەتوانین ئەم پرۆسەیە زیاتر بە پیشەیی بکەین و بە ئاسانی بیکەین.
رووداو: زۆر خۆش شتەکان باس دەکەیت. هەست دەکەم خۆشخۆریش بیت. بیستوومە کە پەنیرخۆرێکی سەیریت، وایە؟
سینگ چۆل لیم: بەڵێ، هەموو بەیانییەک بە چێشتلێنەرەکە دەڵێم هێلکەوڕۆن بە پەنیرم بۆ دروست بکات. هەموو بەیانییەک چێژ لە پەنیرەکەتان وەردەگرم. زۆر بەچێژە.
رووداو: حەزت لە چ جۆرە پەنیرێکە و چۆن چۆنی دەیخۆیت؟
سینگ چۆل لیم: حەزم لەو جۆرە پەنیرەیە کە کاتێک بە چەقۆ هێلکەوڕۆنەکە دەبڕم، هێلکەکەی بە ئاسانی ببڕدرێت، بەڵام پەنیرەکە بە ئاسانی نەبڕدرێت. زۆر حەزم لەم پەنیرەکەیە. هەمیشە پەنیرەکە بۆ من ئاسان خۆی بە دەستەوە نادات و تووندە، بەڵام کە دووەم جار چەقۆی پێدا دەهێنم مل دەدات. حەزم لەم جۆرە پەنیرەیە.
رووداو: ئەو پەنیرە پەنیری چ وڵاتێکە و حەزت لە چ جۆرێکە؟
سینگ چۆل لیم: هیوادارم ئەم پەنیرە لە کوردستان دروست بکرێت، بە دروستی نازانم پەنیری کوێیە.
رووداو: هەست دەکەم تائێستا تامی پەنیری کوردستانت نەکردووە.
سینگ چۆل لیم: جارێک کە سەردانی کۆمپانیایەکم کرد کە پەنیریان بەرهەم دەهێنا کە کۆمپانیایەکی شیرەمەنی بوو، هەندێک پەنیریان پێدام تاقی بکەمەوە. هەر لەوێ تامم کرد، زۆر خۆش بوو. حەزم لێی بوو.
رووداو: ئینشاڵڵا تامی پەنیری زۆر تایبەتی کوردستان دەکەیت. شاری وان لە باکووری کوردستان بۆ بەنێوبانگیی تێشت (نانی بەیانی) ناوی چووەتە نێو کتێبی گینسەوە، لەبەرئەوە پێویست دەکات کە پەنیری کوردی بخۆیت.
سینگ چۆل لیم: باشە. بە دڵنیاییەوە لە داهاتوویەکی نزیک دا هەوڵدەدەم.
رووداو: بەڕێز لیم، کۆنسووڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، زۆر دڵخۆش بووم کە گفتوگۆم لەگەڵ کردیت. هیوادارم لە مانگەکانی داهاتوودا جێپەنجەت بەسەر ئابووری کوردستانەوە ببینم. من زۆر بەم گفتوگۆیە دڵخۆش بووم، تۆیش هەمان هەستت هەبوو؟
سینگ چۆل لیم: زۆر دڵخۆش بووم کە ئەم بیرۆکانەم لەگەڵ میدیایەکی زۆر بەڕێزدا خستنەڕوو کە هێندە نییە سێ خەڵاتی وەرگرتووە. زۆر خۆشحاڵم. زۆر سوپاس.
رووداو: زۆر سوپاس. بەخێربێیت.
سینگ چۆل لیم: زۆر سوپاس.