هەوراز محەممەد: خەریکی فیلمێکی درێژم کە چیرۆکی بێسەروشوێنێکی شەڕی ناوخۆ دەگێڕێتەوە

 
رووداو- سلێمانی

هەوراز محەممەد، دەرهێنەر و سینەماکار، خاوەنی 16 ساڵ ئەزموونە لە کاری نووسینی سیناریۆ و دەرهێنانی کورتەفیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری، کاری دەرهێنانی بۆ 13 فیلمی دۆكیومێنتاری و 10 فیلمی كورت کردووە و بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی فیلمی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتی كردووە.
 
بۆ ساڵانێک کارکردنی داهێنەرانە بەبەردەوامی، خەڵاتی (تەهای کەریمی) وەرگرتووە.
 
هەوراز لە لیژنەی دادوەرانی بەشی (بەهرەی نوێ ـ New Talent) سەرۆکی لیژنە بوو، فیلمی رێگا کە خەڵاتی لە بەشی فیلمی ناوخۆیی وەرگرت، سیناریۆی ئەو بوو، هەروەها فیلمی (رۆژێک لە رۆژان لە کوردستان) کە خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی فیلمی ناوخۆیی وەرگرت، هەوراز پرۆدیوسەری بوو، بۆیە لە پەراوێزی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلم لە سلێمانی کە رۆژی یەکی ئۆکتۆبەر دەستیپێکرد، ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ سازکرد.
 
رووداو: لە کورتە فیلمی ئاوێنە، لە دیمەنێکدا، دایک و باوکێکی نابینا کچە بچووکەکەیان دەبێتە دارعەسای  دەستیان، دەتەوێ لەم دیمەنەدا چی بە بینەر بڵێی؟

 

هەوراز: بەرلەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، پێمخۆشە باسێک لە چیرۆکی کورتە فیلمی (ئاوێنە) بکەم، ئەمە لە چیرۆکێکی راستەقینەوە وەرگیراوە، چیرۆکی ئەو کاتەی هونەرمەندی ناوداری عەرەب (کازم ساهیر) لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێکی رێکخست، لەوکاتەدا هەوادارانی چوونە سەر ستەیج و زیانێکی زۆریان لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە بەرکەوت. لەو دیمەنەدا کچێکی بچووک دەبێتە پێشڕەوی دایک و باوکێکی نابینا، بابەتی گەنج و ژن لای من دۆسیەن، بە بڕوای من گەنجان و ژنان دەتوانن ئەم کۆمەڵگەیە لە نابینایی رزگار بکەن و ببنە چاوی کۆمەڵگە، بەڵام لەڕاستیدا گەنجان و ژنان لەبەردەم مەترسی گەورەدان، چونکە ئەو کەسانەی لەبەرامبەریان وەستاون بەهێزن. شتێکیش هەیە بەناوی سایکۆلۆژیای دیمەن، ئێمە لێرەدا بە شێوازێک وێنەی دیمەنەکان دەگرین؛ کە لەخوارەوە بۆ سەرەوەیە، ئەمەیش وادەکات بەشێوەی پەیکەری گەورە دەربکەون. کاتێک ئەم کچە لەپێش دایک و باوکی دەڕوات، وای دەبینیت ئەم کچە کارەکتەرێکی بەهێزە. ژن و گەنج دەتوانن کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەن، لەبەر هەمان هۆکارە کارەکتەرەکەم هەم گەنجە و هەم مێینە. 
 
رووداو: هەر لە کورتە فیلمی (ئاوێنە) لە کۆتاییدا ئەوەی چاوەڕواننەکراوە ئەوەیە، ئەو منداڵە گەورەببێ و ببێتە سۆزانی، بۆچی بەمجۆرە چیرۆکەکە هەڵگەڕایەوە؟

 

هەوراز: جەنگ، ئاوارەیی و هەژاری هەمیشە کۆمەڵێک شت بەدوای خۆیاندا دێنن کە چاوەڕواننەکراون، کاتێک مرۆڤ لە شوێنی خۆی هەڵدەکەنرێت و بە زۆرەملێ دەنێردرێتە شوێنێکی تر، ئیتر ئەو دابونەریت و بەهایانەی لە شوێنەکەی خۆی هەیبووە، نامێنێ، یاخود بەها و دابونەریتی دیکە شوێنیان دەگرنەوە. هەژاری و جەنگ دەتوانن مرۆڤ بگۆڕن، لەبەر ئەم هۆیەشە ئەم کچە دەبێتە سۆزانی و ئەوەی بەدوایدا دەگەڕێ لەمیانەی ئەو دۆخەدا، دۆزینەوەی هاوڕێ کوڕەکەی و گەڕانەوە بۆ  ئارامی و ئاسوودەیی تەمەنی منداڵییەتی. 
 
رووداو: زۆر لە کورتە فیلمەکانی وەکو (ئاوێنە)، (پێکەنین و بیرچوونەوە) و (ریکۆرد) کۆمەڵێک تایبەتمەندی و باوەڕ و نەریتی کورد دەردەخەن، وەک نووساندنی بەرد بە کێلی قەبرەوە، یان بەکارهێنانی دیوارەکان بۆ گەیاندنی پەیام، بۆچی دەتەوێ ئەم شتانە لە فیلمەکانتدا رەنگ بدەنەوە، لە کاتێکدا بەشێکی ئەم شتانە خەریکە بەسەردەچن؟

 

هەوراز: ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی پێمخۆشبوو لێم بکرێت. لەڕاستیدا کاتێک تۆ فیلم دروست دەکەیت و دەتەوێ ئەوە بگەیەنیت کە فیلمەکەت کوردییە، پێویستە ئەو بنەمایانەی کۆمەڵگەیەکی لەسەر پێکدێت لەناو فیلمەکەتدا رەنگ بدەنەوە، تا بتوانی بە بینەرێکی عەرەب، فارس، تورک و... هتد بڵێی ئەمە لایف ستایڵی منە، ئەمە کولتووری منە، ئەمە جلوبەرگمە، خواردنمە، چۆنیەتی بیرکردنەوەمە... نووساندنی بەرد بە کێلەوە، نووسینی دیوارەکان، شێوازەکانی گاڵتەکردن و پێکەنین و جۆری تەعلیقی سیاسی، بەشێکن لە ژیانی رۆژانەی ئێمە و پێویستە تۆمار بکرێن. یەکێکیش لە ئەرکەکانی سینەما تۆمارکردنی مێژووە بە شێوازێکی تر، هیچ فیلمێکی هیندی نابینی گۆرانی و بارانی تێدا نەبێت، لە بەشێکی زۆری فیلمە ئیتاڵیەکاندا لە کاتی نانخواردن دەیکەنە گاڵتە و پێکەنین، ئەمانە بەشێکن لە کولتووری ئەو وڵاتانە کە دێنە ناو سینەماکانیان. فیلمی کوردیش کاتێک دەچێتە ناو بزووتنەوە فیلمسازیەکەوە، دەبێت بێبەش نەبێ لە بنەما بنچینەییەکانی کولتووری کورد، لەبەر ئەوەی خۆم باکگراوندێکی سۆسیۆلۆژیم هەیە، پێمخۆشە زۆر بە وردەکارییەوە ئەم بنەما و دابونەریتانە تێکەڵ بە کارەکانم بکەم. 
 
 
رووداو: باشە ئەو زمانە سادەیەی بەکاری دەهێنی لە سیناریۆکانتدا، رێ لە دیالۆگی قووڵ ناگرن؟

 

 هەوراز:  سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، یەکێک لە کێشە دیارەکانی ناو سینەما و شانۆ لە کوردستان ئەوەیە کە بینەر هەست ناکات ئەو ئەکتەرانە تەعبیر لە هەستی ئەو دەکەن، چونکە بە زمانی ئەوان قسە ناکەن. لەڕاستیدا من بە ئەنقەست ئەم کارەم کردووە و هەوڵمداوە زمانی فیلمەکان زمانی سادەی خەڵک بن، بینەر لەماڵی خۆیدا چۆن قسە دەکات، دەبێت فیلمەکەی منیش وا قسە بکات، تا هەست بەوە بکەی ئەم فیلمە تەعبیرە لە هەستی تۆ. فیلمی گەل و نەتەوەکانی تریش بەزمانی گەل قسە دەکەن، زمانی ئەدەبی تایبەتە بە کتێبەکان، بەڵام زمانی فیلم زمانە سادەکەی ژیانی رۆژانەی خەڵکە، چونکە داڕشتنەوەی سیناریۆ سەرلەنوێ نووسینەوەی واقیعی کۆمەڵایەتییە بە شێوازێک کە فیلمساز دەیەوێت، بۆیە دەبێت بینەر خۆی تێدا ببینێتەوە. مەرج نییە کە مرۆڤ بە زمانێکی ئەدەبیی قورس قسەی کرد، بە قووڵی قسە بکات، نەخێر هەندێک کات دەتوانی بە زمانێکی سادە گوزارشتێکی قووڵ دەرببڕی. هێندەی سادەیی دەتوانێت لە زماندا قووڵ بێت، هێندە ئاڵۆزی ناتوانێت بە هەمان شێوە لە زماندا قووڵ بێت. 
 
رووداو: لەبەرچی زۆرینەی کارەکانت بابەتی جددین لە ڤیوێکی تاریکدا؟

 

هەوراز:  ریکۆرد، رۆژی چوارەم، پێکەنین و بیرچوونەوە، ئەم کورتە فیلمانە ڕەگێکی کۆمیدییان هەیە، بەڵام لەجۆری کۆمیدیای رەش. لەڕاستیدا کورتە فیلمەکانی من واقیعین، راستە ژیانمان پێکەنین و نوکتەی تێدایە، بەڵام لەپشت ئەمانەشەوە ئازار، خەم و گریان هەیە، کارەکانم زیاتر سیاسی و کۆمەڵایەتین و باس لە شتە وردەکانی ژیانی تاکی کورد دەکەن، چرکەساتی تێدایە ئەکتەرەکان پێدەکەنن و دڵخۆشن، بەڵام دیسان لەپشت ئەمەوە ئازارێک هەیە. من پێموایە هەموو دەرهێنەرێک کوڕی سەردەمەکەی خۆیەتی، گەر بتەوێت راستگۆبیت لەگەڵ سەردەمەکەی خۆت، دەبێت وەکو سەردەمەکەی خۆت دنیات بینیبێت و واقعی بووبیت. ئێمە کۆتایی هەشتاکان ئەنفالمان بینی، راستە لە نەوەدەکاندا راپەڕینمان بینی، بەڵام یەکسەر بەدوایدا کۆڕەومان بینی، لەدوای کۆڕەو، شەڕی ناوخۆ و دوای شەڕی ناوخۆیش، گرانی و برسێتی، واتە ئێمە بەناو رستێک کارەساتدا هاتووین، ئێمەش لەناو ئەو مێژووەوە چیرۆکەکان هەڵدەهێنجین، مێژووەکەیش خۆی تاریکە. هەموو کات دەڵێم خۆزگە لە سەردەمێکی رووناکدا بژیاینایە تا فیلمەکانمان رووناک بن، کاری هونەرمەند تەنها رەنگکردن و جوانکردنی ژیان نییە، بەڵکو بەشێک لە ئەرکەکەی پیشاندانی مێژووە.
 
رووداو: ئەو سیناریۆیانەی دەیاننووسی بەگشتی پڕن لە ئازار و نەهامەتی و کولاندنەوەی برینەکانی میللەتێک، زۆرینەشیان کۆتاییەکی خەمناکیان هەیە، پێتوایە ساد ئێندین، یان کۆتایی خەمناک باشتر لە زەینی بینەردا دەمێنێتەوە؟
 
 هەوراز: من نامەوێت دەرهێنەرێکی ماسۆشی بم و دڵخۆش بم بە ئازاردانی بینەر، نەخێر حەز بە ئازاردانی خەڵک ناکەم. من بەدوای ئەوەوەم خەڵک چێژ لە کارەکانم ببینن، بەڵام دەسەڵاتی ئێمە چییە کە چیرۆکەکانمان خەمگینن! دووبارە دەڵێم پێمخۆشە بینەر چێژیان پێبگات، لەبەر ئەوە دیمەنی زۆر جوان پیشان دەدەم ، هەوڵی زۆرمداوە دیمەنەکان جوان بن. ئەکتەرەکان جوان نواندن بکەن. میوزیکێکی جوان بکرێتە باکگراوند، ئێمە توانای خۆمان خستووەتە گەڕ تا لەڕووی تایبەتمەندییەوە فیلمێکی جوان پێشکەش بکەین، بەڵام چیرۆکەکان خۆیان تاریکن، زۆر کات هەوڵ دەدەم  لەجیاتی شکان چیرۆکی سەرکەوتن بگێڕمەوە، ئەوەندەی بڕوام بە چەمکی پاڵەوان هەیە، هێندە بروام بە چەمکی قوربانی نییە، بەڵام پاڵەوانەکانی من، پاڵەوانێکی دروستکراوی هۆڵیودی نین، پاڵەوانەکانی من بەپێوە شەهید دەبن. پاڵەوانەکانی من بەهێزن، بەڵام دەکوژرێن، من نایانکوژم، دەوروبەر و بارودۆخ ئەوان لەناودەبات. دەمەوێت پاڵەوانم هەبێ، بەڵام پاڵەوانی هاوشێوەی ڕامبۆ نا، دەمەوێت راستەقینە بن. راستە من ژنێکی پاڵەوان نیشاندەدەم، بەڵام من چی بکەم کە پاڵەوانەکەم مەترسی و هەڕەشەی گەورەی لەسەرە؟ راستە بەکۆمەڵێک برین و ئازارەوە دەژی، بەڵام ئەوەندە بەسە کە دەژی و بەپێوە وەستاوە تا ببێتە پاڵەوان.
 
رووداو: بەشێکی زۆر لە فیلمەکانت دیمەنەکانی بریتین لە خانووی قوڕ و ژیانی سادەی خەڵک، بۆچی دیوێکی تری ژیانی خەڵک پیشان نادەی کە بریتیە لە دیوە رازاوەکەی؟

 

هەوراز: من لە وێنەگرتنی فیلمەکانمدا دەگەڕێم بۆ کۆڵانە کۆنەکانی شار، بۆ نموونە (مەڵکەندی، سابوونکەران... هتد) ئەمانە دڵی شارن، ئێمە هێشتا ئەو دیمەنانە پیشان دەدەین و فیلمی شاریمان کەمن، چونکە چیرۆکی ئێجگار زۆر ماون لە ڕابردوودا دەمانەوێت جارێ ئەوانە تەواو بکەین. من دڵنیاتان دەکەم ئەم گەنجانەی ئێستا و خوێندکارانی بەشی سینەما گەر بیر لە دروستکردنی فیلمێک بکەنەوە، بێگومان بیر لە شار دەکەنەوە، بیر لە کافتریاکان دەکەنەوە، بیر لە کێشەکانی ئێستایان دەکەنەوە. من کاتێک فیلمێک دروست دەکەم دەگەڕێمەوە بۆ هەشتا و نەوەدەکان، کە دنیا چۆن بووە، بەڵام گەنجەکان بیر لە دوای دووهەزار دەکەنەوە، ئەمە ڕەوتە، دەبێت ئەم ڕەوتە بڕواتە پێش هەتا هەموو شێوەکانی فیلممان هەبێت. 
 
رووداو: دەتەوێ بڵێیت فیلمسازەکان گرنگی زیاتر بە رابردوو دەدەن وەک لە داهاتوو؟

 

هەوراز: بەڵێ، بەڵام لەوەدا فیلمسازەکان تەنیا نین. شاعیرەکانمان، ڕۆماننووسەکانمان، چیرۆکنووسەکانمان، هەموو بەو شێوەیەن. بێگومان گەنجەکان بەم شێوەیە نین، کەمێک لە ڕابردوو دووردەکەونەوە و دێنە ناو زەمەنی ئێستامانەوە. 
 
رووداو: دەکرێ بە ئەکتەری ناپرۆفیشنال کاری گەورە و جدی بکرێ؟

 

هەوراز:  ئێمە دوو جۆر ئەکتەرمان هەیە، ئەکادیمی و ئەماتۆر. لەبەر ئەوەی مێژوویەکی کورتی سینەمامان هەیە و نوێیە، زۆرینەی ئەکتەرەکانمان ئەکتەری شانۆن. یەکێک لەو رەخنانەی رووبەڕوومان دەکرێتەوە ئەوەیە، زۆر کات نواندنی ئەکتەرەکانمان نواندنێکی شانۆییانەیە، لەبەر ئەمەیە کە بەشێک لە دەرهێنەرەکان پەنادەبەنە بەر ئەکتەری ئەماتۆر، واتە ئەو کەسانەی کە هیچ ئەزموونێکی نواندنیان نییە؛ چونکە ئەمان جەستە و هزریان ئامادەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی واقیعیانە نواندن بکەن، بۆ نموونە دەرهێنەرێکی وەک (بەهمەن قوبادی) لە فیلمەکانی وەک (ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان) و (کیسەڵەکان دەفڕن) زۆرینەی ئەو ئەکتەرانەی کاریان لەگەڵ کردووە ئەماتۆر بوون و بەو ئەکتەرانە فیلمی بەهێزی دروستکردووە. دەرهێنەر دەتوانێت لە کارەکانیدا ئەکتەری ئەماتۆر و ئەکادیمی تێکەڵ بکات و گونجاندنیش لەنێوانیاندا دروست ببێت، ئەمەیش دەکەوێتە سەر هەوڵ و تێکۆشانی دەرهێنەر.
 
رووداو: کردنەوەی بەشی سینەما لە زانکۆکان و خوێندن بەشێوەی ئەکادیمی، کاریگەری لەسەر سینەما و شانۆی کورد دەبێت؟

 

هەوراز: ئێمە بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی شتێک بەناوی سینەما پێویستمان بە چەند ئەرکانێک هەیە، یەکێک لەوانە خوێندنی ئەکادیمییە کە بەداخەوە تا ئێستا نەبووە و ئەوەی هەیە تازەیە و هێشتا بەرهەمەکەی نەکەوتووەتە بازاڕەوە، بەڵام بوونی گرنگە، لەگەڵ ئەم خوێندنە ئەکادیمییە شتێکی دیکە هەیە  پێیدەگوترێ Film school ، گەنجەکان لە تەمەنی 15 ساڵی دەچنە ناو ئەم قوتابخانانە و ئەزموونێک وەردەگرن. بەداخەوە ئێمە لەمەیان بێبەشین. ئێمە هیچ رێکخراوێکی تایبەت بە فیلم و فیلم فاوندەیشن و فیلم کۆمشنمان نییە کە زۆر پێویستن، گەر ئەمانە هەبن، دەتوانین پێکەوە بزووتنەوەی فیلمسازی سەرپێ بخەین. ئەوەی ئێستا هەیە، بریتییە لە حەزی فیلمسازەکان، خولیای خەڵکانێک بۆ نواندن و ئەزموونی کەسانێک لە کایە هونەرییەکانی تردا، ئەمەیە کۆبووەتەوە و ساڵانە دوو تا سێ کورتەفیلم بەرهەم دەهێنرێت، ئەمە جێی دڵخۆشی نییە. دەرهێنەری کوردی زۆر باشمان هەن، بەڵام ساڵانە بەرهەمێکی ئێجگار کەم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو چەند فیلمی درێژ و کورتە فیلمەی لە ساڵەکەدا بەرهەم دەهێنرێن دەتوانن بەشداری زۆر فێستیڤاڵی دنیا بکەن.
 
رووداو: دەکرێت باسێکی کارە نوێیەکەت بکەیت، کە بریتییە لە یەکەمین فیلمی درێژی ئێوە؟

 

هەوراز: ئەوە فیلمێکی درێژە بەناوی ( سێیەم بەیانی بەر لە قیامەت)، کاری سیناریۆکەی تەواو بووە و ئێستا خەریکی دۆزینەوەی لۆکەیشنین، بەشێک لە ئەکتەرەکان دۆزراونەتەوە و هەندێکیان ماون و دەست بە ئامادەکاریی دیکۆر دەکەین. فیلمەکەمان لە وەرزی زستاندا وێنەدەگرین، کۆمەڵێک گرفتی ماددی هەن، بەهیواین بەزووترن کات ئەم گرفتانە چارەسەر بن. ناوەڕۆکی ئەم فیلمە لە هەناوی یەکێک لە کورتە فیلمەکانمەوە دەرهێنراوە بەناوی (زەویی ونبووان)، ئەم فیلمە درێژە چیرۆکی یەکێک لە بێسەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆیە. ئەمە دەبێتە یەکەم ئەزموونی فیلمی درێژی من کە وەک دەرهێنەر کاری تێدا دەکەم و هەوڵدەدەین زۆر بەباشی کارەکە بەرەوپێش ببەین. 
 
رووداو: بۆچی لە دنیای سینەمای کوردیدا بەدەگمەن رۆمان و چیرۆکێکی نووسراوی کوردی دەبینین بکرێتە فیلم؟

 

هەوراز:  چەن هەوڵێکی کەم هەبوون بۆ کردنی رۆمانە کوردییەکان بە فیلم، بۆ نموونە دەرهێنەر(حسێن سێودی) بەشێک لە کتێبی (شاری مۆسیقارە سپییەکان)ی نووسەر بەختیار عەلی کردە فیلم، بەڵام بەداخەوە ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبوو، ئەمەش وای لە بەختیار عەلی کرد دوودڵییەک دایبگرێت لەوەی هەروا ئاسان رۆمانەکانی بکرێنە فیلم، هەروەها (گەڕەکی داهۆڵەکان)ی شێرزاد حەسەن کراوەتە فیلم. هەوڵی دیکە هەبوو بۆ ئەوەی رۆمانی (تەمی سەرخەرەند) بکرێتە فیلم، بەڵام هەوڵێکی شکستخواردوو بوو، ئەمەیش دیسان وای لە نووسەر کرد بترسێت لەوەی لەگەڵ هەرکەسێک کار بکات. لەڕاستیدا ئێمە رۆمان و چیرۆکی کوردیشمان هێندە زۆر نین، ئەو کەسانەش کە ئێستا لە بواری فیلمسازی کاردەکەن و خۆیان سیناریۆی کارەکانی خۆیان دەنووسن، دنیابینی تایبەتی خۆیان هەیە، رەنگە ئەو رۆمان و چیرۆکانەی هەن تەعبیر لەو بەسەرهاتانەی ئەوان نەکەن. ئەوەشمان بیر نەچێت ئێمە تائێستا کۆنڤێنتەرمان نییە کە رۆمان بکاتە سیناریۆ، بەشێکی زۆر لە ڕۆمانە کوردییەکان  فەزایەکی بەرچاوی لە زماندایە، هەروەها فەنتازین و ناتوانی بە ئاسانی چیرۆکێکی واقیعی لێ دەربهێنی. فیلمسازیی کوردی سینەمای گۆشت و خوێنە، کامێرایەک لەسەر ستاندێک دادەنێیت بەرامبەر بە مرۆڤێک، لەڕووی تەکنیکی زۆر بەهێز نین. سینەمایەکی هەژارە، گەر لەڕووی تەکنیکیش پێشکەوتوو بیت بودجەیەکی وا لەبەردەست نییە، بۆ نموومە گەر بتەوێت یەکێک لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی بکەیتە فیلم، پێویستت بەوەیە لەڕووی تەکنیکەوە زۆر خۆت پێشخستبێ، چۆن دیمەنی ئەو دوو خوشکە دەنوێنی کە لە (ئێوارەی پەروانەدا) هەن و قژیان تا هەورەکان دەڕوات!  چۆن محەممەدی دڵشووشە دروست دەکەیت، چۆن ئەو لافاوە دروست دەکەیت کە محەممەدی دڵشووشە بەسەریدا دەڕوات؛ ئەمانە پێویستیان بە تەکنیکێکی بەهێزە کە پێی نەگەیشتووین.
 
رووداو: خۆت بیرت لەوە کردووەتەوە رۆمانێکی کوردی بکەیتە فیلم؟

 

هەوراز: بەڵێ، بەڵام من تەنیا فیلمی دۆکیومێنتاری و کورتە فیلمم کردووە و ئەمەی کە دێت یەکەم ئەزموونی کاری فیلمی درێژمە. ڕەنگە لەدوای ئەم کارەم بیر لە بەفیلمکردنی ئەو رۆمانانە بکەمەوە کە خۆم زۆر چێژم لێ بینیون و دڵنیاشم کاردانەوەی باشیان دەبێت، وەک رۆمانەکانی (گرەوی بەختی هەڵاڵە)ی عەتا نەهایی، (حەسار و سەگەکانی باوکم)، (تەمی سەر خەرەند)ی شێرزاد حەسەن و (کۆشکی باڵندە غەمگینەکان)ی بەختیار عەلی. ئەمانە دەتوانرێت فیلمی زۆر باشیان لێ بەرهەم بهێنرێت.
 
رووداو: بینەر تەنیا دەتوانێ لە فێستیڤاڵەکاندا فیلمی کوردی ببینێ، بۆچی ئاسان ناتوانرێت بخرێنە بەرچاوی بینەر؟

 

هەوراز: لەپاش ساڵی 2003 وە نزیکەی 50 فیلمی کورت بەرهەم هێنراون، ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە چەناڵێک دابمەزرێنێ تا ئەم فیلمانەی تێدا دابنرێت و خەڵک لەوێ بینەری بن. هیچ تەلەڤزیۆنێک بیر لەوە ناکاتەوە ئەم فیلمانە بکڕێت و نمایشیان بکات، ئەم کەموکووڕیە پەیوەندی بە دەرهێنەرەوە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک لایەنی دیکە هەن پێویستە چارەسەریان بکەن. دەرهێنەر تەلەفزیۆنی نییە تا فیلمەکانی تێدا نمایش بکات، ناشکرێت هەروا رەنج و ماندووبوونمان بخەینە ئۆنلاینەوە، ئێمە چەناڵی تایبەت بەخۆمان دروست دەکەین و فیلمەکانمان لەوێ دادەنێین، بەڵام خەڵک دێن فیلمەکان دەبەن و بە لۆگۆی خۆیانەوە دووبارە بڵاوی دەکەنەوە. ئێمە بە هەزار دەردەسەری فیلمێک دروست دەکەین، توانای ئەوەمان نییە ئەو بڕە پارەیەش بدەین بۆ پاراستنی فیلمەکانمان.
 
 
رووداو: فێستیڤاڵەکانی وەک فێستیڤاڵی فیلم لە دهۆک و ئەمەی سلێمانی، چ سوودێکیان هەیە لە بەرەوپێشبردنی کاری سینەمایی؟
 
هەوراز: بەرەوپێشچوونی ڕەوتی فیلمسازی کوردی وابەستەیە بە مانەوەی فێستیڤاڵەکانەوە، من ساڵی 2001 یەکەم کورتە فیلم کە دروستم کرد بۆ فێستیڤاڵ دروستمکرد، تەواوی کورتە فیلمەکانم بۆ ئەم فێستیڤاڵانە دروستکراون کە لە کوردستان هەن. زۆربەی دەرهێنەرەکان بەوشێوەیەن، دەرهێنەرەکان لە کاتی بەرهەمهێنانی فیلم چاویان لەسەر ئەو فێستیڤاڵانەیە کە ساڵانە لە کوردستان رێکدەخرێن. ئەگەر ئەم فێستیڤاڵانە بوەستن، بەرهەمهێنانی فیلمیش پەکی دەکەوێت. لە هۆڵی سینەماکان فیلمی کورت نمایش ناکرێت، لە تەلەفزیۆنەکان نمایش ناکرێت، ئێمە تەنیا لە فێستیڤاڵەکان دەتوانین کورتە فیلمەکانمان نمایش بکەین، لە هەندێک وڵات ساڵانە پێنج فێستیڤاڵ بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا دوو فێستیڤاڵ هەن؛ چاوی ناوخۆ و دەرەوەش هەمووی لەسەر ئەو دوو فێستیڤاڵەیە، بۆیە مانەوەی ئەم فێستیڤاڵانە دەبنە گەرەنتی بۆ مانەوەی سینەما. 
 
پرۆفایلی هەوراز محەممەد:
 
- ساڵی 1983 لەدایک بووە.
 
- بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە سۆسیۆلۆژیا هەیە.
 
- خاوەنی 16 ساڵ ئەزموونە لە کاری نووسینی سیناریۆ و دەهێنانی کورتە فیلم و فیلمی دۆکیۆمێنتاری.
 
- کاری دەرهێنانی بۆ 13 فیلمی دۆكیومێنتاری و 10 فیلمی كورت کردووە.
 
- بەشداریی چەندین فێستیڤاڵی فیلمی ناوخۆیی و دەرەوەی وڵاتی كردووە و خاوەنی 27 خەڵاتە لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا.