جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: هانی پەیوەندیی نێوان سووریا و کورد دەدەین

27-08-2024
سینان تونجدەمیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند: "زۆر هانی پەیوەندی نێوان حکومەتی سووریا و کورد دەدەین. پێمان وایە ئەم پرۆسەیە تاکە رێگەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر کە بۆ کوردیش باش دەبێت". 
 
دیمیتری پۆلیانسکی رۆژی 22ی ئابی 2024، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان "پێویستە لەنێوخۆی سووریادا بڕیاری لەسەر بدرێت". سەبارەت بە پەیوەندیی رووسیا لەگەڵ نەتەوەی کورد بەگشتی دەڵێت: " ئێمە پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینمان لەگەڵ کورد لە سووریا و عێراق هەیە؛ بەردەوامیشین لە پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵیان".
 
هەروەها جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و سووریاش وەڵامی پرسیاری رووداوی دایەوەو گوتی: "هەندێک ئاماژەی زۆر ئەرێنیمان لە سەرکردایەتیی تورکیا و سووریا بینیوە". 
 
دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری نوێنەری رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دوایین پەرەسەندنەکانی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکات و دەڵێت: "ئێستا هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەم نییە، جگە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان لە رێگەی سەربازییەوە". 
 
 
دەقی هەڤپەیڤینی سینان تونجدەمیر لەگەڵ دیمیتری پۆلیانسکی:
 
رووداو: پێمخۆشە لە شەڕی ئۆکرایناوە دەستپێبکەم. لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە کەس نەیتوانیوە هێرش بکاتە سەر رووسیا و داگیری بکات، بەڵام ئۆکراینا ماوەی دوو هەفتەیە چووەتە نێو هەرێمی کورسکەوە. لەوێ چی روودەدات؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: ئەوەی روودەدات جووڵەیەکی کوشندە و گێلانەی پیاوێکی شێتە لەلایەن زیلینسکییەوە. ئەوەی من دەیڵێم زۆر لە شارەزایانی سەربازییش هەمان بۆچوونیان هەیە. لە راستی دا زێلێنسکی ویستی لەو رێگەیەوە سەرنج لەسەر بەرەی رۆژهەڵات لابدات کە بەردەوام خاکی زیاتری تێدا لەدەست دەدات. زیلینسکی هەروەها دەیویست بگاتە وێستگەی کارەبای ئەتۆمی لە کورسک و دواتریش هەندێک پێشنیازی تایبەت بە گفتوگۆمان بە خەونە بەتاڵەکانی پێشکێش بکات؛ هەروەها ویستی ئاراستەی هێزەکانی رووسیا لە بەرەی رۆژهەڵات بگۆڕێت بۆ ئەوەی جۆرێک لە گوشار لەسەر سەربازانی ئۆکراینی لەوێ کەم بکاتەوە. 

 

بەڵام زیلینسکی لە هەردوو ئامانجەکەدا شکستی هێنا، راستە ئەوان توانیان بچنە نێو خاکی وڵاتەکەمانەوە و توانیان ژمارەیەک گوندیش بگرن. ئەوەی ئێستا ئەوان دەیکەن بریتییە لە لەدەستدانی توانای مرۆیی و لەدەستدانی چەکی رۆژئاوا؛ ژمارەی سەربازانی لەدەستدراویشیان زۆرە. هەنگاوەکە نەبووەتە هۆی باشبوونی دۆخی سوپای ئۆکرایناش لە بەرەی رۆژهەڵات. بە پێچەوانەوە، زیلینسکی لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە پسپۆڕانەوە لەنێوخۆی وڵاتەکەی رەخنەی لێ دەگیرێت و پێیدەگوترێت کە بەرەی جەنگی لاواز کردووە و ئێستاش رووسیا خێراتر بەرەو پێشەوە دەچێت؛ هەروەها ئێمە زۆر شوێنمان گرتوون کە ماوەی چەندین ساڵ بوو و لە ساڵی 2014ـەوە زۆر بە باشی تۆکمەکرابوون. هەربۆیە ئۆکراینا لە چەند رۆژی رابردوودا شوێنی گرنگی لە بەرەی شەڕدا لەدەستداوە. بێگومان دەبێت ئۆکراینییەکان خۆیان لەبارەی سەرکەوتن و بیرۆکەی پشت ئەم سەرکێشییە قسە بکەن، بەڵام زۆر روونە کە کۆتاییەکەی بۆ ئۆکراینا باش نابێت.
 
رووداو: پێتوایە ئۆکراینا بێ هاوکاریی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا دەیتوانی ئەم کارە بکات؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: ئەگەرێکی لەو جۆرە زۆر کەمە. بێگۆمان هاوپەیمانە کۆنە رۆژئاواییەکانمان ئێستا هەوڵدەدەن وەک وشترمرخ مامەڵە بکەن و دەڵێن، ئاگایان لەو هێرشە نەبووە و ئۆکراینا بەتەنیا ئەو کارەی کردووە، بەڵام ئێمە دەزانین کە ئۆکراینا توانای ئەوەی نییە بەتەنیا هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بکات، ئەگەر پاڵپشتی نەکرێت، ئیدی هەر لە چەکەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە زانیاری هەواڵگری، پاڵپشتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی و بەکرێگیراوی رۆژئاوایی. هەموو ئەو شتانە لەلایەن رۆژئاواوە دابین دەکرێن. ئۆکراینا بە روونی بووەتە کۆمپانیایەکی سەربازیی تایبەت لە دەستی رۆژئاوادا.
 
رووداو: شەڕەکە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر دەستی پێکرد و ئێستاش بەردەوامە. ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هەردوولا کۆببنەوە و دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ ئاشتی؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: بێگومان دەبووایە ئاشتی هەبووایە و ئاشتیش بەدەست دێت، بەڵام گەورەترین شتەکانیش پشت بە پێکهێنەرە بچووکەکان دەبەستن. وەک دەزانن ئێمە هاتین بۆ ئۆکرانیا بۆ وەستاندنی شەڕێکی دیکە کە لە ساڵی 2014ـەوە بەردەوام بوو. هاتینە ئەوێ بۆ ئەوەی لەنێوبردنی خەڵک لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا رابگرین. هەربۆیە دەبێت ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان بەدەستبێنین. ئامانجەکان زۆر روونن. هەندێک پێشنیازمان بۆ ئۆکراینا کردن. یەکێک لەوان لە ساڵی 2022 لە ئیستەنبووڵ بوو، واتە مانگێک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکە. پێشنیازێکی زۆر باش بوو بۆ ئۆکراینا و شاندەکانی ئۆکراینا خۆیان پێشکێشیان کرد، بەڵام دواتر لەلایەن هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی ئۆکرایناوە دەستوەردان کرا، بەتایبەتی بۆریس جۆنسۆن (سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیا). 
 
جۆنسۆن لەگەڵ زێلێنسکی قسەی کرد و پاڵی پێوەنا بەو خاڵانە رازی نەبێت و ئێستاش زۆر پەشیمانە، چونکە ئەو رێککەوتنە رێگەیەکی زۆر باش دەبوو بۆ ئۆکراینا. بێگومان ئەو رێککەوتنە رێگری لە وێرانکاری، کەوتنەوەی قوربانی و ئەو هەموو شتە دەکرد کە روویاندا، واتە پەسندیان نەکرد. 
 
پێشنیازێکی دیکەمان لە مانگی حوزەیران پێشکێشکرد. سەرۆکی ئێمە بە پشتبەستن بە دۆخی بەرەکانی جەنگ پێشنیازێکی زۆر بەخشندانەی کرد بۆ ئەوەی ئۆکراینا پەسندی بکات. ئێمە هۆشداری ئەوەشمان دا کە هەر کرانەوەیەکی دیکە بۆ ئۆکراینا لەم پێشنیازە باشتر نابێت. ئۆکراینا دەستی بە تاوتوێکردنی کرد و پەیامی جیاوازی لەبارەی دانوستاندنی ئاشتی نارد، ئەوەش هانی زۆر لە هاوبەشە جیهانییەکانمانی دا لە باشووری گۆی زەوی، بەڵام سەرئەنجام رووداوەکەی شاری کورسک روویدا و ئێمەش ئەو رووداوە وا لێکدەدەینەوە کە ئەوان رێگەی زیادبوونی ململانێ هەڵدەبژێرن و بە روونی ئاشتی رەت دەکەنەوە. هەربۆیە ئێستا هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەم نییە، جگە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان لە رێگەی سەربازییەوە.
 
رووداو: دەمەوێت چەند پرسیارێک سەبارەت بە غەززە بکەم. زیاتر لە 10 مانگە شەڕەکە بەردەوامە. پێتوایە ئەنجوومەنی ئاسایش بتوانێت ئاگربەست لە غەززە دروست بکات، چونکە لەم رۆژانەدا رەخنەی زۆر لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەگیرێت و دەگوترێت ناتوانێ کارەکەی کە دابینکردنی ئاشتی و ئاسایشە جێبەجێ بکات؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: لەم بابەتەدا ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن ئەندامێکیەوە کە ئەمریکایە بە بارمتە گیراوە. هەربۆیە کاتێک لەبارەی بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵی ئەنجوومەنی ئاسایش قسە دەکەیت، من هاوڕا نیم لەگەڵت. 14 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەردەوام کاریان کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە.
 
ئەوەی کە پەیوەندی بە رووسیاوە هەیە، ئێمە لە 16ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا یەکەمین رەشنووسمان پێشنیازکرد بەمەبەستی راگەیاندنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ. دەتوانن بیهێننە بەرچاوتان کە ئەگەر ئەو پێشنیازە پەسند بکرایە، ژیانی چەند کەس دەپارێزرا؟ بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان رەتیکردەوە. دەزانی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان 5 جار مافی ڤیتۆی بەکارهێناوە بە مەبەستی پاراستنی ئیسرائیل. دوو رەشنووسیش پەسندکران کە ئاگربەستیان لەخۆگرتبوو، یەکێک لەوان بۆ مانگی رەمەزان بوو، بەڵام دوای پەسندکردنی، نوێنەری ئەمریکا کە لە دانیشتنەکەدا نە دەنگی پێدا و نە رەتیکردەوە، لێدوانێکی دا و رایگەیاند، بڕیارەکە پابەندبوونی تێدا نییە، ئەوەش ئابڕووچوونێکی گەورە بوو لێرە لە نەتەوەیەکگرتووەکان.
 
پڕۆژە بڕیارێکی دیکە بریتی بوو لە پڕۆژە بڕیاری 2735 کە دوایین بڕیاربوو پەسندکرا و ئەو شتەی تێدایە کە بە پلانی ئاشتیی بایدن ناودەهێندرێت، بەڵام ئێمە نە لەگەڵی بووین و نە رەتمان کردەوە، چونکە گوتمان بەڵگەمان نییە لایەنەکان پێوەی پابەند دەبن، سەرەکیترینیان ئیسرائیل. ئەمریکییەکان دەیانگوت کە ئیسرائیل بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لەم پلانە دەکات، بەڵام دەرکەوت کە درۆیە. پێشنیازەکە 10ی حوزەیران بوو و ئێستا 21ی ئابە و تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێکی ئاشتی و رێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دا نییە و دانوستاندنەکانیش بەردەوامن و هەمیشە ئیسرائیل یاساکانی یارییەکە دەگۆڕێت و ئەم دۆخەش  یارمەتی هیچ کەس نادات.
 
هێشتا ئەنجوومەنی ئاسایش بە هیوای ئەنجامی ئەم دانوستاندنانەیە. راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە لە سەرەتاوە هۆشداریمان دابوو، ئەم رەشنووسە پێشنیازکراوە چۆن دەبێت. ئەو رەشنووسە بووەتە تێکدەر و رێگە نادات ئەنجوومەنی ئاسایش هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ سەپاندنی ئاگربەست، بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەر ئیسرائیل دا.
 
هەر بۆیە کاتێک باسی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکەیت، دەبێت جیاوازی بکەیت لەنێوان ئەنجوومەنی ئاسایش و یەک ئەندامی ئەنجوومەنەکە کە بەردەوام هەموو شتێک دەکات بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل و پاراستنی ئەو وڵاتە لە هەر رەخنەیەک و هەموو هەوڵەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشیش تێکدەدات بۆ ئەوەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبێت. ئەمە وێنە دروستەکەیە.
 
رووداو: کاتێک باس لە سووریا دەکرێت، دەتوانن چی بڵێن؟ ئەنجوومەنی ئاسایش دوو پڕۆژەی بۆ سووریا پەسند کرد، بەڵام جێبەجێ ناکرێن. ئایا دوایین پڕۆژە بەسە بۆ ئاشتی لە سووریا یان پێویستە پڕۆژەی دیکە پێشنیاز بکرێت؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: بە پێویستی نابینم بڕیارێکی نوێ بۆ سووریا هەبێت. بۆ نموونە، لە بڕیاری 2254دا هەموو شتێکی پێویست هەیە. ئەو بڕیارە ئەو ئامرازانەمان بۆ دابین دەکات کە پێویستن بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ سووریا کە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە پەسندکراوە. ئێوەش دەزانن کە گفتوگۆکان لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا بەڕێوەدەچن و هەوڵێکی زۆریش دەدرێت.
 
ئێمە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەین؛ هەروەها تورکیا و ئێرانیش بە هەمان شێوە پاڵپشتی لێدەکەن. ئێمە چالاکانە پشتگیری لە پرۆسەکە دەکەین. بەڵام بێگومان قەیرانی سووریا زۆر سەخت و دڵتەزێنە و چارەسەرکردنیشی ئاسان نییە. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کە یەکێتیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی بپارێزرێت. پێمان وایە ئێستا کاتێکی پێویستە بۆ ئەوەی سوورییەکان یەکبگرن و بەرەو پێشەوە بچن.
 
بەڵام لە دیوەکەی دیکەوە تێکدەری زۆر هەن. ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لەو مامەڵەیە بکەین کە وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر حکومەتی سووریا دەیکەن. ئەوان سزای تاکلایەنە و رێکاری بەسەردا دەسەپێنن. ئەوان بەم رێکارانە رێگرییان لەبەردەم باشبوونی دۆخەکە لە سووریا کردووە. دەبێت ئەم راستییە لەبەرچاو بگیرێت.
 
یەکێکی دیکە لە بابەتەکان پەنابەرانی سوورین لە وڵاتانی دراوسێ. بەپێی زانیارییەکانمان، زۆربەیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام ئەوە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا دەبێتە سیناریۆیەکی خراپ. بۆیە وا پیشانی دەدەن کە دۆخەکە لەوێ بۆ گەڕانەوەی پەنابەران باش نییە. ئەوان بەڕاستی رێگە لە گەڕانەوەی پەنابەران دەگرن و کارێک دەکەن کە نەگەڕێنەوە. هەربۆیە بابەتەکە هێندە ئاسان نییە وەک ئەوەی باس دەکرێت، بەڵام زۆر جێگەی نیگەرانییە. لەبەرئەوە پێمان وایە ئەم هەوڵانە کاریگەری نەرێنییان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە سووریا هەیە و ئەم جۆرە سیاسەتەش سەرکۆنە دەکەین.
 
رووداو: دەزانین رووسیا رۆڵێکی زۆر گرنگی لە سووریا هەیە. ئایا رووسیا داوا دەکات کورد و حکومەتی سووریا کۆببنەوە و لەبارەی ئاشتی لە سووریا  دانوستاندن بکەن؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: زۆر هانی پەیوەندیی نێوان حکومەتی سووریا و کورد دەدەین. پێمان وایە ئەم پرۆسەیە تاکە رێگەیە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر کە بۆ کوردیش باش دەبێت. ئێمە پەیوەندییەکی مێژوویی و دێرینمان لەگەڵ کورد لە سووریا و عێراق هەیە؛ بەردەوامیشین لە پاراستنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵیان. هەروەها لە رووسیاش رەوەندێکی زۆر گەورەی کورد هەیە و رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن، واتە ئامادەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پێمان وایە پێویستە لە ئێستاوە کەڵک لەم دەرفەتە وەربگیرێت.
 
رووداو: کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوای ئۆتۆنۆمی دەکات. ئایا رووسیا پشتیوانی لەم داواکارییە دەکات؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: پێم وایە ئەوە پرسیارێکە کە پێویستە لەنێوخۆی سووریادا بڕیاری لەسەر بدرێت. ئەوە شتێکە تەنیا پەیوەندی بە سووریاوە هەیە و پێم وایە پێویستە هیچ کەسێک دەستوەردان لەم بابەتەدا نەکات و بۆچوونیش لەسەر ئەو بابەتە نەدات.
 
رووداو: پێتان وایە مەترسیی داعش لە عێراق و سووریا چەندە؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: زۆر زەحمەتە بڕیار بدەیت، چونکە زانیاری دژ بەیەک لەم بوارەدا هەن. بێگومان داعش هەیە و دەزانین کە راپۆرتەکانی سکرتێری گشتیش دەریدەخەن مەترسی داعش هەیە. شتێکی سەیرە کاتێک باس لە مەترسییەکانی داعش دەکەین، زیاتر گوێمان لەو مەترسییە دەبێت  کە لەو ناوچانەوە دێت کە ئەمریکا بە شێوەیەکی نایاسایی داگیری کردوون. جارێکی دیکە ئەو خاڵە بیردەهێنینەوە کە هاوکارە ئەمریکییەکانمان بە نایاسایی لەوێن بە بیانووی شەڕی داعش و تیرۆر؛ چەندین ساڵ تێپەڕی و هێشتا مەترسییەکە هەر بەردەوامە. ئێمە پێمان وایە ئەمریکا زۆر راستگۆ نییە لەم شەڕەی دژی تیرۆر و وەک بیانوو بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی لە سووریادا بمێنێتەوە، بەبێ رەزامەندی ئەو وڵاتە، بۆ بەتاڵانبردنی سامانە سرووشتییەکەی و رێگەگرتن لە گەڕانەوەی یەکپارچەیی بۆ ئەو وڵاتە.
 
رووداو: ئایا رووسیا چ رۆڵێکی هەیە لە دروستکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیادا؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: ئێمە هانی ئاشتبوونەوەی نێوان سووریا و تورکیا دەدەین و هەندێک ئاماژەی زۆر ئەرێنیمان لە سەرکردایەتیی تورکیا و سووریا بینیوە. پێموایە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندیی هەموو ناوچەکەیە؛ هەروەها لە بەرژەوەندیی تورکیا و سووریادایە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن، چونکە زۆر مەترسی هەن لە شوێنەکانی دیکەوە دێن و هەوڵی ئەم دوو دەوڵەتە لە بەرامبەر ئەم مەترسیانەدا بەهێزتر دەبێت (ئەگەر پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە).
 
رووداو: ئێوە گوتتان پەیوەندیی رووسیا لەگەڵ کورد باشە و ئێمەش دەزانین کە کۆمپانیای رووسی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن. دۆخی پەیوەندییەکان چۆنە؟
 
جێگری نوێنەری رووسیا: پەیوەندییەکانمان لە گەشەکردندان. ئێمە کوردستانی عێراق وەک بەشێک لە عێراق دەبینین و بە روونی و ئاگاداری حکومەتی ناوەندی لە بەغدا کارەکانمان دەکەین. کۆنسووڵخانەی گشتیمان لە هەولێر هەیە و رۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت، واتە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمەکانی وڵاتێک بەو مانایە نایێت ئەو هەنگاوە پێچەوانەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ وڵاتەکە. پێموایە ئەوەش ئەو شێوازەیە لەگەڵ کوردستانی عێراق بەکاری دێنین (بە هەڵە دەڵێ کوردستانی تورکیا- رووداو). دەبینین بەغداش لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستانی عێراق تێدەگات. ئێمە هانی دیالۆگ لەنێوان دەسەڵاتی ناوەندی و کوردستان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ماون کە دەبێت لەنێو دەوڵەتێکدا چارەسەر بکرێن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە