فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەمان لەڕادەبەدەر گرنگە

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رۆژی دووشەممە 26-06-2023ی نێچیرڤان بارزانی بۆ وڵاتەکەی دەڵێت، راوێژکاری وڵاتەکەی "تایبەت ئەو کاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە" و "سەردانێکی لەڕادەبەردە گرنگە."
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی لەگەڵی کردووە، ئەنگێشکا بروگەر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەڵمانیا قسەی کرد و گوتی، "زۆر کۆبوونەوەیەکی گرنگە و هەروەها پێزانینێکی زۆر هەیە بۆئەوەی راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا، تایبەت ئەوکاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ بە مانای ئەوەی کە ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکان و گفتوگۆ کردن، کە گرنگی بە دۆخی شوێنەکە دەدرێت."
 
هەر لەوبارەیەوە، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا گوتیشی، "بە دڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی لەڕادەبەدەر گرنگە، کە هەموومان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەکەین و دڵخۆشین بەو سەردانە."
 
لەبارەی هەڕەشەکانی داعش، بروگەر ئاماژەی بەوە کرد، "هەڕەشەی داعش ماوە، ئەندامەکانیان ماون، ماوە ماوە هێرش دەکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین کۆتاییهاتووە، بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لە ناوچەکە، چالاک بین و هاوکاربین و شتەکان لەبیر نەکەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لەگەڵ ئەنگێشکا بروگەر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی سەوزەکان لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا:
 
رووداو: سڵاو بەڕێز خاتوو ئەنگێشکا بروگەر، سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
ئەنگێشکا بروگەر: بە خۆشحاڵییەوە.
 
رووداو: بەڕێز بروگەر، با پرسیاری یەکەمم لە خەڵکی کوردستانەوە بێت کە بەڕاستی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشەویستییەکی زۆریان بۆ ئەڵمانیا هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەڵمانیا هاوکاریی پێشمەرگەی کرد لە شەڕی دژی داعش. ئێوە پەیوەندیی کوردستان و ئەڵمانیا و هەروەها لەسەر ئاستی سیاسی لەگەڵ پارتی سەوزەکان چۆن دەبینن؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: پەیوەندییەکان زۆر زۆر چڕوپڕن، چونکە زۆر بەها هەن کە ئێمە یەکدەخەن، هەروەها من وەکو جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەوزەکان بەرپرسیارم لە تەواوی سیاسەتی نێودەوڵەتیی سەوزەکان، بە زەحمەت خەڵکی هەرێمێکم بینیوە کە هێندە بەشدارن لە سیاسەتی پارتی سەوزەکان لەسەر ئاستی گەنجانی سەوزدا لەسەر پەرلەمانی هەرێمەکان، هەروەها وەکو ئەندامانی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ، بەڕاستی پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە و هاودەنگییەکی زۆر باش هەیە و بەرژەوەندییەکی هاوبەشمان هەیە، ئەوەش هەمیشە گەنجینەی گەورەیە بۆ ئێمە. زۆر کورد سەردانمان دەکەن و گفتوگۆی زۆر دەکەین. ئاگاداری دۆخەکەین و دەمانەوێت لە کێشەی خەڵکی ناوچەکە ئاگاداربین و گرنگە لامان، هەروەها زۆر شت هەن نیگەرانمان دەکات و ئێمە دەمانەوێت هاوکار بین بۆ چارەسەرکردنیان.
 
رووداو: بەڕێزتان ئاگادارن وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی کوردستانی کرد و لە شنگال لە نزیکەوە لەگەڵ کوردانی ئێزدی کۆبووەوە. پاش ئەوەی ئەڵمانیا ئەو کۆمەڵکوژییەی بە جینۆساید ناساند، ئێوە دەتانەوێت بە جیددی چی بکەن بۆ کوردانی ئێزدی؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: بەڵێ، تەنیا بەو شتە هەموو شتێک چارەسەر ناکرێت، هەرچەندە ئەم هەنگاوە هێندە گرنگ بوو، تەنانەت لە ماوەیەکی تاڕادەیەک کورتدا دوای ئەو تاوانە گەورەیە زۆر روون بوو بۆ پەرلەمانی ئەڵمانیا کە دەبێت وەکو کۆمەڵکوژی بیناسێنێت، هەموو پارتەکان بە یەکگرتووییەکی گەورەوە دەنگیان دا، بەڵام بێگومان ئەوە تەنیا کردەوەیەکی رەمزی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی و پابەندبوونێکیش دروست دەکات. لە داواکارییەکەدا تەنیا باس لە دانپێدانان ناکەین، بەڵکو پەیوەندیی بە پشتگیریی زیاترەوە هەیە، زۆر کەس هێشتا بەدەست ئەو تاوانە باوەڕپێنەکراوەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە پشتیوانییە. هێشتا زۆر کەس ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکانن. چارەنووسیان هێشتا نادیارە. ئاسۆی ژیانی ئەم کەسانە هێشتا روون نییە و گرنگترین شت ئەوەیە هەمیشە هۆشیار بکرێنەوە، بەڵام دواتر هاوکارییان بکرێت بە شێوەیەکی زۆر کردەیی. هەروەها وەکو بینیمان وەزیری دەرەوە کاتێکی زۆری لە گەشتەکەیدا تەرخانکرد بۆ کوردستان. ئەوە نیشانەیەکی گەورەیە بۆ هاودەنگی و هاوسۆزی؛ بەڕاستی ئەو سێ رۆژ مایەوە و خۆی هەندێکجار لە ماوەی سێ رۆژدا سێ وڵات دەگەڕێت، بەڵام ئەوە تەنانەت وەکو ئەندامێکی ئاسایی پەرلەمان، پێشتریش زۆر پابەند بووە بە پرسی ژنانەوە و خۆی بە دڵ و بە گیان بۆ ئەو پرسانە کات تەرخان دەکات، کە مەبەستی هاوکاریکردنێکی جیدییە.
 
رووداو: باشە، بەڵام پارتەکەی بەڕێزتان دەیەوێت ئێستا چی بکات بۆ کوردانی ئێزدی، بۆ ئەوەی چیدیکە لە کەمپەکاندا ژیان بەسەرنەبن بەڵکو بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ یەکەم هەنگاوتان چییە؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: پێویستە گفتوگۆی جیدی بکرێت، لەوانەش گفتوگۆی رەخنەگرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق، چونکە لە کۆتاییدا کۆمەڵێک کێشە هەن کە دەبینن؛ ئەمەش هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە، ئەم نیگەرانییەش زۆر رەوایە؛ دەبینین لە باکووری عێراقەوە، لە کوردستانەوە، کە بەڕاستی دەبێت چارەسەر بکرێن. بۆ نموونە ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیی بە پرسەکانی دابەشکردنەوە هەیە و هەروەها سەبارەت بە ئاشتەوایی و رێکارەکانی چاودێریکردنی مرۆڤەکان و پاراستنیان، چونکە باوەڕم وایە ئەگەر لێرەدا هیچ نەکەین و بە لایەکی دیکە سەیر بکەین، چونکە زۆر قەیرانی دیکە لە جیهاندا هەن، ئەوا یەکەمجار ئێمە نادادپەروەری لەگەڵ خەڵک دەکەین و لە لایەکی دیکەوە ئەو ئازارە بێ ئەندازەیە لەبیر دەکەین کە ئەوان ئەزموونیان کردووە. هەروەها زەمینەسازی دەکەین بۆ زیادبوونی کێشە و قەیرانی زیاتر، بۆیە ئەڵمانیا پشتگیریی ئەو خەڵکانە دەکات و دەیەوێت بە جیدی هاوکاری پێشکێش بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
 
رووداو: بەڕێز بروگەر، ئێوە لەو باوەڕەدان کە هێشتا داعش مەترسییە و دەبێت هاوپەیمانیی نێودەڵەتی دژی داعش بەردەوام بێت؟ پارتەکەی ئێوە و ئەڵمانیا دەتانەوێت بەردەوام بن لە هاوکاریی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: بەڵێ، کێشەی داعش لەژێر ناوی دەوڵەتی ئیسلامی نەماوە، ئەوە نەما، لەبەر ئەوەی بە خۆشحاڵییەوە پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە رووبەڕوویان بوونەوە و دەریانکردن و ئەو ناوچانەی داگیریان کردبوون، لێیان سەندنەوە؛ بەڵام لە کۆتاییدا هەڕەشەی داعش ماوە، ئەندامەکانیان ماون، ماوە ماوە هێرش دەکەن، بۆیە ناتوانین بڵێین کۆتاییهاتووە، بە پێچەوانەوە دەبێت ئێمە پێکەوە بەردەوام بین لە کارکردن لە ناوچەکە، چالاک بین و هاوکاربین و شتەکان لەبیر نەکەین.
 
رووداو: وەکو بەڕێزتان ئاگادارن، رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە. ئێوە ئەم کۆبوونەوە چۆن دەبینن، چەند گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و هەروەها بۆئەوەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن و ئەڵمانیا بتوانێت زیاتر پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بکات؟ هەروەها نێوەندگیری بکات لەنێوان هەولێر و بەغدا؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: زۆر کۆبوونەوەیەکی گرنگە و هەروەها پێزانینێکی زۆر هەیە بۆئەوەی راوێژکاری فیدراڵیی ئەڵمانیا، تایبەت ئەوکاتە تەرخان دەکات بۆ ئەو کۆبوونەوەیە؛ بە مانای ئەوەی کە ئێمە بەردەوامین لە پەیوەندییەکان و گفتوگۆ کردن، کە گرنگی بە دۆخی شوێنەکە دەدرێت. هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانی کەشوهەوا و دڕندەیی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، چونکە کێشەکان دوورن لە چارەسەر، خەڵک هێشتا پێویستیان بە پشتیوانی و یارمەتییە و بە دڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی لە رادەبەدەر گرنگە، کە هەموومان بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوەڕێی دەکەین و دڵخۆشین بەو سەردانە.
 
رووداو: باشە پرسیارێکی دیکەم ئەوەیە، هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی ئابووریی خراپدایە و گەنجەکانی زۆر هەوڵدەدەن کۆچ بکەن. بەهۆی سکاڵای حکومەتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرا، خەڵک بێومێدە، بەغدا هەوڵی بچووککردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان دەدات، ئێوە چۆن دەتوانن بەردەوام بن لە هاوکاری و نێوەندگیری بۆئەوەی گەنجی کوردستان بێ ئومێد نەبن؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: ئەڵمانیا ناوبانگێکی زۆر زۆر باشی هەیە لە ناوچەکەدا، بە گشتی و بێگومان پەیوەندییەکی چڕوپڕی لەگەڵ حکومەتی عێراقیشدا هەیە، ئەم پرسیارانەش رۆڵیان هەیە دووبارە و سێبارە و دەبێت حکومەتی ناوەندیی عێراق لە ئاست بەرپرسیارێتیی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی بەڕاستی ئاشتەوایی لە وڵاتدا بتوانێت سەرهەڵبدات، بۆئەوەی هەموو کەسێک هەست بەوە بکات کە لێرەدا دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بۆئەوەی گەنجان بەتایبەتی، ئاسۆی ژیانیان هەبێت لە وڵاتی خۆیاندا، چونکە ئێمە نەک تەنیا بەرپرسیارێتیمان هەیە، بەڵکو ئەو رووداوانەش لەبەرچاو دەگرین کە روویان داوە. هەروەها لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە کە خەڵک یارمەتیی بدرێت بۆئەوەی لەو شوێنە بمێننەوە کە دەیانەوێت؛ ئەویش زێدی خۆیانە. بێگومان بڕیارنامەکە پێشنیازی پشتگیریی زۆر کۆنکرێتی دەکات و دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی تەواوی ئەو کێشانەی هەن سەبارەت بە پرسی پەنابەران و هاوکاریکردنیان. نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنیا جێناهێڵدرێت لەو پرسەدا، بەڵکو ئەوە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە. هەروەها ئەڵمانیاش بەرپرسیارێتیی هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتگیریکردنمان لێرە و ئەمانە ئەو شتانەن کە بەڕاستی لەنێو پەرلەمانەوە پێوەی سەرقاڵین.
 
رووداو: باشە ئەی پەیوەندیی پارتەکەی ئێوە و هەرێمی کوردستان چۆنە؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: ئەو پەیوەندییە زۆر زۆر چڕوپڕە، چونکە بەڕاستی زۆر هاوکارم هەیە کە گەشت دەکەن بۆ ئەو هەرێمە، هەست بە پەیوەندییەکی زۆر دەکەن، ناتوانن واز لەم بابەتانە بهێنن، چونکە زۆر کەس دەناسن لەوێن هاوبەشییان هەیە لەگەڵیاندا، لە مافی مرۆڤەوە بگرە تاوەکو داهاتووی ئەو هەرێمە و هەروەها رۆڵی ژنان. هەربۆیەش ئەم ناوچەیە بە تایبەتی بۆ ئێمە گرنگە و لە ناخی دڵماندایە.
 
رووداو: پارتەکەی ئێوە چۆن دەڕوانێتە پرسی کورد لە تورکیا و ئایا چۆن کاری لەسەر دەکەن؟
 
ئەنگێشکا بروگەر: بێگومان ئەوەش هۆکارێک بوو بۆئەوەی وەزیری دەرەوە پەیامی زۆر روونی هەبێت لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا، هەمیشە دژی ئەو تووندوتیژییەیە کە هەیە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. بێگومان ئەوەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێمە بەردەوام دەبین لە چارەسەرکردنی ئەم بابەتە و هەر ئەمەش وایکرد؛ بۆ نموونە هەناردەکردنی چەک بۆ تورکیا رابگرین، چونکە کاتێک حکومەتێک بەو جۆرە هەنگاو بەرامبەر بە خەڵکی خۆی دەگرێتەبەر، ناتوانرێت لەلایەن ئەڵمانیاوە لەو بوارەشدا پشتیوانیی لێبکرێت.
 
رووداو: بەڕێز خاتوو بروگەر، زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.