رۆبێرت فۆرد: کورد هەتا زووتر هەڵوێستێکی یەکگرتووی هەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە و دیمەشق باشترە

 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دەڵێت: پێویستە لایەنە کوردییەکانی سووریا یەکگرتووبن بۆ بەدەستخستنی مافەکانیان لە ئایندەی ئەو وڵاتە و باس لەوەش دەکات کە نابێت بەرپرسانی قەندیل هیچ رۆڵێکی سیاسی و سەربازییان لە سووریا هەبێت.
 
رۆبێرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا گەورەیە و چەندین بەشی هەیە، پەیەدە و میلیشیای یەپەگەش بەشێکن، بەڵام ئەوان تەنیا بەش نین و پارتی سیاسی دیکەی کوردی لە سووریا هەن، هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو بەشەی سووریا هەن، هەتا زووتر پێکەوە کۆببنەوە و هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت تاوەکو لەگەڵ تورکیا و دیمەشق گفتوگۆ بکەن باشترە.
 
گوتیشی: ئەمریکا دەبێت هەوڵ بدات تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هەسەدە قایل بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن، من زۆر بە قسەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرسام بووم کە چەند رۆژێک پێش ئێستا گوتی کێشەی تورکیا لەگەڵ کوردی سووریا لەگەڵ کورد نییە بەگشتی بەڵکو هەبوون و رۆڵی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە کە لە قەندیلەوە هاتوون و لە ناوچە کوردییەکانی سووریان لە باکوور... پێویستە راشکاوبین لەمبارەیەوە. ئەوان رۆڵێکی سەرکردایەتییان هەیە و ئەو خەڵکانەی من لە هەرێمی کوردی سووریا قسەیان لەگەڵ دەکەم دەڵێن کەسەکانی قەندیل رۆڵێکی زۆر بەهێزیان هەیە و زۆرجار راستەوخۆ لە پشتی رووداوەکانەوەن، پێموایە ئەمە تورکەکان زۆر ناڕەحەت دەکات بۆیە کاتێک باسی گفتوگۆ دەکەین لەنێوان تورکیا لەلایەک و هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە لایەکی دیکە، ئەوا دوو خاڵ روونن، یەکەمیان ئەوەیە کەسانی قەندیل ناتوانن رۆڵیان لە گفتوگۆکاندا هەبێت، هەروەها نابێت پێشبینی ئەوە بکەن کە هیچ پێگەیەکی دەسەڵاتیان هەبێت، جا دەسەڵاتی سیاسی یان دەسەڵاتی سەربازیی بێت."
 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رۆبێرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا:
 
رووداو: شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکامان لە دیمەشق بینی، ئەوان لەگەڵ جۆلانی کۆبوونەوە کە ئێستا ناوی بووەتە ئەحمەد شەرع و لەسەر لیستی تیرۆری ئەمریکایە، چۆن لەمە دەڕوانێت؟
 
رۆبێرت فۆرد: دوو خاڵم هەیە لەمبارەیەوە، یەکەم دەستەی تەحریری شام لە ساڵی 2012وە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکانی ئەمریکایە، من سەرکردایەتی هەوڵەکانم کرد بۆ ئەوەی بخرێنە لیستی تیرۆرەوە کاتێک باڵیۆزی ئەمریکا بووم و لە سووریا کارم دەکرد، بەڵام لە حەوت یان هەشت ساڵی رابردوودا زەحمەتە کە پاساوی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی ئێستا دەستەی تەحریری شام بخرێتە ئەو لیستەوە، ئەوەی لە 2012 کردی و پەیوەندییەکانی بە قاعیدەوە لە عێراق جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ئێستا هەیە لە 2024، پێموایە کۆبوونەوەکە لەنێوان بەرپرسانی ئەمریکا لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ناساندنی ئەوەیە کە هەم شتێک لە دەستەی تەحریری شام گۆڕاوە و هەم ئەحمەد شەرع یاریکەرێکی سیاسی گرنگە لە ئاییندەی سووریا.
 
رووداو: کاتێک تۆ سەرکردایەتی هەوڵەکانت کرد بۆ دانانی دەستەی تەحریری شام و سەرکردەکەی لە لیستی تیرۆر، ئایە خاڵە سەرەکییەکان و بەڵگەکان چی بوون کە وایانکرد تۆ سەرکردایەتی ئەو هەوڵە بکەیت؟ 
 
رۆبێرت فۆرد: تۆ وشەی بەڵگەت بەکارهێنا و ئەوەش وشەیەکی گرنگە بۆ پارێزەرە ئەمریکاییەکان، چونکە ئەمە بڕیاڕێکی یاساییە لەناو حکومەتی ئەمریکا، ئەو بەڵگانەی ئێمە هەمانبوون زۆر روون بوون لەبارەی پەیوەندییە راستەوخۆکانی ئەحمەد شەرع لەگەڵ ئەلقاعیدە لە عێراق، کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەبو موسعەب زەرقاوی کاری کردبوو، دواتر لەگەڵ ئەیاد بەغدادی کاری کردبوو، دڵنیام زۆر کەس دەزانن ئەو خەڵکانە کێن، ئینجا رێکخراوی دەستەی تەحریری شام لەو کاتەدا ناوێکی جیاوازی هەبوو، ناوی 'جەبهەی نوسرە' بوو، ئەوان چەندین هێرشیان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدا کە زۆر کەسی سیڤیلیان لە سووریا کوشت، بە تایبەتی لە باکوور لە دەوروبەری حەلەب و ئەو ناوچەیە، بۆیە بەهۆی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ ئەلقاعیدە لە عێراق و ئەوەی کە ئەوان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو هێرشیان دەکرد هەروەکو ئەلقاعیدە لە عێراق، ئێمە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2012 ئەوانمان خستە لیستی تیرۆرەوە.
 
رووداو: دەرکردنی گرووپێکی تیرۆریستی یان کەسێک لەو لیستە، ئەمە لە ئەمریکا چۆن دەکرێت، پێویستە چی بکرێت؟ دەبێ کێ ئەو بڕیارە بدات، ئایە دادوەرەکان یان سەرۆک بڕیارەکە دەدەن؟ ئایا پرۆسەیەکی ئاسانە؟
 
رۆبێرت فۆرد: حەزم لەم پرسیارەیە، ئەمە بڕیارێکی یاساییە، بەڵام ناچێتە بەردەم دادگە بەڵکو بڕیارێکی یاساییە لەنێو حکومەتی ئەمریکا، بۆیە جارێکی دیکە دەبێت هەروەکو گوتت بەڵگە بەکاربێت، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی دیکەی حکومەتی ئەمریکا، بە دیاریکراوی وەزارەتی گەنجینە بەڵام هەروەها سی ئای ئەی، هەروەها کۆمەڵگەی هەواڵگری، هەموویان پێکەوە تەماشای بەڵگەکان دەکەن لەبارەی دەستەی تەحریری شام، بۆ نموونە لە حەوت هەشت ساڵی رابردوودا، تەماشای هەڵسوکەوتی ئەم دواییانەیان دەکەن کە چییان کردووە، ئینجا پێشنیازێکی یاسایی بۆ سەرۆکی ئەمریکا بەرزدەکەنەوە، ئینجا سەرۆک و کۆشکی سپی لە کۆتاییدا بڕیار دەدەن کە ئایا پاساوە یاساییەکان بەهێزن یان نا، دواتر پۆلێنکردنیان وەکو تیرۆریست هەڵدەگیرێت.
 
رووداو: گۆڕینی هەڵسوکەوت لە چەند ساڵی رابردوودا لەلایەن جۆلانی کە ئێستا پێی دەگوترێت ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریری شام، ئایە ئەمە واتای ئەوەیە ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا لەسەریان هەیەتی، بۆ نموونە تۆ باسی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و کوشتی خەڵکی سیڤیلت کرد، ئایە واتای ئەوەیە هەموو ئەو تۆمەتانە نامێنن؟
 
رۆبێرت فۆرد: ئەگەر دەستەی تەحریری شام بۆ نموونە جارێکی دیکە ئەمڕۆ یان سبەی بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە سووریا هێرش بکاتە سەر خەڵکی سیڤیل، کە هیوادارم کە ئەوە نەکەن، بەڵام ئەگەر بیکەن ئەوا بێگومان بە دڵنیاییەوە ئەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر توانای پارێزەرەکان تاوەکو پاساو بدۆزنەوە کە ئایە دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر بمێنێتەوە یان نا، بەڵام هەروەها دەبێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم کە ئەمریکا لە هیچ هەلومەرجێکدا بیر لەوە ناکاتەوە دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر لابدات ئەگەر کاری تیرۆریستی لە وڵاتێکی دیکەدا بکات، ئیتر ئەگەر ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بێت یان لە دەرەوەی ناوچەکە، لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان ئەگەر رێگە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دیکە بدات کە سنوورەکانی سووریا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، بۆیە تەنانەت ئەگەر دەستەی تەحریری شام خۆیان نەبن کە هێرشە تیرۆریستییەکە دەکەن و گرووپێکی دیکە بن، بەڵام بە رەزامەندی و رێگەپێدانی دەستەی تەحریری شام بێت کە ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکرێت، ئەوا پێموایە ئەگەرێکی دوورە کە واشنتن رێکخراوەکە لە لیستی تیرۆر دەربکات.
 
رووداو: لە تێڕوانینی خۆتەوە داهاتووی سووریا لە چەند ساڵی داهاتوودا چۆن دەبێت؟ چەند هەفتەیەکی دیکە سەرۆک ترەمپ دەگەڕێتەوە سەرۆکایەتی و وا دەردەکەوێت کە تورکیا ئێستا یاریکەرێکی سەرەکییە لە سووریا کە ترەمپیش وەکو دیارە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەردۆغاندا هەیە، وەکو بینیشمان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە، هەروەها نیگەرانییەکیش هەیە، کە دوولایەنەیە، لەلایەک دێپلۆماتکاران و وڵاتانی رۆژئاوا وا دیارە بەشێوەیەک خۆشحاڵن بەو راگەیێندراو و بەڵێنانەی لە دیمەشقەوە لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە دێن لەبارەی مافەکان و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین، کە ئەمانە هێشتا تەنیا لەسەر کاخەزن.. لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانی هەیە لەبارەی پاشخان و ئایدیۆلۆژیای ئەم گرووپە کە رەنگە ئەمەی ئێستا تەنیا قۆناخێکی راگوزەر بێت و بەشێوەیەک لە داهاتوودا لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور رەنگە بیری خۆیان بەو پاشخانە ئیسلامییەی هەیانە بخەنە نێو دەستوورەوە و سنوور بۆ ئازادییەکان دابنێن، سووریا لەم کۆنتێکستەدا چۆن دەبینیت؟
 
رۆبێرت فۆرد: من ساحیر نیم و داهاتووی سووریا نابینم بەڵام چەند خاڵێک لەبارەی سیاسەتی ئەمریکاوە هەن بەرامبەر بە سووریا کە من دەیکەمە دوو بەش، رۆژهەڵات و رۆژئاوای سووریا. 
 
لە بەشی رۆژئاوای سووریا کە حکومەت لە دیمەشق و داهاتووی حکومەتی سووریا لەخۆدەگرێت، ئیدارەی بایدن ئێستا هەوڵ دەدات کاریگەریی بخاتە سەر حکومەت و ئەحمەد شەرع و گرووپە چەکدارەکان تاوەکو دەست بە راوێژکردن لەگەڵ ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکەی سووریا بکەن، وەکو پارتە سیاسییەکان و گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و گرووپە ئایینییەکان، کە بێگومان هەر لەناو ئەمەدا دەبێت کۆمەڵگەی کوردی لە رۆژهەڵاتی سووریا بەشێک بن لەم دیالۆگە کە پێویستە ئێستا بکرێت، من دڵنیام کە ئەمریکییەکان لە دیمەشق جەختیان لەو خاڵە کردووەتەوە ئەمە بەشێکە لە سیاسەتی ئەمریکا، بەڵام نازانم ئایە ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ دێپلۆماتییەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتی سووریا بەهۆی ئەوەی گرووپی تیرۆریستین، بەڕاستی ئەوە نازانم، وای دەبینم کە تیمی ترەمپیش هێشتا ئەوە نازانن.
 
ئینجا پرسیارێکی جیاواز هەیە کە داهاتووی رۆژهەڵاتی سووریا و داهاتووی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە لە رۆژهەڵاتی سووریا، پێموایە لەوێدا دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە ئیدارەی ترەمپ بیەوێت رێککەوتنێک لەنێوان تورکیا لەلایەک و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەلایەکی دیکە ببینێت لەبارەی داهاتووی هێزەکانی سووریا دیموکرات و حوکمڕانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، جێی سەرسوڕمان دەبێت بۆ من کە ببینم ترەمپ بیەوێت بۆ چوار ساڵی دیکە دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە سووریا بهێڵێتەوە، بەڵام پێموایە کە زۆریش پەلەی نییە بۆ کشاندنەوەیان.
 
رووداو: باسی کوردت کرد، بە شێویەکی سەرەکی دوو لایەن هەن، هەسەدە، هەروەها ئەنجوومەنی کوردی هەیە، ئەنەکەسە، کە چەترێکە ژمارەیەک پارتی سیاسی لەخۆدەگرێت کە بەشێوەیەک پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیا و ئۆپۆزسیۆن لە سووریا هەیە، هەروەها هەسەدە و پەیەدە هەن کە پێموایە تۆ خۆت باش بەوان و تێڕوانینە سیاسییەکەیان ئاشنایت، تاوەکو ئێستا ئەوەی کە دەیزانم ئەوەیە ئەم دوو لایەنە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی لانی کەم یەکبگرن تاوەکو وەکو یەک شاندی کوردی بچنە دیمەشق و باسی مافی کورد و داهاتووی رۆژئاڤا لە سووریا بکەن، بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا کورد لە سووریا پشتیان بە ئەمریکا بەستبوو وەکو گەرەنتییەک بۆ ئەوەی لە رووی سیاسییەوە رۆڵی هەبێت نەک تەنیا سەربازیی، پێتوایە لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا کوردەکان دەتوانن ئەو دڵنیاییەیان بەرامبەر بە ئەمریکا هەبێت کە دەتوانن لە رووی سیاسییەوە پشتی پێ ببەستین، تۆ دەزانیت لە 2005 لە عێراق کاتێک دەستوور نووسرایەوە ئەمریکا رۆڵێکی گەورەی هەبوو و کاریگەری لەسەر زۆر لایەنی سیاسی هەبوو، پێتوایە هەمان شت لە سووریا لە سەردەمی ترەمپدا روودەدات؟
 
رۆبێرت فۆرد: ئەمە پرسیارێکی زۆر نایابە، دوو خاڵ بە خێرایی باس دەکەم، یەکەمیان، هەرچەندە تۆ پرسیارت نەکرد ئایە ئامۆژگاریم چییە بەڵام بەهەرحاڵ هەر دەیدەم...
 
رووداو: بێگومان دوای ئەم پرسیارە لێت دەکەم، پرسیاری دوای ئەمەم لەبارەی ئامۆژگاریت دەبێت، بەڵام دەتوانێت یەکیبخەیت...
 
رۆبێرت فۆرد: پێموایە تۆ قسەیەکی زۆر گرنگت کرد کە حەز دەکەم جەختی لێ بکەمەوە کە ئەوەیە، کۆمەڵگەی کوردی لە سووریا کە گەورەیە و چەندین بەشی هەیە، پەیەدە و میلیشیای یەپەگەش بەشێکن، بەڵام ئەوان تەنیا بەش نین و پارتی سیاسی دیکەی کوردی لە سووریا هەن و تۆ ئاماژەت بە ئەنەکەسە کرد، هەروەها گرووپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو بەشەی سووریا هەن، هەتا زووتر پێکەوە کۆببنەوە و هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت تاوەکو لەگەڵ تورکیا و دیمەشق گفتوگۆ بکەن باشتر، هەتا زووتر بێت باشترە، ئەمە شتێک نییە کە ئەمریکا بتوانێت کۆنترۆڵی بکات بەڵام پێموایە بۆ ئەمریکاییەکان شتێکی چاک دەبێت کە ئەو ئامۆژگارییە بە دۆستەکانیان لە هەرێمی کوردی سووریا بدەن.
 
خاڵی دووەم، لەبارەی ئەوەی ئەمریکا رۆڵێکی هەبێت هاوشێوەی ئەوەی لە عێراق هەیبوو، من خۆم لە 2005 لە عێراق بووم لە کاتی گفتوگۆکانی نووسینی دەستوور، ئەوکات لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کارم دەکرد. رۆڵی ئەمریکا لە عێراق ئەو کاتە زۆر زۆر جیاواز بوو لەگەڵ رۆڵی ئەمریکا ئەمڕۆ لە 2024 لە سووریا. 
 
ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی گرت نەک سوپای ئەمریکا، هەروەها هێزی سەربازیی گەورەی ئەمریکا لە دیمەشق یان لە نزیکی دیمەشق نییە، پێویستە ئەمە دانوستاندنێک بێت لەنێوان سووریاییەکان لە هەموو بەشە جیاوازەکانی وڵاتەکەوە، پێموایە وڵاتانی رۆژئاوا بە ئەمریکاوە، هەروەها وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکە دەتوانن رۆڵێکی یارمەتیدەریان هەبێت کە هانی سووریاییەکان بدەن تاوەکو دیالۆگێکی جیددی و قووڵیان هەبێت، گفتوگۆی جیددیان هەبێت و هەموو لایەنەکان ئامادەبن هێڵە سوورەکانیان پێشکەش بکەن و پێویستە ئامادەی سازشکردنیش بن تاوەکو بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی بە کۆدەنگی لەبارەی دەستوور، پێموایە هەڵەیەکی گەورە کە ئەمریکاییەکان لە عێراق کردیان ئەوەبوو سووربوون لەسەر ئەوەی ئەو عێراقییانەی گفتوگۆیان لەسەر دەستوور دەکرد پەلە بکەن و پەلە بکەن، ئێمە کاتی پێویستمان بە دانوستانکارە عێراقییەکان نەدا تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک بە کۆدەنگی، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی، هەرچەندە زۆر هۆکار هەن، بەڵام یەکێکە لە هۆکارەکانی کێشەکانی دوای 2005 لە عێراق.
 
رووداو: لەبارەی ئامۆژگارییەکەت، بەتایبەتی کە ئێستا تورکیا و سەرۆک ئەردۆغان، بۆ نموونە سەرۆک ئەردۆغان لە قاهیرە بوو و کاتێک گەڕایەوە بۆ تورکیا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی دەبێت داعش و پەکەکە لە سووریا لەناوببەین، کاتێک دێتە سەر بابەتی تیرۆریزم تورکیا داعش و هەسەدە پێکەوە پۆلێن دەکات، هەروەها دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا شاری منبج لە رۆژئاوای فورات لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریاوە گیرا، کە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی گرێدراوی تورکیان، زیاتر لە دەستەی تەحریری شام، ئێستاش کۆبانێ لەژێر هەڕەشەدایە، تورکیا هەوڵدەدات پەلە بکات و پێش 20ی کانوونی دووەم کە ترەمپ سەرۆکایەتی وەردەگرێت، واقعێک لەسەر زەوی دروست بکات، پێتوایە هیچ ئەگەرێک هەیە کە دانوستاندن لەنێوان تورکیا و هەسەدە هەبێت، چەند رۆژێک پێش ئێستا من لە دەوحە بووم، لەوێ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیام بینی و پرسیارم لێکرد ئایە تورکیا لەژێر هیچ هەلومەرجێکدا دانوستاندن لەگەڵ هەسەدە دەکات؟ گوتی نەخێر، گوتی وەڵامە کورتەکە نەخێرە، بەڵام ئەوەشی گوت مەگەر خۆیان بگۆڕن..، بۆیە پێتوایە ئەگەری دانوستاندن هەیە؟ ئەمریکا دەتوانێت لە دوای 20ی کانوونی دووەم کاریگەریی لەسەر تورکیا هەبێت تاوەکو دانوستاندن لەنێوان تورکیا و هەسەدە هەبێت؟
 
رۆبێرت فۆرد: پێموایە ئەمریکا دەبێت هەوڵ بدات تورکیا و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هەسەدە قایل بکات بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن، دەبێت ئەوە بکەن.. من زۆر بە قسەیەکی مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرسام بووم کە چەند رۆژێک پێش ئێستا گوتی کێشەی تورکیا لەگەڵ کوردی سووریا لەگەڵ کورد نییە بەگشتی بەڵکو هەبوون و رۆڵی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەیە کە لە قەندیلەوە هاتوون و لە ناوچە کوردییەکانی سووریان لە باکوور... پێویستە راشکاوبین لەمبارەیەوە، ئەوان رۆڵێکی سەرکردایەتییان هەیە و ئەو خەڵکانەی من لە هەرێمی کوردی سووریا قسەیان لەگەڵ دەکەم دەڵێن کەسەکانی قەندیل رۆڵێکی زۆر بەهێزیان هەیە و زۆرجار راستەوخۆ لە پشتی رووداوەکانەوەن، پێموایە ئەمە تورکەکان زۆر ناڕەحەت دەکات بۆیە کاتێک باسی گفتوگۆ دەکەین لەنێوان تورکیا لەلایەک و هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە لایەکی دیکە، ئەوا دوو خاڵ روونن، یەکەمیان ئەوەیە کەسانی قەندیل ناتوانن رۆڵیان لە گفتوگۆکاندا هەبێت، هەروەها نابێت پێشبینی ئەوە بکەن کە هیچ پێگەیەکی دەسەڵاتیان هەبێت، جا دەسەڵاتی سیاسی یان دەسەڵاتی سەربازیی بێت، ئەوە دەبێت کۆتایی پێ بێت، ئەمە کێشەیە بۆ کۆمەڵگەی عەرەبی سووریاش لە شوێنی وەکو حەسەکە و دێرەزوور و کێشەیە لەگەڵ تورکیاش، ئینجا دێینە سەر ئەو پرسیارەی تورکیا لەگەڵ کێ گفتوگۆ بکات؟ لێرەدا دەبێت ئەو کوردە سووریاییانە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا بدۆزنەوە کە گرێدراوی کەسەکانی قەندیل نین، رەنگە بۆ ئەوە پێویست بکات کەمێک بگەڕێن بەڵام دەتوانن خەڵک بدۆزنەوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتییەکی گەورەیە و پێموانییە هەموو کەسەکان لەوێ ئەندامانی پەکەکەن، بۆیە ئەمە کەمێک کاتی دەوێت و پێموایە پێویستە ئەمریکا هانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بدات شاندێک ئامادە بکەن تاوەکو بچن و قسە لەگەڵ تورکیا بکەن.

 

لێرەدا دوو پرسیاری گەورە هەن، یەکەمیان ئەوەیە کێ ئیدارەی ئەو بەشەی وڵاتەکە دەدات بە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ دیمەشق؟ جێی سەرنجیشە بۆ من کە دیمەشق گوتی پێویستە حکومەتی خۆجێی لە حەلەب و حکومەتی خۆجێی لە حەما و حکومەتی خۆجێی لە سوەیدا و حکومەتی خۆجێی لە دیمەشق بمێننەوە، تێناگەکم بۆچی ناکرێ حکومەتی خۆجێی لە قامشلو یان حەسەکەش بمێنێتەوە، سەیرە ئەگەر وا نەبێت. پێموایە پێویستە سووریاییەکان ئەو هەڵوێستە بۆ تورکەکان روون بکەنەوە... بەڵام شتێکی زۆر جیاوازە کە خەڵک لە قەندیلەوە لە پێگەی باڵای سیاسی و سەربازیدا بن. ئەوە پرسیارێکی جیاوازە.
پێویستە سووریاییەکان بڕیاڕێک بدەن و ئینجا لەگەڵ تورکیا گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.