وەزیرێکی بەریتانیا پەیامی بۆ ئەو گەنجانە هەیە کە دەیانەوێت لە کوردستانەوە بە قاچاخ بچنە وڵاتەکەی

رووداو دیجیتاڵ

تۆم توگێنتهات، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا، دوای ئەوەی سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەوێ کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لەرێگەی رووداویشەوە باسی ناوەڕۆکی کۆبوونوەکانی کرد.
 
تۆم توگێنتهات، لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی رێگریکردنە لەو تۆڕە قاچاخچییانەی خەڵک لێرەوە دەبەنە بەریتانیا و گوتی: "یەکمانگرتووە و رێککەوتووین کە بەیەکەوە کار بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپە تاوانکارانە بکەین."
 
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئاسایشی بەریتانیا سەبارەت بە ئاییندەی هەرێمی کوردستان گوتی "دڵنیام، کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی زۆر راستەڕێ و سەرکەوتوو. گەشەکردن و هەلی زیاتر دەبینین لە داهاتوودا بۆ خەڵکی گەنج."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: گفتوگۆکانتان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن بوون و، چ رێککەوتنێکتان لەگەڵ کردن؟
 
تۆم توگێنتهات: ئێمە چەند گفتوگۆیەکی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و لێرە، لە هەولێر کرد، قسەشمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆک و ئەوانی دیکە کرد. گفتوگۆی سەرەکی بریتیبوو لە سوپاسکردنی زۆر بۆ شەڕەکەیان لەگەڵ داعش و ئەو سەرکەوتنە گەورەیەیان لە تێکشکاندنی گرووپەکەدا لە چەندین ناوچە. هەروەها هێشتا هۆشداری هەیە کە داعش وەک هەڕەشەیەک لە چەند ناوچەیەک ماوەتەوە، بەڵام ئەو ئەرکەی ئێمە دەمانەوێت بیکەین و من بۆ کردنی هاتووم ئەوەیە؛ نەک تەنیا بەیەکەوەکارکردنمان لەو شەڕەدا هەبێت، بەڵکو شەڕە لەدژی ئەو تاوانە رێکخراوانەی سووریا، کە دەبینین بەداخەوە عێراقی و کوردەکان قاچاخچیێتییان پێوە دەکرێت و وەکو کۆیلە دەفرۆشرێن؛ هەروەها زۆر بەداخەوە هەندێکجار لەسەر رێگە نایاساییەکان بۆ ئەوروپا و بەریتانیا دەمرن. بۆیە یەکمانگرتووە و رێککەوتووین بەیەکەوە کاربکەین بۆ تێکشکاندنی ئەو گرووپە تاوانکارانە، بۆ وەستاندنی پارەکەیان و کارە نایاساییەکەیان.
 
رووداو: بەریتانیا گرنگییەکی بەرچاو بە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دەدات، زیادبوونی بەرهەمهێنانی کێپتاگۆن لە سووریا و بازرگانیکردنەکەی تاوەکو چەند جێگەی نیگەرانییە؟
 
تۆم توگێنتهات: رژێمی بەشار ئەسەد ئێستا بووەتە یەکێک لە گەورەترین قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر. ئەمە گۆڕانێکە لە دیمەشق کە سەر بۆ ئازار و ناخۆشییەکی زۆر دەکێشێت لەنێو خێزانەکانی کوردستان، عێراق، ئوردن و تەواوی ناوچەکەدا. ئەمە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر ئاسایشی هەمووان و هەموومان بەیەکەوە کاری لەسەر دەکەین، چونکە هەر هەمان ئەو گرووپە تاوانکارانە کە قاچاخچیێتی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن، زۆربەی کات قاچاخچیێتی بە مرۆڤیشەوە دەکەن. خەڵک لە کۆمەڵگەکانی ئێرە، کوردستان و عێراقەوە دەبەن و درۆیان لەگەڵدا دەکەن و پێیاندەڵێن کار و هەل لە بەریتانیا و شوێنی دیکە هەیە، بەڵام نییە. بۆیە دواتر وەک کۆیلە دەیانفرۆشن.
 
رووداو: ژمارەیەکی زۆر گەنجانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە رێگەی کۆچی نایاساییەوە چوونەتە بەریتانیا، ئێستا چی چاوەڕێی ئەم گەنجانە دەکات؟ ئایا داواتان لە هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە تاوەکو هاوکاربن لە گەڕاندنەوەی ئەو گەنجانە لە بەریتانیا؟ وەڵامی ئەوان چی بووە بۆتان؟
 
تۆم توگێنتهات: بەریتانیا رێکارەکانی لە چەند هەفتە و مانگی رابردوودا تووندوتۆڵ کردووەتەوە، بۆیە چیدیکە رێی تێناچێت لە بەریتانیا بە نایاسایی کاربکەیت و وەک پێشووتر مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت. هەر کۆمپانیایەک یان کەسێک کە کرێکارێکی نایاسایی دادەمەزرێنێت، دەکەوێتە ژێر مەترسیی پێبژاردنێکی گەورە و لەوانەشە زیندانی بکرێن. ئەمەش واتای وایە ئەوانەی بە نایاسایی کاردەکەن، لە مەترسییەکی گەورەدا کاردەکەن و تەنیا بۆ تاوانباران کاردەکەن؛ ئەمەش گۆڕانێکی گەورەیە. ئەوانەش، کە دەبرێنە بەریتانیا یان بەشەکانی دیکەی ئەوروپا و پێیانگوتراوە هەلەکان بە هەمانشێوەی پێشوون، درۆیان لەگەڵدا کراوە. ئەوانە قاچاخچیێتیان پێوەدەکرێت و لە دۆخێکدا دەفرۆشرێن، کە زۆر بە ئاسانی دەکرێت ببنە کۆیلە و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
رووداو: ئەگەر باسی پەیوەندییەکانتان بکەین لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئایا پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا زیاتر پەرەدەسەنن؟
 
تۆم توگێنتهات: سەیرکە، من زۆر بەهیوام کە زۆر لە نزیکەوە بەیەکەوە کاربکەین، لەو بابەتانەدا کە بۆ هەردوولامان گرنگن، چونکە پاراستنی خەڵکی کورد کە بە جیهاندا دەگەڕێن، بەشێکی گرنگی کاری حکومەتە و بەرپرسیاریێتییە. هەروەها بۆ ئێمەش گرنگە خەڵک بەقاچاخ نەبرێن بەنێو ئەوروپاوە بۆ بەریتانیا. ئێمە زۆر رژدین لەسەر تێکشکاندنی ئەو گرووپە قاچاخچیێتییانە و زیاتریش رژدین لە دەستگیرکردنی ئەوانەی قاچاخچیێتی بە مرۆڤەوە دەکەن. هەروەها بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانیان و تێکشکاندنی بازرگانییەکەیان. ئێمە لە ئێستاوە بەیەکەوە کاردەکەین و لەودوا لە نزیکتریشەوە کاردەکەین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێکشکاندنی ئەو دیاردەیە، پاراستنی خەڵک لە کوردستان و پاراستنی بەریتانیا.
 
رووداو: لە ماوەی سەردانەکەت کاتت لەگەڵ هێزەکانی بەریتانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەسەربرد، لەو سەردانەدا بە گشتی هەرێمی کوردستان و عێراقت چۆن بینی؟
 
تۆم توگێنتهات: من زۆر کەم لێرە بووم و ئەمە یەکەم جارمە دوای 20 ساڵ بێم بۆ ئێرە. زۆر جێگەی دڵخۆشییە کە ئەو گۆڕانکارییە دەبینم و ئەو هەلە زۆرە دەبینم کە لەبەردەست خەڵکێکی زۆردان. زۆریش دڵنیام کوردستان دەبێتە ناوچەیەکی زۆر راستەڕێ و سەرکەوتوو. گەشەکردن و هەلی زیاتر دەبینین لە داهاتوودا بۆ خەڵکی گەنج.