فەلاح مستەفا: هەرێمی کوردستان سوود لە گرنگیی پێگەی ئوردن لای وڵاتە رۆژئاواییەکان وەربگرێت

23-06-2021
گۆڤەند مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئوردنی کرد، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەوەکەوە دەڵێت، پێگەی ئوردن لە رۆژئاوا و ئەمریکا "یەکەم وڵاتە" و گرنگە ئاشنای رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.
 
فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن دەڵێت، "بوونی تێڕوانینێکی سیاسیی هاوبەش بۆ پرس و بابەتەکان گرنگە، لە رووی هەڕەشەکان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بۆ نموونە تیرۆر و تووندڕۆیی و داعش هەڕەشەن بۆ هەموو لایەک، پرسی ئاوارەکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری، هاندانی وەبەرهێنان، هەروەها سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەی کەوا هەیە بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوە یان لووتکە سێقۆڵییەکانی نێوان عێراق، ئوردن و میسر کە هەرێمی کوردستانیش بتوانێت پشتیوان و هاوکاربێت".
 
هەروەها لەبارەی هەڵوێستی شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن لە کۆبوونەوەکاندا، فەلاح مستەفا رایگەیاند، "شای ئوردن بە ئاشکرا ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەوان لەگەڵ سەقامگیریی عێراقن، لەگەڵ خۆشگوزەرانی گەلانی عێراقن، لەگەڵ ئەوەن کەوا حکومەتێک کە نوێنەرایەتیی هەموو لایەک بکات و گشتگیربێت".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەلاح مستەفا، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ".
 
رووداو: ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئوردن چی بوو؟
 
فەلاح مستەفا: وەکو دەبینن هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە پەیوەندییەکانی خۆی پەرەپێبدات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتە عەرەبییەکان، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵ و جموجۆڵە دیپلۆماسیانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ برەودان و بەرەوپێشبردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە پێش ئێستاش هەبووە هەمانە، دەمانەوێت زیاتر بەهێزی بکەین بۆ ئاییندە.
گرنگی سەردانەکە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە ئوردن پێگەیەکی بەهێزی لە ناوچەکە. وڵاتێکە کە هەردەم خواست و ویستی سەقامگیری هەبووە، وڵاتێکە کە پێگەکەی دیارە. ئەویش ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر رووی تێکردووە، وڵاتێکە کە بووە نموونەی ئیسلامی میانڕەو کاری لەپێناو لێبووردەیی و پێکەوەژیان کرد. ئەوە وایکرد کە هەرێمی کوردستانیش کە پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ شانشینی ئوردنی هاشمی هەیە، ئەو سەردانە ئەنجام بدرێت.
سەردانەکە سەردانێکی سەرکەوتووبوو، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بەڕێوەچوو لەنێوان سەرۆکی هەرێم و شای ئوردن، دواتریش بەڕێزان سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و شازادەی ئوردن لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی باڵا لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئەو باسانە کران کە جێگەی بایەخ و مەبەستی هەردوولا بوو.
 
رووداو: سەرەکیترین ئەو مژار و بابەتانەی کە هەتانبوون لە کۆبوونەوەکاندا چی بوون؟
 
فەلاح مستەفا: پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردنی هاشمی، پەیوەندییەکانی عێراق و ئوردن، پەرەسەندنەکانی ناوچەکە، رەوشی سیاسی بە گشتی لە عێراق، هەڕەشە ئەمنییەکان، ئەو بەربەستانەی کە لەبەردەم پرۆسەی سیاسین، گۆڕانکارییەکانی ناوچە، ئیدارەی تازەی ئەمریکا و سیاسەتی لە بەرامبەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چۆنێتی بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە، هەروەها سوود وەرگرتن لەو دەرفەتانەی کەوا هەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستانیش سوود لە شانشینی ئوردنی هاشمی وەردەگرێت و ئەوانیش.
 
رووداو: ئەو دەرفەتانە چین کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە شانشینی ئوردنی وەربگرێت؟
 
فەلاح مستەفا: ئەگەر لە رووی سیاسییەوە باسی بکەین، تێگەیشتنی سیاسی هەروەها بوونی تێڕوانینێکی سیاسی هاوبەش بۆ پرس و بابەتەکان گرنگە، لە رووی هەڕەشەکان بۆ سەقامگیریی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بۆ نموونە تیرۆر و تووندڕۆیی و داعش هەڕەشەن بۆ هەموو لایەک، پرسی ئاوارەکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری، هاندانی وەبەرهێنان، هەروەها سوودوەرگرتن لەو دەرفەتەی کەوا هەیە بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆبوونەوە یان لووتکە سێقۆڵییەکانی نێوان عێراق، ئوردن و میسر، کە هەرێمی کوردستانیش بتوانێت پشتیوان و هاوکاربێت، جگە لەوەش لە لیژنەی وەزاری نێوان هەردوو وڵات عێراق و ئوردن کە هەرێمی کوردستانیش بتوانێت وەکو ئەندام بەشداربێت. هەروەها ئەو دەرفەتانەی هەن بۆ هاوکاری لە بوارە جیا جیاکان، بۆ نموونە باس لە تەواوکەری کردنی یەکدی لە بواری ئاسایشی خۆراک کرا، باس لە هاوئاهەنگی کرا لە بواری بیناکردنی تواناکان، باس لە پرسی بازاڕکردن کرا، ئەمانە کۆمەڵێک پرسن کە دەکرێت هەرێمی کوردستان و عێراقیش لەگەڵ ئوردن هاوئاهەنگی و هاوکاری بکەن.
 
رووداو: لەسەر بابەتی ئەو کۆبوونەوە سێقۆڵییەی کە باستکرد، عێراق، ئوردن و میسر، بەڵێنێکتان وەرگرت کە هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت لە کۆبوونەوەکانی ئەو لووتکەیە؟
 
فەلاح مستەفا: نا، ئەمە بابەتێکی جیایە، کۆبوونەوەی لووتکەی سێقۆڵیی لەنێوان عێراق وەکو وڵاتێکی خاوەن سەروەری لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەڵام لیژنەی وزاری نێوان عێراق و ئوردن هەیە، ئێمە خوازیارین نوێنەری هەرێمی کوردستانیش بەشداربێت، وەکو چۆن لە دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق هەرێمی کوردستان بەشدارە. تاوەکو بتوانێت لە چوارچێوەی عێراق ئێمەش سوود لەو دەرفەتە وەربگرین لەو بوارانەی کەوا دەکرێت هاوکاری و هاوئاهەنگی یەکتر بکەن.
 
رووداو: سەبارەت بە ئاییندەی هەرێمی کوردستان و ئاییندەی عێراقیش هیچ پەیامێک هەیە کە نێچیرڤان بارزانی بردبێتیە ئوردن؟ یان لە سەردانی رابردووی بۆ ئەبوزەبی، چونکە لەو ماوەیەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک سەردانی هەبوو، کۆمەڵێک چالاکیی دیپلۆماسی هەبوو. چین ئەو پەیامانەی کە  پێیەتی لەگەڵ ئەو وڵاتە دۆستانە قسەیان لەسەر بکات؟
 
فەلاح مستەفا: پێمخۆشە ئاماژە بە خاڵێک بدەم، ئەو پەیوەندییانە تازە نین، ئەو پەیوەندییانە پاشخانی هەیە و هەروەها پەیوەندیی مێژوویین. پێشتریش جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی سەردانی ئوردن و ئیماراتی کردووە، لە ئوردن و دەرەوەی ئوردنیش ئەو دیدارانە ئەنجامدراون. بۆ بونیاتنانی ئەو پەیوەندییانە و بەرەوپێشبردنیان، بەڵام بوونی تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر پرسە سیاسییەکان کە هەموو لایەک مەبەستیان سەقامگیرییە، مەبەستیان ئاشتی و پێکەوەژیانە، پەرەپێدانی ئابوورییە، پەیوەندییەکان بەشێوەیەک بن کە هەردوولا براوەبن.
 
بۆ نموونە هێڵی ئاسمانی ئوردنی گەشتی راستەوخۆی بۆ هەولێر و سلێمانی هەیە، زیادکردنی ئەو گەشتانە، خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی دەچێتە ئوردن، خەڵکێک هەیە بە مەبەستی گەشتیاری سەردانی ئەوێ دەکات، هاوشێوەی ئەوەش لەوانەیە خەڵکێک لەوێوە بێن، زۆر کەس لە ئوردنەوە هاتوون و لێرە کلینیکی پزیشکیان کردووەتەوە یان لە بواری دیکەی بازرگانی. بۆ نموونە توانای ئوردن لە بواری مرۆییەوە زۆرە، دەکرێت وەکو هەرێمی کوردستان و عێراقیش سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت. بۆیە ئەو پەیوەندییانە لەو چوارچێوەیەدان کەوا ئێمە بە تەنیا ناژین، ئێمە دابڕاو نین لەو ژینگەیەی لە دەوروبەرمان هەیە، گرنگە تێگەیشتنی هاوبەشمان هەبێت، دواتریش پێگەی ئوردن لە رۆژئاوا و ئەمریکا بە شێوەیەکە کە یەکەم وڵاتە، یەکەم سەرکردەی وڵاتە لە وڵاتانی ناوچەکە کە سەردانی ئەمریکا دەکات و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا هەیە. گرنگە ئێمە تێڕوانینێکمان هەبێت بۆ ئەوەی ئەویش ئاشنای رەوشی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت، لەوانەش پرسی عێراق و پرسی ناوچەکە دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بۆیە گرنگە لە تێڕوانینی ئێمەش تێبگات.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش عێراق و هەرێمی کوردستان، بابەتی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لە ئەمریکا ترێندێک هەیە کە هەموو سەرۆکێک کە دێتە سەر حوکم بە تایبەتیش دیموکراتەکان، بەڵێنی ئەوە دەدەن هێزەکانیان لە وڵاتانی دیکە بکێشنەوە، ئێستا بە پراکتیکی ئەمریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان دەکێشێتەوە. بۆ عێراق ئێوە مەترسییەک دەبینن ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی بدات، بۆ نموونە لە یەک ساڵی داهاتوودا؟ ئەگەر بەڵێ، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە چییە؟
 
فەلاح مستەفا: وەک دیارە هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بڕوای تەواوی وابووە کە ئەو هێزانە لێرەن بۆ ماوەیەکی کاتی. ئەو هێزانە تا هەتایە لێرە نامێننەوە، ئێمەش ئەو پێشبینیەمان نەکردووە. بۆیە ئێمە دڵنیاین رۆژێک دێت کە ئەو هێزانە ئەرکەکەیان تەواو دەبێت.
 
خاڵی دووەم؛ ئەو هێزانە لەسەر داوا و بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەن بۆ ئەرکێکی تایبەتمەند بۆ شەڕی داعش و پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی هێزە عێراقییەکان. هەرچەندە ئێستا پشتیوانیی هێزەکانی ئەمریکا بۆ هێزە عێراقییەکان کەمبووەتەوە، بەڵام شەڕی داعش و دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش تەواو نەبووە. ئەوان تاوەکو ئەوکاتە لێرەن کە حکومەتی عێراق داوایان لێدەکات بمێننەوە.
 
رووداو: بەڵام پەرلەمانی عێراق پێی گوتن کە چیدیکە نامانەوێت هێزی ئەمریکی لە عێراق بمێنن؟
 
فەلاح مستەفا: بەڵام کۆمەڵێک نیشانەی پرسیار هەبوو لەسەر ئەوەی ئایا ئەمە بڕیاری پەرلەمانی عێراق بوو یان گرووپێک لەناو پەرلەمانی عێراق؟ بەناوی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە درا.
 
رووداو: دواجار ئەو بڕیارە بە دەنگی زۆرینە تێنەپەڕی؟
 
فەلاح مستەفا: ئەگەر سەیری پێکهاتەی کورد و عەرەبی سوننە بکەن، بەشدار نەبوون... کەواتە پیکهاتەیەک لەنێو عێراق ئەو بەرنامەیەی هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لایەنی فەرمی لە عێراق حکومەتی عێراق و ئەوانەی کە بەرپرسیارن لە بواری ئاسایشەوە، وەزارەتی بەرگرییە، وەزارەتی ناوخۆیە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییە، ئەوان دابنیشن و تاوتوێی ئەوە بکەن ئایا عێراق دەتوانێت بەرگری لە خۆی و خاک و خەڵکەکەی بکات بە توانای خۆی؟ ئایا ئەو توانایەی هەیە کە نەهێڵێت جارێکی دیکە هەڕەشەی داعش سەرهەڵبداتەوە؟ ئەگەر عێراق توانای هەبێت ئەوکاتە ئەو داوایە بکات. هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقن بە هەرێمی کوردستانن لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیە، ئەگەر لە عێراق بکشێنەوە، بێگومان لە هەرێمی کوردستانیش دەکشێنەوە. 
 
بەڵام تاوەکو ئێستا سیاسەت و بڕیاری ئیدارەی تازەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەوان لێرەن، هەڕەشەی داعش ماوە، تا ئەوکاتەی عێراق پێویستی بە مانەوەی ئەوانە. بەڵام گرنگ ئەوەیە لایەنە عێراقییەکان کێشەکانی ناوخۆی عێراق چارەسەر بکەن.
جەنابی سەرۆکی هەرێم کە سەردانی بەغدای کرد لەگەڵ هەموو لایەنە فەرمییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆکایەتیی حکومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان دانیشت، بە ئاشکرا گوتی کاتی ئەوە هاتووە ئێمە راستەوخۆ و راشکاوانە دانیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوازی ئاشتییانە و دیالۆگ. ئەگەر ئەو پرۆسەیە دەستپێبکات کێشەکانی عێراق چارەسەر بکرێن لەناوخۆ، دواتریش عێراق هەوڵی بونیادنانی پەیوەندیی دراوسێیەتی باش لەگەڵ دراوسێیەکانی بدات و پەرە بە سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات و ئابووریی وڵات بدات و بتوانێت لەسەر پێی خۆی بووەستێت، ئەوکاتە بێگومان عێراق پێویستی بە هاوکاریی دەرەکی و بوونی هێزی سەربازی نییە، بەڵام تاوەکو ئەو خاڵە دەبێت واقیعبینانە بین.
 
رووداو: پێشبینی دەکەن هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت؟ ئەگەر ئەنجامدرا ئەو زەوینەیە دروست ببێت کە سەرۆکی هەرێم پێشنیازی کردووە ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنە نیشتمانییە لە عێراقدا دروست ببێت؟
 
فەلاح مستەفا: تاوەکو ئێستا بڕیارەکە ئەوەیە ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت، لایەنی فەرمی لە عێراق، نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆست، هەرێمی کوردستان هەموو خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت. راستە لەوانەیە گرووپ و لایەن هەبن کە بە باشی نەزانن ئێستا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام نەدرێت و کاتەکەی گونجاو نەبێت بۆ ئەوان، یان یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی ئەوان نەبێت و خۆیان ئامادە نەکردبێت، ئەوە پرسێکی دیکەیە. تاوەکو ئێستا بڕیاری فەرمی ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت.
 
هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت ئەوە بەدیدەکەین هیچ لایەنێک تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە بچێتە ناو هاوپەیمانی بەر لە هەڵبژاردنەکان، بەڵکو چاوەڕوانی ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەکەن، دوای دەرچوونی ئاکامەکان دەست بە پرۆسەی دیالۆگ و هاوپەیمانیێتی بکەن. گرنگ ئەوەیە ئەگەر بڕیاری سیاسی هەبێت و ئەگەر مەبەستمان سەقامگیر و لێکتێگەیشتن و جێبەجێکردنی دەستووربێت، دەبێت ئەو دیالۆگە هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین حوکمڕانی تازەی حوکمڕانی ئەو وڵاتە بکەین، کە هەموومان لەسەری کۆکبووین کە عێراقێکی تازەیە.
 
رووداو: ئاماژە دەبینن ئەو قۆناخە دەستپێبکات؟
 
فەلاح مستەفا: نەخێر، بەو شێوەیە نییە، بەڵام وڵاتانی دۆست ئەمڕۆش لە سەردانەکەدا خاوەنشکۆ پاشای ئوردن بە ئاشکرا ئاماژەیان بەوەکرد کە ئەوان لەگەڵ سەقامگیریی عێراقن، لەگەڵ خۆشگوزەرانی گەلانی عێراقن، لەگەڵ ئەوەن کەوا حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموو لایەک بکات و گشتگیربێت، حکومەتێک لەپێناو گەلانی عێراق کار بکات. کە ئەوە خواست و ویستی هەموو وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و نەتەوەیەکگرتووەکانیشە کە ئەو هەڵبژاردنە پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت بەبێ دەستوەردانی نێو پرۆسەی هەڵبژاردن، لایەنە عێراقییەکان خۆیان لە پرۆسەیەکی تەواو ئاشکرا حکومەتێک پێکبهێنن لە پێناو بەرژەوەندیی گەلی عێراق کە زۆری چەشتووە و شایستەی ئاییندەیەکی باشترە.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، لەو کاتەوەی بایدن هاتووەتە سەر حوکم بەدەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بەریەککەوتن و کۆنتاکتێکی راستەوخۆ هەبووە لەگەڵ ئیدارەی بایدن؟ بە نیازن بە چ شێوەیەک لە ئیدارەی بایدن نزیک ببنەوە؟
 
فەلاح مستەفا: ماوەیەک لەمەوبەر شاندێکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، لە وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی بەرگری بە یەکەوە هاتن بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندیبوونی خۆیان بەو پەیوەندییانەی کەوا هەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق، هەروەها پەیامێک بوو بینێرن بۆ هاوپەیمانان و دۆستەکانیان لە ناوچەکە، بەر لە دوو رۆژیش باڵیۆزی ئەمریکا کە ئامادەی دەرچوونی رێوڕەسمی دەرچووانی زانکۆی ئەمریکی بوو، سەردانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
رووداو: لەسەر ئاستی کۆشکی سپی، هەرێمی کوردستان لە کاتی ئۆباما و پاشان هاتنی ترەمپ پەیوەندیی لەگەڵ کۆشکی سپی هەر بەردەوام هەبووە، بەڵام هەتاوەکو ئێستا لەگەڵ کۆشکی سپی لە ئیدارەی بایدن کە چاوەڕێ دەکرا پەیوەندییەکی زۆر تووندوتۆڵتر هەبێت، لەسەر ئەو باکگراوندەی پێشتر بۆ نموونە بایدن وەکو دۆستی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە و پێشتر چەند جارێکیش هاتووەتە هەرێمی کوردستان و سەرکردە کوردەکانی بینیوە. ئەوەی چاوەڕوان دەکرا لە ماوەی رابردوودا ئەوە رووینەدا، هۆکارەکەی چییە و بە چ شێوەیەک هەوڵ دەدەن ئەو پەیوەندییەی کە پێشتر هەبووە ئێستا بتوانن وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکەن؟
 
فەلاح مستەفا: ئەوەی ئاشنا و شارەزابێت لە سیاسەتی ئەمریکا، دەزانێت لە ماوەی دەستبەکاربوونی هەر سەرۆکێکی تازە و ئیدارەیەکی نوێی ئەمریکا، لە 20ی مانگی یەکەوە، 3 تاوەکو 6 مانگیان دەوێت بۆ ئەوەی خۆیان رابهێنن لەگەڵ ئەو پرس و بابەتانەی کەوا هەن، سیاسەتی خۆیان دادەڕێژن، پەیوەندی دەکەن بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی هەموو دامەزراوەکانی حکومڕانی لە ئەمریکا بیر و بۆچوونی خۆیان بخەنەڕوو بۆ داڕشتنی سیاسەتی ئەو ئیدارەیان و لەو ماوەیەشدا شاندەکەیان سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
 
لەلایەکی دیکە پەتای کۆرۆنا وایکرد کە هاموشۆ و پەیوەندی و سەردانەکان زۆر سنوورداربن، خاڵێکی دیکەش ئەوەبوو کە هەموومان ئاگاداربووین هەر لە سەرەتاوەش ئیدارەی نوێ و سەرۆکی هەڵبژێردراویش رایگەیاند کە ئەوان جەخت لەسەر رەوشی ناوخۆی ئەمریکا دەکەنەوە بۆ چاککردنەوەی ئەو درزەی پەیدا بووە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پەتای کۆرۆنا، هەروەها پرسی ئابووری، دواتریش ئەو کارە لەپێشینانەی کە هەیە لە ئاستی نێودەوڵەتی، چین بۆ ئەوان بابەتێکە، رووسیا بابەتێکە، کۆریای باکوور بابەتێکی دیکەیە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەوروپا، گەڕانەوەی دیپلۆماسیەتی ئەمریکا بۆ ئەوروپا گرنگە، ئەمانە هەمووی لەلایەک. هەرێمی کوردستان خوازیاری ئەوەیە ئەو پەیوەندییانەی کەوا هەن بەرەو پێشەوەیان ببات و لەوەشدا بەردەوامبین، هەروەها هەرێمی کوردستان بەشدارە لە شاندی عێراقی لە بابەتی دیالۆگی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق. 
لەلایەکی دیکەشەوە هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بەرەو پێشەوە ببات، چونکە ئێمە نامانەوێت تەنیا پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، دەمانەوێت پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و ئاسیا و وڵاتانی دەوروبەر و دراوسێ هەبێت، چونکە ناکرێت لە جیهانی بەیەک بەستراو و گرێدراوی ئەمڕۆ پەیوەندیمان تەنیا پشت ببەستێت بە یەک وڵات.
 
رووداو: سەبارەت بە رۆڵی وڵاتانی ئەوروپا، فەرەنسا رۆڵێکی گرنگ دەبینێت، لەگەڵ ماکرۆن بە تایبەتی لە دوو سێ ساڵی رابردوودا سەرەڕای هەبوونی کۆرۆنا، ماکرۆن دەیەوێت ئەو رۆڵە مێژووییەی دوای جەنگی یەکەمی جیهان فەرەنسا هەیبووە لە باکووری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی دیکە بیبینێتەوە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە دیداریان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی پلانێکی وڵاتەکەی کرد بۆ داهاتووی عێراق، پرۆسەی هاوکاری فەرەنسا بۆ هاریکاریکردنی عێراق بۆ دەربازبوون لەو قەیرایانەی هەیەتی چۆن دەڕاوت؟
 
فەلاح مستەفا: عێراق وڵاتێکی گرنگە بۆ ئەوروپا و هەروەها بۆ ئەمریکاش، لەبەر ئەوەی کلیلی سەقامگیرییە لە ناوچەکە. بە بایەخەوە سەیری عێراق دەکەن، لەبەر ئەوەی سەرکەوتنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئەو ئەزموونە دیموکراتییەی کەوا هەموو لایەک بەنیازین بۆ ئەوەی سەربکەوێت و جێگیر ببێت، لە بەرژەوەندیی سەقامگیری و هەموو لایەکە لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆ فەرەنسا، سۆزێکی زۆر لە فەرەنساوە بۆ کوردستان هەیە، لە چوارچێوەی عێراق دەیانەوێت هەرێمی کوردستان جێگیر و سەقامگیر و بەهێز ببێت، بۆ ئەوەی بتوانێت رۆڵێکی هاریکار بگێڕێت لەناو عێراقدا.
 
بۆیە ئەو گفتوگۆیانەی تاوەکو ئێستا ئەنجامدرابوون، بە مەبەستی ئەوەبوو بزانن چۆن بتوانین هەموو لایەک کار بکەین بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری، بۆ ئەوەی عێراق سوود لەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە وەربگرێت کە هەیە.
پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق هەیە، نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی عێراق دەکات، ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ پشتیوانی دەکەن، بەڵام عێراق تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سوود لەو پشتیوانیە وەربگرێت بۆ ئەوەی بە شێوازی کردارەکی هاوکاربێت لە بەرەوپێشبردنی دامەزراوەکانی وڵات و حکومڕانی و کەرتی و ئابووری و کەرتەکانی دیکە.
 
رووداو: لەو پرۆسەیە کە دەستیپێکردووە، دوای ئەوە چ بەرەوپێشچوونێک هەیە لە لایەن لایەنە عێراقییەکان و کوردستانییەکانەوە؟
 
فەلاح مستەفا: لە دوا سەردانی جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق ئەو بابەتە باسی لێوەکراوە، هەموو لایەک خەریکن کاردەکەن، بەڵام لە راستیدا ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن هەندێکجار بەرنامە ئاساییەکان دوادەخەن، ئەگەرنا بەرنامە هەیە و ئەو پرسە لەبیر نەکراوە و لەسەر رێچکەی خۆی دەڕوات.
 
رووداو: هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پەکەکە لە خاکی باشووری کوردستان چۆن دەبین و چ پلانێکتان هەیە بۆ رێگریکردن و کۆتاییهێنان بەم ئاگر و ئاشووبەی لە وڵاتەکەمان هەیە، کە کاریگەری کردووەتە سەر ژیانی خەڵکی سڤیل و ئابووری وڵات و دانیشتووانی ئەو ناوچانە و تەنانەت دیموگرافیای ناوچەکەش هەیە، کە بەهۆیەوە گوندە کریستیانەکان و کوردەکان چۆڵ دەکرێن؟
 
فەلاح مستەفا: خۆزگە هەموو لایەک راستییەکانی ئەو بابەتەی دەزانی و دەیزانی کە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە پەڕیوەتە ئەودیوی سنوور و بووەتە کێشەیەک بۆ هەرێمی کوردستان و باجەکەشی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیدەن.
ئێمە دوور لە موزایەدات و سۆزی نەتەوەیی، ئێمە باسی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین. هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکە لە عێراق، ئێمە بەشێکین لە سەروەریی خاکی عێراق.
یەکەم؛ پێویستە عێراق زیاتر و باشتر بێتە پێش بۆ ئەوەی داکۆکی لەو بابەتە بکات، هەروەها لەگەڵ تورکیا و هەرێمی کوردستانیش پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو بابەتە بدەن.
 
ئێمە نامانەوێت هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک و پێکدادانی سەربازی رووبدات، بڕوای تەواومان وایە کەوا شەڕ کێشەکە چارەسەر ناکات، ئەمە پرسێکی سیاسییە و پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە لەناوخۆی تورکیا.. کەی کەشوهەوا لەبار بوو تاوەکو ئەو پرسە بە سیاسییانە چارەسەر بکرێت.. بەڵام تاوەکو ئەوکاتە هیوادارین خاکی هەرێمی کوردستان دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکارنەهێنن و رێز لە سەروەریی هەرێمی کوردستان و خاکی هەرێمی کوردستان بگیرێت، رێز لە رێنوێنی و رێساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگیرێت، چونکە ئێمە نە بەشێکین لەو شەڕە و لایەنێکی ئەو شەڕەش نین، نامانەوێت ئەو شەڕە بەردەوامبێت، بەردەوامبوونیشی لە زیانی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان و گوندنشینانی ئێمەیە، کە ماوەیەکی زۆرە نەمانتوانیوە ئەو گوندانە ئاوەدان بکەینەوە و خەڵکەکە بۆی بگەڕێتەوە.
 
بۆیە دەبێت واقیعبینانە سەیری ئەو کێشەیە بکەین، نە دەستکردی ئێمەیە نە لایەنێکین لەو شەڕە، هیوادارین لەو بابەتە تورکیا و لایەنی کوردی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەمە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە. پێویستە عێراقیش هەڵوێست و سیاسەتی روونبێت سەبارەت بەو پرسە، بۆ ئەوەی بەدغداو هەولێر و ئەنقەرە بە یەکەوە ئەو پرسە چارەسەر بکەن تاوەکو بتوانن ئاشتی و سەقامگیری بگەڕێنینەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە