راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا بۆ رووداو: رووسیا بە رەوە درۆنی ئێرانی دەنێرێت

22-12-2022
رووداو @Rudawkurdish
یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا
یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە کاتێکدا کەشوهەوا ساردتر دەبێت، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا دەڵێت، "تاوەکو پلەی گەرما نزمتر بێت، سوپای ئۆکراینا لە دۆخێکی باشتردا دەبێت."
 
یوری ساک، راوێژکاری وەزیری بەرگریی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو باسی دوایین پێشهاتەکانی بەرەکانی جەنگ دەکات و دەڵێت، "ئێستا سەختترین بەرەی شەڕ لە دەوروبەری شاری باخمووتە." هۆشدارییش دەداتە بێلاڕووس لە بەکارهێنانی خاکەکەی لەلایەن رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا یان هێرشی راستەوخۆ لەلایەن بێلاڕووسەوە و دەڵێت، "بە تەواوەتی هۆشدارییان دەدەینێ کە باشترە پەلاماری وڵاتەکەمان نەدەن، چونکە دوایی زیان دەکەن."
 
ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێت درۆنی شەڕکەری بە رووسیا فرۆشتبێت، بە گوتەی یوری ساک، ئەوان بەڵگەیان هەیە کە بە درۆنی ئێرانی هێرشیان کراوەتەسەر و دەڵێت، "بەڵێ رووسیا درۆنی ئێرانی بەدەست دەهێنێت و دژی شارە سڤیلەکانی ئۆکراینا و وێستگەکانی کارەبا بەکاریان دەهێنێت." دەشڵێت، "رووسیا بە رەوە دەیاننێرێت و زۆر زۆرن. درۆنە ئێرانییەکان لە یەک کاتدا بە ژمارەیەکی زۆر دەنێردرێن و هەندێک جار دەتوانن بەسەر هێزی بەرگریماندا زاڵ ببن."
 
رووداو: ئێستا شەڕی سەخت لە کوێی ئۆکراینایە؟
 
یوری ساک: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان. ئێستا سەختترین بەرەی شەڕ لە دەوروبەری شاری باخمووتە. ئەمە شارێکە لە هەرێمی دۆنێتسک کە زیاتر لە مانگێکە شوێنی مانەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هێزە دڕندەکانی رووسیایە، بەڵام سوپای ئۆکراینا هێشتا شارەکەی بەدەستەوەیە. ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی هەندێک جار رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت، ئەو شارەی گرتووە، بەڵام سەرۆک زیلینسکی سەردانی سەربازە ئۆکراینییەکانی کرد لە باخمووت. هەر لەوێیش کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی ساز کرد. جا بە دڵنیاییەوە ئێستا شاری باخمووت چەقی پێکدادانی شەڕە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا شەڕ لە بەرەکانی دیکەی پێشەوەیش هەر بەردەوامە. ئەمەیش بەرەیەکی شەڕی دوورودرێژە کە 2500 کیلۆمەترە. هەندێک شوێن شەڕ تێیدا چڕە و هەندێک شوێنیش کەمترە. بە شێوەیەکی گشتی ئەمە شەڕێکی زۆر سەخت و چڕە.
 
رووداو: رەوشی کەشوهەوا، تووندیی شەڕەکەی خاو کردووەتەوە؟
 
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە کاتێک پلانی چالاکیی جێبەجێکاریی سەربازی دادەنێیت دۆخی کەشوهەوا هۆکارێکی گرنگە و، بە دڵنیاییەوە ستافە گشتییەکەمان و هێزەکانمان زۆر باش ئاگایان لەمەیە. بەڵام ئەوەی کە دەبێت بیرمان بێت ئەوەیە کە سوپای ئۆکراینا، وەکو دەزانن، ئەم شەڕە لە رۆژێک لە رۆژەکانی ئەمساڵدا سەری هەڵنەداوە، ئەمە شەڕێکە کە ئێمە لە ساڵی 2014وە تێیداین. بە دڵنیاییەوە سوپای ئۆکراینا وەکو ئەوەی بەشێکە لە شەڕەکە، لە جێبەجێکردنی چالاکیی سەربازیدا لە بارودۆخە سەختەکاندا ئەزموونی هەیە؛ بەڵام لەم کاتەدا ئەگەر ئەوە لە بەرچاو بگریت کە لە ئۆکراینا پلەی گەرما زیاتر بەرەو ساردبوون دەچێت، ئەوا دۆخی کەش و هەوا بە شێوەیەکی رێژەیی سووک بووە. بۆیە هەر وەکو ئەوەی بەڕێز رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریمان گوتی، ئێستا ئەوە سەختە کە ئامێرە سەربازییە جووڵاوەکان هاتوچۆ بکەن. بۆیە لەم ساتەدا چالاکیی سەربازی بە شێوەیەکی سەرەکی لە رێگەی تانک و ئامێری گواستنەوەی هەڵگرتنی چەکەوە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تاوەکو پلەی گەرما نزمتر بێت، ئەوا سوپای ئۆکراینا لە دۆخێکی باشتردا دەبێت بۆئەوەی بەردەوام بێت لە هێرشی پێچەوانەی بەهێزتر، چونکە ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە بە تەواوەتی خاکی ئۆدێسا ئازاد بکەین.
 
رووداو: دوای سەردانەکەی ڤلادیمێر پووتین بۆ بێلاڕووس، ترستان هەیە لە بەرەی باکوور و سنووری بێلاڕووسەوە هێرش بۆ سەر ئۆکراینا دەستپێبکاتەوە؟
 
یوری ساک: بێلاڕووس ناڕاستەوخۆ هاتووەتە ناو ئەم شەڕەوە، چونکە لە خاکی بێلاڕووسەوە، هەر لە رۆژانی سەرەتای ئەم شەڕەوە، پەلامارێکی فراوان لە خاکی بێلاڕووسەوە دەستی پێکرد. هەروەها ئاسمانی بێلاڕووس بۆ هێرشی ئاسمانیی ستراتیجی وەک پشتیوانییەک بۆ هێزەکانیان بۆ سەر ئۆکراینا بەکاردەهێنرێت. هەروەها ژمارەیەکی زۆر سەربازی رووسی لە بێلاڕووس مەشقی سەربازییان پێدەکرێت. بۆیە بێلاڕووس بە ناڕاستەوخۆ هاوپەیمانی رووسیایە و هەروەها بەرپرسیارە لەو تاوانی شەڕ و تووندوتیژییەی لە خاکی ئۆکراینادا دەکرێت. هەروەها لەبارەی ئەو خاکە داگیرکراوە و ئەو پرسیارەوە کە ئایا بێلاڕووس بە سوپای خۆیەوە دێتە ناو ئەم شەڕەوە، ئەمە هێشتا هەر پرسیارە و وەڵامی نەدراوەتەوە. بڕیاردان لە ئەنجامەکانی سەردانەکەی دوێنێی سەرکردەکانی کرملین بۆ بێلاڕووس بەلای ئێمەوە وا دەردەکەوێت کە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک، چونکە بەڕێز لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلاڕووس هەوڵدەدات خۆی لەوە بەدووربگرێت سوپاکەی رابکێشرێتە ناو ئەم شەڕەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان دەزانن کە ئەگەر بەشداری بکەن لە داگیرکاریی زەوینیی ئۆکراینا، ئەوا زۆر بە خراپی ئازاریان پێدەگات، چونکە سوپای ئۆکراینا بەرەیەکی شەڕی زۆر چالاکی بە درێژایی سنووری بێلاڕووس دروستکردووە. بۆیە ئێمە بە تەواوەتی هۆشدارییان دەدەینێ کە باشترە پەلاماری وڵاتەکەمان نەدەن، چونکە دوایی زیان دەکەن.
 
رووداو: ئەگەر لەنێو خاکی بێلاڕووس هێرش دەستپێبکاتەوە، سوپای ئۆکراینا توانای بەرگریی هەیە لە دوو بەرەوە شەڕ بکات، لە یەک کاتدا لە هەردوو بەرەی باکوور و باشووری رۆژهەڵات شەڕ بکات، چەکی پێویستتان هەیە؟
 
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە ئێمە سەرچاوەی مرۆیی سەربازیی پێویستمان هەیە، هەروەها کەلوپەلی سەربازیی پێویستمان هەیە. هەروەها ئێمە بەردەوام لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمانەوە هاوکاریمان پێدەگات. بۆیە لە بنەمادا ئەمە هەر ئەوەیە کە گوتمان سوپای ئۆکراینا توانای هەیە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە ئەگەر ئەوان بڕیار بدەن لە بەرەی بێلاڕووسەوە وڵاتەکەمان داگیر بکەن. ئاگامان لەم خۆخستنە مەترسییەوە هەیە و ئێمە بۆ ئەم مەترسییە ئامادەین.
 
رووداو: زانیاریتان هەبوو ڤالێری گراسیمۆڤ سەرۆک ئەرکانی سوپای رووسیا سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕی کرد لە ئۆکراینا، هیچ هێرشێکتان بۆ کوشتنی ئەنجامدا؟
 
یوری ساک: نەخێر، ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەبارەی سەردانەکەیەوە نەبوو. وەکو لە سەرەتاوە گوتم، ئەمڕۆ بەڕێز زیلینسکی، سەرۆکمان سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕی کرد و چووە شاری باخمووت و چاوی بە سوپای ئۆکراینا کەوت و پشتیوانیی سوپای ئۆکراینای کرد. جا ئەمە یەکەمجار نییە کە سەرۆکەکەمان سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ دەکات. لە کاتێکدا نەمانبینیوە کە سەرکردەکانی رووسیا سەردانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕ بکەن.
 
رووداو: هێشتا رووسیا درۆنی ئێرانی بەکاردەهێنێت؟
 
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە. هەر وەکو ئەوەی بەڕێز زیلینسکی سەرۆکمان گوتی، رووسیا بە ئاشکرا درۆنی تازە هاتووی ئێرانی بەدەست گەیشتووە کە نزیکەی 250 دانەن و، بۆ نموونە دوێنێ بە درۆنی ئێرانی هێرشیان کردە سەر کیێڤ و هەندێک شاری دیکەی ئۆکراینا. هەر ئەو درۆنانە هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکان و تەنانەت وێستگەی کارەبا کە لە ئەنجامی ئەوەدا ملیۆنان کەس بێ ‌کارەبا بوون. ئێستا ئێمە بەرەبەرە هێزی ئاسمانیمان باشتر دەکەین و دەزانین چۆن بەسەر ئەو درۆنە ئێرانییانەدا زاڵ ببین. بۆیە وەڵامی پرسیارەکەی تۆ ئەوەیە کە بەڵێ رووسیا درۆنی ئێرانی بە دەست دەهێنێت و دژی شارە سڤیلەکانی ئۆکراینا و وێستگەکانی کارەبا بە کاریان دەهێنێت.
 
رووداو: چەند درۆنی ئێرانیتان خستووەتەوە خوارەوە، چییان لە دۆخی شەڕ گۆڕیوە، چ مەترسییەکیان دروستکردووە؟
 
یوری ساک: بەڵێ، سەیرکە... دوێنێ، ئەگەر هەڵەم نەکردبێت، زیاتر لە 30 درۆنی ئێرانی هاتنە سەر کیێڤ و زیاتر لە 26ـیان لەلایەن هێزی بەرگریمانەوە خرانە خوارەوە. بەداخەوە هەندێکیان هێشتا ئامانجەکانیان دەپێکن. رووسیا بە رەوە دەیاننێرێت و زۆر زۆرن. درۆنە ئێرانییەکان لە یەکاتدا بە ژمارەیەکی زۆر دەنێردرێن و هەندێک جار دەتوانن بەسەر هێزی بەرگریماندا زاڵ ببن. بەڵام ئێمە بەردەوام ژمارەیەکی زۆریان لێ دەخەینە خوارەوە. بۆیە رێژەی سەرکەوتنی هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا لە زیادبووندایە.
 
رووداو: بەڵگەتان هەیە رووسیا درۆنی ئێرانی لە شەڕدا بەکارهێناوە؟
 
یوری ساک: دەزانی، خۆی وەک ئەوەی گوتم، ئێمە ژمارەیەکی زۆر لەم درۆنانەمان خستوونەتە خوارەوە و دەستمان بەسەردا گرتوون و هەڵمانوەشاندوونەتەوە. ئەگەر سەیری ناوەوەی ئەم درۆنانە بکەیت، هەندێک جار نووسینی فارسی دەبینیت، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە زۆر روونە کە ئەمانە درۆنی ئێرانین و، ئەمەیش زۆر شارەزای نێودەوڵەتییش بینیویانە.
 
رووداو: هێشتا کەسانی خۆبەخش پەیوەندی بە سوپای ئۆکرایناوە دەکەن بۆ شەڕ لە دژی سوپای رووسیا؟
 
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بیانی بۆ ئۆکراینا شەڕ دەکەن. جا خۆت دەزانیت کە ئەو جەنگاوەرانە لە وڵاتانی جیاجیاوە دەگەنە ئۆکراینا کە خەڵکی زیاتر لە 50 وڵاتن. ئێستا هەموویان ئەندامی هێزەکانی سوپای ئۆکراینان و زۆر یارمەتیدەر بوون و ئێستا یارمەتیی ئۆکراینا دەدەن کە لە تاوانی جەنگدا خۆی لە شەڕ و داگیرکاران بپارێزێت.
 
رووداو: لە وڵاتانی عەرەبیشەوە کەسانی خۆبەخش پەیوەندیتان پێوەدەکەن؟
 
یوری ساک: بەڵێ، هەرچەندە سەختە بە روونی بیڵێم، بەڵام ئەوەندەی من ئاگاداربم لە هەندێک وڵاتەوە هاتوون. ئەوە دیارە کە خەڵکی چەند وڵاتێکن.
 
رووداو: لە سەتا چەندی خاکی ئۆکراینا ئێستا بەدەست سوپای رووسیاوەیە؟
 
یوری ساک: گوتنی ئەوە سەختە، بەڵام وەک دەزانن لە دوو مانگی رابردوودا سوپای ئۆکراینا توانیویەتی لە زۆر شوێن پاشەکشە بە دووژمن بکات وەکو خارکیڤ و خێرسۆن. بە دڵنیاییەوە هەندێک شوێنی هەرێمی دۆنێتسک هێشتا داگیر کراون. کریمیایش کە ساڵی 2014دا بەشێوەیەکی نایاسایی بە رووسیاوە لکێندراوە، بەشێکە لە هەرێمی خێرسۆن، بەڵام ئێمە بەرەبەرە خاکەکەمان رزگار دەکەین و لە مانگی ئەیلوولەوە تەواو سەرکەوتوو بووین.
 
رووداو: چەند سەربازی سوپای رووسیاتان کوشتووە و بەدیلگرتووە؟
 
یوری ساک: خۆی بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکانی ستافی گشتیی هێزەکان، ئێستا ژمارەی زیانەکانی سوپای رووسیا نزیکەی 100 هەزار سەربازە. بۆ نموونە لە مانگ و نیوی رابردوودا رووسیا رۆژانە بە تێکڕایی نزیکەی 500 سەربازی لەدەستداوە. بۆیە کۆی ئەو زیانە لە چەند رۆژێکدا 100% زیاد دەبێت. بۆیە ئەوە ژمارەیەکی زەبەلاحە لە لەدەستدانی سەرباز لەلایەن رووسیاوە و بە دڵنیاییەوە وادەکات کە رووسیا لە بەکارهێنانی سەربازدا کورتهێنانی هەبێت. رووسیا ئەو سەربازانە بەبێ ئامادەکردن فڕێ دەداتە گۆرەپانی شەڕەوە، بۆ نموونە لە شاری باخمووتدا زیاتر لە هەزار کەسیان لە دەستداوە، کەچی ئەوەی بە لاوە گرنگ نییە.
 
رووداو: چەند سەربازی ئۆکراینا کوژراون؟
 
یوری ساک: ژمارەی فەرمیی راستەقینەمان لە بەردەستدا نییە، بەڵام سیاسییەکان و سەرکردەکانمان لە رابردوودا زۆر جار گوتوویانە کە بە گشتی 10 هێندە کەمتر لە رووسیا سەربازمان لەدەستداوە. ئەمەیش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە زۆر بە وریاییەوە نەخشەی سەربازیمان دادەنێین و لە ئاستێکی بەرزدا هێزە مرۆییەکەمان دەپارێزین و وەکو رێکەرەوە فڕێیان نادەینە گۆڕەپانی جەنگەوە. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چالاکییە سەربازییەکانماندا زیرەک بین کە بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر زیانەکانمان دەبێت.
 
رووداو: رازین لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا؟
 
یوری ساک: بە دڵنیاییەوە ئێمە رۆژانە لەلایەن هاوپەیمانەکانمانەوە هاوکاریی سەربازیمان پێدەگات. ئێمە زۆر سوپاسگوزارین کە هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان ئەم پشتیوانییە سەربازییانەمان بۆ دابین دەکەن، چونکە هەموویان لەوە تێدەگەن کە ئەمە شەڕێکە ئۆکراینا لەسەر خاکەکەی دەیکات. بەڵام ئێمە شەڕ بۆ بەها جیهانییەکان دەکەین. ئێمە شەڕ دەکەین کە ئەوروپا لە بڵاوبوونەوەی خراپە و تیرۆریزمی رووسیایی تێیدا و هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیی رووسیا بپارێزین. خۆت دەزانیت کە هاوبەشەکانمان زۆر باش تێدەگەن کە لە رووی سەربازییەوە پشتیوانیی ئۆکراینا بکەن بۆ ئەوەی لە رۆژئاوا خراپە بڵاونەبێتەوە.
 
رووداو: ئێستا چ جۆرە چەکێکتان پێویستە، داوای چی لە ئەمریکاو ئەوروپا دەکەن؟
 
یوری ساک: لەپێشترینیان و ژمارەیەک لەم ساتەدا بریتییە لە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، چونکە رووسیا... خۆی وەکو دەزانیت، رووسیا دەتوانێت لە گۆڕەپانی شەڕدا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە ئەوەیش مانای وایە ئەوان مووشەک بەکاردەهێنن و خەڵکی شارنشینی ئاشتیخوازی ئۆکراینی دەتۆقێنن و بەو هێرشە مووشەکییانە دەیانکوژن. بۆیە بەدەستهێنانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی پێویستیی ژمارە یەکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا پێویستمان بە تانک و چەکی قورسە. بە دڵنیاییشەوە پێویستمان بە فڕۆکەی جەنگییە، چونکە ئەگەر ئێمە ئەم جۆرە چەکانەمان دەست بکەون، ئەوا لە گۆڕەپانی شەڕدا زۆر چالاک دەبین و دەتوانین زۆر خێراتر کۆتاییەک بۆ ئەم شەڕە دابنێین.
 
رووداو: چەند سەربازی سوپای ئۆکراینا بەدیل گیراون؟
 
یوری ساک: ئەم زانیارییە نهێنییە، بەڵام دیلەکانی شەڕ بە رێکوپێکی ئاڵوگۆڕ دەکرێن و دوایین جار چەند رۆژێک لەمەو بەر بوو کە 54 سەربازمان ئاڵوگۆڕ کرد. ئاڵوگۆڕی گەورەیش لە رابردوودا کراوە و ئەم زانیارییە بۆ پاراستنی ئەو سەربازانەیە و پاکێتیی پرۆسەی ئاڵوگۆڕەکەیە، بەڵام زانیاریی دیکە ئاشکرا ناکەین.
 
رووداو: لە سەتا چەندی دانیشتووانی کیێڤ کارەبایان بڕاوە؟
 
یوری ساک: لەم کاتەدا ملیۆنان خەڵک لە سەرانسەری وڵاتەکەماندا وزەیان لێ بڕدراوە و لە ماڵی تاریکدان. لە هەندێک بەشی وڵاتیشدا، بە تایبەتی لە شارە گەورەکانی وەکو کیێڤدا کێشەی ئاوی خواردنەوە هەیە. ئەمەیش هەمووی لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستییانەی رووسیایە کە وێستگەکانی کارەبامان دەکاتە ئامانج. ئێمە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کە رووسیا وەک وڵاتێکی پشتیوانی تیرۆر بناسێنێت، چونکە بەو جۆرەیە. دەزانیت، ئێستا حکومەتەکەمان هەموو شتێک دەکات بۆئەوەی ئەوەندەی پێی بکرێت بتوانێت کارەبا چاک بکاتەوە. بەڵام لەم ساتەدا دۆخەکە زۆر مۆلەقە و وەکو ئەوەی گوتم، هەندێک لە شارە گەورەکان کارەبایان نییە و لە هەندێک شوێن نزیکەی 12 کاژێر کارەبا نییە.
 
رووداو: لە سەتا چەندی ئەو هاووڵاتییە ئۆکراینییانەی کۆچیان کردبوو گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان؟
 
یوری ساک: لە کاتی دەستپێکی شەڕەوە زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس و بەگوێرەی هەندێک ئاماری دیکە حەوت ملیۆن کەس بە زۆر شوێنەکانیان جێهێشتوون کە بۆردوومان کراون و زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر کە سوپای ئۆکراینا ئەو بەشانەی خاکەکەمانی رزگار کرد، هەندێکیان گەڕاونەتەوە بۆ نیشتمان. لە هەندێک شوێنیش سەرەڕای شەڕ و مەترسییەکان خەڵک رەتیدەکەنەوە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن، چونکە ژیان لە دەرەوەی وڵات تێچووەکەی زۆر گرانە و دەیانەوێت لە نیشتمانیاندا بمێننەوە. ئا لەم ساتەدا ملیۆنان کەس هەم لە ناوخۆدا ئاوارە بوون هەم ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون و لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی جیهان دەژین.
 
رووداو: هێشتا ترستان ماوە لەهێرشی ئەتۆمی رووسیا؟
 
یوری ساک: خۆی هەر لە رۆژانی سەرەتای ئەم داگیرکارییە فراوانەدا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کراوە. وەک دەزانن، ئێمە تێدەگەین کە رووسیا وڵاتێکە چەکی ئەتۆمیی هەیە و لە رووی بیردۆزەییەوە هەمیشە مەترسیی ئەوە هەیە لە دۆخی لەناکاودا چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنن. بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە تێیشدەگەین کە رووسیا بە تایبەتی لە هەڕەشەکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت، چونکە رووسیا دەیەوێت هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ئۆکراینا دەست هەڵبگرن لە دابینکردنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکراینا. رووسیا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا بترسێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا چەکی ئەتۆمییان بەکارنەهێناوە و خۆشبەختانە تێدەگەن کە ئەگەر بڕیار بدەن چەکی ئەتۆمی بەکار بهێنن ئەنجامەکانی بۆ رووسیا دەبێتە کارەسات. ئەمەیش پێشتر لەلایەن سەرۆکی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکەی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گوتراوە. بۆیە هیوادارین رووسیا تێبگات کە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی بژارەیەک نییە، چونکە ئەمە وەک ئەوەی ئێمە دەزانین دەبێتە کۆتایی رووسیا.
 
رووداو: گەشبینن ساڵی 2023 شەڕ کۆتایی بێت؟
 
یوری ساک: خۆی دەبێت ئێمە گەشبینانە متمانەمان بە خۆمان هەبێت کە ئێمە دەتوانین سەر بکەوین. ئێمە متمانەمان بە هاوبەشەکانمان هەیە. هاوبەشەکانمان بڕوایان بە بەهێزیی سوپای ئۆکراینا هەیە. جا بە دڵنییاییەوە سەختە کە پێشبینییەکی رێک بکەیت، بەڵام ئێمە هەر شتێک رێی تێبچێت دەیکەین بۆ ئەوەی لە 2023ـدا کۆتایی بەم شەڕە بهێنین.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
یوری ساک: سوپاس. زۆر سوپاس بۆ میوانداریتان. پارێزراو بن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.