خوێندکارێکی ئەفغانی لە سلێمانی ماستەر دەخوێنێت


رووداو دیجیتاڵ

موجتەبا جوویا، خوێندکارێکی ئەفغانییە، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ماستەر دەخوێنێت و دەڵێت، کولتوور و زمانی کوردی و ئەفغانی زۆر لەیەکەوە نزیکن و "زۆر ئاسوودەم".
 
نمە نەبەز، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ ئەو خوێندکارە ئەفغانییە کردووە کە بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیەوە چووەتە سلێمانی، باسی ژیانی خۆی و خوێندنی لە سلێمانی دەکات و دەڵێت، زۆر ئاسوودەیە کاتێک دەبینێت خەڵکی سلێمانی رێز لە میوانەکان دەگرن.
 
موجتەبا لە مانگی 10ـی 2021ـەوە لە سلێمانییە، لەوبارەوە دەڵێت، "کە وڵاتەکەمان کەوتە دەستی تاڵیبان، بەهۆی ئەوەوە ئێمە گوازراینەوە بۆ کوردستان تا لەم زانکۆیە [زانکۆی ئەمریکی] درێژە بە خوێندن بدەین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی سلێمانی ئەوەیە زۆر بیانی وایان هەست کردووە شاری خۆیانە و لەڕووی فەرهەنگییەوە ئاسوودەییبەخش و گەرموگوڕە کە ئەوان ساڵانێکە لێرە دەخوێنن و هەندێکیان ساڵانێکیشە کار دەکەن. یەکێک لەو کەسانەی زیاتر لە ساڵێکە لە سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی دەخوێنێت، موجتەبا جوویایە کە خەڵکی ئەفغانستانە. وایە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ.  
 
رووداو: لە کەیەوە لێرەیت؟ 
 
موجتەبا: لە مانگی 10ی 2021ـەوە لێرەم. ئەوە زیاتر لە دوو ساڵە لێرەم.  
 
رووداو: ئایا بە مەبەست بڕیارت دا کە بێیت لە سلێمانی بخوێنیت یان تەنیا هەڵکەوت بوو؟ 
 
موجتەبا: هەڵکەوت نەبوو. راستییەکەی، کە وڵاتەکەمان کەوتە دەستی تاڵیبان، بەهۆی ئەوەوە ئێمە گوازراینەوە بۆ کوردستان تا لەم زانکۆیە درێژە بە خوێندن بدەین.  
 
رووداو: چۆن لە ئەفغانستان زانیت لە سلێمانی زانکۆی ئەمریکی هەیە؟ 
 
موجتەبا: راستییەکەی، ئێمە نەمادەزانی ئەم زانکۆیە هەیە. زانکۆکەمان ئاگاداری کردینەوە کە لە کوردستان زانکۆیەک هەیە کە زانکۆیەکی ئەمریکییە و زۆر هاوشێوەی زانکۆکەی خۆمانە لە ئەفغانستان. هەر بۆیە بڕیارمان دا بێین بۆ ئێرە تاوەکو درێژە بە خوێندنەکەمان بدەین.  
 
رووداو: کوالێتیی خوێندنت لەم زانکۆیە بەلاوە چۆنە؟ 
 
موجتەبا: کوالێتییەکەی زۆر هاوشێوەی ئەوەی زانکۆکەی وڵاتی خۆمانە. رەنگە هەندێک شت جودا بن، هەندێک بواری خوێندن..
 
رووداو: تۆ بەکالۆریۆست تەواو کردووە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ.  
 
رووداو: ئێستا ماستەر لە بازرگانیدا دەخوێنیت؟ 
 
موجتەبا: ئێستا ماستەر لە بەڕێوەبردنی بازرگانیدا دەخوێنم. بەکالۆریۆسم لە یاسادا خوێند. راستییەکەی پەیوەندییان نییە. 
 
رووداو: چۆن بڕیارت دا لە یاساوە بچیت بۆ بازرگانی؟ 
 
موجتەبا: راستییەکەی، بڕیارم نەدابوو بازرگانی بخوێنم. 
 
رووداو: بەڵام دەتویست ماستەر بخوێنیت؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ، دەمویست بەڕێوەبردنی گشتی بخوێنم. هەروەها حەزم لە پەروەردە هەبوو، بەڵام لێرە ئەو بوارانەیان نەبوو، ئیتر لەبەر ئەوە بوو. 
 
رووداو: وەک خوێندکارێک تاوەکو ئێستا ئەزموونی ژیانت لە سلێمانی چۆنە؟ 
 
موجتەبا: وەک خوێندکارێک ئەزموونێکی زۆر ئەرێنیم هەبووە بەهۆی خەڵکەکە و ستافی زانکۆوە. بەڵێ، زۆر یارمەتییان داوین، بە تایبەت خەڵکەکە، نەک تەنیا لەناو زانکۆدا، بەڵکو لە دەرەوەیش. 
 
رووداو: ئایا لەگەڵتاندا دۆستانەن؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ، زۆر دۆستانەن.  
 
رووداو: خەڵکی سلێمانی بەوە بەناوبانگن کۆمەڵایەتی و کراوەن.  
 
موجتەبا: بەڵێ، بەڵێ. پێم وایە دووەم یان سێیەم رۆژ بوو لە زانکۆ چوومە دەرەوە، قسەمان لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکاندا کرد کە زمانی کوردییشمان نەدەزانی، بەڵام هەرچۆنێک بێت توانیمان کارەکەمان رایی بکەین، چونکە زمانی ئێمە فارسییە و زۆر لە کوردییەوە نزیکە. 
 
رووداو: وایە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ، زۆر لە کوردی نزیکە. هەندێک وشە وەک یەکن. 
 
رووداو: ئایا زۆر جار لە کاری رۆژانەدا ئەو وشە هاوشێوانەی کوردی لە زمانەکەتاندا بەکاردەهێنن؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ، ئەگەر شارەزای فارسی بیت، ئەوا هەندێک وشە دەزانیت. وشەی دیکەیش چوونیەکن. 
 
رووداو: ئەی چەندە تێدەگەیت؟ 
 
موجتەبا: رەنگە بتوانم 10٪ تێبگەم کە خەڵكی چی دەڵێن. هەروەها لە کوردستان خەڵک گوێ لە گۆرانیی فارسی و ئێرانی دەگرن کە ئەوانیش شارەزای زمانەکەمانن.  
 
رووداو: هیچ کوردی فێربوویت؟ 
 
موجتەبا: هەندێک وشە فێربووین. 
 
رووداو: چی دەزانیت؟ 
 
موجتەبا: بۆ نموونە کە دەست بە قسە دەکەیت… هەندێک لە دەستەواژە سەرەتاییەکان فێربووین. 
 
رووداو: هاوڕێکانی ئێرەت بەدڵن؟ 
 
موجتەبا: هەر زۆر. 
 
رووداو: ئایا زۆر ئەزموونی فەرهەنگی ئێرەت کردووە؟ چ شتێکت بە تەواوەتی ئەزموون کردووە؟ لەو کاتەوەی لێرەیت، سەرنجڕاکێشترین سیمای فەرهەنگی ئێرە بە لاتەوە چییە؟ 
 
موجتەبا: یەکەمیان زمانەکەیە، چونکە زۆر لە زمانی خۆمان دەچێت. هەروەها شێوازی جلوبەرگی خەڵک و شێوازی گفتوگۆی خەڵک و دۆستانەبوونیان. 
 
رووداو: لەبارەی جلوبەرگی خەڵکی ئێرەوە چی دەڵێیت؟ 
 
موجتەبا: هەر زۆر لە جلی ئەفغانی دەچێت. هەندێک کەس حەزیان لە جلوبەرگی نەتەوەییانە، ئێمەیش لە ئەفغانستان حەزمان لێیەتی. هەروەها حەزیشمان لەوەیە دۆستانە بین، چونکە.. 
 
رووداو: خەڵکی ئەفغانستان جلوبەرگی نەتەوەییان زیاتر لەبەر دەکەن یان خەڵکی کوردستان؟ 
 
موجتەبا: پێم وایە ئێستا خەڵک لە ئەفغانستان زیاتر جلوبەرگی نەتەوەیی لەبەردەکەن تا خەڵکی ئێرە، بە تایبەتی گەنجان.  
 
رووداو: ئایا حەزت لە جلوبەرگی کوردی هەیە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. راستییەکەی، هاوڕێیەکم هەیبوو، ویستم ئەوەی ئەو تاقی بکەمەوە، بەڵام بۆم نەبوو، بەڵام زۆر لە جلوبەرگی ئەفغانی دەچێت. 
 
رووداو: گوتت شتی هاوشێوە زۆرن لەنێوان زمانی فارسیی ئەفغانی و زمانی کوردی، بەڵام جگە لە زمان، چ سیمایەکی فەرهەنگیت بەلاوە هاوشێوەی ئەوەی خۆتانە؟ 
 
موجتەبا: بۆ نموونە، خەڵک، خواردەمەنی، خواردنەوەکان، وەک چای کە لە ئەفغانستان زۆر دەیخۆینەوە، هەرچەندە ئێمە چایی سەوز دەخۆینەوە، بەڵام لە کوردستان خەڵک چایی رەش زۆر دەخۆنەوە. ئیتر ئەوانە هەندێک لە هاوشێوەکانن.  
 
رووداو: ئەگەر هەلت بۆ بڕەخسێت، دوای ئەوەی بڕوانامەکەت وەرگرت، حەز دەکەیت لێرە بمێنیتەوە و کار بکەیت و خێزانەکەت بهێنیت بۆ ئێرە؟ 
 
موجتەبا: پێم وایە بەڵێ. زۆر هەست بە ئاسوودەیی دەکەم کە لێرە کار بکەم بە تایبەتی ئەگەر خێزانەکەم لێرە بن، ئەوەیش لەبەر ئەو فەرهەنگە هاوبەشەی هەمانە. ئێمە بەهای هاوشێوەمان هەیە. پێم وایە گواستنەوەیەکی ئاسان دەبێت.  
 
رووداو: تائێستا گوێت لە هیچ گۆرانییەکی کوردی گرتووە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ. 
 
رووداو: گوێت لە کێ گرتووە؟ هیچ گۆرانیبێژێکی کورد دەناسیت؟ 
 
موجتەبا: راستییەکەی هیچ گۆرانیبێژێک ناناسم، بەڵام هەر کاتێک گوێ لە گۆرانی دەگرین لە تەکسیدا، یان کاتێک هاوڕێکانم گوێی لێ دەگرن، منیش حەزم لە ریتمی گۆرانیی کوردی دەبێت.  
 
رووداو: حەزت لە ریتمی گۆرانیی کوردییە؟ 
 
موجتەبا: ریتمێکی زۆر شادە. ئەوە هۆیەکە. 
 
رووداو: ئایا هیچ چوونیەکییەک لەنێوان میوزیکدا هەیە؟ 
 
موجتەبا: بەڵێ. ئێمەیش میوزیکی نەتەوەیی و میوزیکی شادمان هەیە و خەڵک لەگەڵ میوزیکدا سەما دەکەن. لێرەیش خەڵک حەز لە هەڵپەڕکێ دەکەن ... 
 
رووداو: هەڵپەڕکێی کوردی. 
 
موجتەبا: هەڵپەڕکێی کوردی کە بە ریزە. راستییەکەی لێرە زۆر ئەزموونمان هەبووە، بە تایبەتی لە رۆژی فەرهەنگیدا کە خەڵک هەڵدەپەڕن. منیش هەوڵم دا لەگەڵیاندا هەڵپەڕم، تۆزێک فیر بووم.  
 
رووداو: ئایا خواردنێکی کوردی هەیە کە دڵخوازت بێت؟ 
 
موجتەبا: خواردنی کوردیم زۆر نەخواردووە، بەڵام لە رێستۆرانتەکاندا کە لیرە پێیان دەڵێن چێشتخانە کەبابم خواردووە. برنجیشم تاقی کردووەتەوە. بە دڵم بوون. ئەوانی دیکەم نەخواردوون، بەڵام دەمەوێت بیانخۆم.  
 
رووداو: موجتەبا جوویا، خوێندکاری ئەفغانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. خۆشحاڵ بووم. 
 
موجتەبا: سوپاس.