رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەو داهاتەی کە لە نەوتەوە دەچێتە وەزارەتی دارایی نزیکەی 350 ملیۆن دۆلارە، لە کاتێکدا بەپێی ئەو حساباتەی ئەوان دەیکەن دەبێت نزیکەی 900 ملیۆن دۆلار بێت.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەڤانان کە لە 15-11-2021 تۆمارکراوە، لە پرسیارێکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری رووداو لەبارەی تێپەڕاندنی دەستووری کوردستان پێش هەڵبژاردن کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بکرێت رایگەیاند، بێئومێد نین لەوەی کە پێش هەڵبژاردن، بتوانن دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان تێپەڕێنن.
نزیکەی مانگێکە پرسی کۆچبەرانی کورد بووتە رۆژەڤی میدیاکان، سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی هۆکارەکانی کۆچکردن رایگەیاند، کۆچکردن خەریکە وەکو دیاردەی لێدێت، بەشێکی پەیوەندیی بە بێکارییەوە هەیە، بەشێکیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەسێک دەیەوێت بۆ ژیانێکی باشتر بگەڕێت، هەروەها بەشێکیشی پەیوەندی بە بێئومێدبوونەوە هەیە.
بڕیار بوو لیژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی پەرلەمان سەردانی پۆڵەندا بکات و لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتیی ئەوروپا و رێکخراوە مرۆییەکان قسە بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو لیژنەیە نەڕۆشتوون، لەو بارەوە سەرۆکی پەرلەمان گوتی، بەهۆی ئەوەی کە پێنەدانی ڤیزا بە لیژنەکە، نەیانتوانیوە گەشتەکە بکەن.
رێواز فایەق لەبارەی ئەوەی کە یەکێتی نایەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی دا بکرێت بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەکیان نییە. "خۆم لەگەڵ مەکتەبی سیاسی بەشدار بووم.. ئەوەی کە من دەیزانم ئەوەیە کە یەکێتی دەیەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت".
سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی کۆی داهاتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەوان ئاگاداری ئەو داهاتانەن کە دەچنە نێو وەزارەتی دارایی، بەڵام وەکو سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، "هەمووی ناچێتە وەزارەتی دارایی.. کەس حەقی ئەوەی نییە کە داهاتی مەرزەکان لای خۆی گلبداتەوە.. کاتێک بیر لە پارەی نەوت دەکەیتەوە، لە ئێستادا هیچ سرووشتی نییە ئەو پارەیەی کە دێتە ناو وەزارەتی دارایی، 350 ملیۆن دۆلارە، خۆی نزیک دەبێتەوە لە 900 ملیۆن دۆلار".
لە ماوەکانی رابردوودا، لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا گرژی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتاران روویدا، دواتر دەنگێک بڵاوکرایەوە کە گوایە یەکێک لە پەرلەمانتارەکان قسەی "نەشیاو" بە پەرلەمانتارێکی دیکە دەڵێت، لەو بارەوە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند، ئەگەر خۆی گوێی لەو قسەیا ببووایە، دەیکردە دەرەوە و نەیدەهێشت بێتەوە پەرلەمان، "بەڵام نەک من گوێم لە نەبووە، هەموو ئەو ریزەی لەوێ بوون و لە حیزبەکانی تر، یەک یەک لێم پرسیون، 'گوێتان لەو قسەیە بوو؟' ".
یەکێک لە پرسیارەکان لە سەرۆکی پەرلەمان ئەوە بوو کە ڤێلایەکی پەرلەمان بە 700 هەزار دۆلار فرۆشراوە و پارەکەی بۆ چاککردنی بەرزکەرەوەی پەرلەمان خەرجکراوە، لەو بارەوە سەرۆکی پەرلەمان گوتی، "بەڵێ فرۆشتوومانە، بەڵی بە یاسای فرۆشتوومانە، بەڵێ مەسعەدمان پێ چاککردووەتەوە، بەڵێ قەرزمان پێداوەتەوە، پێویستیش بێ شتی تریش بکەین، دەیکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ