سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ: دەبێت عێراق شانازی بە شەفافیی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتەکەیەوە بکات

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، دەبێت عێراق شانازی بە شەفافیی پرۆسەی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتەکەیەوە بکات؛ دەشڵێت، "نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەوروپا و ئەمریکا بە نزیکەی 50 کۆمپانیا دەفرۆشرێت."
 
د. فەلاح عامری، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ و راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح لەگەڵی ئەنجامی دا، باسی لەوەکرد، فرۆشتنی نەوت لە سۆمۆ دەستنووسی نییە و تەواوی مامەڵەکانی لە رێگەی ئیمێڵەوەیە.
 
سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای سۆمۆ ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکە نەوت بە بازاڕەکانی دەرەوە و نێوخۆ دەفرۆشێت و گوتیشی، فرۆشتنەکە بەشێوەیەکە تەنانەت ئەگەر وەزیری نەوت بۆ کۆمپانیایەک بڕی نەوت زیاد بکات، دەبێت بە قەڵەمی سوور بینووسێت بۆ ئەوەی دواتر بەرپرسیارییەتییەکەی لەئەستۆ بگرێت.
 
لە بارەی ئەو نرخەی لە بازاڕەکاندا بۆ نەوتی عێراق دیاری دەکرێت، فەلاح عامری گوتی، بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق، تێکڕای نەوتی دوبەی و عەمان هەژمار دەکرێت، چونکە عێراق فرۆشتنی نەوتی رۆژانەی نییە و پێنوێنی تایبەت بە نەوتەکەی نییە، بەڵام کە خواست لەسەر نەوتەکەی زیادبێت نرخەکەی بە نزیکەی دۆلارێک بەرزدەبێتەوە. 

دەقی هەڤپەیڤینەکە: 

رووداو: د. فەلاح ئەلعامری بەخێربێی بۆ کوردستان
 
د. فەلاح ئەلعامری: زۆر سوپاس
 
رووداو: سەرەتا دەمەوێ لەبارەی میکانیزمی بەبازاڕکردن و نرخاندنی نەوت لە عێراق بپرسم، ئەو میکانیزمە چۆنە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: سوپاس بۆ ئەم داوەتە و پشتیوان بەخوا زانیاری وردتان دەربارەی ئەو بابەتە دەدەمێ. میکانیزمی بەبازاڕکردن و نرخاندنی نەوت لە عێراق یەکێکە لە میکانیزمە گرنگ و شەفاف و پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە. ئەم میکانیزمەش، نرخاندن و بەبازاڕکردن و تەرخانکردنی بڕ، بەڕاستی بڵێم رێزێکی داوەتە عێراق لەلایەن کڕیارەکانەوە، ئەوانەی لەماوەی ئەم 15 ساڵەی رابردوو نەوتی عێراقیان کڕیوە. ئەو کۆمپانیایانەی لە 2007 بەدواوە مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە کردووە و نەوتی عێراقیان کڕیوە، نزیکەی 28 کۆمپانیا بوون لە سەرانسەری بازاڕەکاندا، ئێستا سوپاس بۆ خوا گەیشتووەتە نزیکەی پەنجا کۆمپانیا. کەواتە ئێمە کڕیارێکی زۆرمان هەن لە هەموو بازاڕەکاندا، یەکێ لە هۆیەکانی ئەمەش حەزکردن بووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ئەو شەفافیەتەی لە فرۆشتن و نرخاندنی نەوتی عێراقیدا هەیە. میکانیزمی بەبازاڕکردن بەجۆرێکە، هەموو ئەو بڕانەی بۆ هەناردەکردن دانراون دابەشی سەر سێ بازاڕ دەکرێن: بازاڕی رۆژهەڵات کە بریتییە لە ژاپۆن و کۆریای باشوور و... 
 
رووداو: رۆژهەڵاتی ئاسیا بەگشتی..
 
د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ رۆژهەڵاتی ئاسیا.. لەوانەش چین و هیندستان و کۆریای باشوور لە هەموویان گرنگترن بۆ ئێمە. بازاڕێکی دیکە کە نەوتی ئێمەی بۆ دەڕوات بازاڕی ئەوروپایە، ئەم بەشە جا یان لە کەناڵی سوێسەوە رۆیشتووە، یان لە بەندەری جەیهانەوە و هەروەها لە سووریاشەوە. بازاڕێکی دیکەی ئێمە کە بازاڕێکی دوورە، بازاڕی ئەمریکایە. ئەمە بازاڕێکی تەقلیدی و کۆن بووە بۆ ئێمە، بەڵام بە کەشتیی گەورە دەگوازرێتەوە..
 
رووداو: مەبەستت چییە کە دەڵێی تەقلیدی؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: مەبەستم ئەوەیە بازاڕێکی نوێ نییە، چین و هیندستان، یان با بڵێم چین بازاڕێکی نوێیە، بەڵام ئەمریکا لە کۆنەوە کۆمپانیای زەبەلاحی هەبووە و هاردەکردن و هەناردەکردنی نەوتی لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان هەیە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان ناکەین، یان با بڵێم هەموویان نەوتی عێراقی ناکڕن، ئێمەش هەوڵ دەدەین هاوسەنگیی نێوان بازاڕەکان راگرین و زیاتر گرنگی بەو بازاڕانە بدەین کە بازاڕی مژدەبەخشن و عێراق دەتوانێ قازانجی زیاتریان تێدا بکات، بۆیە بەلای ئێمەوە بازاڕی رۆژهەڵات باشترین بازاڕە. ئەو بڕە نەوتەی لە 2007 بۆ ئەو بازاڕە دەچوو رێژەکەی 28٪ بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 70٪. کەواتە هەوڵمان داوە هێواش هێواش نەوتەکەمان بەرەو ئەو بازاڕە ببەین چونکە بۆ ئێمە داهاتی زیاترە و سەقامگیریشە، بەڵام بازاڕی ئەمریکی...
 
رووداو: هۆی ئەو سەقامگیرییە چییە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: چونکە دەوڵەتانێکن لەڕووی ئابوورییەوە تازە پێدەگەن و پێویستیان بە بڕی زەبەلاح لە نەوت هەیە. لە هەمان کاتدا ژمارەی دانیشتووانیشیان زۆر زۆرە. چین ملیار و نیوێکە و هیندستانیش نزیکەی ملیار و نیوێکە. تەنیا چین و هیندستان بە رێژە نزیکەی 45٪ پێکدێنن، بۆیە پێویستیان بە بڕێکی زۆر لە وزە هەیە، سەرباری ئەوەش لەڕووی ئابوورییەوە تازە پێدەگەن، بڕۆ تەماشای ئەو قەڵەمبازە گەورەیەی چین بکە لە بواری ئابووری. بۆیە ئێمە هەمیشە وا سەیر دەکەین کە چۆن نەوتی عێراقی بنێرینە بازاڕەکان و دەبێ دووریش بڕوانین کە چۆن بتوانین پارێزگاری لەو بازاڕە بکەین، چاودێری دەکەین هەرکاتێ کێماسییەک لەو بازاڕەدا پەیدا بوو، بڕەکە کەمی کرد یان شتی لەوجۆرە، خێرا چارەسەری بکەین. دەبێ هۆیەکەی دەستنیشان بکەین و هێندەی دەتوانین چارەسەری بکەین، چونکە شتەکە بۆ ئێمە ئەوە نییە بەشی ئەمساڵ نەوت هەناردە بکەین، دەبێ وا تەماشای بکەین کە هەتا ئەوکاتەی جیهان سوود لە نەوت دەبینن. سەبارەت بە بازاڕی ئەمریکی، رێژەکەی لەنێوان 10 بۆ 15٪ دەبێت، واتە ئەو 30٪ـەی دەمێنێتەوە دابەشی سەر بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەبێت. بێگومان جاری وا هەیە دەگاتە 35٪ و جاریش هەیە دەگاتە 25٪ بەگوێرەی بازاڕ. بۆ نرخیش هەر بازاڕێک نرخێکی هەیە. نەوتێکیشمان هەیە پێیدەڵێین نەوتی ئاماژە، ئەمە ئەو نەوتەیە کە رۆژانە دەفرۆشرێ، ناسراوە و لە جۆری نەوتی سووکە، ئەمە چییە؟ دەبلیو تی ئای و برێنت. ئەم دوو جۆرە مەرجەعی نرخاندنی نەوتی ئێمەن. ئەو نەوتە لە جۆری سووکە و ترش نییە. نەوتی ئێمە لە عێراق، لە باشوورەوە هەتا باکوور، لە نەوتی جۆری ترشە، واتە لەو جۆرەیە کە کبریتی تێدایە، رێژەی کبریتەکەی بەرزە. هەندێ جار رێژەی ئەم کبریتە دەگاتە 2.5. واتە 2.5٪ی کبریتە. ئەی پی ئایەکەشی، ئەی پی ئای واتە رێژەی لیقییەکەی، نەوتەکە چەندە لیق بێت نرخەکەی ئەوەندە کەمتر دەبێتەوە..
 
رووداو: بۆ نموونە چ نەوتێک؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: ئێمە لە عێراق هەندێ نەوتمان هەیە، بۆ نموونە ئەوەی گەیارە، نەوتێکی قورسە، ئەی پی ئایەکەی دەگاتە 17٪، 16 یان 17٪ دەبێت، ئەمە نەوتێکی زۆر قورسە و مادەی نەفتا و بەنزینی وەکو پێویست لێ دەرنایەت.
 
رووداو: کەواتە نرخی نەوتی گەیارە کەمترە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بە دڵنیاییەوە.. بە دڵنیاییەوە، بۆیە من لە سیمینارەکەشدا گوتم دەوڵەتان وردە وردە فۆکەس دەخەنە سەر نەوتی سووک، بەتایبەتی لەم کاتەدا دەبێ فۆکەس بخەنە سەر نەوتی سووک.
 
رووداو: بەڵام لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا پاڵاوگەی گەورە هەن کە نەوتی قورس دەکڕن، وایە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ، لەبەر ئەوەش بوو کە روومان کردە بازاڕی رۆژهەڵات. بازاڕی رۆژهەڵات تەنانەت لە پاڵاوگەشدا نوێیە، دەیانەوێ لەڕووی پاڵاوگەشەوە پەرە بستێنن. ئەمانە پاڵاوگەی زۆر ئاڵۆزن هەندێکیان پێیان دەڵێن یورۆ فایڤ، یورۆ فایڤ زۆر پێشکەوتووە. ئێستا ئێمە پاڵاوگەی کەربەلامان هەیە، باشترین پاڵاوگە لە مێژووی عێراقدا پاڵاوگەی کەربەلایە، رەنگە خەڵک ئەمە نەزانن، بۆچی؟ چونکە وەزارەت کاتێ پاڵاوگەیەکی نوێ دادەنێ دەبێ پاڵاوگەیەک بهێنێ کە دوایین ئاستی پاڵاوگە بێت. پاڵاوگەکانی کە پێشتر هەمانبوون لەوانەن کە تەکنۆلۆژیای پاڵاوگە لەوکاتەدا نەگەیشتووە ئەوەی ئێستا هەیە.
 
رووداو: ببوورە دکتۆر، کۆمپانیای سۆمۆ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقە بۆ دەرەوە یان بۆ ناوخۆش؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: کە دەڵێی بەبازاڕکردن واتە بۆ دەرەوەیە. بەڵام ئێمە دەڵێین، ئەم نەوتە عێراقییەی کە دانراوە بۆ بازاڕ، بەشێکی بۆ بازاڕی ناوخۆیە و بەشێکیشی بۆ بازاڕی دەرەوە.
 
رووداو: هیچ جیاوازییەک لەنێوان نرخی دەرەوە و نێوخۆ هەیە؟ بۆ نموونە حکومەتی عێراق دەیەوێ نەوت بداتە پاڵاوگەی کەربەلا، نرخەکەی کەمترە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: نا، بڕوانە، بۆ بازاڕی نێوخۆیی، خۆی دوو جۆرمان هەن: کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی، مەبەستم لە پاڵاوگەکان. کەرتی تایبەت لەوانەیە لە سۆمۆی بکڕێ، بەڵام پاڵاوگەکانی دیکە، رەنگە کۆمپانیای پەیوەندیدار خۆی... بۆ نموونە کۆمپانیای نەوتی بەسرە دەیەوێ نەوت بداتە شعێبە، دەبینی چۆنە؟ ئەوە ئیدی کڕین و فرۆشتنەکە لەنێوان خۆیانە و نرخەکەشی جیاوازە، نرخی پاڵپشتە.
 
رووداو: کەواتە حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتە لۆکاڵەکان و کۆمپانیا نێوخۆییەکان دەکەن؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: ئەو شەفافیەتەی کە حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوت لە فرۆشتنی نەوتی خاودا کاری پێدەکەن، بەڕاستی دەڵێم، ئەگەر عێراق بیەوێ شانازی بە شتێکەوە بکات، ئەو شتە پرۆسەی فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقە. چونکە هیچ دەستێوەردانێکی تێدا نییە. هیچ کەموکووڕییەکی تێدا نییە. هەمووی بەگوێرەی میکانیزمێک لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان و بازاڕەکانی جیهان رێکخراوە. هیچ جۆرە کاریگەرییەک لەسەر کاری سۆمۆ نییە و پەرەسەندنەکەی بەردەوامە، ئەمە لەو رووەوە کە پەیوەندی بە نەوتی خاوەوە هەیە، بەردەوامە بەگوێرەی پێوەرگەلێک کە کەس ناتوانێ دزە بکاتە ناوی، چونکە هەر دزەکردنێک بەمانای ئەوەیە کە لە کێشەیەکی مەترسیدارداین. بۆیە نەوتی عێراق، سوپاس بۆ خوا بەگوێرەی کۆمەڵە پێوەرێک بەڕێوەدەچێ کە پێموایە لە 2007 دانراوە و تا ئێستاش لەسەر ئەوە دەڕوات. رەنگە زۆر کەس ئەو میکانیزمە نەزانن کە هەموو پەیوەندییەکان و گرێبەستەکانی ئێمە و داواکردنی نەوت، هەمووی بە ئیمەیڵە.
 
رووداو: بە ئیمەیڵە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بە ئیمەیڵە و هیچی بەدەستنووس نییە، بە دانیشتنی رووبەڕوو نییە. داوا دەکەین بڕی داواکراوی خۆیان بۆ ساڵی داهاتوو دیاری بکەن. داخوازییەکان لە مانگی حەوت یان هەشت وەردەگرین. کۆمپانیا کۆدەبێتەوە، دەستەی فرۆشتن سەرەتا خشتەی داخوازییەکان ئامادە دەکات، پاشان دەخرێتە بەردەمی لیژنەیەک کە بەڕێوەبەری گشتی سەرۆکایەتی دەکات، ئەو تەماشای دەکات و لەگەڵ چوار لایەنی دەرەوەی کۆمپانیا گفتوگۆی دەکەن بۆئەوەی شەفاف بێت، پاشان ئەم بڕی ساڵانەیە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی کارگێڕی، واتە فڵان کۆمپانیا چەندی بۆ تەرخان کراوە و کام کۆمپانیا نوێیە و کام کۆمپانیا دەرچووە، کام کۆمپانیا داوای پێشکەش کردووە و مەرجە پێویستەکانی تێدا نییە.. پاشان هەموو ئەمانە دەخرێنە بەردەم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان بە سەرۆکایەتی بەڕێز وەزیری نەوت و تیمەکەی خۆی، ئەمانەش پشکنەری گشتیی تێدایە و فەرمانگەی ئابووری و فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان و تەکنیک و ئەمانە هەموو بەشدار دەبن. لەوێ چ بڕێک دەدرێتە کام کۆمپانیا و چۆن دابەش دەکرێ، هەمووی دەخرێتە بەر باس. بۆ نموونە کۆمپانیایەک کە توانایەکی بەرزی پاڵاوتنی هەیە، با بڵێین کۆمپانیایەک یەک پاڵاوگەی هەیە و دەتوانێ 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بپاڵێوێ، بەڵام کۆمپانیایەکی دیکە دەتوانێ رۆژانە حەوت ملیۆن بپاڵێوێ، ئایا ئەم دووە لەڕووی بڕی نەوتەوە یەکسان دەبن؟ نەخێر
 
رووداو: کەواتە میکانیزمی مامەڵەکە ناڕاستەوخۆیە نەک راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتەکان؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ وەک گوتم کۆمپانیاکان بە ئیمەیڵ بۆمان دەنێرن، ئەو گەنجانەی لەوێ کار دەکەن ئیمەیڵەکان وەردەگرن و کارەکان بۆ بەڕێوەبەری دەستە رێکدەخەن و ئەویش دەیداتە بریکاری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری نەوتی خاو.. هەتا ئێرە هێشتا بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندییەکی بە کارەکەوە نییە، ئەوە ئیشی ئەو گرووپەیە، واتە بەڕێوەبەری گشتی لەناو کارەکە نییە، ئەمەیە پێوەرەکە. بەڕێوەبەری گشتی دەست لە تەرخانکردنی بڕی نەوت وەرنادات، تەنیا چاودێری دەکات. ئەو تەنیا چاودێریی ئەوە دەکات ئەم بڕە چۆن تەرخان کراوە، ئەوەی دی بۆچی تەرخان نەکراوە و بەوجۆرە. پاشان کارەکە دەخرێتە بەر وردبینی، بۆیە کارەکە زۆر بە رێکوپێکی دەڕوات.
 
رووداو: شەفافیشە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: شەفافە و هیچ کەسێک دەستی تێوەرنادات، تەنانەت ئەگەر وەزیریش هات و لەبارەی بڕە تەرخانکراوەکان پرسیاری کرد و ویستی بەشی کۆمپانیایەک زیاد بکات، دەڵێین فەرموو بە قەڵەمی سوور زیادی بکە، ئەگەر قەناعەتت وایە ئەو بەشە دەبێ زیاد بکرێ ئەوە بڕیاری تۆیە، بۆ نموونە کۆمپانیایەک 250 هەزاری بەرکەوتووە، ئەو دەڵێ نا بیکەنە 300، دەڵێین باشە فەرموو بینووسە و ئەویش دەیکاتە 300 هەزار لە رۆژێکدا، ئەمە بۆئەوەی کە ئەگەر رۆژێک لایەنێک هات، خۆت دەزانی لە عێراقدا تۆمەتبارکردن زۆرە.. تۆمەتبار دەکرێی..
 
رووداو: تۆمەت وەکو چی؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بۆ نموونە دەڵێن دیارە نێوەندگر هەیە. خۆی لە نرخەکە بۆ هەر کۆمپانیایەک بە نرخێکە.. بڕەکان لەلایەنی دیکەوە تەرخان دەکرێن و پاشان بەو قۆناغانەدا دەڕوات و پاش ئەوەی جەنابی وەزیر و دوو ئەندامی لیژنەی وەزاری پەسەندیان کرد، واتە بڕی تەرخانکراوی ساڵانە بۆ ساڵی داهاتوو پەسەند دەکەن، پاشان بەڕێوەبەری گشتی دەنووسێ: بۆ بەڕێوەبەری دەستەی نەوتی خاو، کاری پێویست بکرێ بەگوێرەی رەزامەندیی جەنابی وەزیر.
 
رووداو: باشە با باسی نرخ بکەین، مەسەلەی نرخاندن، جیاوازی چییە لەنێوان نرخی نەوتی عێراقی و نەوتی...
 
د. فەلاح ئەلعامری: ئێستا دەمویست باسی بکەم، تۆ پرسیارێکت کرد و...
 
رووداو: بەگوێرەی نرخی برێنتە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ روونە... ئێمە، کەمێک پێش ئێستا گوتم، نرخێکمان هەیە پێیدەڵێن نرخی ئاماژە، ئەوەی کە ئێمە پشتی پێدەبەستین. بۆ نموونە: من گوتم سێ بازاڕمان هەن، با باسی بازاڕی ئەمریکی بکەین. بازاڕی ئەمریکی دەبلیو تی ئایی هەیە. دەبلیو تی ئای لە راستیدا نرخ بۆ نێوخۆ دادەنێ، نرخەکانی بۆ نێوخۆی ئەمریکایە، بەگوێرەی بۆرسەکانی نێوخۆ نرخ دادەنێ، بەڵام بەوەدا کە هیچ نەوتێک لە جیهاندا نییە هێندە باش بێت و میکانیزمی خۆی هەبێ، کۆمپانیا جیهانییەکان ناچارن ئەوە بەکاربێنن، دەبینی چۆنە؟ چونکە ئەمە بەپێی بۆرسەیە. جا دەبلیو تی ئای، با وای دابنێین، ئەمڕۆ وەکو سەیرم کرد نرخەکە 85ـە، بە گوێرەی دەبلیو تی ئای، برێنت کە لە دەریای باکووری بەریتانیا بەرهەم دێت، ئەمڕۆ رەنگە 88 یان 89 بێت، هەمیشە جیاوازییەکی هەیە، ئێمە بەنیسبەت خۆمان کە دەمانەوێ نەوت بۆ ئەمریکا بنێرین، یەک بار نەوت چۆن حیساب دەکرێ؟ چونکە یەک بار حیساب دەکرێ نەک هەمووی، بارەکە ئەمڕۆ دەرچووە، چ مانگێکە؟ مانگی دەیە...
 
رووداو: بۆ نموونە برێنت..
 
د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ باسی برێنت دەکەم.. بارەکە لە بەسرە دەرچووە، دەچێ بۆ فەرەنسا، یان بۆ بەریتانیا، تێکڕای مانگانەی برێنت، نا ئێمە گوتمان ئەمریکا یان... ئا .. لێرەدا هاوکێشەیەک هەیە، هەرچەندە نامەوێ بینەریش هیلاک بکەین بە باسی ئەم میکانیزم و شتانە، بەڵام هەر بازاڕێک میکانیزمی خۆی هەیە، نرخاندنیش هەمووی هاوکێشەیە، ئێمە کە بارێک رەوانە دەکەین دەڵێین نرخاندنی ئەم بارە ئاوا دەبێت: نەوتی برێنت کە دەڕوات بۆ ئەوروپا، یان نەوتی دەبلیو تی ئای کە دەچێ بۆ ئەمریکا، یان تێکڕای نرخی عومان و دوبەی، چونکە ئەم دوو وڵاتەش رۆژانە نەوت دەفرۆشن، تێکڕای هەردووکیان وەردەگرین، دوبەی بڕێکی کەمتر بەرهەم دێنێ و ئەوانی دیش نزیکەی 900 ، ئەوان نرخیان رۆژانەیە و ئەمانیش رۆژانەیە، دوو بازاڕە، ئێمە تێکڕای هەردووکیان وەردەگرین، هەروەها تێکڕای مانگانەیان، ئینجا دەڵێین ئەم بارە نرخەکەی بە تێکڕای نرخی نەوتی عومان دوبەیە زائید ناقیس، ئەم زائید ناقیسە ، بازاڕ چیمان پێدەڵێ لەو مانگەدا؟ رەنگە بڵێن چین یان هیند داوای بڕێکی زۆری نەوتیان لە بەسرە کردووە با نرخەکەی زیاد بکەین، ئێمەش نرخەکەی 50 سەنت یان دۆلارێک، دۆلار و نیوێک دەبەینە سەرەوە. لە گرێبەستەکەشدا هەندێ بابەت هەن کە بەرزی و نزمی بە نرخ دەکەن، ئەمانە هەموو پێکەوە، چ زیادی و چ کەمی، پێنج لەسەت زیاتر پێکناهێنن لە نرخی هەر یەکەیەک، بەڵام 95٪ی کە دەمێنێتەوە کام نرخە؟ تێکڕای نرخی عومان دوبەی، جا ئەگەر تێکڕای نرخی عومان دوبەی گوتی نرخی ئەم مانگە با بڵێین 80 بووە، ئەم هەشتایە بە زیادبوون و لێدەرچوونی، زیاتریش لێی دەردەچێ چونکە وەکو گوتمان نەوتی عێراقی جیاوازە لە نەوتی شوێنێکی دیکە و نرخ لە کۆمپانیایەک بۆ کۆمپانیایەکی دیکە و بەوجۆرە هەندێکی لێ دەردەچێ، بەوجۆرە رەنگە جیاوازییەکە ببێتە سێ یان چوار لەو مانگەدا، لە هەندێ مانگی دیکەدا رەنگە ببێتە کۆ یەک.. کەواتە ئەو بارە کە ئەو رۆژە دەرچووە، بەپێی تێکڕای عومان دوبەی دەبێ بە شتێک زیاد و کەمەوە.
 
رووداو: بۆچی پێنوێنێکمان نییە، بۆ نموونە نەوتی سەڵتەنەتی عومان یان دوبەی، وەکو بەسرە ئیندێکس؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بۆچی؟ چونکە عێراق نەوت بە رۆژانە نافرۆشێ، عێراق بڕەکە تەرخان دەکات. ئێمە بازاڕێکمان نییە رۆژانە نەوتی خۆمانی تێدا بفرۆشین، بۆچی؟ چونکە بازاڕە جیهانییەکان قەبووڵی ناکەن، چونکە نەوتی ئێمە حکومییە. پێتدەڵێن نەوتی حکومی لە بازاڕدا ئازاد نییە، لەوانەیە حکومەت دەستی تێوەربدات یان وەزارەتی نەوت. بەیانی دێن دەڵێن نرخی بازاڕ چەندە؟ دەی بیکە 70، بیکە 87 ، بۆیە پێوەری بازاڕە جیهانییەکان ئەوە قەبووڵ ناکات. من خۆم کارم لەسەر کردووە، زۆر کارم لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە ببینە نەوتی ئاماژە، بەڵام بۆ ئەوە دەبێ بەشێکی ئەو بڕە ئازاد بکەین و رۆژانە بیفرۆشین، دەبینی چۆنە؟ کاری زۆرمان لەسەر ئەوە کرد و گەنجەکانمان ئەگەر لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر بکەن و بتوانن رەزامەندی وەرگرن، رەنگە بتوانین بەشێکی نەوتەکەمان بەشێوەی رۆژانە بفرۆشین. ئەم بارە کە دەڕوات، ئەگەر چوو بۆ ئەوروپا، نەوتی ئاماژەکەی برێنت دەبێت و ئەگەر رۆیشت بۆ ئەمریکا، نەوتی ئاماژەکەی نرخی ئەمریکی دەبێت. بۆیە هەر بارێک نرخەکەی جیاواز دەبێ لەگەڵ بارێکی دیکە. رەنگە بارێکمان هەبێ، بۆ نموونە ئەمڕۆ تێکڕای نرخ بووە بە 85، ئەو بەشەی دەڕوات بۆ ئەمریکا رەنگە نرخەکەی لە 80 راوەستێ، رەنگە ببێتە 79، هەر بارێک رەوش و بارودۆخی خۆی هەیە و کارەکەش زۆر شەفافە. دووەمیش تۆ کە نرخی مانگانە دادەنێی، دەڵێی من نرخی ئەو نەوتەی بۆ رۆژهەڵات دەڕوات پێنج سەنت زیاد دەکەم، ئەوەی دەڕوات بۆ ئەمریکا 10 سەنت زیاد دەکەم، ئەمە نرخاندنێکە پێیدەڵێین نرخاندنی سۆمۆ. ئەو نرخاندنەی بازاڕ بۆ نەوتی ئاماژە و کۆ یان کەمی نرخاندنی سۆمۆ، دەکاتە نرخی ئەو بارە نەوتە. نرخی نەوتی عێراقیش مانگانە بە تێکڕایەکی هاوسەنگ پێوانە دەکرێ.
 
رووداو: فاکتەری بنچینەیی، یان با بڵێم جیاوازی چییە لەنێوان برێنت و دەبلیو تی ئای و سۆمۆ، فاکتەرە سەرەکییەکە چییە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: فاکتەری سەرەکی فاکتەری جوگرافیا و تراسپۆرتەیشنە...
 
رووداو: مەبەستت تێچووی گواستنەوەیە..

 

د. فەلاح ئەلعامری: بەڵێ تێچووی گواستنەوە و هەروەها... 
 
رووداو: کواڵیتی.. رەنگە کواڵیتی نەوتەکەش
 
د. فەلاح ئەلعامری: بێگومان جۆری نەوتەکەش، ئەی پی ئای، ئەی پی ئایی نەوتی ئێمە دەگاتە 30٪. واتە لینجییەکەی دەگاتە 30٪. 
 
رووداو: ئەی برێنت؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: برێنت دەگاتە 38٪. باشە نەوتەکەی ئێمە کبریتی تێدایە، بەڵام برێنت کبریتی تێدا نییە. ئەمانە دوو فاکتەری سەرەکین کە نزیکەی 80 یان 90٪ی نرخی نەوتی لەسەر بەندە، بۆیە ئەوانەیان بۆچی هەڵبژاردووە؟ بۆچی بوون بە نەوتی ئاماژە و هەموو جیهان پشت بەوە دەبەستن؟ لەبەر ئەو هۆیانەیە. باقی نەوتەکانی دیکە هەموو پشت بەوە دەبەستن، من چۆن بتوانم نرخی نەوتەکەم دابنێم، یانی بەیانی لەخەو هەستم و بڵێم دەمەوێ بە 90 بیفرۆشم، یەکێ پێتدەڵێ بۆچی بە 90؟ کەواتە تۆ چیت هەیە؟ نەوتی ئاماژەت هەیە و ئەو رێگە دەدات نرخ دیاری بکەی.
 
رووداو: وەکو پێشتریش چەند جارێک بینیومانە، سعودیە دەیەوێ بۆ مانگی ئۆکتۆبەر نەوتەکەی بە سێ دۆلار زیاتر بە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بفرۆشێ، وەک نموونە دەڵێم...
 
د. فەلاح ئەلعامری: ئێ ئەوە ئێستا...
 
رووداو: مانگانە مەبەستم، هۆی ئەو جیاوازییە چییە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: سعودیەش بە هەمان شێوەیە
 
رووداو: عێراقیش هەر هەمان میکانیزمە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: هەمان میکانیزمە، عێراق و سعودیە و کوێت و.. 
 
رووداو: بەڵام رۆژانە نرخ دەگۆڕێ...
 
د. فەلاح ئەلعامری: نا رۆژانە نییە... ئێمە... 
 
رووداو: نا مانگانە و بەگوێرەی وڵاتەکان...
 
د. فەلاح ئەلعامری: مانگانە.. مانگانە.. سعودیەش پێموانییە بازاڕێکی هەبێ رۆژانە نەوت بفرۆشێ، بۆیە پشت بە نرخاندنی مانگانە دەبەستن.. ئێمەش رۆژانە نایفرۆشین، بڕی ساڵانە تەرخان دەکەین و بەگوێرەی نرخی مانگانە دەیفرۆشین. نرخاندنەکە مانگ بە مانگە. پاشان نرخی بنچینەیی.. نرخە گەورەکەی 95٪ـەکە دەکەینە نەوتی ئاماژە، بەڕاستی کە دەڵێم 95٪، ئەو کێشانەی لێ لادەبەم کە پەیوەندییان بە گواستنەوە و کواڵیتیی نەوتی عێراقەوە هەیە، ئەوانەی لێ دەردەکەم، ئینجا جیاوازییەکە لەنێوان نەوتی عێراقی و ئەو دوو جۆرەی دیکە بە گشتی لەنێوان 3 بۆ 6 بۆ 7 دەبێت و لە مانگێکیشەوە بۆ مانگێکی دی دەگۆڕێ.
 
رووداو: بەڵام هەندێ جار نرخی نەوتی سووکی بەسرە بەرزترە لە نرخی برێنت..
 
د. فەلاح ئەلعامری: نا ئەوە هەڵەیە...
 
رووداو: هەڵەیە؟

 

نا هەر گوێی مەدەرێ. ئێمە پێمانگوتن ئێوە کە هەناردە دەکەن و مەزەندە دەکەن... هەمان لایەن
 
رووداو: هۆیەکەی چییە؟
 
د. فەلاح ئەلعامری: مەزەندەکردن... بەڵام لە واقیعدا نەخێر، واقیعەکە ئەوەیە کە ئێمە دەیزانین، نامەشمان بۆ ئەو لایەنە نارد، گوتمان ئەوەی ئێوە دەیکەن هەڵەیە، نەوتی ئێمە هەمیشە یان هاوشانە یان کەمترە، ئەوان زۆر گرنگی بەم وردەکاریانە نادەن کە بۆ تۆم باسکرد، مەسەلەی نرخ و جۆرەکەی و شتەکانی دیکە، ئەمانە لەبەرچاو ناگرن، وا تەماشا دەکەن وەک بڵێی ئێستا نەوتی عێراق لە بۆرسەدایە و بە نرخی ئەوەندە دەفرۆشرێ، لەکاتێکدا تۆ کە دادەبەزیتە بۆرسە، تۆ سەیری ئەمریکا بکە.. ئەمریکا نزیکەی 35 جۆر نەوتی هەیە بۆ فرۆشتن، بەڵام لە دنیادا چەند کەس ئەمە دەزانێ؟ تەنیا دەبلیو تی ئای، بەڵام تۆ دەزانی ئەمریکا 35 یان 40 یان 25 جۆر نەوتی هەیە؟ ئەوە ئەمریکایە ئیدی نەوتی ئاوای هەیە. نەوتی هەیە ئەی پی ئایەکەی 30٪ـە، بەڵام ئێمە لەڕووی مێژووییەوە ، واتە لە 30- 40- 50 ساڵ لەمەوبەرەوە بەدوای ئەوەدا رۆیشتووین. هاتووین بینیومانە دەبلیو تی ئای مەرجەعە و بینیومانە سعودیەش ئەوەی تەبەنی کردووە، برێنت بە هەمان شێوە، بەڵام خۆ هەر یەک جۆر نەوتمان نییە رەنگە سەرووی 200 جۆر نەوت لەم جیهانەدا هەبێ، بەڵام ئەو نەوتەی بووە بە بازاڕ و بە بۆرسە، ئەوەیە کە لە بەریتانیا هەیە. ئێستا ئەڵمانیا بۆرسەی هەیە، ئەگەر نەوتی هەبێ و رۆژانە بفرۆشێ دەبێتە بۆرسە. ئێمە کاتی خۆی بۆ چینییەکانیشمان پێشنیاز کرد کە بۆرسەی شەنگهای بکەنەوە، چونکە ئەوانیش نەوتیان هەیە، تۆ دەزانی چین رۆژانە 4،5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێ، ئێستا وا خەریکە 200 هەزارێک کەم دەکات، بەڵام رۆژانە 12 بۆ 13 ملیۆن بەرمیل بەکاربردنی هەیە، بۆیە پێویستی بەوەیە رۆژانە نەوت بکڕێ.
 
رووداو: دکتۆر فەلاح ئەلعامری، راوێژکاری جەنابی سەرۆکوەزیران زۆر سوپاس.
 
د. فەلاح ئەلعامری: سوپاس بۆ ئێوە و هیوادارم وەڵامی هەموو پرسیارەکانم دابنەوە.