ئانا بۆفارۆڵ: ژنی کورد زۆر مۆدێرنە


رووداو دیجیتاڵ

ئانا بۆفارۆڵ، دەهێنەری کەتەلۆنی بە فیلمێک لەبارەی شنگال لە چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ بەشدارە، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ رووداو، دەڵێت، لە کاتی سەردانی بۆ باشووری کوردستان، پێشوازیی خەڵکەکەی زۆر بەلاوە سەرنجڕاکێش بووە و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "ژنی کورد زۆر مۆدێرنە".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی کورد بە فیلمی ئێوە دەستیپێکرد، هەستی ئێوە چییە؟
 
ئانا بۆفارۆڵ: زۆر خۆشحاڵم چونکە هەمیشە زۆر گرنگ و تایبەتە بۆ دەرهێنەرێک کاتێک دەتوانێت فیلمەکەی لەگەڵ بینەران بەش بکات. بێگومان ئەوەش زۆر تایبەتە کە لە مۆسکۆ بیت. من پێشتر لەم شارە نەبووم، بۆیە زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم فیلمەکەم لەگەڵ بینەران بەش بکەم.
 
رووداو: هۆکار چی بوو ئەم فیلمەتان بەرهەمهێنا و بۆچی بەناوی شنگال کرا؟
 
ئانا بۆفارۆڵ: کاتێک یەکەم جار لەبارەی جینۆسایدی داعشەوە بیستم، زۆر کاریگەر بووم. من زانیاریم لەسەر کەمینەی ئێزدی نەبوو، بەڵام دواتر دەستم کرد بە خوێندنەوەی زۆر، و زۆر شۆک بووم کە چۆن ژنان لە هەمان کاتدا کە من لە بەرسێلۆنا دەژیام، دەکران بە کۆیلەی سێکسی. من بینیم کە پێویستم بە دۆزینەوەیە و دەستم کرد بە پرۆسەکە. من کاتێک پێویستم بەوەیە لە شتێک تێبگەم، پێویستم بەوەیە فیلمێک دروست بکەم. بۆیە بە جۆرێک ئەم پێویستییە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە چی بەسەر ئەم ژنانە هاتووە، منی بردە کوردستان بۆ زانینی زیاتر لەبارەی ئەوەی لەوێ روودەدات.
 
رووداو: ئانا ئێوە لە پرۆسەی وێنەگرتنی فیلمەکە کوردت ناسی؟ یاخود پێشتر کوردت ناسیوە؟ لە دوای تەواوبوونی فیلمەکە، زانیاریتان لەبارەی کورد، بەتایبەتیش ژنی کورد وەرگرتووە؟ 
 
ئانا بۆفارۆڵ: بێگومان من هەندێک شتم دەزانی. هەندێک بیرۆکە لەبارەی گەلی کوردەوە، چونکە من کەتەلۆنیم، بۆیە دەزانین ئەو هەستە چۆنە لە وڵاتێکدا بژییت کە دەوڵەتت نەبێت. کەواتە بە جۆرێک زۆر شت هەیە ئێمە تێیاندا هاوبەشین وەک شێوازی جیهانبینی و کەمینەکان. زۆر سەرنجی راکێشام، هەر بۆیە بینیم کە ئەم فیلمە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ زانینی زیاتر لەبارەی کوردستان و سەردانی کوردستان بۆ یەکەم جار.
 
دەستم کرد بە خوێندنەوەی زۆر و وەرگرتنی زانیاریی زۆر زیاتر لەبارەی فەرهەنگی کوردییەوە، هەروەها سەردانی شوێنەکەم کرد و خەڵکم ناسی. ئەمە راستییەکی سەرسووڕهێنەر بوو، چونکە من هەستم کرد دەتوانم لە خەڵکی کورد تێبگەم. یەکێک لەو شتانەی بە راستی بیرم لێ نەکردبووەوە، بەڵام شۆک بووم، ئەوە بوو کاتێک خەڵک باسی ژنانی کوردیان بۆ کردم، چونکە ئەوان ژنانێکی زۆر مۆدێرنن. ئەوان کار دەکەن، دەخوێنن، کاری سەرسووڕهێنەریان هەیە. کار و بەرپرسیارێتیان هەیە. لە ئیسپانیا یان لە ئەوروپای رۆژئاوا بیرۆکەیەک هەیە کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژنان خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و تەنیا ملکەچن. بێگومان ژنانی کورد وا نەبوون. من سەرەتا سەرسام بووم. هەروەها خۆشحاڵ بووم کە ئەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بەش بکەم کە دەپرسن.
 
رووداو: باسی ئەوەتان کرد کە ئێوە لە کەتەلۆنیان، هیچ خاڵێکی هاوبەش لە نێوان کەتەلۆنیا و کوردستان دەبینن، خاڵی جیاواز و هاوبەشی نێوان ژنی کورد و کەتەلۆنی چین؟ 
 
ئانا بۆفارۆڵ: بەڵێ، من پێشتر چیرۆکی زۆرم لەبارەی کەتەلۆنییەکان و کوردەوە بیستووە. بێگومان لێکچوونەکان کە هەمانبوو جیاواز بوون. وەک زمانێک کە لە نێودەوڵەتیدا خەڵک بە گشتی گرنگیی پێنادەن و پێت دەڵێن تۆ بەشێکیت لە تورکیا یان بەشێک لە عێراق، بەڵام تۆ هەست دەکەیت کوردستان یان کوردبوون جیاوازە. هەمان شت بۆ منیش روودەدات. دەزانیت، ئەگەر تێبینیت کردبێت، من دەڵێم خەڵکی بارسێلۆنام، من هەرگیز ناڵێم خەڵکی ئیسپانیام، بەڵام هەر دەڵێن "ئەها، ئیسپانیا!". ئەمە لە باسی  کوردیشدا وایە. ئێمە دەزانین چی هەست پێدەکەن، چونکە ئێمە زۆر راهاتووین لەسەر ئەوە و پێکەنیناوییە. ئینجا لە هەردوو لا لە 2017 گشتپرسی کرا بۆ سەربەخۆیی، تەنیا بە جیاوازی هەفتەیەک. کەواتە زۆر شت هەیە کە ئێمە تێیاندا هاوبەشین.
 
ئێمە لە رووی سیاسییەوە تێدەگەین، چونکە وڵاتەکەمان لەنێوان چەند دەوڵەتێکدا دابەش کراوە. هەروەها سەبارەت بە رۆڵی ژنان، لە ساڵانی دواییدا زۆر گۆڕاوە، چونکە ئەگەر تۆ هیچ لەبارەی کوردەوە نەزانیت، ئەوا بیر لە ژنی کەتەلۆنی یان ژنی ئیسپانی دەکەیتەوە لە وێنای کۆمەڵگەیەکی نەریتیی کاسۆلیکیدا کە ژنێک تەنیا لە ماڵەوەیە، بەڵام لە سەردەمی دایکم و داپیرەمەوە بە راستی گۆڕاوە. کەواتە ئەگەر تۆ لەسەر کورد نەزانیت، ئەوا دەکرێت ئەم وێنەیەت لە ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت کە وا بزانیت وەک ئەوان تەنیا لە ماڵەوەن و، ئەوە نییە کە من لە کوردستان بینیم. بۆیە من بە راستی دەبینم کە ژنان هەم لە کەتەلۆنیا هەم لە کوردستان هەمان ژیان دەژین. ئەوان خەبات دەکەن بۆ ئەوەی چالاک بن، کاری خۆیان هەبێت، شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگەدا هەبێت و کۆمەڵگەکان گوێیان لێیان بێت.
 
رووداو: ئەمە یەکەم و دوایین فیلمتان دەبێت لەبارەی کورد، یاخود بەنیازن فیلمی دیکە لەبارەی کورد بەرهەمبێنن؟
 
ئانا بۆفارۆڵ: بەڵێ، با بڵێین ئەمە یەکەم فیلمی منە لەسەر کێشەی کورد، لە راستیدا هەموو فیلمێک یارمەتیم دەدات زۆر فێربم لەبارەی هەندێک بابەتەوە. بۆیە من خۆشحاڵ بووم کە کاتم بۆ زانینی زیاتر لەبارەی کوردستانەوە بەسەر برد. لە راستیدا من ئێستا پلانێکم نییە بۆ دروستکردنی فیلمی زیاتر لەسەر ئەمە، بەڵام دەکرێت ئەمە رووبدات. رەنگە، با بزانین چۆن دەبێت.
 
رووداو: باسی ئەوەتان کرد کە زۆربەی دیمەنی فیلمەکە لە کوردستان وێنەگیراوە، کوردستانت چۆن بینی و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێوە هەبوو؟ یەکەمجارە فیلمەکەتان لە فێستیڤاڵدا بەشدار دەبێت، یاخود پێشتر لە فێستیڤاڵی دیکەدا بەشداربووە؟ کام فێستیڤاڵ بووە و لە دوا رۆژدا پلانتان بۆ فیلمەکە چییە؟
 
ئانا بۆفارۆڵ: یەکەم جار کە سەردانی کوردستانم کرد، تایبەت بوو. بۆ من نوێ بوو، بەڵام من لە کاتە جیاوازەکاندا دەگەڕامەوە بۆ ئامادەکردنی فیلمەکە و لە کۆتاییدا هەستم وا بوو وەک ئەوەی لە وڵاتی خۆم بم. یەکێک لە باشترین شتەکان کە بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرسامی کردم؛ ئەوە بوو کە چۆن خەڵک بە گەرموگوڕییەوە پێشوازیت لێ دەکەن. جا من هەستم کرد ئەمە زۆر جیاوازە لە کۆمەڵگە رۆژئاواییەکان و شارە گەورەکان. خەڵکەکەی گەرموگوڕ و پێشوازیکەرن. هەروەها کاتێکی سەختیش بوو، چونکە ئەوە کاتێک بوو کە پەتای کۆڤید دەستی پێکرد. ئێمە کێشەمان هەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ وڵات، چونکە بەهۆی کۆڤیدەوە فڕۆکەخانە داخرابوو. ئێمە هێشتا خەریکی وێنەگرتن بووین، بۆیە کەمێک ئاڵۆز بوو، بەڵام دوای ئەوەی فیلمەکە تەواو بوو، لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمدا نمایش کراوە، لە ساو پاولۆ لە بەرازیل؛ لە سانتیاگۆ لە چیلی و لە چەندین فێستیڤاڵی فیلمی کوردیدا. بۆ نموونە، لە لەندەن، بەرلین، ئەمستەردام. فیلمەکە خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردەوە بۆ حەلیمە ئیلتەر. لە فێستیڤاڵی کامبریجیش بەشدار بوو. لە زۆر فێستیڤاڵی جیاواز و لە راستیدا هەموو کاتێک مایەی دڵخۆشییە کاتێک دەتوانم فیلمەکە و چیرۆکەکەی بەش بکەم.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
ئانا بۆفارۆڵ: زۆر سوپاس