وەزیری دەرەوەی پالاو بۆ رووداو: گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر وڵاتەکەمان هەبووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی پالاو دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی گەورەی لەسەر وڵاتەکەی هەبووە و هەوڵ دەدەن لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە رێگەی پەروەردەوە خەڵکی لە مەترسییەکانی هۆشیار بکەنەوە.
 
رۆژی هەینی 22ی ئەیلوولی 2023 گوستاڤ ئەیتاریۆ، وەزیری دەرەوەی پالاو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک قسەی بۆ سینان تونجدەمیر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر وڵاتەکەیان هەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کار دەکەن بۆئەوەی لە رێگەی پەروەردەوە خەڵک لە کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا هۆشیار بکەنەوە.
 
پالاو وڵاتێکە کە لە نزیکەی 340 دوورگە پێکهاتووە و کەوتووەتە بەشی رۆژهەڵاتی زەریای هێمنەوە. رووبەری وڵاتەکە نزیکەی 290 کیلۆمەتر دووجایە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی کۆمەڵەی کەشوهەوا و هەوای خاوێن، پالاو یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە و وڵاتەکە دووچاری مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا بووەتەوە، ئەوەش مەترسیی زریانی وێرانکەر و ژێرئاوکەوتنی بەشێک لە کەناراوەکانی وڵاتەکەی زیادکردووە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوستاڤ ئەیتاریۆ، وەزیری دەرەوەی پالاو:
 
رووداو: 78ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیپێکردووە. ئەزموونی ئەمساڵت چۆنە؟
 
گوستاڤ ئەیتاریۆ: ساڵی رابردوو لێرە بووم لە کۆبوونەوەی 77ـەمین و جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەمساڵ و ساڵی رابردوو. خەڵکێکی زۆر لێرەیە و وڵاتانی زۆر نوێنەرایەتییان دەکرێت. تەنانەت بەشێکی زۆری رێکخراوە بچووکەکانیش لێرەیە کە ئەوەش هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ هەمووان. ئەمە دەرفەتێکە بۆ گەڕانەوە دوای کۆرۆنا، بۆئەوەی دووبارە بەشداربین و سەرنج بخەینەوە سەر نەک تەنیا پرسە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی جیهانیش. ئەمە ئەو ئەزموونەیە کە هەمبووە.
 
رووداو: کاتێک باسی کێشە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت، هەمووان باسی دەکەن. بەڵام لەبارەی وڵاتەکەت چی دەڵێیت؟ گەورەترین کێشەی وڵاتی تۆ چییە؟
 
گوستاڤ ئەیتاریۆ: وەکو زۆرینەی ئەو وڵاتە بچووکانەی لە دوورگە پێکدێن، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری زۆر گەورەی هەیە لەسەر وڵاتەکەمان، وەک زۆربەی ئەو وڵاتە تازە پێگەیشتووانەی دەکەونە دوورگەکان. بۆیە ئێمە وەکو پالاو بە پەرۆشەوە لەم کۆبوونەوە دەڕوانین، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا پرسێکی لەپێشینەیە بۆ ئێمە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانیش.
 
رووداو: پێتوایە سەرکردەکان وەکو پێویست هەڵوەستە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن؟
 
گوستاڤ ئەیتاریۆ: بەڵێ، ئێمە باسی دەکەین و باسی پەروەردە و هۆشیارکردنەوەی خەڵکیش دەکەین، نەک تەنیا بۆ وڵاتە بچووکەکان، بەڵکو هاوبەشە گەورەکانیشمان. هاوبەشەکانمان تەنیا لە ئاستی وڵاتاندا نا، بەڵکو هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش کە یارمەتیمان دەدەن بۆ هەوڵدان بۆ پەروەردە. ئێمە تێدەگەین لەوەی کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتانی جیهان هەبووە، بەڵام ئێمە زۆرترین مەترسیمان لەسەرە. کەنار دەریاکانی وڵاتەکەم رەنگە هێندەی بەشێکی بچووکی وڵاتێکی دیکە بن، بەڵام بۆ ئێمە کاریگەریی گەورەی هەیە.