گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئیسرائیل بە ئاشتی رازییە، حەماس خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە متمانە لە نێوان حەماس و ئیسرائیل و ئەمریکا نییە، بەڵام پرسی دانوستاندن شتێکی دیکەیە و دەبێت حەماس هەنگاوی کردەیی بۆ بنێت لەپێناو کەمکردنەوەی ئازار و مەینەتی فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە. 
 
ساموێل وێب بێرگ، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو، لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنانی جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە. ئاشکرایکرد، میسر و قەتەر وەک دوو وڵاتی نێوبژیکار، زۆر رژدن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئاگربەست رابگەیێندرێت. 
 
باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل بە پێشنیازەکەی بایدن رازییە، کە دوو مانگ بەر لە ئێستا رایگەیاند، بەڵام بزووتنەوەی حەماس خۆی یەکلایی نەکردووە و ئەوەشی خستەڕوو کە دانوستاندن لە رێگەی میدیا و گوتاری جەماوەری ناکرێت، بەڵکو لە مێزی گفتوگۆ دەکرێت. هەرلایەنێک مەرجەکانی خۆی دەخاتە سەر مێز و بەمشێوەیە تاوتوێ دەکرێن. 
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لەگەڵ ساموێل وێب بێرگ، گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
 
رووداو: ئەمە نۆیەم جارە لەوەتەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، ئەنتۆنیۆ بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات. هەموو ئامانجەکەش بۆ ئەوەیە بگەنە ئاگربەست. ئەمجارە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دروستکردنی ئاگربەستێک لە غەززە بە کوێ گەیشت؟ 
 
ساموێل: سڵاوتان لێبێت، سوپاستان دەکەم، سوپاس بۆ رووداو، سوپاس بۆ میوانداریکردنم. گوێمان لە لێدوانەکانی بلینکن بوو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانیدا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ ناوچەکە. باسی لەوە کرد لەگەڵ میسر و قەتەر کار دەکەن بۆ کۆکردنەوەی لایەنە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەوەی کۆک بن لەسەر بنەماکانی ئەم رێککەوتنە. هیوادارین هەردوولایەن بگەنە ئەو بڕوایەی ئیدی کاتی هاتووە کۆتایی بەم جەنگە بهێنن. پێمانوایە هەردوولایەن ئیسرائیل و حەماس بەگشتیی لەبارەی چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەی بایدن رێککەوتوون کە دوو مانگ بەر لەئێستا خستیەڕوو. کەواتە دەبێ سوور بین لەوەی هەردوو لایەن میکانیزمێک بگرنەبەر بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. زۆر گرنگە ئاگاداری ورد و درشتی رێککەوتنەکە بین و بە تێروتەسەلی جێبەجێ بکرێن. هەروەها گرنگە ئێمەش چاودێریی وردی بکەین. ئەم خاڵە بلینکن لە سەردانەکەیدا جەختی لێکردووەتەوە. بۆیە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەی لە ئیسرائیل رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشنیازێکی پێشکێشی هەردوولایەن کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەموو بۆشاییەکان. ئێستاش گوێمان لە حکومەتی ئیسرائیل گرت بەوەی رازیبووە لە جێبەجێکردنی پێشنیازەکەی ئەمریکا. هاوکات پێویستمان بە کاردانەوە و هەڵوێستی فەرمیی بزووتنەوەی حەماسە. بەدڵنیاییەوە لەم چەند رۆژەی رابردوودا گوێمان لە چەندین لێدوانی بەرپرسانی حەماس بووە. بەڵام ئێمە جەخت لە لێدوانەکانی بەرپرسانی حەماس ناکەین کە بۆ میدیا دەدوێن، بەڵکو جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە ژوورەکانی دانوستاندندا چی دەگوزەرێت. بۆیە بەردەوام دەبین لەم دانوستاندنانە و گوشار دەخەینە سەر ئیسرائیل و حەماس لە رێگەی نێوەندگیرەکانی وەک میسر و قەتەر بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە. 
 
رووداو: وەکو خۆت گوتت، ئیسرائیل رازی بووە بەو دەستپێشخەرییەی ئەمریکا، بەڵام حەماس رازی نەبووە. لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان بۆچوونی جیاوازی هەبوو، حەماس چی دەوێت؟ ئەو گەرەنتییانە چین حەماس دەیەوێت دەستی بکەوێت بۆ ئەوەی رازی بێت بەم ئاگربەستە؟ 
 
ساموێل: لە راستیدا پێویستە ئەم پرسیارە بە راشکاوی لە بەرپرسانی حەماس بکرێت نەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چونکە بزووتنەوەی حەماس تەنیا باسی خۆی دەکات. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێیوایە ئەگەر یەحیا سینوار و بزووتنەوەی حەماس راست دەکەن بەوەی لە خەمی گەلی فەلەستیندان، دەبێ بزووتنەوەی حەماس هەر ئەمڕۆ رازی بێت بەم رێککەوتنە. گەلی فەلەستین زیاتر لە 10 مانگە لەژێر مەینەتی و نەهامەتیدا دەژین. زیاتر لە 40 هەزار کەسیان کوژراوە. خەڵکی کەرتی غەززە بەدەست کەمئاوی و نەمانی دەرمان و خۆراک دەناڵێنن. بزووتنەوەی حەماس لە 10ـی ئۆکتۆبەر شەڕی دەستپێکرد، ئەو توانایەشی هەیە هەر ئەمڕۆ بە رازیبوون بە رێککەوتنەکە، کۆتایی پێ بهێنێت.  
 
رووداو: داواکارییەکانی ئیسرائیل و حەماس جیاوازن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، هەردووکیان مەرجی جیاوازیان هەیە. وردەکاری ئەم دەستپێشخەرییەی ئەمریکا چییە بۆ ئەوەی هەردوولا رازی بکات؟ وردەکارییەکانی ئەم دەستپێشخەرییە چییە؟ 
 
ساموێل: دەبێ هەمووان ئەوە بزانن، لە زانستی دانوستاندنی دیپلۆماسیدا، ناکرێت دانوستاندن لە رێگەی میدیا و راگەیاندنەکانەوە بکرێت. دانوستاندن لە رێگەی گوتاری جەماوەرییەوە ناکرێت. دەبێ ئەمریکا، قەتەر، میسر، ئیسرائیل و حەماس لە ژووری کۆبوونەوەکاندا دانوستاندن بکەن. دەبێ ئەم لایەنانە لەسەر شوێن و کات رێککەون، بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان سەربگرێت. ناکرێ مەرج و بابەتە گفتوگۆکراوەکان لە راگەیاندنەکاندا بخەمەڕوو، بەڵام هەموو لایەنەکان بە گشتیی کۆکن لەسەر چوارچێوەی گشتیی ئەو پرۆژەیەی دوو مانگ بەر لەئێستا لەلایەن بایدن-ەوە پێشنیازکراوە. پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. یەکەمیان راگەیاندنی ئاگربەستە و دەبێ ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پابەندی بن. هەردوولایەن دەبێ ئامادەییان هەبێت بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی دووەم کە دانوستاندنە. قۆناخی سێیەمیش کۆتاییهێنانە بە جەنگ. تاوەکو ئێستا لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بۆشایی بەدی دەکرێت، بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتە نێوەندگیرەکانی دیکەی وەک میسر و قەتەر، پێشنیازمان پێشکێش کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە. ئێستا دەبێ بزانین ئایا ئیسرائیل و حەماس ئامادەن بۆ قبووڵکردنی ئەم پێشنیازە بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت؟ 
 
رووداو: حەماس هەمیشە بە گومانەوە سەیری هەنگاوەکانتان دەکات بەهۆی ئەوەی لە سەرەتاوە پاڵپشتی ئیسرائیلتان کردووە لەم جەنگەدا و هاوکاری چەکتان بە ئیسرائیل بەخشیووە. بۆچی حەماس باوەڕ بە دەستپێشخەری ئەمریکا بکات؟    
 
ساموێل: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار لەسەر پێشبینی ناکات بەوەی بزووتنەوەی حەماس متمانە بە ئیسرائیل بکات، یان بزووتنەوەی حەماس متمانە بە ئەمریکا بکات و بە پێچەوانەشەوە ئیسرائیل متمانە بە حەماس بکات. کەس متمانەی بە کەس نییە. ئەمریکا کار لەسەر بنەمای هەنگاوی بەرامبەر دەکات و پشت بە رێکاری کردەیی ئاڵوگۆڕ دەبەستێت. رێککەوتنەکە دەبێ لەسەر رێکارە ئاڵوگۆڕکراوەکان بکرێت، حەماس کارێک دەکات و ئیسرائیلیش کارێکی دیکە دەکات. هیچ شتێکی نهێنیی نییە لەبارەی پەیوەندییە درێژخایەنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەروەها هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر حەماس نەگۆڕ و ئاشکرایە. ئێمە لە سەدەی رابردووەوە بزووتنەوەی حەماسمان خستە لیستی تیرۆرەوە، لە ساڵی 1979دا بزووتنەوەی حەماس لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان پۆلین کراوە. بۆیە دووپاتی دەکەمەوە هیچ شتێکی نهێنیی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئارادانییە. بەهەمان شێوە هەڵوێستی ئەمریکا لە دژی بزووتنەوەی حەماس نەگۆڕاوە وەک خۆیەتی. راستە متمانە نییە، بەڵام دەبێ بە گرتنەبەری رێکاری دوولایەنەی ئاڵوگۆڕکراو، دانوستاندن بکەین. 
 
رووداو: ئەنتۆنی بلینکن پێش ئەوەی قەتەر جێبهێڵێت بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد و گوتی: ئەم دەستپێشخەرییە دوایین دەرفەتە و کات بەسەر دەچێت. ئەگەر ئەم دەستپێشخەرییەش سەرنەگرێت ئاگربەستێک روونەدات، دۆخی غەززە بەرەو کوێ دەچێت؟ 
 
ساموێل: بەڵێ، بەڵێ! بەبێ ئاگربەست و دانوستاندن دۆخی کەرتی غەززە زۆر خراپتر دەبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکان نایەوێ ئەمە ببینێت، بۆیە بلینکن مەبەستی ئەوەیە کە گوتی، هەر رۆژێک، هەر کاژێرێک و هەر خولەکێک دوابکەوین لە راگرتنی ئاگربەست، خەڵکی غەززە قوربانی زیاتر دەدات. هەروەها گوتی نابێ چیدی گەلی فەلەستین بەبێ ئاو و خۆراک و دەرمان و ماڵ و موڵک بژین. لە بەرامبەردا تاوەکو ئێستا خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل بارمتەی ژێر دەستی بزووتنەوەی حەماسن. ئەم هەموو گرژییە لە ناوچەکەدا هەیە، رێگرە لەوەی دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و هاوکارییە مرۆییەکان بە دەستی فەلەستینییەکان بگات. بۆیە بلینکن پێداگری لەوە دەکاتەوە کە کات نەماوە، کاتی هاتووە کۆتایی بەم جەنگە بهێندرێت.