هێمن هەورامی: سەرۆکی پەرلەمان لە پەرلەمان نەبوو دەسەڵاتەکانی لای جێگرەکەیەتی

22-05-2023
هیدایەت جان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هەر کاتێک سەرۆکی پەرلەمان لە نێو باڵەخانەی پەرلەمان نەبوو دەسەڵاتەکانی لەلای جێگرەکەیەتی. 
 
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد باسی لە شەڕ و گرژییەکانی پەرلەمان، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چەند بابەتێکی دیکە کرد. 
 
پەرلەمانی کوردستان رۆژی دووشەممە 22-03-2023 کۆبووەوە، یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بوو کە بووە هۆی دروستبوونی گرژیی و شەڕ لەنێو هۆڵی پەرلەمان. سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، ئەو دانیشتنەکەی دواخستووە، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیدەکاتەوە.  
 
کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رای جیاوازی لە نێوان فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە پەرلەماندا دروستکردووە؛ هێمن هەورامی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا گوتی، "بابەتێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوییە."  
 
لە کاتێکدا لە نێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتیدا شەڕ و گرژیی روویدەدا، سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران لەسەر رێکخستنەوەی دارایی گشتیی هەرێمی کوردستان رێککەوتن. هێمن هەورامی رێککەوتنی تیمی وزاری پارتی و یەکێتی بە "باش" ناوهێنا و گوتی، هیوادارین ئەم بابەتانە کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی خەڵکی کوردستان نەبێت. 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان 
 
رووداو: پارتی و یەکێتی هەفتەیەکی خۆشیان هەبوو، بۆچی دۆخەکە تێکچوو؟
 
د. هێمن هەورامی: ئێستاش پەیوەندییەکە هەر هەیە، وا نییە پەیوەندییەکە تێکچووبێت. ئێمە لە 03-11-2021ەوە کاری جیدی دەکەین، هەم فراکسیۆنەکان، هەم پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بکرێت لە ساڵی 2023 هەڵبژاردن بکرێت. چونکە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 06-11-2018 سوێندی یاسایی خواردووە، لە 06-11-2022 کۆتاییهات، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن و بە ناچاری و بە دەنگی زۆربەی هەرە زۆری فراکسیۆنەکان ماوەکەی درێژکرایەوە. ئەو بەردەوامییەی خولی پێنجەمی پەرلەمان بۆ ئەوەبوو زەمینەسازی یاسایی و سیاسی بکرێت، بەڵام لە رۆژی 26-03-2023 کە بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی مەرسومی هەرێمیی دەرکرد و رۆژی 18-11-2023ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاریکرد، ئێمە کەوتینە بەردەم سنووردارێتیی کات و مادە دەستوورییەکان بۆ  هەڵبژاردن، بۆیە گفتوگۆکان چڕتر کرابوونەوە. ئێمە هیوامان دەخواست بەر لەوەی بگەین بە 18-05-2023 کە کۆمیسیۆن دەڵێت لەڕووی تەکنیکییەوە پێویستیم بە شەش مانگ کات هەیە، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانمان کارا بکردایەتەوە، ئێمە پێشتر هەموو ئەو هەوڵانەمان چڕ کردبووەوە و ئێستاش ئەوەی ئەمڕۆ کراوە، جێبەجێکردنی رێککەوتنی فراکسیۆنەکانە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وەکو خۆی کارا بکرێتەوە.
 
رووداو: بە یەکێتیشەوە؟
 
د. هێمن هەورامی: هەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە رێکبووین. راستە هەوڵێک هەبوو و پێشتر کار لەسەر ئەوە دەکرا ئامادەکاری بکرێت بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، بەڵام چەندین مانگە کار لەسەر ئەمە دەکرێت، مانگی یەک و دووی ئەمساڵ داوامان کرد کە کۆبوونەوەی نائاسایی بکرێت و ئەو پێشنیازەیاسایانەی پێشتر یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشووری پێشکێشیان کردبوو، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت و ئینجا دواتر لە خوێندنەوەی دووەمدا بۆچوونە هاوبەشەکان ئامادە بکرێت. بەڵام بەداخەوە جیدییەتیمان لەو لایەنە بەڕێزانە نەبینی کە ئامادەبن و کۆبوونەوەی پەرلەمان رابگەیێنن بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێت. ئەوەی ئێستا کردمان، بابەتێکی تەواو یاسایی و پەیڕەوییە، بەوەی کە ئێمە بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان بڕگەیەکمان زیادکردووە و ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم بڕگەیە کراوە و دەنگ دراوە، هیچ شتێک ئێستا پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نەماوە و کۆمیسیۆن کارا کراوەتەوە و دەنگی خۆی دراوەتێ. ئێمە هیوا دەخوازین لایەنەکانی دیکە بۆ بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن کە دیسان هەموومان رێککەوتنمان لەسەر کردووە و خاڵێکی ئەوتۆ نەماوە و زۆربەی هەرە زۆری ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان پێی رازی بووە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لایەنە سیاسییەکانی دیکەیە بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکەن و ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستا کارا کراوەتەوە، بەو یاسا هەموارە، بچێتە هەڵبژاردن.
 
رووداو: بۆچی وەک یەکێتی دەڵێت، بڕگەکە 19 کاژێر پێش دانیشتنی پەرلەمان خرایە نێو بەرنامەی کار کە بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ دەبێت 24 کاژێر بێت؟
 
د. هێمن هەورامی: مادەکە لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە و زۆر ئاشکرایە. ئەمەی کە دەڵێت لەماوەی 24 کاژێر، بۆ فراکسیۆن یان سەرۆکی فراکسیۆن و ژمارەی ئەندامانە کە داوا بکەن بڕگەیەک زیاد بکرێت، بەڵام هیچ لە پەیڕەوەکەدا لە دەسەڵاتی دەستەی سەرۆکایەتیدا نەهاتووە کە تەنیا دەبێت لە ماوەی 24 کاژێرەکەدا بێت. دەستەی سەرۆکایەتی دوای ئەوەی فراکسیۆنێک داوای زیادکردنی خاڵێک دەکات، کە ئەوە جاری یەکەم نییە سەرۆکی فراکسیۆنێک یان ژمارەی یاسایی ئەندامان داوا بکەن، جاری وا هەبووە کە کەمتر لە 15 سەعات بووە و ئاسایی بووە و تێشپەڕیوە و گفتوگۆشی لەسەر کراوە. ئەو رەخنە و هەڵڵایەی دەکرێت، تەنیا رەخنە و هەڵڵای سیاسین و هیچ بنەمایەکی یاسایی و پەیڕەویی نییە. رەخنەی سیاسین و لە قاوخێکی یاساییدا دەیانەوێ رەخنە سیاسییەکانی خۆیان بگرن، ئەگینا لەڕووی پەیڕەوی و یاساییەوە هەموو شتەکان تەواون.
 
رووداو: سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، بەگوێرەی مادەی 18 لە پەیڕەوی نێوخۆ لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە کۆبوونەوە هەڵبگرێت، هیچ دەسەڵاتێکی جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەیە کە بتوانێت رێگری لەو بڕیارەی سەرۆکی پەرلەمان بکات؟
 
د. هێمن هەورامی: من رێز و حورمەتێکی زۆر تایبەتم بۆ خوشکی بەڕێزم د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە گلەییەکی دۆستانەیە دەیکەم، بەداخەوە هەندێک جار بەڕێزان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەندە گوشاری سیاسی دروستدەکەن کە هەندێک بابەت لە پەیڕەو دەردەچێت. مادەی 48ی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان لە بڕگەی دوو زۆر روون و ئاشکرا دەڵێت، تا گفتوگۆ لەسەر بڕگەیەکی بەرنامەی کار تەواونەبێت، گفتوگۆ لەسەر بڕگەیەکی دیکە ناکرێت، ئەگەر لەبەر هەر هۆیەک نەتوانرا گفتوگۆ دەربارەی برگەیەک تەواوبکرێت، دەستەی سەرۆکایەتی "نەک سەرۆکی پەرلەمان" دەتوانێت ئەو بابەتە بە هەڵپەسێراوی بهێڵێتەوە بە رەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو. واتا دەستەی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی نییە کۆبوونەوەکە لەنێو ئەو بڕگەیە هەڵگرێت، بەڵکو دەستەی سەرۆکایەتی بە رەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی ئامادەبوو بابەتەکە بۆ دانیشتنی داهاتوو دوادەخات و گفتوگۆ لەبارەی بڕگەی دواتر دەکرێت. ئەمڕۆ کە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بە مادەی 18 کرد، ئەمە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانە و بەرنامەی کاری خۆی هەیە و رێژەی یاسایی بەشدارن و کۆبوونەوەکە دەستیپێکردووە و هیچ هۆکارێک نییە ئەو دانیشتنە دوابخرێت.
 
رووداو: د. رێواز دکتۆرای لە یاسادا هەیە، بڵێی بکەوێتە هەڵەیەکی لەم شێوەیە؟
 
د. هێمن هەورامی: ئەمە خاڵی پەیڕەوییە و دیسان دەیڵێمەوە، هەموو ئەو هەڵڵا و بابەتانەی لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ باسدەکرێت، سیاسییە و هیچ پەیوەندی بە پەیڕەو و یاساوە نییە.
 
رووداو: بە چ ئامانجێک سیاسییە؟
 
د. هێمن هەورامی: حەزدەکەم ئەو بابەتە لەوان بپرسی، دیسان دەڵێم، هەڵبژاردن نە بڕیاری یەکێتییە بتوانێت دوای بخات و نە بریاری پارتیشە بتوانێت دوای بخات. شایستەیی یاسایی گەلی کوردستانە و موڵکی تەنیا پارتی و یەکێتی و لایەنێک نییە، کەی بمانەوێ هەڵبژاردن بکرێت و کەی نەمانەوێ هەڵبژاردن نەکرێت. یەکێتی نەیگوتووە لەگەڵ ئەوە نیم هەڵبژاردن بکرێت، لە هەموو کۆبوونەوەکان دەڵێن ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام ئەو کۆسپ دروستکردنە سیاسییانە پێناچێت بۆ ئەوەبێت کە بویسترێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. ئێمە لەگەڵ ئەوەین، ئەوەی کە لەسەری رێککەوتووین، کۆمیسیۆن وەکو خۆی کارا کراوەتەوە و ئەوەی ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتی و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی دیکە دەنگیان پێداوە، هەموومان دەزانین کە لەنێو ئەو حەوت کۆمیسیارەی ویلایەتیان نوێکراوەتەوە، یەکێکیان پارتییە، دووانیان یەکێتین، دووانیان گۆڕانن، یەکیان کۆمەڵ و یەکێکیان یەکگرتووە، واتا لە حەوت کەس تەنیا پارتی دەنگی بۆ یەک کەسی خۆی داوە و دەنگی بۆ شەش کەسی لایەنەکانی دیکە داوەتەوە. ئەو بابەتە ئەرکێکی یاسایی دامەزراوەی پەرلەمانی کوردستان بووە و بە هەموو خاڵە پەیڕەوییەکانی جێبەجێکراوە.
 
رووداو: پێش کۆبوونەوەکە هیچ گفتوگۆیەکی راوێژکاریتان نەبوو لەگەڵ فراکسیۆنی یەکێتی؟
 
د. هێمن هەورامی: دەمەوێ بۆ یەکەمجار ئەو بابەتە باس بکەم، دوێنێ کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کرا، کاک عیماد ئەحمەد و هەر حەوت ئەندامەکەی شاندی یەکێتی شایەتن و ئەگەر وا نییە با ئێستا روونکردنەوەیەک لەسەر ئەم قسانەی من بدەن، سێ جار تکا و رجام لێکردن کە بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و کارکردن لەسەر خوێندنەوەی یەکەمی هەمواری یاسای هەڵبژاردن بابەتێکە پەیوەندی بە تەوقیتاتی دەستووری هەیە. لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەش لە سلێمانی دیسان تکام لێکردن کە یارمەتی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدەن و رێگە بدەن ئێمە بەیەکەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بکەین و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بخەینە بەرنامەی کاری پەرلەمان بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن ئامادەکارییە لۆجستیکییەکانی بکات، گوتیشم کۆمیسیۆن دەست بە جێبەجێکردنی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن ناکات تاوەکو یاساکەی بۆ هەموارنەکرێتەوە.
 
رووداو: بۆچوونیان چی بوو؟
 
د. هێمن هەورامی: بۆچوونێکی روونیان نەدایە دەست ئێمە، بەڵام ئێمە پێمانگوتن ئەمە تەوقیتاتی دەستوورییە. دوای ئەوەش، کە ئێمە چووینەوە پەرلەمان و ئەو بڕگەیەمان بەپێی پەیڕەو زیادکرد، ئێوارەکەی من لەگەڵ بەڕێز کاک عیماد ئەحمەد قسەمکرد و تکام لێکرد، داوای ئەوە دەکرا ئەم کۆبوونەوەیە دوابخرێت، ئێمە رازی بووین دوابخرێت، من لەگەڵ مەکتەبی سیاسی راوێژم کرد و فەرمانیشم پێبوو کە زۆر ئاساییە و ئێمە ئامادەین دوابخرێت، بەڵام بە مەرجێک سەرۆکی پەرلەمان بۆ نموونە لەجیاتی دووشەممە رایبگەیێنێت کە رۆژی چوارشەممە دانیشتنی پەرلەمان بەم بەرنامەی کارەوە بەڕێوەدەچێت. تەنانەت ئێمە پێشنیازمان کرد کە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری پێشمەرگە، پڕکردنەوەی پۆستی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزیری ئەوقاف، دەستلەکارکێشانەوەی من کە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی پارتییە و دەبووایە من لە مانگی 12ی پارەوە دەستلەکارکێشانەوە پێشکێش بکەم، بەڵام برادەرانی یەکێتی رێگەیان بە بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان نەدا ئەم برگەیە بخاتە بەرنامەی کارەوە و بەستیانەوە بە پۆستەکانی خۆیان، ئەم بڕگەیەی منیش جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی دەستبکەم بە کارە حیزبییەکەی خۆم، دوێنێ گوتیان وەڵامت دەدەینەوە و هیچ وەڵامێکیان نەدایەوە، ئەم بەیانییە سەعات 08:51 نامەی دەنگیم بۆ بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان ناردووە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی نامەی بۆ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ناردووە، دیسان جەختمانکردەوە و گوتمان تکاتان لێدەکەین پێمان باشە ئەمە پێشنیازی پارتییە بە ئاگاداری سەرکردایەتیی ئێمە و مەکتەبی سیاسیی ئێمەیە و داواتان لێدەکەین با پێکەوە دانیشتنی ئەمڕۆ دوا بخەین بۆ سبەی یان دوو سبەی، بە مەرجێک دانیشتنەکە رابگەیێنرێت و دووپاتیشمان کردەوە کە بەرنامەی کارەکەی ئەم خاڵانە بن. خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، پڕکردنەوەی پۆستەکانی کۆمیسیۆن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، ئاڵوگۆڕی پۆستە وەزارییەکان و جێبەجێکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانی ئێمەش لە پەرلەمانی کوردستان. بەداخەوە هیچ وەڵامێک نەدرایەوە، تا پێش دانیشتنەکەش خوا شایەتە، خولەکێک بەر لەوەی دانیشتنی پەرلەمان دەست پێبکات، گوتم هیچ جوابێک نەبوو لەلایەن برادەرانتانەوە، دیاربوو هیچ وەڵامێک نەبوو، بۆیە دانیشتنەکە بەڕێوەچوو. بەڵام ئەوەش دیسان کۆتایی مێژوو نییە، ئێستاش ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دیالۆگ بەردەوامبێت، بە عەسابێکی ساردتر پێکەوە تەوقیتاتی دەستووری رێز لێبگرین و بە زووترین کات پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکات، ئەوەی کە ئێستا پێشنیازی پارتی و یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و بزووتنەوەی ئاشوورییە و ئەم پێشنیازە یاسایانەمان لەبەردەستی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە.
 
رووداو: ئەوکاتەی گرژی لەنێو پەرلەماندا دروستبوو، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت رێککەوتنیان واژۆکرد، ئێوە دۆخەکەتان تێکنەدا؟
 
د. هێمن هەورامی: نا، بۆ تێکبدرێت.
 
رووداو: لە رووە سیاسییەکەوە؟
 
د. هێمن هەورامی: ئەم دوو تیمە وزارییە پێشتر بڕیاری لێدرابوو و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانیش هەفتەی پێشوو رێککەوتبووین، کە شەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان رابگەیێنرێت بۆ رۆژی دووشەممە و رێکەوتەکە لە یەک کاتدا بووە. ئەوەی لە پەرلەماندا هەیە پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە و بۆ کاریگەری لەسەر تیمە وزارییەکانمان هەبێت؟ واتا مووچەخۆرانی سلێمانی بۆ باجی ئەوە بدەن، کە یەکێتی هەڵوێستێکی دیکەی لە پەرلەماندا هەیە. من دڵنیات دەکەمەوە کە ئەمڕۆ بڕیاری باش لە دوو تیمی وزاری پارتی و یەکێتییەوە دراوە و ئێمە پشتیوانییان لێدەکەین و هیوادارین ئەم بابەتانە هیچ کاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی خەڵک لە کوردستان نەبێت. 
 
رووداو: سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ لە ئاکرێ پیرۆزبایی کرد و دەستخۆشی لە هەنگاوەکەی ئێوە کرد، چاوەڕێی چ هەڵوێستێک دەکەی لە جێگری سەرۆکوەزیران؟
 
د. هێمن هەورامی: من لێرەوە داوای لێدەکەم کە ئەرێنییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات، وەکو پیاوی دەوڵەت، هەموومان پشتیوانی پرۆسەی هەڵبژاردنبین و هەموومان بەیەکەوەبین، چ پێش هەڵبژاردن و چ دوای هەڵبژاردنیش، بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئارامی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێمی کوردستان بپارێزین و رێز لە تەوقیتاتی دەستووری بگیرێت و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە کۆمیسیۆنێکی کارا و یاسایەکی هەموارکراو بکرێت.
 
رووداو: سەرۆکی پەرلەمان گوتی دانیشتنەکە هەڵگیراوە و مردوو زیندوو نابێتەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکەن؟
 
د. هێمن هەورامی: وەکو باسمکرد، ئەمە قسەیەکی سیاسییە تاوەکو قانوونی، بۆیە من قسە لەسەر قسە سیاسییەکانیان ناکەم.
 
رووداو: ئەی ئەگەر بۆ نموونە لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمارکرا؟
 
د. هێمن هەورامی: بۆ هەر پێشهاتەیەک و هەڵوێستێک، بەڵام ئەمە دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە و ئەوەش هەوڵێکی سیاسییە، بۆیە هەوڵە سیاسییەکان بە هەوڵی سیاسی وەڵامدەدرێنەوە، ئەم رێکارە یاساییانە تەواو بوون.
 
رووداو: رێکارەکە کاردانەوە نەبوو؟
 
د. هێمن هەورامی: بەرامبەر بە چی؟
 
رووداو: بەرامبەر بە هەندێک رەفتاری سەرۆکی یەکێتی لە رۆژانی رابردوو؟
 
د. هێمن هەورامی: نا، بەپێچەوانەوە، چونکە بابەتی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، لە 28-01-2023 لە کۆبوونەوەی سلێمانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران، کاک قوبادیش بەشدار بوو، لە کۆبوونەوەکەش گوتوومە، تکاتان لێدەکەین یارمەتی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی بدەن ئەم بابەتانە دانیشتنی نائاساییان بۆ بکەین و بەیەکەوە کار لەسەر خوێندنەوەکان بکەین و بەیەکەوە کار لەسەر کۆمیسیۆن بکەین بۆ ئەوەی بتوانێت بە کاری خۆی راپەڕێت.
 
رووداو: لەو کاتە کە سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند دانیشتنەکە هەڵگیرا و تۆ خستتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبێت، ژمارەیەکی زۆر پەرلەمانتار هاتنە سەر سەکۆی سەرۆکایەتی و پشتی سەکۆکەش، لەوکاتەدا ئێوە بڕیارتاندا بیخەنە دەنگدانەوە، ئەوە یاساییە؟
 
د. هێمن هەورامی: مادەی 19ی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتەکانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی دیاریکردووە کە پیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکە لەکاتی ئامادەنەبوونیدا.
 
رووداو: بەڵام ئەو ئامادەبوو؟
 
د. هێمن هەورامی: نا، ئەو بەبێ هیچ بیانوویەکی پەیڕەوی و یاسایی گوتی کۆبوونەوە هەڵگیرا و بەبێ ئەوەی ئاماژە بە یەک خاڵی پەیڕەو بدات بەوەی کە بۆ هەڵیدەگرێت. دواجار کە ئێمە گوتمان ئەوە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتە پەیڕەوییە و هیچ هۆکارێک نییە بۆی، لەنێو پەرلەمانی کوردستان چەندین جاری دیکەش ئەمە روویداوە کە بەدەنگدان کۆبوونەوە بەردەوامبێت یان نا، ئاڵوگۆڕ بکرێت یان نەکرێت، ئێمە گوتمان ئەوە تەعەسوفە و کێ لەگەڵ ئەوەیە کە دانیشتنەکە بەردەوامبێت. هەر ئەوکاتیش ئێمە داوامانکرد و بە دەنگدان بڕگەی سێیەم خرایە بڕگەی یەکەم، دوای ئەو گرژییەش کە دروستبوو، لە هەمان کاتدا توانرا بە سوپاسەوە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە چەندین فراکسیۆنی جودا دەنگ بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بدەن بە حەوت کۆمیسیارەکانییەوە و دەنگ بە دوو کۆمیسیاری نوێش بدەن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان کارا بکرێتەوە.
 
رووداو: پرسیار ئەوەیە کە لەو ئاڵۆزییەدا چۆن دەنگەکانتان ژمارد؟
 
د. هێمن هەورامی: کاک نوێنەر لەبەرچاومان بوو، من بینیمن. واتا ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمان، ئەوانەی نزیکی خۆم بوون و ئەوانەش کە لە خوارەوە دانیشتبوون. 45 ئەندامی فراکسیۆنی پارتی، 10 ئەندامی پێکهاتەکان. کاک هیمداد لە بەرەی تورکمانی دەستی بەرز نەکردەوە و پەرلەمانتارانی بزووتنەوەی ئیسلامی و کاک باپیریش توانیبوویان دەنگ بدەن و بەمەش 58 کەس دەنگیان دا.
 
رووداو: ئەم ئێوارەیە گوتت نووسراو لەسەر درێژکردنەوەکە دەدەنە حکومەت و ئەنجوومەنی دادوەری، نووسراوەکەتان کردووە؟
 
د. هێمن هەورامی: بەڵی، خۆ ئەوە جاری یەکەم نییە من نووسراو دەکەم، زۆربەی نووسراوەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نووسراوی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان من کردوومە و بە واژۆی منن. بەیانی بەیەکەوە دەچین بۆ کاروباری پەرلەمان، هەزاران نووسراوی پەرلەمان هەیە کە ئێمە ئاراستەمان کردووە، چونکە دەسەڵاتی ئێمە روونە و دووەمیش ئەوە مادەی 19ی پەرلەمانە کە دەڵێت کاتێک سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبوو، هەموو دەسەڵاتەکان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەچێت. بەڵێ نووسراوەکان کراوە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.
 
رووداو: بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان نووسراوەکان یاسایین؟
 
د. هێمن هەورامی: پێمگوتی، ئەمە مادەی 19یە کە دەڵێت سەرۆکی پەرلەمان لەنێو باڵەخانەی پەرلەمان نەبێت، هەموو دەسەڵاتەکانی لای جێگری سەرۆکی پەرلەمانە.
 
رووداو: ئامادەبوون نا، واژۆکە؟
 
د. هێمن هەورامی: دیسان دەڵێم، کە ئەو ئامادە نەبێت، هەموو دەسەڵاتەکان لای جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەبێت.
 
رووداو: پارتی بەبێ یەکێتی هەنگاوی دیکە دەنێت، بەتایبەتی لەسەر یاسای هەڵبژاردن؟
 
هێمن هەورامی: لەسەر یەکێتی رادەوەستین، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی زۆرباشی مەکتەبی سیاسیمان هەبوو، راگەیێندراوێکی وردیش بڵاوکراوەتەوە و ئاماژە بەوەدراوە، کە ئامادەین بۆ هاوئاهەنگی و کاری پێکەوەیی و گفتوگۆیەکی نەرم و لەسەرخۆ لەسەر یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەشدا بکرێت، ئەو رێککەوتنە سیاسییەی کە کراوە لەسەر کۆمەڵێک خاڵ و ئەوەی پەیوەستە بە پارتی هەموو شتێکی ئەم لایەنانەی قبوڵ کردووە لە بابەتی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، داوای 4 بازنەیی کرا و پارتی پێی رەزامەند بوو، داوای بەکارهێنانی تۆماری دەنگدەران و لیستی بایۆمەتری عێراق کرا، پارتی رەزامەند بوو، داوای بەکارهێنانی ئاماری وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆ دابەشکردنی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر 4 پارێزگاکەدا کرا و پارتی دیموکراتی کوردستان بەمەش رازی بووە، لە بابەتی پێکهاتەکاندا هەڵوێستی رەسمی پارتی ئەوەیە پێکهاتەکان و یۆنامی خۆیان لەسەر هەرجۆرە فۆرمەلەیەک رێکدەکەون ئێمە هیچ رێگرییەک ناکەین، دوێنێ ئێمە پێشنیازێکیشمان دایە یەکێتی کە نە ئێمە و نە ئەوان لەجیاتی پێکهاتەکان بڕیار نەدەین، پێشتر یۆنامی لەگەڵیان دانیشتووە و %95ی پێکهاتەکان گوتوویانە ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیین، دواتر هەردوو بەشی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی داوایان کرد و رۆژی 13/3/2023 لەگەڵ پێکهاتەکان لە تەلاری پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکاندا دانیشتن و کۆنووسی کۆبوونەوەکە هەیە کە لەوێش %95ی بەشداربووەکان لەگەڵ ئەوەدا بوون کە هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت، بەڵام پێکهاتەی مەسیحییەکان لەگەڵ ئەوەبوون کە لیستی تۆماری دەنگدەرانی خۆیان هەبێت و بەشێک لە پێکهاتەی تورکمان داوایان کرد لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا دەنگ بە پێکهاتەکان نەدرێت، ئێمە لە بەیاننیامەی مەکتەبی سیاسیدا رامانگەیاندووە کە رازین بەم بابەتانە، پێشنیازیشمان بۆ  مەکتەبی سیاسی یەکێتیی کردووە و پێمانگوتن بەڕێزان ئێوە و یۆنامی بڕۆن بەبێ پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان لەسەر هەرچی رێکدەکەون ئێمە ئامادەین.
 
رووداو: کەواتە پارتی رازییە بە داواکارییەکانی پێکهاتەکان؟
 
هێمن هەورامی: ئەمە بە هەڵوێستی فەرمیی پارتی وەربگرن هەموو پێکهاتەی کریستیان، سریان، کلدان و ئاشوور بڵێن با هەر 5 کورسییەکە بۆ سلێمانی بێت بەو مەرجەی خۆیان رازی بن و داوای بکەن ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ رێگرییەکی نییە.
 
رووداو: کەواتە بۆچی 11 کورسی کۆتاکان بووەتە ئەم کێشە گەورەیە؟
 
هێمن هەورامی:  ئێمەش ئەو پرسیارە لە برادەرانی یەکێتی دەکەین بۆچی کردوویانەتە کێشە، ئایا ئەمە بیانوویەکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
 
رووداو: یەکێتی چی دەڵێت لەمبارەیەوە لە کۆبوونەوەکانتاندا؟
 
هێمن هەورامی: ئەوان داوای دابەشکردن دەکەن، بیدعەیەکی تازەیان هێناوە کە دەڵێن نەک تەنیا 100 کورسی بەڵکو هەر 111 کورسییەکەی پەرلەمان بەسەر 4 بازنەکەدا دابەشبکرێن، ئەمە لە قتووی هیچ عەتارێکدا لە دونیادا نییە و کورسی کۆتا دابەش ناکرێت لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر پێکهاتەکان بەمە رازی بن پارتی هیچ رێگرییەکی نییە.
 
رووداو: لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیدا باس لەوەکرا کە بە لیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردن بکەن؟
 
هێمن هەورامی: ئێمە لە کۆبوونەوەی 28/1/2023 کە چووینە سلێمانی لەسەر 4 خاڵ رێککەوتین کە ببێتە ئەجێندای کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی، (هەڵبژارن، گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ ناو حکومەت و دۆسیەی دارایی، کێشە ئەمنییەکان، رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان پارتی و یەکێتی) پێمانگوتن کە ئامادەین رێککەوتنێکی ستراتیژیی نوێتان لەگەڵدا بکەین، رێککەوتنی سیاسیی کە پێداچوونەوەی پێدا بکەین ئامادەین، رێککەوتنێکی نوێ بکرێت دیسان ئامادەین، لە 28/1/2023 ئێمە خوازیار بووین کە دوای هەفتەیەک شاندی یەکێتی بێنەوە و سەردانمان بکەن، بەڵام نەهاتنەوە، ئێستاش خۆشبەختانە لەماوەی ئەو چەند مانگەی رابردوودا لەسەر بابەتی دارایی رێککەوتنەکە کراوە، کاک قوباد هاتە لای کاک مەسرور و دواتر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، تیمی هاوبەشی هەردوولا پەیپەرێکی باشیان ئامادەکردووە، رەنگە لە رۆژانی ئایندە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری لێبدرێت، کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، دۆسیە ئەمنییەکان رێککەوتنی لەسەر کراوە.
 
رووداو: لیستی هاوبەش باسکراوە؟
 
هێمن هەورامی: لە دانیشتنی فەرمیدا نا بەڵام لە دانیشتنی لا بە لادا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کراوە و باس کراوە کە تەنانەت ئەگەر بەشێک لە رێککەوتنە نوێیەکە ئەوەبێت بیر لە لیستی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکەشدا بکرێتەوە پارتی ئەم بابەتەی رەتنەکردووەتەوە و ئامادەین گفتوگۆی لەسەر بکەین.
 
رووداو: کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەوەستێنێت؟
 
هێمن هەورامی: ئێمە و یەکێتی قۆناخی زۆر لەمە سەختترمان بڕیوە و دانیشتنەکان بەردەوام بوون، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەین سبەینێ لەگەڵ یەکێتی دابنیشین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.