رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەعید نەجاڕیی ناسراو بە مامۆستا ئاسۆی شاعیر دەڵێت، کاریگەریی دۆخ و ئەو ناوچانەی کە شاعیر شیعری تێدا دەنووسێت، بەسەر شاعیرانەوە دیارە. دەشڵێت، شیعرێک ئەمڕۆ لە هەولێر بنووسرێت، شاعیر لە ئازادی و کەشی هەولێردا باڵی خەیاڵی ئازادە، هەر ئەو شیعرە لە ئەمڕۆدا لە بۆکان بنووسرێت، کاریگەریی دۆخی بۆکانی لەسەر دەبێت. ئەو شاعیرە پێیوایە پەیوەندیی نێوان شاعیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان باش نییە.
مامۆستا ئاسۆی شاعیر لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە فوئاد رەحیم لەگەڵی ئەنجامی دا و رۆژی چوارشەممە، 22-03-2023، پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانی دا رایگەیاند، "دەبوو شاعیران و نووسەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەکو ئەندامی یەک خانەوادە یەکتریان خۆشبووێت، ئێمە مەگەر فێڵ لەیەکدی بکەین، ئەگینا دەزانین کێ لە کێ شاعیرترە، هەمووان دەزانین کاممان لە کاممان باشترین، کام شیعر لەو دیکە بەهێزترە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم میلـلەتە یەکنەگرن و شاعیرانە یەک نەبن، نەریتێکی دروستکراو یان بە ئێرەیی یاخود بە فێرکراوی دەهێنن و دوودڵی دەخەنە نێوان شاعیرە گەورەکان و ناهێڵن یەکبن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مامۆستا ئاسۆی شاعیر:
رووداو: پێگەی شیعر و ئاستی شاعیرانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا چۆنە؟
مامۆستا ئاسۆ: سڵاو لە جەنابت و بینەران و شاشە رەنگینەکەتان، لە کوردەواریدا مەسەلەیەک هەیە دەڵێت: چێشتی خۆش لە بۆنی را دیارە. دەبێ بزانیت هەر ئەوەی کە من هاتم بۆ هەولێری پایتەخت، لەسەر سێ شاعیری گەورەی رۆژهەڵاتە، مامۆستایان هەژار، هێمن و هێدی کە من ئەو شانازییەم هەیە کە لە خزمەت هەرسێکیاندا بووم و شاگردیم کردوون و ئێستاش ئیزن بە خۆم دەدەم باسیان بکەم. کەوابوو، لە رۆژهەڵات ئەو بنەما و مامۆستایانەمان هەبێت، دڵنیابە ئەو پەیوەندییە ناپسێتەوە. لە داهاتوودا عەرزت دەکەم کە تەئسیری هونەرە قورسەکان نەقاشی، پەیکەرسازی و کاریکاتۆر.. ئەم هونەرانەی کە ئێمە تائێستا هەمانن و بە هەشت هونەر ناسراون، لە هەر شار و شوێنێک ئینسانێکی بەقوەت و بە سەنگی تێدا بێت، بەدوایدا وەکو نموونە دەڕوات. لەوەتی موکریان هەبووە، پێگەی شیعری هەر بەهێز بووە، وەکو ئەو سێیەی کە باسمان کرد و هی دیکەش وەکو حەقیقی، سەید کامیل، میسباح... ئەو پیاوانەی لە ئەدەبی کلاسیکدا و گەنجەکانی لە ئێستا پێشەنگ بوون. ئەدەبیاتی کوردی و شیعر لەوێدا رەنگی داکوتی و بەرەوپێش چوو، هیوادارم ئێـمەش وەک پەیوەند و ئەڵقەیەک رابردوو و ئێستامان بەیەکەوە ببەستینەوە و نەپسێت.
رووداو: گۆڕانکارییەکان چین؟ شیعر لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێستا مۆدێرنە یان کلاسیکە؟
مامۆستا ئاسۆ: تەنیا کەسێک وەکو خەڵک وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە منم. پێشمخۆشە و تایبەتە. بڕوای ئێمە بە شیعر وەک مۆدێرن و کلاسیک نییە، وەک قاڵب نییە، ئەگەر تۆ غەزەلێک یان دوو بەیتی شیعری نوێ، دوو بەیتی، شیعری سپی و حەجم بێنی، کە تائێستاش 14-15 قاڵبی شیعر لە جیهان و دواتریش ئێرە بینراوە، ئێمەی شاعیران کە شیعر دەڵێین، نەک ئەوانەی ئیشتیهامان نییە پێیان بڵێین شاعیر، چونکە کەسانی پرۆفیشناڵ شاعیرن کە دەرسیان بۆ خوێندووە و زانستی شیعر و ئەدەبیات دەزانێت، بۆی یەکلایی بووەتەوە کە ئەم 14-15 قاڵبە شیعرییە، بەپێی زەمان و تەکان و پێشکەوتن هاتوون تاگەیشتووە بە ئەمڕۆ کە پێی دەڵێن شیعری سپی یان شیعری نوێ، ئەمانە قاڵبن؛ سەبک نین. کلاسیکیش بەو واتایە نییە کە یانی کۆنە، ئێستا لە ئەوروپا میوزیکی کلاسیک واتە میوزیکی نوێ. کلاسیک واتە تەبەقەکردن و رێکوپێک، نەک فەلە و هەڵڕژاو و بێ کێش و سەروا و هەموو شتێک.
لەبەرئەوە من بڕوام وایە، شاعیرانی ئێمە بە قاڵب شیعر دەڵێن، جاری وا هەیە ئەو قاڵبەی مام هێدی (غەزەل) یان هەژار کە (مەسنەوی)هەیە، یان مامۆستا هێمن کە هەموو قاڵبەکانی هەیە، ناتوانیت بڵێی ئەوانە کلاسیکن، ئەوانە شیعری رۆژن. شاعیر بەپێی بیری، هزری، خواست و ویستی کۆمەڵگەکەی کە شیعرێک دادەنێت، خاوەنی دوو سەبک و شێوازە، یەکێکیان بەدەستی خۆی نییە و کۆمەڵگەی ئەو سەردەمەی (کۆرۆنا بێت، شەڕبێت، بوومەلەرزەبێت، ئارامی بێت یان لە ئەوروپا بێت یان ئاسیا و ئەفریقا جیاوازە)، بەپێی زادەی دەوروبەری، سەبکێکی هەیە ناتوانێت لێی دەربچێت. یەکێکی دیکەشیان ئەو شێوازە تایبەتەیە کە خۆی هەیەتی، شێوازی نووسین، وشە و هەستی دەروونی خۆی، ئەوەش شێوازێکی تایبەتی خۆی هەیە. هەیە بە وشەی نەرم و نیان، هەشە بە وشەی رەق و تووڕەیی. هەیە شیعری گوڕڕە دەڵێ، هەشە شیعری نەرم دەڵێ. ئەوانە شێوازگەلێکی شاعیرن، بەڵام شاعیر ناتوانێت لەو چوارچێوەیەی کە خۆی تێدایە، جا لە هەر شوێنێکی دونیایە، خۆی نەبینێتەوە. دووەمیشیان لەو دونیایەی کە خۆی تێدایە، جا پێشکەوتووبێت یان پاشکەوتوو، شەڕ، گرانی، ئازادی، قڕە... تێدا بێت.
رووداو: ئەو شیعرانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسرێن، تاچەند رەنگدانەوەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە؟
مامۆستا ئاسۆ: بە بۆچوونی من، ئەگەر سەد لە سەد نەبێت، زۆربەی زۆری پەیام و مەفهوومەکانی ئەو رووداوانەن، بەڵام ئێمە سەبکمان هەیە، بۆیە ئێستا زۆربەی شاعیران وەختێک شیعرێک دادەنێن، دروست وایە؛ دەبێت شوێن و کاتی ئەو شیعرە دابنێن، شیعرێک ئەمڕۆ لە هەولێر بنووسرێت، شاعیر لە ئازادی و کەشی هەولێردا باڵی خەیاڵی ئازادە، هەر ئەو شیعرە لە ئەمڕۆدا لە بۆکان بنووسرێت، کاریگەری دۆخی بۆکانی لەسەر دەبێت. لەکاتێکدا هەردووکیان یەک شاعیر نووسیویەتی، بەڵام جیاوازییان هەیە. هەرچۆنێک بێت، شاعیر پەیامەکەی هەر دەگات، بەڵام مەرج ئەوەیە خوێنەر ئاستی خۆی بەرزبکاتەوە و لێی تێبگات، من قسەی خۆم دەکەم، با خوێنەر کەمێک هەستێتەوە و لەگەڵ من تێبگات. پێویست ناکات پەیامەکەم ئەوەندە بە ئاسانی بخەمە دەمییەوە و قووتیشی بدات، ئەگەر وابێت، ئەدەبیات مانای نییە، رۆژ تا ئێوارە خەڵک بۆ ئەدەبیات دەخوێنێ؟ رۆژانە تۆ دەبینی سەدان شیعر چاپ دەبێت، بەڵام دوای 10 ساڵ خودی شاعیرەکە نامێنێت، ئەوانە بنژێری ئەدەبیاتن. شاعیرێک کە بیەوێ شیعرێک بڵێت بۆ زەمانی خۆی، دەبێ وای بڵێت سەدان ساڵ دوای خۆی رەنگبداتەوە، ئەگەر شیعرەکە لەکاتی شەڕدا نووسرابێت، لەکاتی ئاشتیشدا خوێنەر چێژی لێ ببینێت.
رووداو: تایبەت بە ئەنجوومەنە ئەدەبییەکان، کە شوێنی خوێندنەوەی بەرهەمە کولتوورییەکان بوون، ئەو چالاکییانە هەر ماون؟
مامۆستا ئاسۆ: وەڵڵا حاشا لەوە ناکرێت. من هەر لێرەوە دەستی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکانی هەموو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت بۆکانی خۆم، کە خۆم یەکێکم لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنەکەی دەگوشم، ئێستا گەنج و لاوەکانمان پێگەیشتوون، ئەنجوومەنەکان زیادیانکردووە، ئێستا ئەنجوومەنی ئەدەب هەیە، ئەنجوومەنی ئیرشاد و ئەنجوومەنی دیکەشمان هەن، کە ئەمانە بە فەرمی و یاسایی دامەزراون. ئەمانە کەسانی دڵسۆزیان تێدایە، شاعیرانمان لە کچ و کوڕ کۆدەبنەوە، بەڵام یەک گلەییم لێیان هەیە، کەمتر لا لەو مامۆستایانە دەکەنەوە کە شاگرپەرەوەر و قوتابی پەروەرن، پەیوەندیی نێوان شاعیرەکان باش نابینم، دوو دەستەییان تێدایە و یەکدی دەشکێنن..
رووداو: هۆی چییە یەکدی دەشکێنن؟
مامۆستا ئاسۆ: نازانم چی بڵێم، ناوێرم بڵێم دەستگەلێک لە پشتییەوە هەیە، دەنا دەبوو شاعیران و نووسەران بە بێگومان وەکو ئەندامی یەک خانەوادە یەکتریان خۆشبووێ، ئێمە مەگەر فێڵ لەیەکدی بکەین، ئەگینا دەزانین کێ لە کێ شاعیرترە، هەمووان دەزانین کاممان لە کاممان باشترین، کام شیعر لەو دیکە بەهێزترە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم میلـلەتە یەکنەگرن و شاعیرانە یەک نەبن، نەریتێکی دروستکراو یان بە ئێرەیی یاخود بە فێرکراوی دەهێنن و دوودڵی دەخەنە نێوان شاعیرە گەورەکان و ناهێڵن یەکبن. خودی ئەو گلەییە ئێستا من هەمە، بۆ دەبێ لە هەولێر رێوڕەسم بۆ هەژار، هێدی و هێمن بکرێت؟ بۆ لە بۆکان ناکرێت؟ لەوێ ئەم قسە بەو دەڵێ و ئەویش قسە بەم دەڵێ.. تەنانەت ئەم سێ پیاوەش دەبوغزێنن وەکو هاوشاری خۆیان، کە بەداخەوە ئەوە دەردێکی گەورەیە.
رووداو: پێویستە چی بکرێت بۆ ئەوەی شیعرەکان بەهێزتربن و شاعیرەکانیش هاوکاربن؟
مامۆستا ئاسۆ: سەرەتا شاعیر دوو رێگەی لەپێشە. یەکەم: بۆ ئەوەی ببێت بە شاعیر، بە دڵنیایی دەبێ بخوێنێتەوە، دەبێ زانستی شیعری هەبێت، لەخۆبایی و خۆبەزلزان نەبێت، بۆ چەپڵە و بارەکەڵڵا و شاشەی تەلەڤیزیۆن، چوونە دەرەوە و بابەتێکی رۆژنامە نەچێتە نێو دونیا شیعر، شاعیری بەڵێنداری هەیە، شاعیری گەل بێت، تا مردن مەترسی گرتن و زیندانی لەسەرە (ئێستا سەدەی 21ـە و ئەوە نەماوە و من دەتوانم شیعرەکانم بەجۆڕێک بڵێم کەس لێی حاڵی نەبێت)، دەبێت خوێندەوارەنە بنووسێت نەک نەخوێندەوارانە. دووەم: شاعیری میللەت و گەل بەرپرسیارێتی هەیە، بە دڵنیایی لەگەڵ دەوروبەری خۆی، لەگەڵ سیاسییەکان، لەگەڵ دۆستان، لەگەڵ میدیا، لەگەڵ دونیای مەجازی و تۆڕە مەجازییەکان پەیوەندیی دروست بکات و شیعرە تازەکان بخوێنێتەوە، شیعرە کۆنەکان بخوێنێتەوە، حەڵقەی پەیوەندیی خۆی هەبێت، بەڵام ئەگەر نەنیازبێت شیعر بنووسێت و بڵێت کەس لە من چاکتر نییە، با هەرگیز نەیکات. شاعیران وەکو گوڵ وان، هەریەکە و بۆن و رەنگی خۆیان هەیە، گوڵزار بە گوڵی جیاوازەوە جوانە، هەموو شاعیران شیعرەکانیان تام و چێژی تایبەتیان هەیە و بەیەکەوە گوڵزارین، بەڵام بەبێ یەک، لەنێو دەچین.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز محەممەد سەعید نەجاڕی، ناسراو بە مامۆستا ئاسۆ
مامۆستا ئاسۆ: منیش شانازی دەکەم کە دەنگی منتان گەیاند، سەربەرزبن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ