د. محەممەد شوکری: کۆمپانیایەکی چینی بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیایەکی چینی بە نیازە بە بەهای 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ''ئەو کۆمپانیایە زیاتر لە بواری ژێرخانی ئابوورییەوە وەبەرهێنان دەکات''.
 
گرووپی کۆمپانیاکانی گیژۆبای چینی ئامادەیی خۆی دەربڕیوە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکات. ئەو کۆمپانیایە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئۆفیسی هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 22-01-2023، دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کۆمپانیا چینییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەم کۆمپانیایە بە نیازە لە داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان 10 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکات کە بێگومان زیاتر لەبواری ژێرخانی ئابوورییەوە دەبێت.'' 
 
دکتۆر محەممەد شوکری ئاماژەی بەوە کرد، جگە لە بواری نەوتی، ئەوە یەکەم کۆمپانیایە بەو قەبارە گەورەیە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکات. گوتیشی: "کۆمپانیاکە سوورە ببێتە وەبەرهێنەرێکی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان.''
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان:
 
رووداو: ئەم کۆمپانیا چینییە بەنیازە چەندە وەبەرهێنان بکات لە هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانەکانی چی دەبن؟
 
د. محەممەد شوکری: ئەم کۆمپانیا چینییەی کە سەردانی ئێمەیان کردووە، هاوڕێیانی دەستەی وەبەرهێنەران، راسپێردراون کە بەرنامەیەکی رێکوپێک لە هاوئاهەنگیکردن لەگەڵیان دابنێن. ئەو کۆمپانیایە لە نزیکەی 140 وڵات و هەرێم ئۆفیسی هەیە و وەبەرهێنان دەکەن، لە هەرێمی کوردستانیش بە نیازن لە داهاتوودا بەپێی ئەو خوێندنەوەیەی کە هاوڕێیانی ئێمە لە دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵیان دەکەن، ئەو رێگەیانە بۆ وەبەرهێنان دەستنیشان دەکرێن. بێگومان زیاتر لەبواری ژێرخانی ئابووری وەبەرهێنان دەکەن. ئێمە لە هەرێمی کوردستان لە هەموو سێکتەرەکاندا دەرفەتی زۆری وەبەرهێنانمان هەیە بەتایبەتی لە ژێرخانی ئابووریدا لە دروستکردنی بەنداوەکان، رێگە گشتییەکان، هێڵی شەمەندەفەر و لەو بابەتانەی کە ئەم کۆمپانیا چینییە تێیدا تایبەتمەندە. ئەو دەرفەتانەیان لەگەڵ باس دەکەین و دوای رەزامەندیی جەنابی سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران، ئەم دەرفەتانەیان پێدەدرێت و بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
 
رووداو: قەوارەی وەبەرهێنانەکە چەند دەبێت؟ خۆیان داوایانکردووە لە چ بوارێکدا وەبەرهێنان بکەن؟
 
د. محەممەد شوکری: خۆیان پێشنیازیان کردووە لە بواری ژێرخانی ئابووری وەبەرهێنان بکەن لە رێگەی دروستکردن و سەرمایەگوزاری (تەمویل کردن) بۆ هەرێمی کوردستان و بێگومان ئەو رادەیەی کە ئەوان باسیان کردووە، گوتوویانە ئێمە تاوەکو 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی دەتوانین وەبەرهێنان بکەین لە هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا.
 
رووداو: ئایا ئەوە یەکەم کۆمپانیایە کە بەو قەبارە گەورەیە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکات یان کۆمپانیای دیکەش هەبووە؟
 
د. محەممەد شوکری: بێگومان جگە لەبواری نەوتی، ئەوە یەکەم کۆمپانیایە کە بەمشێوەیە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، لە رابردووشدا هەبووە، بەڵام ئەو کۆمپانیایە رژدبوونی زیاتری پێوەدیارە ببێتە وەبەرهێنانێکی راستەقینە لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: کەی بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدرێت؟
 
د. محەممەد شوکری: لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری یەکلاکەرەوە دەدەین کە لە چ بوارێک و لە چ سێکتەرێکدا دەتوانن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.
 
رووداو: نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار بەرزبووەتەوە، ئێستا لە بەشێک لەو پڕۆژانەدا کە هەن خەڵک قیستی لەسەرە، ئێوە وەکو کەرتی وەبەرهێنان چی دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا زەرەرمەند نەبێت؟
 
د. محەممەد شوکری: بابەتی تێکچوونی بازاڕی دینار، بۆ نموونە بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار و دراوەکانی دیکەش نەک تەنیا بازاڕی ئێمەی وەکو کەرتی وەبەرهێنان تووشی شڵەژان کردووە، بەڵکو لە هەموو بازاڕەکانی عێراقدا و تەنانەت لە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراکیش نرخەکان گۆڕانکاریی خێرا بەخۆیەوە دەبینن. بێگومان ئەو بابەتە خوێندنەوەی زیاتر و چاوەڕوانی پێویستە تاوەکو بزانین لە ماوەی داهاتوودا چی لێ بەسەر دێت. دوێنێ لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڵێنیان دراوە، دۆخەکە بگەڕێندرێتەوە پێش ئەم هەڵبەز و دابەزەی کە هەبووە و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین. بە دڵنیاییەوە لەسەر پێدانەوەی قیستەکان کاریگەری هەبووە و کاریگەریشی دەبێت، تەنانەت لەسەر کڕین و فرۆشتنیش، بەڵام ئینشاڵڵا بە زووترین کات ئەم کێشەیە چارەسەر بێت و ئەم هەڵبەز و دابەزە لە نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی سەقامگیرییەک بەخۆیەوە ببینێت، بازاڕی وەبەرهێنانیش لە هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە مایەوە، بەدڵنیاییەوە بڕیاری پێویست لەبارەی دەدرێت بۆ ئەوەی قورسایی نەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان.    
 
رووداو: لە کابینەی نۆیەم وەکو دەستەی وەبەرهێنان، زۆر هەوڵتان داوە هاوسەنگییەک لەنێوان خەڵک و وەبەرهێنەرەکان دروست بکەن، بە تایبەتی ئەو وەبەرهێنەرانە کە چەند ساڵێک بوو پڕۆژەکانیان راگیرابوون. لە 2023 هیچ پلانێکتان بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە راگیراوەکان هەیە؟
 
د. محەممەد شوکری: تاوەکو ئێستا لە هەولێر دوو پڕۆژە ماون کە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە، لە پارێزگاکانی دیکە کەمتر ئەو کێشانە ماون و لە ماوەی دوو سێ ساڵی رابردوودا چارەسەرکراون. ئەو پڕۆژەیەی کە گەورەترین کێشەی هەبووە، بێگومان پڕۆژەی دەشتی بەهەشتە (لە هەولێر)، هەم شوێن و هەم قەوارەکەی کە زەرەرمەندی تێدابووە و هەم ئەو کاتەی کە بۆی تەرخان کراوە، وایکردووە پڕۆژەکە کەڵکی نەمێنێت، هاوڕێیان خەریکی خوێندنەوەیەکن کە بۆ جارێکی دیکە سەرلەنوێ پڕۆژەکە داڕێژنەوە. بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا بدرێتە وەبەرهێنەرێکی دیکە و دروست بکڕێت.
 
بێگومان هێشتا هەندێک کەموکوڕی ماوە لە هەندێک پڕۆژەدا، بەڵام بەگشتی کێشەکان چارەسەر بوونە و لە ناوەندیشدا (بۆردی) تایبەتمان بۆ ئەو پڕۆژانە داناوە کە بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. هیوادارم زۆربەی کێشەکان چارەسەر بن و ئەم پڕۆژانەی کە پێشتر بڕیاریان لێدراوە و ئێستا لەگەڵ هەبوونی بەشێک لە کێشە دەستبەکاربوونەتەوە، کێشەکانیان چارەسەر بن، چونکە بەڕاستی بۆ دەستەی وەبەرهێنان کێشەیە، هەموو کات گوشارمان لەسەرە و کێشەمان بۆ دروست دەبێت، خەڵک سەردانمان دەکەن و لێمان دەڕەنجێن کە بۆچی پڕۆژەکان جێبەجێ ناکرێن، هەرچەند پێنج ساڵی رابردوو ئەو بابەتە دروستبووە و کەموکوڕیی ئێمەی تێدانییە، بەڵام پێویستە ئێمە چارەسەری پێویستییان بۆ بدۆزینەوە.
 
رووداو: لەسەر پرسی یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان بەکوێ گەیشتن؟
 
د. محەممەد شوکری: لە هەولێر زەوی وەرگیراوە و وەبەرهێنەر دەستنیشان کراوە، ماوەتەوە ئەو زەوییە بدرێتە دەست وەبەرهێنەرەکە و دەستبەکاربێت. بۆ ناوەکانیش، ئێستا لە هەولێر خەریکی دیاریکردنی ناوەکانین بۆ ئەوەی کەسانێک دەستنیشان بکرێن کە شایستەن. لە دهۆکیش خەریکی جیاکردنەوەی زەوین کە هەندێک رێکاری یاسایی پێویستە بۆ وەرگرتنی زەوییەکە و بدرێتە دەست وەبەرهێنەر، بەهەمانشێوە لە سلێمانی وەبەرهێنەر دەستنیشان کراوە، شارەوانی سلێمانیش بەڵێنیداوە بە زووترین کات بابەتی زەوی چارەسەر بکەن. لە هەموو کوردستان خەریکی ئەوەین کە لە 2023 ئەم بابەتە دەست پێبکرێت و قۆناخێکی باش بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی ئەم شوقانەی کە لە هەرێمی کوردستان بۆ کەمدەرامەت و کرێنشینانە، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا دروست بکرێن.