سەرۆکی دەستەی ئامار: درێژکردنەوەی ماوەی تۆماری خێزان دەبێت بە رەزامەندیی لەگەڵ بەغدا بێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بەوەکالەت باسی سەرژمێری دەکات
سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بەوەکالەت باسی سەرژمێری دەکات
نیشانەکردن سەرژمێری 2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، دەردەکەوێت تۆمارکردنی خێزانەکان کەی تەواو دەبێت، گوتیشی، ''ئەگەر ئێمە و دەستەی ئاماری عێراق، کارەکانی سەرژمێریمان تاوەکو 12:00ـی شەو بەڕێژەی 100٪ تەواو نەکرد، رێکدەکەوین کە چۆن تەواوی بکەین.''
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 21-11-2024) سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بەوەکالەت، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولرەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە رایگەیاند، ''تاوەکو ئێستا زۆربەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کراون.''
 
سیروان محەممەد گوتی، ''تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ، بۆمان دەردەکەوێت کارەکانی سەرژمێری کەی تەواو دەبن، وەکو ئەوەی بەرنامەی بۆ داندراوە، ئەمڕۆ 12:00ـی شەو کاری بژمێرەکان تەواو دەبێت.''
 
بەگوتەی بریکاری وەزارەتی پلاندانان، دوای کاژێر 12:00ـی ئەمشەو، هەر کەسێک ناوی لە سەرژمێریدا تۆمار نەکرابێت، تۆمارکردن دەوەستێت، ''تەنیا لە یەک باردا ئەگەر ئێمە و دەستەی ئاماری عێراقی، هەردوولا کارەکانمان 100٪ تەواو نەکرد، ئەوکاتە بڕیاری دیکە دەدرێت و ئێمە لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق و وەزارەتی پلاندانان لەسەر هێڵین، بۆ دانانی بەرنامەیەک.'' 
 
سیروان محەممەد لەو باوەڕەدایە بژمێرەکان دەتوانن تۆمارکردنی خێزانەکان لە وادەی دیاریکراودا تەواو بکەن.
 
بڕیار بوو 48 کاژێر دوای تەواوکردنی قۆناخی تۆمارکردنی خێزانەکان لە 20 و 21ـی مانگ، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری رابگەیێندرێت؛ بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەدا، ''ئەگەر هەیە رۆژێک زیاتر بخایێنێت، ئەمڕۆ نووسراوێکم ناردووە بۆ دەستەی ئاماری عێراق کە دەبێ پێکەوە ئەنجامەکە رابگەیێنین."

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سیروان محەممەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بەوەکالەت:

رووداو: تائێستا پرۆسەی سەرژمێری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان چۆن بەڕێوەچووە؟
 
سیروان محەممەد: لە دوێنێوە پڕۆسەکە زیاتر چڕبووەتەوە، خۆی لە 17ـی مانگەوە دەستیپێکردووە، تۆمارکردنی خێزانەکان بەردەوامە و کارەکەش لەلایەن بژمێرەکان و سەرپەرشتیارانیان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار زۆر بە وردی بەڕێوەدەچێت، تیمەکانی ئامار ئەگەر بژمێرەکانیش کاژێر 12:00ـی شەو بوەستن، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئامار، تاوەکو درەنگی شەو و بەرەبەیان بەردەوامن و ئامادەکاری بۆ رۆژی دواتر دەکەن.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە توانیومانە زۆربەی ئەو کۆسپانەی لە پارێزگا، قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی تەکنیکییەوە هاتبوونە بەردەم بژمێرەکان، چارەسەر بکەین. ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە بۆمان دەردەکەوێت کارەکان کەی تەواو دەبن، وەکو ئەوەی بەرنامە دانراوە، ئەمڕۆ 12:00ـی شەو بژمێرەکان کاریان تەواو دەبێت.
 
رووداو: تاوەکو ئێستا دەرکەوتووە لە سەتا چەندی پرۆسەکە لە پارێزگاکان تەواو بووە؟
 
سیروان محەممەد: رێژەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، ئێمە لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی ئامار بەدواداچوون دەکەین بۆ رێژەکان و لە ناوەندی پەیوەندییەکانیش وەڵامی هاووڵاتیان و بژمێران دەدەینەوە. هیوادارین تاوەکو بەیانی بتوانین رێژەی جێبەجێکردنەکە بە تەواوی رابگەیێنین، کە دەبێ نزیک بێت لە 100٪.
 
رووداو: ئەگەر کەسێک دوێنێ ناوی خۆی تۆمارنەکردبێت و ئەمڕۆش تاوەکو 12:00ـی شەو نەیتوانی خۆی تۆمار بکات، دواتر چی دەبێت؟
 
سیروان محەممەد: دوای 12:00ـی ئەمشەو، هەر کەسێک تۆمار نەکرابێت، ئەگەر سیستمەکە داخرا، تۆمارکردنی ئەندامانی خێزان دەوەستێت، لە یەک حاڵەت دا ئەگەر ئێمە و دەستەی ئاماری عێراق، هەردوولا کارەکانمان 100٪ تەواو نەکرد، ئەوکاتە بڕیاری دیکە دەدرێت و ئێمە لەسەر هێڵین لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق و وەزارەتی پلاندانان، بۆ دانانی بەرنامەیەک، ئەگەر ئەو حاڵەتە روویدا.
 
رووداو: بە رای ئێوە پرۆسەکە ئەمشەو تاوەکو کاژێر 12:00 تەواو دەبێت؟
 
سیروان محەممەد: هیوادارین؛ واتا رێژەکان بە باشی بەرەو پێشەوە دەڕۆن، تیمەکان زۆر بەجدی کار دەکەن، چووینەتە هەموو شوێنێک. ئێمە پێشتر رامانگەیاندبوو ئامادەکارییەکان لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ سەرژمێری زۆر درەنگ دەستیانپێکرد، بەهۆی ئەو کێشەیەی لەگەڵ وەزارەتی پلاندنانی عێراق هەبوو، کە تایبەت بوو بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە تاوەکو ئێستا دەتوانم بڵێم لە ماوەی 17 رۆژدا توانیمان ئامادەکاری بکەین بۆ سەرژمێرییەکی وا گەورە، کە عێراق نزیکەی یەک ساڵ و نیوە ئامادەکاری بۆ دەکات. بۆیە دەمەوێت بڵێم، بژمێرەکان بە بۆچوونی ئێمە دەتوانن کارەکە تاوەکو 12:00ــی شەو تەواو بکەن، ئەگەریش لەو حاڵەتە روویدا کە تەواو نەبێت، ئەوە لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوین چۆن تەواوی بکەین.
 
رووداو: ئەنجامەکان کەی رادەگەیێندرێن؟
 
سیروان محەممەد: من ئەمڕۆ نووسراوێکم بۆ دەستەی ئاماری عێراق نارد، کە دەبێ پێکەوە ئەنجامەکە رابگەیێنین، خۆی بڕیارە سەرەتایییەکە پێشتر وابوو کە دوای 48 کاژێر لە تەواوبوونی ئەو قۆناخە، ئەنجامەکان رابگەیێنرێن، بەڵام ئەگەر هەیە رۆژێک زیاتر بخایێنێت، بۆیە ئەم بەیانییە نووسراوێکم نارد بۆیان و چاوەڕێی وەڵامیانم، چونکە دەبێ پێکەوە ئەنجامەکان رابگەیێنین، بێگومان ئەمە ئەنجامی سەرەتاییە و ئەنجامی کۆتایی سێ، تاوەکو چوار مانگ دەخایێنێت.
 
رووداو: ئەنجامی سەرەتایی چی تێدایە؟
 
سیروان محەممەد: ژمارەی ئەو خێزانانەی تۆمارکراون لەسەر ئاستی پارێزگا، یان ژمارەی دانیشتووان بەپێی ئەو قۆناخە سەرەتاییە، ژمارەی ئەو بینایانەی کە لە هەر پارێزگایەک هەن، جۆری بیناکان، ئەوەی کە یەکە نیشتەجێبوونن یان بینای دیکە، گرووپەکانی تەمەن لەسەر ئاستی شارنشین و گوندنشین، ژمارەی دانیشتووان و رێژە دیاری دەکرێن.
 
رووداو: قۆناخی 77 پرسیارەکە کەی دەستپێدەکات؟
 
سیروان محەممەد: خۆی هەندێک دەڵێن 72 پرسیارە و هەندێک دەڵێن 70ـیە و ئێمە دەڵێین 77 پرسیارە، ئەو قۆناخە دوای تەواوبوونی ئەم قۆناخەی ئێستا دەبێت، ئێمە بەرنامەی راهێنانی بژمێرەکانمان داناوە لەسەر ئەو فۆڕمەی سەرژمێری کە پێنج رۆژ دەخایێنێت و، دوای تەواوبوونی ئەو پێنج رۆژە، ئینجا ئێمە دەستپێدەکەین بە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆڕمی سەرژمێری. لە عێراق زووتر دەستپێدەکات، چونکە ئەوان راهێنانی بژمێرەکانیان زووتر تەواو کردووە، بەڵام ئێمە وەکو باسم کرد، درەنگ دەستمانپێکرد و ناچار بووین ئەو قۆناخەی راهێنان بخەینە دوای ئەم دوو رۆژە.
 
رووداو: ئەو 77 پرسیارە لە هەموو تاکێک دەکرێن، یان تەنیا لە سەرۆکی خێزانەکان؟
 
سیروان محەممەد: خۆی سەرۆک خێزان ئەگەر هەموو وەڵامەکانی لا بێت، دەکرێت لەو بکرێن، ئەگەر خۆی لە ماڵ نەبێت، لە هاوژینەکەی یان کوڕە گەورەکەی یان کچە گەورەکەی دەکرێت، ئەوە نابێتە کێشە.
 
رووداو: واتا پرسیارەکان لە یەک کەس دەکرێن؟
 
سیروان محەممەد: بەڵێ. ئەگەر هەمووشیان ئامادە بن لەکاتی سەرژمێرییەکە، دەتوانن هەر کەسێک وەڵامی پرسیارەکەی خۆی بداتەوە، چونکە لەسەر ئاستی تاکە.
 
رووداو: بۆ نموونە دەڵێت، "دەتوانیت بتڵی گاز بە قادرمەدا بەرییە سەرەوە؟" دەکرێت من لەبری کوڕەکەم وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە یان هەر دەبێت خۆی وەڵام بداتەوە؟
 
سیروان محەممەد: ئینجا پرسیاری وای تێدایە کە بتڵی گاز بە قادرمەدا بەرییە سەرەوە؟
 
رووداو: وایانگوت، سۆشیاڵ میدیا پڕ بووە لەم شتانە. ئەم پرسیارانەی تێدایە فۆڕمەکە؟
 
سیروان محەممەد: فۆڕمەکەمان بڵاوکردەوە لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی پلاندانان، لەسەر ماڵپەڕی دەستەی ئامار، دەتوانن خۆتان سەیری بکەن، ئەگەر پرسیاری وای تێدا بێت، ئەو کاتە دەبێت چارەسەرێکی بۆ بدۆزینەوە.
 
رووداو: بتڵی گازی تێدا نییە؟
 
سیروان محەممەد: ئێمە بۆچی پرسیار بکەین کە کەسێک یان هاوژینەکەی دەتوانێت بتڵی گاز بەرێتە سەرەوە یان نا. ئەوە پرسیارێکی سەیرە.
 
رووداو: راستەوخۆ لە کەسێک پرسیار دەکرێت کە باری تەندروستی چۆنە؟
 
سیروان محەممەد: ئێمە پرسیاری باری تەندروستی دەکەین، بەڵام پرسیاری نەخۆشیی درێژخایەن دەکەین، ئەو ئاستەنگییانەی کە لە جەستەیدا هەیەتی. ئێمە پرسیاری لەو شێوەیە دەکەین هەر پرسیارێک کە لە رووی ئامارییەوە واتایەکی هەبێت، پرسیاری بەو جۆرە لە ئاماردا گونجاو نییە. لەبەر ئەوەی تۆ ناتوانی بەراوردی لەسەر بکەیت، بۆیە من هەر دووپاتی دەکەمەوە، فۆڕمەکە سەیر بکەن، هاووڵاتییانیش با سەیری بکەن، بزانن چی پرسیارێکی تێدایە و پرسیارەکانیش هەمووی تایبەت دەبن بە دۆخی ئابووری، تەندروستی، پەروەردەیی، کار، خاوەندارێتی، تەمەن و رەگەز.
 
رووداو: پەنابەرانی باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەوانە بە چ شێوەیەک سەرژمێر دەکرێن؟
 
سیروان محەممەد: هەموو کەسێک کە لەسەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت، دەبێ سەرژمێری بکرێت، ئەوانە هەر لە هەمان فۆڕم، شوێنیان هەیە کە دەڵێیت وڵاتینامەکەت هی کوێیە، لە کوێوە هاتووە، دیاریی دەکات، بۆیە هەموو کەسێک بەپێی دۆخی خۆی پرسیارەکەی لێدەکرێت، هەندێک پرسیار هەن تایبەتن بە هاووڵاتییانی عێراقی، پرسیارەکانی دیکە تایبەتن بە ئاوارە، ناوی، رەگەزی و وڵاتینامەکەی، پرسیاری ئەم بابەتانەی لێدەکرێت.
 
رووداو: هاونیشتمانییەک نامەی ناردووە کە هێڵی گەرمی 567 زۆر جار چالاک نییە و درەنگ وەڵام دەداتەوە، هیچ ژمارەیەکی جێگرەوە هەیە؟
 
سیروان محەممەد: خۆی 567ـەکەیە، ئێستا من یەکێک لە هاوکارەکانم لە دەستەی ئامار هات و گوتی، لەوانەیە ئەوەی کۆڕەک کیشەیەکی تێکەوتبێت، ئەوە سەرقاڵی چاککردنەوەن، چونکە ئەم پرسیارە لە بەیانییەوە هەیە، بەڵام ئێمە هێڵەکەمان داناوە بۆ کۆڕەک و ئاسیا. جگە لەوە، لەلایەن هاووڵاتییانەوە گوشارێکی زۆر لەسەر ناوەندی پەیوەندییەکان هەیە، بۆیە دەبێ کەمێک دان بەخۆیاندا بگرن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە.
 
رووداو: هاونیشتمانییەکی دیکە نامەی ناردووە، ئەو تابلێتانەی کە بەکاردەهێنرێن، تەنیا بە سیمکارتی زین و ئاسیا کار دەکەن، بۆچی کۆڕەکیان لەسەر نییە؟ ئەمە پەیوەندی بە شتی سیاسییەوە هەیە؟ 
 
سیروان محەممەد: کێشەکە لە کۆڕەکە، هەموومان دەزانین ئێستا ناتوانێت پەیوەندی بە زین و ئاسیاوە بکات، لەلایەن دەستەی راگەیاندنی عێراقی، ساڵ و نیوێکە ئەو کێشەیەی هەیە، تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە، ئەوە لەلایەن عێراقەوەیە. بۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کۆڕەک و ئاسیاشمان دانا، چونکە دەتوانین کۆڕەک لە هەرێمی کوردستان بەکاریبهێنین و دەسەڵاتی خۆمانە، زۆربەی هاووڵاتییانیش کۆڕەکیان هەیە، بۆیە ئێمە زینمان بەکارنەهێناوە، گوتمان خەڵک زۆر کۆڕەکی هەیە.
 
رووداو: هەندێک پرسیار لە پرسیارنامەکەدان، بۆ نموونە باس لەوە دەکات کە بە پەنجەکانت دەتوانیت شتی بچووک بگریت؟
 
سیروان محەممەد: ئەوە بۆ ئەوەیە بزانین هێزی دەستی چۆنە، با من تێتبگەیێنم، ئەوە کۆمەڵێک پرسیارن کە لە سەرژمێرییەکانی پێشوودا نەبوون، گرووپێکی نێودەوڵەتی هەیە بە ناوی گرووپی واشنتن، کاتی خۆی بڕیاریان دا کە کاتێک زانیاری لەسەر مرۆڤ وەردەگیرێت، زۆر گرنگە ئەو پرسیارە تەندروستییانە هەبن، بۆ ئەوەی بتوانیت دۆخی ئەو کەسە دەستنیشان بکەیت و لایەنی پەیوەندیدار کە لەم حاڵەتەدا وەزارەتی تەندروستییە، دەتوانێت سوودی زۆر بۆ دیاریکردنی ئەو ئاستەنگییانەی کە دێتە پێش مرۆڤ لەو پرسیارانە وەربگرێت، ئێمە زۆر هەوڵمان دا پرسیارەکان کەمتر بکەینەوە، بەڵام ئەو رێکخراوانەی کە لە نێو ئەو گرووپەن، گوتیان ئەمە شتێکی نێودەوڵەتییە و زۆرباشە ئەگەر بتوانن داخڵی سەرژمێرییەکەی بکەن، بەتایبەتی کە 37 ساڵە لە عێراقدا نەکراوە.
 
رووداو: بۆ نموونە پرسیاری تێدایە دەڵێت، دەتوانیت بەسەر قادرمە بکەویت، ئەمەش هەر بۆ تەندروستییە؟
 
سیروان محەممەد: بەڵی. هەر بۆ تەندروستییە. پرسیارەکان هی گرووپی واشنتنن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە