وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ بۆ رووداو: کوردستان زۆر بەهێزە و کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە عێراقدا


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکێشکردنی هاوکاریی دارایی و سیاسی بە هەرێمی کوردستان و دەڵێت، هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە و کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە عێراقدا. دەشڵێت، "دەتوانین لە رێگەی یەكێتیی ئەوروپاوە پشتیوانی لە کوردستان بکەین."
 
ژۆ ئەسێلبۆرن، وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لەگەڵی ئەنجامی دا و ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-06-2023، پەخشکرا، رایگەیاند، "ئاگاداری کێشەی کوردم، باش دەزانم کە کورد و پێشمەرگە چییان لە شەڕی دژی داعشدا کرد." دەشڵێت، "لۆکسەمبۆرگ 10 هێندە لە هەرێمی کوردستان بچووکترە، لە 2014 تاوەکو 2019  ئێمە 1.6 ملیار یۆرۆ هاوکاریی داراییمان پێشکێشی هەرێمی کوردستان کردووە."
 
شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەوروپایە، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ کۆبوونەوە و بە گوتەی سەرۆکی شاندەکە، باسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.
 
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لۆکسەمبۆرگ پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و لە رۆژانی شەڕی داعشیشدا وەزیری دەرەوەیان هاتە هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی و کۆمەکی بۆ ئاوارەکان و کوردانی ئێزدی دابین کرد.
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لۆکسەمبۆرگ:
 
رووداو: لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان باسی چیتان کرد؟
 
ژۆ ئەسێلبۆرن: من دواجار لە 2022 لە کوردستان بووم، زۆر شت روویداوە، لە سەرووی هەموویانەوە پێموایە ئەوەی زۆر خراپ کاریگەریی لەسەر کوردستان بە هەمانشێوە لێرە لەسەر لۆکسمبۆرگیش هەبووە، ئەم شەڕەی رووسەکانە لە ئۆکراینا. بێگومان باسمان لە دەرئەنجامەکانی ئەوە کرد. هەروەها بێگومان هەموو ئەو پرسانەمان باسکرد کە لە کوردستان روودەدات و هەروەها لە عێراق و وڵاتانی دراوسێی. باسی نەوتمان کرد، باسی بوجەمان کرد، هەروەها باسی رۆلی یەکێتیی ئەوروپامان کرد لە کوردستان کە ئێستا ئۆفیسیان هەیە لەوێ. بەڕاستی پێموایە گفتوگۆیەک بوو کە زۆر روون و ئاشکرا بوو بۆ من تابتوانم باشتر تێبگەم کێشەکان چین لە کوردستان، وڵاتێک و ناوچەیەک، میلـلەتێک کە چواردەوری دراوە لە چەند وڵاتێک کە زۆر دۆستانەنین. 
 
رووداو: ئایا لۆکسەمبۆرگ بەنیازە کۆنسوڵخانە یان نوێنەرایەتییەکی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە؟ 
 
ژۆ ئەسێلبۆرن: لۆکسەمبۆرگ 10 هێندە بچووکترە لە کوردستان و مەسەلەی پارە نییە، بەڵام کێشەی ستافمان هەیە. ئێمە ناتوانین ئامادەبین لە هەموو جیهان، ئێمە ئەوەمان نییە، بەڵام لە راستیدا پێویستمان بە کۆنسوڵخانە یان باڵیۆزخانە نییە بۆ پەیوەندیی دروستکردن،  پەیوەندییەکان لەگەڵ هۆشیار زێباری و پاشان لەگەل فەلاح مستەفا و ئێستا لەگەڵ سەفین دزەیی تائێستا زۆر نایابن، ئەگەر کێشە هەبێت ئەوا ئامادەین چارەسەریان بکەین. 
 
رووداو: لۆکسەمبۆرگ دەوڵەتێکی بچووکە، بەڵام بەهێز و سەرکەوتووە، دەتوانن بە چ شێوەیەک هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن؟ 
 
ژۆ ئەسێلبۆرن: لۆکسەمبۆرگ دەتوانێت پاڵپشتیی کوردستان بکات، کە بێگومان لەڕووی سیاسییەوە کە ئێستا نزیکین لەیەک و پەیوەندیمان باشە هەروەها لە لەڕێگەی یەکێتیی ئەوروپاوە و ئەوەش ئەوەیە کە لە یەکێتیی ئەوروپادا گوتوومە. با نموونەیەکت پێبدەم، لەنێوان 2014-2019، ئێمە 1.6 ملیار یۆرۆ هاوکاریی داریمان پێشکێش بە کوردستان کرد، ئەوەش بەردەوام دەبێت کە ئێمە هاوکاریی دارایی و سیاسی بەتایبەتی پێشکێش بە کوردستان دەکەین. بەڕای من کوردستان وڵاتێکی هێندە بەهێزە و هەروەها هەرێمێکی بەهێزە کە بەڕاستی کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە عێراقدا، دەزانین چۆن ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا 27 وڵاتی جیاوازین هەروەها پێموایە لە خودی عێراقیشدا ئاسان نییە هەموو پێکهاتەکان بهێنین بۆ بڕێکی هاوبەش. 
 
رووداو: کوردستان وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام پارچە کراوە و بێ دەوڵەتە. ئێوە چ لەبارەی کێشەی کورد و کوردستان دەزانن؟
 
ژۆ ئەسێلبۆرن: بێگومان ئاگاداری کێشەی کوردم، باش دەزانم ئەوەی کە کورد کردوویەتی و پێشمەرگە کردوویەتی لە شەڕی دژی داعش، باش دەزانین و ئاگادارین چەند کارەسات و سەخت بوو بۆ ئێزدییەکان. من سەردانی دهۆکم کرد، من ئاگاداری کێشەکانی شنگالم، نادیە موراد باش دەناسم. ئاسان نییە بۆ کورد دۆخەکە دەزانم. ئێمە لە یەکێتیی ئەوروپا لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر دەکەین، ئێوە کێشەی زۆر جیاوازترتان هەیە، بەڵام لەو باوەڕەدام کە کوردستان دەتوانێت رۆلێکی گرنگ بگێڕێت. 
 
رووداو: ئایا هیچ هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتی مافی پەنابەری یان وڵاتینامەی لە لۆکسەمبۆرگ وەرگرتووە؟ 
 
ژۆ ئەسێلبۆرن: ئێمە تەماشا ناکەین خەڵکی کوێیە، ئەوەی مافی پەنابەری وەردەگرێت، بەڵام خەڵکی عێراق 150 کەس لێرە مافی پەنابەرییان وەرگرتووە، هەدنێکیش وڵاتینامە، بەڵام هەندێکیش گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. خەڵکی سووریا زۆر زۆرترە. ئەوانەی زۆرترین مافی پەنابەرییان وەرگرتبێت لە ساڵی 2015ـەوە خەڵکی سووریان پاشان خەڵکی ئێریتریا و پاشان ئەفعانستان، بەڵام عێراق ژمارەیەکی کەمن.