بێگەرد تاڵەبانی: ناکرێت وەزیری کشتوکاڵی عێراق شەقام بۆ ململانێ سیاسییەکان بەکاربهێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە لێدوانەکەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت، "ئەگەر بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی ئێمە تایبەتمەندیمان دابێتە بەرهەمێکی قاچاخی هاوردە بۆئەوەی بینێرینە ناو بازاڕەکانی عێراق، دەیتوانی ئەو بابەتە بە فەرمی لەگەڵ ئێمە باس بکات".
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "ناکرێت وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەبێ ئەوەی بە فەرمی ئەو باسە لەگەڵ ئێمە بکاتەوە، یان ئەو کێشانەی خۆی لەلای دروست دەبێت و وەڵامی ئێمە بە فەرمی وەرنەگرێتەوە، شەقام بەکاربهێنێت بۆ ململانێ سیاسییەکان".
 
هەڤپەیڤینی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان
 
رووداو: پێش ماوەیەک سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوتان کرد بۆ بەغدا، بڕیار وابوو لێکتێگەیشتنێک لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق واژۆ بکەن و ئەوان وەڵامتان بدەنەوە و شاندی ئەوان بێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا شاندەکەیان نەهاتووە، ئەو لێکتێگەیشتنە بۆ واژۆ نەکرا؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: لە راستیدا ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کابینەی نۆیەم، چەندجارێک سەردانی بەغدامان کردووە، لە دوایین سەردانمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دانیشتنێکی ستافی نێوان هەردوو وەزارەت بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیر کرا، کە دەکرێت بڵێم لە مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی، ئەو دوو وەزارەتە یەکەمجارە لەسەر ئەو ئاستە کۆبوونەوەی هەردوو وەزارەت بەیەکەوە ئەنجام بدەن.
 
لەسەر کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگ و هەستیار رێککەوتین، کە پەیوەندیدارن بە شێوازی مامەڵەکردن و کارکردن لەنێوان ئێمە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەو بەربەست و کێشانەی کە هەن لەگەڵ رێگەچارەکانیان. لە راستیدا ئەوەی کە بۆ ئێمە مایەی نیگەرانییە، ئەوان وەکو وەڵامی سەردانەکەی ئێمە و واژۆکردنی ئەو پاکێجەی کە پێکەوە هەردوولا لەسەری رێککەوتین، تاوەکو ئێستا ئەنجام نەدراوە. چەندجارێک پەیوەندیمان پێوە کردوون کە هەم جەنابی وەزیری کشتوکاڵ و لیژنەیەکی تایبەتمەندی وەزارەتەکەیان بێنە هەرێمی کوردستان بۆئەوەی لە نزیکەوە کۆی ئەو شتانەی کە لەنێوان هەردوولادا تاوەکو راددەیەک هەڵپەسێردراوە و کێشەی لەسەرە، بە چاوی خۆیان ببینن و روونکردنەوەی تەواویشمان پێدان.
 
رووداو: کێشە لەسەر چییە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: کێشەکان زۆرن، یەکەم کێشەیەکمان هەیە لەسەر رۆژنامەی کشتوکاڵی، کە ساڵانە هەردوولا رۆژنامەی کشتوکاڵیی تایبەتی خۆیان بەپێی واقیعی حاڵی بۆ نموونە کەشوهەوا هەیە، تایبەتمەندییەکانی هەردوولا دادەنرێت، بەڵام ئێمە لە یەک وڵاتدا دەژین راستە کەشوهەوامان لە یەکدی جیاوازە و وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانمان لە یەک جیاوازە، بەڵام یەک وڵاتە. کە یەک وڵاتە دەکرێت یەک رۆژنامەی کشتوکاڵیمان هەبێت بۆئەوەی بتوانین لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە دێتە ناو عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەیەکەوە هاوئاهەنگیی تەواوەتیمان هەبێت، ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان ئەوپەڕی ئامادەیی خۆمان دەربڕی کە لەو رۆژنامە کشتوکاڵییە پێویستە نوێنەرمان هەبێت، چونکە رێککەوتنێکی دیکەمان هەیە کاتی خۆی کراوە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە دەبێت لە دانانی رۆژنامەی کشتوکاڵیدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵی تێدابێت، کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا نوێنەری ئێمە بۆ هیچ یەکێک لەو دانیشتنانە بانگ نەکراوە.
 
خاڵێکی دیکە کە زۆر قسەی لەسەر کراوە و ناکۆکیی زۆر گەورەی لەسەربوو، بابەتی بەروبوومی دەواجینەکانی هەرێمی کوردستانە کە لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەکو بینیمان، وەزیری کشتوکاڵ خۆی قسەی لەسەر هاوردەکردنی بەروبوومی بەقاچاخهێنراو بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتی مریشکی بەستوو.
 
رووداو: وەزیری کشتوکاڵی عێراق هەرێمی کوردستان بەوە تۆمەتبار دەکات، مریشکی بەستووی بەسەرچوو دێت و لێرەوە رەوانەی شارەکانی دیکەی عێراق دەکرێت، ئایا ئەمە راستە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: بەڕاستی من نیگەران بووم لە لێدوانەکەی، چونکە وەکو گوتم بڕیار وابوو بەیەکەوە دانیشتنێک بکەینەوە لە هەرێمی کوردستان و جەنابی وەزیری کشتوکاڵ خۆی بە یاوەریی شاندێک بێتە هەرێمی کوردستان، سەردانی پرۆژە کشتوکاڵییەکان و دەواجینەکان و سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان بکات. ئێمە هەموو ئەو رێکارە یاساییانەمان خستە بەردەستی جەنابیان لە سەردانەکەمان، کە ئێمە بەرهەمی ناوخۆیی خۆمان ستیکەر و بارکۆدی تایبەتیمان بە میکانیزمێک ئامادەکردووە کە بە هیچ جۆرێک ناتوانرێت ساختە بکرێت و هاوکات لەژێر چاودێریی وەزارەتی کشتوکاڵ دەکرێت. تەنانەت نموونەیەکیشمان لەو ستیکەر و بارکۆدە دایە دەستی جەنابیان و پێمان راگەیاندن جیا لەوە هەر بەرهەمێک کە ستیکەر و بارکۆدی تایبەتی کە لەژێر چاودێریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵ و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەناو وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەدەچێت، جیا لەو بەرهەمانەی کە ئەو بارکۆد و ستیکەرەیان لەسەرە، هەر بەرهەمێکی دیکە بێت دەتوانن لە بازگەکانی خۆتان رێگریی بکەن هیچ بەرهەمێک نەچێتە ناو بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
جگە لەوەش، تاوەکو ئێستا ئێمە چاوەڕێی هاتنی جەنابی وەزیر و ئەو لیژنە تایبەتمەندە دەکەین بۆئەوەی ئەو پرۆسە دەستپێبکات، ئێمە تاوەکو ئێستا ئەو پرۆسەیەمان دەستپێنەکردووە، تاوەکو بەرهەمێک بێنین لە دەرەوەی وڵات و ناونیشانی خۆمانی پێبدەین و ئینجا بینێرینە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.
 
پێم خۆشبوو جەنابیان کە ئەو لێدوانەی دەدا بەڵگەیەکی هێنابایەوە لەسەر لێدوانەکەی خۆی، بۆئەوەی ئێمە بتوانین لە ئایندە بە میکانیزمێک ئیش بکەین، کە نەک لە چوارچێوەی ئەو پڕوپاگەندانە و ئەو قسانەی کە دەکرێن، کە هەندێک کەس لەپێناو بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان کۆمەڵێک زانیاریی نادروست لە دەزگاکانی راگەیاندن بڵاودەکەنەوە، ئەمە نەک خزمەت بە پاڵپشتیکردنی جووتیاران و خاوەن پرۆژە و خاوەن کارەکانی کشتوکاڵی ناکات، بەڵکو زەرەرێکی گەورەی لە جووتیارەکانمان داوە.
 
بۆ نموونە هەر کەسێک لە ئاستی خۆی راستدەبێتەوە و دەڵێت لە ساڵانی 2014-2015 و 2016 گەنمی سووری داخڵی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کراوە، تاوەکو ئێستاش یەکێک لە بیانووەکانی حکومەتی عێراق ئەوەیە کە دەڵێت لەبەرئەوەی گەنمێک هاتووە خراوەتە ناو سایلۆکانەوە کە هی هەرێمی کوردستان نەبووە، ئێمە شایستەی جووتیاران نادەین، ئەوە یەکێکە لە خاڵەکان کە هەمیشە لە دانیشتنەکان پێمان دەگوترێتەوە.
 
لەکاتێکدا هەموومان ئەوە دەزانین، لە سایلۆکان گەنم وەرناگیرێت تاوەکو لەلایەن کۆمپانیای نیشتمانیی عێراقەوە کە پشکنین بۆ گەنمەکە دەکرا، ئینجا داخلی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمە جیا لەوەی بەشێکی پارەکە دراوە بە جووتیاران، بەشەکەی دیکەی ماوە لای حکومەتی ناوەندی، ئەمەش بەڵگەیە بۆئەوەی ئەو گەنمە پەسندکراوە ئینجا چووەتە نێو سایلۆکان.
مەبەستم ئەوەیە، ناکرێت بۆ نموونە پەرلەمانتارێکی بەڕێز یان کەسایەتییەکی سیاسی، بەداخەوە هەندێک کێبڕکێ و کێشەی سیاسی نێو خۆمان وایکردووە کە ئەمانە رەنگدانەوەی هەیە زەبرێکی گەورەی لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان و خاوەن کار و پرۆژەکانی ناوخۆمان داوە.
 
من داوا دەکەم ئەگەر جەنابی وەزیری کشتوکاڵی عێراق بە بەڵگە ئەو بابەتانەی لەلایە، کە ئێمە تایبەتمەندیمان دابێتە بەرهەمێکی قاچاخی هاوردە، بۆئەوەی بینێرینە ناو بازاڕەکانی عێراق، دەیتوانی ئەو بابەتە بە فەرمی لەگەڵ ئێمە باس بکات وەکو چۆن رۆژانە نووسراوە فەرمییەکانیان لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەگاتە دەستی ئێمە.
 
بۆیە من داوادەکەم جەنابی وەزیری تەندروستیی عێراق بە زووترین کات لەگەڵ ئەو ستافەی کە بۆ خۆی پەسندی دەکات، بێنە هەرێمی کوردستان، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان هەموو ئەو شتانەی کە ناکۆکییان لەسەرە، لەگەڵ ئەو پاکێجەی کە لەوێ رێککەوتنمان لەسەر کردووە بۆئەوەی هەردوولا واژۆی بکەین، ببێتە بەرنامەی کاری هەردوولامان.
 
ئێستا دەبێت هەردوولامان رۆژنامەی کشتوکاڵی دابنێینەوە، ئێمە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی ئەوەین ئەوان داوای نوێنەری ئێمە بکەن، یاخود لیژنەکەیان کە هاتە ئێرە بەیەکەوە رۆژنامەیەکی یەکگرتووی کشتوکاڵی دابنێین بۆئەوەی لەسەر ئاستی عێراق ئێمەش پابەندێتیمان هەبێت و ئەوانیش پابەندییان هەبێت.
 
بۆ نموونە ئەوان باس لە بەرهەمی تەماتە دەکەن، ئێمە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەندێک بەرهەم هەیە ناتوانین لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بەرهەمی بهێنین، ناچارین بۆئەوەی بارگرانی لەسەر بەکاربەران دروستنەبێت و لە بازاڕ گران نەبێت، هەندێک لەو بەرهەمانە هاوردەبکەین بۆئەوەی هاوسەنگیی بازاڕی خۆمان رابگرین، بەڵام دەمەوێت لێرەوە بانگەوازی ئەوە بۆ بازرگانە عەرەبەکان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و بۆ بازرگانەکانی خۆمان بکەم، لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانی خۆمان، لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئێمە ئامادەییمان هەیە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ هەم باج لەسەر بەرهەمی هاوردە زیادبکەین و هەم قەدەخەی بکەین، بەڵام بە مەرجێک ئەوان بتوانن ئەو بەرهەمانە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە بێننە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی خەڵکی هەژاری ئێمەش بە گرانی شت نەکڕن.
 
رووداو: کام بەرووبوومەیە کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت لەگەڵ عێراق ئاڵوگۆڕی پێبکات؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: زۆر شتمان هەیە، هەرێمی کوردستان دەکرێت بڵێم یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقە بۆ بەروبوومەکانی دەواجن و کێڵگە پەلەوەرییەکان، ئەمەش راستییەکە و خۆشیان باش دەزانن، لەبەرئەوەی خواستێکی زۆر لەسەر بەرهەمەکانی ئێمە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە. جگە لەوە، لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ئێمە و لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ئەوانیش لە سەوزە و میوە، تەماتە، خەیار، باینجان و هەموو ئەو بەروبوومانەی پێداویستیی رۆژانەی خەڵکە، کە لەوێ پێدەگات، بە دڵنیاییەوە خواستی بازاڕەکانی ئێمە بۆ ئەو بەرهەمانە هەیە، بە پێچەوانەشەوە، ئەوانیش خواستیان لەسەر بەروبوومەکانی ئێمەیە.
 
ئێمە دەکرێت بە هەردوولا تەواوکەری بازاڕەکانی یەکدی بین، ئەو خواستە لای ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ 100% دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە مەرجێک، ناکرێت وەزیری کشتوکاڵی عێراق بەبێ ئەوەی بە فەرمی ئەو باسە لەگەڵ ئێمە بکاتەوە، بە فەرمی ئەو ئامار و داتایانەی کە لای ئێمە هەن، یان ئەو کێشانەی خۆی لەلای دروستدەبێت، وەڵامی ئێمە بە فەرمی وەرنەگرێتەوە، ناکرێت ئێمە شەقام بە شێوازێک بەکاربهێنین بۆ ململانێ سیاسییەکان.
 
رووداو: پێتانوایە ئەو بابەتە کراوە بە کەرەستەیەکی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغدا؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: لە سەردانەکەمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری کشتوکاڵی عێراق، هەستم بە بابەتە سیاسییەکە نەکرد، هەردوولاشمان جەختمان لەوە کردەوە کە دەبێت بەیەکەوە هاوکاربین بۆئەوەی سێکتەری کشتوکاڵ و ئاو لە چوارچێوەی ململانێ سیاسییەکان، ئەو ململانێ سیاسییەی کە هەیە، دووربخرێتەوە، چونکە ئەمە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە هەیە. هەردوولا کۆکبووین لەسەر ئەوە، بەڵام هەندێک لێدوان هەن لەدوای سەردانەکەمان یاخود بەر لە سەردانەکەمان باسی لێوە دەکرێت، من پێموایە دەچێتەوە چوارچێوەی ئەو دۆخەی کە ئێستا عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، بابەتی هەڵبژاردنەکان کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هەرەسپێهێنانی ئەو سێکتەرە کشتوکاڵییەی کە تاوەکو ئێستا هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە.
 
رووداو: بۆ ئێوە سەیرە لە کۆبوونەوەکانتان ئەوەتان لێ نەبینیوون، بەڵام دوای ئەوە بۆچوونیان گۆڕاوە؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئومێد دەکەم ئەو ئاڵوگۆڕە نەبووبێت، بەڵام لێدوانەکانی یەک دوو رۆژی رابردوو ئەو گومانەی لای من دروستکرد کە بۆچی ئێمە لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ یەکدیدا دادەنیشین، کۆبوونەوەکانمان بە شێوازێکە، لێکتێگەیشتنی زۆر باش هەیە، تەنانەت لەسەر ئەو خاڵانەی کە دەمانەوێت رێککەوتنی لەسەر بکەین، بڕگە بە بڕگە لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ دەکەین و دەگەینە رێککەوتن، بەڵام هەندێک لێدوان دوای ئەو کاتە تووشی شۆکمان دەکات، چونکە لە راستیدا ناکرێت ئێمە لەسەر شتێک رێککەوتن دەکەین، دواتر شتێک باس بکەین کە دەتوانم بڵێم لەنێو راستییەکەدا بوونی نییە.
 
لەنێوان ئێمە و عێراقدا بازگەی فەرمی هەن، لەو بازگە فەرمییانە ئەگەر دەزانرێت شتێک قاچاخە ئەوان دەتوانن نەهێڵن داخڵ ببێت، بەڵام کێشەکە لەوەیە هاوردەکردنی بەرهەمی قاچاخ کە ئەوە دانپێدانانی خۆشیانە لەناو کۆبوونەوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و ئێمە، کە باس لەوە کرا تەنیا لە مەرزەکانی کوردستان کێشەی هاوردەکردنی بەروبوومی قاچاخ هەیە، لە مەرزەکانی عێراقیشدا هەمان کێشە هەیە.
 
لەوێ نموونەیەکم هێنایەوە، خۆشیان نەیانتوانی نکۆڵیی لێ بکەن، لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ئێمە کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق نامێنێت، لە دەروازەی مونزریە کە لە هەرێمی کوردستانەوە نزیکە لە ئێرانەوە، زۆربەی بەروبوومەکان داخلی عێراق دەکرێن و بەشێکی زۆری دەهێندرێنە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عەلوەکانی ئێمەی پێ پڕدەکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی شکاندنی بەرهەمە ناوخۆییەکانی جووتیارانی ئێمە. بۆیە کێشەکە کێشەیەکی گشتگیرە لە ئاستی عێراق، نەک تەنیا مەرزەکانی هەرێمی کوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئەو رێکارە پێویستانەمان پێ راگەیاندوون، کە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاروایە بیهاوێت بۆ کۆنترۆڵکردنی مەرزەکان و نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بەڵام ئەوانیش پێویست دەکات بە هەمان شێوە ئەو میکانیزمە بگرنەبەر. خۆشیان نکۆڵییان لەوە نەکرد و جەنابی وەزیر خۆی گوتی، بابەتی قاچاخ بابەتێکی نێودەوڵەتییە نەک تەنیا عێراق. بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەرێمی کوردستان نەیتوانیبێت مەرزەکانی خۆی بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکات، عێراقیش بە هەمان شێوەیە.. ئەمە قسەی جەنابیان بووە لەناو کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەیی ستافی هەردوو وەزارەت کراوە.
 
رووداو: سەردانێکیشتان بۆ تورکیا ئەنجامدا، بڕیاروایە شاندی وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات؟ ئامانجی سەردانەکەتان بۆچی بوو؟ شاندەکەی تورکیا بۆچی دێن؟
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە لەگەڵ وڵاتی تورکیا بە حوکمی ئەوەی دراوسێین، هاوکات ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی زۆر هەیە، بەتایبەتی زۆربەی ئەو پێداویستییانەی دێنە ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆری لە تورکیاوە دێت، بەتایبەتی سەوزە و میوە و پێداویستیی رۆژانەی خەڵک.
 
تاوەکو راددەیەکی باش دەکرێت بڵێم بەرەوپێشچوونێکی باش لە پەیوەندییەکانمان هەیە، بۆئەوەی بتوانین ئەو ئەزموونەی کە لە وڵاتی ئەوان هەیە لە بەرهەمهێنانی ئەو بەروبوومانەی کە پێویستن بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا، سوودیان لێ ببینین.
 
خۆشبەختانە لە سەردانەکەمان بۆ تورکیا، کۆمەڵێک ناوچەی جیاوازمان بەسەرکردنەوە، هاوکات کۆمەڵێک پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیمان بەسەرکردنەوە، کۆمپانیاکانی ئەوان ئامادەیی تەواوەتییان پیشانداوە کە ئەو ئەزموونەی خۆیان بگوازنەوە ئێرە، لەجیاتی ئەوەی ئێمە بەرهەم لەوێوە هاوردە بکەین، با بەرهەمەکە لە خاکی خۆمان و دەستی کاری خۆمان بێت، کە ئەمە دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستاندا گەنجن یان دەرچووی کۆلێژەکانن.
 
رووداو: ئەم بابەتە لە رووی سیاسییەوە بۆ حکومەتی تورکیا ئەستەم نییە؟ یان هاوکارە و دەیەوێت کۆمپانیاکان بێن ئەوە بکەن.
 
بێگەرد تاڵەبانی: ئەوەی کە بینیم، حکومەتی تورکیا لە راستیدا هیچ کێشەیەکی نەبوو، بە پێچەوانەوە لە ئاستێکی باش دەرگامان بۆ واڵاکراوە، بڕیاریش وایە هەر لەم هەفتەیەدا کۆمپانیاکانی ئەوان بێنەوە، چونکە ئێمە بەشێک لە کۆمپانیاکانی خۆمان بردبوو، دیارە لەوێ هاوئاهەنگی کراوە، ئێمە وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ تەنیا چاودێر و رەقیب دەبین بەسەر شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان کۆمپانیاکانی ئێمە و ئەواندا واژۆ دەکرێت، لەسەرمانە زەویی پێویست دابینبکەین بۆئەوەی بتوانین لە ئاستی هەرێمی کورستان ئەو پرۆژە گرنگانە چ لە پرۆژەی گەورەی بەرهەمهێنانی شەتڵ، کە ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا دەکرێت بڵێین لەو رووەوە تاوەکو راددەیەک وەکو ئەوان نین، بە شێوازێکی زانستی زۆر بەرەو پێشەوە چووە، ئەو خانووە شوشەییانەی کە دروستکراون لەو وڵاتەدا بۆ بەرهەمهێنانی هەم سەوزە و هەم میوە بەو جۆرە نادرانەی کە لە ئاستی دونیادا بەرهەمدەهێندرێت و ئێستا دێتە ناو بازاڕەکان، بەڵام لە عێراقدا تاوەکو ئێستا بەرهەمنەهێندراوە، جگە لەوە سەنتەری بەبازاڕکردن و لەپاکەتنان و هەموو ئەو بابەتانە. ئەوەی کە ئێمە لەوێ بینیمان، بەڕاستی پێشکەوتنێکی زۆر بوو، خوازیارم ئێمە بتوانین لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ئەم پاکێجە بە کۆی گشتی، کە ئێستا کۆمپانیاکانی خۆمان ئیشی لەسەر دەکەین، بگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە پارێزگاکانی کوردستاندا جێبەجێ بکرێت.